نووسین: ڕۆژان سدیق
خوێندنەوەی “دێمیان”ی هێرمان هێسە بەبێ تێگەیشتن لە سێبەری سایکۆلۆژیای شیکاریی کارل گۆستاف یۆنگ ناتەواوە؛ چونکە ئەم ڕۆمانە لە بنەڕەتدا وەرگێڕانێکی ئەدەبییە بۆ چەمکی بە تاکبوون، کە یۆنگ وەک گەشتی مرۆڤ بەرەو تێپەڕاندنی ئیگۆ و گەیشتن بە “خۆ” (Self) وەسفی دەکات. هێسە لەم دەقەدا، [سینکلێر] وەک سوژەیەکی دابەشکراو نیشان دەدات کە لەنێوان مۆراڵی باوی کۆمەڵگە و بانگەوازی غەریزە سەرەتاییەکانیدا گیری خواردووە. [ماکس دێمیان] لێرەدا تەنیا هاوڕێیەک نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی ئارکیتایپی “پیرە داناکە” یان “ڕێنیشاندەری ڕۆحی”یە، کە ئەرکی سەرەکیی تێپەڕاندنی سینکلێرە لە قۆناغی “پێرسۆنا” (ئەو دەمامکەی بۆ کۆمەڵگە دەیپۆشین) بەرەو ناسینی “سێبەر” . سێبەر لای هێسە و یۆنگ، ئەو بەشە تاریک و پەراوێزخراوەی دەروونە کە کۆمەڵگە بە شەیتانی دەزانێت، بەڵام بەبێ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەم تاریکییە، مرۆڤ هەرگیز ناگاتە یەکپارچەیی. دێمیان سینکلێر فێر دەکات کە “نیشانەی قابیل” نەک وەک شەرمەزاری، بەڵکو وەک هێمایەکی هەڵبژێردراوی ئەو کەسانە ببینێت کە جیاوازن و نایانەوێت لەناو مێگەلدا بتوێنەوە.
ئەم گەشتە دەروونییە لە هێمای “ئەبراکساس”دا دەگاتە لووتکەی فیکریی خۆی؛ ئەو خوداوەندەی کە سنوورە دەستکردەکانی نێوان پیرۆزی و ناپیرۆزی تێک دەشکێنێت و نوێنەرایەتی ئەو (گشتێتییە) دەکات کە تێیدا هەموو دژەکان یەک دەگرنەوە. لێرەدا هێسە هاوشانی یۆنگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئایینە کلاسیکییەکان بەهۆی دابەشکردنی جیهان بۆ دوو جەمسەری دژبەیەک (خودا و شەیتان)، مرۆڤیان تووشی دابەشبوونی دەروونی و دوالیزمێكی ساختە کردووە. کاتێک سینكلێر دەست دەکات بە کێشانی وێنەی باڵندەکە کە لە هێلکەکە دێتە دەرێ، لە ڕاستیدا وێنای پرۆسەی ڕزگاربوونی ڕۆح دەکات لە قاڵبەکانی مێژوو و نەریت. ئەم باڵندەیە کە بەرەو لای ئەبراکساس دەفڕێت، هێمایە بۆ تێپەڕین لە “بە کۆمەڵبوون” بەرەو “بە تاکبوون”. هێسە لێرەدا نیشانمان دەدات کە گەیشتن بە مەعریفەی ڕاستەقینە، پێویستی بە جۆرێک لە “كوفری پیرۆز” هەیە؛ واتە وێرانکردنی ئەو باوەڕە پێشوەختانەی کە ڕێگرن لەوەی مرۆڤ ڕووبەڕووی قووڵاییەکانی خۆی ببێتەوە.
لەم گەشتەی بووندا، “خەون” لای هێسە تەنیا پاشماوەی ناچالاکیی مێشک یان هەڵاتن لە واقیع نییە، بەڵکو خەون دەبێتە تاقە “واقیعی باڵا” کە مرۆڤ دەتوانێت تێیدا مەعریفەی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە. لێرەدا هێسە لە فیزیک دەپەڕێتەوە بۆ مێتافیزیک؛ ئەو پێمان دەڵێت کە واقیعی دەرەکی (کۆمەڵگە، یاساکان، دەزگاکان) تەنیا وەهمێکی بەکۆمەڵە کە مرۆڤەکان بۆ پاراستنی خۆیان لە “خود” دروستیان کردووە. لە بەرانبەردا، خەونەکان دەبنە ئەو زمانە سیمبولییەی کە نائاگایی مرۆڤ پێی دەدوێت. کاتێک سینکلێر لە نێوان خەون و واقیعدا جۆلانێ دەکات، لە ڕاستیدا خەریکی تێپەڕاندنی ئەو دیواری دوالیزمەیە کە عەقڵی ڕۆژئاوایی دروستی کردووە. لای هێسە، خەون شوێنێکە کە تێیدا کات و شوێن دەوەستن و مرۆڤ دەتوانێت “وێنە ئەزەلییەکان” ببینێت؛ جیهانی دەرەوە تەنیا ئاوێنەیەکە بۆ جیهانی ناوەوە و فەلسەفەی هێسە لێرەدا دەگاتە خاڵی یەکگرتن لەگەڵ عیرفانی ڕۆژهەڵاتی و ئایدیالیزمی ئەڵمانی.
لە ڕەهەندێکی قووڵتردا، دەرکەوتنی کارەکتەری [بێیاتریس] بەرجەستەکردنی ئارکیتایپی “ئانیما”یە؛ ئەو ڕەهەندە مێینە و پیرۆزەی ناو دەروون کە دەبێتە پردێک بۆ گەیشتن بە نائاگایی بەکۆمەڵ. گەڕانی سینکلێر لێرەدا هەوڵێکی بەردەوامە بۆ تەفسیركردنی خەونەکانی بۆ ناو واقیع، چونکە تەنیا ئەوانەی دەوێرن واقیعی خۆیان لەسەر بناغەی خەونەکانیان بنیاد بنێن، شایستەی ئەوەن پێیان بوترێت “مرۆڤی ئازاد”. لە دەرئەنجامدا، “دێمیان” مانیفێستێکە بۆ تێپەڕاندنی مرۆڤی نیچەیی بەرەو مرۆڤی یۆنگی؛ ئەو مرۆڤەی کە چیتر پێویستی بە ڕێبەرێکی دەرەکی نییە، چونکە دێمیانی ناوەوەی خۆی دۆزیوەتەوە. کۆتایی ئەم گەشتە، گەیشتنە بەو خاڵە یەکلاکەرەوەیەی کە تێیدا مرۆڤ دەبێتە ئاوێنەی خۆی؛ شوێنێک کە چیتر جیاوازییەک لە نێوان خەونی پەنهان و واقیعی بەرجەستەدا نامێنێت، چونکە سۆبێکت توانیویەتی لە ڕێگەی ئازاری پیرۆزی بەتاکبوونەوە، ئەبراکساسی ناوەوەی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. هەر بۆیە دێمیان وەک دەنگێکی ئەبەدی دەچپێنێت: “تەنیا ئەو مرۆڤە دەتوانێت بە ڕاستی لەدایک بێت، کە بوێریی ئەوەی هەبێت جیهانە کۆنەکەی ناوەوەی وەک قەواغێکی بێ کەڵک تێکبشکێنێت و لە ناو خوێنی خەونەکانیدا، سیمای ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە.
بنیاتی ئێستاتیکی و تاقیکردنەوەی تەنیایی: ڕێگەی کەمینە بەرەو خود
لەم دیالێکتیکە ئاڵۆزەدا، هێسە تەنیا کار لەسەر دەروون ناکات، بەڵکو جوانی دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی مەعریفی. لای هێسە و یۆنگ، هونەر و وێنەکێشان (وەک چۆن سینکلێر وێنەی باڵندەکە یان حەوا دەکێشێت) تەنیا حەزێکی کاتی نین، بەڵکو کردەی دەرەکیی کردنەوەی نائاگایین. هونەر لێرەدا دەبێتە ئەو زمانەی کە تێیدا ئارکیتایپەکان لە فۆرمێکی لێڵەوە دەبنە واقیعێکی بەرجەستە. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە فەلسەفەی ئێستاتیکی تێیدا دەبێتە ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی خود؛ مرۆڤ کاتێک وێنەی ناوەوەی خۆی دەکێشێت، لە ڕاستیدا خەریکی بیناکردنەوەی خودە لە ڕێگەی ڕەنگ و هێماوە. ئەم وێنەکێشانە پرۆسەیەکی پیرۆزە کە تێیدا مرۆڤ لە “بینەرێکی پاسیڤ”ەوە دەبێتە “خالق”ی مانا، ئەمەش لووتکەی ئازادیی سوژەیە بەرانبەر بە واقیعە چەقبەستووەکە.
لە لایەکی ترەوە، گەشتی دێمیان و سینکلێر مەرجێکی سەخت و بێبەزەییانەی هەیە، ئەویش “تەنیاییەکی ڕەها”یە. هێسە لەم چوارچێوەیەدا فەلسەفەی تەنیایی وەک زەروورەتێکی بوونگەرایی پێشکەش دەکات. تەنیایی لێرەدا وەک سزایەک یان دابڕانێکی خەمناک نابینرێت، بەڵکو وەک تاقیگەیەک وایە کە تێیدا هەموو دەنگە دەرەکییەکان (دەنگی کۆمەڵگە، خێزان، ئایین) دەمرن، تاوەکو تەنیا دەنگی خود بمێنێتەوە. ئەمە ئەو تەنیاییە یۆنگییەیە کە مرۆڤ ناچار دەکات بەبێ هیچ پەناگەیەک ڕووبەڕووی سێبەرەکانی خۆی ببێتەوە. مرۆڤی نیشانەدار لای هێسە، ئەو کەسەیە کە دەوێرێت لەناو جەنجاڵیی جیهاندا، شوێنێکی چۆڵ بۆ ڕۆحی خۆی بکاتەوە. ئەم تەنیاییە، بێگومان برینێکی قووڵە، بەڵام هەروەک هێسە ئاماژەی پێ دەدات، برینەکە ڕێک ئەو شوێنەیە کە ڕووناکی لێوە دەچێتە ناوەوە. هەر بۆیە، بەتاکبوون بەبێ تەنیایی، تەنیا تیۆرێکی فیکرییە، بەڵام لەگەڵ تەنیاییدا دەبێتە ئەزموونێکی خوێناوی و زیندوو کە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی تەقلدییەوە دەگۆڕێت بۆ سوژەیەکی سەربەخۆ.
لەم گەشتەدا، هێسە تەنیا کار لەسەر ڕزگاربوونی سوبێکت ناکات، بەڵکو بە پرۆسەیەکی کیمیایی دەست پێ دەکات کە تێیدا هەموو برین و ململانێیەکان دەبنە کەرەستەیەک بۆ بنیادنانەوەی مرۆڤ. یەکەمین هەنگاوی ئەم گۆڕانە لە تێکشکاندنی ئارکیتایپی “باوک وەک یاسا”وە دەست پێ دەکات؛ ململانێی سینکلێر لەگەڵ جیهانی ماڵەوە، تەنیا یاخیبوونێکی گەنجانە نییە، بەڵکو کوشتنی ئەو دەنگە مۆراڵییە چەقبەستووەیە کە ڕێگرە لە بەردەم سەربەخۆیی ڕۆح. لێرەدا، ئازار وەک جەستەیەکی دەرەكی نابینرێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی مەعریفی و پیرۆز دەردەکەوێت؛ چونکە برین ڕێک ئەو شوێنەیە کە تێیدا ئاگایی لە جیهانی بێدەربەستی منداڵییەوە بەرەو واقیعی بوونگەرایی لەدایک دەبێت. ئەم ئازارە، باجی جیابوونەوەیە لە مێگەل، کە لە کۆتاییدا مرۆڤ بەرەو ئەزموونی “ئیرۆسی مێتافیزیکی” دەبات. لەم قۆناغەدا، عەشق و ئارەزوو لە ڕەهەندە سێکسییە ڕووکەشەکەیان دادەماڵرێن و دەبنە هێزێکی یەکخەرەوەی دژەکان. کاتێک سینکلێر لە ڕێگەی ئارکیتایپی “ئانیما”وە هەوڵی یەکگرتن لەگەڵ ئەو نیوە ونبووەی ناوەوەی خۆی دەدات، لە ڕاستیدا خەریکی تەواوکردنی ئەو تابلۆ دەروونییەیە کە تێیدا نێر و مێ، وێنە و واقیع، خود و ئەویتر، دەبنەوە بە یەک جەستەی کامڵ. ئەمە ئەو لووتکە مەعریفییەیە کە تێیدا مرۆڤ لەژێر باری یاسا دەرەکییەکان ڕزگاری دەبێت و دەبێتە خالقی بەهاکانی خۆی.
دێمیان پێمان دەڵێت کە مەزنترین ئەرکی هەر مرۆڤێک تەنیا یەک شتە: دۆزینەوەی ڕێگەیەک بەرەو ناوەوەی خۆی و جێگیربوون لەو ناوەندەدا، نەک بوون بە سێبەرێک لەو جیهانە دەرەکییەی کە دەیەوێت هەمووان لە قاڵبێکی یەکگرتووی بێڕۆحدا بژیەنێت. ئەم گەشتە، کە هێسە وەک ئازارێکی پیرۆز وەسفی دەکات، تەنیا ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی بوونیی مرۆڤی هاوچەرخ. سینکلێر لە کۆتاییدا فێر دەبێت کە دێمیان لە دەرەوە نییە، بەڵکو وێنەیەکە لە ناوەوەی خۆیدا کە کاتێک سەیری ئاوێنەی ڕۆحی خۆی دەکات، دەیناسێتەوە. ئەمە مانیفێستێكە بۆ هەر مرۆڤێک کە دەیەوێت لە باوەڕە بەکۆمەڵەکان داببڕێت و بەرەو سەربەخۆییەکی مەعریفی هەنگاو بنێت، کە تێیدا بەرپرسیارێتی تەنیا بەرانبەر خود و ئەو ڕاستییە ناوەکییە بێت کە مرۆڤ بۆی دروست بووە…
پانتایی ئەفسانە:
هێسە لەژێر کاریگەریی یۆنگدا، ڕۆمانی “دێمیان” دەکاتە گۆڕەپانی زیندووکردنەوەی ئەفسانە کۆنەکان، بەڵام بە زمانێکی دەروونشیکاریی نوێ. لێرەدا ئەفسانەکان تەنیا وەک هێما بەکار ناهێنرێن، بەڵکو وەک “زمانێکی گەردوونی” دەردەکەون کە تێیدا ململانێی تاکەکەسیی سینکلێر دەبێتە بەشێک لە ململانێی ئەزەلیی مرۆڤایەتی. یۆنگ پێی وابوو کە مرۆڤی مۆدێرن چونکە پەیوەندیی لەگەڵ ئەفسانەدا پچڕاوە، تووشی “بێمانایی” بووە؛ بۆیە هێسە لە ڕێگەی چیرۆکی (قابیل و هابیل) یان هێمای (ئەبراکساس)ەوە، سینکلێر و خوێنەر دەباتەوە ناو پانتایی ئەفسانە تاوەکو مانا بۆ ئازارەکانیان بدۆزنەوە.
لە تێڕوانینێکی یۆنگییەوە، ئەم پانتاییە ئەفسانەییە وەک ئاوێنەیەک وایە بۆ ناسینی ئارکیتایپەکان. بۆ نموونە، کارەکتەری (بێیاتریس) تەنیا دایکی دێمیان نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی ئەفسانەیی “دایکە گەورە-حەوا ” و “ئانیما”یە؛ ئەو سەرچاوە ئەزەلییەیە کە هەموو مرۆڤێک لە ناخیدا تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆی. گەشتی سینکلێر لێرەدا دەبێتە گەشتێکی ئەفسانەیی پاڵەوانانە؛ کە تێیدا پاڵەوان دەبێت بچێتە ناو تاریکییەکانی “ئەشکەوتی دەروون” و لەوێدا لەگەڵ ئەهریمەنەکانی ناوەوەی بجەنگێت تاوەکو بە “گەنجینەی مەعریفەت”ەوە بێتە دەرەوە. هێسە پێمان دەڵێت کە ژیانی هەر یەکێک لە ئێمە، لە ڕاستیدا ئەفسانەیەکی نوێیە کە دووبارە دەبێتەوە؛ ئێمە تەنیا کاتێک دەگەینە “خۆ” کە تێبگەین چیرۆکی ژیانمان تەنیا ڕووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو سەما ئەفسانەییەی کە مرۆڤایەتی لە ئەزەلەوە دەستی پێکردووە.
مۆسیقا و ڕیتمی سەمای ئارکیتایپەکان لە جیهانی “دێمیان”دا
مۆسیقا تەنیا هونەرێکی تەواوکاری نییە، بەڵکو ئەو ڕەهەندە مێتافیزیکییەیە کە ڕیتم بە “سەمای ئارکیتایپەکان” دەبەخشێت. ئەگەر ئارکیتایپەکان (وەک دێمیان، سێبەر، یان ئانیما) وێنەگەلێکی کپ بن لە قووڵایی نائاگاییدا، ئەوا مۆسیقا ئەو هێزە بزوێنەرەیە کە دەیانهێنێتە سەما و لە ناوەوەی سینکلێردا بەرجەستەیان دەکات. لای هێسە، مۆسیقا زمانێکە لەودیو وشەکانەوە؛ کاتێک وشە لە ئاست ناسینی خۆد دەستەوسان دەبێت، مۆسیقای “باخ” یان ئۆرگنەکەی پێستۆریۆس دێن و ئەو دەرگایانە دەکەنەوە کە عەقڵ کڵۆمی داون.
مۆسیقا لێرەدا وەک “کیمیای دەنگ” کار دەکات؛ ئەو دەتوانێت دژەکان (تاریکی و ڕووناکی، خێر و شەڕ) لە ناو یەک هارمۆنیدا کۆ بکاتەوە. ئەمە ڕێک مانیفێستی خوداوەندی “ئەبراکساس”ـە لە شێوەی نۆتەی مۆسیقیدا. لە کاتی ژەنینی مۆسیقادا، سینکلێر فێری ئەوە دەبێت کە ئاژاوەی ناخی تەنیا دەنگێکی بێزارکەر نییە، بەڵکو دیسۆنانس_دەنگێکی ناسازە کە بۆ تەواوبوونی سەمای گشتیی ژیان پێویستە. مۆسیقا پێمان دەڵێت کە سەمای ئارکیتایپەکان کاتێک دەگاتە لووتکەی جوانی، کە مرۆڤ بوێریی ئەوەی هەبێت گوێ لە هەموو دەنگە جیاوازەکانی ناوەوەی بگرێت و بیانکاتە یەک پارچەی مۆسیقیی یەکگرتوو. بەم جۆرە، مۆسیقا دەبێتە ئەو مێتافیزیکە بێدەنگەی کە کیمیای گۆڕان خێرا دەکات و مرۆڤ لە بوونێکی پارچەپارچەوە، بەرەو یەکێتییەکی دەروونیی باڵا دەبات.
مێتافیزیکی چارەنووس:
لای هێسە و یۆنگ، چارەنووس هێزێکی دەرەکی نییە کە لە ئاسمانەوە بەسەر مرۆڤدا ببارێت، بەڵکو بریتییە لەو وێنە ئەزەلییەی کە لە ناوەوە هەوڵی دەرکەوتن دەدات. لێرەدا مێتافیزیکی چارەنووس لەگەڵ دەروونشیکاریی یۆنگیدا یەک دەگرێتەوە لەو خاڵەی کە دەڵێت: “تا ئەو کاتەی نائاگاییت نەکەیتە ئاگایی، ئەوا نائاگاییت ژیانت ئاراستە دەکات و تۆش ناوی دەنێیت چارەنووس”. لێرەدا چارەنووس جۆرێکە لە “جەبری ناوەکی”؛ واتە هەموو ئەو ڕووداوە دەرەکییانەی کە بەسەر سینکلێردا دێن، تەنیا وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو بانگەوازە کپکراوانەی کە لە قووڵایی ڕۆحیدا هەڵگیراون.
لە ڕەهەندە فەلسەفییەکەیدا، چارەنووس لای هێسە دەبێتە پرۆسەی وەدیهێنانی جەوهەر. ئەمە مێتافیزیکێکی بوونگەراییە کە پێمان دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوە نایەتە جیهان تا تەنیا بژی، بەڵکو دێت تا ببێتە ئەو شتەی کە لە ڕاستیدا هەیە. لێرەدا چارەنووس بریتی نییە لە ڕووداوەکان، بەڵکو بریتییە لە ڕاستگۆیی بەرانبەر بە دەنگی ناوەوە. کاتێک دێمیان بە سینکلێر دەڵێت کە دەبێت بەدوای چارەنووسی خۆیدا بگەڕێت، مەبەستی ئەوەیە کە چارەنووس ئەرکێکی مێتافیزیکییە؛ گەڕانە بەدوای ئەو مانا تاکەکەسییەی کە مرۆڤ لە مێگەل جیا دەکاتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، “چارەنووس” لای هێسە و یۆنگ دەبێتە پردێک لە نێوان کات و ئەزەلییەت. هەموو برینێک، هەموو جەنگێک و هەموو ئازارێک لە ژیانی سینکلێردا، تەنیا کەرەستەی خاون، بۆ ئەوەی ئەو وێنە مێتافیزیکییەی لە ئەزەلەوە لە ناوەوەیدا کێشراوە، لە ناو کاتدا بەرجەستە ببێت. چارەنووس لێرەدا کۆتاییەکی داخراو نییە، بەڵکو ئازادییەکی قووڵە؛ ئازادیی بوون بەوەی کە ڕێگەی بۆ خۆش کراوە. مرۆڤی تێگەیشتوو لای هێسە، ئەو کەسەیە کە چیتر شەڕ لەگەڵ چارەنووسی ناکات، چونکە دەزانێت چارەنووسەکەی هیچ نییە جگە لە خودی ڕاستەقینەی خۆی کە لە ئاوێنەی ژیاندا دەردەکەوێت.
نیشانەی قابیل وەك سۆبێکتێك لەودیو سنوورەکانی مۆراڵی بەکۆمەڵ:
نیشانەی قابیل لای هێسە و یۆنگ تەنیا نیشانەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مەعریفییە لە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ خراپە. لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، قابیل نوێنەرایەتی ئەو بەشەی دەروون دەکات کە لە دژی “سۆپەرئیگۆ” (ویژدانی دەستکردی کۆمەڵگە) ڕادەپەڕێت. ئەگەر کۆمەڵگە قابیل وەک بکوژ و تاوانبار وێنا بکات، ئەوا لای یۆنگ ئەو نیشانەیە هێمایە بۆ ئەو کەسانەی کە توانیویانە لە “نەستی بەکۆمەڵ” جیا ببنەوە. قابیل لێرەدا دەبێتە ئارکیتایپی یاخیبوویەكی مەعریفی؛ ئەو کەسەی کە لەبری ئەوەی لە تاریکییەکانی ناخی ڕابکات، بوێری دەكات ڕووبەڕوویان ببێتەوە و وەک هێزێکی دەرەنجامی گەشەی ڕۆحی قبووڵیان بکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە تێیدا “سێبەر” چیتر شەیتان نییە، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەی هێز.
لە ڕەهەندە فەلسەفییەکەشیدا، نیشانەی قابیل بەرجەستەکردنی دابڕانی بوونگەرایییە. هێسە لێرەدا فەلسەفەی نیچە دەهێنێتە ناو دەقەکەوە؛ قابیل ئەو مرۆڤەیە کە مۆراڵی بەندایەتی تێپەڕاندووە و ناچێتە ژێر باری ئەو پێوەرە ئەخلاقییانەی کە بۆ لاوازەکان دانراون. ئەو نیشانەیە “مۆرێکی پیرۆزە” لەسەر تەوێڵی ئەو سوژانەی کە بوێریی ئەوەیان هەیە بە تەنیا ڕێ بکەن. لەم سۆنگەیەوە، نیشانەی قابیل دەبێتە جۆرێک لە ئەخلاقی ئازادی، فەلسەفەیەک کە پێمان دەڵێت: گەیشتن بە حەقیقەت تەنیا لە ڕێگەی یاخیبوون لە خوداوەندە درۆیینەکان و نۆرمە چەقبەستووەکانەوە دەبێت. قابیل لێرەدا ئەو سوبێكتە ئازادەیە کە لە پشتی هەموو تاوانبارکردنێکی کۆمەڵایەتییەوە، توانیویەتی مانا لەناو پووچی و بێدەنگیی جیهاندا بدۆزێتەوە. بۆیە نیشانەکە لێرەدا نەک نیشانەی شەرمەزاری، بەڵکو نیشانەی پێگەیشتنێکی بوونگەراییە کە تێیدا مرۆڤ چیتر پێویستی بە بەزەیی دەرەکی نییە، چونکە لە ناوەوەیدا بووەتە خاوەن سەروەریی خۆی.