| نووسینی: موحەمەد عەبدولکەریم
| بەشی یەکەم
دەروازەیەکی کورت:
سینەما ئستورەیەکی حاشالێنەکراوی کاریگەری سەردەمی ئێستامانە؛ بەشێکە لەو میدیۆمانەی مامەڵەی توندتۆڵی لەگەڵ چاو (بینین)دا هەیە، جیهانێک کە تێیدا دەژین، هەوڵ دەدات هەموو شتێک بکاتە کاڵایەکی بینراو؛ بەرهەمە نووسراوەکان بکاتە میدیای بینراو؛ بۆ نموونە ڕۆمان هونەرێکە ملکەچی فۆڕمێکی تری بێجگە لە خۆی نابێت، جەوهەر و تایبەتمەندیی ڕۆمان ئەوەیە وشەکانی بەناو کاغەزا بڵاو دەبنەوە، خەیاڵ و فەنتازیای مرۆڤ بە نێوەندگرێکی وشەییدا دەبرێت. مەبەستی کۆندێرا کورتکردنەوەی دەستی هونەرە بینراوەکانە، لە ناویشیاندا سینەما؛ گوایە سینەما هەوڵ دەدات ڕۆمان لەڕێی خۆیەوە پیشانی ئەوانی تر بداتەوە؛ هەروەک میلان کۆندێرا ئاماژەی بۆ دەکات: «سەردەمی ئێستامان چنگ دەدات لە هەر شتێک کە تا ئێستا نووسراوە، تاکوو بیکاتە کاڵایەکی بینراو: فیلمی سینەمایی، بەرنامەی تەلەفیزیۆنی، ئیفلام کارتۆن یاخود ئەنمەیشن.» باشە، ئەمە چ عەیبێکی هەیە؟ کۆندێرا دەڵێت، ئەوەی لە ڕۆمانێکدا سەرەکی و بنچینەییە، واتا ئەوەی پەیوەندی بە زاتی ڕۆمانەوەیە، ڕێک ئەو شتەیە کە تەنیا لە قاڵبی ڕۆماندا دەکرێت دەر ببڕدرێت.”[1]. میدیای بینراو و سینەما کە یەکێکە لە هونەرە بینراوەکان، هەوڵ دەدات دەست بداتە هەر مادەیەک، لە خۆیدا بەرهەمی بهێنێتەوە، بەڵام زاتی بوارەکانی تر، کە هی خودی بوارەکان خۆیانە، بەهۆی سینەماوە لەدەست دەچێت؛ سینەما سیفەتی قوتدانی هەیە، بەڵام کاتێک ڕۆمانێک قووت دەدات، ناوکێک دەمێنێتەوە کە هەزمی ناکات و ئەو ناوکەش هی خودی ڕۆمان خۆیەتی. سینەما لە سەردەمی ئەمڕۆماندا دەشێت جۆرێک پاتۆلۆژیانە تەماشای بکەین، وەک ئاو بە هەموو کونجوکەلەبەرێکی ژیاندا دەڕوات، کاریگەریی دەکەوێتە سەر و کاریگەریش دادەنێت. کاتێک کۆندێرا دەڵێت: “سینەما هەموو شتێکە” واتە سەرباری لایەنی هونەری، هێزێکی کولتووریشە، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات، یا ئاگایی کۆمەڵایەتی دروست دەکات؛ شێوازی بیرکردنەوە و فەنتازیای تاک دەئافرێنێت: “خاڵێکی جێسەرنج ئەوەیە کە دەتوانرێت ئەم گوتەیە، یان ڕەنگە (پاتۆلۆژییە) لەبارەی سینەماوە بە ڕاست بزانین. سینەما ئەمڕۆکە گشت شتێک تاڵان دەکات، تەواوی بوارەکان بەسەر دەکاتەوە، کاریگەری لەسەر هەموو شتێک دادەنێت (ئەڵبەتە لە هەموو شتێکیشەوە کاریگەری وەردەگرێت)، (سینەما هەموو شتێکە)، سینەما شێوازی زاڵی سەردەمی ئێمەیە.
خەڵکی بیرەوەرییە کەسییەکانیان، تایبەتترین شتەکانیان لە ڕێگەی سینەماوە بەسەر دەکەنەوە؛ ژیانی خۆیان لە چوارچێوەی فیلمە باش یان خراپە دروستکراوەکان هەڵدەسەنگێنن.”[2] سینەما ئاراستەی خەیاڵ و فەنتازیای “تاکەکان و بگرە دەستەکۆیی”ش دادەتاشێتەوە، واقیعییان دەکاتەوە؛ لە لایەکی ترەوە هەندێک جار، خەیاڵسازی و بیرۆکەسازییەکانی، لە ژیانی ڕۆژانەیی تاکدا واقیعی نابێتەوە. سینەما لە ڕووی [کاریگەرییەوە] لە شیعری سەردەمی ئەفلاتوون دەچێت؛ لای ئەفلاتوون شیعر لاساییکردنەوەیە، ئەو پێی وابوو شیعر [کاریگەریی نێگەتیڤ] دروست دەکات[3]، ئایا لۆجیکی نییە ئەفلاتوونئاسا ئێمەش زویر و نیگەرانیمان لە سینەما نەشارینەوە؟ چونکە کاریگەریی نەرێنی زۆرە لەسەر کۆمەڵگە؟ نیگەرانی بەو مانایە نا کە ئایدیای دەرکردنی سینەماکاران بخەینە ڕوو، لێرەدا نیگەرانی جۆرێک هەستکردنی بەرپرسیارانەیە بەرانبەر بەو بیرۆکانەی سینەما بەرهەمیان دێنێت؛ بەو مانایەی بڕێکی باش لە دروستکردنی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانی مرۆڤی تیرۆرست و جینایەتکار بخەینە ئەستۆی سینەماکاران. ئەگەری ئەوە هەیە سینەما ڕەفتار و ئاخاوتنی بینەرانی قۆرخ بکات، خۆی بسەپێنێت بەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کەسەکاندا، بە نێوەندگریی تاکەکان خۆی لە هەڵسوکەوت و قسەکردنەکانیاندا بەرهەم بهێنێتەوە؛ هەڵبەتە نامەوێ لێرەدا نێگەتیڤێتیی سینەما، بە جۆرێکی ڕەشبینانە لێک بدەینەوە، وەک بڵێی دیوی پۆزەتیڤی نەبێت. دەمانەوێت بڵێین سینەما ناکرێت قەتیس بخوات لە ڕووی هونەری و تەکنیکییەوە، بەڵکو پێویستە لێکەوتەکانی لەسەر ڕووبەرێکی فراونتر باس بکرێن، کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ بە گشتی چین و مرۆڤ بەرەو کوێ ئاراستە دەکات؟ ئێمە لێرەدا زیاتر ورد دەبینەوە لە لایەنە هونەری تەکنیکییەکانی سینەما، کاریگەریی ئایدۆلۆژیاکان لەسەر سینەمای کوردی کە بەشێوەیەکی زەق و ڕووکەشی دەخرێنە ڕوو و لایەنی هونەری و تەکنیکییان بۆ سەر دەبڕدرێت. ئەوەی لێرە زۆر بە کورتی باسم کرد، زیاتر باسکردنی سینەما بوو بە گشتی، بەڵام لێرە بەدواوە سەرنجمان لادەبەین لەسەر جیهانی بینراوی ناکوردی کە سینەما بەشێکی ئەم جیهانە پێکدێنێت. گەڕانەوەمان بۆ هەر شتێکی ناکوردی وەک سینەما و دراما، یان ڕۆمان و چیرۆک و ژیانی واقعی ئەزموونکراو، لەبەر ئەوەیە دیوە نێگەتیڤ و لاوازەکانی فیلم و درامای کوردی پێ نیشان بدەین؛ لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین دیدێکی ڕەخنەگرانە بگرینە بەر و ئاستی فیلم و درامای کوردی هەڵبسەنگێنین؛ وەک وتمان گەر کەڵکیشمان وەرگرتبێت لە هەر شتێکی ناکوردی، بۆ ئەوە نییە بە فیلم و دراما و کورتەفیلمە کوردییەکانی بەراورد بکەین، وەک بڵێی لە ڕووی ئاستەوە لێک نزیکن، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەیە لە ڕێی [بەراوردەوە] لاوازییەکانی فیلم و دراما و کورتەفیلمە کوردییەکانیان پێ دەربخەین. لە لایەکی تریشەوە سوودمان لە چەند لایەنێکی تری ناسینەمایی وەک چیرۆک و ڕۆمان و ژیانی کەسایەتییەکان وەرگرتووە، ئەمەش دیسان هەر لەبەر ئەوەیە لایەنە خراپەکان یان بینینە ڕوواڵەتییەکانی ناو فیلم و دراما کوردییەکان ڕوون بکەینەوە. وا باشە لێرە بە دواوە کەمێک لەسەر “ڕەخنەگر” ڕابوەستین؛ مانای ڕەخنەگر و فێرکار تێکەڵ نەکەین بە یەک؛ ڕەخنەگر جیایە لە فێرکار؛ فێرکار کاری فێرکردنە، بەڵام ڕەخنەگر بە پێچەوانەوە کاری فێرکردن نییە[4].
لە پێناسەی فێرکاردا بە شێوەیەکی سادە دەڵێین: “فێرکار کاری فێرکردنە” گەر کاری فێرکردنی لێبسەنینەوە ئەوا دەبێت فێرکار کاری شتێکی دی و مانایەکی تر وەربگرێت. خستنەئەستۆی ئەرکی فێرکردن بۆ سەرشانی ڕەخنەگر ناماقوڵە. لەگەڵ ئەوەی ئەرکی ڕەخنەگر ئەوە نییە وانە بڵێتەوە بە کەسانێک، کە لە سینەمادا ئیش دەکەن، کەچی سینەماکاران لێوەشی فێر دەبن. بەخشینی ئەرکی فێرکردن دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێناسەی ڕەخنەگر فراوانتر بکەینەوە؛ فێرکاری بکەینە شتێکی زاتی لە پێناسەکردنی ڕەخنەگردا کە شتێکی هەڵەیە. سەندنەوەی ئەرکی فێرکردن لە ڕەخنەگر بەو مانایە نایەت کە ئەرکێکی زاتیمان لێ وەرگرتبێتەوە، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەیە ئەرکێکی عەرەزی زیاتکراومان لە کۆڵی ڕەخنەگر کردووەتەوە. بە گشتی ڕەخنەگر فێرکردن لە خۆیدا ناکات بە سەنتەر و، لە هەمان کاتدا وا لە سینەماکاران دەکات فیلمێکی باشتر بەرهەم بهێنن. نووسینەکانی ڕەخنەگر لەو ڕووەوە گرنگن کە لێوەیان فێر دەبین و لە تواناشیاندایە ڕووانینی بینەر و خوێنەر بگۆڕن، تا بە چاوێکی ترەوە تەماشای فیلمەکان بکەن. فێرکردنی سینەماکاران و بینەران ئەو خاڵە جەوهەرییە نییە کە ڕەخنەگر ئیشی لەسەر دەکات. فێربوونی سینەماکار و بینەر دەرەنجامی لاوەکیی ئیشی ڕەخنەگرە. ئامانجی ڕەخنەگر ئەوە نییە هەستێت بە سینەماکارێک یان دەرهێنەرێک بڵێت بەم جۆرە فیلم بەرهەم بهێنە. ڕەخنەگر تیشک دەخاتە سەر خودی فیلم و ڕووی لەوە، نەوەک سینەماکار یان بینەر. کۆششی ئەو هەڵماڵینی ڕاز و درکە شاراوەکانی ناو گفتوگۆکان و تەسویر و کەسیاتی و …هتد. ڕەخنەگر دەکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ بەرهەمە هونەرییەکان و دیوەشاراوەکانی پشتەوەی بەرهەمهێنانی “سینەما” لای ئەو بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. لەگەڵ بەرهەم دەکەوێتە گوفتولفتەوە، بەرهەمە هونەرییەکە “شەخسی” دەکاتەوە[5]؛ بەو مانایەی حزوورە ئۆبێکتییەکەی دەکاتە حزوورێکی سوبێکتیڤیتی “زەینی”. مەودای بەرهەم و ڕەخنەگر شێوازێکی نوێ وەردەگرێت؛ چەشنی “بەرهەمهێنانی زەینی” دەردەکەوێت. نابێت بپرسین کە بۆ ڕەخنەگر گفتوگۆ زەینییەکانی خۆی دەخاتە بەردەستی هەمووان؟ ئەمە لە کاتێکدا، ئەو نە ڕووی لە بینەرە نە لە سینەماکاران! ڕەخنەگر لافی “کۆتایین قسە” لەسەر فیلم لێ نادات. کێلون لە بینین و ڕووانینی دی نادات. ڕەخنەگر پەیوەندی خۆی و بەرهەم لە پەیوەندییەکی “زانا و بابەت”[6] ـەوە دەکات بە پەیوەندی نێوان “دەروون و بابەت”[7] لە لۆجیکی فۆرماڵدا؛ باس لە زانستی دەستخراو و حزووری دەکات. لە زانستی دەستخراو (علم اکتسابی)دا، زانست بەهۆی پەیوەندیی نێوان کەسی “زانا” و “زاتی زانراو (بابەت)”ـەوە دەردەکەوێت. کاتێک کەسێک تەماشای کورسییەک دەکات، وێنەی کورسی لە زەینی کەسەکەدا دروست دەبێت. کەس “زانا”ـەکە بەهۆی وەرگرتنی “زانراوەکە یان وێنەی کورسی”یەکەوە، زانینێک دەخرێتە زەینییەوە. زانا وێنەی کورسییەکە بەدەست دەهێنێت و پێویستی بە ڕامان و هەوڵێکە. ئەمە لە کاتێکدا زانستی حزووری (علم حضوری)، زانستێکی دستنەخراوە و ئامادەیی هەیە تیاماندا؛ وەک ڕق، ترس و خۆشی. ڕق، ترس، خۆشی ئامادەییان هەیە و بوونێکی ڕەقیان نییە وەک کورسی و مێزەکە، بۆیە پەیوەندییەکە پەیوەندیەکی حزوورییە؛ حزوورییە لەو ڕووەوە کە ئامادەیی هەیە لە ناو دەروونی کەسی زانادا، واتە دەستنەخراوە، بەڵام گەر وێنای کەسێکی ڕقلەدڵ یان بەسۆز بکەین، ئەوا پەیوەندییەکە لە زانستی حزورییەوە دەگۆڕێت بۆ زانستی دەستخراو. ئیشی ڕەخنەگر ئەوەیە زانستە دەستخراوەکە وا لێبکات، وەک بڵێی حزووریی بووبێتەوە. وەک چۆن ڕق و ترس و خۆشی بێ ئەوەی بچنە ناو جەوهەرێکی جەستەییەوە و دەرکەون لە ناوماندا حزوور پەیدا دەکەن، بە هەمان شێوە دەبێ بەرهەمی هونەریش لە ناوماندا حزوری بکەینەوە، وا هەست بکەین بووە بە زانستێکی حزووری تیاماندا. بەرهەمی هونەری دەبێت لە بوونێکی ڕەقەوە وەرگەڕێت بۆ “بوونێکی نەرم” لە ڕەخنەگردا[8]. سادەتر بڵێین دەبێت خۆراک وەک خۆراک نەمێنێتەوە، بخورێت و چێژی لێ ببینرێت و، هەزم کرێت. هونەری ڕەخنەکراو لە لایەن ڕەخنەگرەوە بەر لەوەی ڕەخنەی بکات، پێویستە لە ناوەوەی ڕەخنەگردا ببێتە هونەری هەزمکراو، وەک ڕق و ترس و شادی بسووتێت و دواتر دەربارەی ئەوەی خواردوویەتی و چەشتوویەتی و هەزمی کردووە قسە بکات. پرۆسەی ڕەخنەکردن پرۆسەیەکی قورسە، پرۆسەیەکە بەهۆی ژیانکردنەوە لەگەڵ بابەتەکاندا دروست دەبێت ڕەخنەگری وشیار نایەت فیلمێک لەبەر “ناوەڕۆکێکی گرنگ”[9] ببات بە ئاسماندا. ستایشکردنی فیلمێک وەک فیلمێکی سەرکەوتوو، بەهۆی بوونی بیرۆکەیەکی تازەوە یان چەند ڕستەیەکی گرنگەوە، شتێکی بێمانا و ڕووکەشانەیە، گەر ئەم بۆچوونە ڕووکەشییە قبووڵ بکەین، ئەوە دەشێت فیلمە لاوازە ناوەڕۆک زل و قەبەکان، بە باشتر بزانین لەو فیلمە باشانەی ناوەڕۆکێکی زلیان هەڵنەگرتووە و خاوەنی حیکایەتی گەورە نین. گەر ئەم بۆچوونە ڕووکەشییە قبووڵ بکەین، زۆر بە ئاسانی دەتوانین تابلۆی کەسێکی لاکۆڵانی نەشارەزا، لە تابلۆی هونەرمەندێکی گەورە بە باشتر بزانین. گەر ئەم بۆچوونە ڕاست بێت؛ ئەوە بێگومان دەتوانین وێنەی جەنگی، یان وێنە زۆر مرۆڤدۆستانەکان لە مۆنالیزای لیۆناردۆ داڤینشی و شەوی ڤانکوخ بە باشتر بزانین. هیچ ڕەخنەگرێکی ئاقڵ نایەت، لەبەر گرنگیی ناوەڕۆک یان بوونی ئایدیایەکی گرنگ، فەزڵی پاولۆ کۆیلۆ بەسەر بەختیار عەلیدا بدات. بۆ شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و فیلمیش ئەم ڕوانگەیە ڕاستە.
زۆرێک فریوی بوونی حیکایەتێکی گەورە یان چیرۆکێکی دڵتەزێن دەخۆن، وەک بڵێی ناوەڕۆکێکی بە ڕووکەش زل و گەورەکراو، چیرۆکێکی باش یان شیعر و ڕۆمان و فیلمێکی باش بەرهەم دەهێنێت. گیرفانی هەموومان پڕە لە چیرۆکی گەورە و کارەساتبار، کەچی بەس نییە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک، ڕۆمان یان شیعرێکی باش. هەن فریوی ئەوە دەخۆن گوایە ڕچەشکێنی بەسە لە دروستکردنی یەکێک لەم هونەرانەی ئاماژەم پێدان. ئەوەی فیلمێکی باش بەرهەم دەهێنێت، ماچ و باوەش نییە. فیلمی هۆڵیوود یان بۆڵیوود لەبەر بوونی ماچ و باوەش و سێکس یان ناوەڕۆکێکی گرنگ فیلمێکی باش نین. هەڵقەی گەردەلوول سەرباری هەڵگرتنی چیرۆکێکی گەورە، بەڵام هەڵقەیەکی باش نییە لە ڕووی هونەری و تەکنیکییەوە یاخود فیلمی “شەوی حیسابی” حسێن سێودین سەرباری ئەوەی خەمێکی گەورەی وەک ئەنفالی هەڵگرتووە کەچی فیلمێکی خراپە. یان “فڕینی بەرد” سەرباری بوونی ماچ و باوەش فیلمێکی باش نییە. هونەری بەرهەمهێنانی فیلم و کورتە فیلم و دراما ئاسان نییە، بگرە زۆر قورسترە لەوەی لە خەیاڵی دەرهێنەرێکی کورددایە؛ چێکردنی فیلم پێویستی بە پیشەییبوونە، بە پێچەوانەی کاری وێنەگرتنەوە، سۆزان تاک لە کتێبی (نظر بە درد دیگران)دا ئاماژە بەوە دەکات؛ وێنەگرتن تاکە لقێکی بەرجەستە و گرنگە، کە جیاوازە لە هونەرەکانی تر، چونکە زۆر جار کەسانێک نەیانخوێندووە و پیشەیی نین، کەچی توانای بە دەستهێنانی ئیمتیازیان هەیە؛ هەڵبەت یەکێک لەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی هەڵکەوت (بەخت)ـە لە هونەری وێنەگرتندا[10] بەڵام ژانرەکانی تر پێچەوانەی ئەم ژانرەن! ئەو پێی وایە هونەی وێنەگرتن و هونەری نمایشی، وەک یەک نین لە ڕووی قورسییەوە؛ هونەرە نمایشییەکان شەونخوونیان دەوێت، هەروەها ئەدەبیش وەک وێنەگرتن نییە، بۆ ئافراندنی، پێویستی بە بەخت نییە، پێویستیان بە ڕاهێنانی چڕ و بەردەوامە[11]. ئەدەبیات، شیعر و چیرۆک و ڕۆمان، ملکەچی بەخت و ڕێکەوت نین. هیچ فیلمێک و هیچ شانۆیەک بێ شەونخوونی و ئارەق ڕشتن و ڕۆحسووتان نابێتە بەرهەمێکی باش، هەر ئەوەی ولیام ڤاگنەر پێی دەوت: “نووسین ئارەقڕشتنی ڕۆحە”[12]، دەشێت لێرەوە ئەو مافە بەخۆمان بدەین بڵێین “دەرهێنانی فیلمی باش پێویستی بە ئارەقڕشتنی ڕۆحە.”؛ جێی سەرنجە هەر کات سینەماکار و شانۆکارانی کورد دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن، هیچ شتێک دەربارەی هونەر و سینەمایان لێوە نابیستین؛ هۆکارەکەشی ڕوونە، نەشارەزاییانە لەو بوارانەی کاری تێدا دەکەن. بۆ خۆپاراستن لە ناوهێنان و خۆپاراستن لە دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکان، هەوڵمداوە سوود لەو سەرچاوانە وەرنەگرم چاوپێکەوتنی هونەرمەندەکانی تێدا کراوە. ئاشنام بەوەی کام هونەرمەندە لەگەڵ چ هونەرمەندێکدا دۆستە، کامیان حەزی لە چ جۆرە چێشتێکە، بۆ نموونە “سین”ی هونەرمەد حەزی لە برنجی خڕە و فیسار و فڵان هونەرمەند سەروپێ و کوبە و پاقلاوە. گشت دیوە کەسییەکانی هونەرمەندان وەک کێشەکانی ڕۆژانەمان شارەزاین. دەتوانم بڵێم، نییە یان زۆر دەگمەنە سینەماکارێک یان دەرهێنەرێک لە چاوپێکەتنێکیدا، بە شێوەیەکی زانستی پێمان بڵێت فیلم چییە؟ ئەکتەر چییە؟ بە خێرایی فەزای چاوپێکەوتنەکان وەردەگەڕێن بۆ کۆمەڵێک قسەی پڕوپووچ و بێ کەڵکی ڕۆژانەیی؛ ئەمانە جۆرێکن لە میکانیزمی بەرگری، بۆ شاردنەوی بەتاڵێتیی میوانەکان. بە شێوەیەکی گشتی، زۆر بە دەگمەن ماندوو بوون و ڕۆحسووتان دەبینم لە ئەکتەران و دەرهێنەرانی ئێمەدا. ماندووبوون ئەوە نییە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە فیلم و زنجیرە دراما بیت، زۆر جار ئەم زۆرییە لە بەرهەم، پەیوەندی بە هەڵکرووزاندن و بەڕێکردنی بەرهەمەکانەوەیە. دەرهێنەر و ئەکتەر پێویستە بەر لە بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە دراماکان ماندوو ببن؛ ماندوو بوون هەر بریتی نییە لە خوێندنەوەی بەردەوام و تەماشاکردنی فیلم، بەڵکو بریتییە لە دەرگیربوونێکی بەردەوامی زەینی لەگەڵ ئەو بەرهەمەی کاری لەسەر دەکەیت؛ دەبێ چرکە بە چرکەی ژیانت داگیر بکات و ببێتە ئۆبێکتی بەردەوامی بیرکردنەوەت. دواجار ڕەخنەگر یان بینەر دەرەنجام دەبینێت؛ بە تێڕوانینێکی سادەوە فیلمەکە یان زنجیرە دراماکە دەبینێت، ڕەنگە بە هیچ کلۆجێک بۆی گرنگ نەبێت، پێش ئەوەی بەرهەمەکە بێتە دەرەوە چی گوزەراوە. ئەوان لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار دەدەن. بە گشتی مرۆڤی ماندوومان کەمە لە بواری فیلم و درامادا؛ ڕستەیەکی سەیری باو هەیە لای ئێمە، هەر بە ڕاستی سەرنج ڕاکێشە و ناشێت سەرزەنشتێکی نائەقڵانیانە بکرێت؛ هەر کات (فیلمێک، یان درامایەک)ی کوردی پەخش دەکرێت، خەڵكی دەکەونە ڕەخنەکردنی؛ هەندێک دەڵێن: “کورد ڕەخنە لە هەموو شتێک دەگرێت” هەڵبەت “هەموو” لێرەدا ئاماژە نییە بۆ هەموو فیلمێک، یان درامایەکی کوردی و ناکوردی پێکەوە؛ لێرەدا “هەموو” مەبەست لێی گشت (فیلمێک، یان درامایەک)ی کوردییە. سەیر لەوەدایە سەرلەبەری ڕەخنەکان، ڕەخنەی ئایدۆلۆژی نین، بەڵکو ڕەخنەی تەکنینکی و هونەریشن. پێویستە بپرسرێت، هۆکاری چییە ئێمەی کورد پاش تەواوبوونی هەر دراما و فیلمێکی کوردی دەبینە ڕەخنەگر؟ بۆچی بۆ فیلمێکی بیانی و تەنانەت ئێرانی، هەموو کورد نابنە ڕەخنەگر؟ دەبێت چیتر دەرهێنەر و ئەکتەرە کوردەکان، کە فیلم و درامای باش بەرهەم دەهێنن، ڕێ نەدەن هەموو نەشارەزایەک فیلم و دراما کوردییەکان لە گشت ڕوویەکەوە هەڵتەکێنێت.
ڕەنگە تووشی شۆک بین، گەر بڵێین دەرهێنەری وا هەیە سی چل ساڵە کاری دەرهێنەری دەکات، هێشتا نازانێت لە فیلمدا (وێنەگرتن) سەنتەرە نەوەک ئاخافتن (قسە)، ئەلف و بای سینەما جیاکردنەوەی فیلمە لە شانۆ، شانۆ بە پێچەوانەی فیلمەوە، (قسە) گەرم و سەنتەرە تێیدا. تەسویر ڕۆڵی تەنیا (پیشاندراوی ڕووت) نییە؛ پیشاندراوی ڕووت، واتە ئامرازێک یان میدیۆمێک کە ئەرکی گەیاندنی دیمەنەکان و جووڵەی ئەکتەرەکان بێت و بەس، کامێرە ئەرکی سەرشانی گرانە و ڕۆڵەکەی هەر وا سادە نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئاڵۆزتریشی هەیە، هەست و بیرکردنەوە ناماددییەکانی مرۆڤ دەگەیەنێتە بینەر، بێشمار لە ساتە وەختی بچووک بچووک و گەورە گەورە، کە ئیشی دەیان ڕستە و پەرەگرافە، لە چرکەیەکدا دەگەیەنێت، کامێرە توانای هەڵگرتنی و دەربڕینی بینینە جیاوازەکانی هەیە، وەک چۆن لە ڕۆماندا گێڕانەوە هەیە، تەسویریش دەتوانێت بە شێوازی تایبەتی خۆی لەناو سینەمادا وەک گێڕەرەوە ئیش بکات؛ واتە کامێرە وەک کەسایەتییەکی نامرۆڤی، ئەرکێکی گرنگی وەک گێڕانەوەش دەکەوێتە سەرشانی، شوێنی کەسایەتییەکان دەگرێتەوە و لە چاوی کەسایەتییەکەوە شتەکان دەگێڕێتەوە؛ وێنەگرتن دەتوانێت، ترس و خۆشی و ئارامی و ئاسایش لە ڕێی توانا تایبەتییەکانی وەک جووڵەپێکردنەوە بگوازێتەوە؛ پیشاندان لە سەرەوە و پیشاندان لە خوارەوە، دەستنیشانکردنی گۆشە، مانای تایبەت و جیاواز جیاوازی پێ دەردەبڕدرێت. کامێرە توانای دەرککردنی دەربڕینە زارەکییەکانی هەیە، دەتوانێت هەموو هەستەکانی مرۆڤ بگوازێتەوە بۆ بینەر. تەسویر لە فیلمی کوردیدا ملکەچی ئەرکێکی سادە و ڕووکەشیانەیە، لە لایەکی تریشەوە، گیری خواردووە بە دەست گفتوگۆوە. گفتوگۆ تەسویری بۆژە کردووە، بە مانایەکی تر، گفتوگۆ تووتیئاسا لەبری تەسویر، دێتە گۆ و قسە دەکات؛ گفتوگۆ ڕۆڵی تەسویر دەخاتە پەراوێزەوە، لە کاتێکدا، فیلمی سینەمایی سەرنجی یەکەمی لەسەر تەسویرە. شتێکی کۆمیدییە، هەڵقە و فیلمی کوردی دەبینین، بە قسە ئاماژە بە زۆرینەی کێشە و دیمەن و کەشەکان دەکرێت، واتە ئەوەی کە تەسویر دەکرێت بیڵێت، ئەو دەیجوێتەوە؛ بە دڵنیاییەوە گەر لە ڕادیۆشەوە گوێیان لێ بگرین و بە تەواوی وێنەکەش لابەرن، گرفتێکی ئەوتۆمان تووش نابێت، چونکە گفتوگۆ دەمڕاستێکی سەرکوتکارە بەسەر تەسویرەوە، بێ ویژدانی نییە گەر بڵێم “فیلمە ڕادیۆییەکان” ئەو فیلمانەن کە تەسویر خنکێنراوە تیایدا، ئەڵبەت لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا ژمارەیەکی کەم دەرهێنەر، بە ئەندازەیەک تێگەیشتوون تەسویر چییە، بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەرهێنەر لە کوێخاخستنی ئاخافتنە، ڕوونتر بڵێم تەسویر ئازاد بکات، بە ئازادکردنی تەسویر لە چنگی گفتوگۆ، سینەمای کوردی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە.
خاڵێکی تر لە سینەمای کوردی پیشاندانی باش و خراپە، [باشی تەواو] و [خراپی تەواو] لە کاتێکدا ئەم ڕووانینە جگە لەوەی ڕووانینێکی ئایدۆلۆژیانەیە، بەو پێیەی ئایدۆلۆژیا جاری وا هەیە بە ئامانجێکی دیاریکراو، گوێی دەخەوێنێت لە بوونی حەقیقەتی ڕێژەیی [باش] و [خراپ] لە مرۆڤەکاندا؛ ئەڵبەت جۆرێک ناکۆکی ڕووت و پەتی لە نێوان مرۆڤدا دەخوڵقێنێت، ناکۆکی و کێشمەکێشمەکانی ناوەوەی مرۆڤ لە هەبوونی چاکە و خراپە، وەردەگەڕێنێت، بۆ لابردنێکی نائەقڵانیانەی یەکێک لەم دوو ڕووبەرە: لە فیلمە کوردییەکاندا هەوڵ دەدرێت بە سرنج، کەسایەتییەک خاڵی بکرێتەوە لە خراپە، بۆ ئەوەی دەستی بگات بەو مرۆڤە ناواقعییەی پێی دەوترێت باشی تەواو (چاکەخوازی موتڵەق)، وە بە پێچەوانەشەوە هەندێک لە کەسایەتییەکان خاڵی دەکاتەوە لە چاکە، بۆ ئەوەی خراپەکارێکی موتڵەق (ڕەها) دروست بکات؛ دەشکرێت وەک دیدێکی فاشیستانە تەماشای بکەین، لە پشتەوە وەستاوە، وەک پاکەتی جگەرە چاکە و خراپە دەخاتە ناو سینەماوە. جیاکردنەوەی ئەم دوو ڕووبەرە خەیاڵ و فەنتازیایەکی نائەقڵانیانەیە، دەرهێنەر بۆی دەگەڕێتەوە؛ کۆمەڵێک بڕیاردان، بۆ لابردن و سڕینەوەی ڕێژەییبوونی مرۆڤی باش و خراپ. دەکرێت ئەم ڕوانینە (جیاکردنەوەی باشی تەواو و خراپی تەواو) لە یەکتر، چەند هۆکاری تری هەبن، لەوانە “سادە ڕوانین” سادەڕوانین بە مانای کەڵک وەرنەگرتن لە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە و پانتاییە ڕەمزییەکە و پشتگوێخستنی دێت؛ گەر بە وردی سەرنجی پانتایی ڕەمزی بدەین، بێشمار کەسایەتی (مرۆڤ)ی جۆراوجۆر هەن، ڕاستتر بڵێین تەواوی مرۆڤەکان، بە هیچ کۆلجێک ناچنە ناو دوو بازنەی تەواو داخراو بەسەر یەکدا (باشی تەواو_ خراپی تەواو). دەتوانین ئەم سێ چەمکە (ئایدۆلۆژیا_ فاشیزم_ سادەڕوانین)، بخەینەوە سەر سینەمای کوردی، ئەوکات دەبینین کە وەک ئامرازێکی پێشوەختە، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی مرۆڤی پێ دەسڕێتەوە. نابێت ئەو هەڵەیەش بکەین، پێمان وابێت سینەما خاڵییە لە هەر توخمێکی (سادە ڕوانین-ئایدۆلۆژ- فاشیستی)، دەشێت لە جێی تردا باس لە فیلمە سینەماییەکان بکرێت و ئەوەشی کە چۆن داینەمۆیەکی گەورە، سینەما بەو ئاراستەیەدا دەبات کە خۆی دەیەوێت.
ڕوویەکی تری خراپی سینەمای کوردی سیناریۆی خراپە، ئەڵبەت سیناریۆ ناوێکی گشتییە و پانتاییەکی فراوان دەگرێتەوە، زۆر جار لەناو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەکەی ئێمەدا، بەهۆی نەشارەزاییەوە، ناوی سیناریۆ بەشەکی کراوەتەوە بۆ توخمێکی وەک گفتوگۆ، کاتێک خەڵکی ئاسایی دەڵێن سیناریۆکەی خراپ بوو، مەبەستیان ئەوەیە گفتوگۆی ناو فیلمەکە لاواز و خراپ بووە؛ ئەمە لە کاتێکدا گفتوگۆ، بەشێکی ئەو ڕووبەرە فراوانە دەگرێتەوە کە ناوی سیناریۆیە. سیناریۆ وەسف و دیالۆگ و حاڵەتی کەسایەتی… دەگرێتەوە. بەشێکی خراپی فیلم و دراما کوردییەکان ئەوەیە کە پێی دەوترێت گفتوگۆی نێوان کەسایەتییەکان، چۆنێتیی دەربڕینی هەست و بیرکردنەوە، لە پیشاندانی کەسایەتییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. گفتوگۆکانی فیلمی سینەمای کوردی سەرەتایی و ڕۆژانەییش نین، دەربڕینی ڕۆژانەیی بە گشتی لۆجیکییە، تێیدەگەین، بەهۆی دروستبوونی لەناو پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە و جۆرێک هەڵکەوتەوە، لە نامۆبوون کەوتووە؛ گفتوگۆی ناو فیلمە کوردییەکان گفتوگۆی ئاسایی ڕۆژانەیی نین، نامۆ و سەیرن، هەوڵ دراوە زمانێکی ناڕۆژانەیی دروست بکرێت، زمانی ناڕۆژانەیی زمانی ئەکادیمی دەگرێتەوە، زمانی زانستی و فەلسەفی و زمانی ئەدەبی… هتد. فیلمە کوردییەکان بە گشتی هیچ کام لەم زمانانە بەکار نایەنن، واتە نە زمانێکی ڕۆژانەییە، نە زمانێک نزیک لە زمانی ئەدەبی و فەلسەفی یان هەر شێوەیەکی تر. زمانی فیلمی کوردی بەهۆی ئەوەوەی شتێکی سەیر و سەمەرەیە، دەتوانین پێی بڵێین (خراپ گۆڕاو)؛ کەواتە [خراپ گۆڕاو] بەو زمانە دەڵێین نە ئەوەیە خەڵکی ئاسایی ڕۆژانە بەکاری دەهێنن، نە ئەو زمانەشە کە پێی دەڵێین زمانی شیعری، لە مانا گشتیترەکەیدا زمانی ئەدەبی، ئەڵبەت زمانێکی فەلسەفی و زانستیش نییە. گەر لە گفتوگۆکاندا هەوڵ درابا پەیڕەوی لە زمانێکی ڕۆژانەیی بکرێت، هێندە وێران نەدەبوو. ڕەنگە نموونەیەک بهێنینەوە خراپ نەبێت، بۆ نموونە کاتێک لە زمانی ڕۆژانەییدا گفتوگۆ دەکەین، ژمارەیەک ڕستە و چەند ڕستە کە دەردەبڕین، هەڵیدەپاچین؛ بۆ نموونە کە دەڵێین: (دارا دوو داری دی، دوو داری دوور دوور) ئاسایی و قەشەنگە، گەر فیلمی کوردی ئەم ڕستە دەربڕێت، دەڵێت: (دارا دوو داری دی، دارا دوو داری دوور دووری دی)، لێرەدا (دارا_ دی) وەک بکەر و فرمانێک زیادەن لە ڕستەی دووەمدا، کە بەتامی فیلمی کوردی دەرمان بڕیوە. ئەم هەڵپاچینەی زمان لە گشت شوێنێک دەبینرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک دەڵێین کەبابخانەی هەڵگورد، کۆمەڵێک شتی بێسوودی لێوە کراوەتەوە؛ نەمان نووسیوە ئێرە کەبابخانەی هەڵگوردە؛ یان بە دەربڕینێکی تر نەمان نووسیوە خەڵکینە ئێرە کەبابخانەی هەڵگوردە. هەندێکجار ڕستەکان بە جۆرێکی جیاوازتر لە پرسیارەکە وەڵام دەدەینەوە؛ بۆ نموونە کاتێک دەپرسین، نانی نیوەڕۆت خواردووە؟ برسیت نییە؟ تۆ لە وەڵامدا ناڵێیت بەڵێ نانی نیوەرۆم خواردووە، نەخێر من برسیم نییە. ڕەنگە بڵێین: بەڵێ خواردوومە، برسیم نییە، یان تەواوی زیادەکان لەڕێی بەکارهێنانی وشەیەکەوە لادەبەین، بۆ نموونە دەپرسین تۆ لەگەڵ باوکت دەچیت بۆ بازاڕ؟ لە وەڵامدا دەڵێیت: بەڵێ یان بەڵێ دەڕۆم، لە وەڵامی یەکەمدا (بەڵێ)، هەموو ڕستەکە لابراوە، چیتر پێویست ناکات بڵێی بەڵێ من لەگەڵ باوکم دەچم بۆ بازاڕ، لە وەڵامی دووەم دا (بەڵێ_ دەچم) ماوەتەوە، ئەڵبەتە وەڵامی تریش هەن بۆ پرسیارێکی تری لەم شێوەیە، ڕاستە وەڵامەکان هەمان ڕستەکان ناڵێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گفتوگۆیەکی دوو سەرەیە، بەرانبەر تێدەگات، وەڵامی (بەڵێ) ڕستە نەوتراوەکەی ناواخن کردووەتەوە، نەفییەکی کردەکی کردووەتەوە (بالفعل). بە کورتی و پوختی، گفتوگۆ لە فیلمی کوردیدا پێویستە چاک بکرێت، هەندێک زیادەی وەک توخمگەلی بێکەڵک و ناچیز نەخاتە ناو گفتوگۆکانەوە، بزانێت لە دەربڕینی ڕستە و وەڵامدانەوەدا پێویستە ڕستەکان لقوپۆپ بکرێن؛ هەندێک جار پێویستە (تەواوی ڕستە)ـەکە لا بدەین، هەندێکجار (فرمان)، (بکەر) یان هەر شتێکی دی بەپێی پێویست لا بدەین. خاڵێکی تر گرنگە، جۆرێک فریوخواردن لای دەرهێنەرانی فیلم دروست دەکات؛ من دەزانم چییان لێم دەوێت، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی جیهانی، هەندێک جار ئەم ئارەزووانە، بە شێوەیەکی هونەری تێر دەکرێن، هەندێکجاریش ناهونەری. دەرهێنەرە کوردەکان هۆش و گۆشیان تێرکردنی ئارەزووە ناوخۆ و جیهانییەکەیە، هێندە نووشتاونەتەوە بۆ تێرکردنی، وەک بڵێی لە لایەنی هونەری و تەکنیکییەکە گرنگتر بن. من دەزانم ئەمڕۆ باسی ژن بکەم، دامودەزگا و دەسەڵاتی ڕاگەیاندن، چ لەسەر ئاستی جیهانی چ لە ئاستی ناوخۆدا بایەخم پێ دەدەن، بۆیە فیلمی ژن بەرهەم دەهێنم، من دەزانم سوکایەتیکردن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە بە شێوەیەکی بەدەویی نیشانیان بدەم، نزیکم دەکاتەوە لە بردنەوەی خەڵاتە جیهانییەکان، بۆیە فریوی ئەوە دەخۆم بێبەهاترین، پووچترین شێوەژیانیان بخەمە ڕوو. من دەزانم بەهۆی بەرهەمهێنانی فیلمێک لەسەر یەزیدییەکان، دەتوانم ببمە هاوڵاتییەکی ئەورووپا یان ئەمریکا، بۆیە فیلم بۆ تراژیدیای یەزیدییەکان بەرهەم دەهێنم. ئەمە ئەو داوایەیە جیهان و دنیای ناوەوەمان لێمان داوا دەکات. هەندێک کەس بەهۆی ناوەڕۆکێکی لەو جۆرەی کە ئاماژەم پێ دا، خەڵات دەبەنەوە، بڕێک خاتری هونەری و تەکنیکی لاواز دەگرن یان هەندێکجار بەهۆی ناوەڕۆکێکی لەو شێوانەوە ستەم لە چەندان فیلمی باشتر دەکرێت، وەک بڵێی بە فیلمەکانی تر بڵێن، سەرکەوتوو نەبوون لە تێرکردنی داوا پێشوەختەکەمان. فیلم و سینەمای کوردی بە جوانی داوای ئەویتر تێر دەکات، بەڵام فێری ئەوە نەبووە لانیکەم، [هونەریانە] بەدەم داواکەوە بچێت؛ وا هەست دەکەن، تۆ کە باسی کوشتنی منداڵ و چەوسانەوەی ژن و کوردت کرد، ئیتر هونەرێکی بەرزت خوڵقاندووە.
[1] صالح نجفی، سینما بە مثابە تمثیل غار افلاطون، نشر محفوظ، چاپ اول، ١٣٩٧، لاپەڕە ٧-٨
[2] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ٨-٩
[3] خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کتێبی کۆماری ئەفلاتوون، چونکە لێرەدا بە پێویستی نازانین بچینە ناو وردەکارییەکانییەوە.
[4] بابک احمدی، تصاویر دنیای خیالی، نشر مرکز، چاپ هفتم، سال ١٣٩٨، ص١٤٢
[5] هەمان سەرچاوە ص١٤٣
[6] عالم و معلوم
[7] نفس و معلوم
[8] مرۆڤ سەرەتا کە فێری زمانێک دەبێت، وردە وردە قسەی پێدەکات، لە سەرەتاوە بیر لە دانانی وشەکان دەکاتەوە؛ پێوستە چۆن بە شێوەیەکی ڕاست ڕستەکان بخاتە ناو قاڵبە ڕێزمانییەکانەوە؛ چوارچێوەکانی زمان وەک قاڵبێکی ماتریاڵی پێشوەختە وێنا دەکات، پاشان دەست دەکات بە ئاخافتن، قسەکەر هێندە خەیاڵی لای چوارچێوەکەیە تاکوو لە دەربڕیندا هەڵە نەکات، لە چەندان شوێن دەکەوێتە هەڵەوە. بیرکردنەوە لە ڕاستبێژی نایەڵێت بە شێوەیەکی دروست و خێرا قسە بکەین؛ پێویستە هێندە ئەزموونی قسەکردنت هەبێت، هێندە بگەڕێیتەوە بۆ چوارچێوە زمانییە پێشوەختەکە، بوونە ڕەقەکەی لەدەست بدات! دەبێ بیر لە ڕێسا و یاساکانی زمان نەکەینەوە، چوارچێوەکە هەرەس بهێنێت بۆ شتێکی ناوەکی، پاشان کەڵکێکی نەستیانەی لێ وەرگریت، ڕەوانبێژی بە زمانی بێگانە، واتە ئاگایانە بیر لە قاڵبێکی ڕەقی ڕێزمانی نەکەینەوە.
[9] لوئیس جانتی، دی، شناخت سینما، ترجمە ایرج کریمی، نشر بیدگل، چاپ دوم، تهران، سال ١٣٩٩، ص ١٦
[10] سوزان سانتاگ، نظر بە درد دیگران، ترجمە احسان کیانی خواهی، نشر گمان، تهران، ساڵ ١٣٩٤، لاپەڕە ٣٥
[11] هەمان سەرچاوە ٣٥
[12] جەمال میر صادقی، راهنمایی رمان نویسی، لا ١٥٣
[1] صالح نجفی، سینما بە مثابە تمثیل غار افلاطون، نشر محفوظ، چاپ اول، ١٣٩٧، لاپەڕە ٧-٨