ساسان محەمەد
سێڵفی و سێڵفاندن وەک دژ
کاتێک لە دۆخی سێڵفی ورد دەبینەوە، هەست دەکەین کە چرکەی دەرکەوتنی و دۆخی (زیادەڕەویکردن) و ئالوودەبوون پێی لێک جیا ناکرێتەوە. سێڵفی، لەگەڵ دەرکەوتنیدا دەرکەوتنی قەیرانی ناسنامەشە، ئەمەش بەهۆی بەردەوام چرکاندنی سێڵفییەکان پیشانمان دەدات کە (تێکدان و شڵەژانی دۆخی ڕۆحیی کەسەکان) بە چڕی بوونی هەیە، خودی ئەم دووبارەکردنەوەیە (بەردەوامی لە چرکاندن)، سەلمێنەری بەدگومانییە لە بوونی خودی خاوەن سێڵفی خۆی. کردەی سێڵفاندن بۆ کەسەکان، مەشقی کردەی کاڵکردنەوە و سڕینەوەی خودی خۆی و سووککردنی بوونی ئۆنتۆلۆژیانەی خۆیەتی. خاڵیکردنەوەی ئامادەبوونیەتی لەو وزە ئەفسووناوییەی کە ونبوون لە دنیای دەرەوە و خۆخستنەپەراوێزی چاوی گشتی (کە زۆرجار وەکو پێویستییەکی ڕۆحی، یاخود وەکو ویست و هەڵبژاردنێکی تاکەکەسەکان خۆیانە) دەیبەخشێتە هەر یەکێکمان.
سێڵفی لە خۆیدا خوڵقێنەری دۆخی هەستی نامۆیی بە خود و خۆبوونیەتی. نامۆییەک لە دەرەنجامی هەوڵی (بەرهەمهێنانەوەی هەزارەمین جاری خودی خۆیەتی). بەڵام وەک وتم، دووبارە و هەزاربارەی (بەڵگەی بوون) دەبێتە هۆی کاڵکردنەوە، بێبەهاو و سستکردنی پێگەی خودی بەڵگەکان خۆیان، وەکو سەلمێنەرێک. بە تێڕوانینێکی تر، کرداری دووبارەکردنەوە لە پەیوەست بە (یادگە و مەشقکردن بە یادگەمان)، تا کاتێکی کورت و دیاریکراو ڕۆڵی بەهێزکردنی یادگەمانی هەیە، هەر کاتێک گەیشتە دۆخی ڕاهاتن، ماڵیبوون و بوون بە خوو، ئەو کاتە ڕۆڵەکەی دژ و پێچەوانە دەبێتەوە. دەبێتە مەشقکردن لەسەر سستکردنی یادگەمان. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە بە سروشت، یادگەمان پێویستی بە بابەتی سەخت و بەردەوام ئاڵنگارانەی نوێ هەیە (نوێبوونەوەی بەردەوام)، تاوەکو ماسولکەکانی پێ بەهێز بکات.
گەر بمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ زەمەنی سێڵفی بکەین، ئەوا پێم وایە کە ئەو زەمەنەی کە (زیادەڕەویکردن لە سێڵفیگرتن) دەکەوێتە ناوی، یاخود دەبێتە بەشێک لێی، کاتێکی (نا-کات)ـە، پڕە لە نائاگایی و خاڵی لە بوونی هەستەکان، یاخود هەست لە دۆخێکدایە کە خاڵی و ساردە، لە دۆخی سڕ و متبووندایە. دۆخێکی شێوە ئالوودەیی هەیە. جا لە شێوەی کهوول بێت، قوماربازی، یاخود هەر جۆرێکی تر. چرکەی چرکاندنی سێڵفی، گەڕان و هەوڵێکە بۆ ئەوەی ڕووکەش ڕێک شوێنی ناخ و جەوهەر بگرێتەوە. دەرەوە خۆی وەکو ناوەوە نیشان بدات. خەونێکە کە تیایدا دنیای دەرەوە یەکلاکەرەوەی چۆنایەتیی ناخی کەسەکان بێت. خەون و خوولیای خاوەن سێڵفییەکان، دەستگرتنی ڕووکەش بێت بەسەر ناخدا، بەو واتایەی کە ڕووکەش دێت و پێمان دەڵێت: ئەمە ناخمە. ئەمەش دۆخێکی تەواو نەرسیستانەیە، عاشقە بە خۆی. سێڵفیگرەکان بە گشتی ئەمە دۆخیانە. دنیای سۆشیال میدیاش سەلمێنەری ئەم تینووێتییەیە بۆ سێڵفی.
فۆتۆی ڕەش و سپی و بەهاکانی
“*گرتنی فۆتۆی ڕەنگاوڕەنگی خەڵک، گرتنی وێنەی جلوبەرگەکانیانە
بەڵام بە ڕەش و سپی، گرتنی وێنەی ڕۆحیانە.” ( تێد گرانت)
*بینین بە ڕەنگاوڕەنگ، چێژێکی جەستەیی و فیزیکییە،
بەڵام ڕەش و سپی پەیوەندی بە هەستە ناوەکییەکانەوە هەیە. (ئەندرێ کاولدوێڵ)
*ڕەنگ وەسفکەرە، ڕەش و سپی لێکدەرەوەیە. (ئیلیۆت ئێرویت)
بابەتی کەوتنە بەرچاوی فۆتۆی ڕەش و سپی لەم ساڵانەدا، جگە لە کۆمەڵێک هۆکاری سروشتی، لەنێوانیاندا بوونی سۆشیال میدیا و ئاسانی بڵاوکردنەوە و بینینیان، لە هەمان کاتیشدا هەوڵێکە بۆ بەخشینەوەی بەهایەک، کە هەر لە بنەڕەتەوە فۆتۆ ڕەش و سپییەکان بە سرووشت هەڵگرین. بە تایبەت کاتێک لەو بۆچوونانەی سەرەوە لەبارەیانەوە ورد دەبینەوە.
سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بە شتێک بدەم. خوێنەر ئاگادارە لەوەی کە ڕاستە ڕۆڵان بارت پێێ وایە کە فۆتۆکان لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا دەبنە کاری هونەری، یاخود سرووشتی کاری هونەری لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن. بابەتی بوونی خەرمانە لە فۆتۆش لەم دۆخەدا، کە واڵتەر بنیامین لە کاری هونەریدا باسی لێوە دەکات، ئاماژە بە لەدەستدانی ئەم خەرمانەیە دەکات، کە لە ڕێی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کارە هونەرییەکانەوە ڕوو دەدەن، ئەویش لە ڕێگەی دووبارە وێنەگرتنەوەی ئەم کارە هونەریانەوەیە.
دەشێت ئەم لەدەستدانی خەرمانەیە و کەوتنەوەی قەیرانی ڕۆحیی لە دۆخی سێڵفیدا بە تەواوی خۆی بسەلمێنێت، کرداری سێڵفاندن خاڵیکردنەوەی تەواوی وزەکانیش بێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا من فۆتۆی ڕەش و سپی دەبینم، هەوڵێکە بۆ بەخشینی بەها، پێگە و قورسایی کەسەکان بە بوون و ئامادەیی هەنووکەیی خۆیان. نمایشکردنی فۆتۆ ڕەش و سپییەکان، زەقکردنەوەی هەستی نۆستالژی نییە بە تەنیا، بەڵکو هەوڵێکیشە بۆ ڕاگرتنی بوونی هەنووکەیی و ئامادەییان، کە ئاسانی چرکاندنی فۆتۆ لەم سەردەمەماندا بوونی هەیە. سێڵفاندن بە تایبەتی، گومانکردن لە ڕەسەنایەتییەک، کە بەهۆی بوونی زۆرترین ئەگەری دەستکاریکردن و تێپەڕینیان بە فلتەردا. هەموو ئەو خاڵانەی سەبارەت بە سێڵفی ئاماژەم پێدان، زۆرێک لە هەستەکان و بەها ئیستاتیکییەکانی لە مرۆڤ سەندووەتەوە.
فۆتۆ ڕەش و سپییەکان وەکو کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرنگ لە شێوەی تەسکەرە و ڕەگەزنامەی کۆن، یاخود جۆرێک لە تاپۆی ڕەش بەکار دەبرێن، ئامادەن بۆ نمایشکردن، تاوەکو نیشانی دەوروبەر بدرێت، کە لە ڕابردوودا چۆن تاکەکان، گرووپ و کۆمەڵگەی نێو شارەکان هەبوون و ژیاون، چیان لە بەر کردووە، لەگەڵ کێدا هاوڕێ بوون و هەڵسوکەوتیان کردووە. ئەمانە هەمووی وەکو پشگیری و بەڵگەنامەیەک بەکار دەبرێن. زۆرجار کاریگەریان وەکو چەکێکی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داخراوەیی هۆشی هەنووکەیی گرووپە توندڕەوەکان. بە هۆکاری ئەوەی کە فۆتۆ ڕەش و سپییەکان هەڵگری ئەگەری لێکدانەوە و قووڵبوونە لێیان فرە و کراوەیە. لەسەر بنەمانی تێروانینی (ئەندرێ کاردوێڵ)، ئەو چێژە ڕۆحییەی کە پێمان دەبەخشن، کە بە بڕوای خۆم بینەر ئازاد دەکات لەوەی یادکردنەوەیەکی سۆزداری بێت لەتەک ئەو کەسانەی کە لە فۆتۆکاندا دەبینرێن و لە ژیاندا نەماون. بزواندنی هەستێکی نۆستالژی بێت بۆ سەردەم و کاتی چرکاندنی فۆتۆکان. سەرسووڕمان بێت بەرانبەر بە شێوازی دەرکەوتن و خۆگۆڕینی کەسەکان و مۆدەی سەردەمەکەیان بێت. ئەم فۆتۆ ڕەش و سپیانە، دەشێت لە بەراورددا وەکو چەکێک لە دژی جەنگی بێبەزەییانەی (ئاسان چرکاندنی فۆتۆ، شەیتانیانەی سێڵفی، بەلاڕیدابردنی سەرنج و چاوەکان بەهۆی چێژی ڕەنگەکان) بەکارببرێت. دژ بەو دۆخە گوماناویانە کە فۆتۆ بەگشتی بەهۆی ئاسانی ساختەکردن و دەستکاریکردنەوە تێی کەوتووە.
فلتەر و فۆتۆشۆپ
فلتەر و فۆتۆشۆپ، زیرەکی دەستکردیش لە ئێستادا، هەموو ئەو ڕێگای دەستکاریکردنە دیجیتاڵیانەن کە لەپاڵ (ڕیاڵی) نەشتەرگەری جوانکاریدا بەکاردەبرێن، بەردەوام لەلایەن ئەو کەسانە بازاڕ و بەکاربردنیان گەرمە کە نەشتەرگەری جوانکاری ویستەکانیان تێر نەکردوون. جا فلتەر و نەشتەرگەری جوانکاری (ڤێرچوال و ڕیال) لە ڕێی دەستکاریکردنی پێست و بەشەکانی دەموچاوەوە ڕووەکان گەنجتر دەنوێنن.
جا لە ڕووی دەروونییەوە، لێکۆڵینەوە دەروونییەکانیش سەلماندوویانە کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم نەشتەرگەرییە دیجیتاڵییە(فلتەر)، تاوەکو قووڵایی ناخی بەکاربەرەکانی دەڕوات. واتا کاریگەرییەکانی تەواو بەسەر سستبوونی بڕوابەخۆبوون و تێکدانی وێنەی خودی کەسەکان خۆیان، بەرانبەر بە خۆیان درێژ دەبێتەوە. ئەمەش لە ڕێی تەسلیمبوون بەو وێنەیەی کە خەیاڵی کەسەکان دەینەخشێنێت و بە زۆرباوەڕهێنانێکی ساویلکانەی کەسەکانە پێی.
لە کاتێکدا، نەشتەرگەری جوانکاری گواستنەرەی کەسێکە لە دۆخی لەشساغێکەوەیە بۆ دۆخی چارەخوازێک(ناساغێک)، چونکە ئەم نەشتەرگەرییە بەبرینکردنی شوێنێکە کە پێشتر برین نەبووە. بەهۆی دوورکەوتنەوەی کەسایەتی لە ڕەسەنایەتی خۆی، ئەگەری کردنەوەی دەرگای زۆرە بۆ دەستکاریکردن و پێداچوونەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام (پێویستبوون بە نەشتەرگەری زۆرتر)، چونکە لەپاش هەوەڵین نەشتەرگەی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەو کەسە سروشتی ئاسایی و ڕەسەنی خۆی ون دەکات و لەدەست دەدات. هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی بە شێوەیەکی جوانتر، یاخود هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ شێوەی سەردەمی پێش دەسکاریکردن، دەبێتە مەحاڵی مەحاڵەکان. نابێت لەبیری بکەین، کە دڵشکان دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەسایەتی کەسەکان. چونکە هەوەڵین دەستکاریکردن (وەکو پێشتر وتم)، دروستکردنی برینە لەخۆدا، لە پاشاندا هەڵگێڕانەوەی ئەم برینەیە، واتا وا دەکرێت بێتە بەرچاومان کە برینەکە دەخەینە ژێر پێستمانەوە. لەوێشەوە برین و ئازارەکەی ڕووەو ناوەوەمان دەچێت و دەبنە خوڵقاندنی هەوکردن و ئازارێکی ناوەکی. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕان لە کەسایەتی کەسەکە. تا ئاستی لەسەر ڕێی ڕەسەنایەتی خۆی دووری دەخاتەوە. دواجار مادەم ئێمە دەستکارییە دەرەکییەکان بوونەتە هۆی گۆڕانکاری ناوەکیمان، ئەوا لێرەدا دەبێت دووبارە دەستکاری دەرەوەمان بکەین، تاوەکو بتوانین هەوکردنەکانی ناوەوەمان چارەسەر بکەین و بیانوەستێنین. واتا بە بەردەوامی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، تاوەکو لە ڕێی هەر نەشتەرگەرییەکەوە هەڵەی پێشووتر ڕاستبکرێتەوە (کە ئەمەشیان مەحاڵی مەحاڵەکانە)، چونکە خودی گەیشتن بەو دۆخە، بۆخۆی گەیشتنە بە ئالوودەبوون بەنەشتەگەریی.
لە وردبوونەوە لەو کەسانەی کە نەشتەرگەرییەکی زۆری جوانکاریان کردووە، دەبینین کە زۆرترینینان، زیاترین گۆڕان بەسەر شێوەی دەرەوە، قسەکردن و دەرکەوتنیان بەدیدەکرێت. هەندێک جار بەتەواوی وەکو کەسێکی زۆر جیاوازتر دەبینرێن. (وەکو ئەوەی بووکەڵەیەک بن و هاتوونەتە گۆ). ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە دەستکاریکردنی ڕووکەش و شێوەی دەرەوەی کەسەکان بۆخۆیان، کردارێکی ڕووکەشی ڕووت نییە بەتەنیا، بەڵکو ئەم کردارە قووڵە و لە ڕووکەشدا خۆی حەشارداوە. لە کاتێکدا بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە (بەگشتی) بیرکردنەوەی کەسەکان کاریگەری فراوانیان هەیە بەسەر شێوازی دەموچاویان. واتا بیرکردنەوەکان (بەرانبەر بە دنیا و خودی خۆیان)، شێوە و پێکهاتەی دەرکەوتنی ڕوخساریان دەخوڵقێنن. هەرچەندە ئەمەیان دەچێتە خانەی باسێکی ترەوە، بەڵام دڵنیام کۆمەکمان دەکات لەوەی کە تێبگەین کە بریاردانی نەشتەرگەری جوانکاری و پێشبڕیارییەکان و بیرکردنەوە پێشینەییەکان کاریگەریەکی تەواویان هەیە بەسەر ئەوەی کە پێش دەستکاریکردنەکان، بیرکردنەوەکان دەستدەکەن بە گۆڕانکاری لە دەرکەوتنیان بەوجۆرەی کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام دەشێت لەبەرچاوی خۆیان (کورتمەودا) دەرکەوتنێکی دڵخۆشکەربێت، نەوەک لە دوورمەودادا، دەوروبەریش دەتوانن باشتر ئەو جیاوازییە لە شێوە و گۆڕانکاری کەسایەتییەکاندا زەقتر و ڕوونتر بەدیبکەن.