دەربارەى كتێبى “گۆڕینى جیهان بە بێ گرتنەدەستى دەسەڵات”* |
جۆن هالۆوەى[1] |
هاوار محەمەد كردوویە بە كوردى |
وتەى وەرگێڕ:
ئەو وتارەى لێرەدا دەخوێنرێتەوە، وەڵامى هالۆوەیە لە كۆتایى كۆنفرانسێكدا كە تەرخانكراوە بۆ هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لە كتێبە بەناوبانگەكەیی “گۆڕینى جیهان بەبێ گرتنەدەستى دەسەڵات” Change The World Without Taking Powe (2002) بە ئامادەبوونى هالۆوەى خۆى. لە ناوە دیارەكانى دیكەى بەشدارانى نێو كۆنفرانسەكە، دانیال بنسەعید و ئەلێكس كالینیكۆس.
هالۆوەی بۆ ئەوەى دەرەتانێك بۆ تیۆرى شۆڕشگێڕى بكاتەوە و لە هەژموونى شرۆڤەى ئابووریگەرایى ڕزگارى بكات، هەوڵى شێلیگرانەى خۆى دەدات و پرۆژەكەیشى وەك بەشێك لە “ماركسیزمى كراوە” Open Marxism لە قەڵەم دەدات. هالۆوەى و دەستەیەك لە بیرمەندانى هاوڕێی، وەكو ڤێرنەر بۆنفیڵد، ڕیچارد گەن، سۆل پیچیۆتۆ و ئەوانیتر، كە لە بنەڕەتدا زاراوەى “ماركسیزمى كراوە” هی ئەوانە، بە هەمان ناونیشان كتێبێكى قەبارە گەورەى چەند بەرگى چاپ دەكەن و بابەتە بنەڕەتییەكانى ناو فیكرى ماركسیزم دەخەنەوە نێو مشتومڕى نوێ. گەشەى ئەم پرۆژەیە لە كتێبە گرنگەكەى هالۆوەیدا “گۆڕینى جیهان بەبێ گرتنەدەستى دەسەڵات” گەیشتە ترۆپك كە مشتومڕێكى زۆرى لێ كەوتەوە. لە ساڵى چاپبوونى ئەم بەرهەمەوە تاوەكو ئێستا، هالۆوەى هەر خەریكى شرۆڤەكردن و بەهێزكردن و دەوڵەمەندكردنى تێزە سەرەكییەكانى ناو كتێبەكەیەتى، وەك خۆى لە كۆتایى كتێبەكەیدا دەڵێت: بەرهەمێك بەبێ كۆتایى. تەنانەت ئەو كتێبى “Crack Capitalism”ـیش بە بەشى دووەمى ئەم بەرهەمە دادەنێت. (لە “كرەك كاپتالیزم”ـدا هالۆوەى میتافۆڕى “دایك و كچ”ـیان بۆ بەكار دەهێنێت).
’’عەرەبانەكەت و گاسنەكەت بەسەر ئێسك و پروسكى مردوواندا ڕاكێشە‘‘[1].
ئەمە وەڵامى منە بۆ ئەوانەى[2] كە ڕەخنەى ئەوەیان لە كتێبەكەم گرت[3]كە دژە مێژووییە. ئەم وتارە بەرگری نییە لە كتێبەكە: ناتوانم بیر لە شتێكى لەمە وەڕزكەرتر بكەمەوە. ئێمە پێویستمان بەوەیە ئەرگومێنتەكە (زیاتر) بەرەو پێشەوە ببەین، نەك بگەڕێینەوە بۆ دواوە. كتێبەكان، هەر وەك شۆڕشەكان، ناشێت بەرگرییان لێ بكرێت: یان بەرەو پێشەوە دەچن، یان دەمرن.
-
عەرەبانەكەت لێبخوڕە:
تف لە مێژوو بكەن. مێژوو مێژووى چەوسانەوەیەكە كە لەلایەن چەوسێنەرەوە دەگێڕدرێتەوە. مێژوویەك كە لەوێوە چەوسانەوە بە شێوەیەكى گونجاو دیار نەماوە؛ [و بووە بە] مێژووى پاڵەوانان و گەورەپیاوان.
تف لە مێژوو بكەن. مێژوو، تەنانەت مێژووى ئێمە، مێژوویەكە كە تێیدا خەبات دژ بە چەوسانەوە لە لایەن كاتیگۆریى چەوسێنەرەوە داگیر كراوە، لەبەر ئەمە ئەویش بووە بە مێژووى پاڵەوانان، گەورەپیاوان، مێژووى ماركس، ئەنگڵز، لینین، ترۆتسكى، ستالین و ماو.
تف لە مێژوو بكەن، چونكە ئەوە پاساوى گەورەى چەپە، بیانووى گەورەى بیرنەكردنەوە. هەر ئەرگومێنتێكى تیۆرى یان سیاسى دەربارەى شۆڕش بخەیتە ڕوو، وەڵامدانەوەى چەپى شۆڕشگێڕ ئەوەیە بتگەڕێنێتەوە بۆ 1902، بۆ 1905، بۆ 1917، بۆ 1921. مێژوو بووە بە گێژاوێك، هەڵتدەمژێتە نێو هەندێ وردەكارییەوە كە زۆر دەمێكە مردوون. جیاوازییە سیاسییە هەنوكەییەكان وەرگێڕدراون بۆ ناكۆكییەكان دەربارەى وردەكارییەكانى ئەوەى بەر لە سەد ساڵ چى لە كرۆنشتات ڕوویدا. هەر شتێك كە بیركردنەوە لە كاتى ئێستامان لابدات، هەر شتێك كە پێویست بێت گریمانەى بەرپرسیارێتییەكى سامناك وەلا نێت، بەرپرسیارێتیى ئەوەى كە داهاتووى جیهان بەندە بە ئێمەوە نەك بە لینین و ترۆتسكییەوە.
تف لە مێژوو بكەن، تف لە ستالین بكەن (كە ئەمە ئاسانە)، بەڵام هەروەها تف لە چەمكى ستالینیزمیش بكەن. ستالینیزم بۆ بەشێكى گرنگى چەپى شۆڕشگێڕ، گەورەترین پاساوە، گەورەترین بیانووە بۆ بیرنەكردنەوە.’’بڕوانە چیى لە یەكێتیى سۆڤییەت ڕوویدا، چۆن شۆڕشى مەزنى بەلشەڤى بەرەو ستەمكارى و چارەڕەشى ملى نا‘‘. ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ’’بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ستالینیزم بوو‘‘. مێژوو بووەتە جێگیرەوەى بیركردنەوەى ڕەخنەیى و خۆ-ڕەخنەیى. لەنێوان شۆڕشى بەلشەڤى و ستەمكاریى سۆڤییەتیدا فیگورێك بەرهەم هێنراوە تاوەكو بارى سەرشانى ئێمەى شۆڕشگێڕ لە بەرپرسیارێتى، سووك بكات. ئەگەر ئێمە ستالینمان هەبێ لۆمەى بكەین، ئیتر پێویستمان بەوە نابێ لۆمەى خۆمان بكەین، پێویستمان بەوە نییە ڕەخنەگر یان خۆ-ڕەخنەگر بین، پێویستمان بەوە نییە بیربكەینەوە. پێش هەموو شتێك، پێویستمان بەوە نییە بیر لەوە بكەینەوە كە ڕەنگە هەندێ شتى هەڵە لە پرۆژەكەى لینیندا بۆ دەست بەسەرداگرتنى دەسەڵات هەبووبێت. ستالین دەبێتە گەڵاى هەنجیر، كە بێگوناهیمان دەپارێزێت و ڕووتیمان دادەپۆشێت.
كەواتە تف لە ستالینیزم بكەن. كاتێك خەڵكانێك ڕەخنەى ئەوەیان لە كتێبەكەم گرت كە دژە مێژووییە، ئەوەى زۆربەیان (نەك هەموویان) مەبەستیان بوو ئەوە بوو كە، بە ئاماژەنەدان بە ستالین، كتێبەكە ئەم گەڵا هەنجیرە لا دەبات و تێوەگلانمان ئاشکرا دەكات. ’’ئەو شۆڕشانەى سەرنجیان لەسەر گرتنەدەستى دەسەڵات بووە، بەرەو كارەسات چوون، لەبەر ئەوە پێویستە دووبارە بیر لە ماناى شۆڕش بكەینەوە‘‘. ئەمە ئەو شتەبوو كە من ئەرگومێنتم بۆ هێنایەوە. ئەوان وەڵام دەدەنەوە: ’’نەخێر؛ ئەوە ڕاستە ئەو شۆڕشانە گەیشتن بە كارەسات، بەڵام ئەوە بەهۆى مێژووەوە بوو، بەهۆى ستالینیزمەوە بوو؛ ئێمە پێویستمان بەوە نییە دیسان بیر لە هیچ شتێك بكەینەوە‘‘. بێگومان ئەم مێژووە مێژوویەكى نامۆیە: لە دەرەوەى وێنەكە نیگارى ئەوانە دەكێشێت كە هەر لە سەرەتایەكى زووەوە وتوویانە كە چەمكى بەسەنتەركراوى دەوڵەت بۆ شۆڕش كورت دەهێنێت: هیچ یەكێك لە ڕەخنەكان ئاماژەیان بە ناوى “پانیكۆك”[4] Pannekoek نەداوە.
تف لە مێژوو بكەن، لەبەر ئەوەى هیچ شتێك لە ڕابردووپەرستى پەرچەكردارانەتر نییە[5]. ماركس دەڵێت: ’’نەریتى هەموو نەوە مردووەكان، قورسى و بارگرانییە، دێوەزمەیەكە بەسەر مێشكى زیندووانەوە‘‘. بیركردنەوەى شۆڕشگێڕیى واتە هەژاندنى ئەم دێوەزمەیە، بە ئاگاهاتنەوە و هەڵسانمان بۆ بەرپرسیارێتییەكانمان. خۆ-دیاریكردن self-determination [دیاریكردنى چارەنووس]-بە دەربڕینێكى تر، كۆمۆنیزم هەم وەك بزووتنەوە و هەم وەك ئامانج- ڕزگاربوونە لە مۆتەكەى نەریت.
تف لە مێژوو بكەن، چونكە ’’ئایدیۆلۆژیایەكى مێژوو تەنیا یەك مەبەست و مەرامى هەیە: نەهێڵێت خەڵك مێژووى خۆیان دروست بكەن‘‘[6].
-
دژ بە زەمەن:
شۆڕش ڕەمیكردنى كاتژمێرەكانە، پچڕاندنى كاتە[7].
باڵادەستیى بەها، باڵادەستیى مەوداى كاتە. پچڕانى كات تەوەرى بیركردنەوە و كردارى شۆڕشگێڕانەیە.
لە سەرمایەداریدا ئەو شتەى ئێمە دروستى دەكەین، دژ بە خۆمان دەوەستێتەوە. وەك مەخلوقەكەى فرانكشتاین، لە دەرەوەى ئێمە دەوەستێت و نكوڵى لەو كردنە داهێنەرە دەكات كە بوونى پێ بەخشیووە. وەك ماركس لە سەرەتاى سەرمایەدا دەڵێت: ’’كاڵا پێش هەموو شتێك ئۆبێكتێكە لە دەرەوەى ئێمە‘‘[8]. وەك ئۆبێكتێك لە دەرەوەى ئێمە، كاڵا دژ بە ئێمە دەوەستێتەوە، خۆى وەها دەردەخات كە لە خۆیدا بوونى هەیە، مەودایەك كە پشتى بە كردنdoingى ئێمە بەستووە. سەرمایەدارى بریتییە لە فەرمانڕەوایى ئەو شتانەى ئێمە دروستى دەكەین، ئەو شتانەى كە نكوڵى لە ئەسڵى خۆیان دەكەن كەچى بەردەوامیش پشت بە كردنى ئێمە دەبەستن.
ئێمە لە جیهانى وەحشە دروستكراوەكانى خۆماندا دەژین، كە دژ بە خۆمان بایانداوەتەوە. ئەوان لەوێدا هەن، وا دەردەكەوێت لە ئێمە سەربەخۆن و سەركوتمان دەكەن: كاڵا، پارە، سەرمایە، دەوڵەت و هی تر. ئەوان دوێنێ لەوێدا بوون، سەد ساڵ و دوو سەد ساڵە هەر لەوێدان. وەهایش دەردەكەون كە بە دڵنیاییەوە سبەینێش هەر لەوێ دەبن. ئەوان ئێمە سەركوت دەكەن، لە مرۆڤایەتیمان دەخەن، دەمانكوژن. چۆن دەتوانین خۆمان ڕزگار بكەین، چۆن دەتوانین لێیان دەرباز ببین؟ ئەوان زۆر دەمێكە لەوێدا هەن، بوونەكەیان هەمیشەیى دەردەكەوێت. چۆن دەشێت بتوانین لێیان هەڵبێین؟
’’هەستە لە خەو’’ بابە ماركس وا دەڵێت، ’’ئەوە تەنیا دێوەزمەیەكە. ئەم وەحشانە تەنیا وەهمن‘‘. ئێمە هەڵدەستین و وەحشەكان نەماون. دەبینین ئەوان هەمیشەیى نەبوون، مەوداكەیان هەڵوەشاوەتەوە.
بەڵام نەخێر. ئەوە هێندەیش سادە نییە. ڕەنگە هەستكردنمان بەوەى ماركسمان بینیوە خۆى تەنیا خەونێك بووبێت، چونكە كاتێك چاومان دەكەینەوە، وەحشەكان هێشتایش هەر لێرەن و لە هەموو كاتێكیش دڕندەترن، هێرش دەبەنە سەر عێراق، كارخانەكان دادەخەن، لەسەر وێنەى خۆیان چاكسازى لە زانكۆكاندا دەكەن، هەموو لایەنەكانى ژیانمان دەخەنە ژێر ڕكێفى هەژموونى خۆیانەوە، ڕوومان بەرەو وەحشە بچووكەكانى خۆمان دەسووڕێنن، بەم جۆرە ئێمە بەدواى پەرستنى كاڵا، پارە، سەرمایە و دەوڵەتدا غار دەدەین.
دێوەزمەكە هەر بەردەوامە. ماركس تا ئەو شوێنە ڕاستە كە ئەوە تەنیا دێوەزمەیەكە و وەحشەكان وەهمن. بەڵام ئەوان چی تر وەهم نین، ئەوان وەهمگەلى واقیعین. ئەمە ئەو شتەیە كە ماركس پێیدەڵێت “فیتشەكان”. بەڵام ئەى وەهمى واقیعى چییە؟ ماناى شۆڕش بەمەوە پەیوەستە.
وەحشەكان هەمیشەیى دەردەكەون. چۆن لە بەردەوامێتییان بپچڕێین؟
ئەگەر ئێمە وەحشەكان وەها وەربگرین وەك مەخلوقگەلێك دەردەكەون كە بەندن بە ئێمەوە و پشتیان بە ئێمە بەستووە، ئەوا تاكە ئیمكانى بەزاندنیان ئەوەیە كە هێز و تواناى خۆمان، دەسەڵاتى خۆمان، دژ بەوان بخەینە گەڕ.
ئەمە مامەڵەى ماركس نییە. ماركس دەڵێت ’’وەحشەكان ئەوە نین كە وەها خۆیان دەردەخەن. پێویستە ڕەخنەیان بكەین. وەحشەكان هەن چونكە ئێمە دروستمان كردوون‘‘. ئێمە دەڵێین: ’’ببەخشە، تكایە دەتوانیت جارێكى تر بیڵێیتەوە؟‘‘ ماركسیش وەڵام دەداتەوە: ’’وەحشەكان وەها نین كە خۆیان دەردەخەن. پێویستە ڕەخنەیان بكەین. وەحشەكان هەن چونكە ئێمە دروستیان دەكەین‘‘. ئێمە دەڵێین: ’’بەڵام ئەمە ئەوە نەبوو كە تۆ یەكەمجار وتت. ئەوەڵجار تۆ وتت “دروستمان كردوون”، دووەمجار وتت “دروستیان دەكەین”. مەبەستت چییە؟‘‘. ماركس وەڵام ناداتەوە -ئەو سەد ساڵ پێشتر مردووە. ئێمە جێهێڵراوین تاوەكو بەرپرسیارێتیى خۆمان بخەمڵێنین و ڕەچاوى بكەین.
كاڵا، پارە، سەرمایە و دەوڵەت: هەموویان دروستكراوى ئێمەن. ئەمە كرۆكى میتۆدى ماركسە، دڵى ئەرگومێنتەكەیەتى لە سەرمایەدا[9]. ئێمە ئەو وەحشانە دروست دەكەین كە دەمانچەوسێننەوە. بەڵام، ئەگەر ئەمە وەك خاڵى دەستپێكیش وەربگرین، ئەوا هێشتا پرسیارێكى گەورە دەمێنێتەوە. كاتێك ئێمە ئەم بتانە (پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كە وەك شتەكان هەن) دروست دەكەین، ئاخۆ وەك دكتۆر فرانكشتاین وەحشێكمان دروست كردووە كە بوونێكى سەربەخۆ لە ئێمە بەدەست بهێنێت؟ یان ئێمە ئەو بتانەمان دروست كردووە كە تەنیا وەها دەردەكەون بوونێكى سەربەخۆ بەدەست دەهێننن، بەڵام لە بوونیاندا پشت بە خوڵقاندنەوەى بەردەوامى ئێمە دەبەستن؟ ئایا سەرمایە بۆیە هەیە چونكە ئێمە دروستمان كردووە، یان لەبەر ئەوە هەیە كە ئێمە بە بەردەوامى دروستى دەكەینەوە؟[10] لە دۆزى یەكەمیاندا، شۆڕش واتە تێكشكاندنى ئەو وەحشەیە كە دروستمان كردووە. لە دۆزى دووەمیاندا، شۆڕش واتە وەستان و دەستهەڵگرتن لە دروستكردنەوەى وەحشەكە. ئاكامەكانى ئەم جیاكارییە دەربارەى چۆنییەتى بیركردنەوەى ئێمە لە شۆڕش و ڕێكخستنى شۆڕشگێڕى ڕەنگە زۆر گەورە بێت.
سەرمایە بۆیە هەیە چونكە ئێمە دروست دەكەین. ئێمە دوێنێ دروستمان كرد (ماوەى دوو سەد ساڵ و زیاتریشە هەموو ڕۆژێك دروستى دەكەین). ئەگەر ئێمە سبەى دروستى نەكەین، چیتر بوونى نامێنێت. بوونەكەى بەندە بە دووبارەبوونەوەى بەردەوامى پرۆسەى چەوساندنەوەوە (و بە هەموو ئەو پرۆسێسە كۆمەڵایەتییەوە كە چەوساندنەوە مومكین دەكات). سەرمایە وەك بوونەوەرەکەی فرانكشتاین نییە. بوونێكى سەربەخۆى لە كردنى ئێمە نییە. هیچ بەردەوامێتییەكى نییە، واتە بوونێكى سەربەخۆى قابیلى بەردەوامبوونى نییە. تەنیا وا دەردەخات بەردەوامێتیى هەیە. هەمان شت بۆ هەموو فۆڕمە داتاشراوەكانى سەرمایە (دەوڵەت، پارە و هی تر)ـیش ڕاستە. بەردەوامێتیى ئەم وەحشانە (ئەم فۆڕمانەى پەیوەندیى كۆمەڵایەتى) شتانێك نین كە سەربەخۆ لە ئێمە هەبن: بەرەوامێتییەكەیان ئەو بەردەوامێتییەیە كە بە بەردەوامى و بێ وچان بە كردنى ئێمە بەرهەم دێت و بەرهەم دێتەوە. ئەو ڕاستییەى كە ئێمە هۆكارمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانى سەرمایە جێگرەوەى ئەو ڕاستییە نییە كە سەرمایە لە بوونەكەیدا، لە ڕۆژێكەوە بۆ ڕۆژى دواتر، لە ساتێكەوە بۆ ساتى دواتر، پشت بە كردەى خەللاقانەى ئێمە دەبەستێت. سەرمایە پشت بە ئێمە دەبەستێت: ئەمە تیشكى هیوایە لە جیهانێكدا كە تەواو تاریك دێتە بەرچاو.
لەگەڵ ئەم وەستانەدا كاتژمێرەكە دەتەقێتەوە. ئەگەر بوونى سەرمایە پشت بەوە ببەستێت كە ئێمە دروستى دەكەین، ئەوا ڕوونە كە شۆڕش وەستاندنى ئەو دووبارە دروستكردنەوەیە. شۆڕش وەستاندنى بەردەوامێتییە، كەرتبوونى مەوداى زەمەنە، وەرچەرخانى كاتە. كاتژمێرەكە ماوەى دوو سەد ساڵە چرك چرك دەژمێرێت، ئەو درۆیانە بە وەحشەكان دەڵێت كە كاپیتالیزم لەسەریان وەستاوە، ئەو درۆیەى كە دەڵێت هەر ساتێك ڕێك وەك ساتى دواترە: كاتژمێرەكە دەبێت زیاتر نەچركێنێت. سەرمایەداری جێگیركردنى بەردەوامێتى و مەوداى زەمەنى، نەریتە، سەرهاویشتنى ساتى ئێستایە بۆ ساتى دواتر، دواتر بۆ دواتر و ئیدى بەم جۆرە. شۆڕش بەرەوپێشچوون، یان پلاندانان، كامڵكردنى نەریت یان ترۆپكى مێژوو نییە: بگرە لێكدژى هەموو ئەمانەیە. شۆڕش وەستانى نەریتە، مایەپووچكردنى مێژووە (دوورخستنەوەكەى بۆ پانتایى پێش-مێژوو)، شكاندنى كاتژمێر و گوشینى كاتە لە ساتێكى چڕبوونەوەى بەرگەنەگیراودا. كۆمۆنیزم پلانى پێنج ساڵی نییە، بەڵكو خۆ-دیاریكردنە، خۆ-دیاریكردن حزورێكى هەنووكەیى ڕەهایە كە تێیدا نە دێوەزمەى نەریت قورسیى خۆى دەخاتە سەرمان، نە وەحشەكانیش بوونیان هەیە. لەبەر ئەمەیە كە واڵتەر بنیامین پێ دادەگرێت لەسەر Jetztzeit (كاتى ئێستا) وەك كلیلى شۆڕش[11]، لەبەر ئەمەیە ئێرنست بلوخ كۆمۆنیزم وەك تێكۆشان بۆ Nunc Stans، چركەساتى چڕبوونەوەى پێرفێكت دەیبینێت[12]، لەبەر ئەمەیە ڤانیجیم دەڵێت كە ئەركەكە بریتییە لە گۆڕینى مێژوو بە دروشمى: ’’وەها كردار بنوێنە كە سبەینێ بوونى نییە‘‘[13].
ڕەنگە بەردەوامێتی لە ڕابردوودا هەبێت: هەر كە دەیهاوێژینە سەر داهاتوو، ئەوا لە ڕووى چەمكییەوە شۆڕش دەكەین بە مەحاڵ، ئێمە شكست بە خۆمان دەهێنین. بە مەوداكردنى ئێستا هەمیشە پەرچەكردارە، جا چ بە تێرمەكانى شەپۆلێكى درێژ، یان مۆدێكى ڕێسابەندى، یان بە پارادایمێك ئێستا كاتیگیۆریزە بكەین. شۆڕش بەندە بە كرانەوەیى هەر چركەساتێكەوە، بەم جۆرەیە كە بەرهەمهێنانى بەردەوامبووى سەركوتكردنى خۆمان (ئەگەر ئەمە ڕووبدات) بابەتێكە بۆ سەرسوڕمانمان، كە هەرگیزاوهەرگیز ناشێت وەك شتێكى بێ چەند و چوون وەربگیرێت.
تێگەیشتن لەوەى بوونى سەرمایەدارى لە هەموو ساتێكدا پشت بە بوونى ئێمە دەبەستێت، ئێمە دەبات بەرەو دنیایەكى تەواو نوێى پێشبینیكردن، بەرەو گرامەرێكى تەواو نوێ، ڕیتمێكى تەواو نوێ[14]. وا دەردەكەوێت ئێمە شێتین كە دەچینە نێو جیهانێكى سەرنجڕاكێش، لادراو، هەڵگەڕاوەوە. بەڵام بە دڵنیاییەوە وەها نییە: ئەو جیهانەى كە ئێمە ڕەخنەى لێ دەگرین، جیهانى سەرمایە، جیهانى مەوداى زەمەنى، جیهانى شوناس ’’جیهانێكى سەرنجڕاكێش، لادراو، هەڵگەڕاوەیە‘‘ (ماركس 1972، 830). بەم جۆرە ئێمە لەگەڵ ئەم جیهانە لادراوەدا هێندە ڕاهاتووین كە هەوڵدان بۆ بیركردنەوە لە جیهان لە ڕوانگەى كردنى خۆمانەوە شێتانە دێتە پێش چاو. بەڵام پێویستە لەنێو ئەم شێتییەدا ڕۆبچین تاوەكو كردنى خۆمان وەك خۆرێكى ڕاستەقینە لە شوێنە تایبەتییەكەى خۆیدا دابنێین[15]: ئەمە خەباتى ئێمەیە.
كاتێك من دەڵێم سەرمایە بۆ بوونەكەى سات بە سات پشت بە خەللاقییەتى ئێمە دەبەستێت، مەبەستم ئەوەیە نییە كە سەرفرازبوون لە سەرمایەداری ئەكتێكى سادەیە بە گوێرەى خواستى ئێمە یان هەڵبژاردنى ئێمە. سەرمایە وەهمێكى واقیعییە، نەك وەهمێكى ڕووت: پشتبەستنەكەى بە ئێمە وەهمێكە، بەڵام ئەوە وەهمێكە كە بە واقیعى بەهۆى كارى نامۆكراوى ئێمەوە، بەهۆى شكانى كردنە كۆمەڵایەتییەكەمانەوە، گشتێنراوە، تێگەیشتن لەوەى كە سەرمایە لە لایەن ئێمەوە بەرهەم دەهێنرێت و بۆ بوونەكەى، لە ڕۆژێكەوە بۆ ڕۆژى دواتر، پشت بە بەرهەمهێنانى ئێمە دەبەستێت، ماناى ئەوە نییە كە ئێمە (بە ئاسانى) واز لە بەرهەمهێنانى دێنین. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوە وامان لێ دەكات پرسیارى شۆڕش دابڕێژینەوە، تاوەكو بپرسین كە چۆن دەتوانین لە بەرهەمهێنانى ئەو باڵادەستییە بوەستین كە ئێمەى تێكشكاندووە. چۆن دەتوانین بەردەوامێتیی، نەك تەنیا هی بەردەوامێتیى باڵادەستییەكەى، بەڵكو بەردەوامێتیى بەرهەمهێنانەوەى باڵادەستییەكەى لە لایەن ئێمەوە، بپچڕێنین؟ چۆن دەتوانین، نەك تەنیا نەریتەكەى ئەو، بەڵكو نەریتى خۆیشمان بشكێنین؟
مێژوو ڕابگرن. Du passé faisons table rase.[16]
-
گاسنەكەت ڕاكێشە:
عەرەبانەكەت و گاسنەكەت بەسەر ئێسكوپروسكى مردوواندا ڕاكێشە. بەڵێ، یەكەمجار عەرەبانەكەت: بێ ڕێزى خۆت پیشانى مردووان بدە، لەبەر ئەوەى جیهانێكیان بۆ بەجێهێشتووین كە شایەن بە مرۆڤایەتى نییە؛ جیهانێك بۆ چەوساندنەوە و گەلەمرۆكوژ بە ناوى دیموكراسییەوە.
ئینجا گاسنەكەت: لە چاندنى شۆڕش و ڕاپەڕیندا ئێسكوپروسكى مردووان بكێڵە. میراتى خەباتەكەیان لە ڕەگوڕیشەوە بكێڵە تاوەكو پیت و بەرەكەتى تێكەوێت. بە وەفابە بۆ مردووان لە ڕێگەى پیشاندانى بێ رێزى خۆت بەرانبەریان.
مەزارەكان، یان مۆنیۆمێنتەكان دروست مەكەن، یان تەنانەت كێلەقەبریش بۆ مردوو دامەنێن، تەنیا ئێسكوپروسكەكانیان ڕاستەوخۆ بۆ زیادكردنى بەرى زەوی بەكار بهێنن. ئەوانەى نەماون پاڵەوانە مەزنەكانى كۆمۆنیزم بوون: نەك تەنیا ئەوانەى بەهۆى ستەم و سەركوتى دەوڵەتەوە لەنێوبران[17]، بەڵكو هەموو نەماوەكان، هەموو ئەوانەى لەچاومان ون بوون، هەموو ئەو خەڵكانەى كە نایانبیستین، ئەوانەى خەباتیان كرد تاوەكو بە كەرامەتەوە لە دنیایەكدا بژین كە خۆى كەرامەتى نەهێشتووە، ئەوانەى مرۆڤایەتییان لە یەك چنیووە. ئەو مێژووەى ئێمە پێویستمانە، بە زۆرى مێژووی شۆڕشگێڕە گەورەكان نییە، بەڵكو مێژووى ئەوانەیە كە شتوویانن و گاڵتەوگەپیان لەگەڵ منداڵەكانیاندا كردووە.
مێژووى نەبینراوThe history of invisible مێژوویەكى نێگەتیڤە، جووڵەى هاوارى ئەو شتەیە (و هاوار بۆ ئەو شتەیە) كە هێشتا نەبووە (ئەو كۆمۆنیزمەى كە هێشتا نەبووە و ڕەنگە ڕۆژێك ببێت یان نەبێت؛ بەڵام ئێستا وەك بزووتنەوە، وەك شەوق و تاسە، وەك نێگەتیڤیتە لە گۆڕێدایە).
مێژووى هاوار مێژووى بزووتنەوەیەك، دامەزراوەیەك، مێژووى ماركس-ئەنگڵز-لینین-ترۆتسكى نییە. هەروەها مێژوویەك نییە بۆ بەردەوامێتى، بەڵكو مێژوویەكە بۆ قەڵەمباز، تێپەڕین، پچڕان و گەڕانى بەردەوام بەدواى دابڕاندا. وەك بلوخ ئاماژەى پێداوە ’’گەشتێكى سەخت، پڕ لە مەترسى، ئازاركێشان، كێوماڵ، ڕۆیشتن بەملاولادا، گەڕان بەدواى نیشتمانى نادیاردا، پڕ لە پچڕانى تراژیك، قوڵپەقوڵپ، تەپەى بازدان، هەڵقوڵان، بەڵێنە تاكوتەراكان، بارگرانى جاروبار لەگەڵ ئاگایى ڕووناكىthe consciousness of light‘‘[18]. مێژوویەك تێیدا خەڵكى دژ بە خایاندن سەرى خۆیان بشكێنن، مێژوویەك تێیدا كات خۆى هەر لە پێشەوە مەسەلەكە بێت.
مێژوویەك بۆ پچڕاندنى بەردەوامێتى، بۆ شەوق و تاسەى دوایى نەهاتوو، بۆ پرسیارە وەڵام نەدراوەكان. ئێمە كاتێك ئاوڕ لە مێژوو دەدەینەوە، بۆ ئەوە نییە وەڵامەكان ببینینەوە، بەڵكو بۆ وەرگرتنى ئەو پرسیارانەیە كە لە مردووەكانەوە بۆمان ماوەتەوە. بۆ ئەوەى وەڵامى ئەم پرسیارانە بدەینەوە، تاكە سەرچاوەیەك كە هەمانبێت خۆمانین، ئەندێشەى خۆمان و پراكتیكى خۆمان، لە ئێستا و لێرەدا. مێژوو پرسیارگەلێك ئاوەڵا دەكات كە دەمانبات بەرەو تێڕامانى تیۆرى.
-
پاشكۆ: ڕەخنەى ڕەخنە
ئامانجى ئەم وتارە ئەوەبوو كە گەشە بە هەندێ ئایدیا بدات كە لە لایەن ئەوانەوە وروژێنرابوون وا ڕەخنەى ئەوەیان لە كتێبەكەم گرت گوایە گەشەى زیاترى بە مامەڵەى مێژوویى پرسیارى شۆڕش نەداوە. من نەمویست بە تایبەتى بەرگرى لە كتێبەكەم بكەم[19]. ڕەنگە ڕەخنەكان ڕاست بن، بەڵام من لاموایە هەڵەن.
ئەوان هەڵەن چونكە ئەو مێژووەى ئەوان پرسیارى دەكەن وەها دەخرێتە ڕوو كە بێ گرفتە. ئەگەر بڵێى “وەك پێویست مێژووى تێدا نییە” پتر وەك ئەوەیە بڵێى “وەك پێویست زانستى كۆمەڵایەتى social science تێدا نییە”: ئەمە بێ مانایە، چونكە گریمانەى ئەوە دەكات كە كاتیگۆرییەكانى مشتومڕى مێژوویى ڕوون و ڕەوانن. ئەو ڕوانگەیە “مێژوو” وەك بەڵگەنەویست و بێ كێشە وەردەگرێت، وەك بڵێى بە شێوەى كاتیگۆرییانە هەندێ مێژووى سروشتى هەن كە دەمانبوێرن لە پێویستیى تێڕامانى تیۆرى. ڤێگا كانتەر پەڵپى غیابى “مێژووى واقیعى” دەگرێت: بەڵام “ئەم مێژووە واقیعییە” خۆى چییە؟- مێژووى شا و شاژنەكان، پاڵەوانانى چینى كرێكار؟ مێژووى خەباتى چینایەتى؟ ڕەنگە، بەڵام چۆن لە خەباتى چینایەتى تێبگەین؟ وەك جووڵەى پشتبەستنى سەرمایە بە كار و بە ڕەواندنەوەى كردن لە كاردا؟ ئەمە ئەو شتەیە كە لە چاپتەرى 10ى كتێبەكەمدا هەوڵمداوە بیكەم، بەڵام زەحمەتە تەنانەت تەقەلا بدەى ئەوە بە بێ پێش-مشتومڕى تیۆریى بكەیت.
ڕەنگە پرسى سەرەكى پەیوەندیى نێوان شیكاریى مێژوویى و تێڕامانى تیۆرى بێت. بۆ من، شیكاریى مێژوویى پرسیارەكان دەكاتەوە، پاڵمان پێوە دەنێت بیر لەو پرسیارانە بكەینەوە. بەم جۆرە مێژووىشۆڕشەكان لە سەدەى نۆزدەدا ئەوە پیشان نادات ئەو شۆڕشانەى لە خەمى گرتنەدەستى دەسەڵاتدا بوون، مەحكوم بوون بە شكست: ئەمە ئەوە دەخاتە ڕوو كە هەندێ شتى بنچینەیی لە چەمكى دەسەڵاتى كۆبووەوەى شۆڕشدا هەبووە كە وامان لێ دەكات دیسانیش بیر لە تێگەى شۆڕش بكەینەوە. ناوەڕۆكى ئەرگومێنتەكە مێژوویى نییە، بەڵكو تیۆرییە: تێڕامان لە ڕابردوو ڕوومان بەرەو بەرپرسیارێتیمان بۆ بیركردنەوە دەسووڕێنێت.
هەروەها، بۆ ڕەخنە، مێژوو جیهانێكە نەك بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەكان بەڵكو بۆ ڕاڤەكردنەكان. لە دەرەنجامدا ئەوان وا لە ئەرگومێنتەكەى من تێگەیشتوون وەك ئەوەى بڵێت كە مێژوو پیشانى داوە كە شۆڕشى دەسەڵات-كۆبووەوە ناتوانێت سەربكەوێت و، وەڵامەكەیش ئەوە بێت كە مێژوو ئەمەى پیشان نەداوە. لەبرى ئەوەى بڵێن شیكاریى مێژوویى دەمانبات بەرەو تێڕامانى تیۆرى، ئەوان تیۆر دەخەنە لاوە و بۆ وەڵامەكان هەر لە مێژوو دەڕوانن. ئەوان بانگەشەى ئەوە دەكەن كە تێڕامانى تیۆرى گرنگ نییە: وەڵامەكان دەبێت لە مێژوودا بدۆزرێنەوە. بەم جۆرە دانیال بنسەعید دەڵێت: ’’پێویسته بوێریى ئەوەمان هەبێت بچینه ئهودیوی ئایدیۆلۆژیا، ڕۆبچینه نێو قوڵایی ئهزموونی مێژوویی، به ئامانجی دروستكردنهوهی ڕایهڵ لهگهڵ ئهو گفتوگۆ ستراتیژیانهدا كە لهژێر قورسایی شكسته كهڵهكهبووهكاندا زیندهبهچاڵكراون‘‘.[20]
تۆمەتى دژە-مێژوویى (ئەلمێریا Almeyra) لە لایەن ئەو دانەرانەوە، دەست لە ناو دەست لەگەڵ دوورخستنەوەى تێڕامانى تیۆریدا دەڕوات. پێش هەموو شتێك، ئێوە داوامان لێ دەكەن بیرنەكەینەوە: وەڵامەكان پێویستە لە ڕابردوودا بدۆزرێنەوە. بەم جۆرە ’’هالۆوەى هەڵگرى فۆڕمى پەڕگیرى تیۆرى ماركسە دەربارەى فیتشیزمى كاڵایى‘‘ (كالینیكۆس). ماركس بە تەواوەتى دوورنەخراوەتەوە (دواى هەموو شتێك، ئێمە هەموومان ماركسیستین، ئەى وا نییە؟)، بەڵكو تەنیا خزێنراوەتەوە كونجێكەوە. چەمكى فیتشیزم ناسراوەتەوە و دانى پێدا نراوە (وێڕاى هەموو شتێك ماركس خۆى لەمە دەدوێت)، بەڵام دواتر وەك شتێكى نا-گرنگ دووخراوەتەوە: لەگەڵ ئەمەیشدا، خەڵكانى زۆر پێشتر دەربارەى فیتیشیزم دواون، كەواتە هیچ شتێكى نوێ لەمەدا نییە (بنسەعید). پێش هەموو شتێكیش، بۆچى دەبێت مامەڵەى تیۆرییانە لەگەڵ پرسیارى شۆڕشدا بكەم، كاتێك تیۆر هەرگیز هیچ سەروكارێكى بە سیاسەتەوە نییە؟ بە بڕواى ئێرنستۆ مانزانا، كە داواى ئەوەمان دەكات ئەو بیرتیژییە لە كالینكۆس وەربگرین كە ’’تێكەڵكردنى پرسیارە سیاسییەكان لەگەڵ پرسیارە ئیپستمۆلۆژییەكان هەڵەیەكى بنەڕەتییە‘‘، ئەوە هەڵە گەورەكەى منە. دەنگى هەموو كۆرسەكە دەڵێت “نا، تكایە، داوامان لێ مەكەن بیر بكەینەوە، ئێمە هەموو وەڵامەكانمان لایە، وەڵامەكان لە مێژوودان، ستالینیزم تەفسیرى شكستى شۆڕشەكانى ڕابردووە. بەڵام پێش هەموو شتێك، تكایە، داوامان لێ كەمە دەربارەى ماناى شۆڕش بیر بكەینەوە!‘‘.
بەڵام هەندێ شتى تر لە پشتى پێداگرى ڕەخنە لەسەر گرنگى مێژووییەوە هەیە. ڤێگا كانتۆر دەڵێت ’’بۆ دووبارە سەرپێخستنەوەى هەر پرۆژەیەكى دژە سەرمایەداری، پێویستە خاڵێكى بنەڕەتى و سەرەكى هەبێت، وەها پرۆژەیەك ناكرێت و نابێت لە خاڵى سفرەوە دەست پێ بكات، چونكە ئەزموون و یادەوەرییەكى كەڵەكەبووى مێژوویى هەیە‘‘.[21] ڕەنگە ئەمە كرۆكى ڕەخنەكە و ئەرگومێنتەكان بێت: كەڵەكەكردنێكى ئەزموونى خەبات، وانەى فێركارى، حیكمەتى سەركەوتووى فۆڕمە گەشەكردووەكانى ڕێكخستن هەیە.
من پێموانییە. ئەوە سەرمایەیە خەریكى كەڵەكەكردنە. ئەوە کە زێدە-بەها بەسەریەكەوە دەنێت، لە ژمارەدا زیاد دەبێت، گەورەتر و گەورەتر دەبێت. خەبات دژ بە سەرمایە كەڵەكە نابێت. یان ڕەنگە، كەڵەكە ببێت، بەڵام ئەوكاتە لەوە دەكەوێت خەبات بێت. كەڵەكەكردنى خەبات هەڵوێستى حزبە كۆمۆنیستییەكان بوو لە 1968دا كە دەیانگوت: ئەوە ڕێگاى شۆڕشكردن نییە، لە ئەزموونى ئێمەوە فێر ببن‘‘. كەڵەكەكردنى خەبات ڕوانگەیەكى پلەبەندییانەیە بۆ شۆڕش: ئێمە لە دوا هەڵبژاردندا %1,6 ى دەنگەكانمان بردۆتەوە، لەوەى داهاتوودا ڕەنگە هەندێ نوێنەرمان هەبێت، لە بیست ساڵى داهاتوودا “ڕەنگە بتوانین بگەینە لە سەدا سى‘‘.
بزووتنەوەى كەڵەكەكردن بزووتنەوەیەكى پۆزەتیڤانەیە. بەڵام بزووتنەوەى ئێمە، بزووتنەوەى دژە سەرمایەدارى، بزووتنەوەیەكى نێگەتیڤە و هەر دەبێت وایش بێت: بزووتنەوەیەك نەك تەنیا دژ بە سەرمایە، بەڵكو دژ بە كردارەكان و ڕۆتینەكان و نەریتەكانى خۆیشمان، كە سەرمایە بەرهەم دەهێننەوە. كەڵەكەكردنى خەبات كەڵەكردنى نەریتە، كەڵەكردنى بەردەوامێتییە، بەڵام بە نەریت و بەردەوامێتى لە سەرمایەداری دانابڕێین و دەرباز نابین. بیر لە هاوار بكەنەوە، بیر لە دابڕان بكەنەوە، بیر لە پچڕان بكەنەوە. سەرۆكە حەكیمەكانى نەریت دەڵێن:’’بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، ئێمە چەندین ساڵمان بە بیركردنەوە لەم پرسە بەسەر بردووە، لێگەڕێ با بۆت ڕوون بكەینەوە لە ساڵى 1905 و 1917 و 1921 و … چى ڕوویدا‘‘. بەڵام ئێمە دەمێكەیە خەو بردووینییەوە. ئێمە دەڵێین: ’’شۆڕش ئێستا!‘‘، ئەوان وەڵام دەدەنەوە: ’’ئەها، بەڵێ، بەڵام یەكەمجار ئەبێ ئێمە حزبێك دروست بكەین و لە شەپۆلى درێژى داهاتوودا ئامادەبین بۆ خاڵى گونجاو‘‘. بەڵام ئیتر ئێمە دەمێكە مردووین. ئێمە و هەموو مرۆڤایەتیش.
نەخێر، هیچ كەڵەكەكردنێكى خەبات لە گۆڕێدا نییە. ڕەنگە كەڵەكەكردن بۆ یادەوەرى و خۆ-پاساودان و شوناس هەبێت. كۆمۆنیزم بزووتنەوەیەك نییە بۆ كەڵەكەكردن، بەڵكو بزووتنەوەیەكە بۆ نەفیكردن، بۆ بازدان و تێپەڕاندن و پچڕان. دابڕان، نەك بەردەوامێتى، چەقى بیركردنەوەى شۆڕشگێڕییە. دابڕان، نەك بەردەوامێتى، چەقى پراكتیكى شۆڕشگێڕانەیە.
شەپۆلى نوێى خەبات مۆسیقایەكى نوێ دروست دەكات، ڕیتمێكى نوێ پێكدێنێت، ڕێزمانێكى نوێ دادەهێنێت. بە بەكارهێنانى مێژوو وەك بەستێنێكى پێشوەختە، دەتەوێت خەباتە نوێیەكان لە میتۆدە كۆنەكاندا بچەقێنیت. ئەمە مەكەن. ئەو میتۆدانە شكستیان هێنا. هەرچى چۆنێك پاساو بۆ شكستەكانیان بدۆزنەوە، كاتیان هەر بەسەرچووە. زەلكاوى ڕابردوومان لا جوان مەكەن. لێگەڕێن با فۆڕمە نوێیەكانى خەبات نەشونوما بكەن. لێگەڕێن با عەرەبانە و گاسنەكەمان بەسەر ئێسكوپروسكى مردووەكاندا ڕابكێشین.
سەرچاوە:
John Holloway: Drive your cart and your plough over the bones of the dead, In “Change the World Without Taking Power or Take Power to Change the World, a Debate on Strategies on how to build another world”, John Holloway, Daniel Bensaid, Phil Hearse, Hilary Waiwright, Alex Callinicos: Compiled by: International Institute for Research and Education (IIRE), 2005.
[1]William Blake, “Proverbs of Hell”, in The Marriage of Heaven and Hell: Blake (1988) 35.
[2] بەتایبەتى دانیال بنسەعید، ڕێنان ڤێگا كانتۆر، گوێلێرمۆ ئەلمایرا، ئالدۆ ڕۆمێرۆ، ئێرنستۆ مانزانا، ئیسیدۆرۆ كروز بێرنالم لە زەیندایە. ڕەخنە هزرییەكەى ئارماندۆ بارترا دەخەمە لاوە، كە ئەویش بەخاترى هەندێ شتى تر پرسیارى مێژوو قووت دەكاتەوە. بۆ تەواوى مشتومڕەكە لەسەر كتێبەكە، بڕوانە: http://www.herramienta.com.ar/index.php: . شایەنى باسە ئەوپەڕى منەتبارى هەموو ئەوانەم كە وەڵامى بانگهێشتنى كتێبەكەیان دایەوە تاوەكو مشتومڕى ئەم پرسە بكەین.
[3] Change the World without taking Power: the Meaning of Revolution Today, Pluto, London, 2002. French edition: Syllepse, Paris, September 2003.
[4] مەبەست لە تیۆرسێنى ماركسیستى هۆڵەندى ئەنتۆن پانیكۆك (1873-1960)ـە، كە یەكێك بووە لە تیۆریستانى ئەنجومەنە كۆمۆنیستییەكان وەك دژە تێزێكى “دەوڵەتى سۆسیالیستى”. هالۆوەى لە كتێبە سەرەكییەكەیشدا ئاماژە بە پانیكۆك دەكات و پێی وایە یەكێكە لە بیرمەندە ماركسیستە گرنگەكان كە تەوژمە سەرەكییەكانى ماركسیزمى دەسەڵاتخواز لە مێژووى بزووتنەوەى خەباتگێڕیدا فەرمۆشیان كردووە و وەك پێویست ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە. (و. كوردى).
[5]بڕوانە ڤانیجیم (1994) لاپەڕە 116: ’’لە مێژووى دەستەجەمعى و هەروەها تاكەكەسیشدا، كوتلەى ڕابردوو و كوتلەى داهاتوو وەك یەك پەرچەكردارانەن. هەموو شتێك كە بشێت ڕۆبنرێت، پێویستە لە ئێستادا ڕۆبنرێت‘‘.
[6]Vaneigem (1994) 231.
[7]بنیامین لە تێزەكانیدا دەربارەى فەلسەفەى مێژوو (تێزى پانزە) باس لەوە دەكات كە لە شۆڕشى جولایدا ’’لە ئێوارەى یەكەمى شەڕەكەدا ئەوە دەركەوت كە كاتژمێرەكانى بورجەكان هاوكات لەگەڵ یەكتردا و هەریەكە و لە جێی خۆیەوە لە چەندین شوێنى پاریسدا درانە بەر دەستڕێژى گوللە‘‘. Benjamin (1973) 262.
[8] لەڕاستیدا زۆرێك لە مشتومڕە ماركسیەكان پێش ڕەخنەیى ماونەتەوە و ئەم مانایەش هێشتایش هەر پێش-ماركسین.
[9]بڕوانە چیرۆكەكەى بۆرخیس، پیاوێك كە خەون بە بوونى پیاوێكى ترەوە دەبینێت.
[10]See Benjamin”s Theses on the Philosophy of History, Theses XIV and XVIII: Benjamin (1973) 261, 263.
[11]See Bloch (1964), (1986).
[12]Vaneigem 116, 232.
[13]تێگەیشتن لەوەى كە سەرمایە لە بوونیدا، لە ساتێكەوە بۆ ساتێكى تر پەیوەستە بە بوونى ئێمەوە دەمانگەیەنێت بۆ جیهانێكى تەواو نوێى دەركبردن و ڕێزمانى تەواو نوێ.
[14]هارت و نێگرى (2000) بەهیچ شێوەیەك ئەم خاڵە نابینن. بە پێچەوانەوە: ئەوان سوورن لەسەر ئەوەى چاو لەسەر پشتبەستنى سەرمایە بە كار لاببەن و بگەڕێنەوە بۆ پارادایمە كۆنەكان.
[15]Marx, Introduction to the Contribution to the Critique of Hegel”s Philosophy of Law: Marx and Engels (1975) 176.
[16]“L”Internationale” (Eugène Pottier)
[17]See the declaration of HIJOS (the organisation set up by children of the dispappeared in Argentina: : “Nosotros debemos crear y reinventar un camino propio, que retome la senda que ellos marcaron y que se desvie cuando sea necesario. Como hicieron ellos, con las generaciones que los precedieron, para superarlos, para ser mejores, para aportar en serio y concretamente al cambio con el que soñaron y soñamos. Para que no se nos vaya la vida repitiendo esquemas que suenan muy contundetnes, pero que no le mueven un pelo a los dueños del poder.”: Zibechi (2003), in press.
[18]Bloch 1964, Vol. 2, p. 29.
[19]من نامەوێ بەرگرى لە كتێبەكە بكەم، بەڵام داوایەكى تایبەتم لە دانیال بنسەعید هەیە: بەرلەوەى مشتومڕى زیاتر بكەین، تكایە جارێكى دیكە كتێبەكە بخوێنەوە. لە ڕەخنەكانتدا لە كتێبەكە بەد-ڕاڤەكردن (یان بەد-حاڵیبوون)ـێكى زۆر هەیە كە ئەستەمە بكرێنە بنچینەیەك بۆ مشتومڕ.
[20]ئەم كۆتەیشنە هەر لە دەقە ئۆرگیناڵە ئینگلزییەكەدا بە فەرەنسى هاتووە. بە سوپاسەوە مامۆستا “هەردى مێدە” لە وەرگێڕانى ئەم بڕگەیەدا بۆ زمانى كوردى، هاوكارمان بووە. فەرەنسییەكە بەم جۆرەیە:
“Il faudra bien oser aller au-delà de l”idéologie, plonger dans les profondeurs de l”expérience historique, pour renouer les fils d”un débat stratégique enseveli sous le poids des défaites accumulées.” (و. كوردى)
[21]ئەم كۆتەیشنە لە دەقە ئۆرگیناڵە ئینگلزییەكەدا بە ئیسپانى هاتووە. بەم جۆرەیە:
“debe ser un punto esencial en la reconstrucción de cualquier proyecto anticapitalista que no puede, ni debe, partir de cero, pues hay todo una experiencia y una memoria históricas acumuladas”. (و. كوردى)