دوو لێکدانەوە بۆ بونیادی باوکسالارانەی خێزان و کۆمەڵگە و دەسەڵات

نووسین: کەیت میڵێت|

وەرگێڕان: سیما ئاکۆ|

 

کۆمەڵناسییانە

بەردی بناغەی باوکسالاری خێزانە. کە لە یەک کاتدا ئاوێنە و ڕایەڵەی کۆمەڵگەیەکی گەورەترە؛ یەکەیەکی باوکسالارییە لە کۆی ڕژێمی باوکسالاریدا. میانگری نێوان پێکهاتەی تاک و کۆمەڵە، لە شوێنێکدا کە سیاسەت و لێپرسراوان پەککەوتوو بن، خێزان کاریگەری لەسەر دەسەڵات و هاوئاهەنگی دادەنێت. خێزان و ڕۆڵەکانی لەپێشینەترین نموونەن وەک ئامڕازێکی ڕەسەن و یەکەیەکی بناغەیی بۆ ڕژێمی باوکسالاری. وەک بریکارێک خزمەت بە کۆمەڵگەیەکی بەرفراوانتر دەکەن، خێزان تەنیا دنەی ئەندامەکانی نێوی نادات بۆ گونجان و پشتڕاستکردنەوەی ڕژێمەکە، بەڵکە وەک یەکەی سەر بە حوکوومەتی وڵاتێکی باوکسالارانە کایەکە بەڕێوە دەبات، کە لە ڕێی سەرگەورەی خێزانەکانییەوە فەرمانڕەوایی هاوڵاتیانی دەکات. ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا ڕەگەزنامەی یاساییشیان پێ دراوە، هێشتا هەر پەیوەندییەکی کەم یان ناڕەسمییان هەیە بە وڵاتەکەوە.

چارەنووسی هەرسێ دامەزراوە باوکسالارییەکە کە خێزان، کۆمەڵگە و وڵاتن، بەیەکەوە بەستراوە، چونکە هەماهەنگیی نێوان خێزان و کۆمەڵگەی بەرفراوان، خاڵی بنچینەییە بۆ مانەوەی هەردووکیان. لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا، ئەم دۆخە لە یاوەریی دەقە ئایینییە پەیوەندیدارەکانەوە سەری کێشاوە، وەک ئەو ڕاسپاردە کاسۆلیکییەی کە دەڵێت: «باوک سەروەری خێزانە،» یاخود ڕاسپاردەی ئایینی جولەکە کە هەم ئەویش دەسەڵات دەدات بە باوک لە خێزاندا. لەمڕۆدا حوکوومەتە عەلمانییەکانیش هەر جەخت لەسەر هەمان شت دەکەنەوە، تێیدا ئامارەکانی سەرژمێری بە جۆرێک ساز کراون کە ڕەگەزی نێر بە سەرگەورەی خێزان دادەنرێت لە باجدانان و پاسپۆرت و مامەڵەکانی دیکەدا. ئەو خێزانانەی کە دایکسەروەرن بە دیدێکی ناحەزانە تەماشا دەکرێن و وەک سەرچاوەی هەژاری و بەدبەختی لێک دەدرێنەوە. میتۆدی کەنفیوشیانی کە تیایدا ڕایەڵەی نێوان سەرۆک و بەردەستەکەی هاوشانە لەگەڵ پەیوەندیی نێوان باوک و منداڵەکانی، بە هەمان شێوە ئاماژەیە بۆ ئەو تایبەتمەندییە دەرەبەگایەتییەی کە لە خێزانێکی باوکسالاریدا هەیە (بە بارێکی دیکەشدا دەرەبەگایەتی خۆی لە خۆیدا تایبەتمەندیی خێزانی هەیە) تەنانەت لە دیموکراسییەتی مۆدێرنەشدا.

بە پێی دابونەریتی لەمێژینە، ڕژێمی باوکسالاری دەسەڵاتی ڕەهای خستووەتە چنگی باوکەوە بەسەر هاوسەرەکەی، یاخود هاوسەرەکانی و منداڵەکانیدا، تەنانەت بە توندوتیژیی جەستەیی و بڕێک جار کوشتن و فرۆشتنیشیانەوە. هەر لە کۆنەوە، باوک وەک سەرگەورەی خێزان، هەم منداڵخەرەوە و هەم خاوەندار بووە لە پەیوەندیی خوێنیی خزمایەتیدا؛ بەڵام لە ڕژێمی توندوتیژانەی باوکسالاریدا، خزمایەتی تەنیا بەستراوەتەوە بە پەیوەندیی لەگەڵ بەرەی نێرینەی خێزانەکەدا. نەوەی مێیینە لە خێزانی باواندا لە مافی میراتگری و تەنانەت دانپیانانیش بێبەش دەکرێن. یەکەمین هاوکێشەی خێزانی باوکسالارانە لە لایەن سێر هێنری مەینەوە داڕێژرا، کە مێژوونووسێکی سەدەی نۆزدەیەمی بواری سیستمی یاسایی کۆن بوو. مەین پێی وایە کە بناغەی خزمایەتی بەپێی ڕژێمی باوکسالاری پەیوەستە بە زاڵبوونەوە نەک خوێن، ژنەکانیان گەرچی بێگانەش بن هەر بە خزم دادەنرێن، ئەمە لە کاتێکدا کوڕی خوشکەکانیان لەوان بێبەرین. مەین لەسەر بنەمای دەسەڵاتەکانی باوکی ڕۆما پێناسەیەکی لەم جۆرە بۆ خێزان دادەڕێژێت: «بەتەمەنترین باوک بە هەموو شێوەیەک بەسەر کۆی بنەماڵەکەیدا زاڵە. دەسەڵاتی تا ئاستی مەرگ و ژیان بڕ دەکات و ڕەهایانە مافی ئەوەی هەیە دەست وەر بداتە گشت کاروبارێکی منداڵەکانی و ماڵوحاڵیانەوە، وەک ئەوەی کۆیلەی ژێر دەستی بن.» لە خێزانە باوکسالارییە کۆنەکاندا «هەر بە مرۆڤ و بێگیانەوە، لە ژن، منداڵ، کۆیلە، زەوی و شمەک سەرجەمیان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی کوڕەگەورەی خێزانەوە.»

ماکلێنەن لە دژی مەین دێتە وەڵام بەوەی کە دەسەڵاتەکانی باوکی ڕۆمانییەکان، جۆرێکی ئەوپەڕی توندی باوکسالارانەیە و بە هیچ شێوەیەک گشتی نییە. بەڵگەکانی ئەو کۆمەڵگانەی کە تیایدا منداڵ سەر بە دایکە (چەند کۆمەڵگەیەکی بەر لە پەیدابوونی نووسین لە ئەفریقا یان هەر شوێنێکی تر) گریمانەکانی مەین لەسەر جیهانیبوونی ئەم خزمایەتیی بەرەی باوکە بە درۆ دەخەنەوە. بێ گومان گوتوبێژی بنچینەیی مەین لەسەر ئەو تایبەتمەندییە سەرەتایی و سرووشتییەی کە ڕژێمی باوکسالاری هەیەتی، تەنیا تێگەیشتنێکی سادەیە لەبارەی ئەو دامەزراوەیەوە کە مەین بە نیازی بەرەوپێشبردنی بووە. بەڵگەی جددی لە بەردەستدایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە باوکسالاری بە سەرەتاییترین ڕژێم دادەنێت، بە پێی بەڵگەکان ئەو کۆمەڵگانەی کە دەسەڵاتی ڕەهای باوکسالارانەیان تێدایە، وەک ئەو شوێنانەی کە دەسەڵاتەکانی باوکی تێدا پەیڕەو دەکرێت، لەم دواییانەدا دروست بوون و داخوورانی پێگەی مێینەش قۆناغ بە قۆناغ هاتووە، وەک چۆن بووژانەوەشی هەر وا بووە.

لە ڕژێمە باوکسالارییە هاوچەرخەکاندا، ئێستاکە ژنان دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان مافی پارێزگاری و ڕەگەزنامە و موڵکیان پێ دراوە، لە کاتێکدا ئەمە گۆڕانکارییەکی دیارە کە بەسەر ڕەوایەتییە یاساییەکانی پیاودا هاتووە. بارودۆخی بەکاڵابوونیان هەر بەم جۆرە بەردەوام دەبێت بەهۆی لەدەستدانی ناویان و ناچاربوون بۆ چوونەماڵی مێردەکانیان و ئەو گریمانە گشتییەش کە جەخت لەوە دەکاتەوە هاوسەرگری گۆڕانکارییە لە ئەرکەکانی ماڵەوەی ژن و بەستنی پەیمانێکی سێکسییە، لە بەرانبەر پاڵپشتیی داراییدا.

ئەرکی لەپێشینەی خێزان لە کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا (کە لە ڕێگای ڕاستکردنەوە و نموونەهێنانەوەوە دەکرێت)، پەروەردەکردنی منداڵە لەسەر ئایدۆلۆژیای باوکسالاری کە بە پێی ڕۆڵ و سروشت و پایە بەشبەش دەکرێن. هەرچەندە چەند لێکدانەوەیەکی جیاواز هەن دەربارەی ئەوەی کە دایک و باوکان تا چەندێک لە پێوەرە کولتوورییەکان تێگەیشتوون، ئەم بێئاگاییە کاریگەریی گشتی دادەنێت و دواتر لە ڕێگای کەسانی هاوتەمەن، خوێندنگە، میدیا و سەرچاوە فەرمی و نافەرمییەکانی فێربوونەوە زیاتر تەشەنە دەسێنێت. لە کاتێکدا ئێمە لێرە خۆمان خەریک کردووە بە هاوسەنگیی دەسەڵات لە نێوان کەسایەتییە جیاوازەکاندا و لە خێزانی جیاجیادا، هێشتا پێویستە ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەین کە کولتوور لە زۆربەی ناوچەکاندا پشتگیری لە دەسەڵاتی نێرینە دەکات و لە دەرەوەی ماڵ مۆڵەتی هیچ بە مێینە نادات.

ئەو خێزانانەی لەسەر ڕژێمی باوکسالاری دەڕۆن، بەلایانەوە گرنگە کە منداڵەکانیان یاسایی بێت، بۆ ئەوەی گرەنتی ئەوە بکەن کە دووبارە وەچەخستنەوە و پێگەیاندنی منداڵەکان لە سنوورەکانی خۆیان تێنەپەڕێت. برۆنیسلاڤ مالینۆوسکی ئەمە بە «ڕێکاری بەیاساییبوون» ناو دەبات، تەنانەت وەک زۆرەملێیەک ناوی دەبات کە «نابێت هیچ منداڵێک بە بێ پیاوێک بێتە دونیاوە و ئەگەر هاتیش دەبێت تەنیا یەک پیاو بێت، ئەویش ڕۆڵی سۆشیۆلۆژیی باوکایەتی بگرێتە دەست.» بەم سووربوون و قەدەغەکردنە گشتییە (کە سزاکەی لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە جیاوازە و لەسەر کردارگەلی پێودانگی دووانەیی دەڕوات) باوکسالاری درێژە دەکێشێت چونکە بەها و پێگەی منداڵ و ژنیش تیایدا بە شێوەیەکی گشتی یاخود بە تەواوەتی بە پیاوێکەوە بەندە.  جا بەهۆی ئەوەوە کە گرنگیی پیاو تەنیا پشت بە پێگە کۆمەڵایەتییەکەی نابەستێت، بەڵکە لەگەڵیدا لایەنە ئابوورییەکەش هەیە، کەواتە هەم لە ڕووی ماددە و هەم ئایدۆلۆژیاوە بەهایەکی گەورەی هەیە جا چ لەناو خێزاندا بێت، چ لە دەرەوەی خێزان.

ئەو دوو ئەرکە سەرەکییەی خێزان (وەچەخستنەوە و پێگەیاندن) بە هۆکاری بایەلۆژی نابێت کتومت بەیەکەوە ببەسترێنەوە، سەرجەم هەوڵە یوتۆپی و شۆڕشگێڕییەکان تیایدا سەرکەوتوو نابن و بە ئارێشە دەورە دەدرێن، دواجار زۆرینەی تاقیکردنەوە و هەوڵەکان دیسانەوە دەگەڕێنەوە سەر شێوازە نەریتییەکەی جارانیان. ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە باوکسالاریی لەنێو کۆمەڵگەکاندا چەندە بنچینەییە و چۆن کاریگەریی لەسەر تەواوی ئەندامانی خێزانەکە دادەنێت. ئەمە لە هەمان کاتدا وەک ئاگادارکردنەوەیەک وایە کە هەوڵی گۆڕینی ڕامیاریی کۆمەڵایەتی دەدرێت بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێک هەبێت لەبارەیەوە، لە ئاکامدا هەوڵەکە بێبەرهەم دەر دەچێت. هەروەها گۆڕینی ڕەگوڕیشەیی لایەنی کۆمەڵایەتیش بە بێ کاریگەریدانان لەسەر باوکسالاریی، هیچ ئەنجامێکی نابێت. هۆکارەکەش بە سادەیی ئەوە نییە کە ڕژێمەکە شێوازێکی ڕامیاری بێت و ملکەچی ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی (ژنان و لاوان) بێت، بەڵکە ئەوەیە کە هێشتا وەک قەڵایەک لە پشتی موڵکداری و دابونەریت وەستاوەتەوە. هاوسەرگری پەیوەندییەکی داراییە، هەر خێزانێکیش قەوارەیەکی ئابوورییە و چون دەزگایەک خزمەت بە دەسەڵات دەکات. وەک چۆن خوێندکاری سەر بە خێزانێک دەڵێت: «خێزان کلیلی سیستمێکی چین بە چینە، میکانیزمێکی کۆمەڵایەتییە و لەسەر ئەو پێوەرەش ماوەتەوە.»

 

 

دەروونناسییانە

کۆی ئەو لایەنانەی باوکسالاری کە لە سەرەوە لێیان دواین، کاریگەرییان لەسەر دەروونی هەردوو ڕەگەز هەیە؛ دەرئەنجامی سەرەکییان ئەوەیە کە هەردوولا بیرۆکەی باوکسالاری دەگرنە خۆ. پێگە، مۆرک و ڕۆڵ پێکڕا سیستمی بایەخدارن کە پەلوپۆ بۆ هەردوو ڕەگەز دەهاوێژن. هاوسەرگریی باوکسالارانە و ئەو خێزانانەی کە لەسەر پێوەندەکانی دەڕۆن و جیاکاریی لە ئەرک و ئیشدا پێکڕا ڕۆڵی کۆمەڵە ناچارکەرێک دەگێڕن کە زۆرت لێ دەکەن ئەو سیستمە پەیڕەو بکەیت. پێگەی بەرزی ئابووریی نێرینە و پێگەی نزمی مێینەش بە هەمان شێوە هۆکارێکی مەترسیداری ترن بۆ ئەم بابەتە. بەشێکی زۆری گوناهی سێکسی لە کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا بەسەر ڕەگەزی مێینەدا دەشکێتەوە، تەنانەت لە هەندێک باردا بە خەتابار یاخود خەتابارترین دادەنرێت لە پەیوەندیی سێکسیدا، هەڵبەت بە بێ ئەوەی بارەکەی لەسەر ئاسان بکەن. ئارەزووی بەکاڵاکردنی مێینە، وای لێ دەکات کە زیاتر وەک شتێک دەر بکەوێت نەک کەسێک. بە تایبەت لەو کاتەدا کە مافەکانی بەهۆی پێگە کۆیلەئاساکەیەوە پێشێل بووبن. تەنانەت لەو شوێنانەشدا کە یاسای مافەکانیان هەموار کراوەتەوە، هێشتا کاریگەریی کەڵەکەبووی ئایین و نەریت لە ترۆپکدان و لێکەوتەی دەروونییان لێ دەکەوێتەوە. بەهۆی ڕاگرتنی پاکیزەیی، جیاوازیکردن، ڕێکاری دژ بە لەباربردنی منداڵ و لە هەندێک وڵاتیشدا نەبوونی هۆیەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی چ لە ڕێگای جەستەیی و چ دەروونییەوە، ژنان ئازادیی سێکسیان نییە و تەنانەت جڵەویان بەسەر جەستەی خۆشیاندا نییە. چاودێریخستنەسەری بەردەوام تەنانەت لەو کۆمەڵگانەشدا کە لە ڕووی پەروەردە و خوێندنەوە لەپێشن، مۆرکی مرۆڤ لە مێینە دادەماڵێت. ئافرەت ناچارە بە درێژایی تەمەنی بە دوای زیندوومانەوە و بەرەوپێشچوونەوە بێت لەژێر مۆڵەتی ئەو پیاوانەدا کە دەسەڵاتبەدەستن. جا پێویستە یان بە دڵنەرمکردن ئەم کارە بکات، یانیش لەڕێی بازرگانیکردن بە ڕەگەزی خۆیەوە لە بەرانبەر پێگە و پاڵپشتیدا. بەو پێیەی کە مێژووی کولتووری باوکسالاری و جووڵانەوەی مێیینە لە میانەی گشت ئاستە کولتوورییەکانیدا، بە ڕابردوو و ئێستاوە، کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر وێنەی ئەو هەیە و لە زۆربەی سەرچاوە سادەکانی شکۆداری و ڕێزلەخۆگری بێبەش کراوە. لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا، زمان و نەریتی کولتووری، جەوهەری مرۆڤ لە چوارچێوەی نێرینەدا دیاری دەکەن. لە زمانە هیندۆ ئەورووپییەکاندا خوویەکی بەرپێنەگیراوی هزرییە، چونکە وێڕای ئەوەی هەردوو وشەی «مرۆڤ»[1] و «مرۆڤایەتی»[2] بوون بە دوو وشەی باو، هاوکات بۆ هەردوو ڕەگەزەکەش بەکاریان دەهێننەوە، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی ڕەگەزی نێر زیاتر پەسەند کراوە کە وەک ئاماژەپێکراو لە دەمی ئاخاوتندا بەکار بهێنرێت، لەچاو ڕەگەزی مێدا کە دەگمەنە بە تەنیا ئاماژەی پێ بکرێت. ئەو کاتەی ئیگۆ ڕووبەڕووی ئەو نواندنە بێنرخانەی خۆی دەبێتەوە کە لەڕێی ڕێوشوێنە کۆمەڵایەتییەکان و ئایدۆلۆژیا و نەریتەوە بۆی دیاری کراون، هەمیشە ئاکامێکی زیانبەخشی بە دواوەیە. هەروەها ئارێشەی لەکەدارکردن دێتە پێش، کە بەردەوام و پەیتاپەیتا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە ڕێی هۆکاری پەیوەندییەکان و میدیاوە، لەگەڵ ناوزڕاندنیان بەهۆی هەڵسوکەوت و ئیش و خوێندنەوە، هێشتاش ئەوان هەر بەرگەی دەگرن، بۆیە هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە ئەگەر کۆمەڵەیەکی هاودەست لە ژنان پەیدا ببن لەوانەی کە ئازاریان بە دەست کەمینەیی و پەراوێزخرانیانەوە چەشتووە لە کۆمەڵگەدا. تاقیکردنەوەیەکی ژیرانە کە لە لایەن فلیپ گۆڵدبێرگەوە کراوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هێندە بە چاوی کەم لە ژنانیان ڕوانیوە تا گەیشتووەتە ئەوەی خۆیشیان ببن بە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییە و سووکایەتی بە خۆیان و هاوڕەگەزانیشیان بکەن. بۆ تاقیکردنەوەکە داوایان لە چەند خوێندکارێکی زانکۆ کرد لە ڕەگەزی مێ، کە بە نووسینی وتارێک وەڵامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بدەنەوە و لێکۆڵینەوەکەش لە لایەن دوو ناوی جیاوازەوە واژۆ کرابوو، جۆن مککەی و جوان مککەی. لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا بە گشتی کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بیرکردنەوەی جۆن نایابە و جوان خاوەن هزرێکی چالاک نییە. وێڕای ئەوەی هەر یەک لێکۆڵینەوە بوو، بەڵام کاردانەوەی خوێندکارەکان پەیوەست بوو بە ڕەگەزی نووسەرەکەوە.

ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا دەژین زۆرینەیان هاوڵاتی پەراوێزخراون، هەڵبەتە ئەگەر بە هاوڵاتیش دایان بنێن، بارودۆخیان هەر وەک کەمینەکانی تر وایە، کە لێرەدا بەپێی پێگەیان پێناسە کراون نەک ژمارەیان. «کۆمەڵەی کەمینەکان لەو کەمینانە پێکهاتووە کە بەهۆی تایبەتمەندییە جەستەیی و کولتوورییەکانیانەوە لە کەسانی دیکەی کۆمەڵگە جیا کراونەتەوە و ڕووبەڕووی دابڕان و مامەڵەی نایەکسان بوونەتەوە.» تەنیا چەند کۆمەڵناسێکی کەم هەن کە بە جددی لایەکیان لە دۆخی کەمینەیی ژنان کردبێتەوە. بواری دەروونناسیش هێشتا خوێندنەوەیەکی پەیوەندیداری بۆ بابەتی شکانی ئیگۆی مێیینە نەکردووە، کە دەکرێت هاوشان بێت لەگەڵ ئەوەی کە ڕەگەزپەرستی چۆن کاریگەری لەسەر مێشکی ڕەشپێست و کۆلۆنیاڵەکان دادەنێت. ئەو کۆمەڵە توێژینەوە کەم و بەنرخە مۆدێرنەی کە لەسەر کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی زاڵبوونی هێزی نێرینە بەسەر مێینەدا کراون، دەری دەخەن کولتوور گەواهیدەری ئەو خەمساردی و بایەخپێنەدانەی زانستی کۆمەڵایەتییە کە بە هەموو جۆرێک خۆی لە گۆڕان دەپارێزێت و ڕژێمی باوکسالاری کردووە بە دۆخی ئێستاکە و سرووشتی وڵاتیش.

ئەو بڕە وێژەیییەی کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەم سیاقەدا پێمان دەدەن، پشتڕاستەکەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە ژنان هەڵگری تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکانی کۆمەڵە کەمینەکانن: کۆمەڵەی ڕق لەخۆهەڵگر و خۆڕەدکەرەوە، کەسێک کە بە کەم لە خۆی و هاوڕەگەزەکەی دەڕوانێت، ئاکامی ئەو ئارێشەیە بەردەوامە، گەرچی ناڕوونە، بەڵام ژن هێندە هەستی بە ئاستنزمی کردووە لە خۆیدا، تا دواجار وەک هەقیقەتێک پەسەندی کردووە. ئاستی ئەو تەنگانە و دژوارییەی کە پێیدا تێدەپەڕن، بەڵگەیەکی ترە کە ئاشکرا کۆمەڵەی کەمینەکانی پێ دیاری دەکرێت. پێودانگی دووانەیی تەنیا لە بابەتە سێکسییەکاندا بەسەریاندا ناسەپێت، بەڵکە لە چەندین ڕووی دیکەشەوە کاری پێ دەکرێت. تەنانەت لە هەندێک نموونەدا کە مێینە تاوانبار بێت، لە زۆربەی ویلایەتە ئەمریکییەکاندا هەر ژنێک تاوانبار بێت مەودای سزادانی دوورودرێژترە. بە گشتی ئەو ژنەی کە تۆمەتبار دەکرێت، فرە لارسەنگانە بەبەرچاو لەگەڵ کردەوەکانیدا بەدناو دەکرێت، هەروەها لەسەر لایەنی ژیانی سێکسیی لە دادگا سکاڵای لەدژ بەرز دەکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە ئاستێکدا کە لەگەڵ دۆخی باوکسالارانەدا هەڵیان کردبێت، هەرگیز بەو ڕادەیەش ساکار نین کە خواستی تاوانیان هەبێت. وەک هەر یەکێکی تری سەر بە کۆمەڵە کەمینەکان، کە دەبێت یان ئەوەتا پۆزش بهێننەوە یانیش دڵپڕانە بەرانبەریان ئیدانە بکەن لەسەر ئەوەی کە لە سنوور دەرچووە، ژنان بەوە ناسراون کە بە سروشت دڵڕەق و توندن و بێڕادەش سڵ لە لادان دەکەنەوە لەناو دەوروبەری خۆیاندا. وەک هەر ئەندامێکی تری سەر بە کۆمەڵە کەمینەکان، ژنانیش ترسی کەسییان هەیە و بەهۆی هەستێکی دووبارەبووەوە دەگاتە ئاڕاستەگەلێک کە ئیدی وا بیر دەکەنەوە ئەو بانگەشانەی لەسەر ئاستنزمییان بڵاو دەکرێتەوە ئەگەری هەیە ڕاستی بن. هەندێکیان ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن کە لەوانی دیکە کەمترن، بۆیە هەوڵ دەدەن ئەو هەستە بچەپێنن و نکۆڵی لێ بکەن؛ بەڵام ڕێژەی زۆرینە دەرک بەو بارودۆخە دەکەن کە بەسەریاندا سەپاوە و دانی پێدا دەنێن. لە دوو ڕاپرسی جیاجیادا کە لە ژنان کراوە بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ دەیانویست لە ڕەگەزی نێر بوونایە یاخود نا، بەشێک لە ئەنجامی نموونەکان بە ڕێژەی ٪٢٥ و بەشێکی دیکەیان بە ڕێژەی ٪٥٠ هاتبوونەوە. لە ڕاپرسییەکدا کە لە چەند منداڵێکی پێنەگەیشتوو کراوە، ئەگەر بژاردە لە دەستی خۆیاندا بووایە بۆ ئەوەی ڕەگەزیان دیاری بکەن، زۆرینەی مێیینەکان وەڵامەکەیان ئەوە بووە کە سەر بە کۆمەڵەی پێشەنگ بن، ئەمە لە کاتێکدا کە کوڕەکان بە هەموو جۆرێک ڕەدیان کردووەتەوە بە کچی لە دایک ببوونایە. جا دیاردەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دایبابەکان بۆ ڕەگەزی نێر، بابەتێکە کە ئیدی هەر لە باسکردن نایەت. بازنە زانستییەکان بە گشتی نیگەرانیی خۆیان دەربارەی خواستی دایکوباوکان دەربڕیوە لە بارێکدا کە ئەگەری ئەوە هەبێت بتوانن بە ویستی خۆیان ڕەگەزی منداڵەکانیان دیاری بکەن.

میدراڵ، هاکەر و دیکسن چەند بەراوردکارییەک دەکەن لەبارەی ئەو تایبەتمەندییانەوە کە دراونەتە پاڵ ڕەشپێستەکان و ژنان، پاشان ئاشکرای دەکەن کە هەردوولا تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە وەک: کەمیی ژیری، خۆشنوودییەکی زگماکی یاخود هەستیار، سرووشتێکی سۆزدارانەی سەرەتایی و منداڵانە، هەستکردن بە لێزانی یان مەیل لە ڕووی ئارەزووی سێکسییەوە، قاییلبوون بە بەشی خۆیان کە ئەمە لە هەمان کاتدا سەلمێنەری ئەوەیە خۆیان بە شایەنی هێندە دەزانن، خوویەکی فێڵبازانەیان هەیە بۆ هەڵخەڵەتاندن و هەستەکانی خۆیشیان دەشارنەوە. هەردوو کۆمەڵەکەش بۆ خۆگونجاندن ناچارن پەنا بەرنە بەر هەمان ستراتیژی: هەوڵ دەدەن بۆ قاییلکردنی بەرانبەریان خۆبەرەپێش و دەم بە تکا بن، خواستیان لەسەر ئەوەیە کە بزانن کۆمەڵەی زاڵ لە چ بارێکدا کاریگەریی دەکەوێتە سەر یانیش تێک دەچێت و خۆیشیان وەک گەمژەیەک دەردەخەن، بۆ ئەوەی ساختەچییانە داوای ئاڕاستەیان لێ بکەن. گاڵتەئامێزە کە چەندین سەدەیە ئەدەبی میسۆجینیستی (لەژنبێزاری) تەنیا سەرنجی لەسەر ئەم تایبەتمەندییانە چڕ کردووەتەوە و توندترین کینەی خۆی ئاڕاستەی ساختەکاری و گەندەڵیی مێیینە کردووە، بە تایبەتی بۆ ئەو بەشەیان کە سێکسییە و هەندێک سەرچاوەیان هەیە کە هەر بە «داوێنپیس» ناویشی دەبەن.

وەک هەریەک لە کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان، ژمارەیەک ئافرەتی دیاریکراو هەن کە پێگەی بەرزیان پێ دراوە و جۆرێک لە ڕامیاریی کولتووری بەسەر ئەوانی دیکەدا جێبەجێ دەکەن. هیوز لە باسی پەراوێزخراویدا، وەک دۆخێکی ئاڵۆز و دژوار لێی دەدوێت کە ژنان و ڕەشپێستەکان یان نەوەی دووەمی ئەمریکییەکان ئەزموونیان کردووە، ئەو نەوەیەی کە لە جیهاندا هەن بەڵام زۆربەی کات پاداشتی تێکۆشانیان لە خاکی ڕەسەنی خۆیاندا پێ نادرێتەوە و دەست دەنرێت بە ڕوویانەوە. کتومت هەمان کێشە بەرۆکی ژنانی (نوێ) و خوێندەوار دەگرێتەوە. ئەم جیاوازییانە بە گشتی ناچاریان دەکات بەوەی کە بڕێکجار لێدوانی ملکەچانەی باو و زۆرجار کۆمیدیش بدەن لەپێناو ئەوەدا کە پاساو بۆ پێگەی خۆیان بهێننەوە. ئەم تایبەتمەندییانە پێکەوە بەڵێنی مێینەییەک پێک دەهێنن کە تیایدا بە نزیکبوونەوە و هاوڕێیەتی دڵشاد بێت و ئارەزوویەکی ئەوەی هەبێت کە پیاو بەسەریدا زاڵ بێت.  لە ڕووی ڕامیارییەوە بەنرخترین کەسەکان بۆ ڕۆڵێکی لەم جۆرە سەماکەران و ئەو ژنانەن کە بە ئاشکرا ئامادەیی سێکسی دەردەبڕن. تایبەتمەندیی هاوبەشی کەمینەکانیش ئەوەیە بڕێک لە خۆشبەختیان سنووردار دەکرێت بۆ ئەوەی کە فەرمانبەدەستەکانیانی پێ شاد بکەن. (ئەگەری دڵشادکردنی هاوڕەگەزی خۆیان لەم پڕۆسەیەدا تا ڕادەیەک نەکردەیە.) ژنان لە ڕێگای ڕەگەزی خۆیانەوە پیاوان سەرگەرم، قاییل، تێر و دڵشاد دەکەن و پێیاندا هەڵدەدەن. لە زۆربەی کۆمەڵە کەمینەکاندا کەسانی وەرزشوان یان ڕۆشنبیر هەن و ڕێگایان پێ دەدرێت وەک “ئەستێرە” دەر بکەون، ئەو کەسە بەشمەینەتانەش کە پێیان ئاشنان بەوە دڵخۆش دەبن. لە بابەتی ژناندا هەردوو ئەنجامەکە بەرپێگیراوە و نایەتە دی، چونکە دیارترین ڕوونکردنەوەیان ئەوەیە کە هۆکاری پلەنزمیی مێیینە دەدەنە پاڵ کەمهێزیی جەستەیی یاخود لاوازیی هزری. وەک چۆن بەجێ نییە هێزی بازوو و بوێریی خۆت بخەیتە بەرچاو، ئاوەهاش نابەجێیە نمایشی ئاستی ڕۆشنبیریت بکەیت.

ڕەنگە گەورەترین چەکی دەروونیی باوکسالاری پەڕگری و درێژخایەنییەکەی بێت. ئەستەمە ئاماژە بە شتێکی تر بکرێت کە باوکسالاریی پێ بەراورد بکەیت یان هەڵەکانی دیاری بکەیت بەبەرچاو لەگەڵیدا. گەرچی دەکرێت هەمان شت بە بابەتی چینایەتیش بگوترێت، بەڵام باوکسالاری توندتر و سەرسەختانەتر پێی جێگیر کردووە، ئەویش لە ڕێگای ئەو خاسییەتەوە کە خۆی وەک سرووشتێک پیشان دەدات. ئایینیش هەر درێژخایەنە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا و کۆیلایەتیش تا ڕادەیەک هەر وایە؛ هەردووکیان بە شێوەیەکی گشتی دەردی کوشندەن و لە لایەن غەریزەی بەرپەرچنەدەرەوەی مرۆڤ، یان بنچینە بایۆلۆژییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن. کاتێک سیستمێکی هێز بە تەواوی دەسەڵات دەگرێتە دەست، بە دەگمەن پێویستی بەوە دەبێت دەمبەهاوارانە لە خۆی بدوێت، هەرکات پەردە لەسەر چۆنییەتی کارکردنەکەی هەڵماڵرا و کەوتە ژێر پرسیارەوە، نەک تەنیا دەبێت بە پرسێک بۆ تاووتوێکردن، بەڵکە دەمودەست قابیل بە گۆڕانکارییە.

[1] Man

[2] Humanity

Share this article