ئاپۆلۆژی

“شیکردنەوە”

موحەمەد عبدولکەریم

 

ئاپۆلۆژی

“شیکردنەوە”

موحەمەد عبدولکەریم

 

ئاپۆلۆژی یەکێکە لە بەرهەمە یەکەمینەکانی ئەفلاتوون. نووسینێکی سادە و ڕوون، کەمتر فەلسەفی. بە زمانێکی شاعیرانە نووسراوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کورت و قەشەنگە، دەربارەی (دادگاییکردنی سوقرات)ـە. سوقرات لە دادگا دەیەوێت تۆمەتە “کۆن و تازەکان” یش ڕەت بکاتەوە؛ بە ئامادەبوونی خەڵکانێک کە بانگهێشتی دادگا کراون. سوقرات لەناو دادگا هەوڵ دەدات خۆی لە تۆمەتەکان پاک بکاتەوە؛ بۆ ئەمەش میلتۆس تۆمەتبار دەکات. لەڕێی دەنگدانەوە حوکمی سوقرات دەدرێت. لە دادگادا باس لەوە دەکات چۆن کەسانێک هاتوون قسەی خراپیان دەربارەی کردووە، ئەمە لە کاتێکدا قسەکانیان دوور بوون لە ڕاستییەوە.

ئەو زیاتر لە “تۆمەتە کۆنەکان” ترساوە هەتاکو “تۆمەتە تازەکانی وەک ئانتۆس و هاوڕێکانی”؛ ئەو پێی وایە ماقوڵترە زیاتر لە تۆمەتە کۆنەکان بترسێت، چونکە هەر لە منداڵییەوە بوختان و درۆیان خنیوەتە ناو مێشکی گەنجەکانەوە. کەوایە تۆمەتەکان چین؟ دەربارەی سوقرات چیان وتووە؟ “سوقرات ناوێک، زۆر دانا، بەشوێن ئەوەوەیە کە بزانێت لە ئاسمان و ژێر زەویدا چی دەگوزەرێت، دەتوانێت خراپ وەک باش و ناشرین وەک جوان پیشان بدات “شش رسالە (حکمت سقراط و افلاطون): لاپەڕە ١٣٤”. سوقرات دەڵێت: ئەم بوختانانەی خنراونەتە ناو مێشکی گەنجەکانمانەوە، جێگای داخە، منی لێ نەبووم وەڵامی بوختانەکانیان بدەمەوە. گەرچی سوقرات لەناو دادگا جەخت لەوە دەکاتەوە درۆکەران و بوختانچیان ناناسێت بێجگە لە بەرهەمهێنەری شانۆیەک، (دیارە مەبەستی ئەریستۆڤانیسە لە یەکێک لە شانۆکاندا سوکایەتیی بە سوقرات کردووە(، سوقرات نایەوێت ناو بهێنێت و دەیەوێت بەبێ باسکردنی دژمن دەست بکات بە بەرگریکردن لە خۆی. (خەیرفۆنی هاوڕێی منداڵیی سوقرات دەچێتە دێڵفی ڕووقایمانە دەپرسێت لە خواوەند ئایا لە سوقرات داناتر هەیە؟ دەنگێکی غەیبی وەڵامی دایەوە “کەسێک نییە لە سوقرات داناتر”) “شش رسالە (حکمت سقراط و افلاطون: لاپەڕە ١٣٧” سوقرات دەیەوێت دیوە شاراوەکەی قسەی خوا تێبگات، ئەو خۆی دەزانێت هیچ زانستێکی نییە، جا کەم بێت یان زۆر، ئایا دەشێت خوا درۆی کردبێت، کاتێک وتوویەتی سوقرات داناترین کەسە و کەسێک لەو داناتر نییە؟ بە ئاتنیان دەڵێت بەشوێن مانای شاراوەی ئەم قسەیەوەم، بۆیە دڵنیایە خواوەند، کاتێک وتوویەتی کەس لە سوقرات داناتض نییە، مەبەستی مانای ڕواڵەتی قسەکە نییە. (هەمان سەرچاوە: ١٣٨) سوقرات دڵنیایە “خوا درۆ ناکات” لێرەدا تووشی دژبەیەکییەک دێینەوە، خوا بە خەیرفۆنی وتووە “هیچ کەسێک لە سوقرات داناتر نییە”، لە کاتێکدا سوقراتی دڵنیایە کە “ئەو دانا نییە”، بۆیە گەر بێتو دان بەوەدا بنێت “دانا” یە بەو مانایەی خەڵکی تر خۆیان بە دانا دەزانن، ئەوە دەشێت چەندان ساڵە ئاگایی نەبێت بەرانبەر دانایی خۆی! گەر بێتو بشڵێت من دانا نیم، ئەوە بێگومان دەنگە غەیبییەکە (خوا) درۆینە بووە، ئەمەش مەحاڵە لە دیدی سوقراتەوە. لەگەڵ خوێندنەوەی ئاپۆلۆژیدا دەردەکەوێت سوقرات ئەم دێڕە وەک “سەلمێنراو[1]” وەردەگرێت: “خوا درۆ ناکات”، خوا وتوویەتی “هیچکەس لە سوقرات داناتر نییە” لە کاتێکا سوقرات موتڵەقەن پێی وایە “دانا” نییە؛ [ئالۆزییەک، دژبەیەکییەکی ڕواڵەتی لە نێوان “قسەی خوا” و “سوقرات” دا دەبینرێت]. سوقرات جەخت ناکەتەوە لەسەرئەوەی بڵێت [من داناترینم خوا ڕاستی کردووە، لە لایەکی تریشەوە ئەم بۆچوونەش پشتڕاست ناکاتەوە بڵێت من دانا نیم و خوا درۆی کردووە]، ئەو باوەڕی بەوەیە [دانا نییە، لە کاتێکیشدا خوا ڕاستی کردووە، ئەو داناترینە] ئەو دژبەیەکییەکی ڕواڵەتی لە نێوان قسەی “خواوەندی دێڵفی” و “قسەی خۆی” دا دەبینێت؛ [خواوەندی دێڵفی سوقرات داناترینە، لە کاتێکدا خۆی پێی وانییە دانابێت، باوەڕیشی وایە خوا نابێت قسەکانی درۆ بێت]، ئەو دەیەوێت ئەم دژبەیەکییە ڕواڵتییە وا لێک بداتەوە لە قوڵاییدا دژبەیەک نین، بەڵکو هەمان مانایان هەیە. بۆئەوەی بیسەلمێنێت خواکان درۆ ناکەن کاتێک وتوویانە ئەو داناترینە و خۆشی دەزانێت دانا نییە، بۆیە دەچێت “دنیای واقعی مرۆڤەکان” دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە؛ دەچێتە لای ئەو کەسانەی پێی وایە لە خۆی داناترن، لەوانە؛ (سیاسی و شاعیران و پیشەوەران)؛ هەوڵ دەدات بچێتە لای سیاسییەکان بۆ ئەوەی بە ڕوواڵەتی قسەکەی خوادا بچێتە خوارەوە، بۆیە دەچێتە لای یەکێک لە گەورەترین پیاوانی سیاسی؛ سەرباری ئەوەی خەڵکی بە “دانا”یان دەزانن، خۆشیان هەمان بۆچوونیان دەربارەی خۆیان هەیە؛ خۆیان بە “دانا” دەزانن، سوقرات هەوڵی ئەوە دەدات پێی بسەلمێنێت، ئەوان لە هەڵەدان، کەچی لێی بێزار دەبن؛ سوقرات دەڵێ: بۆم دەرکەوت داناترم لەوان، هەرچەند منیش و ئەوان ڕەنگە “هیچ مەعریفەیەک”مان نەبێت، بەڵام جیاوازیی نێوان من و ئەوان لەوەدایە؛ ئەوان لەگەڵ ئەوەی “هیچ نازانن” وا دەریدەخەن “دانا”ن، بەڵام من وەک ئەوان وەهمی “دانایێتیم” نییە، بۆیە بۆم دەرکەوت چونکە من “نەزانینی لێکدراو”[2] م نییە کەمێک زاناترم لەوان. (هەمان سەرچاوە: ١٣٨)؛ بە دەربڕینێکی دی ئەو نەزانینی لێکدراوی هەیە، چونکە نازانێت کە نازانێت؛ کەوایە سوقرات دەزانێت کە نازانێت، بۆیە خاوەنی (نەزانینی سادە) یە[3]، سوقرات کێچ دەچێتە کەوڵییەوە، بەشوێن مانای ناوەوی قسەکەی خواوەیە “هیچکەس لە سوقرات داناتر نییە”، دەچێتە لای کەسانی ناسراوتر و داناتر؛ دەچێتە لای دانایان، نادان دەیانبینێت. لای سوقرات ئەولەوییەت بۆ قسەی خوایە، ناکرێت خوا ڕاستی نەکردبێت کاتێک وتوویەتی “هیچکەس لە سوقرات داناتر نییە” لە کاتێکدا سوقرات خۆی پێی وایە “دانا نییە”، سوقرات دەچێتە لای شاعیران، شاعیران بەهۆی دانانی شیعرەوە خۆیان بە داناترین دەزانن لە کاتێکدا هیچ نازانن، منیش زانیم لە سیاسی و شاعیرەکانیش داناترم. پاشان دەچێتە لای پیشەوەران، بە باوەڕی سوقرات ئەوانیش هەڵگری هەمان عەیب و عاری شاعیرانن خۆیان بە دانا دەبینی، ئەم گەمژەیی و بێمێشکییە لە بەهای هونەری ئەوانی کەم دەکردەوە. سوقرات دەڵێت: پاش گەڕان و گەشت، لەخۆی دەپرسێت، بەم حاڵەوەی کە تێیدام، ئەو هونەرەم نییە کە ئەو خەڵکە هەیەتی “شاعیرێتی، سیاسێتی، دەستڕەنگینی پیشەوەران” کاتێک گەڕامەوە لە سەفەر دەنگی دەروونی خواییم بیست، لە خۆمم پرسی ئایا بەم شێوەیەی هەم بمێنمەوە؛ خاوەنی هیچ هونەرێک نەبم وەک خەڵکی، لەگەڵ ئەوەشدا لە نەزانین و جەهالەتیان دوور بم؟ یان ئەوەتا هەمان هونەری خەڵکیم هەبێت، بەڵام بە هەمان نەزانی و جەهالەتەوە”(هەمان سەرچاوە: ١٣٩) بەم شێوە هەمووان دەبنە دژمن و نەیاری سوقرات. سوقرات دەڵێت ئەی ئاتنیان “من نەزانینی ئەوانیتر دەکەمەوە، ئەوان وا بیر دەکەنەوە ئەگەر دەربکەوێت لە شتێک یان بابەتێک نازانن، من خۆم دانام، ئەمە لە کاتێکدا بە باوەڕی من دانای ڕاستەقینە خوایە و بەس، دەنگی غەیبی خوا [هیچکەس لە سوقرات داناتر نییە] ماناکەی ئەمە بووە، سەرانسەری زانستی مرۆڤی بەهای نییە و هیچە، گەرچی ناوی سوقراتی بردووە تەنیا وەک نموونە بووە، وەک بڵێی ویستوویەتی بە خەڵکی بڵێت داناترینی ئێوە کەسێکە کە وەک سوقرات بزانێت کە نازانێت” (هەمان سەرچاوە: لا١٤٠) کەوایە ڕواڵەتی “قسەکەی خوا” قوڵاییەکی شاراوەی هەیە، ئەو قوڵاییە دەمانپارێزێت لە دژبەیەک زانینی “قسەی خوا” و “بۆچوونەکەی سوقرات دەربارەی خۆی”؛ لە ڕواڵەتدا قسەکەی خوا و بۆچوونی سوقرات دژ بە یەکترن، خواش درۆ ناکات. سوقراتیش باوەڕی بە “درۆنەکردنی خواکان” هەیە، کەچی دەڵێت من داناترین نیم، ئەو دەیەوێت، مانای قوڵایی قسەکەی خوا بە شێوەیەک لێک بداتەوە دژ نەبێت لەگەڵ بۆچوونی خۆی؛ بە مانایەکی تر، خوا کە وتوویەتی هیچکەس لە سوقرات داناتر نییە بە هیچ شێوەیەک دژ نییە لەگەڵ ئەو باوەڕەی سوقرات خۆی کە دەڵێت “من دانا نیم”؛ مەبەستی خوا لەوەی وتوویەتی گوایا هیچکەس لە سوقرات داناتر نییە ئەمەیە [داناترین کەس ئەو کەسەیە کە وەک سوقرات بزانێت کە نازانێت]، سوقراتیش دەڵێت “من دانا نیم”؛ مانای قسەکەی سوقراتیش ئەمەیە [من دەزانم کە نازانم بۆیە داناترم لەوانەی نازانن کە نازانن]، بۆیە لای خوا دانا ئەوکەسەیە [خاوەنی نەزانینی سادە بێت وەک سوقرات]، سوقراتیش کاتێک دەڵێت: [من دانا نیم] [مەبەستی ئەوەیە خاوەنی “نەزانینی سادە” م و دەزانم کە نازانم، بۆیە من داناترم لەوانی تر].

پاشان دەڵێت زۆرن ئەوانەی بە زانینێکی کەمەوە، خۆیان وەک دانا دەرخستووە، لەگەڵ خۆشەویستانی من ڕووبەڕووبوونەتەوە “درکیان بە نەزانینی” خۆیان کردووە، ئەوانیش گوناحەکەی دەخەنە ئەستۆی من، لە گشت جێیەک بڵاوی دەکەنەوە گوایە من تەڵەکەباز و ناپاکم، گەنجەکان دەبەم بەلاڕێدا. چەندان تۆمەتی تر وەک لە پێشوشدا ئاماژەمان بۆ کرد، حەق وەک شتێکی پوچ دەردەخات. سوقرات ئەم تۆمەتە کۆنانە ڕەت دەکاتەوە، ئەو ژمارە زۆرەی خۆیان بە دانا دەزانی، لەگەڵ من (سوقرات) هەست بە نەزانیی خۆیان دەکەن، بۆیە سوقرات باوەڕی وایە سەرچاوەی بوختان و درۆ و دەلەسەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوە، دەیەوێت ڕسوایان بکات، بە نەزانینی خۆیان ڕایان دەچڵەکێنێت، ئەوانیش دەستدەدەنە تیرۆرکردنی کەسایەتی ئەو.

سوقرات دێتە سەر وەڵامدانەوەی تۆمەتە تازەکان؛ بەچی تاوانباریان کردووە: یەکەم: گەنجەکان بەلاڕێدا دەبات (هەمان سەرچاوە: ١٤٣)، سوقرات لە میلتۆس دەپرسێت، ئایا من کارێکی وا دەکەم، وا دەکەم لە خەڵکی باوەڕیان بە خواکانی ئەم وڵاتە نەبێت خوای تر بپەرستن؟ میلتۆس دەڵێت: بەڵی ڕێک بەم شێوەیە، پاشان سوقرات دەپرسێت میلتۆس من دەڵێم خوای ئەم وڵاتە مەپەرستن، خوای تر بپەرستن؟ یا باوەڕم بە خواکان نییە و نکوڵیان لێ دەکەم؟ میلتۆس دەڵێت: من دەڵێم باوەڕت بە هیچ خوایەک نییە. تۆمەتی بەلاڕێدابردنی گەنجان لە لایەن سوقراتەوە دەخرێتە بەر باس. سوقرات دەپرسێت من گەنجەکان شڕخو دەکەم، بەس میلتۆس گەر وایە کێ ئەوان تەربییەت دەدات؟ میلتۆس: یاسا. سوقرات بە وەڵامەکەی میلتۆس ڕازی نییە، ئەو دەڵێت کێ گەنجان پەروەردە دەکات، ئەو دەڵێت یاسا، بێگومان یاسا کەس نییە. میلتۆس پێی وایە هەمووان خەریکن گەنجەکان بە باشی پەروەردە دەکەن، تەنیا سوقرات نەبێت بە لاڕێیاندا دەبات. میلتۆس بە ڕاستی دەزانێت “هەموو خەڵکی ئاتن دەتوانن گەنجەکان چاک بکەن بێجگە لە من، من ئەوان بەلاڕێدا دەبەم” (هەمان سەرچاوە: ١٤٢) ، هەمووان دەتوانن پەروەدە بکەن؟ حاکمان؟ ئەوانەی گوێیان لە قسەکانە و ئامادەن لە دادگا، ئەندامانی مەجلیسی شورا، ئەنجومەنی میلەت، هەمووان دەتوانن پەروەردە بکەن تەنیا سوقرات نەبێت؟! (هەمان سەرچاوە: ١٤٢) سوقرات نموونە بە ئەسپ دێنێتەوە ئایا هەموو کەس دەتوانێت ئەسپ بەخێوکات تەنیا یەک کەس نەبێت! میلیتۆس، پێی وانییە سوقرات بەهۆی نەزانینەوە گەنجەکان بەلاڕێدا دەبات، پێی وایە بە ئەنقەست هەڵدەستێت بەو کارە! لە کاتێکدا سوقرات پێی وایە گەر گەنجەکان بەلاڕێدا بدەم خۆشم زیانیان لێ دەکەم، هەروەها بۆچوونی وایە کەسی بە لاڕێدا نەبردووە، گەر شتێکی وەهاش ڕوویدابێت بەدەستی ئەنقەست نەبووە و بەهۆی هەڵەیەکەوە بووە، بۆیە بە گوناح ناژمێردرێت. سوقرات، تێیدەگەیەنێت بەقەدەر نیسکێک لە مەسەلەی پەروەردە تێنەگەیشتووە. تۆمەتی دووەم، دەربارەی باوەڕ بە خواکان یان باوەڕ نەبوون. میلتۆس بە ئاسانی لێرە تووشی دژبەیەکی دێت، چونکە، وەڵامێکیان بەم جۆرەیە گوایا ئەو باوەڕی بە خواکان نەماوە، باوەڕی بە خوای ترە، لە وەڵامی پرسیارێکی تردا پێی وایە کە ئەسڵەن سوقرات باوەڕی بە هیچ خوایەک نییە! سوقرات تەنزئامێزانە دژبەیەکییەکانی میلتۆس دەخاتە پێشچاومان “سوقرات گوناحبارە باوەڕی بە خواکان نییە، گوناحیشی ئەوەیە باوەڕی بە خواکانە” (هەمان سەرچاوە: ١٤٥). سوقرات چەند نموونە دێنێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قسەکانی میلتۆس و دەپرسێت؟ ئایا مەنتیقییە باوەڕمان بە کاروبارە مرۆڤییەکان هەبێت، بەڵام باوەڕمان بە مرۆڤ نەبێت؟ ئایا دەشێت کەسێک هەبێت باوەڕی بە ئەسپسواری هەبێت، کەچی باوەڕی بە بوونی ئەسپ نەبێت؟ دادگا میلتۆس ناچار دەکات وەڵامی پرسیارەکەی سوقرات بداتەوە، نکوڵی لە قسەکانی ناکات. کەوایە چۆن سوقرات باوەڕی بە بوونی هێزی دایمۆنەکان (بوونەوەرە سەروو سرووشتییەکان) هەیە، بەڵام باوەڕم بە خوای دایمۆنەکان نییە؟؛ بە مانایەکی فەلسەفی تر [عەرز پێویستی بە جەوهەرە بۆئەوەی خۆی تیا دەربخات] سوقرات خۆی لەم دوو تۆمەتە پاک دەکاتەوە (بەلاڕێدابردنی گەنجان، باوەڕنەبوون بە خواکان)، سوقرات دەڵێت گەر من حوکمیش بدرێم هۆکارەکەی میلتۆس و ئونوتۆس نییە، چونکە من هەر لەسەرەتاوە دژمنم بۆ خۆم دروست کردووە (هەمان سەرچاوە: ١٤٧)؛ دژمنەکانی سوقرات بەهۆی ڕسواکردنی کەسانێکەوە بووە، تێیگەیاندوون کە هیچ نازانن. سوقرات فەیلەسووفێکە لەبری ئەوەی بیر لە “مردن و ژیان” بکاتەوە، بیر لە “ڕاستی و ناڕاستی” دەکاتەوە، بۆیە ئامادەیە خوێن بکاتە کاسەوە لە پێناوی ڕاستیدا، باوەڕیشی وایە، نابێت شەرافەت فیدای تەندرووستی بکەیت، ئەو پێی وایە گەر ئەم ئیشەی بکردایە، دەبووە کەسێکی گوناحبار، لە کتێبچەی کریتۆنیشدا، هیچ شتێک سوقراتی بە مردن نەدەترسان، هیچکام لە ئیمکانەکانی ژیان نەیانتوانی ڕایکێشنەوە ناو ژیان، بە حوکمی مردن ڕازی بوو، لە کتێبی فایدۆندا، کە لە کتێبە سەرەتاییەکانی ئەفلاتوون نییە، سوقرات تیایدا باکی بە مردن نییە و ئارەزووی دەکات، پێی وایە فەیلەسووف لە ناخەوە، بە عەشقەوە بەرەوپیری مەرگ دەڕوات، ناترسێت؛ سوقرات لێرەوە دەچێتە سەر باسی مردن و ژیان، دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کێ لە مەرگ دەترسێت؟ لەناو دادگادا بە جۆرێک دەجوڵێتەوە لەگەڵ نەیارانیدا، وەک بڵێی دەرسی فەلسەفی دەڵێتەوە، وەک بڵێی ئەوە ئەمە دادگایی ئامادەبووانی ناو دادگاکە دەکات نەوەک ئەوان دادگایی ئەم بکەن. بۆ نەیارەکانی دەسەلمێنێت، قسەکانیان ناکۆک و دژ بە یەکن، دەریدەخات کە “نەزانن”، گەرچی خۆیان ئاگاییان بە نەزانینەکەیان نییە، گەرچی ئەوان وا لێکی دەدەنەوە من دەمەوێت پێیان بڵێم “دانا” م، بەڵام من دەزانم دانا نیم و ناشمەوێت بڵێم دانام [گەر داناییەکیشم هەبێت سەرچاوەکەی (نەزانینی سادەیە) نەوەک (زانینی لێکدراو)؛ سوقرات “نازانێت، بەڵام دەزانێت کە نازانێت”، بەڵام نەیارەکانی “نازانن، بەڵام نازانن کە نازانن”، هەر ئەمەیە جیاوازیی ڕیشەیی نێوان سوقرات و نەیارەکانی، بە بۆچوونی ئەو، سەرچاوەی ترس لە مردن لای نەیارەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ نەزانینی لێکدراو. سوقرات باوەڕی وایە ئەوان بۆیە لە مردن دەترسن چونکە پێیان وایە دەزانن مردن چییە؟ ئەوانەی لە مردن دەترسن پێیان وایە مردن شتێکی “خراپە و بەڵایەکە مرۆڤ دەیچێژێت”، وا دەریدەخەن ئەوەی لای هەمووان نەزانراوە ئەوان دەیزانن. سوقرات گومان دەخاتە سەر ئەم زانینە [زانینی ئەوەی مردن خراپە] و دەڵێت ڕەنگە مردن خراپ نەبێت، ڕەنگە مردن ئازادبوونی مرۆڤ بێت، هەروەها باوەڕی وایە نابێت لە شتێک بترسین کە نازانین چییە، ئەوانەی بانگەشەی زانینی شتێک دەکەن گوایا دەیزانن بەڵام نایزانن، مایەی شورەییە، (زانینی لێکدراو) ئەمە جیاوازییە ڕیشەییکەی سوقرات و نەیارانییەتی، ئەو خاوەنی “نەزانینی سادەیە”، بەڵام نەیارانی خاوەنی “نەزانینی لێکدراو” ن، هەر ئەمەشە وای کردووە خۆی بە داناتر لەوانی تر بزانێت. لێرەوە سوقرات بابەتێکی “ئەخلاقی” دێنێتە پێشەوە، بە پێچەوانەی مردنەوە دەزانێت چییە؟ سوقرات دەزانێت خراپە و باشە چییە، پێویستە لە خراپە دوورکەوێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا نایەوێت هەڵبێت لە مردن، چونکە نازانێت مردن “نیعمەت” ە بۆ مرۆڤ یاخود “بەڵا”. دەزانێت کارە خراپەکان چین، بۆیە لێیان دووردەکەوێتەوە، هەروەک وتمان ئەو بە هیچ جۆرێک مردن نایترسێنێت، لە کریتۆنیشدا باسمان کرد، هیچ شتێک نەیتوانی ناچاری بکات هەڵبێت لە زیندان، چونکە نەیدەویست لە یاساکان هەڵبێت، کاتێک ئاپۆلۆژی دەخوێنینەوە دەردەکەوێت لە پێناوی ڕزگارکردنی گیانی ئامادە نییە واز لە حیکمەت و فەلسەفە بهێنێت، بە مانایەکی ڕوونتر، ئامادەیە لە پێناوی “حیکمەت و حەقیقەت”ـدا بمرێت، ژیانی بێ حەقیقەت و حیکمەتی ناوێت؛ نایەوێت ئازاد بێت بەو مەرجەی دەم لە حەقیقەت نەدات و ئامۆژگاریی ئەوانی تر نەکات، ئەو گوێڕایەڵی خواکانە [خواکان درۆ ناکەن، لەگەڵ حەقیقەتدان] نەوەک مرۆڤەکان. سوقرات لەناو دادگا ڕەخنەی نەیاران و سەرزەنشتی خەڵکی ئاتن دەکات، کە بە شوێن “پارە و پول و پێگەوەن” و “ژیانی ڕۆحیان” فەرامۆش کردووە و وازیان لە خۆشبەختی ڕاستەقینە هێناوە، نغرۆی دنیای ماددی بوون؛ لە کاتێکدا “ژیانی ڕۆحی” گرنگترە لە “ژیانی مادی”، بە مانایەکی تر، پەروەردەکردنی نەفس باڵاترە و پێویستە نەخرێتە لاوە بۆ لایەنی مادی، لێرەوە سوقرات جەخت دەکاتەوە: ئەوەی من باوەڕم پێیەتی، هەرکەسێکی دی شتێکی زیاتر لەمەی ئێستا دەیڵێم بە ناوی منەوە بڵێت پەیوەندیی بە منەوە نییە. [پەروەردەی نەفس بە گرنگتر دەبینێت لە پارە و پول و پێگە، کە ئاتنیان گوێی نادەنێ]، هەروەها باوەڕی وایە فەزیڵەت سەرچاوەی سامانە نەوەک بە پێچەوانەوە؛ پاشان درێژەی پێ دەدات دەڵێت: گەنجانم فێری ئەم شتانەکردووە ئایا ئەمە بەلاڕێدابردنە؟

سوقرات خۆی وەک ڕاسپێردراوێک لە لایەن خواوە دەبینێت وەک بڵێیت ئەرکێکی خراوەتە سەرشان پێویستە جێبەجێی بکات؛ ئەرکی ئەو بەهۆشهێنانەوەی گەنجانە، ناترسێت لەوەی سزای مردن بسەپێنرێت بەسەریدا، ئامادە نییە لەپێناوی ڕزگارکردنی گیانیدا واز لە بۆچوونەکانی بهێنێت؛ بۆیە دەڵێت گەر نەشکوژرێم، بە دڵنیاییەوە واز لە بۆچوونەکانم ناهێنم و حەقیقەت و ڕاستی ئەو شتەیە کە لەپێناویدا دەمرم [کۆپەربیکۆس باوەڕە زانستییەکانی کە بە حەقیقەتی دەزانین، شاردبوویەوە، گالیلۆ پەشیمان بوو لەوەی بە حەقیقەتی دەزانی لە پێناوی ڕزگارکردنی گیانیدا، بە پێچەوانەوە سوقرات پەشیمان نەبوویەوە لەوەی باوەڕی پێی بوو، ژیانی هەڵنەبژارد بەسەر حەقیقەتدا][4]

سوقرات لێرەوە باسی زیانەکانی مردنی خۆی نەترسانی لە مردن دەکات؛ بە باوەڕی سوقرات خۆی گەر سزای مردنی بەسەردا بدرێت لە ڕووی “نەزانین و ستەم”ـەوەیە؛ باوەڕی وایە گەر بکوژرێت، زیانی بەرناکەوێت، بەڵکو کۆمەڵگەی ئاتن خەسارەومەند دەبێت [مردنی سوقرات ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ زیانی ئاتن]؛ هەروەها ئامادەبووانی دادگا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی، ئەو قسانەی کە دەیانکات بۆ “بەرگریکردن” نییە لە خۆی، بەڵکو بۆ “پارێزگاریکردن” ە لە کۆمەڵگەی ئاتن!. ئەو بە هیچ جۆرێک لە مردن ناترسێت، چونکە ترس لە مردن بەهۆی (نەزانینی لێکدراو) وەیە، بە باوەڕی خۆی خاوەنی جۆرە نەزانینێکی لەم شێوە نییە؛ ئاگاداریان دەکاتەوە کوشتنی سەرپێچیکردنی خوایە، مانەوەشی لە قازانجی خۆیاندایە. [سوقرات مردنی خۆی بە زیانی ئەوانی تر لێک دەداتەوە]. جەخت دەکاتەوە پێویستە بژی چونکە کەسێکی وەک ئەویان دەستناکەوێتەوە. ئەو پێی وایە خەڵکی تەمەڵبوون پێویستە بە ئامرازێک شتێک تێخوڕێت، بۆ ئەوەی بێداریان بکاتەوە؛ دەیەوێت بڵێت هوشیار و ئاگادارتان دەکەمەوە؛ گەر من بکوژن کێ لە خەوی غەفڵەت بەئاگاتان بهێنێتەوە؟ بە شێوەیەکی پێغەمبەرئاسا پێیان دەڵێت کە خوا ناردویەتی بۆ ناو خەڵکی، پێویستە هەڵەکانتان ڕاست بکەمەوە [دەرتان بێنم لە نەزانینی لێکدراو]، پێوەتان بەم و چاودێریتان بکەم؛ لێرەوەیە بێ پێچوپەنا مانەوەی خۆی دەبەستێتەوە بە بەرژەوەندیی خەڵکی ئاتنەوە، مردنیشی بە زیانی ئەوانەوە، جەخت دەکاتەوە تەواوی تەمەنی لە بیری خەڵکیدا بووە، دەستبەرداری گشت کاروبارێکی ژیان بووە، مرۆڤێکی ئاسایی نییە و خوا ناردوویەتی؛ هەرگیز داوای پاداشت یان هیچ جۆرە شتێکی تری لەو شێوەی نەکردووە” کەس نەیتوانیوە تۆمەتێکی وەها بخاتە سەرشانم، هەژارییەکەم شایەتی دەدا لەسەرم”، ئاماژە بەوەش دەکات هیچ مەنسەبێکی نەبووە؛ [سوقرات بە پێچەوانەی سۆفیستاییەکانەوە، ئەوەی دەیبەخشی بە خەڵکی لە پێناوی دەستکەوتی مادیدا نەبووە، لای خۆشمان نەریتی مەلای کۆن هەر بەو شێوە بووە، سەدان ساڵ وانەی شەرعی و ئەقڵانییەکانیان وتووەتەوە، بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕەپارەیەک، ئەڵبەت ئەم نەریتە هێشتا لەناو مەلاکاندا وەک خۆی ماوەتەوە].

سوقرات جەخت دەکاتەوە لەسەر پابەندبوونی بە (ئەخلاق)ـەوە، هەروەها چونکە بەشداریی هیچ خیاەنتێکی نەکردووە لەبەر ڕەزامەندیی خوا، هەر ئەمەش هۆکار بووە گیانی بکەوێتە مەترسیەوە؛ جارێکی دی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی لە مردن ناترسێت، نەکا خەڵکی ئاتن بە هەڵە لێی تێبگەن؛ کاتێکیش دەستی داوەتە (بەرگریکردن) پەیوەندیی بە ترس لە کووشتنییەوە نەبووە، بەڵکو دەیەوێت لەڕێی مانەوەی لە ژیان شاری ئاتن بپارێزێت و ئەرکە خواییەکەی جێبەجێ بکات؛ تەنانەت ئاماژە بەوە دەکات نەچووەتە ناو سیاسەتەوە تا تەمەنێکی درێژی هەبێت. [ویستی تەمەنی درێژی خۆی نابەستێتەوە بە ترس لە مردن، بەڵکو دەیبەستێت بە سوودی خەڵکییەوە، ئەرکی ئینسانی لەسەر شان بووە گەر بچووایەتە ناو سیاسەتەوە، دەبوو ملکەچی فەرمانی فەرمانڕەوا باڵادەستەکان بووایە] ئەو دەڵێت: “دادپەروەری” لای من گرنگترینە، هەرگیز ناکەومە ژێر کاریگەریی شتی “شەخسی و گشتیی” ەوە و بەهۆیەوە پشت لە دادپەروەری ناکات. بە کورتی سوقرات کایەی سیاسی بەو جۆرە تەماشا ناکات، دادپەروەری تیایدا لە سەروو هەموو شتێکەوە بێت، ئاماژە بەوە دەکات، گەر لەناو سیاسەت بوومایە، بە هیچ جۆرێک لە دادپەروەری لام نەدەدا، ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو، زوو بکوژرێم. درێژی تەمەنی پەیوەندیی بەوەوەیە نەچووەتە ناو سیاسەتەوە [کاتێک سەرنج دەدەین، لە بابەتی دادپەروەری و سیاسەت لەم کتێبەدا، ڕوون دەبێتەوە بۆمان کە سوقرات خۆی بەدوور گرتووە لە سیاسەت، وەک بڵێی سیاسەت لە ئاتنی ئەو سەردەمەدا گەندەڵ بووە، هەموو ساتێک ئەگەری ئەوە لە ئارادا بووە دادپەروەری پێشێل بکرێت؛ لە کاتێکدا سوقرات دادپەروەری وەک (ئەرک) ێک بینییوە، گەر بچووایەتە ناو سیاسەتەوە، گیانی خۆی لە پێناویدا بەخت دەکرد و لێی لا نەدەدا؛ سوقرات بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری دادپەروەری نەبووە، نە لەپێناوی “بەرژەوەندیی شەخسی” نە لە پێناوی “بەرژەوەندیی گشتی” چونکە زۆرجار زۆرینە پەیڕەوی لە ژینگەیەکی نادادپەروەرانە دەکەن؛ نموونەی بەرجەستە سوقرات خۆیەتی، بە پەیڕەویکردن لە دەنگی زۆرینە حوکمی مردنی بەسەردا درا، کە بە بۆچوونی ئەو بڕیارێکی نادادپەروەرانەیە. لە دواتردا باسی دەکەین چۆن جاری وا هەیە لە ڕێی جوڵاندنی هەستوسۆزی زۆرینەوە دادگا بە لاڕێدا دەبرێت؛ زۆرجار وا ڕاست بووە بڕیارێکی سەخت بەسەر تاوانباردا بدرێت، کەچی بڕیارەکە ئاسانکاریی تێدا کراوە، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە] پاشان سوقرات دەچێتە سەر بابەتێکی باو کە لەناو کتێبەکانی ئەفلاتووندا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبینرێت؛ ئەو پێی وایە مامۆستا نییە کەسانێک لەگەڵی دانیشتوون، گەر هەیانبێت لایاندابێت، پەیوەندیی بەوەوە نیە، ئەوانەشی بە پێچەوانەوە بوون، فەزڵی خۆیان بووە؛ سوقرات بەرپرسیارێتی ڕەفتار و بیرکردنەوەکانی خۆیان دەخاتەوە ئەستۆ خۆیان؛ [گەرچی ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە یەکەمینەکانی ئەفلاتوون، هێشتا “تیۆریای ئایدیاکان” لە لایەن ئەفلاتوونەوە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام دەتوانین لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە کە خاوەنی تیۆریای ئایدیاکانە لە قۆناغی دووەمی نووسینەکانیدا، تەماشای ئەم دەقە بکەین. سوقرات مامانە، ئەوانی تر “فێر ناکات”، بەڵکو “بیریان دەخاتەوە”، مامانی دەکات بۆ بیرەکانیان لەڕێ پرسیار و وەڵامەوە دەیانکێشێتە دەرەوە، بە مانایەکی تر “مامۆستا” نییە “بیرخەرەوەیە”؛ خراپ نییە بە کورتی لەڕێی نموونەیەکەوە باسێکی ئایدیاکان بکەم: کاتێک ئێمە [دوو شتی یەکسان] دەبینین لەڕێی [بینینەوە] بیری [خودی یەکسانیمان] دەکەوێتەوە، واتە [شتی یەکسان] و [خودی یەکسانی] جیاوازن، شتی یەکسان سەر بەم جیهانەیە و گۆڕانی بەسەر دادێت، بەڵام خودی یەکسانی دەرەکاتی و دەرە شوێنییە دوورە لە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکەوە] سوقرات پێمان دەڵێت ئەرکێکی لەسەرشانە کە لەڕێی خەو و دایمۆنەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە. بە هیچ جۆرێک کەسی بە لاڕێدا نەبردووە، ئەوانەی لەگەڵیدابوون، نە خۆیان و نە خێزانەکانییان دژی نەبوون، دادگا بەڵگەی ئەوتۆی لە بەرداست نییە گوایا وەها کارێکم ئەنجام داوە.

باسمان کرد سوقرات لە مردن ناترسێت، بە هیچ جۆرێک لەبەر ڕزگارکردنی گیانی، فەرمانی خوا و ئەرکە پێسپێردراوەکانی ناخاتە لاوە. هیچکات ئامادە نییە لە پێناوی ئەوەی بڕیاری مردنی بەسەردا نەدەن، هەستوسۆزی دادگا بجوڵێنێت؛ کەسانێک هەبوون منداڵ و کەسوکاریان دەهێنایە ناو دادگاوە تاکو کاریگەریی دروست بکەن لەسەر بڕیارەکانی دادوەر، هەستی بجوڵێنن و حوکمی تۆمەتبار نەدات یاخود لانی کەم سزای مەرگ یان سزایەکی توندی نزیک لە مەرگی بەسەردا نەسەپێنن؛ سوقرات لەناو دادگا ئەوە دەخاتە ڕوو: ئەو خاوەنی سێ منداڵە، لەگەڵ ئەوەش ئامادە نەبووە مندڵەکانی بهێنێتە ناو دادگاوە. [سوقرات دەیەوێت بڵێت نامەوێت بەهۆی گریان و پاڕانەوەی منداڵەکانم یان کەسوکارمەوە بڕیاری دادوەر بە لاڕێدا ببرێت، ئەمەش جۆرێکە لە ڕێزگرتنی یاسا و پاراستنی بڕیاری دادوەر لە “تێکەڵبوون بە سۆزوبەزەیی”، بەکارهێنای هەستوسۆز بڕیاری نادروستی لێدەکەوێتەوە [نادادپەروەری] دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەستی دادوەر بجوڵێنرێت، بڕیاری ناڕاستی لێبکەوێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ویستی خوایە، لە کاتێکدا سوقرات نایەوێت سەرپێچی لە فەرمانەکانی خوا بکات، کاری ئەو ڕێزگرتنە لە یاسا و چەسپاندنی دادوەری؛ باسمان کرد: هەروەها ئاماژەی بەوە کرد گەر لەناو سیاسەتدا بووایە تەمەنی کورت دەبوو، چونکە پێداگیری لەو “ئەرکە خودایی”ـیانە دەکرد پێی سپێردراون؛ بۆنموونە ڕێزگرتن لە یاسا و چەسپاندنی دادپەروەریی. ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی هەرگیز ئامادە نەبووە لەسەر بنەمای “بەرژەوەندی شەخسی” و تەنانەت “گشتی” یش نادادپەروەرانە مامەڵە بکات. لە دیدی ئەوەوە شتانێک هەن گرنگییەکانیان دەچنە سەروو جەستە و بایۆلۆژییەوە، لە لایەکی تریشەوە نازانێت مردن (نیعمەتە یان خراپ)، ئیتر بۆ بترسێت لێی، لە لایەکی ترەوە نەهێنانی منداڵەکانی و کەسوکارەکانی هەر لەبەر ئەوە بووە، دادگا ڕاستتر بڕیار بدات لەسەری و بەزەیی پێیدا نەیەتەوە، دەنا بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی بە بێڕێزییەوە یان شتێکی لەو شێوەوە نییە. سوقرات جەخت دەکاتەوە نایەوێت وەک ئەو کەسایەتییە گەورانە بێت، کاتێک کێشراونەتە ناو دادگاوە، ترساون، ڕێگەو شوێنی نەرێنیان گرتووەتە بەر تا سزای مەرگیان بەسەردا نەدرێت، وەک بڵێی گەر ڕزگاریان بووایە بۆ هەتاهەتایە دەژیان؛ [ئەو مانەوە لە ژیان لەسەر حسابی شکاندنی نەفس ڕسوا دەکات، بە مانایەکی دی نابێت هیچکام لە ئەگەرەکانی ژیان وابکات تۆ مەرگ هەڵنەبژێریت و خۆت بچووک بکەیتەوە، سوقرات “ئابڕوو شەرەفی گەورەکان” دەبەستێتەوە بە “ئابڕوو شەرەفی خەڵکی ئاتنەوە”؛ بۆ مانەوە لە ژیان خۆی بچووک ناکاتەوە، دادگا لەڕێی منداڵ و کەسوکارییەوە ناخاتە ژێر کاریگەرییەوە، سوقرات لە یاساکان هەڵنایەت (بڕوانە کتێبی کریتۆن) چارەنووسی قبووڵ دەکات گەر مردنیش بێت؛ ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت پێویستە لە ناو دادگا لەڕێی [بەڵگە و ئەرگۆمێنتی ئەقڵانییەوە بەرگری لە خۆت بکەیت، نەوەک جوڵاندنی هەستوسۆزی دادوەر] دادوەر پێویستە لەگەڵ حەقیقەت و قانوون بێت، نەوەک قسەی خەڵکی [دادوەر پێویستە دادپەروەر بێت، ئەمەش کاتێک دێتە دی، هەستوسۆزی ئەوانی تر کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگا نەکەن]

پاشان سوقرات خەڵکی ئاتن ئاگادار دەکاتەوە لەوەی پابەندم بە (شەرافەت_ دادپەروەری_ دین) ەوە، کارێک ناکەم دژبێتەوە لەگەڵیان؛ پێیان دەڵێت هەرگیز گریان و پاڕانەوە ناکەمە ئامرازی دەربازبوون لە یاساکانی دادگا، بڕیاری دادگای پێ ناگۆڕم، دادوەر پێویستە لەسەر بنەمای هەستوسۆز بڕیار نەدات، چارەنووسی خۆی داوەتە دەست دادگا و خوا هەر بڕیارێک بێت قبووڵی دەکات. پاشان سوقرات سەرسامی خۆی ناشارێتەوە لەوەی ژمارەیەکی کەمتر لەوەی چاوەڕێی دەکرد دەنگیان بە مردنی داوە؛ پاشان گلەیی (ڕەخنە) دەکات، لەوەی تۆمەتەکانی بۆی دروستکراون بچووک نین، بۆیە “یەک دانیشتن” بۆ ڕەتدانەوەیان بەس نییە، گەر چەند دانیشتنێک بووایە بە دڵنیاییەوە گشت تۆمەتەکانی ڕەت دەکردەوە. جارێکی تر باس لەوە دەکات نازانێت مردن “خراپە” یان “بەڵا”، بەڵام بڕیاری کوشتنی لە لایەن دادگاوە وەک موسیبەت تەماشا دەکات، چونکە بێتاوانە. ئەو بڕیاری مردنی بەسەردا دەدرێت لە کاتێکدا دەتوانرێت جۆرێک سزای تر هەڵبژێرێت لەوانە (زیندانی هەمیشەیی_ غەرامە_ دوورخستنەوە). سزای یەکەمیان قبووڵ ناکات چونکە نایەوێت بکەوێتە ژێر ڕکێفیانەوە، هەروەها سزای دووەمیش چونکە خاوەنی پارە نییە، سزای سێیەم دوورخستنەوە لە وڵات تووشی دەردەسەریی دەکات. خەڵکی ئاتن بەرگەی چزووەکانی ئەویان نەگرت، بێگانە چۆن قبووڵی دەکات، لە لایەکی تریشەوە بێمانەیە غەریبی لەم تەمەنەدا.

پێش حوکمدانی سوقرات بە مەرگ، دەستدەکات بە قسەکردن تا کۆتایی ئەم کتێبچەیە: ئەی ئاتنیان لۆمە دەکرێن دانایەکی وەک من بکوژن، هەرچەند من خۆم بە دانا نازانم، [کاتێک سوقرات دەڵێت من دانا نیم، دەکرێت بە چەند شێوەیەک لێکی بدەینەوە، یەکەم: وەک تەنز. دووەم: وەک خاکەڕایی. سێیەم: بەهێزترین لێکدانەوە بۆ ئەم قسەیە: من دانا نیم، ناوخنی ئەم وتەیە بونیادیترین بۆچوونەکانی ئەوە، ئەو نادانی وەک حەقیقەتێکی بێچون و چرا قبووڵ دەکات، نادانی سوقرات لە نەزانینی سادەوەیە: [دەزانم، دەزانم کە نازانم] نەزانینێکی پۆزەتیڤ و پاڵنەری چوونە بە شوێن کۆڵینەوە و چوونە بەشوێن حەقیقەتدا و دەرهێنانی مرۆڤە لە نەزانینی سادە [نازانێت، نازانێت کە نازانێت][5]؛ ئەم بۆچوونەش دەمانباتەوە سەر هەمان لێکدانەوەی سێیەم؛ “فێرکارییەکانی سوقرات بە تەواوی شەفەوی بوون، ئەویش نەوەک بە شێوەی وانەوتنەوە و قسە و خوتبە، بەڵکو بە شێوەی مشتومڕ و گفتوگۆ، چونکە سوقرات خۆی بانگەشەی زانستی نەدەکرد، هەمیش دانی دەنا بە نەزانیی خۆیدا، جا لەڕووی ڕاستییەوە بووبێت یاخود بەرژەوەندی، هەمیشە دەیووت من حەقیقەت نازانم، وە بەهۆی گفتوگۆوە لەگەڵ خەڵکیدا دەمەوێت، حەقیقەت کەشف بکەم، زانست بە دەست بهێنم. من زانست و هونەرم نییە، تەنیا هونەری من ئەوەیە کە وەک دایکم هونەری مامانی دەزانم؛ دایکم هاوکاری ژنانی دەکرد کاتێک حامیلە دەبوون، من یارمەتی ئەقڵ و زەین دەدەم بزێن. واتە زانستێک کە لە ناویاندا بوونی هەیە، دەرکەون، ئاگایی پێ پەیداکەن”[6]؛ لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، لە دیدی ئەوەوە هەموو خەڵکی لە دەروون و ناخی خۆیاندا، زانینێک هەیە، ئیشی سوقرات هەروەک ئیشی دایکییەتی؛ دایکی منداڵی لەسکی ژنە حامیلەکان دەردەهێنا، خۆی زانیاریی لە زەین و مێشکی خەڵکیدا دەردەهێنێت؛ [ئامرازی دەرهێنان] گفتوگۆ و مشتومڕە، دانی پێدا دەنێت بۆیە مامانی حەقیقەت و زانین دەکات. باسمان کرد کاتێک خەیرفۆن گوێی لە دەنگی دێڵفی سوقراتی وەک [داناترین مرۆڤ بانگ کرد]، دەیسەلمێنێت کە جیاوازیی نییە لەوەی خۆی باوەڕی پێیەتی واتە [دانا نییە]، ئەم دژبەیەکییە ڕوواڵەتییە لەڕێی “نەزانینی سادەوە” لە دژبەیەکی [تێگەیشتن (ناوەخنی)] دەپارێزێت. ئاگایانە ڕازییە بەوەی کە ئەو نایزانێت. پاشان درێژە بە قسەکانی دەدات، ئەم بەشەی بۆچوونەکانی دەرخەری کۆمەڵێک خاڵی گرنگە “ڕووی دەمم لە گشت دادوەرەکان نییە، بەڵکو ڕووی دەمم لەو کەسانەیە کە بڕیار (دەنگ) یان لەسەر کوشتنی من دا. ڕەنگە پێتان وابێت لەبەرئەوە بڕیار دراوە لەسەر [مەرگم]، [بەوهۆیەوە بووە] هونەرمەند نەبووم لە دەربڕینی ئەوەی مەبەستم بووە بیڵێم؛ بە شێوەیەکی کاریگەر قسەم نەکردووە، ئەوەی دەبووایە بموتایە و بمکردایە، نەموت و نەمکرد. نا ئەی ئاتنیان من لەم ڕووەوە کورتم نەهێناوە، کەموکورتی من لەوێدا بوو، ڕووقایمانە و بێشەرمانە قسە و ڕەفتارم نەکرد، نەمویست مەزاجیانە قسە بکەم، ئەوەی پێتان خۆشە بیبینن بیڵێم. هەروەها لەبەر خاتری ئێوە ناڵە و هاتوهاوارم نەکرد، ئەو زەلیلی و زەبوونیەی کە هەموو ڕۆژێک لە تۆمەتباراندا دەتانبینی، من بە شیاوی خۆمی نازانم بەو جۆرە دەرکەوم، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دوورەپەرێزی لە ڕیسک (سزای مەرگ)، بە ڕەوام نەزانی خۆم سوک و ڕیسوا و لەکەدار بکەم، ئێستاش کە حوکمتان داوم پەشیمان نیم لەوەی خۆم بچوک نەکردووەتەوە لە بەردەمتاندا، پێم باشە بە بەرگریکردن لە خۆمەوە بمرم تاکو بڵاڵیەمەوە و و بپاڕێمەوە بۆ ژیان. سوقرات وتی: “ڕووی دەمم لەوانەیە بڕیاری مردنیان لەسەرم دا” ئەم دەربڕینە دەرخەری دوو ڕاستییە، یەکەم نەشڵەژاوە و ئارامە، لە لایەکی تریشەوە تەڕ و وشک پێکەوە ناسوتێنێت، نیشانەی ویژدانی ئەوە (دادپەروەری). پاشان وتی: “پێتان وانەبێت کاریگەر نەبوون قسەکان، هونەرمەند نەبووم، ئەوەی دەبوایە بمکردایە و بموتایە، نەمکردووە و نەموتووە”[ سوقرات دیارە زیرەکانە و وردبینانە جیاوازیی نێوان دوو کاریگەری دەکات بە شێوەیەکی قەشەنگ (ڕووبەڕووبوونەوەی هەستوسۆز _ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەقڵ). سوقرات لەبەر چەند هۆکار نەیویست هەستوسۆزی دادگا بجوڵێنێت: یەکەم: لە مردن ناترسێت (نەزانینی سادەی هەیە بە مردن_ هەروەها دایمۆنەکان (دەنگی خوایی) ڕێیان لێ نەگرتووە بەرەو مردن نەڕوات). دووەم: گەر بپاڕێتەوە وەک هەندێک لە گەورەکانی ئاتن، شکۆی ئاتن دەشکێت. سێیەم: ڕەنگە یاسا بە لاڕێدا ببرایە گەر منداڵەکانی بهێنایە، بگریانەیە، ئەوکات ڕەنگە بڕیاری دادگا بکەوتایەتە ژێر کاریگەریی گریانی منداڵەکانییەوە، سزا نەدرایە، یان سزایەکی سوکتری بەسەردا جێبەجێ بکرایە، ئەمەش پێچەوانەی ویستی سوقراتە، چونکە باوەڕی بە چەسپاندنی یاسا و بڕیارەکانی دادگایە لە دەرەوەی هەستوسۆز جوڵاندنەوە، ئەمەش لە پێناوی پاراستنی دادپەروەریدایە. پاشان سوقرات نایەوێت لەڕێی تێرکردنی “ئارەزووی ئەوانی تر” ەوە لە مردن نەجاتی بێت، [وەک بڵێی سوقرات ئاماژەیەکی شاراوە لە زەینیدا بێت، ئێوە چێژ دەبینن لەوەی تۆمەتباران بپاڕێنەوە و بگرین تا دڵتان نەرم بێت بڕیاری مردن بەسەریاندا نەدەن، سوقرات ئارەزووی ئەوانی تر تێر ناکات، نایەوێت شکۆی لەدەست بدات. مردنی شکۆدار هەڵدەبژێرێت، نەوەک ژیان بە باجی شکاندنی کەسایەتی] پاشان سوقرات ڕەخنەی ئەوانە دەکات کە دەنگیان داوە بە کوشتنی و دەڵێت: ” ئێوە پێتان وانەبێت من هونەرمەند نەبووم، قسەکانم کاریگەر نەبوون، ئەوەی دەبوو بموتایە و بمکردایە، نەموتووە و نەمکردووە” سوقرات دەیەوێت پێمان بڵێت من هونەرمەند بووم، قسەکانیشم کاریگەر بوون، ئەوەشی ویستوومە وتوومە و کردوومە و ئەنجامیشم داوە.[ واتە من ئەقڵانی و مەنتیقی قسەم کردووە و بەرگریم لە خۆم کردووە، خۆم دوور گرت لە قسەی باقوبریق و سۆزدارانە. حەزم نەکردووە بەزەیتان پێمدا بێتەوە، هەر بۆیە ئامادە نەبووم پەشیمانی دەربڕم لە بۆچوونەکانم یان پاشەکشەیان لێ بکەم، واتە ڕووم لە (ئەقڵ) تان بووە نەوەک (هەستوسۆز) تان، بۆیە هەموو شتێکم وتووە و ئەنجامداوە؛ بەرگریم لە بۆچوونەکانم کردووە، هیچکات ژیانی بێ کۆڵینەوە و نەگەڕان بەشوێن حەقیقەتم ناوێت.]

با لێرەدا بچمەوە سەر ئەو خاڵەی سوقرات لە خەمیدا بوو: ئەو بە درێژایی تەمەنی لە خەمی [دادپەروەری] و ڕێزگرتن لە [یاساکان] دا بووە، لەناو دادگاش نایەوێت یاسا بە لاڕێدا ببرێت، هەر لەبەرئەوەیە منداڵەکانی نەهێنا بۆ ناو دادگا، خۆشی بچووک نەکردەوە و سووربوو لەسەر بۆچوونەکانی، نەپاڕایەوە و ترس و زەلیلی پیشان نەدا، تا بڕیاری دادگا نەکەوێتە ژێر کاریگەری هەستوسۆزەوە؛ [ئەڵبەت من وای تێدەگەم پیشاننەدانی ترس_ ئەقڵانی بوون_ مەنتیقی بوونی سوقرات، نەپاڕانە و نەهێنانی منداڵ و کەسوکاری وای کرد دادگا بەلاڕێدا بچێت، بەڵگەش بۆ ئەمە کاتێک دیالۆکەکە دەخوێنینەوە، هەست بە جۆرێک نادادپەروەری دەکەین، چۆن دەکرێت سوقرات بەهۆی قینی شەخسی هەندێکەوە بکوژرێت، دژبەیەکی لە قسەکانی میلیتۆس دەبینرێت (لە لایەکەوە دەڵێت سوقرات باوەڕی بە خواکان نییە، لە لایەکی تریشەوە دەڵێت باوەڕی بە خوای ترە)، چۆن دادوەران دژبەیەکی ئەم تۆمەتە بەسەریاندا تێدەپەڕێت؟! ڕوونە لێرەدا سوقرات لەسەر حەقە. من وا تێدەگەم یاسا بە توندی کەوتبێتە ژێر کاریگەریەکی تەواو ئەقڵانی و مەنتیقی سوقراتەوە، بەم شێوە بڕیاری دادگا بە لاڕێدا چووە، لە کاتێکدا هەندێک یان زۆرێک لەوانەی دەنگ دەدەن بە مردنی سوقرات، کەسانێکن بەهۆی هەستوسۆزەوە (ڕقێک یان هەر شتێکی ترەوە دڵیان بووە بە بەرد) بڕیار دەدەن، سوقرات خۆشی ئەمە درک پێ دەکات، کەوایە چۆن ڕەوایە مامەڵەیەکی تەواو ئەقڵانی لەگەڵ وەها کەسانێکدا، دادپەروەری و یاسا دەپارێزێت؟ گەر سوقرات کەمێک سۆزی بجوڵاندنایە بێگومان چەند دەنگدەرێک دەبوون بە قولاپەکەیەوە، بە زۆرینەی دەنگ سوقرات بڕیاری مردنی بەسەردا نەدەدرا، چونکە ژمارە دەنگدەران بە مردن و نەمردن لێکەوە نزیک بوون، بۆیە حوکمنەدانی سوقرات بە مردن ڕەواتر و دادپەروەرانەتر بوو، چونکە سوقرات خۆی دەڵێت، نادادپەروەری و ستەمە حوکمی ئیعدامم بدەن [لە کاتێکدا هەموو ئەقڵانی ڕەفتارکردنی بۆ پارێزگاریکردن بوو لە بڕیارێکی دادپەروەرانە]؛ لە لایەکی ترەوە بە هەڵهێنجان لە فیکری سوقرات دەتوانین پرسیار بکەین ئایا هەر حوکمێک بەهۆی جوڵانی هەستوسۆزەوە یەکلایی ببێتەوە نادادپەروەرانە نییە، تەنانەت گەر کوشتنی سوقرات خۆی یان نەکوشتنی بێت؟]، سوقرات پێی وایە ئەوان بۆیە دەنگیان داوە بە مردنی لەبەرئەوەیە “ڕزگاریان بێت لە دەستی!”، چونکە [پیشانیانم داوە نەزانن]، پاشان دەڵێت: چاک بزانن، من بووم ڕێگربووم لەو کۆمەڵە گەنجە ڕەخنەتان بکەن، بزانن بە مردنی من ڕەخنەکان کۆتایی نایەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە توندی ڕەخنەتان دەکەن و ئازارتان دەدەن؛ ئەو دەگاتە ئەو باوەڕەی مردنی خێرە و خەڵکی خەریکن هەڵە دەکەن، خەڵکی بەهەڵەدا چوون وەک بەڵا تەماشای مردنم دەکەن؛ [سوقرات پێشتر سەرچاوەی ترس لە مردنی بەستبووەوە بە نەزانینی لێکدراوەوە (نازانی کە نازانی)، بە مانایەکی دی پێی وایە کە (دەزانێت)، ئەم زانینە لە مردن خراپترە (بەڵایە)، بەهۆی نەزانینی لێکدراوەوە تۆقیوون لە مردن، کەچی سوقرات بەهۆی نەزانینی سادەوە ناترسێت لە مردن (دەیزانی نازانێت)، [دەیزانی نازانێت مردن نیعمەتە یان بەڵا و بەدبەختی، بەڵام سوقرات دەگات بەو دڵنیاییەی مردن یان هەر شتێک بەسەریدا دێت خێرە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەم دڵنیاییە لە کوێوە دەهێنێت؟ سەرچاوەی دڵنیایی سوقرات دایمۆنەکانە (دەنگێکی خوایی)، خۆی دەڵێت هەمیشە کارێک گەر ناڕێک و نادروست یان هەڵە بوایە ئەم دەنگە ڕێگری لێ کردووە، ئەوی ئاگادار کردووەتەوە و ئەنجامی نەداوە [سوقرات نەترساوە_ منداڵەکان و کەسوکاری نەهێناوەتە ناو دادگا_ خۆی بچووک نەکردووەتەوە_ سزای مردنی بەوپەڕی ئارامی و لەسەرخۆییەوە قبووڵ کردووە، مادام دایمۆنەکان ڕێگرییان نەکردووە لەوەی سوقرات لەناو دادگا بەو جۆرە ڕەفتار بکات و بەرەو مردنی بردووە، کەواتە بڕیاری مردن بەسەریدا “خێر” ە، گەرچی بڕیارەکە “نادادپەروەرانە” ش بێت؛ خێرە لەبەرئەوەی [ئەگەر بۆ ئەبەد لەناوچێت، دەسرەوێ و ئارام؛ هیچ دەغدەغە و کەڵکەڵەیەک بوونی نامێنێت، یاخود مردن بە جۆرێکی ترە، ڕۆحی لە [زیندانی لەشی] ڕزگاری دەبێت، بەرەو جیهانێکی دی دەڕوات، لەوێ دیدار لەگەڵ کەسانی شایستە دەکات؛ حەقیقەت گەڕ، دادپەروەر، پەیڕەوی لە ئەقڵیان دەکەن نەوەک هەستوسۆز، هەروەها بۆ سوقرات ژیان بێ بەهایە گەر دەرستبەرداری “گەڕان بە دوای حەقیقەتەوە” بێت؛ ڕەنگە پرسیارێک بێتە پێشێ بڵێین چۆن حوکمێکی نا دادپەروەرانەی وەک سوقرات خێرە؟ خێرە بە بەڵگەی ئەوەی دایمۆنەکان ڕێگریان لێنەکردووە، مردنیش هەرکام لەو دوو ئەگەرە بێت، خێرە و شەڕ نییە، بەڵام لە دیدی خودی سوقرات و هەندێکی دییەوە حوکمدانی بە مردن “نادادپەروەرانە” یە؛ چونکە ئەو گەنجانی بەلاڕێدا نەبردووە، بێباوەڕ نییە بە خواکان و خوای تازەشی نە خستووەتە جێی خواکانی تر، ئەوان بەهۆی ئەم تۆمەتانەوە، حوکمی مردنی سوقراتیان داوە، لە کاتێکدا سوقرات بە درۆیان دەخاتەوە، پێی وایە، کۆمەڵێک تۆمەتن کەسانێک داویانەتە پاڵی، تۆمەتەکان پیربوون لە مێشکی خەڵکیدا، باوەڕیان بە بوختانچییەکان هێناوە. بۆیە کاتێک دەقەکە دەخوێنینەوە دەدەکەوێت بۆمان نەترسانی سوقرات لە مردن تەنیا بەهۆی “نەزانینی سادەوە نییە”، بەڵکو بەهۆی “دایمۆنەکان” یشەوەیە] پاشان سوقرات مردنی خۆی گرێ دەدات بە “خێری” خۆیەوە و “موسیبەتی” خەڵکییەوە، وەک ئاماژەمان بۆ کرد: مردن یان “سرەوتێکی ئەبەدییە”، پاش مردن هیچ نییە، یان دەچیتە دنیایەکی ترەوە “ژیانی پاش مردن”، گەر یەکەمیان بێت ئازار و هیچ جۆرە کەڵکەڵەیەک نامێنێت (ئارامی موتڵەق)، یاخود گەر مردن بەشێوەی دووەمیان بێت، ئەوە لەوێ کەسانێکی لێن خاوەن دادپەروەرین، نەوەک وەک ئێرە بانگەشەی دادپەروەریان هەیە؛ [تانەدانە لە دادگای ئاتن؛ ئەو سەرەتا ڕەخنەی دادگا دەکات، لەو ڕووەوە دەیانەوێت بە یەک دانیشتن سوقرات تۆمەتە گەورانە ڕەت بکاتەوە، پێی وایە تۆمەتی گەورە پێویستی بە چەند دانیشتنێک هەیە نەوەک “یەک دانیشتن” دیارە لە دیدی سوقراتەوە ئەمە شتێکی نادادپەروەرانەیە؛ لە لایەکی دییەوە بڕیاری مردنیان بەسەردا داوە، لە کاتێکدا دەزانێت بێگوناهە. دەتوانین ئەمەش هەڵبهێنجین سوقرات دەزانێت، یاسا بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بە دەست کەسانی دادپەروەرەوە نییە، بەڵکو بە دەست کەسانێکەوەیە “بانگەشەی دادپەروەری” دەکەن؛ ئەوان جاری وا هەیە بەهۆی چوونە ژێر کاریگەری ئەوانی ترەوە هەستوسۆزیان دەجوڵێت، بڕیاری دادگا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پەیڕەوناکرێت؛ بڕیاری دادگا بەو جۆرەی دەبێت بسەپێنرێت بەسەر تۆمەتباراندا ناسەپێت. ئەوەی سوقرات باسی دەکرد، ئەو منداڵەکانی ناهێنێت، خۆی بچووک ناکاتەوە و ناگری و ناپاڕێتەوە، بە جۆرێک ڕەخنەیە لە دادگای ئاتن، واتە ئێوە بڕیاری نادرووست دەدەن، چونکە لە کاتی بڕیارداندا دەکەونە ژێر ڕکێفی “هەستوسۆز” ەوە؛ سوقرات هەستوسۆزی نەورووژاندن، بۆ ئەوەی دادگا دادپەروەرانە بڕیار لەسەری بدات، بۆیە نەترسان و نەشڵەژانی سوقرات دەچێتە خزمەتی پاراستنی بڕیاردان لە ژێر کاریگەریی ئەقڵدا]، بەڵام [ کاتێک ئەم دەقە دەخوێنینەوە ڕەنگە ئەو پرسیارە لە مێشکماندا دروست بێت، ئایا خۆدوورگرتنی سوقرات لە جووڵاندنی هەستی دادوەران، مەنتیقی و ئەقڵانی ڕەفتارکردنی، نەبووە هۆکار، دادوەرەکان بڕیارێکی نادادپەروەرانە بدەن؟ ئەویش بڕیاری کوشتنی سوقراتە؛ بە دەربڕێنێکی دی ئەقڵانیبوون و مەنتیقیبوونی سوقرات و نەجوڵاندنی هەستوسۆزی ئەوانی تر، نەبووە هۆی ئەوەی دادگا بە لاڕێدا بچێت، بڕیاری کوشتنی سوقراتی لێ بکەوێتەوە؛ ئەوەتا سوقرات خۆشی ئاماژە بەو نادادپەروەرییە دەکات. گەرچی حوکمی مردنم نادادپەروەرانەیە، بەڵام مردنم خێرە، چونکە دایمۆنەکان ڕێگریان لێ نەکردم. گەر هەستوسۆزی دادگا بجوڵێندرایە، ڕەنگە بڕیارێکی دادپەروەرانە بدرایە؛ بڕیاری کوشتنی نەدرایە، گەرچی لە دیدی سوقرات خۆیەوە جوڵاندنی هەستوسۆز بڕیاری دادپەروەرانەی لێ ناکەوێتەوە؛ پێی وابوو هەرکەس دادگا بخاتە ژێر کاریگەری هەستوسۆزەوە، بڕیارەکانیشی بە لاڕێدا دەبات. لەم دایەلۆگە وای تێگەیشتم تەنیا هەستوسۆز نییە دادگای بەلاڕێدا بردووە، بەڵکو ئەقڵانیبوون و مەنتیقی ڕەفتارکردن کاریگەری لەسەر بڕیاری دادگا کردووە و بە لاڕێیدا بردووە؛ بە مانایەک دەتوانین بڵێین، لە دیدی سوقرات خۆیەوە و ئێمەشەوە کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنینەوە تێدەگەین سوقرات بێگوناهە، بێگوناهیش نابێت سزا بدرێت، دادگای ئاتنیش مێژوویەکی هەیە لەوەی بەهۆی جوڵانی هەستوسۆزی دادوەرانەوە، تاوانباریان لە سزادان پاراستووە یاخود سزای کەمتر لە حەقی خۆیان یان بەسەردا داون، گەر سوقرات هەستی بجوڵاندنایە، ئەو کات سزای مەرگی بەسەردا نەدەدرا کە سزایەکی داپەروەرانەتر بوو، سوقرات خۆشی ئەمە دەزانێت، بەڵام ئەو خۆی دەپارێزێت لە ورووژاندنی هەستی دادوەرەکان، کەچی حوکمێکی ناڕەوا و ناڕاستی بەسەردا درا. با وای دابنێین سوقرات سۆزی خەڵكی و دادوەرانی بجوڵاندایە و بێگوناهی بسەلمایە، کە بڕیارێکی دادپەروەرانە بوو، ئەم ڕەفتارە دەبووە هۆی ئەوەی شکۆ و فەزیڵەتی سوقراتی تێدا بشکێت، چونکە ئارەزووی دادوەران و خەڵکی تێر دەکرد بەهۆی چێژبینین لە زەلیلبوونی، تێرکردنی ئەم ئارەزووەش بە پێچەوانەی ویستی ئەوەوەیە، سوقرات فەزیڵەت و شکۆپارێزە.

لە لایەکی ترەوە سوقرات باس لەوە دەکات گەر بچێتە دنیاییکی ترەوە لە تەنیشت کەسانی دادپەروەردا دەبێت، بۆیە هەزارجار مردنی بەلاوە نیعمەت و باشترە و وەک بەڵا سەیری ناکات. لای ئەو گەر مردن مانای دووەمی هەبێت، بە دڵنیاییەوە لەوێش واز ناهێنێت لە گەڕان بە شوێن حەقیقەتدا، خەریکی گفتوگۆ و پرسیارکردن دەبێت. ئەو ئەوە بە بەختەوەری دەزانێت لەگەڵ کەسە باشەکاندا بێت لە دنیایەکی تر، لەوێ حوکمی مردن نادرێم بەهۆی پرسیار و جوابەوە [تانەیە لە دادگای ئاتن بەهۆی حەقیقەتێکەوە کە سوقرات باوەڕی پێیەتی]. کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنینەوە هەست بەوە دەکەین سوقرات باوەڕی بە “قەزا و قەدەر” هەیە، ئەو پێی وایە ئەوەی ڕوو دەدات ڕێکەوت (سوتفە) نییە، بێدەنگی دایمۆنەکان لەخۆوە نییە. ئەو بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەگەڵ خەڵکیدا، حەزی نەدەکرد بمرێت؛ [چونکە ئەو باوەڕی وابوو، خوا ئەرکێکی خستووەتە سەر شانی دەبێت جێبەجێی بکات، ئەویش وشیارکردنەوەی خەڵکییە]، ئەو دەزانێت لەسەر حەقە، بەڵام گلەیش ناکات لەوانەی دەنگیاندا بە مردنی. سوقرات هێندە گرنگی بە شکۆ و فەزیلەت دەدات؛ دەربارەی منداڵەکانی لە پاش مردنی خۆی دەڵێت: گەر منداڵەکانم پارەیان خستە سەروو فەزیڵەتەوە ئەوەی من لەگەڵ ئێوەدا کردم لەگەڵیاندا بکەنەوە، چۆن من ئازارم دان ئاوا ئازاریان بدەنەوە: [بە ناڕاستەوخۆ سوقرات بە خەڵکی ئاتن دەڵێت من بۆیە ئازارم دان چونکە ئێوە پارەتان خستە سەروو فەزیڵەتەوە، کۆتا قسەی سوقرات ئەمەیە: من دەمەوێت بمرم ئێوە بیر لە ژیان بکەنەوە، بەڵام کام یەک لە ئێمە سودمەندترین، بێجگە لە خوا هیچکەس نایزانێت.

 

[1] مسلمات: ئەو قەزیانەن وەک بەڵگە نەویست وەردەگیرێن، پێویستیان بە سەلماندن نییە، چەند خۆرێکن.

[2] واتە جەهلی مورەکەب. کەڵەکەبوونی نەزانین.

[3] جهل بسیط

[4] خوێنەر دەتوانێت، دیالۆکی فایدۆن بخوێنێتەوە، لەوێدا باسلە مەرگی سوقرات دەکرێت، بۆ چرکەیەک سوقرات ئامادە نییە بیر بکاتەوە لەوەی هەڵبێت لە زیندان، دەیەوێت بمرێت لەپێناوی ئەوەی باوەڕی پێیەتی.

[5] گەرچی لەم کتێبەدا؛ تیۆریای ئایدیاکانی ئەفلاتوون نەخراوەتە ڕوو؛ سەرقاڵی بابەتی ئایدیاکان نەبووە؛ بەڵام بە پێویستم زانی ئەو بنبەستەی مینۆن بۆ سوقراتی دەنێتەوە، سوقرات خۆی لێ قوتار دەکات بە نەزانینی سادە؛ پارادۆكسه‌كه‌: 1- ئه‌گه‌ر شتێك بزانین ناتوانین توێژینه‌وه‌ى ده‌رباره‌ بكه‌ین. 2- ئه‌گه‌ر شتێك نه‌زانین چۆن ده‌توانین ده‌رباره‌ى توێژینه‌وه‌ بكه‌ین. هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌ بنبه‌ست، به‌و پێیه‌ى له‌ هیچ دۆخێكدا ئێمه‌ ناتوانیین توێژینه‌وه‌ بكه‌ین. توێژینه‌وه‌كردن ده‌بێته‌ شتێكى ڕه‌تكراوه‌ و بێمانا، ئه‌مه‌ش له‌دیدى سوقراته‌وه‌ ته‌مه‌ڵى دروست ده‌كات. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ته‌مه‌ڵییه‌ك ده‌رباره‌ى گه‌ڕان به‌ شوێن حه‌قیقه‌تى شتدا دروست ده‌كات. تێروانینى سوقرات لێره‌دا (مرۆڤ ته‌مه‌ڵ ده‌بێت له‌ گه‌ڕان به‌ شوێن حه‌قیقه‌تى شتدا)، تێڕوانینێكى لۆجیكیانه‌ نییه،‌ به‌ڵكو زیاتر ڕوانگه‌یه‌كى ده‌روونناسییانه‌یه‌. ئه‌وه‌ى له‌م پارادۆكسه‌دا ڕووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى ئیپستمۆلۆجییانه‌یه‌: 1- ده‌زانین 2- نایزانین

لێره‌دا ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌به‌رچاوى ده‌گرین بێخه‌وشى[5] زانینه‌. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ده‌مانخاته‌ به‌ر دووڕیانێكه‌وه‌، هه‌ردوو ڕێگه‌كه‌ بنبه‌سته‌ و ده‌رچوون لێى شتێكى مه‌حاڵە. ئه‌و شته‌ى ده‌یزانین به‌پێى پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن بێت، ده‌بێت هه‌وڵى گه‌ڕان به ‌شوێن “حه‌قیقه‌تى شت” دا بوه‌ستێنرێت. بێمانایه‌ توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى شتێكى زانراو، وچان وه‌رگرتن و هه‌وڵدان له‌باره‌یه‌وه‌ کوتانی ئاسنى ساردە ( زانستی لێکدراو‌ به‌و مانایه‌ى دوو زانستمان هه‌بێت: زانست به‌ شت هه‌روه‌ها زانست به‌ زانستی ئه‌و شته‌. به‌ مانایه‌كى تر ئێمه‌ به‌ ئاگاین به‌رانبه‌ر شتێك له ‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌ ئاگاین له‌ ئاگاییه‌كه‌مان ” ده‌زانین كه‌ ده‌زانین” ). ڕوویه‌كى ترى پارادۆكسه‌كه‌ له‌وێدایه‌ شتێكه‌ كه‌ نایزانین ( به‌ته‌واوى هیچ شتێك ده‌رباره‌ى نازانین) بۆیه‌ بێهوده‌یه‌ توێژینه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌ شوێن زانینى شتێكى نه‌زانراودا، كه‌وایه‌ ڕووى پارادۆكسه‌كه‌ بنبه‌ستێكى تره‌ ناتوانین لێوه‌ى ده‌ربچین ( به‌ مانایه‌ك لێره‌وه‌ ده‌كه‌وینه‌ ناو جه‌هلى لێکدرا‌و‌ەوە) جه‌هلى لێکدراو (نازانیت كه‌ نازانیت به‌ واتایه‌كى تر نه‌زانینمان هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر شتێك و نه‌زانینمان به‌ نه‌زانینه‌كه‌مان). جا له‌به‌رئه‌وه‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ئه‌وه‌ى لێهه‌ڵده‌هێنجرێت: حاڵه‌تى یه‌كه‌م: (ده‌زانم، ده‌زانم كه‌ ده‌زانم)، حاڵه‌تى دووه‌م: (نازانم، نازانم كه‌ نازانم). واته‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م دوو جۆر ڕووانینه‌وه‌ 1- زانینى موتڵه‌ق 2- نه‌زانینى موتڵه‌ق. نه‌زانینى موتڵه‌ق واته‌ هیچ ده‌رباره‌ى ناوى ئه‌و شته‌ نازانم چ جاى بگات به‌وه‌ى چییه‌تییه‌كه‌ى بناسێنین. پارادۆكسى مینۆن وه‌ك ڕاستییه‌كه‌ى تیۆریانه‌ ته‌ماشاى بكه‌ین، ده‌بینین هیچ ڕێگه‌یه‌ك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تویژینه‌وه‌ى تێدا بكه‌ین. هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێك بۆ توێژینه‌وه‌كردن بێمانا ده‌كه‌وێته‌وه‌. ڕێگه‌ى لۆجیكیانه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن به‌ شێوه‌یه‌كى لۆجیكیانه‌ ئه‌وه‌یه‌: ده‌بێت لایه‌نى سێیه‌م هه‌بێت، حاڵه‌تێك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان زانینى موتڵه‌ق و نه‌زانینى موتڵه‌قه‌وه‌. سوقرات تیۆرى بیرخستنه‌وه‌ چه‌شنى ده‌ریچه‌یه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى لۆجیكیانه‌ى به‌ باسى بوونناسیى ده‌روونه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌كار ده‌هێنێت، وەکو ڕێگه‌یه‌كى ئیپستمۆلۆجییانه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ پاردۆكسه‌كه‌ى مینۆن. له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌فلاتوونه‌وه‌ ڕۆح نه‌مره‌ و ئه‌و شتانه‌ى ڕۆح له‌ ژیانه‌كه‌ى پێشوودا بینیونى ده‌كرێت بیرى بهێنێته‌وه‌. ئه‌فلاتوون پێی وایه‌ ده‌روون “ڕۆح” سه‌ربه‌خۆ یه‌ له‌ “له‌ش” پاش له‌ناوچوونى له‌شیش هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ و نافه‌وتێت؛ واتە ڕۆح “هەرمێنی” یە. ده‌روون یان ڕۆح لاى ئه‌فلاتوون به‌ر له‌وه‌ى بچێته‌ ناو له‌شه‌وه‌ و ژیانى ناو له‌ش تاقی بكاته‌وه‌ زانا بووه‌ به‌ شته‌كان، به‌ڵام پاش هاتنه‌ ناو له‌ش و تێكهه‌ڵكێشبوونى له‌گه‌ڵ له‌ش ئه‌و شتانه‌ى زانیوونى بیرى چوونه‌ته‌وه‌. به‌و پێیه‌ بێت له‌ش لاى ئه‌فلاتوون ئه‌و شوێنه‌یه‌ ده‌روون كه‌وڵ ده‌كات و زانینى لێ داده‌ماڵێت. یه‌كێك له‌ نموونه‌ باو و دیاره‌كانى ده‌رباره‌ى تێۆرى بیرهاته‌وه‌ى ئه‌فلاتوون زۆرجار ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت بریتییه‌ له‌ نموونه‌ى دوو دارى یه‌كسان. ئه‌م نموونه‌ ڕوونى ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، شتى یه‌كسان و خودى یه‌كسانى لێك جیا بكه‌ینه‌وه‌. شتى یه‌كسان ئاماژه‌یه‌ بۆ ناو جیهان هه‌سته‌كى و خودى یه‌كسانییش ئاماژه‌یه‌ بۆ جیهانێكى ناهه‌سته‌كى. كاتێك ته‌ماشاى دوو دارى یه‌كسان ده‌كه‌ین، له‌ڕێى بینینى دووداره‌كه‌وه‌ بیرى یه‌كسانییمان ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ مانایه‌كى تر دوو داره‌كه‌ شتى یه‌كسانن، خودى یه‌كسانى نین. شتى یه‌كسان سه‌ر به‌ جیهانى هه‌سته‌كییه‌ و خودى یه‌كسان سه‌ر به‌ جیهانه‌كه‌ى پێشووه،‌ كه‌ جیهانى ژوور و باڵایه‌ و ناهه‌سته‌كییه‌. ئێمه‌ له‌ڕێى بینینى شتى یه‌كسانه‌وه‌ خودى یه‌كسانیمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌، بێگومان ده‌روون به‌ر له‌وه‌ى بێته‌ ناو له‌شه‌وه،‌ زانیاریى هه‌بووه‌ ده‌رباره‌ى “خودى یه‌كسانى”، بۆیه‌ ئه‌فلاتوون درزێك ده‌خاته‌ ناو جیهانى هه‌سته‌كى و جیهانى ناهه‌سته‌كى. ڕوون ده‌بێته‌وه‌ تیۆرى بیرخستنه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى لۆجیكیدایه‌ به‌ بوونناسى ڕۆحه‌وه‌، سه‌ربه‌خۆیه‌، به‌ر له‌وه‌ى ده‌روون بێته‌ له‌شه‌وه‌ به‌ئاگا بووه‌، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ ناو له‌شه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى زانیوونى بیرى چوونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ى لێره‌ پێی وایه‌ ده‌یزانێت زانین نییه،‌ به‌ڵكو بیرى ده‌كه‌وێته‌وه.‌ لێرەوه‌یه‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن له‌ ڕوانگه‌ى ئپستمۆلۆجییه‌وه‌ له‌ڕێى خستنه‌گه‌ڕى تیۆرى بیرخستنه‌وه‌ تێكده‌شكێنرێت. پارادۆكسه‌كه‌ش بریتییە له‌وه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌یزانین موتڵه‌قه‌ن ده‌یزانین، بێمانایه‌ توێژینه‌وه‌كردن ده‌رباره‌ى، ئه‌وه‌شى نایزانین موتڵه‌قه‌ن نایزانین، چۆن پاش توێژینه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وێت ئه‌و شته‌ى پێى گه‌یشتووین شته‌ نه‌زانراوه‌كه‌ بووه‌! تێۆرى بیرخستنه‌وه‌ پانتاییه‌ك واڵا ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێته‌ ڕێگه‌ى سێییه‌م، ئه‌ویش “ده‌زانم كه‌ نازانم”.

 

[6] افلاطون، ضیافت یا سخن در خصوص عشق، ترجمە و دیباچە محمد علی فروخی، انتشارات مرکز، چاپ اول، سال؛ ١٣٩٠، ص ٣٥-٣٦

 

Share this article

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *