نابۆکۆف لە نێوان جادوو و دیکتاتۆرییەتدا!

ڤلادیمیر نابۆکۆف تەنیا ڕۆماننووسێک نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە باشترین ڕەخنەگر و تیۆریستە ئەدەبییەکانی ڕووسیا. ئەو جیهانی ئەدەبیاتی وەک تاقیگەیەک دەبینی کە تێیدا تاقیکردنەوە لەسەر زمان و خەیاڵ دەکات. لای ئەو، نووسەر خزمەتکاری واقیع نییە، بەڵکو خودایەکی تاقانەیە لەناو جیهانی دەقەکەیدا.

نووسەر وەک جادووگەر (خوڵقاندنی وەهمی باڵا)

بۆ نابۆکۆف، ئەدەبیات جۆرێکە لە “فێڵکردن” بەڵام بە مانا باڵاکەی. ئەو پێی وایە نووسەری سەرکەوتوو وەک جادووگەرێک (Enchanter) وایە کە دەبێت خوێنەر بخاتە ژێر تەلیسمی جادووەکەی خۆیەوە. ئەو دەیگوت: “هەموو هونەرێک جۆرێکە لە فێڵ و تەڵەکە، سرووشتیش فێڵ دەکات (وەک ڕەنگگۆڕکێی ئاژەڵان بۆ خۆشاردنەوە)، کەواتە ئەدەبیش دەبێت فێڵ بێت! ”
لای نابۆکۆف، ئەرکی نووسەر وێناکردنەوە، نووسینەوە و کێشانەوەی ژیان نییە وەک ئەوەی هەیە، بەڵکو ئافراندنی جیهانێکی نوێیە کە یاسای فیزیکی و دەروونی تایبەت بە خۆی هەبێت. خوێنەر کاتێک دەقێکی نابۆکۆف دەخوێنێتەوە، ناچێتە ناو “واقیع”، بەڵکو دەچێتە ناو “وەهمێکی ڕێکخراو” کە چێژێکی ئیستاتیکی بێوێنەی پێ دەبەخشێت.

نووسەر وەک دیکتاتۆر (سەروەریی ڕەهای دەق)

یەکێک لە دیارترین و مشتومڕاویترین بیرۆکەکانی نابۆکۆف، شێوازی مامەڵەکردنیەتی لەگەڵ کەسایەتییەکانیدا. ئەو بە توندی دژی ئەو قوتابخانانە بوو کە دەیانگوت “کەسایەتییەکان ژیانی خۆیان هەیە و هەندێک جار نووسەر ڕادەکێشنە ناو شوێنی چاوەڕواننەکراو”.
نابۆکۆف ڕەخنەی ئەمە دەکات و دەڵێت: “کەسایەتییەکانی من تەنیا کۆیلەی کەشتین (Galley Slaves)”.

بۆ ئەوەی لە مەبەستی وردی ئەم دەستەواژەیە بگەیت، دەبێت سەرەتا بزانین “کۆیلەی کەشتی” لە مێژوودا چی بووە و دواتر نابۆکۆف چۆن گواستوویەتییەوە ناو ئەدەب:

مانا مێژووییەکە 

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، (Galley) جۆرە کەشتییەکی گەورە بوو کە بە سەدان خزمەتکار و سەربازی تێدا بوو، بەڵام هێزی جووڵانەوەی کەشتییەکە تەنیا لە ڕێگەی “سەوڵ‌لێدان”ـەوە بوو. ئەو کەسانەی سەوڵیان لێدەدا، کۆیلە بوون و بە زنجیر بە کورسییەکانیانەوە بەسترابوونەوە. ئەوان:

  • هیچ ویستێکی ئازادییان نەبوو.
  • نەیاندەزانی کەشتییەکە بۆ کوێ دەچێت.
  • تەنیا بە فەرمانی کاپتن و بە لێدانی تەپڵێک، بە یەک ئاواز و بە یەک هێز سەوڵیان لێدەدا.

مەبەستی نابۆکۆف لەمە چییە؟

کاتێک نابۆکۆف دەڵێت کارەکتەرەکانی من کۆیلەی کەشتین، مەبەستی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:

  • دژایەتیکردنی “سەربەخۆیی کەسایەتی-کارەکتەر”: زۆرێک لە نووسەران (وەک تۆڵستۆی یان دۆستۆیڤسکی) دەڵێن: “کەسایەتییەکانم لە ناوەڕاستی چیرۆکەکەدا یاخیی بوون و خۆیان بڕیاریان دا چی بکەن”. نابۆکۆف پێی وابوو ئەم قسەیە بێمانایە و نیشانەی لاوازیی نووسەرە. ئەو پێی وابوو کارەکتەر تەنیا “وەهمێکی زمانەوانییە” و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت بە ئارەزووی خۆی بجووڵێتەوە.
  • جڵەوکردنی ڕەها-وردی: وەک چۆن کۆیلەیەکی کەشتی ناتوانێت یەک بست لە شوێنی خۆی بجووڵێت یان سەوڵەکەی بە ئارەزووی خۆی دابنێت، کەسایەتیی ناو ڕۆمانەکانی نابۆکۆفیش ناتوانن یەک وشە یان یەک جووڵە بکەن کە پێشوەختە نابۆکۆف پلانی بۆ دانەڕشتبێت.
  • کەسایەتی وەک ئامراز: لای ئەو، کەسایەتی “مرۆڤی ڕاستەقینە” نییە، بەڵکو تەنیا کەرەستە-پارچەیەکی تەلارسازییە. وەک چۆن لە کاتژمێرێکدا هەر پارچە و بزوێنەرێک ئەرکێکی دیاریکراوی هەیە بۆ ئەوەی کاتژمێرەکە کار بکات، کارەکتەریش بۆ خزمەتکردنی “جوانی و ئیستاتیکای” ڕۆمانەکە ئافرێنراوە.
  • پلانداڕێژی پێشوەختە: نابۆکۆف پێش ئەوەی دەست بە نووسینی ڕۆمان بکات، هەموو ڕووداوەکانی لەسەر کارتی بچووک دەنووسییەوە. ئەو دەیزانی کەسایەتییەکە لە لاپەڕە ٢٠٠دا چی دەڵێت کاتێک هێشتا لە لاپەڕە ١٠دایە. بۆیە کەسایەتییەکە هیچ “داهاتوو”یەکی نییە جگە لەوەی نووسەر بۆی دیاری کردووە.

– کەی ئەم قسەیەی کردووە؟

ئەم دەستەواژەیەی لە چاوپێکەوتنێکی بەناوبانگدا لەگەڵ گۆڤاری (The Paris Review) لە ساڵی ١٩٦٧ بەکار برد. کاتێک لێیان پرسی: “ئایا کەسایەتییەکانت ئازادن؟”، ئەو وەڵامی دایەوە:

“نەخێر، کەسایەتییەکانی من تەنیا کۆیلەی کەشتین. هەرگیز ڕێگەیان پێ نادرێت لە شوێنی خۆیان بجووڵێن یان کارێکی چاوەڕواننەکراو بکەن کە من پێشوەختە لە دەروونمدا وێنام نەکردبێت.”

لای ئەو، نووسەر دیکتاتۆرێکی ڕەهایە؛ ئەو بڕیار دەدات کەسایەتییەکە کەی هەناسە بدات، کەی بمرێت و چۆن بیر بکاتەوە. ئەم دیکتاتۆرییەتەی نابۆکۆف، لەپێناو “جڵەوکردنی هونەری”دا بوو. ئەو پێی وابوو ئەگەر نووسەر یەک تۆز دەست شل بکات، پێکهاتەی ڕۆمانەکە تێکدەچێت.

 

 دژایەتیکردنی “مانا” و “شیکردنەوەی دەروونی

نابۆکۆف دژی سیگمۆند فرۆید بوو. ئەو پێی وابوو گەڕان بەدوای “ئاماژەی سێکسی” یان “گرێی دەروونی” لەناو ئەدەبدا، کورتکردنەوەی هونەرە. ئەو دەیگوت ناکرێت ڕۆمانێک تەنیا لەبەر ئەوە بخوێنیتەوە کە پەیامێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی تێدایە.
بۆ ئەو، ئەدەب “پەیام” نییە، بەڵکو “فۆڕم-شێواز”ـە. ئەو ڕقی لەو ڕەخنەگرانە بوو کە دەیانویست لە ڕێگەی ژیانی تایبەتی نووسەرەوە شیکردنەوە بۆ دەقەکە بکەن. لای نابۆکۆف، دەقەکە قەڵایەکی داخراوە و تەنیا لە ڕێگەی زمانەوە دەبێت لێی تێبگەین، نەک لە ڕێگەی تیۆرییە دەروونییەکانەوە.

 وردەکارییە پیرۆزەکان  (The Divine Details)

“وردەکارییەکان بلاوێننەوە!” ئەمە درووشمی هەمیشەیی نابۆکۆف بوو بۆ خوێندکارانی. ئەو پێی وابوو جیاوازی نێوان نووسەرێکی مەزن و نووسەرێکی ئاسایی لە “وردەکاری”دایە. لای ئەو، گشتاندن (Generalization) دوژمنی داهێنانە.
ئەو لە وانەکانیدا داوای لە خوێنەر دەکرد کە کاتێک وەسفی ژوورێک دەخوێنێتەوە، دەبێت بتوانێت شوێنی پەنجەرەکە و ڕەنگی پەردەکە و شێوازی هاتنەناوەی تیشکی خۆرەکە لە مێشکی خۆیدا وێنە بکات. ئەم وردەکارییانە لای ئەو “بەشە خوداییەکەی” ئەدەبیاتن، چونکە لێرەدا نووسەر وەک ئافرێنەرێک دەردەکەوێت کە هیچ شتێکی بەسەردا تێنەپەڕیوە.

 خوێنەری باش و هونەری دووبارە خوێندنەوە

لە کۆتاییدا، نابۆکۆف پێی وایە خوێنەریش ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە. خوێنەری باش لای ئەو کەسێک نییە کە تەنیا بۆ زانینی کۆتایی چیرۆکەکە کتێب دەخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە “دووبارە دەخوێنێتەوە”.
بە بڕوای نابۆکۆف، لە خوێندنەوەی یەکەمدا ئێمە تەنیا سەرنشینێکی ماندووین، بەڵام لە خوێندنەوەی دووەمدا دەبینە هاوڕێی نووسەر و دەتوانین تێبینی جادووەکە بکەین. ئەدەب لای ئەو کایەیەکی فیکری و ئیستاتیکیی بەرزە کە پێویستی بە بیرێکی تیژ و چاوێکی وردبین هەیە. ئەو دەڵێت: “خوێنەری شارەزا و ورد،  تەنیا بە مێشک و دڵ ناخوێنێتەوە، بەڵکە بە بڕبڕەی پشتیشی!”

مەبەستی چیبوو لەم وتەیە:


بە مێشک ناخوێنێتەوە (ڕەتکردنەوەی لۆژیکی ڕووت)

مەبەستی ئەوەیە کە ئەدەبیات تەنها کۆمەڵێک زانیاری، مێژوو، یان پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە کە مێشک لێکی بداتەوە. ئەگەر تۆ تەنیا بە مێشک بخوێنیتەوە، ڕۆمانەکە دەبێتە پەرتووکێکی زانستی یان وەک ڕۆژنامەیەک دەردەکەوێت. نابۆکۆف پێی وایە ئەو خوێنەرانەی تەنیا بەدوای “زانیاری” یان “فێربوون”دا دەگەڕێن، چێژە ڕاستەقینەکەی ئەدەب لەدەست دەدەن.

– تەنیا بە دڵیش نا (ڕەتکردنەوەی سۆزداریی ڕووت)

نابۆکۆف زۆر حەزی بە “سۆزداری” (Sentimentalism) نەبوو. مەبەستی ئەوەیە خوێنەری وردبین، تەنیا لەبەر ئەوە کتێبێک ناخوێنێتەوە کە بۆ پاڵەوانەکە بگری یان دڵخۆش بێت. ئەو پێی وابوو “بەزەییهاتنەوە بە کەسایەتی-کارەکتەر” ئاماژەیە بە ئاستێکی نزمی خوێندنەوە. ئەگەر تەنیا بە دڵ بخوێنیتەوە، تۆ تەنیا بەدوای “هەست”دا دەگەڕێیت، نەک “هونەر-ئەدەب”.

بەڵکە بە بڕبڕەی پشت (کاردانەوەی فیزیکی و ئیستاتیکی)

بۆچی نابۆکۆف دەڵێت بڕبڕەی پشت؟
چونکە بڕبڕەی پشت ناوەندی کۆئەندامی دەمارە. لای ئەو ئەدەبیات دەکرێ کاریگەرییەکی فیزیکی بخاتە سەر جەستە، واتە بە ڕادەیەک خوێنەر پەلکێشی خۆی بکات، کە بابەتەکە تەنیا وەک زانیاری، هەست و سۆز نەمێنێتەوە، بەڵکە تەواوی بەشەکانی جەستەت تێوە بگلێن و بکەونە ژێر کاریگەریی تەلیسمەکەوە.

 

ئامادەکردن: گۆیا

Share this article

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *