| جوولیان سیمۆنس
لە ئینگلیزییەوە: عیسا عوسمان
ژیانی جۆرج ئۆروێڵ وەک نووسەرێک، دەبێت بە دوو بەشەوە و هەر خۆیشی بە وردی ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکە داوە. لە ٢٠ی ئابی ساڵی ١٩٣٩، شەوێک بەر لەوەی سۆڤیەتەکەی ستالین پەیماننامەی دۆستانە لەگەڵ ئەڵمانیاکەی هیتلەر ببەستێت، ئۆروێڵ خەون بەوەوە دەبینێت کە ئەو شەڕەی لاوانی نەوەی خۆی پێشبینییان دەکرد، دەستی پێ کردووە. لەو کاتەشدا لای ڕوون دەبێتەوە پڕبەدڵ نیشتیمانپەروەر بووم، نە هەوڵی تێکدانم دەدا، نە ئەوەش کە دژ بە بەرەی خۆم بوەستمەوە، بەڵکە پشتگیریی شەڕەکەم دەکرد و گەر بۆشم بکرابا، تێیدا بەشدار دەبووم. پاش چەند حەفتەیەک، دەر کەوت کە خەونەکەی ئۆروێڵ پێشبینیی واقعی شەڕی تێدا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە تەندروستیی ئۆروێڵ بواری نەدەدا کە بەشداریی شەڕ بکات، ئەو هەر پشتگیریی ئامانجەکانی شەڕەکەی دەکرد و دژی ئەو ئاشتییە بوو کە لەسەری ڕێک کەوتبوون.
ئەم بڕیارەی ئۆروێڵ، کەم تا زۆر دژی هەموو قسە و نووسینەکانی پێشووی بوو. هەر چەند مانگێک پێشتر، گوتبووی بەریتانیا و ئەوانەی کە پێیان دەڵێن دیموکراسییەکانی فەڕەنسا، لە بنەڕەتدا جگە لە کۆمەڵێک میکانیزمی چەوساندنەوەی هەژاران هیچی دیکە نین. هاوکات گوتبووشی کە تاکە هیوای ڕزگارکردنی بەریتانیا لە فەرمانڕەوایی فاشیستانی دەرەوە و ناوەوە، دروستبوونی حیزبێکی سیاسی بوو کە بەر لە هەموو شت شەڕ ڕەد بکاتەوە و نادادییە ئیمپریالییەکان نەهێڵێت. لە نامەیەکدا کە تێیدا هێربێرت ڕیدی[1] ڕەخنەگری هونەر و ئەنارشیستی ئاشتیخوازی ئاگادار کردبووەوە، پێشنیاری کردبوو کە ئەوانەی دژەجەنگ و دژەفاشیزمن، پێویستە ڕۆژنامەکان بکڕن و لە شوێنێکی دوورەپەرێزدا بیانپارێزن، بۆ ئەوەی هەر کە کاتی هات، یەکسەری بۆ شۆڕش ئامادە بن.
کەوایە دەزانین کە ئۆروێڵ جیاواز بوو، بەڵام پاش ئەو شەوەی ئابی ١٩٣٩، ژیانی و بیروباوەڕی، زنجیرەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئۆروێڵ لە ساڵی ١٩٠٣ لە بەنگال لە دایک بووە و ناوی ڕاستەقینەی ئیریک ئارسەر بلەیرە، تاکە کوڕی ناو خێزانەکەیە و دوو خوشکی هەبووە، یەکێک لە خۆی گەورەتر و ئەوى دیکەشیان بچووکتر، باوکی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەفیوونی حکوومەتی هیندستاندا کارمەندێکی ئاسایی بووە. وەک زۆربەی هەرە زۆری ئەو منداڵانەی کە دواتر ناوی نان چینەکانی خوار و ناوەند و باڵا، وەک خوێندکارێکی ناوخۆ دەنێردرێتە قوتابخانەیەکی ئامادەیی بە ناوی سانت سیپریان، کە دواتر و ماوەیەک بەر لە مردنی، لە ژیاننامەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەو قوتابخانەیەدا زۆر بێتاقەت بووە. ئەو بەخششی خوێندنەی کە ئەوی بردە ئیتۆن، نەیتوانی بیروباوەڕی بگۆڕێت و پێی وا بێت کە پێداویستییە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە ژیاندا پارە و وەرزش و پۆشاکی چنراو و خەندەیەکی دڵبەرن، جگە لەمەش، ئۆروێڵ هیچ یەک لەم تایبەتمەندیانەی تێدا نەبوون و کەسێکی لاواز، ناشرین، ترسنۆک و نەناسراو بوو. هەڵبەت ئەمە تێڕوانینی بەڕێوەبەرانی ئیتۆن نەبوو، کەسانی وەک سیریڵ کۆنۆلی ئۆروێڵیان وەک یاخییەک دەبینی، نەک دەرکراوێک. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، لاوە یاخییەکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بنەمایانەی کە لە لایەن سانت سیپریان و ئیتۆنەوە دانرابوون، خاوەن ڕێزێکی تایبەت بوو و، جیا لەمەش هاوسۆزی و نیشتیمانپەروەرییەکی بۆ ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانی هەبوو. پێنج ساڵ لە بۆرما لەگەڵ پۆلیسی ئیمپریالیدا خزمەت دەکات، ئەم کارەشی خۆویستانە بوو نەک لەژێر فشاردا، هەر دواتریش ئاماژەی پێ دەدات، ڕقم لەو ئیمپریالیزمە بوو کە خزمەتم دەکرد، ڕقێک کە ناتوانم ڕوونی بکەمەوە.
گومانی تێدا نییە کە ڕقی لێی بوو و، خۆیشی کەسێک نەبوو کە نیوەناچڵ شتەکان جێ بهێڵێت. پاش دوورکەوتنەوەی، وەک نموونەیەکی باڵای ئیمپریالیستی، هەوڵی دا کە تێکەڵ بە هەژارترین و بەدبەخترین چینەکانی کۆمەڵگە ببێت، هەڵبەت کەم تا زۆر لەم کارەشیدا سەرکەوتوو نەبوو. لەو کاتەدا شکست، تاکە شتێک بوو کە لام ڕەوا بوو. جا لە گەشتەکەیدا بەرەو شکست، چەند حەفتەیەکی لەگەڵ هۆپ پیکەرانسدا[2] بەسەر برد، دواتریش لەگەڵ سواڵکەران ژیا و هەوڵی دا لە ڕێی خواردنەوەوە، خۆی بخاتە کونجی زیندانەوە. هەژدە مانگ لە پاریس ژیا، بەردەوام دەینووسی، بەبێ ئەوەی نووسینەکانی پێشوازییەکی وایان لێ بکرێت. لەو ماوەیەشدا یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی وێڵگەڕی پاریس و لەندەن بڵاو کردەوە. ئۆروێڵ نە بە دەرئەنجامەکان دڵخۆش بوو، نە بەوەش کە شانازییان پێوە بکات، هەر بۆیە بڕیاری دا کە ناوێکی خوازراو لەبری ناوی ڕاستەقینەی خۆی بەکار بهێنێت. چوار بژاردەی خستە بەردەم ڤیکتۆر گۆلانسزی[3] بڵاوکەرەوە، جا پێی دەڵێ من جۆرج ئۆروێڵم لا پەسەندترە و گۆلانسزیش ئەم ناوەی بە دڵ دەبێت. ئیدی لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٣٣دا، ناوی جۆرج ئۆروێڵ لە ڕێی کتێبێکیی بێبەرگەوە دێتە بوون. دواتر و لە کاتێکدا کە هاوڕێ دێرینەکانی هەر بە ئیریک بانگیان دەکرد، کەسانی وەک من هەر بە ناوی جۆرج ئۆروێڵەوە پێی ئاشنا بوون.
ژیانی پیشەیی ئۆروێڵ پاش وێڵگەڕی پاریس و لەندەن و ساڵانی پێش شەڕ، نادڵنیایی و شڵەژان و دەستپێکی تازە و دەستپێکی هەڵەی تێدا بەدی دەکرێت، کە گەر هەر کەسێکی دیکەش وەک ئەو لە سەردەمانی سیاسەتدا ئاوا جددی لە سیاسەتی باڵی چەپ تێوە بگلابا، ئەوا هەمان دەرئەنجامی دەبوو. لەو کاتەدا ئۆروێڵ چوار ڕۆمان بڵاو دەکاتەوە کە ڕێژەیەکی بەرچاویان لێ دەفرۆشرێت و هەڵدەسەنگێنرێن، بەڵام دەنگدانەوەیەکی گەورە بەدوای خۆیاندا ناهێنن، هەر لە هەمان کاتدا کتێبی بەرەو شۆستەی ویگان بڵاو دەکاتەوە. بەشی یەکەمی ئەم کتێبە تایبەتە، کە باسی لە ژیانی سەختی کرێکارانی کانەکان دەکرد، زۆر بە دڵی ڕۆشنبیرانی چەپ بوو، بەڵام بەشی دووەمی، شەپۆلێک لە سەرسووڕمان و تاسانی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕەد کرایەوە، ئەویش بەهۆی ئەو هێرشەوەی کە ئۆروێڵ ناوی دەنا هۆزی بەدبەختی ژنانی ڕۆشنبیر و پاپووچلەپێ و مەشرووبخۆرانی ڕیشن کە بە شێوەیەکی موگناتیسی سەرنجیان بەرەو سۆشیالیزم و وشەی ئەفسووناویی وەک خەرەنگەزێک بەسەر پشیلەیەکی تۆپیوەوە کێش کرابوو.
شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، ئۆروێڵی پەلکێشی ئیسپانیا کرد تا لەپێناو کۆماردا بجەنگێت، دەکرێ بڵێین کە ئەم ئەزموونەشی، بەردی بناغەی یەکێک لە گرنگترین کارەکانیەتی. لە ساڵی ١٩٣٨دا ١٥٠٠ دانە لە دروود بۆ کەتەلۆنیا چاپ کرا و تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٩٥٠دا ٦٠٠ دانەیان هەر بە نەفرۆشراوی مابوونەوە. چیرۆکی ژیانی ئۆروێڵ لە سییەکاندا دەکرێ ناو بنرێت پەروەردەی سۆسیالیستێک، هەر لە یەکەمین هەوڵە سەرەتاییەکانییەوە کە دەیویست لە ڕێی بەسەربردنی ژیان وەک هەژاران یاخود لەگەڵیان، لە هەژاران تێبگات، تا ئەو قۆناغەی کە لە ترۆپکی بڕوابوون بە ئەخلاقدا بوو و خۆی بە حیزبێکی سیاسییەوە بەستبووەوە لەم بارەشدا، ئۆروێڵ خۆی بەستبووەوە بە حیزبە سەربەخۆکەوە، حیزبی کرێکارانی سەربەخۆ، تا دەگاتەوە بەو تێگەیشتنە تەواوەی کە بۆ ئایدیالیزم و ئەو ڕقە بێزراو و دوولایەنەی کە لەنێوان ئەو دەستانەدا هەبوو کە خۆیان ناو نابوو سۆسیالیست، هەڵبەت ئەمانەی لە کاتێکدا بۆ ڕوون بوونەوە کە لە ئیسپانیا بوو. ساڵی ١٩٤٧ دەڵێت: «یەک بە یەکی ئەو دێڕە جددیانەی کە لە ساڵی ١٩٣٦ نووسیبوومن، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دژی تۆتالیتاریزم بوون و پاڵپشتیی سۆسیالیزمێکی دیموکراتییان دەکرد، بەو جۆرەی کە من لێی تێدەگەم… کە چاو بە کارەکانمدا دەخشێنمەوە، دەبینم کە هیچ مەبەستێکی سیاسیانەیان لە پشتەوە نییە و هەر ئەمەش وای کردووە کە کتێبی بێناوەڕۆک بنووسم و بە بڕگەگەلی جوان خۆم بخەڵەتێنم، ڕستەگەلێکی بێمانا، هاوەڵناوی جوان جوان و بە گشتیش نووسینگەلی فرەواتا و ناڕوون.»
ئەوەی کە ئۆروێڵ ستایشی ئەزموونی ئیسپانیای کردووە و بە خاڵێکی وەرچەرخانی داناوە لە گۆڕینی بیروباوەڕی بەرانبەر کۆمەڵگە، شتێکی سەیر نییە، بەڵام وانەیەکی دیکەش هەبوو کە دەشیا فێری ببێت. ئەو لە شۆڕشێکی دیاری ئیسپانیا هاتە دەر، وەک چۆن بینیمان کە پێشتر داوای پێکهێنانی حیزبێکی دژەشەڕ و ئامادەکاری بۆ شەڕی گەریلا کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بیردۆز و ڕێچارانە دژی سرووشتی خۆی بوون، ئاخر ئەو عاشقی وڵاتەکەی بوو، عاشقی خەڵکەکەی، دابونەریت و دیمەنەکانی، ئەم هەستانەش پێکهێنەرەکانی کەسایەتیی ئەو بوون. ئەمە تێگەیشتنێکە لەبارەی دواهەمین شت، کە ئیریک بلەیر (جۆرج ئۆروێڵ) بە ڕاستی بڕوای پێ بوو: دەبوو شەڕەکە هەڵبگیرسێت و لە ڕێی سۆسیالیزمیشەوە ئامانجەکە کە بردنەوە بوو، بپێکرێت. لە پاڵ ئەمانەشدا وەک ئەرکێک، هەستا بە ئاشکراکردنی ناپاکی و کاری دزێوی حیزبە کۆمۆنیستەکان، دروست بەو جۆرەی کە لە ئیسپانیا بینیبوونی و بەو جۆرەشی کە لە یەکێتیی سۆڤیەتدا وێنای کردبوون. ئۆروێڵ لە دە ساڵی کۆتایی ژیانیدا، هەرگیز دەستبەرداری ئەم ئامانجانە نەبوو.
*
جا لەبەر ئەوە کە ئێستە ئۆروێڵ زۆر بەناوبانگە و کتێبەکانی بەردەوام بە چاپی نوێ بڵاو دەکرێنەوە و هاوەڵناوی ئۆروێڵی لەسەر زاری هەموو سیاسی و سەرنووسەری گۆڤارێکە و حەفتەی جارێک بەکاری دەهێنن، ڕەنگە پێویست بکات بیر خوێنەری بهێنینەوە کە بە درێژایی ژیانی، چۆن تەماشا کراوە. ئۆروێڵ لە ساڵی ١٩٣٩دا دەمرێت، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو، چونکە تەندروستیی ناجێگیر بوو، بەڵام ئێستاکە ئۆروێڵ بە کەسێکی ڕیزپەڕ دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی بیروبۆچوونە دانسقە و سەیرە گرنگەکانییەوە کە دەبێت بە جددی لێیان بڕوانرێت. خۆ گەر ئۆروێڵ دە ساڵ زووتر بمردبا، ئەوا ڕەنگە قسەیەکی وای لەبارەوە نەکرابا، چونکە دەستکەوتەکانی پێشووتری تا ڕادەیەک ناکامڵ بوون. ژیاننامەی ئەو وەک قاپشۆر لە وێڵگەڕی پاریس و لەندەندا و داڕمانی کانێک لە شۆستەی ویگان و بەشێکی هەرە زۆری دروود بۆ کەتەلۆنیا، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرهەمە گرنگەکانی ئەو هەیە، بەڵام لە دوو کتێبی یەکەمدا، هەست دەکەیت کە نووسەر بە پارێزەوە شتەکانی باس کردوون، یانی هەڵی بژاردوون و نەیویستووە هەموو ڕاستییەکان بە خوێنەر بڵێت.
ئێستاکە دەزانین کە بەو جۆرە بووە، دەزانین کە دەکرا زووتر واز لەو ژیانە پیسەی وێڵگەڕی پاریس و لەندەن بهێنێت، لە پاڵ ئەمەشدا، دەزانین کە باسی لە هەندێک وردەکاریی ئەزموونی خۆی لە ویگان نەکردووە. ئۆروێڵ لە بڕگەیەکی کتێبی بەرەو شۆستەی ویگان، باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو کاتەی لە شەمەندەفەردا شارۆچکەکەی جێ هیشتووە، چاوی لە کچێکەوە بووە کە لەسەر بەردی حەوشەی خانووەشڕەیەکی بچووک دانیشتووە. کچە بە گۆچانێک خەریکی بەردانی بۆرییەک بووە و لە ڕوخساریدا خەمبارترین و نائومێدترین نیگام بەدی کرد. ئەمە وێنەیەکی کاریگەرە، بەڵام لە یادداشتەکانیدا بە جۆرێکی تر باسی کردووە. لە یادداشتەکاندا باس لە کچێک دەکات کە لە گەڕەکێکی پیسوپۆخڵەوە ڕەد بووە و خەریکی بەردانی بۆری نەبووە و هاوکات ئەمیش لە شەمەندەفەردا نەبووە. ڕەنگە ئەم بابەتانە تەنیا کاتێک گرنگ بن کە ئێمە چاوەڕێی وردییەکی زۆر لە ڕۆژنامەکان بکەین کە هەڵبەت بە دەگمەن شتی وا ڕوو دەدات! گومانی تێدا نییە کە لەم کتێبانەدا و بە شێوەیەکی کەمتر لە دروود بۆ کەتەلۆنیا، ئۆروێڵ لەسەر بنەمای ورووژاندنی هەست و سۆز، واقعی خستووەتە ڕوو. هەمان شت بۆ ئەو نووسینانەش ڕاستە کە لە ئەزموونی بینینەوە سەرچاوەیان گرتووە و دواتر بە مەبەستی وێژەییکردنیان داڕێژراونەتەوە.
ئەدەبی ساڵانی سی، سنووردارێتیی ئەو وەک ڕۆماننووسێک نیشان دەدا، بە تایبەت توانای وێنانەکردنی کەسایەتیگەلێک کە لە دەرەوەی ئەزموونی خۆیەوەن. ڕۆژە بۆرمییەکان گرنگن، چونکە کاردانەوە و تێڕوانینی نووسەرن لەبارەی وڵاتەکەوە، هەروەها بهێڵە ئەسپیدیستراکان بفڕن[4]، دەنگانەوەی ژیانی سەخت و پڕمەینەتی خۆیەتی و ئیدی کەسایەتییەکانی دیکەی ناوی تەنیا سێبەرگەلێکن. ڕەنگە لەم کتێبەدا ئۆروێڵ کاریگەریی گیسینگی[5] بەسەرەوە بووبێت، ئەو نیگارکێشەی کە نیگارەکانی لەبارەی چینی هەژارانی لەندەنی سەردەمی شاژنەوە بوون، بۆ نموونە لە کچەکەی کلێرگماندا[6] کاریگەریی ئەوی بەسەرەوەیە، بەڵام دوای خوێندنەوەی یولیسزی[7] جۆیس، ئەم کاریگەرییە نامێنێت. گومانی تێدا نییە کە ڕۆمانەکانی کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر خوێنەر دادەنێن، چونکە نووسەر بە گوڕوتینێکی زۆرەوە باس لە هەستەکانی خۆی بەرانبەر بە بۆرمای ئیمپریالی و بەریتانیای داهێزراو دەکات، بەڵام لە ڕووی کەسایەتی و ڕووداوەوە، کتێبی سەرکەوتوو نین. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧دا هەناسەدانەوە[8] چاپ دەکرێتەوە، ئۆروێڵ نوسخەیەکی کتێبەکەم بۆ دەنێرێت. منیش پێم گوت کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو بیروبۆچوون و هەستانەی جۆرج بۆروێڵی کەسایەتیی ناو کتێبەکە، هی جۆرج ئۆروێڵ خۆیین! ئەویش لە وەڵامدا گوتی: «گومانی تێدا نییە کە لەو بارەیەوە ڕاست دەکەی، کەسایەتیی خۆم بەردەوام بەسەر گێڕەرەوەدا زاڵ دەبێ. بەهەرحاڵ، من بە مانای وشە ڕۆماننووس نیم… یەکێک لەو کێشانەی کە هەرگیز بۆم یەکلایی نەبووەتەوە، ئەوەیە کە مرۆڤ ئەزموونگەلێکی زۆر دەکات و دواتریش دەیەوێ پشوودرێژانە بیاننووسێتەوە. بۆ نموونە ئەو بەشەی ناو کتێبەکە کە باسی ماسیگرتن دەکات، یانی جگە لەوەی کە لەو ڕۆمانەدا جێی بکەمەوە، چاری دیکەم نەبوو.»
بەهەرحاڵ من بە مانای وشە ڕۆماننووس نیم، هەر لە ڕێی قبووڵکردنی و دداننان بەم ڕاستییەدا بوو کە ئۆروێڵ بلیمەتیی خۆیی بۆ دەرکەوت. ئەم بلیمەتییەشی لە دوو کتێبی ئەدەبیی ئاکارییدا ڕەنگی دایەوە: مەزرای ئاژەڵان و ١٩٨٤.
*
ئەم کامڵبوونە ناوازەیەی دە ساڵی کۆتایی تەمەنی، تەنیا لەو دوو کتێبەدا ڕەنگ ناداتەوە، بەڵکە لەو وتارە ڕەخنەییانەشدا کە هەفتانە لە گۆڤارێکی سۆسیالیستی بە ناوی ترایبیون و لەژێر ناونیشانی بەو جۆرەی کە پێم خۆشە دەینووسین. ئۆروێڵ لە زۆر ڕووەوە بە ئەدەبی بەناوبانگی ئەوکات و کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانە سەرسام بوو. لە وتارەکانیدا، بە تایبەت ئەوانەی کە لە ترایبیون دەینووسین، ئازادانە باسی لەم کەڵکەڵانە دەکرد، ئازادییەک کە بە شێوەیەکی سەیر بەسترابوو بەو شتانەوەی کە لە سەردەمی جەنگدا قەدەغە کرابوون، یانیش ڕەنگە بەسترابێت بەو ڕاستییەوەی کە خاوەن ئیشێکی ئاسایی بوو و ئەمەش پاڵپشتییەکی دارایی بۆ دەستەبەر کردبوو، سەرەتا لەگەڵ بی بی سی، دواتریش سەرنووسەری ئەدەبی ترایبیون. ئۆروێڵ هەفتانە بۆ کوڕانی دەنووسی، هەروەها لەبارەی پۆستکاردە پێکەنیناوییە پەڕپووتەکان و دروستترین ڕێگەی دەمکردنی چا و برژاندنی پەتاتە و بەرهەمهێنانی گەرا لە بەهاراندا دەینووسی. رەدکردنەوەی کوشتنێکی ئینگلیزی، وەرزش وەک هۆکارێکی سەرەکیی نەهێشتنی دەرد و جیا لەمانە، لەبارەی کتێبە باش و خراپەکانی وەک ڕافڵس[9] و چیرۆکەکانی شێرلۆک هۆڵمسەوە[10] دەینووسی، بۆ نموونە کامیان باشترن، کۆنان دۆیلە[11]، یاخود مێریدیس[12]؟ بە شانوباڵی هۆڵەکانی مۆسیقا و گۆرانیگەلی وەک هەر کوێ مەشرووبی هەرزانتر بوو بڕۆ ئەوێداى هەڵدەدا و پێی وا بوو لە شیعری سێ چارەکی ئەو شتەی کە دەچێتە کەشکۆڵەوە باشترە. جا وتارەکەی بە تێبینییەک کۆتایی پێ دەهێنێت کە بێ شک بۆ بێزارکردنی ئەوانی دی دایناوە: «کابینەکەی مام تۆم،[13] هەموو بەرهەمەکانی ڤێرجینیا وۆڵف[14]یاخود جۆرج مۆری[15] دێنێت!»
هەندێک لەو وتارانەی کە لە ترایبیون نووسیبوونی، بڕگەگەلی دنەدەرانەی لەم جۆرەیان تێدا بوو، بەڵام لە هەمووی ڕوونتر ئەو چێژبینینە بوو کە ئۆروێڵ لە سرووشتی دەبرد. ئەو خولیای ڕەوەماسی و پیاسانای دەرەوەی شار کە بە شێوەیەکی سەیر دەیویست بیانهێنێتە ناو ڕۆمانەکانی و بەو جۆرەش دەیتوانی ڕوونترن و جوانتر دەریانببڕێت، چونکە دواجار دەکرا وەک کەسی یەکەم قسەیان لەسەر بکات. هاوکات دەیتوانی هەستی خۆی بەرانبەر چێژی ئامێردروستکردن و ئاسانکردنی ژیان دەرببڕێت کە هیچ خۆشی لێیان نەدەهات، هەرچەند ئەو لە ساڵانی سی و چلەکاندا دەینووسی و لەو کاتەشدا جیهانی قاپشۆر و تەلەڤزیۆنە خۆرئاواییەکەی ئێمە تەنیا کەمێک پێش کەوتبوو و هێشتاکە هەر کۆرپەیەکی تازەلەدایکبوو بوو. ئەو زۆر چاک لەوە تێدەگەیشت کە لە داهاتوودا جیهان زیاتر میکانیکی دەکرێت، بەڵام لە لایەکی تریشەوە ژیانی ئەو ئافرەتە ئاسانتر دەبێت کە خەریکی بەردانی بۆرییە گیراوەکە بوو، ئەمەش لە خۆیدا شتێکی باشە. دەیتوانی هەستە سۆزدارانەکانی خۆی بۆ ڕابردوو هەڵبسەنگێنێت، بەڵام لەوەشدا هاوڕا بوو کە بۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی، گەورەتر مانای باشتر دەگەیەنێت، هەروەها گەشتکردنی هەرزانجانانە بە فڕۆکەی گەورەش دەبێت ستایش بکرێ. هەستی خۆڕسکانەی، دەکرا وێرانکەر بێت. هەرچەند بە میکانیکردنی جیهان لە داهاتوودا شتێکی بەرپێنەگیراو بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی دەکردەوە و، ئێستەش گەر بمابا هەر جەختی لەسەر دەکردەوە کە چێژبینین لە سرووشت بەشێکی جەوهەری و گرنگی بوونی مرۆڤەکانە. لە وتارێکیدا دانی پێدا دەنێت، ڕقهەڵگرتن لە ئامێر و تەنانەت ویستی سنووردارکردنی، لە خۆیدا گەڕانەوەیە بۆ دوا، کاردانەوەیە و کەمێکیش گەمژانەیە. جا بەم جۆرە بەردەوامی بە قسەکانی دەدات: باشە ئێمە چ جۆرە داهاتوویەک بۆ خۆمان ئامادە دەکەین، گەر هەموو چێژێک لە پڕۆسەی ئەم ژیانەدا بکوژین؟ دڵخۆشکردن بە یۆتۆپیای کەمکردنەوەی کار چ سوودێکی هەیە لە کاتێکدا مرۆڤ نەتوانێ چێژ لە هاتنەوەی بەهار ببینێت… من پێم وایە مرۆڤ لە ڕێی پاراستنی ئەو شتانەوەی کە بە منداڵی خۆشی ویستوون، وەک درەخت و ماسی و پەپوولەکان، دەتوانێ داهاتوویەکی ئاشتەوایانە و جوانتر بۆ خۆی بنیاد بنێت، هاوکات بە شوێنکەوتنی ئەو بیروباوەڕەی کە تەنیا ئاسن و کۆنکرێت بخوازین، دڵنیا دەبینەوە کە مرۆڤ لە داهاتوودا جگە لە ڕێی ڕق و دەسەڵاتپەرستییەوە، هیچ دەرچەیەکی دیکە شک نابات تاکوو وزەی تێیدا سەرف بکات.
ئەم دێڕانە پاش شەڕ نووسراون، ئەو دەمەی ئۆروێڵ شاد بوو بە فڕینی هەڵۆکان بەسەر کارگە گازەکانی دێپتفۆرددا و بیستنی یەکەم جریوەی باڵندەی ڕەش لە ڕێی ئیستندا، بەڵام هەستی پشت ئەم شادمانییە، دەبوو لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا ڕەنگ بداتەوە.
هەموو نووسەرێکی سەرکەوتووی ئەدەبی خەیاڵی، پەرە بە ستراتیژییەک دەدات کە لە ڕێی بەکارهێنانی هێزی خۆیەوە دەکۆشێت لاوازییەکانی بشارێتەوە. هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئۆروێڵ ئاگایانە ئەم کارەی کردبێت، یاخود زانیبێتی کە گرێچنی ڕەدنەکراوە و پەرەسەندنی کەسایەتیی ڕۆمانە ڕیالیستییەکان لەگەڵ بەهرەی ئەودا نایەنەوە. بەڵکە ئەو زیاتر بەشوێن فۆڕمێکدا دەگەڕا تا لە ڕێیەوە دوو شت تێکەڵ بکات، یەکەمیان خۆشەویستیی خۆی بۆ سرووشت کە بەهۆى فڕینی هەڵۆیەکەوە بەسەر کارگەى غازەکاندا خرابووە ڕوو، دووەم ئەو پێویستییە ناچارانەیەی کە هەر دەبوو لەسەر هەڕەشەکانی زیادبوونی تۆتالیتاریزم بینووسێت. ئەو وای دەبینی کە ئەم هەڕەشەیە بە پلەی یەکەم لە نازیی ئەڵمانییەوە سەرچاوە دەگرێت، جا بە شێوەیەکی وردتر و بە تایبەت لە ئێستە بەدواوە، لە سۆڤیەتی ڕووسییەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەگوڕیشەی ئەم هەڕەشەیەی لەو شتە زگماکییەدا بەدی دەکرد کە بەردەوام لە ڕێی ئامێرەوە ژیانی مرۆڤەکان تەفروتوونا دەکرا. (لەمڕۆدا پڕۆسەکە زۆر پێشکەوتووترە، ئێستە کە ژمێرەرەکان هەن، مرۆڤ چیدی پیویستی بە کۆکردنەوە و لێدەرکردنی سادە نابێت و بەم جۆرەش گرنگیی خۆیان لە دەست دەدەن، لە لایەکی تریشەوە تەلەڤزیۆن بە شێوەیەکی بەرچاو جێگەی –ئارەزووی– خوێندنەوەی گرتووەتەوە).
بەریتانیا لەگەڵ ئەڵمانیا لە شەڕدا بوو و بەم جۆرەش مەترسیی نازیسم بۆ هەمووان ڕوون بوو. داگیرکردنی سۆڤیەت لە لایەن ئەڵمانیاوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١دا هەر زوو ئەو وڵاتەی کردە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو و، پەیمانی نازی–سۆڤیەت وەک ستراتیژییەکی زیرەکانەی ستالین سەیر دەکرا. نەک تەنیا باڵی چەپ، بەڵکە لیبڕاڵ و تەنانەت موحافزکارانیش دەبوو فرمێسکی تووشبوونی مامە جۆ بسڕن، هەڵبەت لەو کاتەدا هەمووان ستالینیان دەناسی و حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیش لە هەر کاتێکی دی زیاتر گەشایەوە و پێش کەوت. لە کاتێکی وادا کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ڕەخنەگرتن لە سۆڤیەتیان بە ناپاکی دەزانی، بە لای ئۆروێڵەوە کاتێکی گونجاو بوو تا ئاماژە بە سرووشتی دزێوی ئەو هەرێمە بدات کە بە ناچاری بووبووە هاوپەیمانمان. بێ گومان ئۆروێڵ بە وردی ئاگاداری ئەو ملیۆنان مرۆڤە نەبوو کە لە ئۆردوگاکانی کارکردندا دەکوژران و دەمردن، یاخود ئەو تۆڕی پۆلیسەی کە لە هەموو جێیەک سیخوڕی دادەنا، وای لێ هاتبوو کە کابرای سەر کورسییەکی تەنیشتت لە کارگەدا، هاودەمی دەمبەخەندەی مەیخانەت، تەنانەت ئەندامێکی خێزانەکەی خۆت ڕاپۆرتت لەسەر بدات و بتنێرێتە ئۆردوگاکانی کارکردن. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئۆروێڵ نزیکەی وێنای هەموو ئەو ترس و مەترسیانەی کردبوو کە دواتر لە لایەن ڕۆبێرت کۆنکوێستەوە[16] لە کتێبی ترسە گەورەکەدا خرانە ڕوو، هاوکات لە لایەن ئەو مێژووناسانەی سۆڤیەتیشەوە کە قوربانیانی سەردەمی ستالینیان بە بیست ملیۆن قوربانی خەمڵاند پشتڕاست کرایەوە، بێ گومان بەدەر لەوانەی کە لە شەڕدا کوژرابوون. کۆنکوێست لە سەردانێکی نهێنیدا بۆ ڕووسیا، دووبارە هەمان پرسیار لە تایمز دەکاتەوە کە چۆن ئۆروێڵ ئەو هەموو شتە دەربارەى گوزەرانی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ستالینەوە دەزانێت، لە کاتێکدا کە هەرگیز سەردانی ڕووسیای نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدا کەسانی وەک بێرناردشۆ[17] و ئێچ جی وێلس[18] و وێبس[19] کە چووبوونەوە ئەوێ و بە چاوی خۆیان بارودۆخەکەیان دیبوو، گەڕانەوە و سەری زمان و بنی زمانیان ستایش بوو. وەڵامێکی دروست و جێداخی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ئەوان بەس ئەو شتانەیان دیوە کە خۆیان ویستوویانە بیانبینن و بە پێچەوانەوە، هەموو بەڵگەیەکی مەترسیداریان پشتگوێ خستووە. ئۆروێڵ لەبارەی وێڵسەوە دەنووسێت ئەو جۆرە کەسانە ناتوانن بڕوا بکەن کە بوونەوەرەکانی چاخە تاریکەکان گەڕاونەتەوە، جا گەر ئەم بوونەوەرانە وەک خێوگەلێک سەیر بکەین، ئەوا خێوگەلێکن کە پێویستیان بە جادویەکی زۆر بەهێزە تاکوو جڵەویان بکات. ئۆروێڵ ئەم جادوە بوو. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٣دا دەست دەداتە نووسینی مەزرای ئاژەڵان و دوای سێ مانگ تەواوی دەکات. ئۆروێڵ بە گلیب ستروڤی دوورخراوەی ڕووسی دەڵێت کە ڕۆمانێکی بچووکی تەنزئامێزە بە لەبەرچاوگرتنی دیوە سیاسییەکەی، دڵنیا نیم کە بڵاوی بکەنەوە. هەر واش دەرچوو، ڕۆمانەکە لە لایەن ڤیکتۆر گۆلانسزی بڵاوکەرەوەیەوە کە سەر بە باڵی چەپ بوو، ڕەد کرایەوە و لە هەمان کاتدا تی ئێس ئیلیەتی[20] سەر بە باڵی ڕاستیش لە فەیبەر ڕەدی کردەوە، لە دوای ئەمانەش، جۆناسان کەیپ[21]. گۆلانسز بە بریکارەکەی ئۆروێڵ دەڵێت کە ڕێی تێ ناچێت هێرشێکی گشتگیرانەی لەو جۆرە بۆ سەر ئەم بارودۆخە بڵاو بکاتەوە. کەیپیش کتێبەکە پشانی هاوڕێیەکی دەدات لە وەزارەتی زانیاری و ئەویش پێی دەڵێت کە بڵاوکردنەوەی وەها کتێبێک باش نابێت، چونکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا تێک دەدات. ئیلیەت کتێبەکەی بەدڵ بوو، بەڵام گوتی کە خۆی و سەرنووسەرەکەی هاوڕێشی هەست دەکەن ئەمە ڕێگەیەکی شیاوی ڕەخنەگرتن لە هەلومەرجە سیاسییەکانی ئێستە نییە. ئێستاکە هەرسێکیان تۆمەتی ترسنۆکییان دراوەتە پاڵ، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریی ئەوانەش کە ڕەخنەیان لێ دەگرتن، لە ساڵی ١٩٤٤دا گەیشتنە هەمان دەرئەنجام کە کتێبێک لەبارەی هاوپەیمانی کاتیی شەڕەوە، نەدەبوو بڵاو بکرێتەوە. ئۆروێڵ بیری کردەوە کە لە ڕێی کتێبفرۆشییەکی سۆسیالیستی ستراندەوە بڵاوی بکاتەوە، بەڵام کتێبەکە لە لایەن سێکەر[22] و وۆربێرگـەوە[23] کە پێشتر دروود بۆ کەتەلۆنیای هەمان نووسەریان بڵاو کردبووەوە و لێرە و لەوێ ناوی ترۆتسکیستیان لێ نرابوو، وەرگیرا. بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بۆ ئابی ساڵی ١٩٤٥ دوا خرا، سێ مانگ پاش کۆتاییهاتنی شەڕ و دروست بەو جۆرەی ئۆروێڵ پێشبینیی کردبوو، چونکە فرێد وۆربێرگ نەیدەوێرا پێشتر چیرۆکەکە بڵاو بکاتەوە.
ئەو کتێبەی کە نووسەرەکەی دەیگوت کەمێک تەنزئامێزە، لە دوای گەشتەکانی گەلیڤەرەوە باشترین ساتیرەچیرۆکی ڕەخنەیی ئینگلیزییە. هاوکێشەی نێوان ڕووداوەکانی چیرۆکەکە و مێژووی سۆڤیەت، بە وریاییەوە خراوەتە ڕوو، بەڵام کتومت نا. مەیجەری پیر کە یەکانەیەکی گەورەیە و ئاژەڵەکانی دیکە هان دەدات تاکوو یاخی ببن، دەکرێت وەک مارکس سەیری بکەین، ناپلیۆن و سنۆوبۆڵیش وەک ستالین و ترۆتسکی. گۆڕینی سروودە شۆڕشگیڕانەکەی مەیجەری پیر بە سروودێکی مەراییکارانەی ناپلیۆنی، ئاماژەیە بە نەمانی سروودە شۆڕشگێڕانەکەی سۆسیالیستەکان کە سروودی فەرمیی ڕووسیا بوو، هاوکات پەیدابوونی سوپاسنامەکان لە تابلۆ و شیعرەکاندا.
ئەم کتێبە بچووکە، هەر زوو ئاماژەی بەم گۆڕانکاریانە دابوو. کۆتا دیمەنی کتێبەکە، کاتێک ناپلیۆن و جووتیارەکان دەبێتە دەمەقاڵێیان، چونکە هەر یەکەیان ڕۆڵی پاپاسی قەرەی[24] گێڕاوە، جەختکردنەوەیە لەسەر ناکۆکییەکانی ڕووسیا و هاوپەیمانانی کە ئۆروێڵ لە کۆنفرانسەکەی ساڵی ١٩٤٣ى تاراندا ئاماژەی پێ دا. لەمڕۆدا سەرنجی ئەم ئاماژە کاتییە نادرێت، وەک چۆن پێشووتر سەرنجی ئاماژە کاتییەکانی ناو گەشتەکانی گەلیڤەری سویفت[25] نەدرابوو. ئەوەی کە دەمێنێتەوە، چیرۆکێکی کلاسیکیی منداڵانەیە، کە لێوڕێژە لە خەیاڵی خۆش و دڵپاکانەى ئۆروێڵ. بیرۆکەی سەرەکیی ڕۆمانەکە کە ئاژەڵەکان دەسەڵات لە مرۆڤەکان دەسەننەوە و دەکەونە خودبەڕێوەبەری، کاریگەرییەکی یەکاویەکی لەسەر منداڵان هەیە و وردەکاریی کەسایەتیسازیی ئاژەڵەکانیش کە هەریەکەیان وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ خۆی دەنوێنێت، زۆر کامڵ و ناوازەیە. سروودەکەی مەیجەری پیر کە ئاژەڵانی دیکەی پێ هان دەدات، هەرچەند پێکەنیناویش بێت، بەڵام گەمژانە نییە:
دەبێ ئەڵقەکانی لووتمان نەمێنن
زینەکانی پشتیشمان هەر وا
لەغاو و ئاوزەنگەکان دەبێ بۆ ئەبەد ژەنگ هەڵبێنن
قامچییە بێبەزەییەکانیش چیدی شریخەیان نەیەت
دەوڵەمەندتر لەوەی بە مێشکدا بێت
گەنم و جۆ، گاڵ و کا
سێپەڕە، لۆبیا و گاچەوەندەر
لەو ڕۆژەدا دەبێ ببنە هی ئێمە
پەیامەکە هەمیشە دەقیق بووە و هەرگیز بۆ ساتێکیش ڕاڕایی تێدا بەدی ناکرێت. دواتر ناپاکیکردن لە باوەڕ و هیوای ئاژەڵان، ئەو کاتە دەردەکەوێت کە بۆکسەری ئەسپی بەهێز دەنێرنە قەسابخانەی ئاژەڵە پەککەوتەکان، وەڵامی بۆکسەری ئەسپ بۆ هەموو پرسیارێک ئەوە بوو کە جددیتر کار بکەین، ئەمەش ئەو وەڵامەیە کە هەموو منداڵان لێی تێدەگەن و هەستیان پێی دەبزوێت؛ هەموو منداڵان و هەندێک لە هەرزەکارانیش.
هەر چیرۆکێکی ئاکاری دەبێت لە دوو ئاستدا سەرکەوتوو بێت، یەکەمیان ئەوەی کە چیرۆکێکی ئەدەبی بێت، دووەم واقع پشان بدات. لەو دووەمین ئاستەی گەیاندنی واقعدا، دەکرێت بڵێین مەزرای ئاژەڵان بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بڕوایان وایە مرۆڤەکان دەتوانن کۆمەڵگەکەی خۆیان بەرەوپێش بەرن، کتێبێکی بەپێز و کاریگەرە. ئەو کارەی کە ستالین و دارودەستە چەتەکەی و بیرۆکرات و سیخوڕەکان کردیان، کە لەناوبردنی هەموو لایەنێکی باشی شۆڕشی ڕووسی بوو، بە شێوەیەکی هەستبزوێن و جوانتر لە چیرۆکەکەی ئۆروێڵدا نوێنراوە، بەراورد بەوەی کە لە کتێبی ترسە گەورەکەدا ئاماژەی پێ دراوە. لە پێشەکییەکدا کە ئۆروێڵ تایبەت بۆ چاپە ئۆکرانیەکەی نووسیوە، دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ویستوویەتی ئەو ئەفسانەیە تێک بشکێنێت کە سەبارەت بە بنەما ئاکاری و سەرکەوتنە کردەییەکانی کۆمەڵگەی سۆڤیەت هەبووە، چونکە ئەوە دە ساڵە من گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە گەر بمانەوێ جووڵانەوەی سۆسیالیستی دووبارە هەستێنینەوە، ئەوا گرنگە کە ئەفسانەی سۆڤیەت تێکوپێک بشکێنین.
ئۆروێڵ وەک سۆسیالیستێک دەنووسێت، وەک چۆن بە درێژایی چەندان ساڵ هەر نووسیبووی: هەرچەند کتێبەکە لە ماوەیەکی کەمدا فرۆشێکی باشی هەبوو، بەڵام بیرۆکەکەشی کە شۆڕش بە لاڕێدا براوە (ناونیشانە ئینگلیزییەکەی گەر ترۆتسکی بینووسیبا) لە لایەن دژمنە سیاسیەکانییەوە پێشوازیی گەرمتری لێ کرا تا هاوڕێکانی. ویلیام ئیمپسۆن[26]سەبارەت بەم کتێبە ئاماژەی بە شتێکی گرنگ کرد ئەو کاتەی ئۆروێڵی ئاگادار کردەوە کە دەبێ چاوەڕوانیی ئەوەش بکەی کە بە هەڵە لێت تێبگەن. دژمنە سیاسییەکان، کە زۆربەی هەرە زۆریان ئەمریکی بوون، کۆ بوونەوە و بە جارێک کەوتنە ستایشی کتێبەکە گوایە ڕوونی کردووەتەوە کە دەرئەنجامی هەموو ڕژێمێکی سۆسیالیستی هەر بە ستەمکاری کۆتایی دێت. ئەمە زۆر ئۆروێڵی پەرێشان نەکرد، بەڵام زۆری پێ ناخۆش بوو کە بینیی هەمان هەڵەتێگەیشتن لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی ١٩٨٤دا دروست بووەوە و بگرە ئەم جارەیان زیاتریش بوو.
بەم دواییانە لێدوانێکی بێن پیملۆتمى[27] داکۆکیکاری کرێکارانم خوێندەوە، گوتبووی کە ئۆروێڵ لە چلەکاندا سەرنجی لەسەر سیاسەتی ڕۆژانە نەبووە. خۆی ڕێک ئەم قسە پێچەوانەکەی ڕاستە، چونکە بارودۆخی سیاسیی بەریتانیا و مانۆڕەکانی گرتنەدەستی دەسەڵاتى حیزبی کرێکاران، ئەو دوو بابەتە سەرەکییەی ئۆروێڵ بوون کە قسەی لەسەر دەکردن. چەند ڕۆژێک بەر لە مردنی قسەی لەگەڵ کردم و گوتی پەشیمانە لەوەی کە دەیەوێ گەشت بۆ سویسرا بکات، چونکە بۆ دەنگدانی داهاتوو لە دەرەوەی وڵات دەبێت، لە پاڵ ئەمەشدا بڕوای وا بوو کە ئامانجی حیزبی کۆمۆنیستی لە کاندیدکردنی سەدان کەس، ئەوە نەبوو کە ئەمانە هەموویان هەڵبژێردرێن، بەڵکە بۆ کەمکردنەوەی دەنگەکانی حیزبی کرێکاران بوو. ڕۆمانی ١٩٨٤یش، کتێبێکە کە نووسەر تێیدا بە قووڵی شەنوکەوی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەشی کردووە.
لە دوورگەی جورا کە دەکەوتە خۆرئاوای کەناری سکۆتلەند، ئەو جێیەی کە هەواکەی شێدار بوو و ئەمەش بۆ سییەکانی باش نەبوو، بۆ یەکەمین جار لە هاوینی ساڵی ١٩٤٦دا دەستی دایە نووسینی ڕۆمانەکە و دوای نزیکەی ساڵێک زیاتر، یەکەمین ڕەشنووسیی تەواو کرد و تا کۆتایی ساڵی ١٩٤٨یش ڕۆمانەکەی کامڵ کرد. ئۆروێڵ بەشێکی زۆری ئەو ماوەیە، بەهۆی نەخۆشیی سیلەوە لە نەخۆشخانە کەوتبوو و بەم جۆرەش نەیدەتوانی بنووسێت. لە دەفتەری تێبینییەکانیدا کە لە کۆتایی ئاداری ساڵی ١٩٤٨دا بڵاو کرابووەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئۆروێڵ لە ململانێیەکی سەختی تەواوکردنی ڕۆمانەکەدا بووە. دەنووسێت: «لە بارێکدا کە نەخۆشییەکی درێژخایەنت هەیە، لاوازی و ئازاریشت نییە، هەست دەکەیت هێشتاکە مێشکت چوستوچالاکە و بیرکردنەوەت ئاساییە، تەنیا ئەو کاتەی کە هەوڵی نووسین دەدەیت، تەنانەت گەر سادەترین و گەمژانەترین وتاری گۆڤاریش بێت، دەرک بەو ڕاستییە دەکەیت کە چی لە کەللەتدا گوزەراوە و بیرکردنەوەت چەندە گەڕاوەتەوە دوا.»
ئۆروێڵ لە سەرزەنشتکردنی دەقەکەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت گوایە نووسینەکەی ڕوون و وەڕەزکەرە و نەیتوانیوە سەرنجی چڕ بکاتەوە، ئێجگار سەختە ڕستەی یەک لە دوای یەک بەیەکەوە ببەستیتەوە و لە هەمان کاتیشدا مانا ببەخشن. بۆمی نووسیبوو: «کتێبە نوێکەم یۆتۆپیایە، بەڵام لە شێوەی ڕۆماندا، بەس بەداخەوە کە بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە لە کاتی نووسینیدا، تێکم دا!» کاریگەریی ئەم فشارەش لەو ڕەشبینییە زۆرەی ناو ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت کە لە پیاوێکی گەشبینەوە دەردەبڕرێت.
سەرئەنجام کتێبەکە هەم بە هەڵکەوت و هەم بە ئەنقەستیش، بە هەڵە لێک درایەوە. وەک پێشبینییەک سەیر کرا، جا کە ساڵی ١٩٨٤ هات و بینییان کە پێشبینییەکان کتومت وا دەرنەچوون، ڕەد کرایەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا کتێبەکە هەڵگری چەند پێشبینییەکە کە ئەگەری هەبوو لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەوکات تێیدا ژیاوە، ڕوو بدەن. ئۆروێڵ پێمی گوت ناونیشانی کتێبەکە لەوەوە هاتووە کە لە ساڵی ١٩٤٨دا تەواو کراوە و دوو ژمارەی کۆتایی پێچەوانە کراونەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە پیتەر داڤیسۆنی[28] ئۆروێڵناس دەڵێت کە سەرەتا ١٩٨٠ و ١٩٨٢ دانراوە، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی کە نووسینەکەی درێژەی کێشاوە، سەرئەنجام ١٩٨٤ وەک ناونیشان هەڵبژێردراوە. ئەم دوو بۆچوونەش کەم تا زۆر پێچەوانە نین.
کتێبەکە بەو جۆرەی کە هەندێک باسیان دەکرد، خەیاڵی زانستی نییە و هاوکات هێرشێکیش نییە بۆ سەر سۆسیالیزم، چونکە خودی ئۆروێڵ ئەمەی ڕەد دەکردەوە. دوای ئەوەش، ئۆروێڵ لە نامەیەکدا کە بۆ ئەندامێکی یەکێتیی کرێکارانی ئەمریکای ناردبوو، بە تایبەت دانی پێدا نابوو کە پشتگیریی حیزبی کرێکارانی بەریتانیا دەکات و ئەمەشی بۆ زیاد کردبوو: «من ناڵێم کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرەی کە باسی دەکەم لە داهاتوو دەردەکەوێت (بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە کتێبەکە تەنزە) کە دەکرێت شتێکی هاوشێوەی وەها کۆمەڵگەیەک بێتە ئارا.»، بە گشتی ئەم لێدوانەی ئۆروێڵ پشتگوێ خرا. هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، کۆنەپەرستان لە هەموو جێیەک بەو جۆرە لێکیان دایەوە کە ڕەخنەیەک بێت لە سرووشتی تۆتالیتاریانەی سۆسیالیزم و بە خامەی نووسەرێک نووسراوە کە ڕووی ڕاستەقینەی شتەکانی دیوە. پێشبینییەکەی ئیمپسن کە گوتبووی بە هەڵە لە مەزرای ئاژەڵان تێدەگەن هاتە دی و ڕۆمانی ١٩٨٤یشی گرتەوە.
هەرچەند کارەکە بێخەوش نییە، بەڵام تا بڵێیت گرنگ و بەپێزە. هەلومەرجە نەخوازراوەکانی ژیانی ڕۆژانەیی لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا، کەم تا زۆر ئەو هەلومەرجانەن کە نووسەر لە ١٩٤٨دا لە دەوروبەری خۆی بەدیی کردبوون. دوو ساڵ پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئەورووپا و لە کاتێکدا کە بە ئەستەم گۆشت دەست دەخرا، تەنیا دوو پارچەگۆشتی بچووک لە حەفتەیەکدا دەدرایە هاوڵاتیان، لە پاڵ ئەمەدا نانی کۆن و پەتاتەی چاو ئارگۆسیش[29] دابەش دەکرا. تاکە شەراب کە دەکرا مرۆڤ دەستی بخات، شەرابی سووری جەزائیری بوو (دەستەواژەکە لە داشیێڵ هامێتـەوە[30] وەرگیراوە) کە تەنیا کەمێک تامی هەبوو و دەتگوت لە تەرمێکەوە هەڵهێنجراوە. سابوونی زبر، گوێزانی کول، کۆمەڵێک ئاسانگواز کە کاریان نەدەکرد، لەگەڵ جنی سەرکەوتن کە لە کاتی خواردنەوەیدا هەستت دەکرد بە دارێکی لاستیکی دەکێشن بە پشتەملتدا، هەموو ئەمانە لە یادەوەریی مرۆڤانی ئەو سەردەمەدا مابووەوە، لەگەڵ هەندێک لە کانتینە ژێرزەمینییەکان کە تێیاندا ڕیزگەلی دوورودرێژ بۆ خۆراکی قێزەون دەبەسترا، هاوکات بۆمبارانەکان کە خۆڵ و پلاستەریان لە هەوادا تێکەڵ دەکرد. ئەم وێنای داهاتووە ترسناکە (کە داهاتوویەکە هەر لە ڕستەکانی سەرەتای ڕۆمانەکەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کاتێک دەڵێت کاتژمێرەکان زەنگی کاتژمێر سیانزەیان لێدەدا) هەڵگری جۆرە بیروباوەڕێکە، چونکە بەشێکی زۆری ڕۆمانەکە، ڕەنگدانەوەی ئەو واقعە بەرجەستەیە بووە کە نووسەر تێیدا ژیاوە.
ئۆروێڵ لە سەردەمی لاوێتیدا، زۆر بە یۆتۆپیاکانی ئێچ جەی وێڵس کاریگەر بوو، جا ١٩٨٤یش بە جۆرێک لە جۆرەکان بیرۆکەکانی وێڵسە بەس بە هەڵگەڕاوەیی، بەشێکی زۆری ئەو توخمانەی کە لە بنیادنانی داهاتوویەکی نموونەییدا بەکار هێنراون، ئۆروێڵ گۆڕیونی بۆ کەرەستەگەلێکی چەوساندنەوەی جیهانێک کە مرۆڤەکان بە تەواوی تێیدا بوونەتە کۆیلە. دواجار ناوەڕۆکی کتێبەکە سەبارەت بە بیرۆکەگەلێکە و لەم بارەدا گرنگ نییە گەر وینستۆن سێبەرێکی خودی نووسەر بێت یان نا و جوولیاش کیژێک بێت کە ئۆروێڵ لە قوتابخانەیەکی هاوینەی سیاسیی ساڵانی سییەکاندا چاوی پێی کەوتبێت. یەکێک لە دیمەنە لاوازەکان، وێناکردنی شوێنی سێکسکردنی کەسایەتییەکانە. کە لەو دیمەنانە دەڕوانیت، هەست دەکەیت هەر بە ئەنقەست دانراون تاکوو لە ڕێیانەوە باس لەو جۆگانە بکرێن کە ماسیی گەورەیان تێدایە ماسیگەلێک کە لە جۆگەی ژێر داربییەکاندا کلکیان با دەدەن، هاوکات کەشوهەوای خۆشی ناو ڕۆمانەکە، کەم تا زۆر لەگەڵ تێڕوانینە مۆتەکەئاسا و ڕەشەکاندا نایەتەوە. هەستگەرایی خوێندکارە کوڕەکە بۆ دزێوترین شت لەم جیهانەدا کە لە ژووری ١٠١دایە، لە لایەن خودی ئۆروێڵەوە وەک بەشێکی چەپەڵانە دەستنیشان کراوە.
هەرچەند خەوشگەلێکی کەم بوونیان هەبێت، بەڵام هیچ لەوە ناگۆڕن کە ڕۆمانێکە ئێجگار گرنگ و تۆکمەیە. ئۆروێڵ بە حەز و لە هەمان کاتیشدا ڕقەوە، شۆڕشی بەڕێوەبەری جەیمس بێرنهامی[31] خوێندبووەوە، کێشەکە لەوەدا بوو کە هەموو پۆلە بەڕێوەبەرییەکان، ئیدی لە زانستی و تەکنیککارەوە تا ڕێکخەران و بیرۆکراتەکان، ئامانجیان دەسەڵاتگرتنەدەست بوو و، وشەگەلی وەک کەپیتاڵیزم و سۆسیالیزم چیدی مانایەکیان نەبوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەی کە لە ساڵی ١٩٤٧دا بێرنهان (سەبارەت بە ئێستە و ڕابردووی نزیک، تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر هەق بوو و قسەکانی ناڕاست نەبوون)، ئۆروێڵ مەیلێکی بەهێزی دەسەڵاتپەرستیی لەم ڕەوتە ترۆتسکییە کۆنەدا بەدی کرد کە بڕوایان وا بوو هەرچییەک سەر بکەوێت مانای وایە کە هەقە! ئەو سۆسیالیزمە هەڕەمییەی کە لە کتێبەکە تاوتوێ کراوە و گوایە لە لایەن گۆڵدشتاینی هەمیشەیاخییەوە نووسراوە (کە مەبەست لێی ترۆتسکییە)، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرشێکە بۆ سەر بێرنهان و، لە لایەکی دیکەشەوە دەکرێت لە ئاستێکدا ڕۆمانی ١٩٨٤ وەک هەوڵێک بۆ بەرپەرچدانەوەی بیرۆکەکانی بێرنهام سەیر بکەین، ئەویش لە ڕێی لێکدانەوەی ئەم بیرۆکانەوە، وەک بیرۆکەگەلێک کە دەرئەنجامی تۆقێنەرى لۆژیکییان هەیە.
چێژی دەسەڵاتگرتنەدەست، لە پەیوەندیی نێوان وینستۆن و ئۆبراینی ئەشکەنجەدەردا خراوەتە ڕوو. کاتێک وینستۆن کەم تا زۆر هیواخوازانە هاوار دەکات: «لەپێناو بەرژەوەندیی خۆماندا فەرمانڕەواییمان دەکەن. پێتان وایە مرۆڤەکان توانای خۆبەڕێوەبردنیان نییە؟» سزا دەدرێت و دووبارە بۆی دەسەلمێنرێتەوە کە: «قسەکەت گەمژانە بوو وینستۆن، گەمژانە.» ئەندامانی حیزبی ناوەندی کە ئۆبراین یەکێکیانە، چاکەکار و خەمخۆر نین. بەڵکە زۆر بە سادەیی فەرمانڕەوان، دەسەڵاتپەرستن و ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا دەکەن، ئەوان لە ڕێی شتێکەوە کە ناویان ناوە جڵەوگرتنی واقع دڵنیا دەبنەوە کە دەتوانن خەڵکی لە کۆیلایەتیدا بهێڵنەوە. جڵەوگرتنی واقع، پەیوەندیی بە لەناوبردنی هەر بیرۆکەیەکەوە هەیە کە هەڵگری ڕاستییەکی بابەتی بێت. لێرەدا گفتوگۆیەکی هاوشێوە، بە چەشنێکى ورد و زیرەکانە خراوەتە ڕوو. ئۆبراین کە بێرکیلییەکی[32] مۆدێرنە، بە وینستۆن دەڵێت کە دەکرێت بە ئارەزووی خۆی دەستکاریی واقع بکات. ئایا وینستۆن بڕوای بەوە هەیە وێنەیەکی دیبێت کە چیرۆکێکی فەرمی بە درۆ بخاتەوە؟ ئۆبراین وێنە ڕاستەقینەکە لە پێشچاوی وینستۆن ڕادەگرێت، دواتر دەیخاتە کونی یادگەوە و دەڵێت کە هەرگیز بوونی نەبووە. وینستۆن لێرەدا ناڕەزایانە دەڵێت: «بەڵام خۆ لە یادگەی مندا دەمێنێتەوە. من بیرمە. تۆش بیرتە.»
ئۆبراینیش دەڵێت: «من بیرم نییە!»
مشتومڕی لەم جۆرە، هەموو جارێک پشتی وینستۆن دەشکێنن. کاتێک دەڵێت تەمەنی زەوی ملیۆنان ساڵە، ئۆبراین دەڵێت کە ئەمە قسەی قۆڕە و زەوی لە ئێمە پیرتر نییە! وەڵامەکە تاسێنەرە تۆ بوونت نییە! دوا لێدوانی ئۆبراین کە زیاتر دووبارە دەبێتەوە ئەمەیە: «ئامانجی زۆرداری، زۆردارییە. ئامانجی ئەشکەنجە ئەشکەنجەیە. ئامانجی دەسەڵاتیش هەر خودی دەسەڵاتە.»
ئەو هەموو جۆشوخرۆشەی کە ئۆروێڵ هەستی پێ کردووە، وای لە ١٩٨٤ کردووە کتێبێکی مەزن بێت. جا لە پاڵ ئەوەدا ئۆروێڵ گوتوویەتی کە بەهۆی نەخۆشییەوە ڕۆمانەکەی تێک داوە، دەکرێت بڵێین تێڕوانینێکی وەها خراپ و دزێو بۆ داهاتوو، تەنیا دەکرێت لە لایەن پیاوێکی دەردەدارەوە بنووسرێتەوە.
ئەوەی کە بەسەر وینستۆندا هات، ئەوەی کە لە کۆتاییدا فێری بوو، وەک دەزانین ئەدەب نەبووە، بەڵکە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. پاڵەوانەکان لە ئینسایکلۆپیدیا و ژیاننامەکانی سۆڤیەتدا دەکرانە خراپەکار، مرۆڤەکان لە وێنەکاندا دەسڕرانەوە و بەم جۆرەش بوونیان نەدەما، کونی یادگە لەبری ئەو دەزگایە دانراوە کە ئەوکات بەڵگەی لەناو دەبرد. منداڵەکان سیخوڕییان بەسەر خێزانەکانیانەوە دەکرد، ملیۆنان خەڵک بێ هۆکار لە لایەن نازییەکانی ئەڵمانیا، یاخود سوپای ئەڵمانیاوە لە پۆڵەندا و یەکێتیی سۆڤیەت، یان فەرمانڕەوایانی یەکێتیی سۆڤیەت و لە وڵاتی خۆیاندا، دەکرانە زیندان و دەکوژران. دواجار ئەو زمانە نوێیەش کە ئۆروێڵ دای هێناوە و مەبەست لێی لەناوبردنی فرەمانایی و سەرئەنجام فکریش بوو، ئێستاکە لەگەڵماندایە، تەنیا ئەوەیە کە شێوەیەکی تازەی وەرگرتووە. دەکرێت لە دروستکردنی هاوەڵناو و هاوەڵکارەکاندا سەرنجی بدرێت، بۆ نموونە زیادکردنی پاشگری full و wise، وەک sexwise he was hopeless. زۆرێک لەو دراوەنوێیانەی کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا دروست بوون، بۆنوبەرامەی ئۆروێڵیان پێوە دیارە، خۆ گەر تا ئیستەش کەس وەک تاوانباری فکر تۆمەتبار نەکرابێت، ئەوا دەبێت بزانین کە جووتباوەڕی گواستراوەتەوە ناو زمان، لەگەڵ دەربڕینگەلی هاوشێوەی براگەورە چاوی لەسەرتە.
جا لەبەر ئەوەی کە هیچ بەرهەمێکی دی بەدوای ١٩٨٤دا نەهات، دەکرێت بڵێین کە ئەمانە کۆتا قسەی جۆرج ئۆروێڵن لەبارەی کۆمەڵگە پیشەسازییەکانەوە. ئۆروێڵ چاوەڕێ نەبوو لە تەمەنی چلوشەش ساڵیدا بمرێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەر سەرکەوتن و دەستکەوتێکی وەک نووسەر، دەبێت بزانین کە هەوڵی ئەو بۆ دۆزینەوەی جۆرە هونەرێک تاکوو لە ڕێیەوە بیرۆکەکانی دەرببڕێت، لە هەمان کاتدا هەوڵێک بووە بۆ باشتر تێگەیشتن لە خۆیشی. ئۆروێڵ لەو دوو کتێبەی کۆتایی تەمەنیدا، لە زۆر شتدا گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی منداڵی، هەر لەو شووشەوەی کە وینستۆن لە دوکانێکی کۆنەفرۆش دەیکڕێت، تا دەگات بە سروودەکانی دایەنگە و گۆرانییە سۆزدارانەکانی ڕەشوڕووتان و ئەو ئاماژانەی کە لە بەرانبەر ترسی ئۆبراین و پۆلیسی فکردا دانراون. ئاماژەگەلێکی ئاسایی، بەڵام ئۆروێڵ لە ڕێیانەوە توانیی ببێتە هونەرمەند. هونەرمەندێک کە ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی بوو: دواجار لە ڕێی خەیاڵە کابووسی و ترسناکەکانی ١٩٨٤ەوەیە کە هەمیشە دەکرێت هەلومەرجەکانی جیهانی ڕاستەقینەمان ببینین.
سەرچاوە:
Orwell’s 1984
Julian Symons
١. Herbert Read: فەیلەسووف و ڕەخنەگری هونەر و شاعیرێکی ئینگلیزە.
١. Hop picker کەسێکە کە دەوەن کۆ دەکاتەوە. لە سەردەمی ئۆروێڵدا، هەرچەند کارێکی قورس بووە بەڵام باو بووە و کەسانی سەر بە چینی کرێکار کردوویانە.
[3] Victor Gollancz
١. بەرهەمێکی جۆرج ئۆروێڵە، لە سالی ١٩٣٦دا بڵاو کراوەتەوە. ئەسپیدیسترا گیایەکی ئاسیاییە و بە کوردی پێی دەڵێن قەڵاقەڵغانە، گەڵاپانکە.
٣. Clerygman’s Daughter: ڕۆمانێکی جۆرج ئۆروێڵە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٥دا بڵاو دەکرێتەوە.
١. Coming For Air: حەوتەمین کتێبی ئۆروێڵە و لە کاتێکدا نووسیویەتی کە لە وڵاتی مەغریب نەخۆش بووە و زۆربەی کاتەکانی لە مەراکش بەسەر بردووە. ڕۆمانەکە بۆ یەکەم جار لە ١٩٣٩دا بڵاو کرایەوە و زیاتر ڕەخنەیە لە بازاڕگەری و سەرمایەداری کە ئەوکات بەریتانیای تەنیبوو.
٣. Arthur Conan Doyle: (١٨٥٩–١٩٣٠) نووسەرێکی بەریتانییە، بۆ یەکەم جار کەسایەتیی شێرلۆک هۆڵمسی لە ڕۆمانی توێژینەوەی ڕەنگی ئاڵدا ئافراند کە چوار ڕۆمان و پەنجاوشەش کورتەچیرۆکی بەشوێن خۆیدا هێنا کە گشتیان لەبارەی هۆڵمس و دکتۆر واتسۆنەوە نووسرابوون.
٥. Uncle Tom’s cabin: ڕۆمانێکە بە خامەی هاریت بیچێر ستووى خانمەنووسەری ئەمریکی نووسراوە و لە ساڵی ١٨٥٢دا بڵاو کراوەتەوە.
٦. Virginia Woolf: ڤێرجینیا وۆڵف (١٨٨٢–١٩٤١) خانمەنووسەرێکی ئینگلیزە و لە ئینگلتەرا لە دایک بووە. یەکێکە لە ڕابەرانی ڕێبازی مۆدێرنی سەدەی بیست و بەرهەمەکانی بۆ زۆربەی زمان زیندووەکانی جیهان وەرگێڕراون.
٧. Geroge Moore: جۆرج مۆرى (١٨٥٢–١٩٣٣) ڕۆماننووس، چیرۆکنووس و ڕەخنەگرێکی هونەری ئێرلەندییە. لە خێزانێکی کاسۆلیکیدا لە دایک بووە و ویستوویەتی ببێتە هونەرمەند و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵانی ١٩٧٠دا لە پاریس هونەری خوێندووە. وەک نووسەرێکی سرووشتگەرا و بە بۆچوونی ڕیچارد ئیلمانى ڕەخنەگر، نووسینەکانی جۆرج کاریگەرییان لەسەر جەیمس جۆیس داناوە.
١. Robert Conquest: (١٩١٧–٢٠١٥) مێژووناس و شاعیرێکی بەریتانییە، زیاتر بە یاسا سیاسییەکانیدا دەناسرێتەوە.
١. T S Eliot: تی ئێس ئیلیەت (١٨٨٨–١٩٦٥) شاعیر، وتارنووس، شانۆنامەنووس و ڕەخنەگری بەناوبانگی ئەدەبییە. ئیلیەت بە یەکێک لە گرنگترین شاعیر و ڕەخنەگرەکانی سەدەی بیست دادەنرێت.
١. William Empson: ویلیام ئیمپسۆن (١٩٠٦–١٩٨٤) شاعیر و ڕەخنەگرێکی بەریتانییە. بە یەکێک لە گرنگترین ڕەخنەگرە ئەدەبییەکانی سەدەی بیست دادەنرێت.
١. Ben Pimlott: بێن پیملۆت (١٩٤٥–٢٠٠٤) مێژووناسێکی بەریتانیی دوای سەردەمی جەنگە، لە زانکۆ ئۆکسفۆرد بڕوانامەی فەلسەفە و سیاسەت و ئابووریی بەدەست هێناوە.
١. Dashiell Hammett: داشیێڵ هامێت (١٨٩٤–١٩٦١) نووسەرێکی ئەمریکییە، زیاتر ڕۆمان و کورتەچیرۆکی پۆلیسیی نووسیوە و لە پاڵ ئەمەش چالاکێکی سیاسی بووە.
١. James Burnham: جەیمس بێرنهام (١٩٠٥–١٩٨٧) فەیلەسووف و تیۆرداڕێژێکی سیاسیی ئەمریکییە. لە ساڵانی ١٩٤٠دا بێرنهام دەبێتە چالاکێکی ترۆتسکیست و دواتریش مارکسیزم ڕەد دەکاتەوە و دەبێتە ڕابەری جووڵانەوەی کۆنسەرڤاتیڤی ئەمریکی.
١. Berkeleyan: کەسێک کە شوێنکەوتەی بیروباوەڕەکانی جۆرج بێرکیلیی فەیلەسووفی ئێرلەندی بێت.