داینامیکەکانی شـەڕ لــە ١٩٨٤ی جــۆرج ئۆروێڵدا

| ماڵکۆڵم ڕ. سۆرپ

لە ئینگلیزییەوە: عیسا عوسمان

 

کەم ڕۆمان لە سەدەی بیستدا هەن کە وەک ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ هاندەرانە بن. ڕەنگە ئاواتی ئۆروێڵیش هەر ئەمە بووبێت، چونکە ئەو وەک تەنزێکی سیاسی لە کتێبەکەی دەڕوانی (لە دیوێکی دیکەشەوە فانتازی) کە ڕەنگدانەوەی نائومێدیی خۆی بوو لەو سەردەمەدا و هاوکات ترسیشی لە داهاتوو، (بەشێکی زۆری چیرۆکی ڕۆمانەکەش لەنێوان ساڵانی ١٩٤٧–١٩٤٨دا) نووسرا. لای ئۆروێڵ پڕۆسەی سیاسی بووبووە شتێکی کرچوکاڵ و ئەدەبیش جگە لەوەی ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستییە بێت، هیچی دیکەى پێ نەدەکرا:

«ئەمە سەردەمی سیاسەتە. شەڕ، فاشیزم، ئۆردوگای کاری زۆرەملێ، شووشکەی لاستیکی، بۆمبی ئەتۆمی… هتد، ئەمانە ئەو شتانەن کە ڕۆژانە بیریان لێ دەکەینەوە، تەنانەت گەر بە ئاشکراش ناویان نەهێنین. چارەیەکی دیکەمان نییە، کاتێک لە کەشتییەکدایت و خەریکە نقوم دەبێت، تەنیا دەتوانیت بیر لە نقوومبوونی کەشتییەکە بکەیتەوە[1]

ئۆروێڵ دوور لەوەی کە لە بەردەم توندوتیژیی نادیاردا خۆی بەدەستەوە بدات، وەک دەنگێکی ئاگادارکەرەوە دەجەنگێت، شیوەن بۆ بەها لیبراڵییەکان دەکات و دژ بەو پۆستاڵەی تۆتالیتاریزم دەوەستێتەوە کە بۆ ئەبەد ڕوخساری مرۆڤ پاماڵ دەکات. لە ڕێی ئاشکراکردنی هەنگاوی دواتری بەربەریەتی سەرمەشقانی نامرۆڤایەتیی وەک هیتلەر و ستالین، ئۆروێڵ لەبارەی داهاتووەوە، تووشی گومان و ڕاڕاییمان دەکات. هەق بەوە کاتێک سەرکۆنەی هەموو مرۆڤێک دەکات کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاریی دژمن دەکات، یاخود زۆر ساویلکانە کەوتووەتە داوی چارەسەری دەسەڵاتخوازانەوە بۆ کێشە سیاسییەکانی سەردەم.

ئەم وتارە باس لەو ڕێگانەی جڵەوگرتن دەکات کە تۆتالیتاریزم گرتوونیەتە بەر، هەڵبەت لە ڕۆمانە دژەیۆتۆپییەکەی ئۆروێڵدا کە تێیدا سیاسەتی داهاتووی جیهانی هەڵسەنگاندووە. ڕۆمانی ١٩٨٤ لە زۆر ڕووەوە، دواهەمین تێگەیشتنی لۆژیکیی جۆرج ئۆروێڵ بوو وەک نووسەرێکی سیاسی. ڕۆمانەکە نیشاندەری بیری ئۆروێڵە کە پێی وا بوو لە دوای ساڵی ١٩٣٠یەوە، نائەقڵانیبوونی جووڵەی سیاسی، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. ترسی گەورەی ئۆروێڵ سەبارەت بە داهاتووی تۆتالیتاری، پەیوەندیی بە ئەزموونی خۆیەوە هەیە لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا، کە تێیدا خۆبەخشانە لە ساڵی ١٩٣٧دا بۆ بەرەی سۆسیالیستی جەنگا. لە بەرەکانی پێشەوەی بەرشلۆنەدا، ئۆروێڵ یەکەم هەوڵی کوپ دێ تاتی کۆمۆنیستەکانی بینی کە هەوڵی تێکشاندنی هاوپەیمانانی تری باڵی چەپیان دەدا، لەبری ئەوەی گشتیان پێک بێن و لە دژی فرانکۆی[2] فاشیست بجەنگن. ئەم ناکۆکییە ئۆروێڵ نائومێد دەکات (کە لە شەڕەکەدا بریندار بووبوو) و دواتریش دەگەڕێتەوە ئینگلتەرا و ئەگەری شەڕێکی گەورە لە ئاسۆدا بەدی دەکات. ترسی ئۆروێڵ لە گەیشتنی ئەم کارەساتە، لە یەکێک لە ڕۆمانەکانیدا بە ناوی هەناسەدانەوە (١٩٣٩) ڕەنگی داوەتەوە کە سەرباری ناسۆر و خەمەکانی، ئۆروێڵ توانیی سەرکەوتووانە بە شێوەی تەنز بینووسێت. لە چیرۆکی ئەم ڕۆمانەدا، جۆرج بۆڵینگ، کە نوێنەری جۆن بوڵی سەدەی بیستە، کەڵکەڵەی ئەگەری هێرشە ئاسمانییەکان و توندوتیژییەکانی تۆتالیتاریزم لە کەللەی دەدات. بۆڵینگ لە کاتێکدا وێنای یادگارییەکی لاوێتیی خۆی لە لۆوەر بینفیڵد[3] دەکاتەوە، فڕۆکەیەک بە هەڵکەوت بۆمبێک بەسەر دوکانێکی بەقاڵیدا بەردەداتەوە و بەم جۆرەش چاوی بە یەکەمین هێرشی جەنگ دەکەوێت. جا لەژێر کاریگەری ئەم تەنگەژە کاتییەدا، بۆڵینگ دەڵێت:

هەر دەقەومێت. هەموو ئەو شتانەی کە بیریان لێ دەکەیتەوە، هەموو ئەو شتانەی کە لێیان تۆقیویت و لەبەرخۆتەوە دەڵێیت: تەنیا لە وڵاتانی دیکەدا ڕوو دەدەن. بۆمبەکان، بلووسە ڕەنگاوڕەنگەکان، دروشمەکان، ڕوخسارە زەبەلاحەکان، چەکە گەرمەکان کە لە پەنجەرەی ژوورەکانی نووستنەوە هێنراونەتە دەر… هیچ ڕێیەکی دەربازبوون بوونی نییە. گەر دەتەوێ لە دژی بجەنگە، یان ڕوو وەربگێڕە و وای دانێ هەر هیچیت نەدیوە، یاخود سپانەکەت هەڵبگرە و لەگەڵ خەڵکانی تردا، بکەوەرە شکاندنی هەندێک ڕوخسار، بەڵام چاک بزانە کە بژاردەیەکی دیکەت نییە.

تەنانەت سەرکەوتنەکەی جەنگی جیهانیی دووەم دژی فاشیزم، ئۆروێڵی لە ڕەشبینی نەگەڕاندەوە. لە ساڵی ١٩٤٥دا مەزرای ئاژەڵان بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا باس لە بەلاڕێدابردنی شۆڕش دەکات. لەم چیرۆکەدا ئاژەڵەکانی مەزرای مەینەر (ڕووسیا) دەسەڵات لە جووتیارێکی ناشایستە دەستێننەوە کە جۆنسە (هەر کەس). ئاژەڵان بەتەنگ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخوازەوەن، بەڵام لە سەروبەندی هەوڵەکانیاندا، بەرازەکان ئامانجەکانی شۆڕش لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەقۆزنەوە. بەرازەکان بە سەرپەرشتیی ناپلیۆن (ستالین) دەکەونە بانگەشە کە هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان لەوانی تر یەکسانترن. بەم جۆرە شۆڕشەکە بە چەوساندنەوە کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵەکان ئاگاداری ڕادەی ئەم ستەم و بارودۆخە هەموارەیان نین، چونکە یادگارییەکانی ڕۆژانی زوو بە با چوون و هیچ ڕێگەیەکی دیکەش شک نابەن تاکوو بارودۆخی خۆیان بە هی پێش شۆڕش بەراورد بکەن و بزانن داخۆ حاڵیان لەو کات باشترە یاخود خراپتر (لە ئۆقیانووسیای ڕۆمانی ١٩٨٤یشدا چاومان بەم هەلومەرجە دەکەوێتەوە). لە هەمان کاتدا مەزرای ئاژەڵان ڕەنگدانەوەی مێژووی ١٩٤٠ـە، چونکە کێڵگە و جووتیارە ناکۆکەکانی دەوروبەری مەینەر ئاماژەن بە فاشیزم (فریدریک)، هاوپەیمانەکانیش (پیڵکینگتن). یاریی وەرەقی کۆتایی کتێبەکەش، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاماژەیە بە کۆنفرانسەکەی ساڵی ١٩٤٣ى تاران. هەرچەند ئاژەڵ و جووتیارەکان پێکەوە کاری هاوبەش دەکەن، بەڵام دواجار بەهۆی ڕاکێشانی یەک لە دوای یەکی پاپاسی قەرەوە، دەمەقڕێ و ناکۆکی لەنێوان بەراز و مرۆڤەکاندا دێتە ئارا.

بەم جۆرە مەزرای ئاژەڵان پێمان دەڵێت کە دەکرێت شۆڕش ببێتە جۆرێکی نوێی زۆرداری، ئەوەی ئەم زۆردارییەش لەوانەی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، ئاقڵیی ڕابەرە تازەکانیەتی. بەڵام هەر خۆی سەرکەوتنی ئەم خوێنڕێژییە، ئەگەری داهاتوویەکی تۆتالیتاریزمی بۆ هەموو مرۆڤایەتی دێنێتە کایە. دروست بەو جۆرەی کە یاریی وەرەق نیشانمان دەدات، پیڵکینگتن و دۆستانی گیانی بە گیانی، لە ڕووی ئەخلاقەوە لە سەرووى ناپلیۆن و دارودەستەکەیەوە نین. بە دەربڕینێکی تر، ئۆروێڵ بڕواى وا بوو کە سەرکردەکانی خۆرئاوا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی جەنگی سارددا، وەک پێشینانی ڕووسییان، گەندەڵ و ملهوڕ بوون، جیا لەمەش لە ساڵی ١٩٣٠دا ئۆروێڵ بە تەواوی لای ڕوون بوو کە ئەم خوێنڕێژییەی شەڕ هیچی لە کێشە سیاسییەکان چارەسەر نەکردووە. دواجار بۆ ئۆروێڵ ئەم خوازەی نەخۆشکەوتنە لەبار بوو: «پێم وایە مرۆڤ دەبێ بەردەوامی بە ململانێی سیاسی بدات، وەک چۆن دکتۆرێک هەوڵی ڕزگارکردنی نەخۆشێک دەدات کە لە سەرەمەرگدایە.» بەڵام ‌هێشتاش، ئۆروێڵ ترووسکاییەک هیوای هەبوو کە دەکرێت چارەسەرێک بۆ ئەم دەردە سیاسییانە بدۆزرێتەوە. ئۆروێڵ لە سەروبەندی تەواوکردنی ڕۆمانی ١٩٨٤ و لە وتارێکی کەم تا زۆر کەمتەرخەمانەدا کە ساڵی ١٩٤٧ لەژێر ناونیشانی بەرەو یەکێتیی ئەورووپادا بڵاوی کردەوە، سێ ئەگەر سەبارەت بە داهاتوو دەخاتە ڕوو. یەکەم، دەڵێت کە ئەمریکا دەبێت جەنگێک دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت هەڵبگیرسێنێت، هەرچەند حەز بەم ڕێچارەیەش ناکات. دووەم، شەڕی سارد بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕووسیا دەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. دواتر و پاش ماوەیەکی کەم، شەڕێکی ئەتۆمیی گەورە هەڵدەگیرسێت کە شارستانیەت بە یەکجاری تەفروتوونا دەکات و چەند ملیۆن کەسێک ڕزگاریان دەبێت تاکوو لە زەوییەکی چۆڵ و کاولدا نیشتەجێ ببنەوە. ئۆروێڵ پێی وایە کە ئەگەری سێیەمیان، لە هەمووی بەهێزترە:

«ئەو ترسەی کە چەکی ئەتۆمی و چەکەکانی تر کە هێشتا نەهاتوون، دروستی دەکەن، هێندە گەورەیە کە هەمووان خۆیان لە بەکارهێنانیان بەدوور دەگرن. لای من، ئەمە خراپترین ئەگەرە. چونکە ئەوکات جیهان دابەش دەبێت بەسەر دوو یان سێ دەوڵەتی گەورەدا، کە نە توانای داگیرکردنی یەکدیان دەبێت، نە دەکرێ لە ڕێی شۆڕشی ناوخۆشەوە لەناو ببرێن. بە ئەگەرێکی زۆر پێکهاتەی ئەم دەوڵەتانە قوچەکی دەبێت، لە سەری سەرەوە دەسەڵاتێکی خودایی بوونی دەبێت، لە خواری خواریشەوە کۆیلایەتییەکی کوشندە، نەهێشتنی ئازادیش، هەموو شتەکان لە جیهاندا خراپتر دەکات. جا هەر دەوڵەتێکیان، کەشێکی دەروونیی تایبەت بە خۆی دروست دەکات، ئەمەش لە ڕێی دابڕاندنی خەڵکەکەی لە جیهانی دەرەوە و هەڵگیرسانی شەڕی درۆینە و فێڵبازانەی بەردەوام لەگەڵ دەوڵەتانی هاوشانی. شارستانیەتگەلی لەم جۆرە، دەکرێت هەزاران ساڵ هەر وا بە چەقبەستوویی بمێننەوە.»

ڕوونە کە لێکچوونێکی زۆر لەنیوان ئەم داهاتووە پێشبینیکراوە و ئەو سیاسەتە جیهانییەدا هەیە کە لە ١٩٨٤دا باس کراوە. بەڵام گرنگە تێبگەین کە ئۆروێڵ وەها دەسەڵات و سیستەمێک بە نەبەز نازانێت. باشترین ئەگەر بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی داهاتوویەک کە بەسەر سێ ڕژێمی تۆتالیتاریدا دابەش دەبێت، بە تایبەت بۆ هەندێک شوێنی جیهان (وەک ئەورووپا)، چەسپاندنی سۆسیالیزمێکی دیموکراتییە. دەوڵەتێکی وەها، تەنیا مۆدێلێکی تازەی مرۆڤی داهاتوو ناخاتە بەردەم جیهان و بەس، بەڵکە وەک شوورەیەک کار دەکات و هەموو ئەو مەیلانە دەکوژێت کە بۆ تۆتالیتاریزم هەن. بەڵام لە کۆتاییدا ئۆروێڵ دەگەڕێتەوە سەر تێبینییە ڕەشبینانەکانی، چونکە تێڕوانینێکی تاریک لەبارەی شارستانیەتەوە بەدی دەکات. لە مێشکی ئۆروێڵدا، ئەگەرێکی جیا بوونی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەکرێ خەیاڵەکانی ناو ١٩٨٤ ببنە ڕاستی.

٢

بەدبەختییەکانی وینستۆن سمیسی دژەپاڵەوانی ئۆروێڵ، سیستەمی سیاسیی فەرمانڕەوایی ئۆقیانووسیا لە ١٩٨٤دا دەخاتە ڕوو. نەهامەتییەکانی لاوی، وینستۆن بەرەو پرسیارێکی جەوهەری دەبەن، هاوکات دنەی دەدەن کە ڕق لە براگەورە هەڵبگرێت، ئەو ڕوخسارە زەبەلاحەی کە لە پۆستەرەکانی لەندەندا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا کە کەس نازانێ هەر بە ڕاستی براگەورە بوونی هەیە یاخود نا، براگەورە نمایشی واقعی دەسەڵاتی ئۆقیانووسیا دەکات. ئاخر بە درێژایی چیرۆکەکە، دروشمی براگەورە چاوی لەسەرتە، هەروەک دروشمێکی چەندبارەی ساکار نامێنێتەوە. وینستۆن بە بیرۆکەیەک دەست بە یاخیبوونەکەی دەکات، ئەو پێی وایە ڕەنگە دەوڵەت توانیبێتی جڵەوی هەموو شتێک بگرێت، بەڵام دواجار چەند سانتیمەترێکی چوارگۆشەی ناو کەللەمان بە ئازادی ماوەتەوە کە تەنانەت پۆلیسی فکریش بەو هەموو دزەکردن و بەربڵاوییەی خۆیەوە، ناتوانێت پەی پێ بەرێت. دواتر بۆی دەردەکەوێت کە ئەمە بە تەواوی ڕاست نییە. دەکرێت ئەسڵەن ناپاکییە هەرزەکارانەکەی و پەیوەندییە نایاساییەکەشی لەگەڵ جوولیا کە سەر بە کۆمەڵەی دژەسێکسە، هەر لە سەرەتاوە لە لایەن پۆلیسی فکرەوە داڕێژرابێت. وینستۆن بە درێژایی ماوەی دەستبەسەری و ئەشکەنجە، زیاتر لەبارەی واقعی دەسەڵاتەوە فێر دەبێت، پاش ئەو هەموو ئەشکەنجە دەروونیانەی کە بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی ئاکاری دەدرێن و دواجار ئەو ئەزموونە تاڵەی کە لە ژووری ١٠١دا (ژوورە شوومەکە) دەیکات، وەک بوودەڵەیەکی بێمێشک دێتە دەرەوە کە دواجار وەک خەڵکی، عەشقی براگەورە لە دڵیدا سەوز دەبێت.

ئەو حیزبەی کە لە ئۆقیانووسیا لەسەر دەسەڵاتە ناوی ئینگسۆکە و دەرهاویشتەی سۆسیالیزمی ئینگلیزیی پێش خۆیەتی. ئینگسۆک هەرچەندە وەک ناو سۆسیالیستە، بەڵام ڕاستییەکەی خاوەن هیچ ئایدۆلۆژیایەک نییە. تاکە ئامانجی حیزب، ئەوەیە کە لەبری دەستەی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت، یاری بە دەسەڵات بکات. ئەندامانی حیزبی ناوەندی، تەنیا لە سەدا دووی دانیشتووانیان پێک هێناوە و لە کەسانی تەکنۆکرات، سیاسی، زانا و ڕۆشنبیر پێک هاتوون. ئەم دەستەیە لە هەناوی تۆتالیتارەکانی پێش خۆیانەوە دەرهاتوون و بڕوایان وایە کە ئینگسۆکی قوچەکی تەنیا و تەنیا لەسەر بنەمای ڕادەی هاوکاریی ئەندامانی حیزب بۆ دەوڵەت دامەزراوە. ئیدی بنەمای پیرەکوڕ و پەیوەندییە ئۆلیگارشییەکانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک نایەنە خانەی ئەم پڕۆسەیەوە. جا لە خوار ئەم بەڕێوەبەرە هەڵبژێردراوانەوە، چەند دامەزراوەیەکی بیرۆکراتی هەیەن کە نزیکەی لە سەدا دوازدەى دانیشتووانی ئۆقیانووسیایان پێک هێناوە. ئەم دەستە خوێنڕێژانە کە وەک تەزبیح وان، گرنگییەکی زۆریان بۆ سیستەمە قوچەکییەکە هەیە و ئەگەرێکی زۆری ڕزگاربوونیشیان هەیە، هەڵبەت تا ئەو کاتەی لەگەڵ سیاسەتەکەدا هەماهەنگ و کۆکن. وینستۆن بەر لەوەی یاخی ببێت، ئەندامێکی نموونەیی ئەم دەستەیە بووە. لە وەزارەتی ڕاستی دامەزراوە و لەسەر کونی یادگە کاری کردووە، ئەو کونەی کە هەموو ئەو زانیاریانە حەپەلووش دەکات کە لەگەڵ بانگەشەی حیزبدا نایەنەوە.

لە ڕووکەشدا ئەو ڕێگانەی کە ئینگسۆک دەیانگرێتە بەر، هاوتای ئەو ڕێکارە دڵڕەقانانەن کە ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی سەدەی نۆزدە بەکاری دەبردن. بۆ نموونە هەڵمەتەکانی پاکتاو و بەهەڵمکردنی نەیارە ناوخۆییەکان، بەشێکی جەوهەریی ئەو میکانیزمانەن کە حکوومەت بەکاریان دەهێنێت، بێ گومان لە پاڵ ئەو کەرەستە باوانەی دیکە کە بۆ ئەشکەنجەدان هەن (وەک: شووشکە، چەکی گەرم، ڕوممانە، بۆمب، مووشەک، مایکرۆفۆنی نهێنی، دیکتافۆن[4]، پەیوەندی ڤیدیۆیی و هێلیکۆپتەرەکانی پۆلیس). جیا لەمانە، ئینگسۆک میتۆدی تر بۆ جڵەوکردنی دەروون و بیری جەماوەر دادەنێت، وەک بەرنامە بانگەشەییەکان و دوو خولەکی ڕق کە هێندە زیرەکانە بەڕێوە دەبرێت کە بۆ ساتێک وینستۆنیش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو هەڵچوونە دەروونییە شێتانەیەوە.

ئۆروێڵ لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تۆتالیتاریزمی داهاتوو، ڕێگە دڕندانەکانی ڕابردووش تێدەپەڕێنێت. لە ١٩٨٤دا دەوڵەت پەرەی بە تەکنەلۆژیایەکی زیرەک داوە کە تەنیا لە کونی یادگە پێک نەهاتووە، بەڵکە ئامێری ڕۆماننووسینیشی دروست کردووە، لەگەڵ ئامێرگەلێکی چاودێری کە پێدەچێ گرنگیی سیستەمی بەکۆمپیوتەرکراو نیشان بدەن. بەڵام دواجار، هیچ ئاماژەیەکی هەبوونی ئەم هەموو شێوازە بەربڵاوەی سیخوڕی، لە ڕۆمانەکەدا بوونی نییە. مایکرۆفۆنی نهێنی نییە، بەڵام ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە مایکرۆفۆنی نهێنی لە گوندەکانی دەرەوەی شار، یاخود ژوورۆچکەی دوکانی کۆنەفرۆشییەکە هەبێت کە لەوێ وینستۆن و جوولیا بەردەوامییان بە پەیوەندییە نایاساییەکەیان دەدا. تەنانەت ئەو تۆزەشی کە وینستۆن دەیخستە سەر یادداشتنامەکەی بۆ ئەوەی دواتر بزانێت پۆلیس هاتوونەتە ماڵەکەی و بە شتومەکەکانیدا گەڕاون، ڕێک کتومت وەک خۆی لە لایەن پۆلیسی فکرەوە خراوەتە سەر یادداشتنامەکە، ئەمەش بۆ ئەوەی بڵێن کە بچووکترین شتیان لە دەست دەرنەچووە. هاوکات دەبێت بیرمان بێت کە فۆبیا نهێنییەکەی وینستۆن (جرجەکان) لە لایەن ئەم تۆڕە ئاڵۆزەی سیخوڕیانەوە ئاشکرا کراوە کە تەنیا چاویان لەسەر ڕەفتاری کەسەکە نییە، بەڵکە زۆر قووڵ بە دەروونیشیدا ڕۆچوون.

ترس لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا، سنووری سیخوڕیکردن و ئەشکەنجەدانی خەڵک تا ڕادەی خۆبەدەستەوەدان تێدەپەڕێنێت و زۆر زانستیانەتر بە دەروونی جەماوەردا ڕۆدەچێت. جەوهەری ئەو ستەمکارییە تازەیەی کە لە ١٩٨٤دا دەردەکەوێت، پەیوەندیی بە یاریکردن بە واقعەوە هەیە. ئەو ترسەی کە پەیوەندیی بە جڵەوکردنی فکرەوە هەیە. وەک ئاماژەی پێ دەدرێت واقع شتێک نییە لە دەرەوەی ئێمە. واقع لە مێشکی مرۆڤەکاندایە نەک شوێنێکی دی. لێرەدا ڕاستییەکان لە لایەن حیزبەوە دیاری دەکرێن. یەکێک لەو گریمانە ئاکاریانەی کە کتێبەکە پێشکەشی دەکات ئەوەیە کە لە ڕێی جڵەوکردنی دەوروبەرەوە، بە تایبەت ئەو تێبینی و سەرنجانەی کە دەرخواردی مێشک دەدرێن، حیزب دەتوانێت وا لە خەڵکی بکات بڕوا بەوە بکەن کە ئەو دەیڵێت. ئەو ناکۆکییە لۆژیکیانەشی کە ناکرێت لەم ڕێیەوە لەناو ببرێن، لە ڕێی جووتباوەڕییەوە جڵەو دەکرێنەوە. جووتباوەڕی ئەوەیە کە لە یەک کاتدا، هەڵگری دوو بۆچوونی پێچەوانە بیت، بە چاوپۆشین لەو ناڕێکی و دژیەکیانەی کە لەنێوانیاندا هەیە. لە ڕوانگەی حیزبەوە، لێکدانەوە کەسییەکان بۆ واقع، تاوانن: ڕاستی شتێکە کە دەبێت بۆت ڕوون بکرێتەوە، نەک ئەوەی خۆت لێی تێبگەیت. شتێک بە ناوی دەزگای ئازادەوە بوونی نییە.

لە ئۆقیانووسیا، یاسا پێویست نییە. هەڵسوکەوت، باوەڕ و یاساکانی ئاکارێکی دروستی کۆمەڵایەتی هەرگیز نانووسرێنەوە. چاوەڕوانی دەکرێت زیاد لە یەک شێوازی خۆگونجاندن نیشان بدرێت. ئەندامی حیزب نەک تەنیا دەبێ بیروبۆچوونەکانی دروست بن، بەڵکە دەبێ غەریزەکانیشی دروست بن! ئەو ئەندامە بەوەفایەی حیزب کە مێشکی بە شێوەیەکی دروست کار دەکات، پێی دەوترێ بیردروست. لە پاڵ ئەمەشدا، کەسی ناکۆک، هەمیشە پەرۆشە و ترسی خۆبەدەستەوەدانی هەیە. ئۆروێڵ دەڵێت: «سیستەمی دەماریت، خراپترین دژمنتە.» چونکە لە هەر کاتێکدا بێت، دەکرێت ئەو گرژییەی ناوەوەت لە شێوەی چالاکییەکی جەستەییدا بنوێنێت. مەراق و پەرۆشیی وینستۆن بە گومانکردن لەخۆی و تێکۆشانە هەرزەکارانە شۆڕشگێڕانەکەی دەورووژێت. دوودڵی هەمیشە سەری ناوەتە کەللەى وینستۆن: ئایا هەر بە ڕاستی لەسەر هەقە؟ ئایا یاخیبوونی تاکەکەسی خەباتێکی مانادارە؟ دواجار، دەکرێت حیزب لەسەر هەق بێت.

تەنانەت حەزە سێکسییەکانیش سنووردار کراون. ئاخر حیزب پێی وایە کە پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان خۆبواردن لە سێکس و ڕەفتاری سیاسیدا هەیە. جوولیای چێژپەرست، سۆزدارییەکەی لە هی وینستۆن زیاترە، بەڵام وەک ئەو نموونەیی نییە. لە دوابەدوای ئەمانەشدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەکرێت سێکس کێشەیەکی سیاسی بێت:

«ئەو دەمەی سێکس دەکەی، وزەیەک بەکار دەبەی، دواتریش هەست بە شادمانی دەکەیت و باکت بە هیچ نامێنێ. ئەوانیش چاویان بەمە هەڵنایەت. دەیانەوێ هەردەم لێوڕێژ بیت لە وزە و گوڕوتین. ئەم هەموو هاتن و چوون و هاوار هاوار و ئاڵا ڕاوەشاندنە تەنیا بۆ سستکردنی غەریزەی سێکسە. گەر تۆ ناخت ئاسوودە و شادمان بێ، چ باکت بە براگەورە و پلانی سێ ساڵەیی و حەفتەی ڕق و ئەم هەموو تووڕەهاتە دەبێ؟»

لەم هەلومەرجانەدا نەک تەنیا پەیوەندییە کەسییەکان، بەڵکە ئاشکراکردنی ناسنامەی کەسیش کارێکی ئەستەمە، چونکە بە هیچ جۆرێک ناتوانیت لە ئەزموونی ئەوانەی دەوروبەرت ئاگادار بیت. ئەمە بیروباوەڕی بنچینەیی حیزبە: «ئەوەی جڵەوی ڕابردوو دەگرێت، جڵەوی داهاتووش دەگرێت: ئەوەش جڵەوی ئێستەی گرتووە، هی ڕابردووشی گرتووە.» ئەم بیرکردنەوەیەی ئۆروێڵ ئێجگار گرنگە، چونکە پەیوەندیی بە شێوازی بیرکردنەوەمانەوە هەیە. وەک تریڤگێ سۆلفسین دەڵێت:

«لە یادگەی مرۆڤەکانەدا، ڕابردوو هەمیشە هەیە، داهاتووش لە پێشبینییەکاندا. لەو نیو چرکەدا کە ئێستەی لێوە بەرهەم دێت، واقعی ڕووت، جگە لە بەیەکگەیاندنی ڕابردوو و پیشبینییەکانی داهاتوو هیچی تر نییە. وەک دیلسەری دەڵێت: ئێستەیەکی لەو جۆرە ناکرێ بوونی هەبێت، چونکە ئاگایی مرۆڤ، لە یەک کاتدا باوەش بە ڕابردوو و داهاتووشدا دەکات

ڕاستییەکەی ئۆروێڵ سەبارەت بە ڕەدکردنەوەی ڕابردوو دووربینە. لە مێشکی وینستۆندا، یادگاریگەلێک هەن کە تەنانەت حیزبیش ناتوانێ بیانسڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزب ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەر زانیارییەک دەکات کە وینستۆن بتوانێت لە ڕێیەوە یادگارییەکانی پشتڕاست بکاتەوە، لەگەڵ هەر دیدگەیەکی هاندەرانە و کاریگەریی دیکە کە دەکرێت وینستۆن لە ئەزموونی ئەوانی دیکەوە دەستی بخات.

بە دیوێکی تردا، ئۆروێڵ دەڵێت خەڵکێک کە مێژوویەکی نەبێت، وەک مرۆڤێکی بێیادگە وایە. بەڵێ، دواجار ئەگەری دەستکاریکردنی ڕابردوو لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا، بناغەی جڵەوکردنی بیر و هۆشە. حیزب لەبەر دوو هۆکار دەیەوێت ڕابردوو جڵەو بکات. وەک پێشتر باسمان کرد، لە ڕێی جڵەوکردنی ڕابردووەوە، حیزب دڵنیا دەبێتەوە کە مرۆڤەکان هیچ نموونەیەکیان لە بەردەستدا نابێت تاکوو بارودۆخی ئێستەیانی پێ بەراورد بکەن، بەڵام هۆکارە گرنگترەکەیان هێشتنەوەی حیزبە وەک یەکەیەکی بێخەوش:

بابەتەکە تەنیا وتار و ئامار و تۆماری جۆراوجۆر نییە…

بۆ ئەوەی ئەفسانەی کامڵێتی وەک خۆی بهێڵرێتەوە، پێویستە مێژوو بەردەوام دەستکاری بکرێت. جا لە ڕێی ئەم پڕۆسەیەوە، براگەورە دەبێتە هێزێکی نەبەزیو و خودائاسا.

وینستۆن بیری دێت کە ساڵی ١٩٤٤ یاخود ١٩٤٥ لە دایک بووە. لە کاتێکدا کە هەوڵی پێکەوەنانی ڕووداوە مێژوویەکانی ژیانی دەدات، هێرشێکی ئاسمانیی بیر دەکەێتەوە (نزیکی ساڵی ١٩٥٤) کە هەمووان دەتاسێنێت. بۆمبێکی ئەتۆمی بەسەر کۆڵچێستەردا بەر دەدرێتەوە و ئەمەش شەڕێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەم بارودۆخە قەیراناوییەدا، وینستۆن بیری دێتەوە کە لەو کاتەدا گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە حکوومەتدا ڕووی داوە. بە شێوەیەکی ئاڵۆز بیری دێتەوە کە لە وێستگەیەکی شەمەندەری جەنجاڵ، لەگەڵ دایک و خوشکە بچووکەکەیدا گیری خواردووە. جا پیرەمێردێکی سەرخۆشی مەینەتبار، بە جلوبەرگی کەسانی چینی مامناوەندییەوە، بەردەوام پاتەی کردووەتەوە: نەدەبوو متمانەیان پێ بکەین، گوتم ها، نەمگوت؟! ئاوات بەسەر دێ کە متمانەیان پێ دەکەی، خۆ گوتبووم. وینستۆن نەیدەتوانی بیر خۆیی بهێنێتەوە کە نەدەبوو متمانە بە کێ بکرێت! لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، یادگەی ناپاکیی لێ دەکات. پاش ئەم کارەساتە، تەنیا شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی بیر دێنەوە، لەگەڵ هەڵمەتە گەورەکانی پاکتاوکردنی کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٥٠ و سەرەتاکانی ١٩٦٠. دروست لەم کاتەشدا بووە کە بۆ یەکەمین جار گوێی لە ناوی براگەورەوە بووە. بەڵام لەودیو ئەم یادگارییە تەمومژاویانەوە هەموو شتێک بە با چووە. وینستۆن مرۆڤێکە کە هیچ ڕوانگەیەکی بۆ ژیانی خۆی نییە، هەر ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی قەیرانە ناسنامەییەکانی خۆی.

دەکرێت بڵێین، ئەو بەدەست لەبیرچوونەوەوە دەناڵێنێت: ئەو تەنیا بوو. ڕابردوویەک نەمابوو و وێنای داهاتووش نەدەکرا. وینستۆن بە کۆکردنەوەی یادگارییە تەمومژاوییەکانی و دەربڕینی هەستەکانی لە یادداشتنامەیەکدا کە بە نایاسایی کڕیبووی، هەوڵ دەدات پەرۆشیی خۆی دابمرکێنێتەوە. ئەم یادداشتنامە بەرگئەستوورە کۆنە پەڕە کرێمییە، وینستۆن دڵخۆش دەکات. بەڵام کە هەوڵی نووسین دەدات، ئەم تینوتاوە داهێنەرانانەی سەری، دەپووکێنەوە. بیرکردنەوەکانی پەرش و بڵاو دەبن و هەستەکانی ناخی یەک ناگرنەوە. لێرەدا ئۆروێڵ دەیەوێت پێمان بڵێت کە داهێنان، لە چوارچێوەی سیستەمێکی خوێنڕێژی وەهادا، ڕێی تێ ناچێت. ئەی باشە گەر ڕابردوو و جیهانی دەرەوە تەنیا لە مێشکدا بوونیان هەبێت و ئەم مێشکەش ئەگەری جڵەوکرانی هەبێت، ئەوکات چی؟

گرنگە ئاماژەی پێ بدەین کە وینستۆن بە هەوڵی خۆی ناگاتە کۆتا هەقیقەت. لە ڕێی ئەزموونی خۆیەوە کە وەک تەکنیککارێکی ئاستنزم لە وەزارەتی ڕاستیدا کار دەکات، دەتوانێ چەند زانیارییەک لێرە و لەوێ پێکەوە گرێ بدات تاکوو بزانێت کە حیزب چۆن کار دەکات. تەنانەت دەتوانێ بشیسەلمێنێت کە حیزب لە بەرژەوەندیی خۆیدا، دەستکاریی ڕابردووی کردووە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک وینستۆن بۆ دواجار کتێبی تیۆریزە و پراکتیزەکردنی سۆسیالیزمی ئۆلیگارچی دەست دەخات کە گۆڵدشتاینی یاخی نووسیویەتی، بۆی دەردەکەوێت کەم تا زۆر کتێبەکە هەر ئەو شتانە پشتڕاست دەکاتەوە کە خۆی دەیانزانێت. لە هەمان کاتدا، وینستۆن دەزانێت کە مەعریفەکەی ناکامڵە، چونکە ئەو تەنیا لە شێوازەکانی کارکردنی حیزب تێدەگات، ئەگینا هیچ لە دامەزراوە تیۆرییەکانی دەسەڵات نازانێت. پرسیاری بۆچی تا دوای دەستگیرکردنەکەی هەر وا بە ناڕوونی دەمێنێتەوە. بەڵام ئیدی کار لە کار ترازاوە و وینستۆن، ئەو پیاوەی کە ئۆروێڵ وەک دواهەمین پیاوی ئەورووپا ناوی دەبات، بووەتە مرۆڤێکی هاککراوی بێمێشکی حیزب. بەم جۆرە، بە پێچەوانەی نووسینەکانی پێشووترەوە، ئەزموونی وینستۆن لە دوای خۆیەوە هیچ هیوایەکی گۆڕانکاری لە ئۆقیانووسیادا جێ ناهێڵێت. گەڕانەکەی وینستۆن شکست دەهێنێت و گەر گەیشتنیش بە واقع سەرکەوتن بێت، ئەوا سەرکەوتنێکە کە باجی گەورەی لەپێناودا دراوە.

٣

بە ڕای بێرنارد کریک[5]، دەکرێت ڕۆمانی ١٩٨٤ وەک مۆدێلێکی پێشکەوتوو سەیر بکرێت، مۆدێلێکی پێشکەوتووی مێژووناسە ئابووریزانەکان، بیرمەندە کۆمەڵاتییەکان، هاوکات ڕێکوپێک و لۆژیکیش وەک کتێبەکەی تۆماس هۆبس[6] لێڤایەزن[7] کە شاکارێکی فەلسەفیی سیاسیی ئینگلیزییە. بەڵام ئایا هەر بە ڕاستی بەم جۆرەیە؟ وا دەردەکەوێ کتێبەکەی ئۆروێڵ لەو جێیەدا لاواز بێت کە نامیلکەکەی هۆبز تێیدا بەهێزە؛ ئەویش تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کەمبوونەوەی دەسەڵات و کاریگەری و پەیوەندیی ئەم کەمبوونەوەیە لەسەر واقعی مرۆڤەکان. لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا ئۆروێڵ زیادەڕەوانە هەموو دەسەڵاتەکە دەداتە پاڵ ئینگسۆک. بە بۆچوونی ئۆبراینی تیۆریزان و ئەندامی حیزبی ناوەندی، هێز لە خۆیدا شێوەیەکی ڕەهای وەرگرتووە: ئێمە باکمان بەوانی تر نییە، ئێمە تەنیا باکمان بە دەسەڵاتە. نە سامان، نە خۆشگوزەرانی و تەمەنێکی درێژ یاخود بەختەوەری، تەنیا دەسەڵات، دەسەڵاتێکی ڕووت و بەس. بێ گومان هۆبس، وەک فەیلەسووفێکی سیاسی، یەکەم کەس دەبێت کە دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە. چونکە توخمی مرۆڤ هەمیشە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی سیاسەت. تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان مرۆڤ بن، ناتوانین دەسەڵاتێکی سیاسیی ڕەهامان هەبێت. بە پێجەوانەی قسەکانی ئۆبراینەوە، حیزب ناتوانێت سرووشتێکی نوێ بۆ مرۆڤەکان بخوڵقێنێت (ئەو دەڵێت مرۆڤەکان بەردەوام دەگۆڕێن)، بەڵام مرۆڤەکان هەمیشە لەسەر یەک هێڵ ناڕۆن، بەم جۆرەش خاوەن سرووشتێکی دیاریکراو نین تاکوو دەستکاری بکرێت. ئەوەی کە لە ئۆقیانووسیا دەستکاری دەکرێت دەوروبەرە، نەک جەوهەری مرۆڤ. بەم جۆرەش، لانیکەم دەکرێت تۆزقاڵێک هیوا هەبێت کە لە داهاتوودا، کەسانی دژبەر و یاخیی بەتواناتر لە وینستۆن سمیس دەردەکەون، کەسانێک کە لە ڕووی ئەقڵییەوە، لە سەرووى ئۆبراینەوە بن.

یەکێکی دی لە کێشە سیاسییەکانی پەیوەست بە توخمی مرۆڤەوە، ئەو مشتومڕەیە کە ئۆروێڵ سەبارەت بە پڕۆلیتارەکان دەیکات، کە لە سەدا هەشتای دانیشتووانی وڵاتەکەیان پێک هێناوە. مادام لە خراپترین گەڕەکەکانی لەندەندا ژیان دەگوزەرێنن، دەبێت ئاگاداری نەهامەتی و ناڕێکییەکانی دوو سەدەی ڕابردووی پێش خۆیان بن؛ هەر لە خراپبوونی جۆری بیرەی مەیخانەکانەوە بیگرە تا شتەکانی تر. بەڵام پێدەچێ ئەم جەماوەرە خەریکی کڕینی پۆڕنۆگرافی، ڕۆمانگەلێک کە بەرهەمی ئامێرەکانن و یانسیبی بێمانا بن، لەولاشەوە مژووڵی خووی شەکەتکەر و بێزراوی پەیداکردنی بژێوی. جگە لە چەند هێرشێکی پۆلیسیی دیاریکراو، ترس و تۆقین بە هیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی پڕۆلیتارەکانی لەندەنەوە. وەها شتێک ئەسڵەن پێویست نییە، چون دواجار هێزێکی شۆڕشگێڕانە بوونی نییە. دروست بەو جۆرەی کە وینستۆن ئاماژەی پێ دەدات: تا بەئاگا نەیەن، یاخی نابن، تا یاخیش نەبن، ناتوانن بە ئاگا بێن. هەر بە ڕاستی ئەمە یەکێکە لە جوانترین و پڕماناترین دێڕەکان، بەڵام داخۆ ئەو چینە کرێکارە ئینگلیزە دەگرێتەوە کە ئەوە بۆ دووسەد ساڵ دەچێت ئاگادارە؟ دوای ئەوەش، هەر بە ڕاستی جیهان ئەوەندە گەندەڵە کە خەڵکی ئاوا خۆی بەدەستەوە بدات و بێ هیچ بەرگرییەک بهێڵێت یاریی پێ بکرێت؟ چی لە کۆمەڵگەیەکی تۆتالیتاریی کاتیدا دەگوزەرێت گەر زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی بێ ترس بە خۆیاندا بچنەوە؟ مرۆڤ دەبێت لێرەدا پرسیار لەبارەی واقعگەرایی ئۆروێڵەوە بکات.

بۆ نووسەرانی دیکە، ڕۆمانەکەی ئۆروێڵ وەک ڕێبەرێکە، ڕێبەرێک لەبارەی چەرمەسەرییەکانی ژیان لە دەوڵەتێکی سۆسیالیستدا، تێکەڵەیەک لە سامانی گشتی و چەپەڵی و هەژارییەکی نەبینراو. ئاخر ئینگلتەرا لە ساڵی ١٩٨٤دا زبڵخانەیەک بوو. دەبوو گوێزان لە بازاڕی ڕەش بکڕرێت، جنی سەرکەوتن زیاتر بۆ ئاڵۆزکردنی بیر بەکار دەبرا نەک تامەکەی، لەگەڵ ئاسانگوازەکاندا کە کار ناکەن (هەرچەند لە سەردەمی سەرمایەداریشدا ئەمە هەر کێشەیەکی باو بوو)، بەڵام هۆکارەکانی پشت دروستبوونی ئەم هەلومەرجانە زیاتر پەیوەندییان بە جڵەوکردنی خەڵکەوە هەیە، وەک لەوەی دەرخەری کەمکوڕییەکانی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی بن. چونکە ئۆروێڵ دەڵێت کە ئەم هەلومەرجانە دروست کراون و بەرهەمی سیستەمێکی ئابووریی شکستخواردوو نین. لە ئۆقیانووسیادا، ئینگسۆک تەنانەت لەو کاتانەشدا کە شەڕ نییە، ئابوورییەکەی هەر پشتی بە شەڕ بەستووە. هۆکاری لۆژیکیی ئەمەش ئەوەیە کە شۆڕش لە وڵاتێکدا سەر هەڵدەدات کە چاوەڕوانییەکان گەورەن، نەک لە جێیەکدا کە گەل ملی پێ کەچ کراوە. لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا ئینگسۆک نەخشەی هەژاری دەکێشێت و ڕێژەی کاڵا و بەرهەمەکان کەم دەکاتەوە، ئەمەش لەپێناو نەهێشتنی جموجووڵی کۆمەڵایەتی. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ گۆڕینی تواناکانى دەرەوەی حیزب، لە تواناى مادییەوە بۆ پەرستن و خزمەتکردنی دەوڵەت. بەم جۆرەش دەکرێت بڵێین کە ئۆروێڵ گرنگی بە ئابووریزانیی میڵتۆن فریدمان[8] نەداوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆمانەکە هەقیقەتگەلێکی گرنگی سەبارەت بە دروستکردنی ترس لەخۆ گرتووە. شکاندنی دەموچاو بە داری لاستیکی، تەنیا دیوێکی ترسەکەیە، ئەسڵەن ڕەنگە گرنگترین دیویش نەبێت. ئەوە هێزێکی دەرەکی نییە کە ململانێی وینستۆن سمیسی ڕاگرتووە، بەڵکە زیاتر لە ڕێی دروستکردنی ئاڵۆزی و سەرلێشێوانێکی کەسییەوە پەک خراوە. بەشی هەرە زۆری هۆکاری سەرکەوتنی ڕۆمانی ١٩٨٤، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازە قایلکەرانەیەی کە ئۆروێڵ بەکاری بردووە تا پێمان بڵێت چۆن تۆتالیتاریزم دەکرێت مرۆڤەکان لەناو بەرێت و بیانکاتە بوودەڵە. ئەوەی کە لە ڕۆمانەکەدا قەڵسکەرە، ئەوەیە کە ترس کابووس نییە، بەڵکە ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە و بوونی هەیە.

سەرچاوە:

The Dynamics of Terror in Orwell’s “1984” Malcolm R. Thorp


١. وتارێکی جۆرج ئۆروێلە لەژێر ناونیشانی بە بەرچاوتەوە (١٩٤٥–١٩٥٠).

١. Francisco Franco Bahamonde: فرانسیسکۆ فرانکۆ (١٨٩٢–١٩٧٥) دیکتاتۆرێکی ئیسپانی بوو. لە بیستەکانی سەدەی پێشوودا بووبووە گەنجترین سەرکردەی ئەورووپا، بەشداریی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیای کرد و دواتریش لە ڕێی کودەتاوە دەسەڵاتی گرتە دەست.

2. lower benefield

١. دەزگایێکی چکۆلەی تۆمارکردنی وتار و نووسینەوەیە.

١. Bernard Crick: بێرنارد کریک (١٩٢٩–٢٠٠٨) ڕەخنەگر و تیۆرداڕێژی سیاسی و سۆسیال دیموکراتێکی بەریتانییە. لە ساڵی ١٩٧٤ بە دواوە، بە هاوکاریی هاوسەری دووەمی ئۆروێڵ (سۆنیا برۆونێڵ) کریک دەست بە توێژینە لەسەر ژیانی جۆرج ئۆروێڵ دەکات.

٢. thomas hobbes: تۆماس هۆبس (١٥٨٨–١٦٧٩) فەیلەسووفێکی بەریتانییە و بە یەکێک لە گرنگترین ئەو فەیلەسووفانە دادەنرێت کە کاریان لەسەر فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرن کردووە.

3. Leviathon

1. melton freeman

Share this article