نووسینی: موحەمەد عەبدولکەریم |
کریتۆن کتێبێکی بچووکی ئەفلاتوونە، پێدەچێت یەکێک لە کتێبە سەرەتاییەکانی ئەفلاتوون بێت، کە تێیدا بە تەواوی لەژێر کاریگەریی سوقراتدایە، کتێبێکی سادە و ڕوونە، هەروەک کتێبی ئاپۆلۆژی. لەم کتێبەدا، بە پێچەوانەی کتێبەکانی تری وەک: کۆمار و تەئیتۆس و فایدۆن… بەر قوڵاییەکی گەورەی فەلسەفی ناکەوین، سەرباری ئەوەی ئەنجامێکی تەواومان لێوەی دەست ناکەوێت. لە کتێبچە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی ئاپۆلۆژییەوە، سوقرات لە دادگادایە و زۆر جوان بەرگری لە خۆی دەکات، تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە؛ ڕووداوەکانیش هەر لەناو دادگادان. سوقرات لە ئاپۆلۆژیدا بانگی خەڵکی دەکات، بەرپەرچی دوو تۆمەت دەداتەوە “تۆمەتی تازە و تۆمەتی کۆن” ئەو لەناو دادگا دەرگیری ملتۆس دەبێت. لەڕێی بەڵگەکاریییەوە هەوڵی خۆپاککردنەوە دەدات، لەو تۆمەتانەی بۆی هەڵبەستراون. ململانێکانی ناو دادگا لە ڕێگای دەنگدانەوە یەکلا دەکرێنەوە و حووکمی مەرگی بەسەردا دەسەپێنن؛ کاتێک کریتۆن دەخوێنینەوە، دەبینین ڕووداوەکان لەناو زینداندا ڕوو دەدەن؛ سوقرات و کریتۆن لەناو زیندان دەکەونە ئاخافتن، ناوی کتێبەکەش هەر بە ناوی کریتۆنەوەیە، هەروەک هەندێک لە کتێبەکانی تریشی بە ناوی کەسایەتییەکانەوە ناو ناون “مینۆن، فایدۆن، پرۆتاگۆراس….
کریتۆن لەناو زیندان بە یاوەری هاوڕێکانی سوقرات، هەوڵ دەدات سوقرات لە کەلی شەیتان بهێنێتە خوارێ، هەڵبێت بۆ شارێکی تر، بەڵام سوقرات سوورە لەسەر ئەوەی نایەوێت لە یاساکان هەڵبێت. دەستپێکی کتێبچەکەی بە پرسیارێکی سوقرات دەست پێدەکات، لە کریتۆن دەپرسێت: چۆنە بەم بەیانییە هاتووی؟ چۆنە هێشتوویانە بێیتە ژوورێ؟ کریتۆن ڕوونی دەکاتەوە کە کاربەدەستەکان دەناسێت. کریتۆن نایەوێ شتێک بشارێتەوە، لە بەردەم سوقراتدا دانی پێدا دەنێت کە لە ڕابردوودا سەرسامی لەسەرخۆییەکەی بووە، لە ئێستاشدا کە فەرمانی مردنی بەسەردا دراوە و ئارامە، زیاتر سەرسام بووە[1] ، هێواش هێواش کریتۆن پێشنیار بۆ سوقرات دەکات لە خەمی ژیانی خۆیدا بێت، ئەرێبێژی بکات بۆ ژیان؛ کریتۆن دەیەوێ ڕێگەیەک بدۆزێتەوە تا سوقرات هەڵبێت بۆ شارێکی وەک “تسالی” و دەست دەداتە بەڵگەهێنانەوە و بە سوقرات دەڵێت کە ئەو لە دوو شت دەترسێت، یەکەم: ئەوەی لە هاوڕێیەکم دوور بکەومەوە، کە دەزانم هاوڕێیەکی وا پەیدا نابێتەوە، [بە مانایەکی دی، نابێت ئاڵتوونێکی وەک سوقرات لەدەست بدەین] دووەم: دەترسم “خەڵکی ئاسایی” وا لێکی بدەنەوە کە من سامانم بەسەر هاوڕێیەتیدا هەڵبژاردووە[2]. کریتۆن لێرەدا خەمی ئەوەیەتی بیرکردنەوەی خەڵکی کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆسییەکەی سوقرات دروست بکەن، بەڵام سوقرات باوەڕی بەوە نییە خەڵکی توانایان هەبێت کاریگەرییەکی لەو شێوەیە دابنێن. سوقرات باوەڕی خۆی دەربارەی خەڵکی ئاسایی دەخاتە ڕوو؛ هیچ باوەڕی بە خەڵکی ئاسایی و توانای خەڵکی ئاسایی نییە. کریتۆن بە سوقرات دەڵێت کە خەڵکە ئاساییەکە سوقراتیان گرفتاری زیندان و مەرگ کردووە، بەڵام سوقرات ڕەتی دەکاتەوە خەڵکی وەها شتێکیان لەدەست بێت، چونکە بە باوەڕی ئەو، خەڵکی لە توانایاندا نییە “خراپەی گەورە و چاکەی گەورە بکەن[3]“، کریتۆن بۆ ئەوەی سوقرات ڕزگار بکات و زیانی بەرنەکەوێت؛ بە مانایەکی دی سوقرات ڕازی بێت بەوەی هەڵبێت بۆ تسالی، کار لەسەر دوو شت دەکات (جووڵانی سۆز _ ترس لە قسەی خەڵکی)؛ گەر سوقرات بکوژرێت، بۆ کریتۆن کارەساتە، چونکە کەسی وەک سوقراتی دەست ناکەوێتەوە، لە لایەکی تریشەوە لە قسەی خەڵکی دەترسێت کە پاش مردنی، پێی بڵێن تۆ نەتتوانی بە سەروەتەکەت گیانی بپارێزی. بەڵام سوقرات ناکەوێتە ژێر کاریگەریی قسەکانی کریتۆنەوە و باوەڕی بە کاریگەریی حەشاماتیش نییە. لە لایەکی تریشەوە، “سوقرات گوێ بە خەڵکی نادات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کار لە ئەفلاتوون دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی بە هیچ جۆرێک دانووی نەکوڵێت لەگەڵ دیموکراسیدا.[4] دیارە کریتۆن دەیەوێت لەڕێی ترس لە قسەی خەڵکییەوە سوقرات بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی پێویستە بڕوات بۆ تسالی، کریتۆن باوەڕی وایە سوقرات بڕواتە هەر جێگەیەکی دنیا خۆشەویستە، پێی دەڵێت: سوقرات، چاوت لەوە نەبێت کە من ئەو بڕە دەدەم تا ڕزگارت بکەم، دڵنیا بە کەسانی بێگانە هەن دەتوانن ئەو کارە بکەن لە جێی من، بەس چۆن دەهێڵیت دژمنانت بەهۆی مردنتەوە بە ئارەزوویان بگەن؟ کریتۆن درێژەی پێ دەدات و دەیەوێت لەڕێی منداڵەکانییەوە، سوقرات لە مردن ڕزگار بکات؛ منداڵەکانت بێسەرپەرشت دەبن، ناتوانیت پەروەردەیان بکەیت، کەسێک منداڵی هەبوو پێویستە بەرپرسیارێتییان هەڵگرێت، نەوەک ڕێگە ئاسانەکە هەڵبژێرێت[5]. بە مانایەکی دی، دەروونناسانە لەڕێی بزواندنی سۆزی سوقراتەوە دەیەوێت قبووڵی بکات لە زیندان هەڵبێت و نەکوژرێت، وەک بڵێی هەڵبژاردنی مردن ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتییەکی قورستری وەک منداڵ پەروەردەکردن (بە باوەڕی سوقرات ڕزگاربوونی لە مردن واتە هەڵهاتن لە یاساکان کە کارێکی مەحاڵە بۆ ئەو). وا پیشان دەدات سوقرات ڕێگە ئاسانەکە هەڵدەبژێرێت، ئەویش مردنە. کریتۆن درێژەی دەداتێ: سوقرات، ڕەنگە ئەمە ببیتە مایەی شەرمەزاری بۆمان و سەرزەنشتکرێین لە لایەن ئەوانی ترەوە گوایە دەستمان لە هاوڕیی خۆمان بەرداوە، کە دەشیا ئێمە سوقرات ئازاد بکەین[6]“. سوقرات دەڵێت هەر لە کۆنەوە بەم شێوە بووم؛ قسەیەک قبووڵ ناکەم، مەگەر ئەوەی دوای کۆڵینەوە تێی بگەم، سوقرات لێرەوە دەچێتە سەر “بۆچوونەکانی خەڵکی ئاسایی”، ئاخر کریتۆن لەڕێی ترس لە قسەی خەڵکییەوە هەوڵ دەدات سوقرات بخاتە سەر ڕێچکەی ئەرێوتن تاکوو لە ژیاندا بمێنێتەوە؛ بە مانایەکی تر، هەڵبێت لە زیندان. بەڵام سوقرات بە هەوانتە ناچێتە سەر باوەڕی ئەوی تر، دەست دەکات بە کوتینی باوەڕی خەڵکی، لەڕیی هێنانەوەی بەڵگەوە. ئەو دەیەوێ دەری بخات قسەی خەڵکی پووچە، نابێت بەهایەکی گەورەیان بۆ دابنێین. سوقرات باوەڕی بەوە نییە ڕێزی گشت بۆچوونێکی خەڵکی بگیرێت؛ ئەو بەهۆی بەڵگەوە، بۆچوونەکان پەسەند و ناپەسەند دەکات؛ بە مانایەکی تر، سوقرات ناترسێت لە قسەی خەڵکی.
سوقرات: کریتۆن، تۆ باوەڕت بەوە نییە کە بۆچوون و ڕاکان گشتیان باوەڕپێکراو نیین؟
کریتۆن: بەڵێ، باوەڕم وایە هەموویان باوەڕپێکراو نین.
سوقرات؛ باشە کریتۆن، تۆ قبووڵتە ڕاستییەکان بەبەها بن و ناڕاستییەکانیش بە پێچەوانەوە؟
کریتۆن: بەڵێ باوەڕم وایە.
سوقرات: باشە کریتۆن، تۆ باوەڕت بەوەیە، بۆچوونی دروست لە ئاقڵەکانەوەیە، نادروستیش لە ناداناکانەوە؟
کریتۆن: بێگومان باوەڕم وایە.
سوقرات: باشە کریتۆن، کەسانێک کە خەریکی ڕاهێنانی لەش و وەرزشکردنن، لە ڕاستیدا قسەی دکتۆرێک و مامۆستایەک سوودبەخشە بۆیان یاخود خەڵکی؟
کریتۆن: بە دڵنیاییەوە کەسانێک کە خەریکی ڕاهێنانی لەش و وەرزشکردنن، پێویستیان بە بۆچوونەکانی دکتۆر و مامۆستایە، نەک خەڵکی.
سوقرات: کەوایە پێویستە دەربارەی وەرزش و خواردن و خواردنەوە گوێ لە ڕێنماییەکانی دکتۆر و مامۆستا بگرین، نەوەک هەوا و هەوەسی خەڵکی؟
کریتۆن: بەڵێ سوقرات، هاوڕاتم.
سوقرات: باشە کریتۆن، گەر کەسێک سەرپێچی بکات لە فەرمانی مامۆستاکەی، فریوی ئافەرینکردنی خەڵکی بخوات، زیانی بەرناکەوێت؟
کرتیۆن: بە دڵنیاییەوە، زیانی بەر دەکەوێت،
سوقرات: ئەم ئازارە بەر کوێی کەسەکە دەکەوێت؟
کریتۆن: بەر لەشی کەسەکە دەکەوێت.
سوقرات: ئافەرین کریتۆن.
سوقرات لێرەوە دەست دەکات بە گشتاندن بەسەر کایەکانی تردا، پێی وایە لە “دادپەروەری و ستەم چاکە و خراپە، جوانی و ناشرینی” نابێت پەیڕەوی لە قسەی خەڵکی بکەین، قسەی یەک دانا گرنگترە، کریتۆنیش دانی پێدا دەنێت کە هاوڕایە لەگەڵی.
سوقرات دەڵێت: گەر وەرزشکارەکە پەیڕەوی بکات لە قسەی خەڵکی و بۆچوونەکانی ئەوان وەرگرێت، لەشی خۆی داغان ناکات؟
کریتۆن هاوڕایە لەگەڵی[7].
سوقرات بە شێنەیی دەچێتە سەر باسی هەڵنەهاتنەکەی، چەمکی دادپەروەری دەخزێنێتە ناو گفتوگۆکانی نێوان خۆی و کریتۆنەوە. سوقرات ژیانی باش نابەستێتەوە بە نادادپەروەرییەوە، ژیانی باش لای ئەو، تێکەڵبوونە لەگەڵ دادپەروەریدا[8]. سوقرات پێی وایە بابەتی دادپەروەری و نادادپەروەری پەیوەندییان بە خەڵکییەوە نییە، ئەوان لەم بابەتەدا ژمارە نین. دادپەروەری و نادادپەروەری جیاکردنەوەیان لێکتر هی کەسانێکە توانای جیاکردنەوەیانیان هەبێت. سوقرات هەڵهاتنی لە زیندان دەبەستێتەوە “بە ستەم و دادپەروەرییەوە”. ئایا بێ ڕێپێدانی ئاتنیان بچمە دەرێ، دادپەروەریم پێشێل نەکردووە؟ من کە ئەهلی ئەقڵم، ڕێی تێدەچێ لەپێناو ڕزگاربوونم زێڕ بدەم؟!
سوقرات تەواوی ژیانی بەرانبەر ستەم و ستەمکاری وەستاوەتەوە، هەڵهاتن لە زیندان و نادادپەروەری پێکەوە گرێ دەدات[9].
سوقرات دەڵێت: کریتۆن، بۆچوونی یاسا بە هەند وەرگرە کە دەڵێ “ئەی سوقرات، ئایا پەیمانی ئێمە و تۆ بەم شێوەیە بوو؟ ئایا بەڵێن نەبوو ملکەچی فەرمانەکانی دەوڵەت بیت[10]“. شکاندنی پەیمان جۆرێکە لە ستەم، گوێنەدان بە دادپەروەری. ئاخر کاتێک بە دەنگدان حووکمی مردنی بەسەردا دەدرێ، سوقرات قبووڵی دەکات، وەک پەیمانێک دەنگدانەکەی قبووڵ کرد. شکاندنی پەیمانیش نادادپەروەرییە، ئەویش لە دادپەروەری لا نادات. کەواتە ڕاکردن لە زیندان، شکاندنی پەیمانە، شکاندنی پەیمانیش نادادپەروەرییە. ئیتر سوقرات بە قووڵی دەچێتە ناو سەلماندنی هەڵبژاردنی مردنییەوە. بە کریتۆن دەڵێت: باشە گەر من ڕابکەم لە زیندان و یاساکان، خەڵکی ئاتن ناڵێن سوقرات پەیمانی شکاندووە؟ ئەی باشە ئەوان ناڵێن بۆ سوقرات پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو، ئەی ئەو نەیوت هەرچی دادگا بیڵێت، قبووڵمە؟ ئێستا دادگا کە سزای مردنی بەسەردا داوم، ڕابکەم لە یاساکانی، پەیمانشکێنیم نەکردووە؟ پەمانشکێنیش نادادپەروەری نییە؟ ئەوان ناڵێن لەژێر سایەی ئێمە بە زۆر شت گەیشتی، لەناو ئەم نیشتیمانەدا پێگەیشتی، منداڵت تیا خستەوە و گەورەت کردن، ناز و نیعمەتت لێرە دەست کەوت، ئێستا گەر هەڵبێم ستەمکار نیم؟ حەقیان نییە پێم بڵێن ستەمت لێ کردین؟
سوقرات دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ڕاکردن لە زیندان ئەم سێ مانایەی هەیە: ئەوان پێم دەڵێن: سەرپێچی ئافرێنەری خۆی کردووە. دووەم: پەروەردەکارانی خۆی خستووەتە ژێر پێیەوە. سێیەم: پاش ئەوەی فەرمانەکانی ئێمەی قبووڵ کرد، پەیمانی شکاند، ئەگەریش ئێمە هەڵەیەکمان کردووە بۆچی بۆ ڕاستکردنەوەی هەوڵی نەدا قەناعەتمان پێ بکات، لە کاتێکدا بە توندی مامەڵەمان لە تەک نەکرد، بژاردەی ئەوەشمان پێدابوو، گوێڕایەڵ بێت یان لەڕێی گفتوگۆوە قەناعەتمان پێ بکات، کەچی هیچکام لەم ڕێیانەشی نەگرتە بەر. سوقرات تۆ شایەنی سەرزەنشتکردنیت، گەر بە ئارەزووی خۆت بکەیت [لێخوڕیت]، چونکە گوناحی تۆ گەورەترە لە هاوشارەکانت”[11]. وەک پیشەی هەمیشەی، سوقرات وەک جاڵجاڵۆکە تەونی بیرکردنەوەی بەرانبەرەکەی دەدات، قەناعەتیان پێ دەکات، بۆیە کریتۆن قەناعەت بە قسەکانی سوقرات دەکات. سوقرات هیچ شتێک وای لێناکات مەرگ ڕەت بکاتەوە، هیچ ئیمکانێکی ژیان ئەو گرێ ناداتەوە بە ژیانەوە؛ نە بێباوکێتیی منداڵەکانی، نە بەرتیلدان لەپێناو ڕزگاربوونی، نە دوورخستنەوەی بۆ شارێکی تر… سوقرات دەڵێت باشە یاساکان ناڵێن سوقرات بۆ پەیمان و مەرجەکانی دەشکێنێت؟ ئاخر کەسێک نە تۆی پێ ناچار کردووە نە تۆی پێ فریوداوە، ستایشکەری یاساکان بۆ لە یاساکان ڕادەکات؟ ئەی ناڵێن تۆ سەرباری ئەوەی یاساکانی “لاکدمۆن و کریت” باشتر دەزانی، ستایشت دەکردن، هیچ سەرزەمینێکی تری یۆنان و جێیەکی ترت هەڵنەبژارد، زۆر کەس لەم شارە نەماون و ڕۆشتوونەتە دەرەوە، بە بەڵگەی ئەوەی کە شاری ئاتنیان بۆ تۆ، بە خۆشترین و لەبارترین شار زانیوە و یاساکانی لات پەسەندتر بوون. بۆ مەگەر ناڵێن هیچ کەسێک دڵخۆش نابێت مەگەر ئەوەی یاساکانی قبووڵ بکات؟ کەچی دەتەوێ پەیمان بشکێنێت؟ گریمانەی ئەوە بکەین دوور بخرێیتەوە، بچیتە شوێنێکی وەک تیبە و مەگار. سوقرات ئەمەی پێی باش نییە، دەزانێت ئەوان خاوەنی ئاداب و ڕەفتاری باشن و بە چاوی دژمنەوە تەماشای دەکەن، وەک شکێنەری یاسا لێی دەڕوانن، ئەمەش دەبێتە نیشانە و بەڵگەی ئەوەی ئاتنیان حووکمێکی ڕاستیان بەسەردا داوم، من یاساشکێنیم کردووە. لێرەدا سوقرات دەیەوێت بڵێت گەر من هەڵبێم، دەبمە یاساشکێن، حووکمی ئاتنیان بەسەرما دەبێتە حووکمێکی ڕاست؛ کەسێکیش یاساکان بشکێنێت “گەنجەکان و خەڵکی نادان”یش بە لاڕێدا دەبات. ئەوکات لە ڕووت دێت ئامۆژگاری خەڵکی بکەی دەربارەی ئەوەی چاکەکای و دادپەروەری لە هەموو شتێک بەرزترە؟ بە بڕوای تۆ، شتێکی ناشرین و نەنگی نییە؟ خۆ گەر ئەگەری ئەوە دابنێین بچمە تسالیش هەر نابێت، چونکە خەڵکی لەوێ ڕەفتار و بنەمای ئەخلاقی باشیان نییە، دڵخۆش دەبن بۆیان بخوێنی و لایان دەبیتە کەسێک کە کەوڵی خۆی گۆڕیوە تاکو ڕابکات. گەر هەڵبێم لە زیندان، ئەوان ناڵێن کەسێ لە ساڵانی حەفتاکانیدایە، لەبەر خاتری دەستگرتن بە ژیانەوە یاساکانی شکاندووە و ڕایکردووە لە زیندان؟ سوقرات مل نادات بۆ ئەوەی بچێتە شاری تسالی، گەر ئەوە بکات، چی بەسەر قسە باشەکانی دێت؟ قسە جوان و نەستەقەکانی دەربارەی فەزیلەت و دادپەروەری چ مانایەکیان دەمێنێت. لە کۆتاییدا، سوقرات لە یاساکان هەڵنایەت، حووکمی مردن قبووڵ دەکات و دەڵێت: ئەی کریتۆن، با واز لەمە بهێنین، با ئەو ڕێگەیە بگرینە بەر کە من دەیڵێم و خواوەند پێمانی پشان دەدات”، سوقرات بەر لەوەی بکەوێتە بارودۆخێکی لەم شێوەیەوە، بە ڕوونی بۆچوونەکانی خۆی باس کردوون و ئاشنان پێی، ئەو بۆچوونەکانی پێشووی وەک بنچینەیەکی جێگیر و نەگۆڕ داناوە، نایەوێت لە بنەماکنی خۆی بدات. قبووڵکردنی مەرگ لای ئەو، لە هەموو ئەو شتانە باڵاتر کە دەیهێننەوە ناو ژیان، ئەمە باوەڕێکی نەگۆڕی ئەوە. گەر ئامادەبووایە گیانی ڕزگار بکات، ئەوە ئەوانی تر، وەک کەسێکی بێ بنەما و هەڵوێست تەماشایان دەکرد و ئەمەش دۆزەخێکی بۆ ئەو ساز دەدا. کاریگەریی ئەمەش بە زەقی لەم دیالۆگەدا دەبینرێت؛ هەڵبەتە هەڵبژاردنی مەرگ و قبووڵکردنیشی بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ نیگای ئەوی تر، پابەندی بۆچوونەکانی خۆی دەبێت، کە ئاشنان پێی، پەیمان ناشکێنێت و هەڵنایەت لە یاساکان.
“شش رسالە (حکمت سقراط و افلاطون): لاپەڕە ١٦٥”
[2] هەمان سەرچاوە: لاپەڕە ١٦٧
[3] (هەمان سەرچاوە لاپەڕە: ١٦٧)
[4] مروری بر رسالە کریتون افلاتون، آرش شمسی
ناوی سایت: lycee.ir/crito-plato/
[5] هەمان “شش رسالە (حکمت سقراط و افلاطون): لاپەڕە ١٦٨”
[6] شش رسالە (حکمت سقراط و افلاطون)، لاپەڕە ١٦٨ – ١٦٨)
[7] (هەمان سەرچاوە١٧٠_١٧١)
[8] (هەمان سەچاوە١٧١)
[9] (هەمان سەرچاوە: ١٧٢)
[10] هەمان سەرچاوە: ١٧٢
[11] (هەمان سەرچاوە: ١٧٦)