گفتوگۆی پاوڵ هۆڵدنگرابەر و ئومبێرتۆ ئێکۆ

وەرگێڕان: جووتیار قارەمان |

 

پاوڵ هۆڵدنگرابەر: بە خێر بێن بۆ مەکۆی ئەم گفتوگۆ ڕاستەوخۆیە. جارێکی تر لێرەین و چ چێژێکی لەبننەهاتووە. زۆر سوپاس، هانا کەی. خۆشحاڵم کە لە لەندەن لەگەڵ ئومبێرتۆ ئێکۆدام. ئەم کتێبە نوێیە، گۆڕستانی پراگ، من چاپی نوێی بەریتانیی و ئەمریکییەکەم هەیە.

ئومبێرتۆ ئێکۆ: بەرگی چاپی ئەمریکی سامناکترە.

پاوڵ: سامناکترە. ئایا ئەمە وا دەکات کتێبی زیاتر بفرۆشرێت؟ هێشتا نازانین. جا من بە خوێندنەوەی پارچەیەک لە کتێبەکەت دەست پێ دەکەم و تۆش کاردانەوەت بۆی هەبێت. پێم وایە ئەمە وێنەیەکی ڕوون دەداتە خوێنەری ئینگلیز کە تازە ئاشنای ئەم کتێبە دەبێت. تۆ باسی “ڕێچکەی گەردوونیی هەموو پیلانگێڕییەکی گونجاو” دەکەیت. وشەی “پیلانگێڕی” لێرەدا گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە. “لەو وێنەیەی ئەلێکساندر دووما سازی کردووە، من لە خۆم پرسی ئاخۆ ئەو نووسەرە مەزنە، لە وەسفکردنی تەنیا یەک پیلانگێڕیدا ڕێچکەی گەردوونیی هەموو پیلانگێڕییەکی گونجاوی نەدۆزیبێتەوە… دواتر دووما هیچی دانەهێنابوو. تەنیا ئەوەی کردبوو کە بە قسەی باپیرم، ئابێ باروێل، پێشتر نیشانی دابوو، خستبوویە قاڵبی چیرۆکەوە. ئەمە وای لێ کردم بیر بکەمەوە کە ئەگەر بمەوێت چیرۆکی پیلانگێڕییەک بفرۆشم، پێویست ناکات شتێکی نوێ و دانسقە پێشکەشی کڕیار بکەم، بەڵکو تەنیا شتێکی پێشکەش بکەم کە خۆی لە پێشدا دەیزانێت… خەڵکی باوەڕ بە هیچ ناکەن، مەگەر بەوەی خۆیان لە پێشدا دەیزانن، ئەمەیش جوانیی پیلانگێڕییە گەردوونییەکانە.” کەواتە، پیلانگێڕییەکان چۆن دروست دەبن؟

 

ئومبێرتۆ ئێکۆ: بەڵێ، سەرەتا با شتێکی تر بڵێم. کتێبەکە پار لە تشرینی یەکەمدا لە ئیتاڵیا بڵاو کرایەوە. لە تشرینی دووەمدا بۆمبی ویکیلیکس تەقییەوە. لە بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا بۆمان دەرکەوت کە هەموو ڕاپۆرتێکی نهێنی کە بۆ فڵانە حکومەت نێردراوە، باسی شتێکی کردووە کە هەفتەیەک پێشتر گۆڤاری نیوزویک بڵاوی کردووەتەوە. وەک ڕۆژی ڕووناک دیار بوو. کەواتە من ڕاستم دەکرد، بەڵام ئەمە بیرۆکەی من نەبوو.

جا پیلانگێڕیی گەردوونی. یەکەم کەس کە وتارێکی شاکارانەی لەسەر ئەم بابەتە نووسی، کارڵ پۆپەر بوو. ئەو دەیگوت بیرۆکەی پیلانگێڕیی گەردوونی لە سەردەمی هۆمیرۆسەوە دەستی پێ کردووە، کاتێک هەرچییەک لە تەروادە ڕووی دەدا، خوایەکان ڕۆژی پێشتر لەسەر کێوی ئۆڵەمپ پیلانیان بۆ داڕشتبوو. بیرۆکەی پیلانگێڕیی گەردوونی ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی شان لەژێر بەرپرسیارێتیی خۆمان خاڵی بکەینەوە. هەر بۆیەیش دیکتاتۆرییەتەکان هەمیشە ئەم بیرۆکەیەیان بە کار هێناوە تا دان بە کەموکووڕی و هەڵەکانی خۆیاندا نەنێن.

من کە دە ساڵی یەکەمی ژیانم لەژێر سێبەری دیکتاتۆرییەتی فاشیدا پەروەردە بووم، ئەوە پیلانگێڕیی گەردوونیی جیهانی “دیموکراسی-سەرمایەداری-جوولەکە” بوو، لەگەڵ ئینگلیزەکانیشدا. ئینگلیزەکان خەڵکانێکی زۆر سامناک بوون، چونکە ڕۆژی پێنج ژەم نانیان دەخوارد! ئەمە ئەو وێنە ترسناکە بوو کە پێشکەشی ئیتاڵییە هەژارەکان دەکرا؛ خەڵکانێک ڕۆژی پێنج ژەم نان دەخۆن. دواتر بۆم دەرکەوت کە خۆیشم، لە خێزانێکی ئاساییدا، ڕۆژی پێنج ژەمم دەخوارد: بەیانی، پاشان شتێکیان دەدامێ بۆ قوتابخانە بۆ نزیکەی سەعات دە، ئینجا نیوەڕۆ، ئینجا سەعات پێنج، ئینجا ئێوارە. بەڵام دەزانی، وێنەی چەرچڵە قەڵەوەکە کە جگەرەی دەکێشا و ڕۆژی پێنج ژەمی دەخوارد، بەشێک بوو لەو پیلانگێڕییە گەردوونییە.

بۆچی دووما؟ ناونیشانی کتێبەکەی من گۆڕستانی پراگە. چیرۆکی گۆڕستانی پراگ یەکەم جار لە لایەن سیخوڕێکی ئەڵمانییەوە بە ناوی گۆتشە بڵاو کرایەوە. سیخوڕ، دژەجوو، بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان کاری دەکرد. چوار بەرگ چیرۆکێکی زۆر ئاڵۆزی نووسی بە ناوی بیاریتز و لە شوێنێکدا بیرۆکەی ئەو پیلانە گەردوونییەی داهێنا کە گوایە جووەکان لە هەموو دنیادا لە گۆڕستانی پراگ لە شەودا کۆ دەبنەوە. نازانم تۆ سەردانی گۆڕستانە جووەکەی پراگت کردووە یان نا. بۆ بینین شاکارە، بەڵام شەوان دەتوانێت زۆر دڵتەزێن و سامناکیش بێت. ئەوان لە هەموو جێیەکەوە دێن و خۆیان دەناسێنن: “من ڕابی سلێمانم لە سەنگاپوورەوە.” “من ڕابی فڵانم لە ئەمستردامەوە.” جا پیلانی داگیرکردنی جیهان دادەڕێژن.

من وام دەزانی خۆم ئەمەم دۆزیوەتەوە. کەچی لە ڕۆمانی “جۆزێف باڵسامۆ”ی دوومادا ڕێک هەمان دیمەن هەیە. لە شاخێکی ئەڵمانیادا ڕوو دەدات. ڕێکخەری هەموو شتێک کالیۆسترۆیە. ئەوانەی کۆ دەبنەوە فراماسۆنەکانن لە هەموو جیهانەوە. خۆیان دەناسێنن: “من مامۆستای گەورە، فڵان، لە سەنگاپوورەوە هاتووم.” جا پیلان دادەڕێژن بۆ ڕووخاندنی پاشایەتیی فەڕەنسا. بەڵام ڕێچکەکە هەر هەمان ڕێچکە بوو. ئەم ڕێچکەیە بۆ ئامانجی جیاواز کاری دەکرد. لای دووما فراماسۆنەکان بوون دژی پاشا. لای یوجین سوو، یەسووعییەکان بوون. ئینجا لە پرۆتۆکۆلەکانی حەکیمانی زایۆن و کتێبەکەی گۆتشەدا جووەکان بوون. بەڵام ئەمە دەتوانێت بەردەوام سەر بگرێت. دەتوانیت سبەی پیلانگێڕییەکی گەردوونیی نوێ دابهێنیت؛ تەنیا کونە بۆشایییەکە ماوەتەوە پڕی بکەیتەوە.

بەڵام دەبێت جەخت بکەینەوە، پیلانگێڕیی گەردوونی. چونکە پیلانگێڕی هەیە. لەوانەیە هەر ئێستا لەم شارەدا کۆمەڵێک بازرگان خەریکی پیلانگێڕییەک بن بۆ داگیرکردنی بانکێک. بەڵام ئەگەر پیلانێک سەر بگرێت، یەکسەر ئاشکرا دەبێت. پیلانێک هەبوو بۆ کوشتنی یۆلیۆس قەیسەر و، لە پانزەی ئاداردا هەموو شتێک ڕوون بووەوە. بەڵام پیلانگێڕیی گەردوونی پیلانێکە کە هەرگیز ئاشکرا نابێت، چونکە نە ڕووخساری هەیە و نە شوێن. وەک بوونەوەرێکی نادیار وایە. بۆیە دەتوانرێت تا بێکۆتا بە کار بهێنرێت. وەک زیمێل، کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی، دەیگوت: “بەهێزترین نهێنی نهێنییەکی بەتاڵە.” چونکە ئەگەر نهێنییەکی ڕاستەقینەت هەبێت، دەسەڵاتت پێ دەبەخشێت، بەڵام ئەم نهێنییە دەکرێت ئاشکرا بکرێت. بەڵام ئەگەر نهێنییەکە بەتاڵ بێت، بۆ هەمیشە پارێزراوە.

پاوڵ: بۆ ئەوەی لەسەر نهێنی قسە بکەین، ئایا وشەی “Secretary” (سکرتێر) لە “Secret” (نهێنی)ـەوە هاتووە؟

ئێکۆ: بەڵێ، “سکرتێر” (نهێنیپارێز) ئەو کەسەیە کە نهێنییەکانت دەپارێزێت. جا “سکرتێر” (مێزی نووسین) ئەو شوێنەیە کە نهێنییەکانی تێدا دەشاریتەوە. بەڵام ئەمانە نهێنیی ئاشکرا بوون. تەنانەت سکرتێرەکەیشت، کاتێک دەکەویتە زیندانەوە، یەکسەر دان بە هەموو شتێکدا دەنێت.

پاوڵ: هەر بۆیە دایکم هەمیشە دەیگوت: “لەبەر قسەی نەکراو کەس هەڵناواسن.”

ئێکۆ: وایە. ئێستا دەبێت لە بری سکرتێر، ئایپادێکت هەبێت.

پاوڵ: کەواتە پیلانگێڕییەکان شتێکی مسۆگەر (حەتمی)ـن؟

ئێکۆ: پیلانگێڕییە ڕاستەقینەکان، وەک کوشتنی قەیسەر، پێم وایە مسۆگەرن. تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان لە جەنگدان لەگەڵ یەکتردا. بەڵام پیلانگێڕیی گەردوونی پێویستییەکی مسۆگەرە بۆ ئەوەی، وەک گوتم، دان بەوەدا نەنێین کە خۆمان بەرپرسین. ئەمە کێشە ئەزەلییەکەی بەرخە نێرەکەیە؛ یەکێکی تر دەکرێتە قوربانی و هەموو بەرپرسیارێتییەکەی دەخرێتە ئەستۆ.

پاوڵ: وتارێکت هەیە بە ناوی “داهێنانی دژمن”. بەڵام پێم وایە دەیشکرێت ناوی بنرێت “پێویستی بە دژمن”.

ئێکۆ: بەڵێ، ئێمە پێویستمان بە دژمنە. بۆچی؟ بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی خۆمان. چیرۆکێکت بۆ دەگێڕمەوە. لە نیویۆرک بووم، لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسی قسەم دەکرد. هەمیشە قسەیان لەگەڵ دەکەم، چونکە گەرم و ساردیی ڕۆژگارت پێ دەڵێن. پاکستانی بوو، پرسیی خەڵکی کوێیت. گوتم ئیتاڵیا. گوتی ئیتاڵیا لە کوێیە؟ گوتم لە ئەورووپا. گوتی بە چ زمانێک قسە دەکەن؟ لە کۆتاییدا پرسیی: “دژمنتان کێیە؟” گوتم: “مەبەستت چییە؟” گوتی: “نا، ئەو دژمنەی سەددان ساڵە شەڕی لەگەڵ دەکەن. ئێوە ئەوان دەکوژن و ئەوانیش ئێوە دەکوژن. دژمنی ئەزەلین.” منیش گوتم: “چاوەڕێ کە. ئێمە دژمنێکی جێگیرمان نییە.” ئەویش سەیری کردم وەک ئەوەی من پیاوەتیم لە دەست دابێت.

دواتر، بەو شتەی فەڕەنسییەکان پێی دەڵێن “زیرەکیی پاش کاتی خۆی”، تێ گەیشتم کە نا، ئێمە دژمنمان هەیە. بەڵام خەڵکی تر دژمنیان لە دەرەوەی سنوورە، ئێمە دژمنمان لە ناوەوەی سنوورە. بۆ دوو هەزار ساڵ شارە ئیتاڵییەکان شەڕی یەکتریان دەکرد و تەنانەت ئێستایش ئۆپۆزسیۆنی ئیتاڵیا نەیانتوانی بێرلوسکۆنی بڕووخێنن، چونکە شەڕی یەکتریان دەکرد.

هەموو دەسەڵاتێک بۆ ئەوەی گەلەکەی یەکگرتوو بهێڵێتەوە، دەبوو “ئەوی تر” دابهێنێت. هەر وەک گۆڕستانی پراگ، وێنەی دژمنیش شوێن چەند تایبەتمەندییەکی جێگیر دەکەوێت. یەکێک لە یەکەمین نموونەکانی دژمن، دژەمەسیحە (دەجال Antichrist). گوێی لوول، لووتی گەورە، پێی سەیر، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆگەنە. هەمان ئەم ڕێچکەیە بە درێژاییی سەدەکان بۆ وێناکردنی دژمنی موسڵمان، دژمنی بیدعەچی و، دژمنی جوو بە کار هاتووە. هەمیشە هەمان نەخشە بۆ ئەوەی دژمن لە ڕووی ئارکیتایپییەوە قێزەون بێت.

پاوڵ: لە گۆڕستانی پراگدا هەموو کارەکتەرەکانت لە مێژوودا ڕاستەقینەن، بێجگە لە یەکێک. ئەو کارەکتەرە سیمۆنینییە و تۆ قێزەونترین، ناشیرینترین، سامناکترین و، بێزراوترین مرۆڤت تێیدا دروست کردووە.

ئێکۆ: سپاست دەکەم. هەر ئەوەم دەویست.

پاوڵ: بەڵام بۆچی؟ بۆچی وێنەی کەسێکی ئەوەندە ناشیرینت کێشاوە؟

ئێکۆ: سیمۆنینی لە بنەڕەتدا ساختەکارێکە، بەڵام بکوژ و نەژادپەرستیشە. لە لاپەڕەکانی سەرەتادا قسەی زۆر قێزەون دەکات نەک تەنیا دژی جووەکان، بەڵکو دژی ئەڵمان، فەڕەنسی، ئیتاڵی و، ژنانیش. من دەبوو ئەوەندە قێزەونی بکەم تا خوێنەر (و ڕەنگە خۆیشم) لێی دوور بکەوێتەوە. ئینجا کاتێک ئەم بڕیارەم دا، چێژێکی ڕاستەقینەی حیکایەتخوانیش هەبوو لە داهێنانی کارەکتەرێکی ئا وادا.

من پێم وایە ئەمە ڕاستەقینەترین ڕۆمانی منە. چونکە لە کاتی گێڕانەوەیدا وام هەست دەکرد باسی کەسێک دەکەم کە لە دەوروبەرم دەژی. دنیا پڕە لە سیمۆنینی. دەمەوێت خوێنەرەکەم بەم ڕۆمانەوە، وەک ڕێبەرێکی گەشتیاری، بە دنیادا بگەڕێت و بڵێت: “ئەوەتا، سیمۆنینییەک! ئەوەتا، یەکێکی تر!”

پاوڵ: باسی ئەو چێژە بکە کە لە وەسفکردنی کەسێکی وا ناشیریندا وەرتگرتووە.

ئێکۆ: ئەدەبیات هەر لە سەرەتاوە پڕە لە دەق کە دێو و درنج و بوونەوەری سامناک وەسف دەکەن. پێم وایە شکسپیر چێژێکی زۆری لە وەسفکردنی ڕیچاردی سێیەم یان یاگۆدا بینیوە. ئەمە ڕێگەیەکە بۆ دەرکردنی ئەو ناشیرینییەی لە ناخماندایە. بەڵام لەوانەیە سیمۆنینی زۆر زاڵ بووبێت، چونکە دوو کارەکتەرە باشەکەی ناو کتێبەکە یەکسەر دەکوژرێن. ئیتر من بێ جەمسەری ئەرێنی (پۆزەتیڤ) مامەوە، تەنیا نەرێنییەکە (نێگەتیڤەکە)م مابوو.

پاوڵ: لە سەرەتای کتێبەکەوە، دەڵێیت: “من ڕقمە… کەواتە من هەم.” (Odi ergo sum). وەک ئەوەی ڕق زۆر لە خۆشەویستی بەهێزتر بێت.

ئێکۆ: خۆشەویستی ئەزموونێکی کورتکەرەوەیە و لە باقیی جیهان داتدەبڕێنێت. خۆشەویستی دەڵێت: “من تۆم خۆش دەوێت، نامەوێت کەسی ترت خۆش بوێت.” بەڵام ڕق بەخشندەیە. کۆمەڵایەتییە. دەتوانێت گەلێکی تەواو دژی گەلێکی تر یەک بخات. دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان داوا لە خەڵک ناکەن یەکتریان خۆش بوێت، داوایان لێ دەکەن لە پێناوی دژایەتیکردنی دژمنی ڕقلێگیراودا بمرن. ئەگینا چۆن ڕوونی دەکەیتەوە کە مێژووی مرۆڤایەتی بە قابیل دەست پێ دەکات، نەک بە دایە تێریزا؟ بە جەنگ و کوشتار دەست پێدەکات.

پاوڵ: مرۆڤەکان توانایەکی سەرسووڕهێنیان هەیە کە ئاژەڵان کەمتریان هەیە، ئەویش درۆکردنە. ڕۆمانەکەی تۆ لێکۆڵینەوەیەکە لە توانای نائاسایی مرۆڤ بۆ گوتنی ناڕاستی.

ئێکۆ: با جیاوازییەکی خێرا بکەین لەنێوان درۆکردن و داهێنانی خەیاڵدا. خەیاڵ یارییەکی بەئەمەکە. من وا خۆم نیشان دەدەم کە کچێک بە ناوی دەنکەهەنار هەبووە و تۆیش لەگەڵمدا وا خۆت نیشان دەدەی باوەڕم پێ دەکەیت. دوای چیرۆکەکە، دەچیتەوە ماڵەوە و دەزانیت دەنکەهەنار نەبووە. من فێڵت لێ ناکەم. بەڵام درۆکردن دەیەوێت باوەڕ بە پێچەوانەی ڕاستی بهێنیت.

ئاژەڵان ڕاستی دەڵێن. سەگێک کە دەوەڕێت، دەیەوێت بڵێت کەسێک لە دەرەوەیە. من هەرگیز سەگێکم نەبینیوە بوەڕێت بۆ ئەوەی وا نیشان بدات کەسێک لە دەرەوەیە، لە کاتێکدا کەس نییە. تاقیکردنەوەی زمان ئەمەیە: ئایا دەکرێت ئەم ڕەفتارە بۆ درۆکردن بە کار بهێنرێت؟ ئەگەر وایە، کەواتە زمانە.

پاوڵ: پرۆتۆکۆلەکانی پیرانی زایۆن، هەرچەندە لە ساڵی ١٩٢١ لە لەندەن ئاشکرا کرا کە ساختەیە، بەڵام هەرگیز لەناو ناچێت.

ئێکو: نەخێر، زیاتر و زیاتر باوەڕی پێ کرا. زۆر قورس نییە. چیرۆکی نێستا وێبستەری ژنە ئینگلیزی دژەجوو هەمیشە دەگێڕمەوە. لە ساڵی ١٩٢٤ کتێبێکی نووسی، کەواتە دەیزانی پرۆتۆکۆلەکان ساختەن. لە کۆتاییدا دەڵێت: “باشە، باش، ساختە بوو. بەڵام چونکە دەقاودەق ئەوە دەڵێت کە جووەکان بیری لێ دەکەنەوە، کەواتە ڕاستە.”

هەندێک دەق خزمەتی دروستکردنی پێشداوەری ناکەن، بەڵکو خزمەتی پتەوکردنی دەکەن. پرۆتۆکۆلەکان وەک قسەی فرۆشیارێکی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو وایە. پێت دەڵێت: “ئەمە ئۆتۆمبێلێکی نایابە چونکە ٢٠٠ میل لە سەعاتێکدا دەبڕێت، پڵنگە!” تۆیش دەڵێیت: “من منداڵم هەیە.” دەڵێت: “ئارامترین و خێزانیترین ئۆتۆمبێلە.” هەردوو بەڵگەکە بە کار دەهێنێت، تۆش تەنیا ئەوە هەڵدەبژێریت کە پێشداوەرییەکەت پتەو دەکات، چونکە ئەگەر تۆ لەوێ بیت، هەر لە بنەڕەتدا ئەو ئۆتۆمبێلەت ویستووە و تەنیا دەتەوێت قایل بکرێیت.

پاوڵ: بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە، لە ڕۆمانەکەتدا، سیمۆنینی لە ساتێکدا دەست دەکات بە باوەڕکردن بەو درۆیانەی خۆی هەڵیبەستوون.

ئێکو: ئەمە بیرخەرەوەی قسەیەکی بێنجامین کۆنستانە: “ئێمە مرۆڤی هێندە سەیر و سەمەرەین، ئەو هەستانەی خۆمان وا نیشان دەدەین کە هەمانە، لە کۆتاییدا بە ڕاستی هەستیان پێ دەکەین.” بەڵێ، سیمۆنینی لە خاڵێکدا وازی لێ دێت و ناتوانێت تێ بگات بۆچی خەڵک باوەڕ بەوە ناکەن کە خۆی دروستی کردووە. بەڵام خەڵکی وا هەن کە چێژی ڕاستەقینە لەوە دەبینن کە تەواوی ژیانیان وەک درۆیەک بەسەر بەرن. لیۆ تاکسیل. زۆر خوێنەر پێیان وایە من بلیمەتم کە لیۆ تاکسیلم داهێناوە. نەخێر! لیۆ تاکسیل بە ڕاستی هەبووە و زۆر زیاتری لەوە کردووە کە من لەو چەند لاپەڕەیەدا توانیومە بیگێڕمەوە. ژیانی بە درۆوە بەسەر برد، تەنانەت ئەگەر بە زیانی خۆشی بشکایەتەوە، تەنیا لەبەر چێژی درۆکردنەکە.

پاوڵ: پەیوەندیی نێوان ساختەکاری و داهێنانی خەیاڵ چییە؟

ئێکۆ: جیاوازییەکە لە نیازی قسەکەرەکەدایە، نەک لە خودی بابەتەکەدا. وا دابنێ من چیرۆکی پینۆکیۆت بۆ دەگێڕمەوە و پێت دەڵێم ئەمە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە و تۆیش باوەڕ دەکەیت. دەقەکە هەر هەمان دەقە، بەڵام نیازی منە کە خەیاڵی کردووەتە ساختەکاری.

پاوڵ: بۆچی پرۆتۆکۆلەکان کە لە ڕووی هونەرییەوە لاوازن، ئەوەندە باوەڕیان پێ کراوە؟

ئێکۆ: چونکە کتێب هەیە نەک لەبەر ئەوەی هونەرێکی یەکگرتوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەروقنیان تێک چووە و لێک ترازاون. نموونەی گەورە فیلمی کازابلانکایە. تەنانەت پاڵەوانەکەیشی بە هەڵە هەڵبژێردرا. یەکەم کەس ڕۆناڵد ڕیگن بوو! بە ڕۆناڵد ڕیگنەوە، کازابلانکا شکستێکی گەورەی دەهێنا. جوانیی کازابلانکا لەوەدایە کە دوو هەزار کڵێشەیان تێدا کۆ کردووەتەوە بێ ئەوەی بزانن چۆن تێکەڵیان بکەن. پرۆتۆکۆلەکانیش هەر وان. دەتوانیت کڵێشەی لاپەڕە ١٠ بە کار بهێنیت، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بیت کە لە لاپەڕە ٢٥دا پێچەوانەکەی هەیە.

پاوڵ: لە کەسانی وەک تاکسیل و سیمۆنینیدا ئەوەی مرۆڤ تووشی تاسان دەکات، ئەوەیە کە چەندە بێشەرم و چاوقایمن.

ئێکۆ: بەڵێ، خراپەکاریی ڕاستەقینە نەبوونی شەرمە. شەرم یەکێکە لە ئامڕازەکانی ئەخلاق. تۆ کارێکی خراپ ناکەیت، چونکە شەرم داتدەگرێت. ئەو خەڵکە داماوەی لە دەوروبەرمانن، هەیانە بە بێشەرمانە کاری وا دەکەن باوەڕ ناکرێت.

پاوڵ: تۆ باسی دوو جۆر ژیان دەکەیت، ژیانی کەڵەکەبوو و ژیانی پیشۆکی.

ئێکۆ: بەڵێ، کەسانێک هەن وەک من، کە ڕابردوویان لەسەر یەک کەڵەکە دەکەن. من هەمیشە هەوڵ دەدەم هاوڕێکانی قوتابخانەی سەرەتاییم ببینمەوە. بەڵام کەسانی تر هەن کە ژیانی خۆیان وەک توێکڵی پیشۆک دادەماڵن؛ قۆناغ بە قۆناغ، تەنیا دەیانەوێت ڕابردووە نزیکەکەیان لە بیر بێت. ئەوان نکووڵی لە ڕابردووی خۆیان دەکەن کە جۆرێکە لە درۆکردن لەگەڵ خود.

پاوڵ: با بگەڕێینەوە سەر پێکهاتەی کتێبەکە. سێ دەنگ هەیە.

ئێکۆ: بەڵێ، سێ دەنگ هەیە: یاداشتی سیمۆنینی، یاداشتی ئابێ دێلا پیکۆلا و، گێڕەرەوە. خوێنەر هەرگیز دڵنیا نییە ئایا ئەوانە یەک کەسن یان دوو کەس. پێکهاتەیەکی ئاڵۆز بوو و تەنانەت بۆ خۆیشم ماندووکەر بوو. جارێکیان زۆر لەوە نزیک بووم هەڵەیەکی گەورە بکەم. لە بەشێکدا سیمۆنینی سێ لاشە لە ژێرزەمینێکدا دەدۆزێتەوە، کەچی دووانیان هێشتا نەکوژرابوون! لەبەر ئاڵۆزییەکە فەرامۆشم کردبوو.

پاوڵ: تۆ کێشە بۆ خۆت و بۆ خوێنەر دروست دەکەیت.

ئێکۆ: بەڵێ، ئاسانترین ڕۆمانم، “بڵێسە نامۆکەی شاژن لۆوانا”، کەمترینی فرۆشرا. کەواتە وا دیارە من بۆ کۆمەڵێک مازۆخی دەنووسم.

پاوڵ: بۆچی وێنەکانت لە کتێبەکەدا بە کار هێناوە؟

ئێکۆ: چەند کارێکی هەیە. یەکەم، ڕۆمانە میللییەکانی سەدەی نۆزدەیەم هەموویان وێنەدار بوون. دووەم، وێنەکان وا لە خوێنەر دەکەن هەست بکات چیرۆکێکی خەیاڵی دەخوێنێتەوە، بەڵام لە ناکاو چاوی بە بەڵگەنامەیەکی ڕاستەقینە دەکەوێت و سەری لێ دەشێوێت. نازانێت چەند باوەڕ بکات.

پاوڵ: سێ ساڵ لەمەوبەر، لەگەڵ پییەر بایار گفتوگۆیەکمان هەبوو لە بارەی ئەو پەرتووکەی کە باسی ئەوە دەکات چۆن بە لێهاتووییەوە باسی ئەو پەرتووکانە دەکەین کە نایانخوێنینەوە. من گوتم “ئومبێرتۆ ئێکو، کە کتێبخانەیەکی ٣٠ هەزار پەرتووکیی هەیە…” و تۆ یەکسەر ڕاستت کردمەوە: “نەخێر، ٥٠ هەزار.” ئەم دیاردەیەی بانگهێشتی پەرتووکەکان، کاتێک بەناو کتێبخانەکەتدا پیاسە دەکەیت، چ هەستێکت لا دروست دەکات؟

ئێکۆ: هەستێکی دڵنیایی و بەردەوامیت پێ دەبەخشێت، نەک تەنیا لەگەڵ ڕابردووی خۆت، بەڵکوو لەگەڵ ڕابردووی گەردووندا. هەست دەکەیت هەموو ئەو داناییەی پێویستتە، لەوێیە. ناتوانیت هەمان هەستت هەبێت ئەگەر سندوقێکت پڕ بێت لە USB.

زۆر جوانە بەناو ڕاڕەوەکانی کتێبخانەکەتدا پیاسە بکەیت، بەڵام زۆرینەی کتێبەکانت نەخوێندووەتەوە. کتێبخانە شوێنێکە بۆ ئەوەی ئەو کتێبەی پێویستتە، تێیدا بیدۆزیتەوە. هەندێک کتێب هەن ساڵانێک بە جۆرێک لە سەرزەنشتەوە سەیریت دەکەن و تۆش شەرم داتدەگرێت. لە کۆتاییدا دوای سی ساڵ، کتێبەکە هەڵدەگریت، دەیکەیتەوە و، بۆت دەردەکەوێت کە بە تەواوی دەزانیت باسی چی دەکات. سێ هۆکار هەیە: یەکەم، لەوانەیە شتێک لە کتێبەکەوە بەناو پەنجەکانتدا چووبێتە مێشکتەوە. دووەم، لەو سی ساڵەدا چەندین جار کتێبەکەت هەڵگرتووە و بێ ئەوەی هەست بکەیت چەند دێڕێکت لێ خوێندووەتەوە. سێیەم، کە زانستیترینیانە، لەو سی ساڵەدا چەندین کتێبی ترت خوێندووەتەوە کە باسی ئەو کتێبەیان کردووە. لە کۆتاییدا، وا هەست دەکەیت هەموو کتێبەکانت خوێندووەتەوە، کە درۆیە، بەڵام دڵدانەوەیەکی خۆشە.

پاوڵ: زۆر سوپاس.

Share this article