٢+٢= ٥: ئۆروێڵ، ١٩٨٤ و چەپی نوێ

جۆن نیوسینگەر |

لە ئینگلیزییەوە: عیسا عوسمان|

 

ئۆروێڵ بەهۆی خوێنبەربوونێکی زۆری سییەکانەوە، لە نەخۆشخانەیەکی زانکۆی لەندەن، لە ٢١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٠دا گیانی سپارد. ئەوکات تەمەنی ٤٦ ساڵ بوو و بۆ ماوەیەک خراپ نەخۆشی چۆکی پێ دادابوو. خەونەکەی ئۆروێڵ کە دەیویست لە جورا بژی، بە هەموو شێوەیەک کۆتایی هات ئەو کاتەی لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٤٩دا چووە نەخۆشخانەی سیلی گرانهام[1] لە گڵوسێستێرشایەر[2]. بارودۆخی خراپتر بوو و لە ٣ی ئەیلوولدا چووە UCH. چاوەڕوان نەبوو هەر وا بمرێت، بەڵکە چاوەڕوان بوو ئەو ساڵە کەمانەی کە لە تەمەنی ماونەتەوە، بە دەردەداری بیانگوزەرێنێت و لانیکەم لە پاڵ ئەوەشدا توانای نووسینی هەبێت. تەنانەت تا کۆتاییەکانی تەمەنیشی، بیروڕا سیاسییە سۆسیالیستییەکانی هەر وەک خۆیان مابوونەوە. لە ١٧ی نیساندا، لە یادداشتنامەکەیدا گلەیی لەو هەموو دەنگە ئینگلیزییەی سەر بە چینی باڵا کردبوو کە لە گرانهام هەبوون. لە سکۆتلەند، خووی بە دەنگەکانی چینی خوارەوە، یاخود چینی ناوەندییەوە گرتبوو، بەڵام ئێستە وەک ئەوە وا بوو کە یەکەم جاری بێت گوێی لە چینی باڵای ئینگلیزی بێت بۆ یەکەمین جار، جا چ دەنگگەلێکیش بوون! جۆرێک لە خۆبەزلزانین و لەخۆڕابینینى گەوجانە… لە سەرووى هەمووشییەوە، جۆرێک لە قورسوقۆڵی و دەوڵەمەندیی تێکەڵ بە کینەبەرایەتی. ئەمانە دژ بە هەموو شتێکی جوان و زیرەک و هەستیار بوون. گومانیشی تێدا نییە کە ڕقیان لێمانە.

یەکێک لەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانە سەردانی ئۆروێڵی دەکرد، ستێفان سپێندەر[3] بوو. ستێفان پێی وا بوو کە هەردووکیان (خۆی و ئۆروێڵ)، چاوەڕوانی شتێک بوون ناوازەتر لە ئەتلیسەکەی ئینگلتەرای ڕاپۆرتی بێڤێرج[4] و سیستمی ئاسوودەیی گشتی، دواجار ئۆروێڵ هیوای مانیفێستێکی شۆڕشی دەخواست. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچوو هێشتا خەڵک بەراورد بە سۆسیالیزم، هۆگرییەکی زیاتریان بۆ سیستمی ئاسوودەیی گشتی هەبێت. چەند حەفتەیەک بەر لە مردنی، بۆ دواهەمین جار چاوی بە ئۆروێڵ دەکەوێت، لەو کاتەشدا ئۆروێڵ گلەیی لەوە کردووە کە وێڕای هەبوونی حیزبی کرێکاران، کەچی نیشانەگەلێکی زۆری سەرمایە لە لەندەندا هەن. یەک دنیا ڕۆڵس ڕۆیزی لێیە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کە حکوومەتی کرێکاری، یاخود حیزبی کرێکاران، ڕژێمێکی سەختگیری توندی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاندبوو. تەنانەت ئەو کاتەش کە سپێندەر بە ئۆروێڵ ڕادەگەیەنێت کە زۆربەی هەرە زۆری ئەمانە بێگانەن یاخود سەر بە باڵیۆزخانەی بێگانەن، ئۆروێڵ هەر هەستی دەکرد کە هەبوونی نیشانەگەلێکی ڕوون کە پشتڕاستی دەکاتەوە چینێک لە چینێکی دیکە باشتر دەژی باش نییە، لانیکەم لەبەر ئەوە نا کە ورە دەڕووخێنێت. لە جێیەکی تردا، سپێندەر باس لە چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی هێرشی کۆمۆنیستەکان دەکات لەگەڵ ئۆروێڵدا کە کەم تا زۆر نموونەییانە وەڵامی دابووەوە کە مرۆڤانێک هەن، وەک ڕووەکخۆر و کۆمۆنیستان، کە قسەیان لەگەڵ ناکرێت و وەڵام نادرێنەوە!

هێرشێک نییە بۆ سەر سۆسیالیزم

١٩٨٤ ڕۆمانێکی ئینگلیزیی گرنگی سەدەی بیست بوو سەبارەت بە ستەمکاری. ئۆروێڵ لە ٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨دا کۆتا دەستنووسی ڕۆمانەکەیی تەواو کرد و لە ٨ی حوزەیرانی ١٩٤٩شدا لە بەریتانیا و لە ١٣ی هەمان مانگیشدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو بووەوە. ئۆروێڵ تەنانەت ئەو کاتەش کە لەنێوان ژیان و مەرگدا جۆلانێی دەکرد، لە خەمی ئەوەدا بوو کە ڕۆمانەکەی چۆن دەخوێنرێتەوە؛ دواجار بە شێوەیەکی ئەرێنی و وەک ڕەخنە و هێرشێک بۆ سەر چەپەکان، لە ئەمریکا پێشوازیی لێ کرا. ئۆروێڵ خۆیشی چاوەڕێی دەکرد چەپەکان بەو جۆرە باسی بکەن، بەڵام کاردانەوەی خەڵکانی ئاسایی سەبارەت بە کتێبەکە گشتگیرتر بوو و وەک کتێبێکی دژەسۆسیالیستی باسیان دەکرد. تا ڕادەیەک ئەمە هەڵەی خۆی بوو، بەرهەمی نیازەکانی خۆی بوو لە کاتی نووسینیدا. کاتێک مەزرای ئاژەڵانی نووسی، زیاتر مەبەستی بوو دژی ئەو پشتگیرییە بوەستێتەوە کە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت نیشان دەدرا. لە بەریتانیادا لەمسەر بۆ ئەوسەری کایەی سیاسی، پشتگیری و ستایشێکی زۆری ستالین و یەکێتیی سۆڤیەت دەکرا، هەمووشی لەبەر خاتری ئەو هەوڵانەی کە لە شەڕەکەدا خرابوونە گەڕ تاکوو نازیزم تێک بشکێنن. بەڵام مەزرای ئاژەڵان بۆ ئەوە نووسرا کە چیرۆکی بەلاڕێدابردن و ناپاکیکردنی شۆڕشی ڕووسیمان نیشان بدات و لە پاڵ ئەمەشدا پێمان بڵێت کە ڕووسیاکەی ستالین لە ڕووی ئاکارییەوە، هیچی لە دەوڵەتە زلهێزەکانی دیکە باشتر نییە. کۆتا دیمەنی ڕۆمانەکە، ئەو کاتەی ئاژەڵەکان چیدی مرۆڤ و بەرازەکان لە یەکدی جیا ناکەنەوە، توانج و ڕەخنەیەک نەبوو لەبارەی هاوپەیمانیەتەکەی ستالین و هیتلەرەوە، بەڵکە زیاتر ڕەخنەیەک بوو کە لە کۆنفرانسەکەی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ی تارانەوە سەرچاوەی دەگرت و تێیدا ئۆروێڵ ئاماژەی بەوە دابوو کە ستالین، چەرچل و ڕۆزڤێڵت دەیانویست جیهان لەنێو خۆیاندا دابەش بکەن. ئۆروێڵ لەو کاتەدا کە ڕۆمانی مەزرای ئاژەڵانی نووسیبوو، چاوەڕوانیی ئەوەی کردبوو کە هاوپەیمانییەکەی یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا و بەریتانیا تا دوای شەڕیش بەردەوام بێت، هەڵبەت بەبێ دژواری و کێشە نا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی سارد شتێک بوو کە ئۆروێڵ لەو کاتەدا پێشبینیی نەکردبوو. تا ئەو دەمەی کتێبەکە لە ئابی ١٩٤٥دا بڵاو بووەوە، بارودۆخەکە بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات. بەڵام دواجار ڕوون بوو کە مەزرای ئاژەڵان لەپێناو دژایەتیکردنی ستالینیزم و پشتگیریی سۆسیال دیموکرات لە چوارچێوەی باڵی چەپدا، نووسرابوو. بێ گومان کتێبەکە سەبارەت بە بەدرۆخستنەوەی شۆڕش نەبوو، وەک ئەوەی هەندێ کات قسەی لەبارەوە دەکرا، بەڵکە هۆشدارییەک بوو سەبارەت بە ناپاکیکردن لە شۆڕش. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧دا پێشەکیی بۆ چاپە ئۆکرانییەکە نووسی، هێشتاش لەسەر ئەوە سوور بوو کە دەیەوێت ئەفسانەی سۆڤیەت لەناو بەرێت، چونکە پێی وا بوو کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێواندنی بیرۆکەی ڕەسەنی سۆسیالیزم هەیە، بۆ ئەوەی هەموو کردەیەکی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت ڕەد بکرێتەوە هەڵبەت گەر لاسایی نەکرێتەوە. لەناوبردنی ئەم ئەفسانەیە زۆر گرنگ بوو، گەر بمانویستبا دووبارە جووڵانەوەی سۆسیالیستی هەستێنینەوە.

ئۆروێڵ لە نووسینی ١٩٨٤دا دوو ئامانجی هەبوو. گومانی تێدا نییە کە ئۆروێڵ ویستوویەتی کتێبەکە ڕەخنەیەکی قووڵتر و کارەساتبارتری ستالینیزم بێت، دواجار تۆتالیتاریزمیش بە شێوەیەکی گشتی. هەر بەو جۆرەی بینیمان و لە کاتێکدا کە هیشتا لە خەمی سۆسیالیست دیموکراتدا بوو، هاوکات سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە لەو کاتەدا دەنران ڕەشبین بوو و، دەکرێت لە ڕۆمانەکەشدا بە زەقی هەست بەم ڕەشبینییە بکرێت. وەک بینیمان وتارەکەی لەبارەی پارتیزانییەوە کە لە تەمموزی ساڵی ١٩٤٧ لەژێر ناونیشانی بەرەو یەکێتیی ئەورووپا بڵاو بووەوە، نموونەیەکی باشی بیرکردنەوەکانی ئەو بوون لەو کاتەدا: بارودۆخێک بوو کە بۆ سۆسیالیستێک هیچ مایەی دڵخۆشی نەبوو و، تەواو نائومێدکەریش نەبوو، بەڵام ١٩٨٤ لە لایەکی دیکەشەوە بە مەبەستی خستنەڕووی بانگەشەی شەڕ دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت نووسرابوو، دەقێک بوو لەبارەی شەڕی ساردەوە. گرنگە بیرمان نەچێت کە ئۆروێڵ پێی وا بوو حکوومەتی کرێکاری بە هاوپەیمانیی ئەمریکا ئەم شەڕە ساردەی هەڵگیرساندووە، حکوومەتێکی کرێکاری کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی دەکرا. بێ گومان ئەو ئاگادار نەبوو کە ئەم سیاسەتە دەرەکی و ئیمپریالیانە چەندێک لە سیاسەتی سۆسیالیستییەوە دوورن. لەبەر ئەم هۆکارەی دواتریان بوو کە کتێبەکە لە لایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە سوودێکی زۆری لێ بینرا تاکوو لە شەڕی بانگەشەدا، شەڕی یەکێتیی سۆڤیەتی پێ بکەن. کە باسەکە دێتە سەر گرنگیی کتێبەکە دەربارەى دژایەتیکردنی چەپ، خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێ بدەین، ئەویش ئەوەیە کە بەشێکی هەرە زۆری باڵی چەپ، کۆمۆنیستەکان و هاوڕێ گەشتیارە جۆراوجۆرەکان، بەردەوام و لە کاتێکدا کە ئۆروێڵ دەیویست ئەفسانەی سۆڤیەت لەناو بەرێت، ئەوان باوەشیان پێدا دەکرد. ئەم بەرەیەی چەپ، بە درێژایی ئەو کاتە ڕێگەیان دا کتێبەکە لە دژیان بەکار بهێنرێت و بەردەوامیش گلەیی و گازندەی ئەم ڕاستییەیان دەکرد.

ئۆروێڵ چەند مانگێک بەر لە مردنی، ئاگاداری دزینی کتێبەکە بوو، هەر بۆیەش هەموو هەوڵی خۆیی خستە گەڕ تاکوو بەرەو پێشی بەرێت. ئەم پڕۆسەیە لە ئەمریکا، لە لووتکەدا بوو و ئۆروێڵیش بە فریدریک واربۆرگی بڵاوکەرەوەی گوت کە لەو ڕووەوە زۆر نیگەرانە. ئۆروێڵ لە ڕێی لیۆنارد مۆری بریکارییەوە، لە ٢٢ی تەممووزی ١٩٤٩دا و لەژێر ناونیشانی بانگەشەی سۆسیالیستی لێدوانێکی نارد بۆ یەکێتیی جیهانی ئەمریکا و ڕۆژنامەی نیویۆرک. تێیدا ڕوونی کردەوە کە ڕۆمانی ١٩٨٤ وەک هێرشێک بۆ سەر سۆسیالیزم نەنووسراوە. قورسە لەمە تێبگەیت و هیچ ڕێگەیەکی تری گەیاندنی ئەم ڕاستییەش بوونی نەبوو. وەک چۆن هێرشێکیش نییە بۆ سەر حیزبی کرێکارانی بەریتانی (کە من خۆم پاڵپشتیانم). بەڵکە لەبری هەموو ئەمانە، ئامانج لێی ئاشکراکردنی ئەو گەندەڵیانە بوو کە پێشوەختە تا ڕادەیەک لە کۆمۆنیزم و فاشیزمدا دەرکیان پێ کرابوو و ئابووری ناوەندی لێیان بەرپرس بوو. ئامانجی کتێبەکە بەگژداچوونەوەی بیرۆکە تۆتالیتارییەکان بوو، چیرۆکی ڕۆمانەکەش لە ئینگلتەرادایە تا نیشانی بدات کە هاوڵاتیانی ئینگلیز بەدەر نین لەم دەردە و دەکرێت بکەونە ژێر کاریگەرییەوە.

هەوڵەکانی ئۆروێڵ تا کتێبەکە نەکەوێتی دەستی ڕاستڕەوەکان هەر زوو لە لایەن مەرگی ناوەختییەوە وەستێنران، گومانیشی تێدا نییە کە ئەگەر خۆی بمابا و ئەم هەوڵانە بەردەوام بووبان، ئەوا نازناوی کتێبەکە و خوێندنەوە بەسوودەکانی بە تەواوی جیاواز دەبوون. خۆ گەر تەندروستیشی جێگیر بباوە و بیتوانیبا دووبارە بە شێوەیەکی جددی دەست بداتەوە نووسین، ئەوا ئەم ڕۆمانە کۆتا دەقی نەدەبوو، بەڵکە دەبووە ڕۆمانێک لە ڕیزی نووسینەکانی دیکەیدا. ئاخر ئەو پلانی بۆ نووسینی ڕۆمان و وتارگەلێک دانابوو، وتارگەلێک لەبارەی ئیڤیلین وا[5]، جۆسێف کۆنراد[6] و ئەنارشیزمی سەدەی نۆزدە، هاوکات وتار و شرۆڤە و خوێندنەوەگەلێک کە تەرخان کرابوون بۆ سۆسیالیزم و بەرگریکردن لە پرس و سەرڕاستیی سۆسیالیزم، لەگەڵ تاوتوێکردنی کێشە کاتییەکان. وەک فیڤێڵ[7] ئاماژەی پێ دەدات ئۆروێڵ نیازی نەبووە ڕۆمانی ١٩٨٤ بکاتە کۆتا نووسینی خۆی.

لەبری ئەوە، پەیامی کتێبەکە لە لایەن ئەمریکا و حکوومەتی بەریتانییەوە وەک کەرەستەیەکی بانگەشەی بەهێز لە شەڕی ساردی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەتدا قۆسترایەوە، جیا لەمەش بەکاریان هێنا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئیمپریالییە جیهانییەکانیان. دواجار، ئەم ئاشکراکردنە مەزنەی پۆلیسی نهێنیی دەوڵەت و ئەو درۆ داڕێژراوانەی کە بەردەوام لە لایەن وەزارەتی ڕاستییەوە بەرهەم دەهێنرێنەوە، لە خۆیدا بووە چەکێک لە دەستی ئەمریکا و دەزگا نهێنییەکانی بەریتانیادا و بۆ مەبەستگەلێک بەکار هێنران کە خودی نووسەرەکەی هەرگیز لە ژیانیدا وەها شتێکی بە بیردا نەهاتبوو. بە بۆچوونی دەیڤد کاوت[8]، ڕۆمانی ١٩٨٤ زۆرترین کاریگەریی لەسەر جەنگی سارد داناوە، بە جۆرێک کە هیچ دەقێکی مێژوویی، زانستی سیاسی یاخود ڕیپۆرتاژ، وەها کاریگەرییەکی نەبووە. دەنگی ئەمریکا کتێبەکەی کردە زنجیرەبەرنامەیەک، لەولاشەوە سی ئای ئەی ئەرکی وەرگێڕانی کتێبەکەی بۆ ٣٠ زمانی جیهانی، گرتە ئەستۆ. کتێبەکە چەمکگەلێکی ئامادەی لە خۆ گرتبوو کە شەڕی کولتووری یەکێتیی سۆڤیەتیان پێ دەکرا، ئەو شەڕەی کە لە سەرانسەری دونیادا بەرپا بووبوو. لێرەدا تەنیا سی ئای ئەی و ئای ئاڕ دی نەبوون کە وەک بانگەشەیەکی بەهێز سوودیان لە ئۆروێڵ و بەرهەمەکەی بینی. وەک جۆن ڕۆسی[9] ئاماژەی پێ دەدات، تەنانەت ئەو کاتەش کە ئۆروێڵ خۆی زیندوو بوو، بە شێوەیەکی مەجازی بووبووە ڕزگارکەری ئەمریکا، لێرەدا وەشانخانەی لوک بە دیاریکراوی کاری لەسەر ئەم پرسە دەکرد. جۆن ڕۆسی بەردەوامی بە قسەکانی دەدات: «ئەوە تەنیا تایم نەبوو کە قسەی لەسەر ١٩٨٤ کرد، بەڵکە سەرنووسەرێکی تایبەتی لایفیش سەرنجی خەڵکی بە لای کتێبەکەدا ڕاکێشا. مشتومڕیان لەبارەی کتێبەکەوە کرد و گوتیان کە ١٩٨٤ نیشاندەری ئەو مەترسیانەیە کە پەیمانێکی تایبەت ڕووبەڕووی جیهانێکی ئازادیان دەکاتەوە، چونکە لەو باڵەی چەپەوە سەرچاوە دەگرێت کە هاوڕێ چەپەکانی ئاگادار دەکاتەوە وریا بن، نەبادا ئارەزووەکانیان ببنە هۆی بەدبەختکردنی مرۆڤایەتی.»

ڕوونە کە ئەمە مەبەستی ئۆروێڵ نەبووە، جیا لەمەش، هەموو هەوڵەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بیرۆکەیە، پشتگوێ خران. ئەی وەڵامی چەپەکان؟

هیچ تۆمەتێک قێزەون نییە

کاردانەوەی چەپە بەریتانییەکان لە بەرانبەر ١٩٨٤دا بە تەواوی ڕقلەدڵانە بوو. حیزبەکە تەواو خۆی بۆ ستالین تەرخان کردبوو، خۆی بۆ ئەفسانەی یۆتۆپیای ستالینی و لەناوبردنی دژمنەکانی و ڕەخنەگرتن لە چەپەکانی دیکە یەکلا کردبووەوە. ئەی ئێڵ مۆرتن[10]، مێژووناسی کۆمۆنیست و نووسەری کتێبی مێژووی خەڵکی ئینگلتەرا، زۆر نموونەییانە هەوڵی دەدا کتێبەکە وەک کتێبێکی دژەسۆسیالیزم نیشان بدات، هاوکات بە ئەنقەست هەوڵی لاوازکردنی ململانێکانی سۆسیالیزم و بەهێزکردنی لایەنە ڕاستڕەوەکانی دیکەی دەدا. لە کتێبەکەیدا یۆتۆپیای ئینگلیزی کە لە زۆر ڕووەوە کتێبێکی ناوازەیە و ساڵی ١٩٥٢ بڵاو کراوەتەوە، ١٩٨٤ی وەک کتێبێکی خراپ ناوزەند کردووە، وەک کتێبێک کە کاردانەوەیەکی ڕوونی هەیە و سوورە لەسەر هێشتنەی دەرککردنێکی ڕاستەقینەی یۆتۆپی. ئۆروێڵ گوتی کە هەرچەند دامودەزگاکان گەندەڵ بن، بەڵام پێویست دەکات لەناویاندا بمێنینەوە، ئەگینا گۆڕانکارییەکان نەک هەر باشتر نابن، بەڵکە خراپتر دەبن. مەبەستی ئەو، نیشاندانی ئەو ڕاستییە بوو کە هەموو هەوڵێکی چەسپاندنی سۆسیالیزم، جیهان بەرەو گەندەڵی، ئەشکەنجە و نائاسایشی دەبات، جا لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجەشدا هیچ تۆمەتێک قێزەون نییە و هیچ ئامێرێکیش دزێو نییە. کتێبەکە دواهەمین لێدوان بوو… وەک داوای لێبووردن لە شۆڕشی پێچەوانە. کتێبێکی خراپ بوو، کتێبێک کە تەنانەت نەدەچووە خانەی ڕسواییشەوە! جا لە بارێکدا گەر یەکێک ئاگاداری مەبەستەکە نەبووبێت، ئۆروێڵ خوێنەرانی دڵنیا کردەوە کە هێزی چینی کرێکار تۆقێنەرە. ئەم ڕقە تا ساڵی ١٩٨٤یش ئامادەیی هەبوو، تا ئەو کاتەی کە کتێبی لەناو ئەفسانەدا بڵاو کرایەوە کە کریستۆفەر نۆریس[11] پێیدا چووبووەوە و دوو بڵاوکەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستیش بە ناوەکانی لۆرێنس[12]و ویشارت[13]، بڵاویان کردبووەوە. نۆریس کۆمەڵە وتارێکی چەپەڵانەی بە مەبەستی سووکایەتیکردن بە ئۆروێڵ کۆ کردبووەوە. لێرەدا ئەلێریک جەیکەب[14] کە ڕۆژنامەنووسێکى گەشتیار بوو، وەک یەکێک لە قێزەونترین کتێبەکانی مێژوو ئاماژەی بە ١٩٨٤ داوە، ئەو دەڵێت کتێبەکە بە ڕادەیەک ترس، ڕق، درۆ و بێزکردنەوە لە خودی تێدایە کە کتێبەکانی مارکی دو ساد[15] لەچاویدا هەر هیچ نین. مەگەر تەنیا ڕاستییەکانی پشت ستالینیزم و ساڵەکانی داپۆشینی ئەم ڕاستیانە، لەپشت ئەم هەموو کینەیەوە بن! ئەم ڕق و هێرشانە بە جۆرێک لە جۆرەکان، لێرە و لەوێ لەناو چەپەکاندا تا ئەمڕۆش بوونیان هەیە، هێشتاش خەریکی ناشرینکردنی هەوڵەکانی ئۆروێڵن کە دەیویست ئەفسانەی سۆڤیەت تێک بشکێنێت.

لێرەدا گرنگە باس لە کاردانەوەی حیزبی کۆمۆنیست لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ١٩٨٤ بکرێت. کە کتێبەکە بڵاو بووەوە، ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە چنگی شەپۆلێکی پاکتاوی تونددا بوو، مەبەست لەم شەپۆلانە، دەرکێشانی ڕەگی هەموو ئەو تیتۆیستانە[16] بوو کە لەناو حیزبە کۆمۆنیستەکاندا بوونیان هەبوو. ئەم جیابوونەوە زەقەی تیتۆ[17]، ڕژێمەکەی ستالینی ناچار کرد بکەوێتە جووڵە تاکوو هەمان بەرەنگاری کە دژ بە زۆردارییەکانی ڕووسیا دەنوێنرا، لە شوێنی دیکەشدا سەر هەڵنەدات. لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا، کۆمۆنیستە سەرسەختەکان، بەو ژن و پیاوانەشەوە کە بەهۆی بابەتی کۆمۆنیزمەوە تووشی دەردیسەری و بەڵایەکی گەورە بووبوون، دەستگیر کران، دواتر ئەشکەنجە دران و ناچار کران دان بە تاوانگەلێکدا بنێن کە لێیان بەری بوون. گومانی تێدا نییە کە هەموو حیزبە کۆمۆنیستییەکانی خۆرئاوای ئەورووپا، ئاگادار بوون کە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم کەسانە ڕاست نین و هەڵبەستراون، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر بە پەرۆشەوە پشتیوانیی ئەم پڕۆسەی پاکتاوکردنەیان دەکرد، وەک چۆن لە ساڵی ١٩٣٠شدا هەمان کاریان کردبوو.

شەپۆلەکانی پاکتاوی دوای جەنگ، دابەش دەبوون بەسەر دوو شەپۆلدا. یەکەمیان لە ساڵانی ١٩٤٨–١٩٤٩دا بوو کە ناوچەکانی ئەلبانیا، هەنگاریا و بولگاریای دەگرتەوە، دووەمیان لە ساڵەکانی ١٩٥٠–١٩٥٣دا کە ڕۆمانیا، ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و چیکۆسلۆڤاکیای دەگرتەوە، بەشوێنیشدا هەڵمەتێکی پاکتاوی گەورە لە یەکێتیی سۆڤیەتدا دەستی پێ کرد، کە تەنیا مەرگی ستالین وەستاندی. شەپۆلی دووەم، هەڵگری لایەنێکی دژەجوولەکانەش بوو. بەپێی یەکێک لە توێژینەوە ئەکادیمییە هەرە نوێیەکان، سەدان هەزار کەس کە وەک دژمنی خەڵک سەیر دەکران، دەستگیر کراون، لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، یاخود لە قوتابخانە و زانکۆکان وەدەر نراون و ڕەوانەی ئۆردوگای کاری زۆرەملێ کراون. چەند هەزار کەسێک لەوانەی دەستگیر کرابوون، یان ئەوەتا بە ئاشکرا کوژراون، یانیش بە شێوەیەکی نایاسایی سەرنگوم کراون. ژمارەکان لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی دی دەگۆڕێن. لە ڕۆمانیا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٨–١٩٥٣، وا دەخەمڵێنرێت کە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس دەستگیر کرابن، لە بولگاریا نزیکەی ٤٠ هەزار کەس زیندانی کراون، لە چیکۆسلۆڤاکیاش نزیکەی ٩٠ هەزار کەس وەک تاوانباری سیاسی بەدواداچوونیان بۆ کراوە و سزا دراون. لە هەنگاریا، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٨–١٩٥٣دا، نزیکەی ٧٥٠ هەزار کەس تاوانبار کرابوون. ئەم هەڵمەتە، حیزبە کۆمۆنیستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاشی گرتەوە و نزیکەی دوو ملیۆن ئەندامیان لێ دەرکرا، کە ئەمەش چارەکێکی زیاتری ژمارەی ئەندامەکانیان بوو، زۆرێکیان ئەندامی هەمیشەیی و دێرینی حیزبەکە یاخود سەربازی ساڵانی داگیرکاریی نازییەکان بوون، دواتریش بەشێکی هەرە زۆریان کە ژمارەیان دەگەیشتە ٢٥٠ هەزار کەس، بە ئەندامانی تازە و ئەوانەی پێشووشەوە، دەستگیر کران و لە زیندان نران. لە هەمان کاتیشدا سەدان هەزار کەسی ئاسایی، بەوانەوە کە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بوون و ئەوانەش کە ئەندام نەبوون، دوور خرانەوە، ڕابەرانی حیزب و دامودەزگاکانی ئاسایشیش بە فەرمانی ستالین پاکتاو کران و دواتریش لە لایەنNKVD [18] لێیان پێچرایەوە و دادگایی کران. لە بولگاریا، ترایچۆ کۆستۆفی[19] جێگری پێشووی سەرۆکوەزیران، کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ ئەندامی حیزب بوو و دە ساڵی لە زینداندا بەسەر بردبوو، بە تۆمەتی تیتۆیزم لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٤٩دا دەستگیر کرا و لە ١٦ی کانوونی یەکەمدا کوژرا. لە هەنگاریا، لازلۆ ڕاجک[20]، کە وەزیری ناوخۆی پێشوو و ستالینییەکی سەرسەخت بوو، لە سەروبەندی ئەم هەڵمەتەدا دەستگیر کرا و بەم جۆرەش نزیکەی ١٤١ کەس تاوانبار کران کە دەبوو لە دادگەدا ئامادە بن. ڕاجک سەربازێک بوو سەر بە لیوا جیهانییەکان، لە ماوەی جەنگەکەدا، ئەندامێکی چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی بووە و ئاقیبەت کاری ڕاجک لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی ئەڵمانیادا کۆتایی هات. ئەم مێژووەی ڕاجک، یارمەتیدەر نەبوو لە پاراستنیدا. بگرە بە پێجەوانەوە، سەبارەت بە تیتۆیزم ڕووسەکان زیاتر گومانیان خستە سەر. دادگاییەکانی هەنگاریا لەژێر سەرپەرشتیی ڕووسیادا بەڕێوە چوون و ستالین خۆی دەیخوێندنەوە و لەسەر کۆتا حوکمی ڕاجک بڕیاری دەدا. زیندانییەکان بەردەوام ئەشکەنجە دەدران، لە سەروبەندی ئەم ئەشکەنجەدانەشدا، هەندێکیان ڕزگاریان نەدەبوو، تا لێواری مەرگ فەلاقە دەکران، یاخود برسێتی تەنگی پێ هەڵدەچنین و «تەنانەت کار دەگەیشتە خواردنی پیساییش»، لە لایەکی تریشەوە بێ گومان هەڕەشە لە خێزانەکانیان دەکرا، بەزۆری دەستگیر دەکران و وەک دیل و بارمتە لەوێ دەهێڵرانەوە. جوولیای هاوسەری ڕاجک، یەکێک بوو لەوانەی زیندانی کرا و کوڕەکەیان لێ سەند. لە دادگاییەکانیاندا، گشتیان دانیان بە «پووچترین تاواندا» نا. خودی ڕاجک، لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩دا لە سێدارە درا. ژنەکەییان ناچار کرد سەیری لەسێدارەدانەکەی بکات و تەنانەت پاش ئەوەش کە لە ساڵی ١٩٥٥دا ئازاد کرا، هیچیان لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیەوە پێ نەگوت.

لە چیکۆسلۆڤاکیا، ڕودۆڵف سلانسکیی[21] سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیست، بە فەرمانی ستالین لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٩٥١دا دەستگیر کرا. جۆسێفای هاوسەری سلانسکیش لەناو دەستگیرکراواندا بوو و دواتر لەبارەی لێکۆڵینەوەکانیانەوە دەنووسێت کە «چۆن هەڕەشەی کوشتنی هەردوو منداڵەکەیان لێ کردووە». لە زیندانەکەیدا، تۆماری دانپێدانانی مێردەکەیان بۆ لێ دەدایەوە، جا پێیان دەوت کە پێشوەختە دەقی دانپێدانانی ئەویشیان نووسیوە و بگرە دەتوانن خۆشیان لەبری ئەو ئیمزای بکەن گەر لە بارێکدا ئیمزاکردنی دانپێدانانەکە ڕەد بکاتەوە. پاش چەندان مانگ لە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، ١٤ تاوانبارکراو برانە دادگە، یازدەیان جوولەکە بوون، گشتیان تۆمەتی «ترۆتسکیزم–زایۆنیزم[22]» و کارکردن لەگەڵ فەڕەنسا و دەزگاکانی ئەمریکا و بەریتانیا درابووە پاڵیان. ئەم کارە، بەو جۆرەی کێڤن مکدێرمۆت[23] و ماسیو ستیب[24]مشتومڕیان لەبارەوە دەکرد، نمایشێکی دادگایی دژەجوولەکانە بوو. یازدە تاوانبارکراویان لە ٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٢دا فەرمانی مەرگیان بۆ دەرچوو و لە سێدارە دران. یەکێک لەو لەسێدارەدراوانە، لودویگ فرێجکا[25] بوو کە لە سەروبەندی جەنگەکەدا، لە دەیکی وۆکەری[26] لەندەندا کاری دەکرد. هاوسەرەکەشی لەناو ئەوانەدا بوو کە وا بڕیار بوو حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەربچێت. یەکێک لە قوربانییەکانی دیکە، ئۆتۆ کاتز[27] بوو، کە کۆمۆنیستەکانی بەریتانیا زۆر پێی ئاشنا بوون. ئۆتۆ لە بڵاوکردنەوەی کتێبێکی کۆمۆنیزمدا تێوە گلابوو و لە کانوونی دووەمی ١٩٣٧یشدا کتێبەکەی خۆی بە ناونیشانی پیلانگێڕییەکانی نازی لە ئیسپانیا، بڵاو کردەوە. هاوکات ئۆتۆ لە کپکردنەوەی «ترۆتسکییە فاشیستەکان»ی ئیسپانیادا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە. لە دانپێدانانەکەی ساڵی ١٩٥٢دا، جیا لەوانی تر، دانی پێدا نابوو کە نۆیل کاوەرد[28] و کلاود کۆکبێرن[29] سیخوڕی بەریتانین. یەکێک لەو سیخوڕە بەریتانیانەی دیکە پیتەر سمۆڵێت[30]بوو کە پلان دانرابوو بیڕفێنن، دواتر بیدەنە دەست یەکێتیی سۆڤیەت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەربچێت. دادگاییەکە ساتێکی پێکەنیناویی گرۆتێکسی لە خۆ گرتبوو، لە کاتێکدا کە ئۆتۆ خەریکی گوتنەوەی دانپێدانەنە خەفەتبارەکەی خۆی بوو و لە سەروبەندی لێکۆڵینەوەکەشدا بە تەواوی خواردن و خواردنەوەیان لێ گرتبووەوە و هاوکات هەموو قایش و بەستەرێکی دیکەشیان لێ سەندبوو تاکوو هەوڵی خۆکوژی نەدات، کتوپڕ و لە نیوەی دانپێدانانەکەدا پانتۆڵەکەی تا ئاستی قولەپێی دەخزێت و بەمەش بۆ ساتێک پڕۆسەی دادگاییکردنەکە دەوەستێت.

لە هەمان کاتدا کە ئۆروێڵ بە بوختانکردن بۆ کۆمۆنیزم تاوانبار دەکرا، خودی حیزبی کۆمۆنیست بەدەم تەماشاکردنی ئەم دادگاییانەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاوە ئاهەنگی دەگێڕا. دەکرێت بپرسین، ئایا ئەمە گەورەترین زیانی بە پرسی سۆسیالیزم گەیاند یاخود نا؟ بۆ نموونە جەیمس کلەگمان[31]، بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی دادگاییەکانی مۆسکۆ، کتێبەکەی خۆی لە ترۆتسکییەوە بۆ تیتۆ نووسی و گوتی کە ترۆتسکیستەکان سیخوڕی فاشیستن و تیتۆیستەکانیش لە زۆر باردا ئەو ترۆتسکیستانە بوون کە لە ساڵی ١٩٣٠دا خۆیان لە پشکنین دزیبووەوە. جیا لەمانەش، لە بەڵگەکانی دادگاییکردنە نوێیەکانی دواتر سوودمەند بوو. کلەگمان لە دانپیدانانەکەی ترایچۆ کۆستۆڤدا ئەو ڕاستییەی هەڵهێنجاند کە تیتۆ خۆی بە شێوەیەکی کەسی، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٣٤دا، بیرۆکە ترۆتسکیستەکانی بەو گوتوون. جا لە دانپێدانانەکەی ڕاجکیشدا ئەوەی هەڵهێنجاند کە چۆن لە تیپ و لیوا جیهانییەکاندا ترۆتسکیست بووە و کاری بۆ سەرخستنی فاشیستەکان کردووە و دواتریش کاتێک لە فەڕەنسا دەستگیر کراوە، ئەو و ترۆتسکیستە یوگۆسلاڤییەکان لە لیوا جیهانییەکاندا بۆ یەکەم جار کاریان بۆ دەزگای فەڕەنسی کردووە، هەڵبەت بەر لەوەی هاوپەیمانییەکەیان بگوازنەوە بۆ گێستاپۆ[32]. بە ڕای کلەگمان، کۆمەڵە ترۆتسکیستەکەی حیزبی کۆمۆنیستی یوگۆسلاڤ، لە لایەن تیتۆ، کاردێلج[33]، جیلاس[34] و ڕانکۆڤیچەوە[35] بەڕێوە براوە، جا بەم جۆرە و بە درێژایی ٢٠٤ لاپەڕە بەردەوام دەبێت. کلەگمان خۆێشی چاک دەیزانی کە هەموو ئەو شتانەی دەیاننوسی درۆن، هەڵبەتە درۆی ڕۆژانە نا، بەڵکە درۆگەلێکی تێکەڵ بە ئازار و خوێن. ئەو لە نزیکەوە زۆرێک لەوانەی دەناسین کە لە ساڵی ١٩٣٠دا بوختانی بۆ دەکردن، بەڵام سەبارەت بەو دانپێدانانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا کرابوون، بە تەواوی ویژدانی خستبووە لاوە. بە قسەی ژیننامەنووسەکەی، نووسینی کتێبەکە لە ڕووی جەستەییەوە نەخۆشی خستووە. کەسانی وەک کلەگمان، کە لەو پێگەیەدا نەبوون ڕەخنە لە ڕۆمانی ١٩٨٤ بگرن، زیاتر بە جۆرێک ڕەفتاریان دەکرد وەک بڵێیت کەسایەتییەکی ناو کتێبەکە بن. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە کلەگمان لەبارەیەوە نیگەران بوو، ڕۆڵی ئەهریمەنانەی چالاکییە تایبەتەکانی «SOE»ی بەریتانی بوو کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە هێنانەسەر دەسەڵاتی تیتۆ هەبوو. لە کاتی جەنگدا کاری بۆ SOE کردبوو و هەر بەو جۆرەی کە بیری لێ کردبووەوە، بە شێوەیەکی کەسی تێوە گلابوو و لەو ماوەیەشدا پرسی کۆمۆنیزمی خستبووە لاوە. خۆ گەر ڕژێمەکەی ستالین لە بەریتانیا دەسەڵاتی بگرتبا دەست، ئەوا مردنی ئەم مسۆگەر بوو. ئەوەی کە لای کلەگمان گرنگ بوو؛ ئەوە بوو کە هەر کات براگەورە بە گرنگی زانیبا، ٢+٢ دەیکردە ٥.

جگە لە گەڕانەوە بۆ یۆتۆپیای ئینگلیزی ئەی ئێڵ مۆرتن و بەنەفرەتکردنی ١٩٨٤، هاوکات پشتیوانیی بەها ئاکارییەکانی ڕووسیاکەی ستالینی دەکرد. تا ئەو ڕادەیەی کە بەلایەوە گرنگ بوو، بەرە بەرە یۆتۆپیای ئینگلیزی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا دەرکی پێ دەکرا ئەم یۆتۆپیایە لە پلانەکەی ستالیندا دەگۆڕا بۆ ڕاستیگەلێک کە بە تەواوی بارودۆخ و ڕوویUSSR یان دەگۆڕی. لێرەدا ناحەزییەک لە پشتگیریکردنی ویلیام مۆریس بۆ ستالینیزم هەیە، بەڵام لەم نێوەندەدا هەر تەنیا مۆرتن نەبوو. تەنانەت یەکێک لە مێژووناسە زیرەکەکانیش بە ناوی ئێدوارد سۆمپسن[36] لەو کاتەدا تووتیئاسا دێڕەکانی پاتە دەکردنەوە. لە وتارێکدا کە لە مانگی حوزەیرانی ١٩٥١دا لە ئەرینا[37] بڵاوی کردەوە، ویلیان مۆریس و کێشە ئەخلاقییەکانی ئەمڕۆ، کەم تا زۆر بە شێوەیەکی گرۆتێسکانە، گوتی کە مۆریس پشتگیریی ستەمکارییەکەی ستالینی کردووە، هەڵبەتە بەر لە مەحکوومکردنی ئۆروێڵ و کۆیستلەر[38] و ئەوانی دیکە و ناساندنیان وەک پارێزەرانی سەرمایەداریی ئەمریکی و شاردنەوەی ئەو واقعەی کە ناپاڵم (بۆمبی دۆزەخی) و قەسابخانەی سینگمان ڕیی[39] لە خۆ گرتبوو. بابەتەکە بابەتی پەشیمانییەکی بەسوێ بوو کە سەرمایەدارە ئەمریکییەکان و پارێزەرە بەریتانییەکان پێدەچوو هەنگاوێکی سەرەتاییان لە مەیدانی ئەخلاقدا نابێت. ئەمەش لەژێر پەردەی… قسەکردن لەسەر مافەکانی مرۆڤـەوە بوو کە بیروڕا دژبەرەکانی خۆیان لەبارەی یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەخستنە ڕوو. وەڵامی ئەو، پشتگوێخستنی هەموو جۆرە تاوانبارکردنێک بوو، ئەمەش بەهۆی زۆروزەبەندیی درۆوە. دووبارە ئەمە تەکنیکی درۆی گەورەی گۆیبێڵس[40] بوو. درۆیەک کە هێندە گەورەیە ناتوانین ڕووبەڕووی بیبنەوە، ناچار دەبێت پشتی تێ بکەین و وتووێژەکە بە ئاراستەی پرسیارگەلێکی کردەییتردا بەرین.

دواهەمین ئاسەوارەکانی وەهم

لەنێو ئەو کەسانەدا کە لە هەڵمەتەکانی پاکتاوی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا دەستگیر کران، ئەندامێکی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانی هەبوو بە ناوی ئیدیس بۆون[41]. ئیدیس ساڵی ١٩٩٠ لە هەنگاریا لە دایک بووبوو، لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، لە باڵی چەپی شۆڕشگێڕانەوە گلابوو، دواتر لە پورتوگال پەیوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی بوڵشەڤیکەوە کردبوو و لە ساڵی ١٩١٨شدا لە لایەن ڤیکتۆر سێرگییەوە[42] دامەزرابوو تاکوو هەڵەچنیی زمانی ئینگلیزیی ئەو گۆڤارە بکات کە مانگانە لەژێر ناونیشانی کۆمۆنیستی نێودەوڵەتی دەردەچوو، هەڵبەت بەر لەوەی وەک نامەبەریان دەستبەکار ببێت. سەروەختی چوونەسەر دەسەڵاتی نازییەکان، ئیدیس لە ئەڵمانیا بووبوو، بەڵام پاش ئەوەی نازییەکان بە تەواوی دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، ئیدیس بەرەو بەریتانیا کۆچی کردبوو. لە ساڵی ١٩٣٦ و سەروەختی کودەتا سەربازییەکە، ئیدیس لە کەتەلۆنیا دەبێت و بەر لەوەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، دەچێتە ڕیزی کۆمۆنیستەکانی کەتەلۆنیا. پاش بیست ساڵ زیاتر خزمەت لە جووڵانەوەی کۆمۆنیستیدا، ئیدیس لە ساڵی ١٩٣٩دا خۆی تۆمار دەکاتەوە، بەڵام ساڵی ١٩٤٢ دووبارە دەچێتەوە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانییەوە. ئێستاکە، کە لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، دەکرێت بڵێین کە چالاکییەکی وای نەماوە، بەڵکە زیاتر وەک خۆی دەڵێت کات بەڕێ دەکات. لە ساڵی ١٩٤٩دا قایل دەبێت کە وەک پەیامنێری دەیلی وۆرکەر بگەڕێتەوە وڵاتی هەنگاریا. هەر زوو و پاش گەیشتنە هەنگاریا، ئیدیس لە لایەن دەیلی وۆرکەرەوە ئاشکرا دەکرێت و بەم جۆرەش دەگیرێت و حەوت ساڵ لە زیندانی تاکەکەسیدا بەسەر دەبات. هەرچەند ئەو نزیکەی سی ساڵێک لەو جووڵانەوەیەدا کاری کردبوو و زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانی دەیانناسی، کەچی پاش دەستگیرکردن و دیارنەمانی، ئیدیس بوونی نەما، نە کەس باسی دەکرد، نە کەس هەواڵیی دەپرسی.

هەر بەو جۆرەی کە خۆی لە یادگارییەکانیدا باسی دەکات حەوت ساڵ تەنیایی سەرەتا، وەک کۆمۆنیستێکی بەوەفا هێشتاش ستایشی پۆلیسی نهێنیی ئەو کاتی دەکرد کە ئۆرگانێکی ئەو حیزبە بوو کە من تێیدا ئەندام بووم… هێشتاش ستایشم دەکرد چونکە گومانی باشم لەبارەیانەوە هەبوو، هەرچەند لە حاڵەتەکەی مندا، پێم وا بوو کە بە هەڵەدا چووبن. هەر زوو ئەم بڕیارە هەڵەیە کە لەبارەی ئیدیسەوە درا، بە لایەکدا بڕا. خرایە زیندانێکی چکۆلەوە ژوورێکی خەڵووزی چەپەڵ، بێ پەنجەرە، بێ گەرمکەرەوە، تەنیا ڕووناکیی ڕۆژ و تاریکیی شەوی تێدا بەدی دەکرا، تاکە کەرەستەیەکیش لەم ژوورەدا، تەختەخەوێکی نووستن بوو و سەرباری ئەمانەش ئیدیس بە نیوەبرسێتی دەهێڵرایەوە. لێکۆڵەرەکانی هەڕەشەیان دەکرد کە گەر دانی پێدا نەنێت سیخوڕی بەریتانیایە، ئەوا زۆر خراپتری بەسەر دێنن. یەکێک لە کێشەکانی ئیدیس ئەوە بوو کە بۆی دەرکەوت لە لایەن حیزبەکەی خۆیەوە دەستگیر کراوە. گەر لەژێر دەستی فاشیستاندا با، ئەوا دەیزانی کە چۆن بەرپەرچیان بداتەوە، بەڵام ئێستاکە ئەو لە ئۆردووگای خۆمدا دەستبەسەرم، جیا لەوەش ئەو خزمەتە زۆرەی کە لەو ڕێکخراوەدا هەمبووە هیچ سوودێکی نییە. ئیدیس هەر زوو وەخۆ هاتەوە و هەڵسوکەوتێکی زبری ناتەبایانەی بەرانبەر لێكۆڵەرانی نواند. بێخەو و برسی، لە سەرمادا هەندێک کاتیش بە تایەبت دەخرایە زیندانی زۆر ساردەوە، جیا لەمانەش لە بەردەم هەڕەشەی ئەشکەنجە و دووبارە و دووبارە لێکۆڵینەوەدا، ئیدیس ئەم شێوازی مامەڵەیەی بۆ هاوڵاتیانی بەریتانی ڕوون کردەوە.

کە زانیی ناتوانن لە ڕووی جەستەییەوە ئەشکەنجەی بدەن و هیچ ئەندامێکی خێزانەکەشی لە بەردەم مەترسیی هەڕەشەدا نییە، دەستی دایە ئەو شتەی کە خۆی ناوی دەنا جەنگە بچووکەکان لە دژی زیندانیکەرانی. مرۆڤ بەزەیی بەرانبەریان دەبزوێت، کە دەبینیت لەگەڵ ئافرەتێکی وا بەهێز و زیرەکدا تێ کەوتوون، ئافرەتێک کە بەردەوام بە تووڕەییەوە بەرەنگاریان دەبووەوە و هەرگیز دانی بەو تاوانە تێکدەرانەیەدا نەنا کە چەند ڕووداوێکی لە کارگەکاندا خوڵقاندبوو. تەنانەت ناوی هەموو کارگەکانیشیان بۆ ئامادە کردبوو. هەندێک جار پێیان دەگوت کە وەک کۆمۆنیستێکی بەوەفا ئەوە ئەرکی خۆیەتی کە دانی پێدا بنێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی حیزبی کۆمۆنیستیدا بوو. ئیدیسیش لە وەڵامدا بۆی نووسین بەکەڵکی بڵاوکردنەوە نایەت. دواجار ئیدیس دادگاییەکی گاڵتەجاڕانە کرا، دادگاییەک کە هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نەبوو و هیچ گەواهیدەرێکیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرابوو. خێرا و پاش چەند خولەکێک تاوانبار کرا و حووکمیان دا، بێ ئەوەی پێی بوترێت کە ئەم حووکمدانە لەپای چی! تەنیا پاش بەربوونی زانیی کە ١٥ ساڵ لەبەر سیخوڕی زیندانی کراوە. شەش مانگی یەکەمی لە زیندانێکی چکۆلەی هەمیشەتاریکدا بەسەر برد. ئیدیس توانیی لە بەرانبەر ئەو هەموو نامۆییەدا بوەستێتەوە و هۆشیاریی خۆی بپارێزێت، ئەویش لە ڕێی خوێندنەوەی شیعر، نووسینی شیعری خراپ و چالاکیی یادگەیی (بیرهێنانەوەی زۆرترین کەسایەتیی دیکنز؛ توانیی نزیکەی چوارسەد کەسایەتی بیر خۆی بهێنێتەوە)، جیا لەمانەش مەودایەکی خەیاڵیی لە مێشکیدا وێنا دەکرد و گوایە بەرەو بەریتانیا ڕێ دەکات، ئەمەش لە زیندانە چکۆلەکەیدا کە تەنیا نۆ بە دە پێ بوو. چوار جار ئەم گەشتەی کرد. بە درێژایی ئەو ساڵانە، ناڕەزایی زیندانییەکان، بە تەواوی زیندانیکەرانی وەڕەس کرد. لە ساڵی ١٩٥١دا ڕەدی کردەوە بە زمانی هەنگاری قسان بکات، لەبری ئەوە بە پێنج زمانی تر کە ئیدیس بە باشی دەیزانین، بە شێوەیەکی سووکایەتیپێکەرانە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەوانی دەدایەوە و جارێکیش دادوەرەکە جنێوباران دەکات و لەم بارەشدا کاکی دادوەر گەر لە وشەیەکیشی تێنەگەیشتبا، ئەوا هەر دەیزانی کە جنێوی پێ دراوە. پاش ئەم سووکایەتیپێکردنە، یەکێک لە پاسەوانەکان کە دیار بوو چێژی لە بەزمەکە دەبرد و مەحکوومیش کرابوو کە قسە لەگەڵ زیندانیاندا نەکات، بە ئیدیس دەڵێت دڵخۆشم کە تۆ دایکم نییت!

لە کۆتاییدا، دەسەڵاتدارانی زیندان لە تێکشکاندنی ئیدیسدا شکستیان هێنا و کۆڵیان دا، بارودۆخی ئیدیس باشتر بوو و هەرچەند تا مانگی کانوونی دووەمی ١٩٥٢ هەر لە زیندانی تاکەکەسیدا بوو، بەڵام تا ئەوکات توانیی دەستی بە کتێب ڕابگات. ئەم ئافرەتە کەموێنەیە لە ڕێی ئەو کتێبانەوە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابوون و لە کتێبخانەی زینداندا بەردەست بوون، توانیی خۆی فێری خوێندنەوەی یۆنانی بکات. تا ساڵی ١٩٥٢، هێشتا هەر کۆمۆنیست بوو، وەک خۆی دەڵێت شۆڕشی من دژ بە نامرۆڤایەتی، پەلکێشی حیزبی کۆمۆنیستی کردم، بەڵام ئێستاکە دەرکی بە ڕەگە قووڵەکانی نامرۆڤایەتیی ناو حیزبی سۆڤیەتی کۆمۆنیستی کردبوو و کۆتایی بەو دڵبەستەییە هێنا و دواهەمین ئاسەواری وەهمی تێک شاند و ئەو بارە گرانەی بەسەر شانییەوە فڕێدا کە بۆ ماوەی سی ساڵ هەڵی گرتبوو. ئەو پێی وا بوو ڕژێمی ڕووسی جۆرێکی نوێی ئیمپریالیزمی توندڕەو بوو، ڕژێمی هەنگاریش جۆرێکی تازەی کۆڵۆنیاڵیزم. ئەو هێشتاکەش هیچ چاوەڕوانییەکی لەبارەی ئازادبوونییەوە نەبوو و خۆی بۆ مەرگ دانابوو، بە تەواوی لە زینداندا لەبیر کرابوو. دواجار ئیدیس لە لایەن شۆڕشی هەنگارییەوە، لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٦دا ئازاد کرا. گەڕایەوە بۆ بەریتانیا و لە لایەن ئەو حیزبەوەی کە ئەمی پشتگوێ خستبوو و وازی لێ هێنابوو تا لە زینداندا بمرێت، پشتگوێ خرا.

ماڵکۆم ماکوین[43] کە ئەو کات لە دەیلی وۆرکەر ڕۆژنامەنووس بوو، بیری دێت کە چۆن جارێکیان وەڵامی ساردوسڕی ڕەشبینانەی یەکێک لە سەربازە کۆنەکان ترساندوویەتی، ئەم سەربازەش ئالن هەتە[44] کە ئەو کاتەی بە هەواڵی ئازادبوونی ئیدیس دەزانێت، دەنووسێت کەوایە پیرەژنەکە ئازاد بوو. بەڵام هەر کە ڕاستودروستیی بابەتەکەی ئیدیسی بۆ دەرکەوت، نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکات کە ئێمە چۆن توانیمان ئاوا دەستبەرداری هاوڕێیەکمان بین زیندانی بکرێت، بێ ئەوەی پەنجەیەک بۆ هاوکاریکردنی بەرز بکەینەوە. نزیکەی نیوەی ڕۆژنامەنووسانی ئەو ڕۆژنامەیە، کە ١٦ کەسێک دەبوون، نامەیەکیان واژۆ کرد و ناردیان بۆ کۆمیتەی حیزبی کۆمۆنیستی و تێیدا ناڕەزاییان دەربڕیبوو کە ئیدیس بۆون بێ دادگاییکردن حەوت ساڵ لە زیندانی تاکەکەسیدا هێڵدراوەتەوە و دوای ئەوەش هیچ لێکۆڵینەوەیەکی گشتی یاخود خۆپیشاندانێک لە ئارادا نەبووە، بێ گومان ئەمە دوای دادگاییکردنەکەی ڕاجک کە بە ڕوونی نادادیی پێوە دیار بوو. ئەم شکستە، ئەوەی کە نەتوانیت خۆپیشاندان لە دژی ڕژێمی هەنگاری بکەیت ئێمەش لە تاوانەکانەوە دەگەوزێنێت.

بەڵام بۆچی چیرۆکی کەم تا زۆر لەبیرکراوی ئیدیس زیندوو کرایەوە؟ چونکە ژمارەیەکی زۆر هەنگاریی دیکەش، بەوانەشەوە کە کۆمۆنیست بوون، وەک ئەو و لە هەمان کاتدا، زیندانی کرابوون و حاڵیشیان زۆر لە هی ئەو خراپتر بوو، ئاخر لانیکەم ئیدیس پاسپۆرتە بەریتانییەکەی دەیپاراست. مەسەلەکە ئەوەیە کە بەنەفرەتکردنی لیستەی توێژینەوەی زانیارییەکانی ئۆروێڵ هیچ گرنگییەکی نەبوو، بە تایبەت کە بەراورد دەکرا بە ڕەخنەی بەشێکی زۆری ئەو ڕەخنەگرە کۆمۆنیستانەی کە ئەوکات یان کوێرانە لێیان دەڕوانی و بە ئاشکرا درۆیان لەبارەوە دەکرد، یانیش هەر بە ڕاستی تێیدا بەشدار دەبوون. گومانی تێدا نییە کە گەر ئۆروێڵ ئاگاداری زیندانیکردنەکەی ئیدیس ببووبا، ئەوا بێ چەندوچۆن پشتگیریی ئازادکردنیی دەکرد. بەڵێ، بێ سێ و دووکردن ئەم کارەی دەکرد، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئیدیس ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی کۆمۆنیستی بووە. بەڵام ئەوەی کە دەشێت ئەندامێکی حیزبی کۆمۆنیستیش ئامادەیی وەها کارێکی هەبووبێت، بابەتێکی ترە. ئۆروێڵ دژی ئەوەبوو کۆمۆنیستان لە لایەن فاشیست، دیموکرات و حکوومەتەکەی ستالینەوە لەسێدارە بدرێن، بەڵام کۆمۆنیستەکانی بەریتانیا تەنیا کاتێک دژ بە لەسێدارەدانی کۆمۆنیستان دەوەستانەوە کە لە لایەن فاشیست یاخود دیموکراتەکانەوە بێت و پشتگیری لەسێدارەدانیان دەکرد گەر لە لایەن حکوومەتی سۆڤیەتەوە با. ئۆروێڵ داکۆکیی لە ئازادیی مەدەنیی ئەو خەڵکە دەکرد کە دەکرا زۆر بە ئاسانی دەستگیر بکرێن، دواتریش بە هەر جۆرێک پێویستی بکردبا، ناچار بە دانپێدانان بکرێن و پاشانیش ببرێنە بەردەم دادگاییکردن و بکوژرێن.

ئەنارشیستێکی سادەبیر

کاردانەوەی حیزبی کۆمۆنیستی بەرانبەر ڕۆمانی ١٩٨٤، بە تەواوی چاوەڕوانکراو بوو. لەمەش سەیرتر، ڕەنگە ئیسحاق دەچەری[45]ژیاننامەنووسی ترۆتسکی بێت. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٤دا، وتارێکی لەژێر ناونیشانی ١٩٨٤–عیرفانی دڵڕەقیی نووسی کە زیاتر وەڵامێک بوو لە بەرانبەر مەرگی ستالین و لە لایەکی تریشەوە هیوایەک بۆ ئازادی لە یەکێتیی سۆڤیەت و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا. وتارەکە لە کۆلێکشنی چەند نووسینێکیدا و لەژێر ناونیشانی یاخی و خیانەتکاراندا دەرکەوت کە ساڵی داهاتوو بڵاو بووەوە. ئیسحاق خۆی بە یاخی دەزانی و کەم تا زۆر ئۆروێڵیشی خستبووە ڕیزی ناپاکانەوە. لێرەدا جێى خۆیەتى ئاماژە بەو خاڵە بدەین کە سەرەڕای هەبوونی یەکێتیی سۆڤیەت و لە کاتێکدا لە ١٩٨٤دا هیچ بۆشاییەک بۆ ئازادی لە ئۆقیانووسیادا نەهێڵراوەتەوە، ئەمە دواهەمین بیروبۆچوونی تەواوکراوی ئۆروێڵ نەبوو. بۆ نموونە ئەو لە ساڵی ١٩٤٧دا و لە کاتێکدا ئاستەم بوو وێنای سۆشیالیزمە قوچەکییەکەی یەکێتیی سۆڤیەت (کە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ڕادیکاڵیدا تێدەپەڕی) بکرێت، دەرکی بەوە کردبوو کە وێڕای هەوڵەکانی NKVD، هێشتاش ئومێدێک هەیە ملیۆنان گەنجی ڕووسی، تا ساڵی ١٩٦٠ یاخود ئەو نزیکانە، لەبارەی بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی زیاتری ئازادییەوە کونجکۆڵ ببن. بە هەموو پێوەرێک دەکرێت بڕوا بەوە بکەین کە ئەگەر تا ساڵانی ١٩٥٠ زیندوو بمابا، ئەوا گوماندار یاخود ڕەخنەگرانە، پێشوازی لە بەرەوپێشچوونەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پاش مەرگی ستالین دەکرد، با سنوورداریش بن. دواتریش هەوڵی بەدیموکراتکردنی یەکێتیی سۆڤیەت و هاوپەیمانانیشیی دەدا. جا بە هەموو شێوەیەکیش دەکرێت بڕوا بەوە بکەین کە پێشوازیی لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیای ساڵی ١٩٥٣ و ئەوانەی هەنگاریای ساڵی ١٩٥٦ کە تێیدا نیشان درا هیوا لە ڕەشوڕووتاندایە، دەکرد. ئەوکات دەکرا بێ هیچ دوودڵییەک بڵێین کە ١٩٨٤ کۆتا نووسینی ئەو نەدەبوو لەبارەی یەکێتیی سۆڤیەتەوە. لێرەدا کاری دەچەر، ئاراستەکردنی لێشاوێک سووکایەتییە بەرانبەر بە ئۆروێڵ و هەڵوێستی ئۆروێڵ بەرانبەر بە یەکێتیی سۆڤیەت کە لە زۆر ڕووەوە لەپێش هەڵوێستی ئەو چەپە نوێیانەوە بوو کە بڕیار بوو لە ساڵی ١٩٥٠دا دروست ببن.

دەچەر پێی وا بوو کێشەکە ئەوەیە کە ئۆروێڵ مارکسیست نییە و لە فەلسەفەی ماتریاڵیستی دیالێکتی تێناگات. لەبری ئەمە، ئەقڵانییەک بوو کە مەیلی بە لای ئەنارشیستیدا دەچوو و، دواجار لە شوێنێکیشدا وەک ئەنارشیستێکی سادەبیر وەسفی ئۆروێڵ دەکات کە نەیتوانیوە خۆی لە هەڵمەتەکانی پاکتاو بدزێتەوە. بەپێی قسەکانی دەچەر، ئۆروێڵ بەهۆی وێنای هەڵمەتە بەرفراوانەکانی پاکتاوکردنەوە کە لە ساڵانی ١٩٣٦–١٩٣٨ لە لایەن ستالینەوە سەروکاری دەکران بێهیوا بووە، ئەمەش هەمان ئەو دەرئەنجامە بوو کە لە کەتەلۆنیا پێی گەیشت. ئەو هەڵمەتانە ڕەوایەتییەکی بابەتییان بە هەموو ئەو نووسینانەی ئۆروێڵ دا کە لە پاش ئەزموونی ئیسپانییەوە نووسیبوونی. هەرچەند ئەو لە نووسینەکانی ترۆتسکیدا بۆ ڕوونکردنەوەیەک دەگەڕا تا زیاتر لەبارەی ڕژێمی ڕووسی و کوشتارە دڕندانەکانییەوە بزانێت ئەمە قسەی خۆمە نەک دەچەر، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئەو دیوارە بڕووخێنێت کە فکری ترۆتسکیی لە هی خۆی جیا دەکردەوە. ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە ئەو وێنەی ئەم پاکتاوە بەرفراوانانەی لە داهاتوودا بینییەوە…. هەر لەوێش بۆ ئەبەد مانەوە. هەر ئەوەی کە ئۆروێڵ خاوەن تێگەیشتنێکی مارکسیانە نەبوو، ئەو ڕاستییەی پشتڕاست دەکردەوە کە نەیدەتوانی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە، لە سیاقی مێژوویی خۆیاندا لە پاکتاوەکان تێبگات. ئاخری بەوە کۆتایی هات کە ئۆروێڵ لەپێناو ڕەشبینییەکی کەم تا زۆر عیرفانیانەدا دەستبەرداری ئەقڵانییەت بوو و بەم جۆرەش ١٩٨٤ دەبێتە بەڵگەنامەی بێهیواییەکی تەواو ڕەشبینانە لەبارەی تەنیا ستالیزمەوە نا، بەڵکە هەموو شێواز و سێبەرێکی سۆشیالیزمیشەوە.

بێ گومان بۆچوونی دەچەر لەبارەی ئۆروێڵەوە، تەواو گاڵتەجاڕانەیە. دواجار هەموو ڕەخنەکانی دەچەر لەسەر بیروبۆچوونی ئۆروێڵ دەربارەى یەکێتیی سۆڤیەت کە پشتئەوستوور بوو بە پاکتاوەکان، تەواو ناڕاستن و لەم نێوەندەدا هەموو لێکۆڵینەوەکانی ئۆروێڵ سەبارەت بە بارودۆخ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ خراون و بەدوای ئەمانەشدا کاریگەریی ئیسپانیا و پێشهاتەکانی دواتر، بۆ نموونە ڕێککەوتنەکەی هیتلەر و ستالین و کۆمەڵکوژییەکەی کاتین[46]. لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین ئەوە بیرکردنەوەی دەچەر خۆی بوو کە بە شێوەیەکی دژیەکیانە چەقبەستوو بوو. دەچەر هەرگیز نەیتوانی شۆڕش بەلاڕێدابرای ترۆتسکی تێبپەڕێنێت کە یەکەم جار لە ١٩٣٧دا بڵاو کرایەوە. دەچەر پێی وا بوو یەکێتیی سۆڤیەت دەوڵەتی کرێکارانـە، بێ گوێدانە ڕەفتاری ڕژێمەکە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و پێگەی ڕاستەقینەی چینی کرێکار لەو پۆلێنبەندییە کۆمەڵایەتییە و پرسیارگەلێکی سەرەکیی وەک ئۆردوگای زۆرەملێ و کۆمەڵکوژی و تا کۆتایی. بێ گومان شتانێک هەبوون کە مرۆڤ داخیان بۆ بخوات، بەڵام ئابووریی پلانبۆداڕێژراوی دەوڵەت، بە مانای وشە هی کرێکاران بوو و دەبوو پشتگیری بکرێت. ئۆروێڵ ئەم پێشنیازەی بەهەند وەرگرتبوو، بەڵام زیاتر وەک دەرفەتێک دەیبینی کە مارکسیزم لە ڕێیەوە بتوانێت دەسەڵاتی سەفسەتانەی خۆی بگرێتە دەست، هەڵبەتە پێش ڕاگەیاندنی تیۆری دەوڵەتی سەرمایەداری و دواتریش وەک جۆرێک لە سۆشیالیزمی قوچەکی و تاکە بژاردەی ماقوول لە یەکێتیی سۆڤیەت بڕوانرێت و باوەش بەو یاخیبوونەی ترۆتسکیدا بکرێت کە هەر بەو جۆرەی لە ڕانانی پارتیزاندا بەرچاومان کەوت، ئۆروێڵ خۆی ئەزموونی کردبوو. لێرەدا خاڵە هەستیارەکە ئەوەیە کە ئۆروێڵ پێی وا بوو یەکێتیی سۆڤیەت سۆسیالیست نییە و زیانی بە پرسی سۆسیالیزم گەیاندووە و گەر ڕۆژێک بمانەوێت سۆسیالیزم زیندوو بکەینەوە، ئەوا پێویستە لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت بوەستینەوە. بەم جۆرەش، مەزرای ئاژەڵان و ١٩٨٤ی نووسی. تێگەیشتنی دەچەر لەبارەی یەکێتیی سۆڤیەتەوە پێمان دەڵێت کە پشتگیریی داگیرکارییەکەی هەنگاریای ساڵی ١٩٥٦ی کردووە! بەم جۆرەش، هیچ بیانوو و لێڵییەک لەبارەی لیستەی توێژینەوەکەی ئۆروێڵ و تێڕوانینی ئۆروێڵ لەبارەی دەچەرەوە کە جوولەکەیەکی پۆڵەندی ترۆتسکیست بووە و ئێستاکە بووەتە لایەنگری ستالین، نامێنێت. جیا لەمانەش دانی پێدا دەنێت کە ژیننامەکەی ستالینی کەم تا زۆر بابەتی بووە.

دواجار ئۆروێڵ لەسەر هەق بوو

شۆڕشی ١٩٥٦ی هەنگاریا، ساتەوەختێکی چارەنووسساز بوو لە مێژووی جووڵانەوەی کۆمۆنیستی دوای جەنگ. چینی کرێکار لە دژی ئەو ڕژێمە دڕندە و گەندەڵەی ستالین وەستابووەوە کە دوو هیزی لە وڵاتەکەدا لەگەڵ حکوومەتەکەی ئیمرێ ناگی[47] کە دەسەڵاتەکەی لەگەڵ ڕاوێژکارانی کرێکاراندا هاوبەشیی پێ دەکرد، پێک هێنابوو. لە زۆربەی شوێنەکانی وڵاتەکەدا، ڕاوێژکارانی چینی کرێکار دەسەڵاتیان گرتبووە دەست. پیتەر فرێیەر[48] کە پەیامنێری دەیلی وۆرکەر بوو، لەبارەی لێکچوونی سەرسووڕهێنیان لەگەڵ کرێکار و هەژار و ئەو ڕاوێژکارە سەربازیانەی کە لە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ و شوباتی ١٩١٧دا بە ڕووسیادا بڵاو بووبوونەوە دەنووسێت. ئەوان تۆڕێکیان پێک هێنابوو… کە هەنووکە بە تەواوی هەنگاریادا بڵاو بووبووەوە… ئەوان پێکەوە ئۆرگانی دروستبوونی ئەو نوێنەرانە بوون کە کۆ بووبوونەوە و لە لایەن کارگە و زانکۆ و کان و یەکە سەربازییەکانەوە هەڵبژێردرابوون. جیا لەمە، ئۆرگانی ئەو حکوومەتە خۆبەڕێوەبەرییە بەناوبانگەش بوون کە خەڵکانی چەکدار متمانەیان پێ دەکرد. لە کۆتاییدا و لە ٤ی تشرینی دووەمدا، ڕووسەکان لە ڕێی زرێپۆش و دەستەی سەربازییەوە کە بەرەو بودابێست[49] بەڕێ کەوتبوون، کەوتنە تێکشکاندنی ئەم شۆڕشە و بۆمببارانکردنی ئەو گەڕەکانەی شار کە چینی کرێکار تێیاندا نیشتەجێ بوو و، بەمەش نزیکەی ٢٠ هەزار کەسێکیان کوشت. لە هەندێک جێی شاردا، بەرگری بۆ ماوەی حەفتەیەک درێژەی کێشا. تەنانەت ئەو کاتەش کە ڕووسەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، بە شێوەیەکی گشتی هێرشیان دەکرایە سەر، ئەمەش یەکێک لە بەهێزترین و درێژترین هێرشە جەماوەرییەکانی مێژووی چینی کرێکاران بوو. بەردەوامیی بەرگری و بەگژداوەستانەوەی چینی کرێکاران لە بەرانبەر دووبارە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی، تەنانەت لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لە لایەن ٢٠٠ هەزار یەکەی سەربازی ڕووسییەوە داگیر کرابوو، یەکێکە لە چیرۆکە لەبیرکراوە ناوازەکانی مێژووی چینی کرێکاران. لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٦دا، حکوومەتی کۆمۆنیستی هەر بە ڕاستی سزای لەسێدارەکانی بۆ ئەوانە ڕاگەیاند کە خەڵکی بۆ هێرش هان دەدەن. ئەم چالاکییە مەزنەی هێرشکردن لە کۆتاییدا وەستێندرا و ڕێکخراوێکی چینی کرێکارانی سەربەخۆ نەمایەوە کە بێدەنگ نەکرێت، یاخود ئەندامانی نەکرێنە ئامانج و دەستگیر بکرێن.

پێشهاتەکانی هەنگاریا، جووڵانەوەی کۆمۆنیستییان لە بەریتانیا، زیاد لە هەر جێیەکی دی بەرەو قەیران برد. سەرەتا و لە مانگی شوباتی ١٩٥٦دا خروشچێف[50] دەرکەوت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی ڕژێمەکەی ستالین کە بۆ دووەم جار هاری پۆڵیتی[51] وەک سکرتێری گشتی دانا و لیژنەیەکی لە دیموکراسیی حیزبی ناوەندیدا ڕاگەیاند. یەکێک لەو وردەکارییە سەرسووڕهێنانەی کە بیست ساڵ دوای لەسێدارەدانی بەرچاومان دەکەوێت؛ ئەوەیە کە پۆڵیت ئازادیی ئاشکرای ڕژێمی سۆڤیەتی قۆستەوە و لێکۆڵینەوەیەکی نوێی لەبارەی مەرگی ڕۆز کۆهینى[52] دۆستی دێرینییەوە کرد. نامەیەک بۆ کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ڕووسی دەنووسێت و تێیدا ئاگاداریان دەکاتەوە، کەم تا زۆر ناڕاستانە، کە گۆڤارەکان کەیسەکەی ئەویان لا جێسەرنجە و حیزبی بەریتانیاش دەیەوێ بزانێت کە هێشتاکە زیندووە یان نا. وەک فرانچیس بێکێت[53]و تۆنی ڕوسێڵ[54] دەڵێن، هیواخواز بوو هەرچۆنێک بووە ڕۆژێ لە ڕۆژان، ڕۆز لە یەکێ لەو ئۆردوگا دزێوانەی کاری زۆرەملێ، پیر، چەماوە و نەخۆش، سەر دەربهێنێتەوە. ئەو هەر وا دڵسۆزانە و پاش بیست ساڵ لە گوللەبارانکردنی ڕۆز، خزمەتی ڕژێمەکەی ستالینی کرد و هەرگیز نەیزانی کە چارەنووسی ڕۆز چی بووە و تا ئێستەش هەر لە بەدواداگەڕان نەوەستاوە. دواتر و لە تشرینی یەکەمدا، شۆڕشی هەنگاری سەری هەڵدا و تێیدا کۆمۆنیستە وەفادارەکان دەبوو پشتگیریی زرێپۆشەکانی ڕووسیا بکەن کە یاخیبوونی چینی کرێکارانیان سەرکوت دەکرد. حیزبی کۆمۆنیستی نزیکەی ٩٠٠٠ ئەندامی خۆیان (کە دەیکردە سێ یەکی ئەندامەکانیان) لە دەست دا، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕژێمەکەی سۆڤیەت هەر وا لە ترۆپکی هێزدا مابووەوە.

ئەم هەڵگەڕانەوەیەی هەنگاریا، کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاش دانا. پۆل هۆگەرسی[55] هونەرمەند کە ئەندامێکی بەوەفای حیزبی کۆمۆنیستی بوو و بۆ ماوەیەکی کەم لە لیوای جیهانی ئیسپانیدا خزمەتی کردبوو، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٦دا و بە مەبەستی ئامادەبوون لە کۆنگرەیەکی ئاهەنگئاسای لیوا جیهانییەکاندا، گەیشتە وارسۆ. هۆگەرس تاوانبار کرا کە پاڵپشتیی شۆڕشی هەنگاریای کردووە. بە درێژایی مارزالکۆڤسکا[56] دەنگی بارهەڵگرێک دەهات کە پر بوو لە کرێکار و خوێندکارانێک کە ئاڵای پۆڵەندا و هەنگاریایان ڕادەوەشاند. تا عەسر، نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس لە بەردەم کۆشکی کولتوور و زانستدا کۆ بوونەوە و دروشمگەلێکیان دەگوتەوە. لەبری دووبارە سەرکوتکردنی جووڵانەوەیەکی جەماوەریی گەورەی وا، ڕووسەکان حکوومەتێکی کۆمۆنیستیی نوێخوازیان ڕاگەیاند و ولادیسلاو گۆمەلکایان[57] خستە سەر دەسەڵات. ئەم کارە سەرکەوتووانە جووڵانەوەکەی دابەش کرد و ئەوانەشی کە داوای دیموکراسییەکی تەواویان دەکرد، دواجار لە لایەن پۆلیسی دڕندەوە سەرکوت کران کە بە مەبەستی دوورخستنەوەیان لەسەر شەقامەکان کۆمەڵێک هێرشی کوشندە و دڕندانەیان کردە سەریان. کەچی وێڕاش ئەمەش، کۆنگرەکە بەردەوامیی پێ درا. هۆگارس دیمەنێکی ناوازە لەگەڵ چاودێرە ڕووسەکاندا تۆمار دەکات کە لە لایەن نوێنەرانی پۆڵەند و هەنگاریاوە دنە درابوون کە پاڵەوانی خۆیان لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیاندا بەرهەم بهێنن. بە قسەی نوێنەرێکی خەمساردی پۆڵەندی، گشتیان بە فەرمانی ستالین کوژرابوون. تەنیا لەم کۆنفرانسەی وارسۆدا بۆم دەرکەوت کە چالاکییە وێرانکەرەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کە خرابوونە ڕوو لە لایەن… دروود بۆ کەتەلۆنیای جۆرج ئۆروێڵەوە، گشتیان ڕاست بوون.

بەرپەرچدانەوەکانی ١٩٨٤

زۆرێک لەوانەش کە لەم کاتەدا لە حیزبی کۆمۆنیستی دابڕان، وەک دژمنێک لە ئۆروێڵیان دەڕوانی. ئەو چەپی نوێیەی کە لە قەیرانەکانی حیزبی کۆمۆنیستییەوە سەری دەرهێنا، هەرگیز باوەشی بۆ ئۆروێڵ نەکردەوە. ئێدوارد سۆمپسن، جۆن ساڤیل[58] و ڕەیمۆند ویلیامس[59] و پێشەنگانی تری چەپی نوێش، هەر وا کەللەڕەقانە و قینلەدڵ مانەوە و ئەم ڕقەش بێ چەندوچۆن کاریگەریی لەسەر تەواوی پێکهاتەی چەپی نوێ دانا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی بەردەوامییان بەم ڕقە دا؟ جۆن مکلۆری[60] کەم تا زۆر هەقبێژانە، لەبارەی جۆن ساڤیلەوە دەنووسێت ڕێکخەرێکی ماندوویینەناسی خوێندنی باڵای سۆسیالیستی و ڕچەشکێنێکی پڕوزەی مێژووی چینی کرێکاران. جا دەکەوێتە نووسینەوەی وتاری ڕق لە ئۆروێڵ کە دوای ساڵی ١٩٥٦ نووسیبووی تا کۆتایی مرۆڤێکی ساڵانی ١٩٣٠ کە شانازییەکی بەرگریکەرانەی لە ڕۆڵی حیزبێکدا پاراست کە هەرگیز بە تەواوی دەستبەرداری نەبوو. ئەو قەت بەپێی پێویست شیکارییەکی گشتگیرانەی تەواوی کولتووری ستالینیزمى نەکرد. تا ئێرە ئەم قسەیە ڕاستە، بەڵام ئەم قسەیە تەنیا تا ئێرە دێت و زیاتر ناڕوات. چونکە دژەستالینیزمی ئۆروێڵ زۆر لەوە ڕادیکاڵتر بوو کە ساڤیل بتوانێت بیخاتە ڕوو. هەروەک ئێدوارد سۆمپسن کە دیارترین مێژوونووسی مارکسی بوو لە ساڵی ١٩٥٠دا و نەیتوانی.

ڕقی سۆمپسن بەرانبەر بە ئۆروێڵ کەم تا زۆر لەو سرووشتەی ئۆروێڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە ستالینیزمی ڕەد دەکردەوە. لە وتارەکەیدا بە ناوی بەنێو دووکەڵی بودابێستدا کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٦ لە گۆڤاری زە ڕیزنەر[61] بڵاو بووەوە، سۆمپسن بێ چەندوچۆن پشتگیریی یاخیبوونەکەی چینی کرێکاران دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە داگیرکارییەکەی ڕووسیا و وەڵامی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیی بەنەفرەت دەکرد کە لە بەرانبەر ئەم داگیرکارییەدا هەیبوو. دواجار ئەو وەک پرسیارێکی تیۆری لە ستالینیزمی دەڕوانی. سۆمپسن دەنووسێت ستالینیزم تیۆرێکی کۆمەڵایەتی و پەیڕەوێکە کە پێکهاتە مرۆڤدۆستانەکانی ون کردوون. لەبری ماتریالیزمی دیالێکتیکی شێوازی بیرکردنەوەی ستالینیستی… ماتریالیزمێکی میکانیکییە. دواجار لای سۆمپسن ستالینیزم تیۆرگەلێکی شێواو و پەیڕەوێکی داڕزیوە، کە بەریتانیا و حیزبە کۆمۆنیستییەکانی دیکەش تێیدا بەشدار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێداگرییەوە دەڵێت ئەوە ڕابەرایەتییەکەمان بوو کە تێکەڵ بەم بابەتانە بوو، نەک پلە و پێشینەمان. بە بڕوای سۆمپسن و وێڕای هەر ڕەخنەیەک کە لە ستالینیزم هەیبوو، یەکێتیی سۆڤیەت سۆسیالیستی بوو، لە کاتێکدا ئۆروێڵ بڕوای وا بوو کە یەکێتیی سۆڤیەت نەک تەنیا سۆسیالیست نییە، بەڵکە لە دوای ساڵی ١٩٢٠ـەوە، واتە لە شۆڕشەکەی کرۆنستادەتەوە[62]، بەردەوام لە سۆسیالیزم دوور کەوتووەتەوە. لەبری ئەمە، چینێکی دەسەڵاتداری نوێ لە ڕووسیادا دروست بوو کە هەروەک ئۆروێڵ لە مەزرای ئاژەڵاندا نیشانی دا، بە شێوازێک کە تەنانەت منداڵێکیش لێی تێدەگەیشت، دووبارە دروشمەکانی شۆڕشیان داڕشتووە تا لەگەڵ ڕژێمە نوێکەی چەوساندنەوە و سەرکوتکردن و ترسوتۆقاندنى پۆلیس و ستەمکاریدا بگونجێن. لێرەدا جێی پێکەنینە کە سۆمپسنی مارکسیست تەنیا لە گۆشەنیگایەکی نموونەییەوە هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر ڕووداوەکانی ١٩٥٦دا نواند، لە هەمان کاتدا کە ئۆروێڵ تا ساڵی ١٩٣٠یش لەبارەی یەکێتیی سۆڤیەتەوە تێگەیشتنێکی ماتریاڵیستی هەبوو. هەر ئەمە وای کرد چەپی نوێ ئۆروێڵی قبووڵ نەبێت، چونکە ڕەخنەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی، ئێجگار ڕادیکاڵانە بوون. ئاخر ئەوان بە شێوەیەکی دژیەکانە، زیاتر بەو چەپانە ئاسوودە بوون کە هەڵگری تێڕوانینێکی هاوشێوەی ئەوەی ئۆروێڵ بوون، نەک خودی ئۆروێڵ کە تا کۆتایی وەک سۆسیال–دیموکرات مایەوە. بابەتەکە ئەوە نەبوو کە ئۆروێڵ دژەستالینیستێکی ناکام بێت، بەڵکە زیاتر پەیوەندیی بەو سرووشتە بنەڕەتییەی ئەوەوە هەبوو کە کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی ڕەد دەکردەوە، چونکە کاریگەریی لەسەر سۆسیالیزم هەبوو.

سۆمپسن بە تایبەت لە لایەن ئۆروێڵەوە لێی درابوو و دەیویست حسابەکەی لەگەڵ ساف بکاتەوە. وتارێکی گرنگ بە ناونیشانی لە دەرەوەی نەهەنگەکە بڵاو کرایەوە کە بە چەند ڤێرژنێک و بۆ یەکەم جاریش لە کۆلێکشنی لە بێباکییەوە[63] دەرکەوت کە لە ساڵی ١٩٦٠دا دووبارە بڵاو کرایەوە و ئەمەش لە مێژووی چەپی نوێدا ڕووداوێکی گرنگ بوو. ئەم وتارە بەم دواییانە و لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە لایەن ئاندی کرۆفتەوە[64] وەسف کرا، کە زیاتر لە ڕوانگەیەکی جێبەزەییەوە بەرانبەر بە کولتووری حیزبی کۆمۆنیستی نووسراوە، بەڵام تا ئێستەش باشترین وتارە لەسەر ئۆروێڵ. لێرەدا سەیر ئەوەیە کە ئاندی وەک ئەو پایەیەی کە سۆمپسن ناوی دەنێت کولتووری ناتۆپۆڵی لە ١٩٨٤ ناڕوانێت، بەڵکە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر وتارەکەی ئۆروێڵ لە دەرەوەی نەهەنگەکە کە لە ساڵی ١٩٤٠دا بڵاو بووبووەوە. ئەو وەک لێبووردنخوازییەکی چارەنووسباوەڕ لێی دەڕوانی و چون ڕێیەک بەرەو بەرپەرچدانەوەکانی ١٩٨٤ دەیناسێنێت. دواجار، زۆر جددیانە ئاماژە بەوە دەدات کە هەر لەم وتارەدا، نەک وتارێکی دیکە، هیوا و ئومێدی نەوەیەک نێژرا. بە بۆچوونی سۆمپسن، پاش جەنگی جیهانیی دووەم، ئەوە لە دەرەوەی نەهەنگەکە بوو کە پاساوێکی بەخشییە ڕەشبینی و جموجووڵ و هیوای خەڵکی، تا وایان لێ هات خۆیان لە نەهەنگ ڕاستەقینەی ناتۆپۆلیسدا دۆزییەوە و هەموو هیواییەکی گۆڕانکارییان لە دەست دا. سەرلەبەری وتارەکەی سۆمپسن مەترسیدارە و بە ئەگەرێکی زۆر خراپترین نووسینیەتی، هاوکات ناوبانگە گەورەکراوەکەشی جۆرێک لە بێهیوایی لە بەرانبەر ڕەخنەکردنی ئۆروێڵدا نیشان دەدات. بەر لە هەموو شت سۆمپسن سەرنج دەخاتە سەر ساتەوەختێکی کورتی چارەنووسباوەڕی پاش دامرکانەوەی جەنگ، ئەم ساتەش وەک هاندەری سەرەکیی پشت بەرەوپێشچوونەکانی ئۆروێڵ دەبینێت، جیا لەمە، هەموو چالاکییە سیاسییەکانی ئۆروێڵ لە سەروبەندی ئەو گرژییەدا پشتگوێ دەخات، ئیدی بە هەواڵەکانی چەپەوە، زنجیرەکتێبی شەوقاوێژ[65]، شێر و ئەسپی شاخدار[66]، نامەکانی لەندەن کە لە ڕانانی پارتیزاندان، پەخشەکانی کەناڵی بی بی سی و وتارەکانی کە لە ترایبیون بڵاوی دەکردنەوە. هەموو ئەمانە، ئەمەندەی زانیاریمان لەبارەی بەرەوپێشجوونی ئۆروێڵەوە پێ دەدەن، ئەوەندەمان دەربارەى لە دەرەوەی نەهەنگەکە پێ نادەن، بەڵام بۆچی پشتگوێ خران؟ چونکە لە مشتومڕەکەی سۆمپسندا کەڵکێکی وایان نییە. جا ئاشکراتر و لە ساڵی ١٩٣٠دا، سۆمپسن بە شێوەیەکی توند ڕەخنە لە ئۆروێڵ دەگرێت کە ڕەخنەی لە ناڕێکیی جووڵانەوەی چەپ گرتبوو بێ ئەوەی قەدری سرووشت و شێوازی ئیشکردنی خودی جووڵانەوەکە بزانێت. لێرەدا سۆمپسن لە هەوڵی ڕزگارکردنی سیاسەتی بەرە بەناوبانگەکانی پێشەوەی ستالینیزمدایە. بۆچی ئۆروێڵ دەرکی بە ئامانجی دیموکراتانەی سیاسەتی کۆمۆنیستی ساڵی ١٩٣٠ی بەریتانیا نەکردووە؟ ئاخۆ ئەو باوەڕی بە پاراستنی ناوچەی سۆسیالیزم نەبووە، یاخود سیاسەتی دەرەکیی لیتڤینۆڤ[67] هەر بە ڕاستی شایەنی ئەوە بوو کە داوای هاوکاری بۆ سۆسیالیستەکانی خۆرئاوا بکات؟ ئۆروێڵ چاوی لە هیچ یەک لەم لێکدانەوانە نەبووە و هەر لێرەشەوە ڕەدکردنەوەی بەربڵاوی کۆمۆنیزمی هەڵهێنجاند کە دواتر بووە تایبەتمەندیی سەرەکیی ئایدۆلۆژیای ناتۆپۆلیتان. بەڵام دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەو هەموو ڕەخنەیەی ئۆروێڵ لە ستالینیزم، سۆمپسن پێی وا بوو کە یەکێتیی سۆڤیەت تەنانەت لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمەکەی ستالینیشدا هەر سۆسیالیست بوو، ئەمە لە کاتێکدا ڕەخنە بنەڕەتییەکەی ئۆروێڵ ئەوە بوو کە سۆسیالیست نییە، بەڵکە جۆرێکی نوێی کۆمەڵگەی چەوسێنەرە کە چینێکی نوێی دەسەڵاتخواز بەڕێوەی دەبەن و دواجار سەرکەوتووانە توانیبوویان بیرۆکەی سەرەکیی سۆسیالیزم بشێوێنن.

باسکردنی سیاسەتی دەرەکیی لیتڤینۆڤ لە لایەن سۆمپسنەوە تا ڕادەیەک شتەکان بە نهێنی دەهێڵێتەوە. بە خوێندنەوەی وتارەکەی سۆمپسن هەرگیز دەرک بەوە ناکەیت کە کاتێک ئۆروێڵ لە سکی نەهەنگەکەدای نووسیبوو، لیتڤینۆڤ پێشوەختە لادرابوو تا مۆلۆتۆڤ[68] بخەنە شوێنی و ئامادەکاریی بەستنی پەیمانەکەی هیتلەر و ستالین بکەن. جیا لەمەش، کاتێک وتارەکە بڵاو بووبووەوە، یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ نازیی ئەڵمانیدا هاوپەیمان بوو. ئەمە بەشێکی گرنگی پێشبینییەکەی ئۆروێڵ بوو، هەڵبەت بە هاوکاری لەگەڵ چارەنووسباوەڕی! لێرانەدا مرۆڤ دەکرێت بە ڕوونی تێبگات کە بۆچی سۆمپسن و ئەوانی دیکە پەیمانەکەی ستالین و هیتلەریان لەبیر کرد و بەردەوامییان بە ڕێی خۆیان دا. بەشێکی ناڕەزاییەکانیان لە ئۆروێڵ پەیوەندیی بەوەوە هەبوو کە ئۆروێڵ وازی لەمان نەدەهێنا. جگە لەمەش، کاتێک لە سکی نەهەنگەکەدا دەخوێنینەوە، دەبینین کە بەراورد بە بەڵگەهێنانەوە بێبنەماکانی سۆمپسن، زانیاریگەلێکی قایلکەری زیاتری لەبارەی سیاسەتی کۆمۆنیستانی بەریتانیی ساڵی ١٩٣٠ تێدایە. لێرەدا ئۆروێڵ باس لەوە دەکات کە چۆن کۆمۆنیزم لە سەرانسەری خۆرئاوای ئەورووپادا سەرەتا وەک جووڵانەوەیەک لەپێناو لابردنی سەرمایەداریدا دەرکەوت و دواتریش لە ماوەی چەند ساڵیکی کەمدا بووە کەرەستەیەکی دەستی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا. کۆمۆنیستە سەرسەختەکە، ئەو، یاخود خۆی، وەک سیخوڕێکی ڕووسیا دەبینێت کە دەیەوێت وەک سۆسیالیستێکی جیهانی خۆی نیشان بدات. ئەم خۆنواندنە لە کاتە ئاساییەکاندا ئاسان بوو، بەڵام دواتر و لە کاتی قەیرانەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو قورس دەبوو، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە USSR لە سیاسەتی دەرەکیی خۆیدا، هەر بەقەد دەسەڵاتە زلهێزەکانی تر گەندەڵ بوو. یەکێک لەو باجانەی کە دەبوو بدرێت، ئەوە بوو کە هەر جارێک سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا گۆڕانکاریی بەسەردا بهاتبا، دەبوو مارکسیزم بکوترێت و شێوەیەکی نوێی پێ ببەخشرێت، ئەم گۆڕانکاریانەش گۆڕانکاریی کتوپڕ و مەترسیداری هێڵ، پاکتاو، ڕەدکردنەوە و لەناوبردنێکی بەرنامەبۆداڕێژراوی ئەدەبی حیزبیی دەگرتەوە تا کۆتایی. دواجار ئۆروێڵ پێمان دەڵێت کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم سێ جار ئەم گۆڕانکارییە ڕووی داوە. جا هەمدیسان و لە ماوەی ئەو ساڵەشدا، لە کاتی داگیرکردنی یەکێتیی سۆڤیەت لە لایەن نازییەکانەوە، دەکرا بۆ جاری چوارەم ڕوو بدات.

ئەم تێگەیشتنەی ئۆروێڵ، تەنیا لە خوێندنەوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکە لەو ڕووداوانەشەوە کە لە دەوروبەریدا دەگوزەران و هەم خۆی ئاگاداریان بوو، هەم لە بەشێکیشیاندا بەشدار بوو. ئەوەی کە ئۆروێڵ قەدری ناوەڕۆکی دیموکراتانەی سیاسەتی کۆمۆنیستی نەدەزانی، کەم تا زۆر دەگەڕایەوە بۆ ئەزموونی ئیسپانیای کە بەخت یاوەری بووبوو و بە زیندوویی قوتاری بووبوو. لە پشت هەموو ئەمانەشەوە هەوڵگەلێکی بێوچانی کۆمۆنیستان هەبوون کە دەیانویست ڕاستیی ڕووداوەکان لە گۆڕ بنێن و لە لایەکی دیکەشەوە هێرشکردنە سەر ئۆروێڵ و ئەوانی تر و ناوزەدکردنیان بە فاشیستە ترۆتسکییەکان. ئەم هەوڵانە چ بە نووسین بووبن یان نا، دواجار خزمەتیان بە فاشیستەکان دەکرد. بە پێچەوانەی سۆمپسنەوە، ئۆروێڵ نەیدەتوانی پشت بکاتە دادگاییکردنەکان و ئەم ترسە گەورانە و باسەکە بە لای بابەتگەلێکی کردەییتردا بەرێت. لێرەدا هیچ هەوڵیک نییە تا سۆمپسن لە ڕێی ئەو بیروبۆچوونانەیەوە بناسرێت کە سەبارەت بە ئۆروێڵ هەیبوون. بێ گومان قسەکردن لەسەر نووسەری دروستبوونی چینی کرێکارانی ئینگلیزی زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام مشتومڕ و نووسینەکانی لەبارەی ئۆروێڵەوە تا سەرئێسقان خەوشدارن و ئەمەش بە گشتی کاریگەریی لەسەر بۆچوونی چەپی نوێ هەبوو و دەرئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە ئۆروێڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەو بیرۆکەیەی ڕەد کردنەوە کە یەکێتیی سۆڤیەت و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی، سۆسیالیست بن.

مرۆیەکی نەبەزیو

یەکێکی دی لەو ڕەخنانەی کە لە ساڵانی ١٩٨٠دا لەسەر ئۆروێڵ هەبوو، ئەوە بوو کە لە دیدگەیەکی فیمینیستانەوە لە نووسینەکانی بڕوانرێت. لێرەدا ئەندێشەی ئۆروێڵ: لێکۆڵینەوەیەک لە ئایدۆلۆژیای نێرینەی[69] دافنێ پاتای[70] دەقی سەرەکییە، هاوکات بێ دوودڵی، دەکرێت بڵێین یەکێکە لە گرنگترین ئەو کتێبانەی کە لەسەر ئۆروێڵ نووسراون. ئەمەش لەبەر ئەو وەڵامانە نا کە لە کتێبەکەوە دەستمان دەکەون، بەڵکە بەهۆی ئەو پرسیارانەوە کە نووسەر دەیانورووژێنێت، پرسیارگەلێک کە ڕاستییەکەی دەبێت ڕووبەڕووی هەموو نووسەرێکی نێر بکرێنەوە. بە بۆچوونی پاتای، ئۆروێڵ میسۆجن[71] بووە، بەڵام ئەمە شتێک نییە کە بە بەڵگە پشتڕاست کرابێتەوە. بەڵگە لەسەر ئەوەی کە ئۆروێڵ سێکسباوەڕ بووە، بە جۆرێک زەقە کە ناکرێت نکووڵی لێ بکرێت، هاوکات لێرە و لەوێ، ئۆروێڵ بە شێوازی میسۆجنیانە ئەم سێکسباوەڕییەی خۆیی دەربڕیوە. دواجار پێدەچێت کە تێگەیشتنێکی گشتی بوونی هەبێت و وێڕای خستنەڕووی هەر پاساو و مەرج و ڕاستکردنەوەیەک، ئەمە ئەسڵی بابەتەکە بێت. هەر بەو جۆرەی کە گۆردن بۆوکەر[72] لە ژیاننامەکەیدا کە ٢٠٠٣ بڵاوی کردەوە ئاماژەی پێ دەدات گومانی تێدا نییە کە هەڵسوکەوتی ئۆروێڵ بەرانبەر ئافرەت شیاو نەبووە… بەشێکی زۆری ئەو ئافرەتە زیرەکانەی کە ئۆروێڵیان دەناسی، تەنانەت ئەو کاتەی کە بە قووڵی سەرسامی بوون و دەرکیان بە بلیمەتیی ئەو کردبوو، بێ پێچوپەنا ئاماژەیان بە دیوە سادیستانەکەی ئەو دەدا، ئەوەی کە ئەو بە کەم سەیری ئافرەتانی کردووە، یاخود تەنیا وەک پێویستییەکی سێکسی لێی ڕوانیون و هیچی تر. لێرەدا پێدەچێ هەڵسوکەوتی نەشیاو دەربڕینێکی دروست نەبێت، بەڵکە دەکرێ “هەڵسوکەوتی دەمارگیرانە” دەربڕینێکی پڕبەپێست بێت. هەرچەند دەکرێت بڵێین کە ڕۆژگار ئەم تێڕوانینانەی بەسەر ئەودا بڕیون و لەو سەردەمەشدا چەندان پیاو و بگرە ئافرەتیش هەبوون کە هەڵگری هەمان تێڕوانین بوون، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییەش لەبیر بکەین کە چەندان پیاو هەبوون بەم جۆرە نەبوون و لە پاڵ ئەمەشدا چەندان ئافرەت هەبوون، بە ئافرەتانی هاوڕێی خۆشییەوە، کە لە دژی ئەم تێڕوانینانە وەستاونەتەوە و کاریان بۆ چەسپاندنی یەکسانیی ئافرەتان کردووە کە ئۆروێڵ لەم هەوڵانەیاندا هاوکاریان نەبووە. ئەو لە یەک کاتدا ڕقی لە فیمینیست و فیمینیزمیش بوو. بەداخەوە کە دەکرێت بڵێین، ئەو یەکێک بوو لەو نێرە سۆسیالیستانەی کە دژی هەموو زۆردارییەک بوو، تەنیا زۆرداری دژی ژنان نەبێت. هەڵبەت ناکرێت ئەوە بکەینە پاساو کە ئۆروێڵ لەسەر ئەم تێڕوانینانە گۆش کراوە یاخود ئەمانە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگەی ئەوکات بوون، چونکە هەر لەم کۆمەڵگانەدا ئامانج و بیروباوەڕەکانی خۆی ڕەد دەکرانەوە.

تا چ ڕادەیەک تێڕوانینی ئۆروێڵ لەبارەی چەوساندنەوەی ئافرەتانەوە لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا گۆڕاوە؟ لانیکەم بەڵگەگەلێک لەبارەی گۆڕانی تێڕوانینی ئەوەوە هەن. لە ئابی ١٩٤٥دا، ڕانانێکی کرچوکاڵی کورت دەربارەى ژوورێک کە تایبەتە بە مرۆڤ خۆیی[73] ڤێرجینیا وۆڵفەوە دەنووسێت قسەکردنە لەبارەی ئاستەنگیگەلێکەوە کە بەراورد بە پیاوان، زیاتر ڕێگرن لە بەردەم ئافرەتاندا تا ئەدەب بەرهەم بهێنن. وۆلف دێتە سەر ئەوەی کە نووسەر بۆ ئەوەی بەرهەمێکی بەپێز بنووسێت، ساڵانە پێویستی بە ٥٠٠ پاوەند و ژوورێکی تایبەت بە خۆی دەبێت ئەم تایبەتمەندیانەش زیاتر بۆ پیاوان دەست دەدەن نەک ئافرەتان. ئۆروێڵ بێ ئەملا و ئەولا، پێی وایە کە ڤێرجینیا لە باسکردنی ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە، زیادەڕەویی کردووە، بەڵام سەرباری ئەوەش، بەمە کۆتایی بە ڕانانەکەی هێناوە و نزیکەی هەموو نێرێک دەکرێت سوود لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە وەربگرێت. لانیکەم لە هەندێک ڕووەوە و بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی جیاوازیی ڕەگەزییەوە، بەرە بەرە هەستیارانەتر دەربارەى ئەم پرسانە دەدوا. یەکێک لە ستوونەکانی چۆنم پێ خۆشە ئاوا کە لە ٢٨ی تەمموزی ١٩٤٤ لە ترایبیون بڵاو بووەوە، پێک هاتبوو لە مشتومڕکردن لەبارەی نامەیەکەوە کە لە لایەن ئافرەتێکەوە بە دەستی گەیشتبوو کە کاری لەسەر چەند ژمارەیەکی چیرۆکی ئافرەتان دەکرد… ئەستێرەی بەبەخت، ئەستێرەی ئاڵتوونی، وەرەقەگرەکان، نهێنییەکان و سرووش و چەند چیرۆکێکی دیکەی هاوشێوە. ئۆروێڵ ئەم چیرۆکانەی بەدڵ نەبوون و لە وتارە بەناوبانگەکەی خۆیدا حەفتانەی کوڕان، وەک چیرۆکگەلی سەندرێلایی ئاماژەیان پێ دەدا و دواتریش خانمەکە بۆ ئۆروێڵی ڕاست دەکاتەوە. بە ئۆروێڵ دەڵێت کە چیرۆکەکان زیارت ئاماژە بە بێکاری دەدەن، بەڵام هەرگیز باس لە یەکێتیی کرێکاران ناکەن، چونکە بڵاوکەرەوەکان سەر بەو یەکێتییە نین. بە هیچ جۆرێک ڕەخنەگرتن لە سیستەم ڕێگەی پێ نەدراوە و بە هیچ جۆرێک وشەی سۆسیالیزم بەکار نەبراوە، بەڵام مکووڕانە درێژەی پێ دەدات جیاوازیی چینایەتی بە تەواوی تێیاندا ون نییە. دەوڵەمەندەکان بەزۆری وەک خراپەکار نیشان دراون کە لە هەوڵی بەکارهێنانی ئافرەتانی هەژاردان و پێشنیاری هاوسەرگیرییان بۆ دەکەن هاوسەرگیریی بێئەڵقە، دواتریش ئەم ئافرەتانە لە لایەن دۆستە بەهێزە مەینەتکێشەکانیانەوە ڕزگار دەکرێن. ئۆروێڵ لەسەری دەڕوات و دەڵێت کە ئەوەی هەژار بکرێتە پاڵەوان و دەوڵەمەندیش خراپەکار، بووەتە یاسایەک کە دەرهێنەرانی دیاری فیلم و بڵاوکەرەوەکان لە لایەکەوە بابەتی چینایەتیی پێ دەشێوێنن و لە لایەکی دیکەشەوە پارەیەکی زۆری پێ پەیدا دەکەن. بەڵام تەنیا کاتێک واقع دێتە ناو ئەم گۆڤارانەوە کە لە ستوونە گونجاوەکاندا، خانمان ڕێگەیان پێ بدرێت لەسەر گرفتە ڕاستەقینەکان مشتومڕ بکەن. جیاوازیی نێوان چیرۆکە سۆزدارییەکان و نامەکان نیشانمان دەدەن کە زیندەخەو چەندە لە ژیانی مۆدێرندا گرنگە. ڕەنگە مایەی سەرسووڕمان بێت کە لە کاتێکدا حەفتانەی کوڕانى ئۆروێڵ لە١٩٤٠دا بڵاو بووەوە، کەچی تا ساڵی ١٩٤٤، ئاماژەی بە گرفتەکانی پەیامنێرە بێناوەکەی نەدابوو.

ستوونەکانی دیکە کە لە «٢٨ی نیسانی ١٩٤٤» و ئەو نزیکانە بۆ ترایبیونی نووسیبوون، ئاماژەیان بە مافی میکیاژکردنی ئافرەتان دەدا. ئەو وەڵامی جوڤێنایل ماگیسترەیتی[74] دەداتەوە کە لە ئیست ئێند گلەیی کچانی مۆدێرنی کردبوو و بە تایبەتتریش دابەزیبووە سەر ئەوەی کە کچانی ١٤ ساڵی ئێستە وەک ١٨ و ١٩ ساڵ جل دەپۆشن و قسان دەکەن، هەمان شتی قێزەون و پیسیش لە دەموچاویان دەدەن. هەر بەو جۆرەی کە ئۆروێڵ ئاماژەی پێ دەدات، مێژوویەکی دوورودرێژ لە پشت بەکارنەهێنانی ئارایشەوە هەیە، بەڵام ئەم هەوڵانە هەمیشە بە شکست کۆتاییان هاتووە. بەڵێ، ئەو وەک یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی مێژووی مرۆڤ ئاماژەی پێ دەدات. ئەو بڕواى وا نییە کە ئافرەتان لەبەر سەرنجکێشانی سێکسی لە دژی ئەم هەوڵانە وەستابێتنەوە. ئەم هەوڵانە لە لایەن ڕۆمانەکانەوە درابن، یان پوریتانەکان[75]، یاخود بوڵشەڤیک و نازییەکان، دواجار لە دژیان وەستاونەتەوە. ئەو هەر وا ئەم پرسیارە بە وەڵامنەدراوەیی دەهێڵێتەوە. دووبارە لە «٨ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦» لە ترایبیون، نیوەی ستوونەکەی خۆیی لەژێر ناونیشانی «چۆنم پێ خۆشە ئاوا» تایبەت دەکات بە قسەکردن لەسەر گۆڤارە فاشیۆنییە ئەمریکییەکان.

بەر لەوەی بە تەواوی لەژێر کاریگەریی ئەم ڕەخنە سنووردارەدا جۆشوخرۆش بمانگرێت، گرنگە ئاماژە بە تێڕوانینی نەگۆڕی ئەو بدەین لەبارەی دژەسکپڕی و مەنعکردن و لەباربردنەوە. بە بۆچوونی کریستۆفەر هۆڵیس[76]، یەکێک لە قووڵترین باوەڕەکانی ئۆروێڵ پەیوەندیی بە شەڕەنگێزیی بیرۆکەی دژەسکپڕییەوە هەبووە. ئەو پێی وا بوو کە تەنانەت تێڕوانینەکانی کەنیسەی کاسۆلیکیش بۆ ئەم بابەتە لاوازن و ئەوانەی کە حەز بە سێکس دەکەن بێ منداڵخستنەوە، تاوانبارن بەوەی کە هیچ بڕوایەکیان بە ژیان نەماوە. لە وتارەکەیدا بە ناونیشانی هاوڵاتیانی ئینگلیز، کە لە ساڵی ١٩٤٤دا نووسراوە؛ بەڵام ساڵی ١٩٤٧ بڵاو کرایەوە، چەند پێشنیارێک دەخاتە ڕوو کە وەک جۆرج ودکۆک[77] دەڵێت دەشێت هەرگیز هێندە دەمارگیر نەبووبێت. بە مەبەستی زیادکردنی وەچەخستنەوە، پێشنیاری کرد سزای باج بەسەر ئەوانەدا بسەپێنرێت کە منداڵیان نییە، ئەم باجدانەش دەبێت پلە بە پلە بێت، تاکوو پاڵ بە خەڵکییەوە بنێت وەچە بخەنەوە. جیا لەمە، چەند چالاکییەکی دیکەی لەپێناو نەهێشتنی لەباربردندا ئەنجام دا و گلەیی دەکرد کە لەمڕۆدا لەباربردن وەک گوناحێکی بچووک سەیر دەکرێت. ئەو بیرۆکەیەی کە ئافرەتان منداڵ لەبار دەبەن، لەباربردنەکانیش لە لایەن ئافرەتانی چینی کرێکارەوەن و دەکرا لەباربردنی لاکۆڵانی ترسناک بن، هەرچۆن لێی بڕوانرێت سووکەگوناحێکی دزێوە. ئەو تەنانەت گازندەی زیادبوونی ئاژەڵی ماڵیی دەکرد و پێی وا بوو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەچەخستنەوە!

ئەی ١٩٨٤ چی؟ لە جێیەکی تردا ئاماژەم بەوە داوە کە ڕەخنەگرانی فیمینیست و ئەوانی تریش، لە شیکارکردنی کتێبەکەدا کەمتەرخەم بوون. ئەم ڕەخنەگرانە ئەو ئامادەییە بەهێزەیان پشتگوێ خستووە کە لەپێناو ئازادیی سێکسیی ئافرەتاندا هەیە و ئۆروێڵ لە پەیوەندیی نێوان وینستۆن سمیس و سۆنیادا، هێرش دەکاتە سەر جووتپێوەر. بە ڕای ئانی مێلەر[78] ئەو جوولیایەی کە لە ڕووی سێکسییەوە ئازادە، تەندروست و مرۆڤێکی هەستەوەرە، بەڵام بەئاوەز نییە، نموونەی ئافرەتێکە کە لە لایەن پیاوەوە پێناسە کراوە، ڕاستییەکەی ئەمە بیرۆکەیەکی کڵێشەیی ئافرەتێکی نموونەیی نێو کۆمەڵگەیەکی نێرسالارە. ئەو لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠دا بەم جۆرە دەردەکەوێت، بەڵام ئەو جەنگانەی کە لە کۆتاییەکانی ١٩٤٠دا دەکران، جەنگگەلی جیاواز بوون. بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە ئۆروێڵ دەقەکەی تێدا نووسیوە، تێدەگەین کە ئەو بەرگریەی ئۆروێڵ لە بزێوی و ئازادیی سێکسیی جوولیای دەکات، کە لە داکۆکییەکانی وینستۆندا بە ڕوونی دەردەکەوێت، لە ئەدەبی ئەو سەردەمەدا دانسقە بووە. ئەوەتا وینستۆن بە جوولیا دەڵێت گوێگرە، تا لەگەڵ پیاوی زیاتردا بی، زیاتر خۆشم دەوێی. هێشتاش مشتومڕێک لەو بارەوەیە هەیە کە تا چەندە دەکرێت ئەم جوولیایە، لە کەسایەتیی سۆنیاوە وەرگیرابێت کە ئۆروێڵی نەخۆش لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩دا هاوسەرگیریی لەگەڵدا کرد. بەپێی هەموو ئەو لێدوانانەی کە لەبارەی سۆنیاوە هەن، تێدەگەین کە ڕۆشنبیرێکی هاوشێوەی جوولیا بووە و کاتێک وینستۆن کتێبی تیۆریی سۆشیالیزمی ئۆلیگارشی خوێندووەتەوە، ئەو خەو بردوویەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، شیکارکردنی سۆنیا لە ڕۆمانەکەی کینگسلی ئەیم[79] خولی دژەمەرگ و یادداشتەکانی دواتری، ئاشکرای دەکەن کە جووتپێوەری هێشتاکە هەر هەبووە. لێدوانی ئەو دەربارەى هەوڵێکی کارەساتباری شکستخواردووی کۆمەڵەی سێکس کە خۆیشی دەگرتەوە، نیشانی دەدەن کە ماڵکۆم مەگەریج[80] و سۆنیا دوچاری نێوزڕان بوونەتەوە. دواجار لەم بەشەدا نووسەر تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی ئابڕووبەرانە دێتە سەر ناساندنی سۆنیا و ئۆروێڵ. تەنانەت جۆن سوزەرلاندیش[81] لە کتێبەکەی خۆیدا کە بەم دواییانە و لە ساڵی ٢٠١٦ لەسەر ئۆروێڵ بڵاوی کردەوە، هێشتاش وەک نێچیرێکی ئاسان ئاماژە بە سۆنیا دەدات و دەڵێت کە لەو کاتەدا سۆنیا لە هۆرایزن کاری کردووە، سیریل کۆنۆلی[82]دەکرا بە شێوەیەکی گریمانەیی بۆ دەوڵەمەندانی بڕازێنێتەوە، جیا لەمەش وەک زێیەکی ددانداری زیندوو[83] باسی دەکات. هەموو ئەمانە وا دەکەن کە ژیاننامەکەی هیلاری سپەرلینگ[84] کە لەژێر ناونیشانی کچەی وەزارەتی خەیاڵ[85] لەسەر سۆنیا ئۆروێڵ نووسیویەتی، شایەنی خوێندنەوە بێت.

بەر لەوەی وینستۆن سمیس لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا دەستگیر بکرێت، سمیس بڕواى وایە کە داهاتوو هی پڕۆلیتاریایە. بەڵام ئەوە سەیرکردنی ژنەی ڕەشوڕووتە کە بەدەم گۆرانیگوتنەوە خەریکی هەڵخستنی جلە، ئەم هیوایە بەو دەبەخشێت. ئەم ژنە مرۆیەکی بەهێزی نەبەزە، نموونەی ئەم ئافرەتە بەجەرگە زۆرن و لە سەرانسەری دونیادا سەدان هەزار ملیۆن ئافرەتی لەم چەشنە هەیە. ئەوە دیواری ڕق و درۆیە کە ئەوانی لێک جیا کردووەتەوە، بەڵام هەر ڕۆژێ دادێت کە بەئاگا دێن. ئەو ئافرەتەی کە ئیلهام بە وینستۆن دەبەخشێت، یەکێک لەو ئافرەتە کرێکارە پیشەسازیانە نییە کە لە شوباتی ١٩١٧دا ڕژێمەکەی تێزاریان شکاند، یاخود یەکێک لەو ئافرەتانەی کە لە شۆڕشەکەی بەرشەلۆنەی ساڵی ١٩٣٦ لە بەرەکانی پێشەوە شەڕیان لەگەڵ سوپادا دەکرد. بەڵکە ئافرەتێکی سەر بە چینی کرێکارە، هاوسەرێکە کە بووەتە دایک و نەنک. وێڕای هەموو ئەو سێکسباوەڕییەی کە ئۆروێڵ هەیبوو و نکۆڵیی لێ ناکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو ئافرەتێکی سەر بە چینی کرێکار (کە خەریکی هەڵخستنی جلە) هەڵدەبژێرێت و دەیکاتە سیمبولی ئەو هێزەی چینی کرێکاران کە دەکرێت جیهان سەروژێر بکات. لە هەمان کاتدا ئەم ئافرەتە هیوای پشت ئەو قسەیەیە کە دەڵێت داهاتوو هی ڕەشوڕووتانە.


1. Cranham sanatorium

2. Gloucestershire

٣. Stephen Spender: ستێفان سپێندەر (١٩٠٩–١٩٩٥) ڕۆماننووس و شاعیرێکی ئینگلیزە، کارەکانی زیاتر لەبارەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و جیاوازی چینایەتییەوە بوون.

١. Beveridge Report: کتێبێکە بە خامەی ویلیام بێڤیریجى ئابووریناسی بەریتانی نووسراوە.

١. Evelyn Waugh: ئیڤیلین وا (١٩٠٣–١٩٦٦) ڕۆمانووسێکی ئینگلیزە، جیا لە ڕۆمان، کتێبی لەسەر ژیاننامەی ئەوانی دی و کتێبگەلی تایبەت بە گەشتکردنى نووسیوە. بە یەکێک لە گرنگترین پەخشانداڕیژەکانی سەدەی بیستی زمانی ئینگلیزی دادەنرێت.

٢. Joseph Conrad: جۆسێف کۆنراد (١٨٥٧–١٩٢٤) ڕۆماننووسێکی دیاری ئینگلیزی بە ڕەگەز پۆڵەندییە. کۆنراد بە یەکێک لە دیارترین و گرنگترین ئەو ڕۆماننووسانە دادەنرێت کە بە زمانی ئینگلیزی نووسیویانە. هەرچەند تا تەمەنی بیست ساڵیش نەیتوانیوە بە ئینگلیزییەکی ڕەوان بدوێت، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە یەک لە دیارترین پەخشانداڕێژەکانی زمانی ئینگلیزی و جیا لەمەش توانیویەتی هەستگەلێکی زۆری دەرەوەی زمانی ئینگلیزی، بهێنێتە ناو زمانەکە.

3. T. R. Fyvel

4. David Caute

1. John Rossi

١. a l morton: ئەی ئێڵ مۆرتن (١٩٠٣–١٩٨٧) مێژووناسێکی مارکسیی ئینگلیزە. لە دوای ١٩٤٦ـەوە دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیای مەزن. مۆرتن زیاتر بە کتێبەکەی بەناوبانگە (مێژووی خەڵکی ئینگلتەرا)، جیا لەمەش، بە وردی توێژینەوەی لەسەر بلەیک و ڕانتەرس و یۆتۆپیای ئینگلیزی کردووە.

١. Christopher Norris: کریستۆفەر نۆریس لە ساڵی ١٩٤٧ لە دایک بووە و تا ئێستە لە ژیاندا ماوە. فەیلەسووف و ڕەخنەگرێکی ئەدەبیی بەریتانییە.

2. Lawrence

3. Wishart

٤. Alaric Jacob: هارۆلس ئەلێریک جەیکەب (١٩٠٩–١٩٩٥) نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیزە. ساڵی ١٩٤٠ لە واشنتن پەیامنێری ڕۆیتەرز بووە و دواتریش، لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە بۆرما و مۆسکۆ و باکووری ئەفریقا پەیامنێر بووە.

٥. marquis de sade: مارکی دو ساد (١٧٤٠–١٨١٤) فەیلەسووفێکی فەڕەنسییە، بەهۆی شێوازی ڕەق و توندوتیژانەی نووسینەکانییەوە، کە زیاتر لەبارەی غەریزە و حەزە سێکسییەکانەوە بوو، بۆ ماوەی ٣٢ ساڵ زیندانی دەکرێت. ساد بە یەکێک لە گرنگترین فەیلەسووفەکانی مێژوو دادەنرێت و چەندان ڕۆمانی هەن، وەک: ١٢٠ ڕۆژ لە سۆدۆم و جوستین.

١. شوێنکەوتووانی ڕێبازی تیتۆ.

٢. Josip Broz Tito: تیتۆ (١٨٩٢–١٩٨٠) جۆزێف برۆز کە زیاتر بە تیتۆ ناسراوە، شۆڕشگێڕێکی کۆمۆنیستیی یوگۆسلاڤیی بە ئەسڵ کرواتییە. لە پاڵ ئەوەشدا سیاسەتمەدار بووە و بە درێژایی ژیانی چەندان ڕۆڵی گرنگی لەو کایەیەدا بینیوە.

١. دەزگایەکی فیدراڵیی سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت بوو کە لە ساڵی ١٩١٧دا دامەزرا.

2. Traicho Kostov

3. Laszlo Rajk

1. Rudolf Slansky

٢. Zionism: زایۆنیزم یان سەهیۆنیزم، بزووتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەیی جوولەکەیە، ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە کۆکردنەوەی هاوکاری و دەستەبەرکردنی دەوڵەتێک بوو بۆ جوولەکەکان لە خاکی پیرۆزدا.

3. Kevin McDermott

4. Matthew Stibbe

٥. Ludwig Frejka: لودویگ فرێجکا (١٩٠٤–١٩٥٢) سیاسەتمەدارێکی چیکییە.

٦. Daily Worker: ڕۆژنامەیەکە لە ساڵی ١٩٢١ـەوە دەستبەکار بووە و ئەوە بۆ نزیکەی ١٠١ ساڵ دەچێت هەر وا بەردەوامە.

7. Otto Katz

٨. Noel Coward: نۆیل کاوەرد (١٨٩٩–١٩٧٣) شانۆنامەنووس، گۆرانیبێژ، دەرهێنەر و ئەکتەرێکی ئینگلیزە.

٩. Claud Cockburn: کلاود کۆکبێرن (١٩٠٤–١٩٨١) ڕۆژنامەنووسێکی بەریتانییە. وتە بەناوبانگەکەى بڕوا بە هیچ مەکە، تا ئەو کاتەی بە تەواوی ڕەد دەکرێتەوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین وتەکان و تا ئێستەش لە توێژینەوە ڕۆژنامەوانییەکاندا بەکار دەبرێت.

10. Peter Smollett

1. James Klugman

٢. Gestapo: پۆلیسی حکوومیی نھێنی. ناودارتین دەزگای ئاسایشی ئەڵمانی بوو و ئەم دەزگایە بەرپرسی یەکەمی ھەموو کارەکانی کوشتن و تیرۆری کەسی و وێرانکردنی ھەزاران شوێن بوو. لە ماوەی حوکمی نازییەکاندا بۆ پاراستنی وڵاتی ئەڵمانیا دروست بوو.

3. Kardelj

4. Djilas

5. Rankovic

١. Edward Palmer Thompson: ئێدوارد سۆمپسن (١٩٢٤–١٩٩٣) نووسەر و مێژووناسێکی ئینگلیزە و لە وڵاتی بەریتانیا لە دایک بووە. ئەمڕۆکە سۆمپسن زیاتر بەو لێکۆڵینەوە مێژووییە دەناسرێتەوە کە لەسەر جووڵانەوە ڕادیکاڵەکانی کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدە کردبووی.

2. Arena

3. Arthur Koestler

٤. syngman rhee: سینگمان ڕی (١٨٧٥–١٩٦٥) سیاسەتمەدارێکی کۆریای باشوور بوو کە وەک یەکەم سەرکردەی وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٤٨ تا ١٩٦٠ دەستبەکار بوو.

١. Joseph Goebbels: گۆیبێڵس (١٨٩٧–١٩٤٥) وەزیرێکی سیاسی بووە لە سەردەمی ھیتلەر و ئەڵمانیای نازیدا. لە دیارترین کەسایەتییەکانی حکومەتەکەی ھیتلەر بووە و لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا وەکوو خۆبەخش چووەتە ڕیزی سوپای ئەڵمانیاوە، بەڵام بەهۆی تەختیی بنی پێیەوە وەرنەگیراوە.

٢. edith bone: ئیدیس بۆون (١٨٨٩–١٩٧٥) دکتۆر و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕێکی هەنگاری بووە کە دواتر دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیای مەزن.

3. Victor Serge

1. Malcolm MacEwen

2. Allen Hutt

١. Isaac Deutscher: ئیسحاق دەچەر (١٩٠٧–١٩٦٧) نووسەر و مارکسیست و چالاکێکی سیاسیی پۆڵەندییە. بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم، دەچێتە بەریتانیا و لەوێ دەمێنێتەوە. ئیسحاق دەچەر زیاتر لە ڕێی نووسینەوەی ژیاننامەی ترۆتسکی و جۆسێف ستالینەوە بەناوبانگ بوو.

١. Katyn massacre: کۆمەڵکوژییەک بوو لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەنجام درا و تێیدا نزیکەی ٢٢ هەزار سەربازی پۆڵەندی کوژران.

1. Imre Nagy

2. Peter Fryer

١. Budapest: پایتەختی وڵاتی هەنگاریا.

٢. Nikita Khrushchev: نیکیتا خروشچێف (١٨٩٤–١٩٧١) یەکەم سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت بوو لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٣–١٩٦٤.

٣. Harry Pollitt: هاری پۆڵیت (١٨٩٠–١٩٦٠) سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیای مەزن بوو لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٣٩. دواتریش لە ساڵی ١٩٤١ تا کاتی مردنی.

٤. Rose Cohen: ڕۆز کۆهین (١٨٨٠–١٩٢٥) نووسەرێکی بیلاڕووسییە. لە گوندێکی بیلاڕووس گەورە بووە و دواتریش لە ساڵی ١٨٩٢ لەگەڵ پووری دەچنە ئەمریکا تا بە باوکی شاد ببێتەوە.

1. Francis Beckett

2. Tony Russell

3. Paul Hogarth

٤. Marzalkowska: شەقامێکی سەرەکیی وارسۆی پۆڵەندایە کە درێژییەکەی ٣.٥٨ کیلۆمەترە.

5. Wladyslaw Gomulka

1. John Saville

2. Raymond Williams

3. John McIlroy

1. The Reasoner

2. Kronstadt Revolt

1. Out of Apathy

2. Andy Croft

1. he Searchlight series

2. The Lion and the Unicorn

3. Maxim Litvinov

4. yacheslav Molotov

1. The Orwell Mystique: A Study in Male Ideology

2. Daphne Patai

١. مرۆڤی بێزار لە ژن، یاخود دژەژن.

2. Gordon Bowker

3. A Room of One’s Own

1. juvenile magistrate

٢. Puritans: مەزهەبێکی پڕۆتستانی مەسیحییە کە لە سەدەی حەڤدە و لە سەردەمی شازادە ئیلیزابێسی یەکەمدا لە ئینگلتەرا دەرکەوت.

3. Christopher Hollis

٤. George Woodcock: نووسەرێکی کەنەدییە کە زیاتر ژیاننامە و مێژووی سیاسیی دەنووسییەوە. لە پاڵ ئەمانەشدا بیرمەند و فەیلەسووفێکی ئەنارشیست بوو و لێرە و لەوێ وتاری ڕەخنەییشی دەنووسی. جیا لەمانە شیعریشی نووسیوە. لە بەرهەمە گرنگەکانی: ئەنارشیزم، خوێنەری ئەنارشیستی.

1. Anne Mellor

٢. Kingsley Amis: کینگسلی (١٩٢٢–١٩٩٥) ڕەخنەگر، شاعیر، ڕۆماننووس و مامۆستایەکی بەریتانییە. زیاد لە ٢٠ ڕۆمان و شەش بەرگ شیعر، کورتەچیرۆک، دەقی ڕۆژنامەیی و تەلەفزیۆنیی نووسیوە. لە بەرهەمە گرنگەکانی: جیمیی بەبەخت، خۆری کۆڵۆنێڵ، ئەهریمەنە کۆنەکان.

٣. Malcolm Muggeridge: ماڵکۆم مەگەریج (١٩٠٣–١٩٩٠) ڕۆژنامەوان و تەنزنووسێکی بەریتانییە. ئێج تی مەگەریجی باوکی یەکێک بووە لە شوێنکەوتووە سەرسەختەکانی سۆسیالیزم و دواتریش بووەتە ئەندامی پەرلەمانی حیزبی کرێکاران.

1. John Sutherland

٢. Cyril Connolly: سیریل کۆنۆڵی (١٩٠٣–١٩٧٤) نووسەر و ڕەخنەگرێکی ئەدەبیی بەریتانییە. سەرنووسەری گۆڤاری هۆرایزن بووە کە سۆنیا ئۆروێڵ تێیدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٣٨دا «دژمنەکانی بەڵێنێک» دەنووسێت کە پێک هاتووە لە چەند ڕەخنەیەکی ئەدەبی.

3. a living vagina dentata

٤. Hilary Spurling: هیلاری سپەرلینگ نووسەر و ژیاننامەنووس و ڕۆژنامەوانێکی بەریتانییە کە ساڵی ١٩٤٠ لە دایک بووە و تا ئێستە لە ژیاندا ماوە.

5. The Girl from the Fiction Department

Share this article