وەرگێڕان: چاوان نەریمان
شێروود ئەندەرسن لەنێو مێژووی ئەدەبیاتی مۆدێرنستی ئەمریکیدا پێگەیەکی بێهاوتا بۆ خۆی چنگ دەخات. گەرچی هەمیشە ناوی شانبەشانی نووسەرە نێودارەکانی وەک ت.س ئیلۆت و ئیزرا پاوند نەهاتووە، بەڵام ئەندەرسن لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە قاڵبگرتن و ئاڕاستەکردنی پەخشانی خەیاڵی ئەمریکی. لەڕێگەی ستایلی گێڕانەوە داهێنەرانەکەی، ڕیالیزمی دەروونی و تیشکخستنێکی تێمی لەسەر نامۆبوونی شارۆچکەیەکی بچووک، توانی ببێت بە یەکێک لە نووسەرە ڕچەشکێنەکانی قۆناغی سەرهەڵدانی مۆدێرنیزمی ئەمریکا. بەناوبانگترین کاریشی وانزبێرگ ئۆهایۆیە (١٩١٩)، هەمیشە وەک شاکارێکی مۆدێرنست دەمێنێتەوە کە بووە مایەی ئەوەی سەرلەنوێ گوزارشت لە ئاسۆکانی کورتەچیرۆکی ئەمریکی بکاتەوە.
وێڕای ئەوەش، کاریگەری ئەندەرسن لەپشت نووسینەکانی خۆیەوە پەرە دەستێنێت. ستایلی نووسینی و تێمە داهێنەرانەکانی، ڕێگەی بۆ نووسەرە مۆدێرنستە گەورەکانی دواتر خۆش کرد، بە نموونە ئێرنست هەمەنگوەی، ویلیام فۆکنەر و ف.سکۆت فیتزجێڕاڵد. لە میانەی ڕەتکردنەوە بوێرانەکەی بەرانبەر یاسا و دەستوور و سۆزگەرایی دەسەڵاتی ئەو کاتەی شاژن ڤیکتۆریا، شێروود ئەندەرسن وەک نووسەرێکی مۆدێرنست پانتاییەکی بە ڕووی ئەدەبیاتێکدا واڵا کرد کە بێپەردە، دەروونبین و لە قووڵایی ناخی مرۆڤی دەکۆڵییەوە. هەر لەبەر ئەو هۆیەش هەوڵە گرنگەکانی لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیزمی ئەمریکادا، هێندە مەزنن کە ناتوانرێ زۆری لەسەر بگوترێ. ئەندەرسن یارمەتی دروستکردنی پردێکی لەسەر ئەو کەلێنە دا کە کەوتبووە نێوان ڕیالیزمی سەدەی نۆزدەیەم و ئەزموونگەریی سەدەی بیستەمەوە.
دروستبوونی دەنگێکی مۆدێرنیست
شێروود ئەندەرسن لە ساڵی ١٨٧٦ لە شارۆچکەی کۆندمنی ئۆهایۆ لەدایک بووە، ئەزموونی تەمەنێکی منداڵی پڕ چەرمەسەری کردووە کە بە هەژاری، ناسەقامگیری و هەڵچوونی کەسی دەستنیشان دەکرێت. ئەزموونە سەرەتاییەکانی ژیانی، بوون بە پنتێکی سەرەکی بۆ هزری، بە تایبەتیش بایەخدانی بەو کەسە ئاساییانەی ژیانیان پڕ بوو لە خەونی نەگوتراو و نائومێدی و گرێی دەروونی. کاتێک نووسەرە مۆدێرنستەکان دەستیان کرد بە ئاوڕدانەوە لە هەستەکانی مرۆڤ، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ناخی تاکەکان، لەو دەمەدا سەرنجەکانی ئەندەرسن لەسەر دابڕانی سۆزداری، خەفەکردنی کۆمەڵایەتی و کەڵکەڵەیەک بۆ گەڕان بەدوای مانادا، وای کرد بە ئاشکرا لە دڵی ئەم جووڵانەوەیەدا شوێنی خۆی بکاتەوە.
بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەزموونی ئەدەبی ئەندەرسن هەتا دوای تەمەنی هەرزەکاری دەست پێ ناکات. پاش تاقیکردنەوەی ئیشە جۆراوجۆرەکان-وەک بۆیاخچی ماڵان، کاری ڕیکلام، بۆیاخچی تابلۆ-لە ساڵی١٩١٢بە شێوەیەکی لەبیرنەکراو دەستی لە خێزانەکەی و ئیشەکەی بەردا لەپێناو ئەوەی تەواوی کاتەکانی بۆ نووسین تەرخان بکات. ئەم پنتی گۆڕانە تەواوی مکوڕبوونی بەرانبەر کەشفکردنی هۆشیاریی مرۆڤ و بەخشینی دەنگێک بەو کارەکتەرانەی کە خۆی ناوی لێنان “نامۆکان” وەدەر دەخات-کە کەسایەتییان بەهۆی بەها کۆمەڵایەتییە چەقبەستووەکانەوە شێوەی پێدرابوو یاخود شێوێنرابوو. هەستیاری بەرانبەر وردەکارییە سایکۆلۆژییەکان وای کردووە چیرۆکەکانی لەگەڵ مژارە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتی خەیاڵیی مۆدێرنستدا هاوئاهەنگبن.
واینزبێرگ ئۆهایۆ: وەک دەستکەوتێکی مۆدێرنیستی
کتێبی واینزبێرگ ئۆهایۆی شێروود ئەندەرسن کۆمەڵە چیرۆکێکی بازنەیی پێکەوەبەستراوە، لە دەوری شارۆچکەیەکی بچووکی خەیاڵی و کارەکتەرێک بە ناوی جۆرج ویلارددا خڕ بووەتەوە. بونیادە پارچەپارچەکراوەکەی کتێبەکە، بە قووڵی تیشکخستنەسەر ناخی مرۆڤ و کارەکتەرە سیمبولییەکان، هەموو ئەمانە بە ئاشکرا وەک کارێکی مۆدێرنیستی دەیخەمڵێنن. لە جیاتی گێڕانەوەیەکی هێڵی، یاخود پلۆتێکی کۆنەباو، واینزبێرگ ئۆهایۆ وێنەیەکی مۆزایکی لە دەنگە گۆشەگیرەکان دەخاتە ڕوو-هەر چاپتەرێک لە ژیانی سۆزداری هەر خەڵکێکی جیاوازی شارۆچکەکە چڕ دەبێتەوە.
![]()

لە ڕێگەی ئەم ستراکچەرەوە، ئەندەرسن بیرۆکەکانی پلۆتی یەکگرتوویی ڤیکتۆریایی و چارەسەری ئەخلاقی ڕەت دەکاتەوە. هەر چیرۆکێکی واینزبێرگ ئۆهایۆ تیشک دەخاتە سەر ململانێی تاکێک: ئیدی ئەو ململانێیە دەشێ ئارەزوویەکی سەرکوتکراو، یان نەبوونی توانای پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئەوانی دیکە، یاخود ساتی تێگەیشتن لە جەوهەری بوونی خۆیان بێت. پارچەپارچەبوون و یەکنەگرتوویی ڕەنگدانەوەی ئەو بۆچوونە مۆدێرنیستانەیەیە کە تیایدا ژیان خۆی لە خۆیدا گرێنەدراوە و پڕە لە دژیەکی. لە ئاکامدا، ئەندەرسن ناخی کارەکتەرەکانی بە لێکنزیکبوونەوە دەگمەنەکان و ڕاستگۆییە سۆزدارییەکانیشیانەوە نیشان دەدات.
سەرباری ئەوانەش، چیرۆکەکان وانەی ئەخلاقی فێری خوێنەر ناکەن. ئەندەرسن ڕێگە بە کارەکتەرەکانی دەدات هەر بە کەموکوڕی، ناتەواوی و چارەنەکراوی بمێننەوە. دەتوانین بڵێین ئەم ڕەتکردنەوەیە بۆ دەرخستنی کۆتاییەکی پوخت یان نزیکبوونەوەیەکی سۆزداری؛ بە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نووسینی مۆدێرنیست دادەنرێت. لە باتی ئەوە، تێمەکانی نامۆبوون، تێکەڵنەبوون و پووچی مانا لە ستایلێکدا دەدۆزێتەوە کە ڕیاڵیزم تێکەڵ بە ئاگاییەکی شیعری دەکات. زمانی نووسینی سادەیە بەڵام لەبیر ناکرێت، گێڕانەوەکانی زۆر جار لەگەڵ ناخی کارەکتەرەکاندا دەڕۆن نەک شانبەشانی ڕووداوەکان. ئەو خەسڵەتانە واینزبێرگ ئۆهایۆ وەک پنتی وەرچەرخان لە ئەدەبیاتی مۆدێرینیزمی ئەمریکادا ڕاگیر دەکەن.
ڕیالیزمی دەروونی و تێکهەڵچوونە ناوەکییەکان
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نووسینی مۆدێرنیستی شێروود ئەندەرسن، وابەستەبوونیەتی بە ڕیالیزمی دەروونییەوە. نایەت پلۆتێک بخوڵقێنێت کە دوای ڕووداوەکانی چیرۆکەکە بکەوێت. بەڵکوو، تیشک دەخاتە سەر کێشمەکێشمە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان-بیرکردنەوەکانیان، ترسەکانیان، سۆزە دەرنەبڕدراوەکانیان. هاوشێوەی نووسەرە مۆدێرنستەکانی هاوسەردەمی، ئەندەرسن بڕوای وابوو ململانێ ڕاستەقینەکانی ژیان لەناو مێشک و دڵی مرۆڤدا سەر دەردەهێنن. زۆر کات کارەکتەرەکانی بەهۆی کۆمەڵگەوە، بەهۆی شکستە کەسییەکانەوە، یاخود بەهۆی نەتوانینیان بۆ دەربڕینی قووڵترین بیرکردنەوەکانیان، هەست بە چەقبەستوویی دەکەن.
بە نموونە، لە چیرۆکی دەستەکان، ئەندەرسن کارەکتەری وینگ بیدڵباوم وەک ماومۆستایەک دەناسێنێت کە دەستە بزۆکەکانی دەبنە هۆی دروستبوونی گومان لە لای خەڵک و دوورخستنەوەی لە کۆمەڵگە. چیرۆکەکە پەردە لەسەر ژیانێک لا دەدات کە هەستێکی ناسکی تیا سەرکوتکراوە و خەڵکی بە هەڵە لە جووڵەی دەستەکانی تێگەیشتوون. بێتوانایی وینگ بۆ پەیوەندیکردن بەوانی دیکە و بڕیاری توندی کۆمەڵگە بۆ ڕەتکردنەوەی، پێکەوە پۆرترەیتی مرۆڤێکی تەنیا لە سەردەمی مۆدێرندا دەخوڵقێنن. ململانێ ناوەکییەکانی کارەکتەرەکە زۆر گرنگتر دەبێت لەچاو هەر ڕووداوێکی دەرەکی ناو چیرۆکەکە. ئەم قووڵبوونەوە دەروونییە، کە بوو بە مژارێکی سەرەکی بۆ ئەدەبیاتی مۆدێرنیست، کاریگەری لەسەر کاری نووسەرەکانی دواتری وەک هەمەنگوەی و فۆکنەر دادەنێت.
جگە لەوانەش، ئەندەرسن تەوژمی هۆش و تەکنیکی مەنەلۆگی ناوەکی بەکار دەهێنێت-بەڵام بە فۆڕمێکی ڕوونتر لەچاو جەیمس جۆیس و ڤێرجینا ۆوڵف. دووبارەبوونەوەی گێڕانەوەکەی بەرە بەرە لەگەڵ بیرکردنەوە، ترس، یادەوەرییەکانی کارەکتەرەکە تێکهەڵکێش دەبێت، بەم شێوەیەش سنوورەکانی نێوان پەیپێبردن و واقیع تێکدەشکێنێت. بە بەکارهێنانی ئەم شێوازەش، ئەندەرسن بۆ هەر تاکێک لە حەقیقەتێکی جیاواز و تایبەت و خودی دەکۆڵێتەوە. ئەم ستایلی نووسینەی کە لە وەسفە دەرەکییەکانەوە بەرەو پەردەلادان لەسەر هەستە ناوەکییەکان مل دەنێت، ئەو شتەیە وا لە ئەندەرسن دەکات وەک نووسەرێکی مۆدێرنیستی ڕاستەقینە دەربکەوێت.
تێمەکانی نامۆبوون و قەیرانی لێکتێنەگەیشتن
دیدگایی مۆدێرنستانەی شێروود ئەندەرسن بە ئاشکرا لە دووبارەبوونەوەی تێمەکانی نامۆبوون و قەیرانی لێکتێنەگیەشتندا دەبینرێت. کارەکتەرەکانی زۆر کات دابڕێنراون-لە ڕووی سۆزداری، مانا و لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەشەوە. کارەکتەرەکان حەز بە پەیوەندیکردن دەکەن، بەڵام سەرکەوتووش نابن لە دۆزینەوەی. قسە دەکەن، بەڵام خەڵک لێیان تێناگەن. ئەم سەرنجخستنە سەر قەیرانی لێکتێنەگەیشتنەش ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکی گەورەتری سەردەمی مۆدێرنیزمە: پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەباوەکان و پووکانەوەی مانایەکی هاوبەش لە جیهانێکدا کە زۆر بە خێرایی لە گۆڕاندایە.
بۆ نموونە، لە چیرۆکی دایک، ئێلیزابێز ویلارد لە نێوان شکستی هاوسەرگیری و ئارەزووی بۆ کاریگەریدانان لەسەر داهاتووی کوڕەکەی، گیری خواردووە. ئێلیزابێز بە تەواوەتی بە بێدەنگی دەمێنێتەوە، حەزەکانی لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵانێک لە نائومێدی کپ بوونەتەوە. نەتوانینی بۆ گوزارشتکردن لە ئاواتەکانی یان بە شێوەیەکی مانادارانە پەیوەستبوونی بە کوڕەکەیەوە، ئەو ئازارچەشتنە بێدەنگەی زۆربەی کارەکتەرەکانی ئەندەرسنمان بۆ دەردەخات. بە هەمان شێوە، لە چیرۆکی تەنیایی، لێژبوونەوەی ئێنۆک ڕۆبینسن بەرەو دابڕان، پاش ڕەتکردنەوەیەکی ڕۆمانسییانە، هێڵ بەژێر مژاری پارچەپارچەبوونی سۆزداری لەنێو دنیای مۆدێرنیستیدا دەهێنێت.
ئەوەی ڕوونە، ئەندەرسن چارەسەرە ئاسانەکان ناخاتە ڕوو. کارەکتەرەکانی لەناکاو زاڵ نابن بەسەر نامۆبوونەکانیاندا. بەڵکوو، بە ڕاستگۆیی و خەمخۆرییەوە جیهانی ناوەوەی کارەکتەرەکانی دەسەلمێنێت، ڕێگە بە خوێنەرەکانی دەدات گەواهیدەری دۆخی ململانێ بێدەنگەکەی نێو ناخی مرۆڤ بن. لێکۆڵینەوەی لە دڵەڕاوکێ مۆدێرنەکان -لە ناسنامە، گۆشەگیری، خەفەکردنی هەستەکان- لەگەڵ بابەتە سەرەکییەکانی نووسەرە مۆدێرنستە ئەمریکی و ئەوروپییەکان هاوتەریب دەکات.
کاریگەریی لەسەر هەمەنگوەی و فۆکنەر
کاریگەریی ئەندەرسن لە ئەدەبیاتی ئەمریکادا لە پشت نووسینەکانی خۆیەوە درێژە دەکێشێت. ڕێنیشاندەر و هاوڕێی زۆرینەی دەنگە مۆدێرنیستە دەرکەوتووەکان بوو، دیارترینیان ئێرنیست هەمەنگوەی و ویلیام فۆکنەرن. هەر یەک لەم نووسەرانە ستایشی کاریگەریی ئەندەرسن دەکەن، ئەمە لەگەڵ ئەوەی دواتر هەمەنگوەی بە تەواوەتی پەیوەندی لەگەڵ پچڕاند. سەرباری ئەوەش، دەستپێکی ستایلی مینیماڵیستی هەمەنگوەی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی ئەو زمانە سادە و بێگرێوگۆڵ و پڕ لە هەست و سۆزەی ئەندەرسن. لە ڕاستیدا، یەکەم کتێبی هەمەنگوەی “لە سەردەمی ئێمەدا” ڕەنگدانەوەی بەرتەسکیی شێوازی گێڕانەوەی ئەندەرسن و سەرنجخستنە سەر دەروونە.
هەروەها، ویلیام فۆکنەر لە دوو شتدا ئیلهامی لە ئەندەرسن وەرگرتووە، ئەوانیش: بەکارهێنانی تەکنیکی چیرۆکی پێکەوەبەستراو و ڕوودانی چیرۆکەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراو. کتێبەکانی “دەنگ، هەرا و تووڕەیی و کاتێک لەسەرەمەرگدا بووم” دووبارەبوونەوەی هەمان تێمی ئەندەرسنە لە ڕووی یادەوەری و خێزان و لێکدابڕانی کەسییەوە. ئەندەرسن پاڵپشتی لە فۆکنەر کرد بۆ پشتبەستن بە دەنگە باشوورییەکەی خۆی و بیرۆکە نوێیە خۆڕسکەکانی. لەبەر ئەوەش، لە ڕێگەی ڕێنیشاندەرێتی و داهێنانی ستایلی نووسین، ئەندەرسن ڕێچکەی وێژەی خەیاڵیی مۆدێرنی ئەمریکی داڕشتەوە.
وێڕای ئەوە، ئارەزووی ئەندەرسن بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتە قەدەغەکراوەکانی وەک خەفەکردنی سێکسی، نەخۆشیی دەروونی و دووڕوویی کۆمەڵایەتی، یارمەتی فراوانکردنی ئاسۆیی تێمی ئەدەبی ئەمریکیان دا. پانتاییەکی بە ڕووی لاوازیی سۆز و حەقیقەتی دەروونی لە ئەدەبیاتی کۆندا دروست کرد کە زۆر کات سەرنجی دەخستە سەر ڕووداوە دەرەکی و تێگەیشتنە ئەخلاقییەکان. میراتە مۆدێرنیستییەکەی لەم گۆڕانی سەرنجی گێڕانەوەوە خۆی دەبینێتەوە- لە جیهانی دەرەوە بۆ ژیانی ناوەوە.
ستایل و زمان: سادەیی و قووڵی
گەرچی نووسەرە مۆدێرنستەکان زۆر کات هەوڵیان داوە پەخشانێکی چڕ یاخود ئاڵۆز بنووسن، بەڵام شێروود ئەندەرسن ئارەزووی لە بەکارهێنانی زمانێکی سادە بووە. ڕستەکانی سادە، ساکار و ڕاستەوخۆن. هەرچەندە، لە پشت ڕووکارە سادەکانیانەوە، سۆزێکی قووڵ و دەنگدانەوەیەکی سیمبولی خۆی حەشار داوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی دووبارە، بێدەنگی و وێنەی ئاماژەپێدەر، ڕیتمێک دەخوڵقێنێت کە پەخشکەرەوەی شێوازی بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانییەتی. ئەم شێوازە ستایلیستییە لەگەڵ ئامانجە مۆدێرنیستییەکان هاوتەریبی دەکات: بۆ ڕاگرتنی ڕیتمی هۆش و وردبوونەوە لە سۆزە دەرنەبڕدراوەکان.
لە زۆر باردا، زمانی ئەندەرسن وەک فڵچەی هونەرمەندێک کار دەکات. دیمەن و هەلومەرجەکان دەخاتە بەرچاوی خوێنەر لە جیاتی ئەوەی بە وردی باسی هەموو شتێکیان بۆ بکات. ئەم جۆرە نووسینە ڕێگە بە بەشداریکردنی هەستی خوێنەر دەدات. ئەندەرسن پشت بە خوێنەر دەبەستێت بۆ لێکدانەوەی بێدەنگییەکان و هەستکردن بە کێشی ئەو شتانەی کە نەگوتراون. چیرۆکەکانی دەبن بە دیمەنێکی سۆزداری کە تێیدا شوێن، بارودۆخ و یادەوەری تێک هەڵدەچن.
سەرەڕای ئەوەش، شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی تایبەتە. زۆرجار وەک چیرۆکبێژێکی بیرکەرەوە و تا ڕادەیەک درکێنەر هەنگاو دەنێت، هێلێکی لێڵ لە نێوان نووسەر و کارەکتەر دەکێشێت. ئامادەبوونی نووسەر لە گێڕانەوەکاندا، بەشداری دەکات لەو ڕاستگۆییە سۆزدارییەی کە گوزارشت لە کارەکانی دەکات. وەک نووسەرێکی مۆدێرنست، شێروود ئەندەرسن ڕازاندنەوە ڕەت دەکاتەوە، لە جیاتی ئەوە ڕەنگدانەوەی دەروون، حەقیقەت و دەروونبینی هەڵدەبژێرێت.
کارەکانی تری و کاریگەری بەردەوامی
هەرچەندە واینزبێرگ ئۆهایۆ وەک مۆرکێک دەمێنێتەوە، ئەندەرسن بە درێژایی ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کان بەردەوام دەبێت لە نووسین. کتێبەکانی تری، وەک سپی کاڵ ١٩٢٠، پێکەنینی تاڵ ١٩٢٥ و مەرگ لە دارستان ١٩٣٣، هەڵدەستن بە لێکۆڵینەوە لە تێمەکانی سەردەمی سەرهەڵدانی پیشەسازی، سێکسواڵیتە و لەنێوچوونی مانا. هەرچەندە ئەو کارانەی هەر یەکەیان سەرکەوتنێکی جیاواز بەدەست دەهێنن، بەڵام بەردەوام دەبن لە هەڵگرتنی تێمە مۆدێرنیستییەکەیان: بەهای سۆز لە دنیای مۆدێرنیزمدا، پارچەپارچەبوونی ناسنامەی کەسی و گەڕان بەدوای مانا لە جیهانێکی لێکدابڕاودا.
ڕەخنەگرەکان ئەمڕۆ درک بە هەندێک لە کەموکوڕییەکانی ئەندەرسن دەکەن-هەندێک جار دووبارەبوونەوە، پلۆتە نایەکسانەکان و ئارەزوویەک بەرەو هەست لە کارەکانی تریدا دەبینرێت-بەڵام ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو بەسەر مۆدێرنیزمەوە، جێی مشتومڕ نییە. شێوازی ڕاستگۆیانەی لە ستایلی نووسین، قووڵبوونەوەی دەروونی و ئازایەتی لە خستنەڕووی تێمی، یارمەتی بەمۆدێرنکردنی کورتەچیرۆکی ئەمریکی دا. بەبێ بوونی ئەو، ئەو پانتایی سۆزەکییەی لە لایەن هەمەنگوەی، کارڤەر و تەنانەت ئەلیس مۆنرو دۆزرایەوە، دەکرا زۆر جیاواز بووایە.
سەرچاوە: https://americanlit.englishlitnotes.com
هەریەک لە کۆمەڵەچیرۆکی واینزبێرگ ئۆهایۆ و شانۆنامەی واینزبێرگ ئۆهایۆ بەم نزیکانە لە وەشانخانەی ڕۆمان بە وەرگێڕانی من بڵاو دەکرێنەوە. وەک ڕوونکردنەوەیەکیش، نوسەر بیرۆکەی نووسینی شانۆنامەی واینزبێرگ ئۆهایۆی هەر لە کۆمەڵەچیرۆکەکان وەرگرتووە و دووبارە هەمان ناوی بۆ بەکارهێناوەتەوە، ئەویش بەچەند گۆڕانکارییەک لە کارەکتەرەکان و ڕووداوەکانیشدا.