زایۆنیستە کوردەکان

نووسین: هاوار محەمەد

چەند ساڵێک لەمەوبەر بەختیار عەلی وتارێکی بەناوی “ئەردۆگانیستە کوردەکان” بڵاو کردەوە. لەوێدا سێ بەرە لە کوردان دەستنیشان دەکات کە سەرسامن بە “ئەفسانەی ئەردۆگانیزم” و وەک ڕێگەچارەی دەرچوون لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵات و چارەسەرکردنی پرسی کورد لێی دەڕوانن: یەکەم سیاسییە بازرگانە هەلپەرستەکان کە بەرژوەندیی ئابوورییان لەگەڵ تورکیا هەیە؛ دووەم؛ ئیسلامیستەکان، کە پێیانوایە مۆدێلی ئەرۆگانی مۆدێلێکی دینییە و جێهێشتنی میراتی عەلمانیی کەمالیزمە،؛ بەرەی سێیەم، ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرانەی کورد کە حوکمی ئەردۆگان بە میانڕەو و کراوە دەبینن و وەک دەرفەتی گۆڕانکاریی لە تۆرکیا لێی دەڕوانن.

ئێستا ڕەنگە وەختی ئەوە بێت دەربارەی “زایۆنیستە کوردەکان”ـیش بدوێین. كێن زایۆنیستە کوردەکان؟ لایەنیکەم ئەوانیش سێ دەستە و تاقمن:

دەستەى یەکەم: ئەوانەن کینە و ڕقیان لە بەرانبەر ئیسلام و ئیسلامیزم هەیە، نەك لەبەر ئەوەى لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و گەشەی ئیسلامیزم و پەیوەندییەکەی بە ئیسلام و ناسیۆنالیزم و مۆدێرنەوە تێگەیشتبن، نەك لەبەر ئەوەش كە ئیسلامیزم بۆ كۆمەڵگە موسڵمانەكان و كۆمەڵگەى كوردى نەخۆشییەكى شێرپەنجەیی كوشندەیە، بەڵكو تەنیا لەبەر ئەوەى لە زاپۆنیستەكانەوە فێربوون كە ئیسلام و بزووتنەوەى ئیسلامییەكان دژەجوو یان دژەئیسرائیلن. (هەر بەم هۆیە نە دەتوانن ڕەخنەیەکی جددی بونیادی فیکری ئیسلامی بکەن، نە دەشزانن ئیسلامیزم چۆن کار دەکات).

دەستەى دووەم: ئەو ناسیۆنالیستانەی کە لایانوایە کلیلی سەربەخۆیی کوردستان لە باخەڵی ئیسرائیلدایە و کورد دەبێت بێ دوودڵی ببێت بە “دۆستی ستراتیژی” و “هاوەڵی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل”، بەبێ ئەوەی گوێ بە هیچ بەهایەکی مۆراڵی و مرۆیی بدات، تەنیا لەسەر بنەمای “دوژمنی دوژمنەکەم، دۆستمە”، بەو پێیەى لە سیاسەتدا “مۆراڵ” بوونى نییە و تەنیا “بەرژەوەندى” بوونى هەیە.

دەستەى سێیەم: ئەوانەی کە کینەیان بەرانبەر “چەپ”ی ناوخۆ و دەرەوە هەیە، بەو هۆیەی چەپ کەمتازۆر هاوپشتی بێبەشان، چەوسێنراوان، دەرکراوان، پەراوێزخراوان، مارگێنالیزەکراوان و لە نێویشیاندا پشتیوانی دۆزی فەلەستین بووە. بۆیە بەوە تۆمەتباری دەکەن کە گوایە هاوپەیمانی حەماسە و پشتیوانی کورد نییە، یان تەنانەت “دژەکورد”ـە. لەم درۆیەدا، بەشێكى بچووك لە ناراتیڤەكە دەستكاریى دەكرێت و ئیدى كۆى گێڕانەكە لەگەڵیدا دەگۆڕێت؛ هاوپشتیی چەپ بۆ “دۆزی فەلەستین” دەگۆڕرێت بە “پشتيوانیی چەپ لە حەماس”، چەپ وەک دۆستى ئیسلامیزم و بگرە وەك دۆستى تیرۆر وێنا دەكرێت (شتێك كە مەگەر لە بازرگانێكى بێمۆڕاڵ و فاشیستى وەك دۆناڵد ترەمپ بوەشێتەوە كە وڵاتەكەى خۆى پشتیوانى سەرەكیى ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان بووە). دواى گۆڕینى حەقیقەتى حیكایەتەكە، ئیدى زایۆنیستە كوردەكان ئەم لۆژیکە پەیڕەو دەكەن: “دۆستی دوژمنەکەم، دوژمنمە”. گوایە حەماس دوژمنە و چەپیش دۆستەكەیەتى؛ بۆیە چەپ وەك دوژمن دەبینرێت. بەڵام ئەمەیش هەر سەر بە ناراتیڤە شێوێنراوەكەیە؛ ڕاستییەكەى ئەوەیە بۆ زایۆنیزم چەپ دوژمنە وەك دۆستى لە مێژینەى دۆزى فەڵەستین، نەك وەك دۆستى حەماس.

هەر یەک لەم سێ دەستەیەی وا دڵدارییەكى پۆرنۆگرافیانە لەگەڵ ئیسرائیل دەكەن، بە دوو جۆر دەبن بە زایۆنیست: یان بەوەی بگەنە سنوورێکی توندڕەوی ئەوتۆ کە لەوێدا لە پشتیوانی “جوو”ەوە دەبن بە ڕاستڕەوی توندڕەوی فەندەمێنتاڵ، واتە دەبن بە شوێنکەوتەی مۆنستەرگەلى وەكو بنگەفیر و سیمۆتریچ، يان دەبن بە لایەنگیرى بزووتنەوەى وەكو “هاوڕێیانى هەیكەل” و بزووتنەوەى قەدەغەكراوى “كاخ” کە تەنانەت ئەو جووانەش بە “دژایەتی جوو” تۆمەتبار دەکەن وا بە سیاسەتى زایۆنیزم ڕازیى نین. ئەمانە زۆر جار هێندە توندڕەو و دێماگۆگ دەبنەوە کە دەبن بە هەڵگری گوتاری زایۆنیستە هەرە توندڕەوە دینییەکان تا ڕادەی ڕەوایەتیدان بە كۆمەڵكوژیى منداڵان بەو پێیەی هەر منداڵێکی فەلەستینی “حەماسێکی داهاتوو”ـە، واتە کوشتنی منداڵ لەسەر تاوانێک کە هێشتا نەیکردووە. لەلایەکیتر زۆر جار لە یەک کەسی پرۆئیسرائیلیی زایۆنیستدا هەر سێ هۆکارەکەی سەرەوە پێکەوە کۆ دەبنەوە (ناسیۆنالیزمی توندڕەو، دژە ئیسلامیزم، دژایەتیی چەپ)، ئەمەش وا دەکات بانگەشەی ئەوە بڵاو بکەنەوە کە ناناسیۆنالیستەکان و ئیسلامییەکان و چەپەکان، هەموویان خەریکی پیلانگێڕین لە دژی جووەکان و ئیسرائیل.

زایۆنیستە کوردەکان لە کڵۆڵیی تیۆریدا، یان بە ئەنقەست و لە بێمۆڕالیدا، هەموو ئەم هێڵانە لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەکەن تاوەکو دواجار لە بەرژەوەندیی زایۆنیزم بدوێن. بۆ نموونە ئەوە دەشارنەوە کە چەپ واتە “کراوەیی” و “فرەیی” و “هاوپشتی”؛ بۆیە کاتێک هەر “ئەویتر”ـێک پێویستى بە پشتیوانى بێت، داوای هاوکاری بکات و بیەوێت تێكەڵ بە بزووتنەوەى چەپ ببێت، بە بێ ڕەچاوکردنێکی زەقی نەتەوە و ڕەگەز و زمان “بەخێرهاتن” دەکرێت. ئەمە پرەنسپیی چەپە. چەپ ناتوانێت ئەخلاقیی نەبێت، ناتوانێت ئیگۆیستى بێت و “ئەوانیتر” لە بەرچاو نەگرێت، هەر بۆیە هەموو هەوڵەکانی دیاریکردنی چەپ وەک “سۆسیالیزمی زانستی”ی ڕووت (کە گوایە پەیوەندیی بە “مۆراڵ”ـەوە نییە و بڕیارى ناوەكیى مێژووە)، پێناسەی زەروورەتی چەپ لەم سەردەمەدا ناکات و خۆيشی زانستی نییە.

لەبەر ئەم مۆراڵەی چەپە کە هەلپەرستەکانیش دەتوانن بیقۆزنەوە، جا لە پەنابەرێکەوە کە لای چەپەکان تەنیا بەدوای سەپۆرت و هاوکاریی ماددی و دۆزینەوەی شوقەی هەرزانەوەیە، تاوەکو هەندێک لەو ئیسلامیستە تورک و عەرەبانەی کە لە لایەن دەوڵەتەکانیانەوە نێردراونەتە نێو ئۆرگان و گرووپە چەپەکان تا بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکانیان هاوسۆزی و هاوپشتیی چەپ ئیستیغلال بکەن. هەلپەرستەكان لە هەموو جێیەك هەر بەم جۆرەن. بێگومان چەپ ساویلکە نییە، بەڵام دەزگای موخابەراتی نییە و سکانی مەرامەکانی ئەودیوی هاتنی کەسێکیش ناکات، بۆیە هەندێجار بە وردى نازانن ئەوە “کێ”ـیە کە هاتووە، وەک دێریداش ئەڵێت پرسی “پێشوازیلێکردن” پێش پرسی “داوەریکردن”ـە. هەڵگەڕانەوەی ئەم هاوکێشەیە چەپ دەکات بە ڕاست، بۆیە چەپ ناتوانێت هەڵی بگەڕێنێتەوە. ئەگەرى “ڕەتكردنەوە” و “دەركردن” و “هەڵاواردن” لە نێو چەپدا ئێجگار كەمە، چونكە ئەمانە ڕەفتارى ڕاستڕەوانەن، بەڵام هاوكات ئەم پرەنسیپانە بۆ چەپ بووە بە كێشەیەكى بەرچاو كە پێویستى بە چارەسەركردن هەیە. بەلاى منەوە، یەكێك لە ئەركەكانى كەسانى چەپڕەوى ڕۆژهەڵاتى لە ئەورووپا، ئەوەیە كە بە ئارامگرتنى ماوە درێژەوە چەپى ئەورووپى لە مەترسییەكانى ئیسلامیزم (خواستەكانى، مۆدێلى دەسەڵاتەكەى، ستایلى ژیان، داواكاریى شەریعەت و دامەزراندنى خەلافەت) ئاگادار بكاتەوە و هەوڵ بدات لە ڕۆژئاوا هێڵێكى ڕوون لەنێوان موسڵمان و ئیسلامیستدا بكێشێت.

زایۆنیستە کوردەکان مێژووی کورد و مێژووی جوو هاوشوناس دەکەن، “کوردبوون” و “جووبوون”، بە شێوەی جەوهەری وەک یەک دەبینن، کێشەی کوردستان و کێشەی “خاکی ئیسرائیل” بەیەک دەچووێنین. بەڵام لە ڕاستیدا کێشەی کورد بە تەواوی هاوشێوەى کێشەی جوو نییە. کورد لە سڕینەوەی “بوون”یدا پتر لە جووەكان دەچێت و لە کێشەی “خاک”دا پتر لە فەلەستینییەکان. کورد تێکەڵەیەکە لە کێشەی جوو- فەلەستین. “بوون”ی کورد وەک “بوون”ی جوو کەوتۆتە بەر شاڵاوی سڕینەوە، ئەنفال، حاکمیەتی دەوڵەت، بەهۆمۆساکەرکردن؛ بەڵام جوو لە مێژوودا “گەلی هەڵبژاردەی خودا” بووە، واتە هیچ خاکێکی نەبووە، تەنیا خاوەنی “خاکی بەڵێنپێدراو” بووە، “خاکێک کە لە دواترێکی نادیاردا دەبێت بە وڵات بۆ جووەکان”، خاکێک کە خودا خۆی دەیبەخشێت و بڕیارێکە لە ئاسمانەوە، مادام هەموو خاکێک خاکی خودایە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەو گەل و نەتەوەیەی کە نیشتەجێى خاکەکەیە و خاوەنى پلە دووە؛ خودا خاوەنە ڕاستەقینەكەیە، “خاوەنی خاوەن” و “خاوەنی خاک”ـەکەشە. جوو گەلی خاکی بەڵێنپێدراو بووە، بۆیە لە مێژوودا وەک “گەلی بێخاک”، “گەلی بێوڵات”، “گەلی شوانکارە”، “گەلی بازرگان”، ناوهێنراون، هەر لەبەر ئەوەشە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووبوونەوە. گەلى خودا زیاتر پەیوەستە بە ئاسمانەوە نەك بە زەمینەوە، لەبەر ئەمە گەلی جوو هەرگیز لەو ڕەهەندە تیۆلۆژییە جیا نابێتەوە، تەنانەت لە دۆخە هەرە سێکولارەکەشیدا، سێکولاریزمێکی ئیلاهییە، شتێک كە مێژووی کورد بە تەواوی لێی سەربەستە

بەڵام کێشەی کوردستان لە کێشەی فەلەستین دەچێت، هەردووکیان کێشەی خاکێکی داگیرکراویان هەیە. فەلەستینییەکان، گەرچی ماوەی هەشتا ساڵە بە هەمان شێوە بوونیان لە بەردەم سڕینەوەدایە و لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکرێن بە هۆمۆساکەر، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەی فەلەستین کێشەی “خاک”ـە، خاکێکی داگیرکراو، خاکێکی کۆلۆنیالیزەکراو. بەدەر لە هەر ئایدیۆلۆژیایەک کە لەم پرسەوە ئاڵێنراوە، پرسی فەلەستین وەک کێشەی وڵاتی کۆلۆنیالیزەکراو بە دانپێدانانی نەتەوەیەکگرتووکانیش، هەر وەک کێشەی “کوردستان” پرسێکی ڕەوا و هەقە. جووەکان بە پێی ڕێکەوتنێکی وڵاتانی زلهێز لەوێ کۆکراونەتەوە و خاکی فەلەستینییەکانیان بە دیاریی پێدراوە؛ دواتریش ئیسرائیل هەزاران پرۆژەی نیشتەجێکردنی جووە توندڕەوەکانی لە خاکی فەلەستینییەکان بنیات ناوە، واتە پرۆسەیەکی “ئیسرائیلیزەکردن”ی توندڕەوانەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی فەلەستینییەکان (کە شتێکە هاوتای تەعریب و تەتریکی هەرێمە کوردییەکان)، ئەمەش لە لێکۆڵینەوەی کۆلۆنیالیستیدا پێی دەوترێت “کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکردن”.

لە ڕووی پرەنسیپەوە، خەبات بۆ وەرگرتنەوەی ئەم خاکەکۆلۆنیکراوانەى وەكو كوردستان و فەلەستین ڕەوایە، جا بە شێوەی دیبلۆماسی بێت یان بەرەنگاری میللى یان چەكدارى. ئەی کێشەكە لە دۆزى فەلەستیندا چییە؟ بە تەواوى ماناى وشەكە کێشەکە ئیسلامیزمە، واتە ئەوەی کە لە ئاستی جیهانیدا حەماس نواینەرایەتیی دۆزی فەلەستینی لە “ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی” وەرگرتەوە و  خۆی کرد بە نوێنەرى دۆزی فەلەستین. ئیسلامیزمیش دەست بۆ هەر بابەتێک ببات، چەندە ڕەوایش بێت، زیان بە ڕەوایەتییەکەی دەگەیەنێت، دەیکات بە بابەتی تیرۆر، تەکبیر، فەناتیزم، فەندەمێنتاڵیزم و دژایەتیی ڕۆژئاوا و عەلمانیەت و بگرە دژایەتیی “کورد”یش وەک “ئیسرائیلی دووەم”.

لە بەرانبەر ڕەهەندە تیۆلۆژییەکەی ئیسرائیلدا دەربارەی خاکی فەلەستین و ئۆرشەلیم و پەرستگای سلێمان و هتد، “حەماس” ڕەهەندە تیۆلۆژییە ئیسلامییەکەی کێشەی فەلەستینی زەق کردەوە، ململانێکەی لەگەڵ ئیسرائیل گۆڕی بە ململانێ لەسەر “خاکی پیرۆز” و “دووەمین قیبلەی موسڵمانان” و کێشەی “مزگەوتی ئەقسا”. هەر لە سەرەتاوە ئەم ڕەهەندە لە کێشەکەدا هەبوو، بەڵام پرسی سەرەکیی نەبوو، تەنیا لەنێو سیاقی “خاکی داگیرکراو”دا گرنگ بوو. حەماس کێشەی فەلەستنی لە دۆزێکی ڕەوای دنیایی خاکەوە بە تەواوی گۆڕی بۆ پرسێکی ئایینی و لە “ڕزگارکردنی قودس و مزگەوتی ئەقسا”دا کورتی کردەوە. لەمەوە چیتر بۆ حەماس مەسەلەكە “ڕزگاکردنی خاکێکی داگیرکراو” نییە، بەڵکو “ڕزگارکردنی خاکێکی پیرۆز”ـە؛ چیتر ئەوەی لە بەرانبەر ئیسرائیلدا دەکرێت “خەبات” نییە، بەڵکو “جیهاد”ـە، ئەوەی لە پێناو خاکدا دەمرێت “گیانبەختکردوو”ی نیشتمان نییە، بەڵکو “شەهید”ى ئوممەتى ئیسلامـە. لەم باسەدا گشتیتر بدوێین، ئەوەی حەماس و کەناڵی جەزیرە و بەرەی ئێران ناویان لێناوە “مقاوەمە” هیچ پەیوەندییەکی بە چەمکی “بەرەنگاری”[Résistance/ Widerstand] و “شۆڕش” و “تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی”ـیەوە نییە، کە هەموویان چەمکی نوێى عەلمانین و لە سیاقی شۆڕش و ئومێدەکانی نێو مۆدێرنەدا دروست دەبن و هەر یەکەشیان خەسڵەت و بنەمای خۆی هەیە. بۆ نموونە ئەوەی پێی دەوترێت “شۆڕشی سووری” بە هیچ کلۆجێک “شۆڕش” نییە؛ چ بە واتا فەرەنسییەکەی، یان مارکسییەکەی، چ بە واتا ڕزگاریخوازییە نەتەوەییەكەى یان پۆستمۆدێرنستەکەی. بەڵکو “جیهاد”ـە، ڕزگارکردنی خاک نییە، بەڵکو “فتوحات”ـە، نزیکترین نموونە هێرشە بۆ سەر ڕۆژئاڤا کە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتە تیرۆریستییەکەی جۆلانی بە سورەتی ئەنفالەوە ناوی فتوحاتی لێنا. ئیدى بەم جۆرە یەک لیستى درێژى چەمك لە سیستەمێكدا پێكەوە لكاون، لەوانە (شەهید، غەنیمەت، بەیعەت، سەبییە، جیهاد، جیهادى نیکاح، تەکبیر، مورتەد، مولحید، کوفر، دەعوە، سەدەقە، فتوا، شەریعەت، ئوممەت، خەلافەت، برایەتیی ئیسلامی، پاداشت، جزاك الله و خیرا هتد). هیچ یەک لە زاراوەکانی نێو ئەم فەرهەنگە، کە هەمان فەرهەنگی حەماسە، هیچ پەیوەندییەکی جەوهەرییان بە فەرهەنگی خەباتی چەپەوە نییە کە زیاتر (سەرمایەداری، عەدالەت، گۆڕانکاری، شۆڕش، بەرەنگاری، خەڵک، مۆنۆپۆل، لە مۆنۆپۆلخستن، پرۆتیستۆ، مانگرتن، زێدەبەها، هۆشیاری شۆڕشگێڕی، فرەیی، ئیمپریالیزم، خەبات، ئینتەرناسیۆنال، هاوپشتى و هتد)ـە.

حەماس خەباتی گۆڕی بۆ تیرۆر، کێشەی تێکۆشانی بەرانبەر بە “دەوڵەتی ئیسرائیل” وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستی، گۆڕی بۆ “دژایەتیی جوو”، بۆ فاشیزمێکی ئیسلامی بەرانبەر بە جووەکان، چ وەک “گەل”و چ وەک “دەوڵەت”. واتە دیسان هاوشوناسکردنی “گەل” و “دەوڵەت”. بەڵام هێشتا دەمارگرژی و بێمۆڕاڵیی حەماس دۆزی فەلەستین بە تەواوەتی لە ڕەوایەتی ناخات. حەماس خۆی بە ناڕەوا، قیادەی پرسێکی ڕەوا دەکات کە بێگومان زیانى بە “گێڕانەوە”كەشى گەیاندووە.

بەڵام وەک ئەلف و بێی مۆڕال، ئێمە دەزانین نە ئیسرائیل بە هیچ سیفەتێک دەتوانێت لە ڕەخنە بەدەر بێت و نە هەموو ڕەخنەیەکیش “دژایەتیی جوو” و بگرە “دژایەتی بوونی ئیسرائیل”ـە وەک دەوڵەت. بەشبەحاڵى خۆم دژ بە “دەوڵەتی ئیسرائیل” نیم، بەڵکو لەم پرسەدا دژ بە دوو شتم، یەکەمیان “ئایدیای دەوڵەت”، بەو شێوەیەی تا ئێستا ناسیومانە، لەسەر بنەمای “حاکمیەت” دادەمەزرێت کە بە واتای “دۆخی ئاوارتەی ئەبەدی”، “وەسوەسەی ئاسایش”، “تاکشوناسی” و “جەنگ”ـە (سوبێكتیڤیتەى هۆمۆساكەر و دوژمنایەتیی ئەبەدیی گەلان) و بە تایبەتیش لاموایە دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (لایەنیكەم بەم فۆڕمەى كە ئێستا هەیە) مۆدێلێکی گونجاو نییە و وەک ڕێکخستنێکی ئایدیاڵ بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەی گەلان نایبینم (شکستی پێکەوەژیان و ستەمی سەد ساڵی ڕابردوو بەرانبەر بە جیاواز و کەمینەکان شاهیدن لەسەر ئەمە)، لاشموایە هەرگیز مرۆڤ، بە خودی گەلی نەتەوەی سەردەستیشەوە، لە سایەی ئەم جۆرە دەوڵەتەدا، جا دەوڵەتی تورک بێت یان فارس یان عەرەب یان ئیسرائیل، ئاسوودە نابێت مەگەر تەنیا ئیلیتە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکەیان. دووەم دژ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و فاشیستیانە و توندڕەوانە و تاکڕەوانەی دەوڵەتم، کە هەر دەوڵەتێک بە زەروورەت، کەمتازۆر، ئەم مەیلانەی هەیە.

زایۆنیستە کوردەکان وا دەنوێنن دژایەتیی توندڕەویی دەکەن، بۆ نموونە دژایەتیی ئیسلامیزمی حەماس دەکەن، بەڵام چاو لەوە دەپۆشن کە زایۆنیزمیش، هەروەک ئیسلامیزم، بزووتنەوەیەکی توندڕەوە، بەو جیاوازییەوە کە زایۆنیزم پتر ناسیۆنالیست-ئاینییە، بەڵام ئیسلامیزم بزووتنەوەیەکی “ئوممەتگەرا”یە (لەبەر ئەمە لە ئاستی دنیادا فاشیزمی زایۆنیزم هێندەی تیرۆری ئیسلامی بەربڵاو نییە، بەڵام لۆبیشیان لە زۆر وڵاتی جیهان و بەتایبەت ئەمریکا دەیانجار بەهێزترە). بۆیە لە هەمان ئەو کاتەی کە ئیسلامیزم هەوڵ بۆ پێکهێنانی “خەلافەت”ـێک بۆ ئەم “ئوممەت”ـە دەدات، زایۆنیزمیش هەوڵ بۆ پێکهێنانی “ئیسرائیلی گەورە” بۆ “گەلی هەڵبژاردە” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدات. گەر دروشمی لایەنگرانی فەلەستین “فەلەستینێکی ئازاد لە رووبارەوە بۆ دەریا” بێت، ئەوا دروشمی زایۆنیستەکان “ئیسرائیل لە نیلەوە بۆ فورات”ـە. زایۆنیستە کوردەکان ئەوانەن کە زۆر بە زیادەوە یەکەمیان دەبینن، بەڵام نابینان لە ئاستی ئەوەی دووەمیاندا، هەر لەبەر ئەوەشە شتێک بە ناوی “مۆڕاڵ” نەک تەنیا لە گوتاریاندا بەڵکو لە بوونیشیاندا نەماوە و بەردەوامیشن لە جیاکردنەوەی مۆراڵ لە سیاسەت.

زایۆنیستە کوردەکان ئەوانەن کە “دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە” بە شایەنی گەلی هەڵبژاردە دەزانن (کاتێك ئەم دەربڕینە دنیایی دەبێتەوە، خۆی فاشیستییانەیە) و لەم پێناوەشدا، تەنیا ئەوانە بە جوو دەزانن کە پشتیوانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی نێو دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستەکەی “نەتنیاهوو”ن. هاوكات ئەوان، بەو مزگێنییەی کە ئیسرائیل دەوڵەت بۆ کوردیش دروست دەکات، دەرفەتی هیچ ڕەخنەیەک لە ئیسرائیل ناهێڵنەوە، دەوڵەتی ئیسرائیل تا ڕادەی “پیرۆزی” دەبەن و “جووبوون” و “ئیسرائیل” لەگەڵ یەکدا بە ڕەهایی هاوشوناس دەکەن، هەموو تاوانێکی گەورەش بۆ ئیسرائیل بە شەتەحات و سەفسەتە و زۆربڵێی و درۆ دەپۆشن، پاساوی هەر ڕەگەزپەرستى و تاوانێکیشی دەدەن. ئەمە خەسڵەتی هەموو فاشیستە دەوڵەتخوازەکان بووە: هاوشوناسکردنی گەل/خەڵک لەگەڵ دەوڵەت؛ تواندنەوەی گەل لە دەوڵەتدا. بەڵام ئەم هاوشوناسییە هەرگیز ڕووینەداوە و ڕوو نادات، چونکە “گەل” (وەک گەلێتی کە بە واتای زۆرێتی و فرەیی و هەمەچەشنییە) هەمیشە بەشێکی لێ ماوەتەوە کە “دەوڵەت” نییە، کە دەکەوێتە دەرەوەی دەوڵەت. جووەکانیش ئەم “دەرە-دەوڵەت”ـەیان هەیە و بە هەزارانیان ناڕازین لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی تاقمەکەی نەتنیاهوو، بە ستەمکار و دژ بە “پەیامی عیبرانیەت” و “ڕۆحی جووبوون” و “مێژووی جووداییزم” تۆمەتباریان دەکەن.

زایۆنیستە کوردەکان لە ڕاستیدا پێداگری لەسەر “کوردبوون” ناکەن، بەڵکو خوازیاری دروستكردنى کوردێکی زایۆنیزە بوون، دەیانەوێت کورد بکەن بە پاشکۆ و شوێنکەوتەی خۆبەخشی ئیسرائیل، کورد بکەن بە بەشێک لە پرۆژەى ئیسرائیل کە “دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان” نییە، بەڵکو “دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە”یە بە ئاژاوەیەکی سەرتاسەری و شەڕی یەک بە دوای یەکى ئێنیك و مەزهەبەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە عەرابەكەى ئەمریكایە. زایۆنیستە كوردەكان شەیداى ئەوەن ڕەزامەندیى زایۆنیستە جووەكان بەدەست بهێنن، بە “ئافەرین”ـەكانیان گەز گەز باڵا دەكەن و بۆ ئەمە ویژدانى مرۆییشیان دەفرۆشن. بەڵام بۆچی مۆساد ئۆجالان دەستگیر دەکات؟ بۆچی ئیسرائیل لە ڕێکەوتننامەی پاریسەوە پشت لە هەسەدە دەکات گەرچی بەرپرسانی هەسەدە داوای هاوکاریشیان کرد؟ تەنیا لەبەر ئەوە نییە جۆلانیی تیرۆریست بەرزاییەکانی جۆلان و قونەیتەرەی لەسەر سینی زێڕین پێشکەش بە سوپای ئیسرائیل کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەشە فیکری ئۆجالان و پارادایمی هەسەدە جیاوازن لە “پرۆژەى زایۆنیزم”؛ ئەم پارادایمەی هەسەدە دژەئیسرائیل نییە (هەسەدەش هەنگاوى لەم جۆرەى نەناوە)، بەڵکو “پارادایمێکی تر”ە کە دەوڵەتی سەنتراڵی “تاکنەتەوە”ی وەک تورکیا و ئیسرائیل دەکات بە “نازەروورەت”؛ بوونەکەیان پووچەڵ دەکاتەوە. توركیا و ئیسرائیل وەك “دەوڵەت” هەردووكیان سەر بە هەمان پارادایمن، هەردووكیان یەك ڕیشە و بونیادیى فیكرى سیاسییان هەیە. دوژمنایەتیى توركیا و ئیسرائیل تەنیا لێكدژییەكى دیالەكتیكییە، واتە گەر تا ڕادەى جەنگ و یەكترسڕینەوەش بڕوات، نابێت بە لێكدژییەكى ڕادیكاڵ. لێكدژیى ڕادیكاڵ دوژمنایەتى نییە، بەڵكو “ئەویترێتى“ـیە، كە لە سیاقى ئەم باسەماندا بە واتاى “جیاوازیى لە پارادایمدا”یە.

ئۆجالان کرمێک لە دەوڵەتی نەتەوەدا دروست دەکات تا بە كاوەخۆ هەڵیبوەشێنێتەوە، یان باشتر بڵێین “کونێک”ی تێ دەکات. مۆدێلی خۆسەریی دیموکراتیی، یان “نەتەوەى دیموكراتیك” (ئەم پارادایمە لە دەستى خودى ئۆجالانیش دەرچووە و چیتر موڵكى تایبەتیى ئەو نییە تا مافى ئەوەى هەبێت لە چوارچێوەى كۆمارى توركیادا قەتیسى بكات، هەر بۆیە دەپەڕێتەوە بۆ “ڕۆژئاڤا” و ئەمەیش یەكێكى ترە لە مەكرەكانى ئۆجالان: دروستكردنى فرانكشتاینێكى خەباتگێڕى ئاشیخواز كە لە سنوورى قەڵەمڕەویى خالقەكەى زیاتر بڕوات، بۆیە گەر خودى ئۆجالانیش لێى پاشگەز ببێتەوە، هیچ لە گرنگیى پارادایمەكە ناگۆڕێت) کونێکە لە دەوڵەتدا، وەک ژان-لوك نانسیش دەڵێت، بوونی کون لە شتێکدا “دەرفەتی هەڵوەشانەوە”ی شتەكەش دەڕەخسێنێت، مادام دەکرێت لە ڕێگەی کونێکەوە شتێک یەکاڵا بکرێتەوە، تێكبدرێت و پێكبهێنرێتەوە.

لەلایەکیتر پارادایمی هەسەدە بۆ پێکەوەژیان، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئێستا و ئێرەدا، “ناوەخت”ـێكە کە بە تەواوی وەختی خۆیەتی، بە بێ ئەوەی پێویست بە “ئاشتییەکی ئیسکاتۆلۆژیی دواوەخت” [قیامەتگەرا] هەبێت کە فانتازیای ئاشتیی جووداییزمە بە هاتنی “مەسیحا”وە و ئەمەش لە زایۆنیزمدا، یان لای ئینجیلییەکان و یەسوعییە جووەکان جۆرێکە لە مژدەی “حوکمی هەزارساڵە”، ئاشتی و ئارامییەک کە ڕزگاركەرى گەلى جوو، كە “مشیاح”، دوای جەنگ و کایۆسێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەیهینێت. بونیادی فیكرى ڕزگاركەر لە مێژووى دوروودرێژى خۆیدا، لاى ئایینە جیاوازەكان، هەر ئەمە بووە كە ماوەى پێش هاتنى ڕزگاركەر، جیهان بە ئاشووب و ئاژاوە و جەنگى گەورەدا دەڕوات و دنیا تووشى هەلاكەت دێت؛ تەنیا لە وەها دۆخێكدایە كە هاتنى ڕزگاركەر مومكینە.

زایۆنیستە ئاینییەكان پێیانوایە وەختى هاتنى ڕزگاكەر دەكەوێتە “ئاخرزەمان”ـەوە، بۆیە هەوڵى “پێشخستن”ـى ئاخرزەمان دەدەن بە ڕەخساندنى هەلومەرجى ئاخرزەمانیانە، تەنانەت نەتانیاهوو، كە گەلێكجار پێشنبینیى و زاراوە تەوراتییەكانى بەكار هێناوە، گوتارى ڕۆژى 2ى سێپتێمبەرى 2024ى بەوە كۆتایى پێهێنا كە “زەمەنى مشیاح دێت”. كەواتە هەر پارادایمێكى دیكە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا كە جۆرێك ئاشتى و ئارامیى نێوان گەلان بەدى بهێنێت و نەچێتە خزمەت باڵادەستیى ڕەهاى ئیسرائیلەوە لە ناوچەكەدا، بە واتاى “دواخستن”ـى ئاخرزەمانە، دواخستنى هاتنى مەسیحایە. وەدیهاتنى نەتەوەى دیموكراتیك، یان پێكەوەژیانى گەلان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، ڕووداوێكى “ناوەخت”ـە لە “وەخت”ـدا نەك لە “دواوەخت”ـدا، بە واتاى پرۆژەیەكى دنیایى و سێكیولار و عەقڵانى و مرۆییە بە بێ ئەوەى پێویست بە “ئاشتیى ئاخرزەمان” و “مەسیحا” و “مەهدى” هەبێت. دواجار گەر بێتوو ئەم پارادایمە دنیاییە ئاشتیخوازە گەشە بکات، كورد بە ئاستەم دەچێتە نێو نەخشەى بەرژەوەندیى ئیسرائیلەوە و بە بێ كوردیش دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە ئاسان نابێت.

Share this article

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *