لە نێوان واقع و خەیاڵدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ زەردەشت نورەدین، دەربارەی ڕۆمانی شیرین و فەرهاد |

سازدان: پشتیوان عەلی |

 

 

 

پشتیوان عەلی: بۆچی لەناو داستانە کوردییەکاندا، شیرین و فەرهادت هەڵبژاردووە و سەرلەنوێ نووسیوتەتەوە، بۆ نموونە دەتتوانی لاس و خەزاڵ، مەم و زین یان هەر داستان و بەیتێکی ترت هەڵبژاردایە و بتگێڕابایەوە، ئایا هۆکاری هەڵبژاردنەکە ڕێکەوتە یان حەزێکی دیاریکراوە بۆ داستانی شیرین و فەرهاد؟  

زەردەشت نورەدین: لە ڕاستیدا کەم نەتەوە هەن میراتی گێڕانەوەی زارەکییان بە ئەندازەی کورد بەهێز بێت و گێڕانەوە دزەی کردبێتە هەموو كایه‌ و کون و قوژبنێکی ژیانی ڕۆژانەیانەوە؛ ئەگەرچی لە ئێستادا گێڕانەوە پاشەکشەی کردووە و وەکوو سی چڵ ساڵی پێشوو نییە. سەرنج بدە لە مۆسیقا و گۆرانی کوردی، هیچکام لەم نەتەوانەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆسیقا و گۆرانیان وەها توند تێکەڵاوی گێڕانەوە نییە، وەک شە‌هرامی نازری و عەلی ئەکبەری مورادی ئاماژەی پێ دەدەن، کورد بۆ هەموو بۆنەیەک ئاواز و گۆرانی هەیە کە بە زۆری گێڕانەوەییە، واتە گێڕانەوە تەنانەت لەناو مۆسیقا و گۆرانی کوردیدا چەقە کە ناگێڕانەوەییترین بەشی هەر کولتوورێکە. ئەم چەقبوونە وای کردووە بەرهەمی گێڕانەوەی کوردی – بە زۆری لە فۆرمی شیعردا دەربڕاون – بەهێز و دانسقە بن، چونکە گێڕانەوە بە تەنیا توخمێک نییە بە تەنیشت توخمە کولتوورییەکانەوە، بەڵکوو لە بنەڕەتیترین توخمەکانە. گێڕانەوە، مۆسیقا و شیعر (بەرهەمهێنانی وێنە) سێ هەرە بنەڕەتیترین توخمی ژیاری و کولتووری کوردن و مۆرکی خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەدا هەڵکۆڵیوە و گێڕانەوە تەنانەت دزەی کردووەتە ناو شیعر و مۆسیقاشەوە؛ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌ڵبژاردن و ساغبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر بەیتێک یان هەڵبەستێک لەناو میراتی گێڕانەوەی کورددا ئەستەم و دژوار بێت چونکە بە زۆری ئەوانەی ماونەتەوە و دەماودەم گێڕدراونەتەوە و دەگێڕدرێنەوە، هەموویان بەرهەمی دانسقەن کە دەشێت بە فۆرمە مۆدێرنەکان کاریان لەسەر بکرێت و دووبارە دابهێنرێنەوە.

لێره‌وه‌ من لەبەردەم هەڵبژاردنێکی سەختدا بووم، چونکە هەموویان وەکوو گێڕانەوە دانسقە بوون، ئەوە بوو بیرم کردەوە کۆنترین هەڵبەست، داستان یان بەیتی کوردی هەڵبژێرم؛ ئەدەبیاتی هۆرییەکان وەک یەکەمین دەرکەوتەی ئەدەبی نووسراوی کوردی زۆر سەرنجی ڕاکێشام و بابەتی گێرانەوەی ئوستوورەیی، داستانیی ئێجگار سەرنجڕاکێشیان هەیە، چەند دانەیەکیانم هەڵبژارد سەرلەنوێ بیاننووسمەوە، لە هەموو ڕوویەکەوە تایبەت و ناوازە بوون، بەڵام یەک کێشەیان هەبوو، ئەویش ئەوە بوو، ڕاستەوخۆ بەو ناوەڕۆک، بابەت، فۆرمەی خۆیان بۆ کوردی ئێستا زۆر نامۆ دەکەوتنەوە و خوێنەری ئێستا نەیدەتوانی لەگەڵی پەیوەندیی زیندوو دروست بکات؛ چونکە ئەو سیاق، سەردەمە نەمابوون و لە ئاستی دەرکەوتەدا بە تەواوی گۆڕا بوون. ناچار بووم بە نائومێدی واز لەو پڕۆژەیە بهێنم، لەگەڵ وازهێنانەکەشدا، سەرسوڕهێنەری و ئەفسوونی داستان و گێڕانەوەی ئەو ژیار و سەردەمە بەری نەدەدام و بەردەوام لە خەیاڵمدا بوو… هەر بەو خەیاڵەوە جارێکی تر دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەو بەیت، هەڵبەست و داستانە کوردیانەی بەردەست بوون، هیچ کامیان بە تەواوی سووکناییان پێ نەدەدام؛ هەر خەیاڵم لەلای جادووی هۆرییەکان بوو… تا ئەوەی جارێکی تر «شیرین و فەرهاد»ـم خوێندەوە، هەر لە نیوەی خوێندنەوەیدا بووم، ئەوە هات بە مێشکمدا کە ئەمە خۆیەتی و دەبێت جارێکی تر بینووسمەوە.

دەزانین هەڵبەستی «شیرین و فەرهاد» کە لەناو نەتەوەکانی تر بە زۆری بە «خوسرەو و شیرین» ناسراوە، یەکێکە لە دێرینترین داستانەکانی کوردستان کە ناو و ناوبانگی هەر لە هیندستانەوە تا ئەورووپا ڕۆیشتووە و گۆتەی شاعیری مەزنی ئەوروپی لە دیوانەکەیدا بە ناوی ڕۆژئاوا/ڕۆژهەڵات، ئاماژەی بە ئەشقی شیرین و فەرهاد داوە، هاوتای ئەشقە نموونەیی و ئەفسانەییەکانی جیهان. ئەم داستانە مەزنە، جگە لەناو کوردەکان، لەناو نەتەوەکانی تریش وەکوو فارسەکان، تورکەکان، ئازەربایجانییەکان، ئەرمەنییەکان و… هتد بە شێوەی جۆراوجۆر هۆنراوەتەوە. ئەمەش خۆی بەڵگەیە لەسەر دێرینبوونی داستانی «شیرین و فەرهاد» کە کاریگەریی لەسەر نەتەوەکانی تریش داناوە.

یەکەم دەرکەوتەی داستانی «شیرین و فەرهاد» لە لای هۆرییەکانە، لە فۆرمی ئوستوورەدا، ئەویش هیچکام لە ناوەکان یان کاراکتەرەکانی وەک ئەوەی ئێمە لە شیرین و فەرهاددا بەری دەکەوین، تێیدا نییە، لەلای ئەوان بەسەرهاتی مرۆڤەکان – پاشا، کاهین، خەڵک و… –  نییە بەڵکوو سەربوردەی خواکانە بە ناوی «گەڕی کۆماربی» کە تێیدا خواکان ڕۆڵی تێدا دەبینن. تێما و بونیادی چیرۆکی ئوستوورەی «گەڕی کۆماربی» لەگەڵ داستانی «شیرین و فەرهاد»دا هاوبەشە و ئەمەش وا دەکات، گریمانەی ئەوە بکەین، ئەوەی یەکەم باوانی ناڕاستەوخۆی ئەوەی دووەمە. لەسەر «گەڕی کۆماربی» لە لایەن هۆریناس و لێکۆڵەرانی میزۆپۆتامیاوە زۆر نووسراوە؛ لەو نووسراوانەدا ئەوانەی پەیوەستن بە بەراوردکارییەوە، بە ڕوونی باسی ئەوە دەکەن «گەڕی کۆماربی» بە تایبەتی کاریگەریی لەسەر یەزدانپەیدایی هزیۆد و بە گشتی لەسەر ئوستوورەی یۆنان داناوە. جگە لە ئەلیادە و ئۆدیسەی هۆمەر کە ڕاستەوخۆ نووسینەوەی ئوستوورەکانی یۆنانی کۆنە، ئەوا شانۆنامەکانیان بە توندی گرێدراو و لەژێر کاریگەریی ئوستورەکانیاندان و بەسەرهاتە ئوستوورەییەکانیان بە دەستکارییەوە داڕشتووەتەوە.  بێگومان ناسینەوەی ئەم کاریگەرییانە هەر وا ئاسان نییە، چونکە زۆر دەستکاری کراوە و نوسخه‌ی جیاواز و هەندێ جار سەربەخۆی لێ بەرهەمهێنراوە.

نەتەوە دێرینەکان لە مێژوودا، خاوەنی دێرینترین داستانە مەزنەکانی ئەشق و جەنگن؛ ئەو داستانانەی بەناو سەربوردەی ئەشق و جەنگدا، ناسنامەی کولتووری و شووناسی نەتەوەییان پاراستووە و پاش خۆیان بوونەتە ئیلهام بۆ سەدان داستان و چیرۆکی تر. زۆرجار بیرم لەوە کردووەتەوە، باشە ئەگەر ئەم بۆچوونەی سەرەوە ڕاستە، ئەوە چۆنە کوردەکان وێڕای ئەوەی نەتەوەیەکی دێرینن کەچی داستانی دێرینیان نییە و بۆیان بەجێ نەماوە، ئەم پرسیارە هەتا ئەو کاتەی دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لە شیرین و فەرهاد هەر لەلام بێ وڵام بوو؛ دواجار لەم بارەوە گەیشتمە دەرەنجامێک و ئەویش ئەمە بوو: ئەگەر سۆمەرییەکان خاوەنی «ئینانا و دوموزی» بن، ئەگەر میسرە کۆنەکان خاوەنی «هەراکانی سێت و هۆرۆس» بن، ئەگەر هۆرییەکان (”کوردە دێرینەکان” بە دەربڕینی مێهرداد ئێزەدی) خاوەنی «گەڕی کۆماربی» بن، ئەگەر هیندەکان خاوەنی «ڕاما و سیتا [رامایانا]» بن، یۆنانییەکان خاوەنی «هێلین و پاریس [ئەلیادە]» بن؛ ئەوا بێگومان کوردەکانی ئێستا خاوەنی «شیرین و فەرهاد»ن.

بەهۆی قووڵبوونەوە لە نوسخە جۆراوجۆرەکانی داستانی  «شیرین و فەرهاد»– بە تایبەت نوسخە کوردییەکان – بۆ سەردەمی مادەکان گەڕامەوە؛ بە تەنیشت خودی داستانەکەوە، دوو سەرچاوەی گرنگی ترم بۆ گێڕانەوەکەی خۆم بەدی کرد کە ئەوانیش «هەڵکۆڵراوەکەی کێوی بێستوون» کە بە فەرمانی داریوش داتاشرا بوو و «سلەندەر یان ئاوێزەکەی کورەش» بوو. ئەم دوو سەرچاوەی دوایی بە ئەندازەی خودی داستانەکە ڕۆلی گرنگ لە گێڕانەوەکەی مندا دەگێڕن، بەهەمان ئەندازەی داستانەکە جیهانە گێڕانەوەییەکەی من بینا دەکەن. بەناو ئەم بیناکردنەوەدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە «شیرین و فەرهاد» کۆنترین داستانی مەزنی ئەشق و جەنگی کوردەکانە کە لە هەناوی خۆیدا، بەسەرهاتی پاشاکانی کوردی هەڵگرتووە. ئەم ڕاستییە بەکاڵی و بەشێواوی و بە شێوەیەکی نێگەتیڤ لە زۆربەی نوسخەکانی «شیرین و فەرهاد»دا هەیە بەڵام بەهۆی ئەوەی دەستی بێگانەکان لە نووسینەوەیدا هەبووە و ئەوانیش بۆ مەرامی خۆیان نووسیویانەتەوە و جفرە کولتوورییەکانی خۆیانیان تێدا داڕشتووەتەوە؛ لە ئەنجامدا زۆر شتی لێ فڕێ دراوە و شوێنی پاشا کوردەکان بە پاشای تر پڕ کراوەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە نوسخە کوردییەکاندا خوسرەو شا، پاشایەکی ستەمکار، فێڵباز، درۆزن و بێبەڵێنە و کاریگەری لاوەکی هەیە و کاراکتەرێکی لاوەکییە بەپێچەوانەی گێڕانەوە فارسییەکانەوە کە کاراکتەری سەرەکییە و پاشایەکی دادپەروەر، چاکەکار و ڕاستگۆیە. ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەردەخات، کە کوردەکان لەناو دڵی داستانی «شیرین و فەرهاد»دا ستەمکاری و بێبەڵێنی ساسانییەکانیان هەڵگرتووە، کە جێگەی متمانە و خاوەن قسەی خۆیان نین و بەناڕاستەوخۆ چەندین شتی تری تێدایە و هەر گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئاشقانەی ختوخاڵی نییە. لەم سۆنگەوە لە نوسخە نوێیەکەدا بە ناوی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» کە بە شێوەی ڕۆمان لەئارادایە، جیاواز لە نوسخەکانی تر، هاوشێوەی داستانە مەزنەکانی سەردەمی دێرین جارێکی تر هەوڵم داوە بەجۆرێک بینووسمەوە، کە ژیانی پاشا کوردەکان لەخۆ بگرێت هەربۆیە لە ناونیشانەکەیدا بڕگەی «شانامەی مادەکان»ـی بۆ زیاد کراوە.

ئەگەر لە یۆنانی کۆندا سێ فیگەر هەڵبژێرم، کە پێیان سەرسامم بێگومان، سۆفۆکلیس، هۆمەر و هێراکلیتۆسە و هاوکات ئەمانە بەڕێکەوت لە ژیاری هۆرییەکان و مادەکانەوە نزیکن. بۆ من لەناو بەیت و داستانە کوردییەکاندا، ئەوە تەنیا «شیرین و فەرهاد»ـە کە کاریگەری ئەو سێ فیگەرەم بەسەرەوە دەبینی؛ ئەو سێ فیگەرەش – بە تێگەیشتنی من – خۆیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و پێچاوپێچ لە ژێر کاریگەری ژیاری هۆرییەکان و مادەکاندا بوون. واتە ئەو ساتەی لە خوێندنەوەی «شیرین و فەرهاد»دا، بڕیارم دا هەڵی بژێرم و بینووسمەوە، ئەمانە و هەندێ شتی تریش بە مێشکمدا گوزەریان دەکرد، هەستم دەکرد شتێکم دۆزیوەتەوە، کە بە ئەندازەی نایابی و دەگمەنییەکەی هاوکات خۆشم لێی دێت و پێی شادم. توانیم لە قووڵایی داستانی «شیرین و فەرهاد»دا ڕەگەزە ژیاری و کولتوورییە هاوبەشەکانی هۆرییەکان، مادەکان و یۆناییە کۆنەکان بدۆزمەوە، کە هاوچەرخی ئێستامان بێت. هەموو ئەمانە وای کرد «شیرین و فەرهاد» هەڵبژێرم نەوەک داستان یان بەیتێکی تری کوردی.

 

پشتیوان عەلی: کاتێک ڕۆمانی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» دەخوێنینەوە بەر گۆڕانکاری ئێجگار بەرچاو دەکەوین، کە لە زۆر شوێندا هەر لە بنەڕەتەوە دەستکاری داستانەکەت کردووە، بۆ نموونە لە هەموو نوسخەکان بە فۆلکلۆرییەکانیشەوە، سەردەمی ڕوودانی داستانەکە، سەردەمی ساسانییەکانە و تۆ بۆ سەردەمی مادەکان گواستووتەوە، ئایا ئەم گواستنەوەیە تەنیا بۆ دروستکردنی جیاوازییە یان هۆکاری تری لە پشتە؟

زەردەشت نورەدین: جیاوازی خۆی لە خۆیدا – «جیاوازی لە خۆیدا»  بە دەستەواژە فەلسەفییەکەی – لە ئەدەبدا گرنگ نییە، لانیکەم لەو ڕوانگەی لەهەمبەر ئەدەب هەمە بایەخی نییە، ئەگەر مەبەستێکی لە پشتەوە نەبێت؛ جا مەبەستەکە هەر چییەک بێت و سەر بە هەر بەشێکی فۆرم و ناوەڕۆک بێت، پرس نییە. بەجیا لەوەش ئەگەر لە نووسینەوە/داهێنانەوەی هەر دەقێکدا جیاوازی لە ئارادا نەبێت؛ وا باشترە ئەو نووسینەوە/داهێنانەوە بەدی نەیەت؛ چونکە خودی دەقە هەبووەکە، بەو شێوەی خۆی هەبوونی بەسە. نووسینەوە/داهێنانەوەی دەقی پێشتر کاتێک وەکوو کردەیەکی ئەدەبی سەر دەگرێت کە داهێنەرانە بێت؛ واتە بەناو جیاوازیسازیدا بەو جۆرەی ئاماژەم پێ دا بەرهەم هاتبێت.

بۆئەوەی باشتر لەم پرسە تێ بگەین پێم خۆشە لەڕێی ژێرار ژێنێت‌ـەوە کەمێک لەم پرسیارە ورد بینەوە. ژێنێت لە کتێبی «پەڕەسڕاوەکان: ئەدەب بەناو ڕۆناندا[1]» لە ڕوانگەی «بونیادگەری کراوە»وە دەپرژێتە سەر پرسی «پەیوەندیی دەقێک بە دەقەکانی ترەوە» و بەدرێژایی کتێبەکە لە ڕێگەی چەمکاندن و پێشخستنی تیۆرییەکی نوێ لەو بارەوە، ڕوانگەی خۆی دەخاتە ڕوو. بونیادگەرەکان و فۆرماڵیستەکان لەسەر یەکانگیری دەق لە پەیوەند بە خۆیەوە دەکۆڵینەوە و پێیان وابوو، خودی دەقەکە هەموو ئەوەی پێویستە بۆ دروستکردنی مانا لە خۆیدا هەڵی گرتووە؛ هەر بۆیە دەپەرژانە سەر توخمەکانی خودی دەقەکە لەناو خۆیدا و هەناوێتیی دەق لەلایان پلەی یەک بوو. باختین لەو یەکەم بیریارانە بوو، کە ئەم تێگەیشتنەی بۆ دەق خستە ژێر پرسیارەوە و لەلای ئەو هەر دەقێك لەگەڵ دەقەکانی تردا لە دیالۆگدایە و دەق بە جەوهەر لە دەقی ترەوە ئاڵاوە؛ دواتر ئەم ڕوانگانە لە ڕێگەی ژولیا کریستۆڤاوە بۆ ئەورووپا دەگوازرێتەوە و چەمکی دەقئاوێزانی لێ دروست دەبێت؛ جگە لەوەش باختین کاریگەری گەورە لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت. ژێنێت بە ئەندازەیەکی زۆر قەرزاری باختین و ئەوانەیە لەدوای باختین لەو پانتاییەدا کاریان کردووە وەکوو، کریستۆڤا، بارت و … هتد.  ژێنێت بیرۆکەی دەقئاوێزانی و دیالۆگگەراریی بە ئەندازەیەکی ئێجگار زۆر فراوان دەکات و بۆ شوێنێکی تری دەبات کە بیریارانی پێش ئەو بەو جۆرە کاریان تێدا نەکردووە. ژێنێت لە کتێبی «پەڕەسڕاوەکان: ئەدەب بەناو ڕۆناندا» دەخوازێت ئەو ئایدیایە تێ پەڕێنێت، پێی وایە دەق ئۆبێکتێکی تەواو سەربەخۆ و دابڕاوە کە لە تەنیا هەناوێتیی خۆی پێک هاتووە؛ بۆ ئەم کارە لە ڕێگەی چەمکی «پەیوەندەقێتی»[2]ـەوە وەها تەماشای ئەدەب یان بەرهەمی ئەدەبی دەکات کە لە تۆڕێکی پەیوەندی لە نێوان دەقەکان، ژانرەکان، گوتارەکان و جفرە کولتوورییەکاندا پێک هاتبێت. چەمکی «پەیوەندەقێتی» وەها دەخاتە ڕوو کە هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی دەقێک بە دەقەکانی ترەوە لەخۆ دەگرێت، وێڕای ئەوەی پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆ و دیارە یان ناڕاستەوخۆ و شاراوەیە؛ ئەمە هەردوو ڕایەڵە ئاشکرا و داپۆشراوەکان، هەردوو کارلێکی هۆشیارانە و نەستییانە، هەردوو شێوەگۆڕینە ڕاستەوخۆکان و نزیکایەتییە ژانرییەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. بەدەربڕینێکی تر پانتاییەکی فراوانی چەندئاست و فرەوڕووی ئەزموونی ئەدەبی هەر لە وتە و کینایەوە بۆ ژانر و فۆرمە گێڕانەوەییەکان دەگرێتەوە. لەم سۆنگەوە دەق لە پەیوەندییە هەناوییەکانی خۆیەوە بەرەو پەیوەندی بە دەقەکانی ترەوە دەپەڕێتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، مانا بە تەنیا لە بونیادی ناوەکی دەقەوە پەیدا نابێت، بەڵکوو لە دیالۆگی دەقەکە لەگەڵ گێڕانەوە پێشووەکان، ڕێکەوتنە فەرمییەکان، چوارچێوە ڕاڤەییەکان و یادگە کولتوورییەکاندا دەڕسکێت.

ژێنێت پێنج شێوەی جودای «پەیوەندەقێتی» دەخاتە ڕوو و بۆ ئەم باسەی ئێمە تەنیا دانەیەکیان گرنگە کە ئەویش چەمکێکی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەو چەمکەش هایپەرتێکستواڵتی[3] کە بە کوردی دەبێتە «بەرەدەقێتی» یان «هایپەردەقێتی» کە بە دوای خۆیدا چەمکی هایپۆتێکستواڵیتی[4] کە بە کوردی دەبێتە «بنەدەقێتی»، دەهێنێت.  لەرێگەی ئەم دوو چەمکەوە پەیوەندیی نێوان دوو بەرهەمی پەیوەست بە یەکترەوە ڕوون دەکاتەوە. «بنەدەق» بریتییە لەو دەقەی کە پێشتر و پێشوەخت لەئارادایە و بۆ ئەو دەقەی کە دواتر دێت وەک بنەڕەتێکی گێڕانەوەیی، بونیادی، تێمایی، بابەتی و… هتد کار دەکات. «بەرەدەق» ئەو دەقەیە کە دواتر دێت و بەبێ وتەهێنانەوەی ڕاستەوخۆ، کەڵک لە شێوەگۆڕین، وەرگرتن، لاسایی یان کاراکردنەوەی بنەدەق دەبینێت و دواجار بەناو ئەم پرۆسەدا بەرەدەق بەرهەم دێت. لە بەرهەمهاتنی بەرەدەقدا دەشێت بنەدەق بە شێوەی پارودی یان جیدی بەناو هەڵگرتنەوەی هەندێ توخم، داڕشتنەوەی بەشەکی یان تەواوەتی، درێژەی پێ بدرێت. بەدەربڕینێکی تر بنەدەق دەوری گەنجینەیەکی کراوە بۆ بەرەدەق دەبینێت، نووسەر دەتوانێت بە شێوەی مامەڵەی تایبەتی خۆی لەگەڵ بنەدەقدا، بەرەدەقێک بەرهەم بهێنێت، نووسەر لە کەڵکوەرگرتن، داڕشتنەوە یان داهێنانەوەی بنەدەقدا ئازادە. ئەمەش وا دەکات هەموو بەرەدەقێکی بنەدەقێک گرنگ نەبێت و لە مێژوودا نەمێنێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر ئۆدیپ وەک بنەدەقێک وەرگرین تەنیا ئەو بەرەدەقانەی کە ماونەتەوە و ئێستا دەخوێنرێنەوە، بایەخیان هەیە.

پاش ئەم وچانە کورتە لەسەر ژێنێت، ئێستا باشتر دەتوانم وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە. لە ڕاستیدا داستانی «شیرین و فەرهاد» وەکوو «بنەدەق»ـێک  لە مێژوودا بە هاوچەرخیشەوە زۆر «بەرەدەق»ـی لێ بەرهەم هاتووە و لە بەردەم داهاتووشدا کراوەیە، چڵۆن پەیوەندییە «بنەدەقێتی»ـەکەی وەگەڕ دەخرێتەوە. لێرەدا نامەوێت هەڵسەنگاندن بۆ نوسخەکانی پێشوو و هاوچەرخ بکەم. تەنیا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، «بەرەدەق»ـی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» لەوانەی پێشخۆی گەلێک جیاواز و دوورە. ئەمەش وەک لە پرسیارەکەتدا ئاماژەت پێ داوە، هەر لە نیگای یەکەمدا دەردەکەوێت، چونکە بڕگەکەی لە سەردەمی ساسانییەکانەوە بۆ سەردەمی مادەکان گواستراوەتەوە. ئەم گواستنەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیمکانی نییە داستانی «شیرین و فەرهاد» لە سەردەمی ساسانییەکان ڕووی دابێت، کە دەڵێم ئیمکانی نییە ڕووی دابێت وەکوو ڕووداوێکی واقیعی مێژوویی، مەبەستم نییە چوونکە لەو مانا هەرە واقیعی و مێژووییەدا لە هیچ سەردەمێک، لە هیچ کاتێک و شوێنێک ڕووی نەداوە؛ زیاتر مەبەستم ئەوەیە وەکوو ئیمکانی شێوەژیانێکی دیاریکراو ئەو داستانە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەست نادات. ئەوە ڕاستە لە کۆنترین نوسخەکانی داستانی «شیرین و فەرهاد» یان «خوسرەو و شیرین»دا هەر دیسانەوە سەردەمەکە ساسانییەکانە و ناوی پاشا و ناوی شاژن هەر سەردەمی ساسانییەکانە. پێش نیزامی فیردەوسی‌ باسی خوسرەو و شیرینی کردووە بەڵام فیردەوسی بە هیچ جۆرێک باسی فەرهاد ناکات، لە گێڕانەوەی نیزامی‌دا فەرهاد ئامادەیی هەیە –  دواتر ئەمیر خوسرەو دیهلەوی، خواجەی کرمانی، جامی و وەحشی بافقی درێژە بە نەریتی گێڕانەوەی نیزامی دەدەن –  بەڵام فەرهاد فیگەرێکی بنەڕەتی نییە و ئەگەر لای ببەین خەلەلێکی ئەوتۆ ناکەوێتەوە ناو گێڕانەوەکانەوە. لە بەرانبەردا بۆ گێڕانەوە کوردییەکان فیگەری فەرهاد بنەڕەتییە تا ئەو شوێنەی کە ناوی داستانەکە گۆڕاوە بۆ «شیرین و فەرهاد» و لەجیاتی ئەوەی کاراکتەری خوسرەو چەق و سەرەکی بێت کاراکتەری فەرهاد چەق و سەرەکییە. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم زۆر بەسەر نوسخە فارسییەکاندا جێبەجێ ناکرێت، بە تایبەت ئەوەی فیردەوسی و دواتر ئەوەی نیزامی. سەرەڕای هەموو ئەمانە کەچی لەناو نوسخە کوردییەکانیشدا سەردەمەکە هەر هی ساسانییەکانە و ناوی پاشا و شاژنی ساسانییەکانی تێدایە. کەواتە پرسیارە چارەنووسسازەکە هەر لە شوێنی خۆیەتی: «بۆچی بۆ سەردەمی مادەکان گواستراوەتەوە؟» خۆ گێڕانەوە کوردییەکانیش هەمان شت دووبارە دەکەنەوە.

لە هەندێک لە گێڕانەوە کوردییەکاندا فەرهاد کراوە بە شازادەیەکی چینی؛ جا ئیدی چین بە تورکستانی کۆن وەربگرین یان هەر شوێنێکی تر ئەمە لە کاتێکدا لەلای نیزامی فەرهاد خەڵکی ئیمپراتۆری بێزەنتە و سەر بە ئیمپراتۆری ساسانی نییە. لەوەی نیزامیدا فەرهاد ئەندازیار و نیگارگەری بێزەنتییە لەوەی کوردەکاندا نیگارگەر یان سەنگتراشی چینییە. لە هی نیزامیدا یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە هونەری ڕۆمی زۆر بەرز بووە و لە ڕووی ئەندازیاری و تەلارسازییەوە بێوێنە بوون؛ هەر بۆیە فەرهاد کراوە بە بێزەنتی؛ جگە لەوەش لەو سەردەمەدا ڕکابەری سەرسەختی ساسانییەکان بێزەنتییەکان بوون. لە کوردییەکەشدا بەچینیکردنی فەرهاد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەکاتی نووسینەوەی نوسخە سۆرانییەکاندا، چین وەکوو وڵاتێکی نیگارگەر و دەستڕەنگین بەناوبانگ بووە. ئەم گۆڕانکارییانە ئاساییە کە لە ئەدەبیاتدا بە گشتی و بە تایبەت لە فۆرمە گێڕانەوەییە جیاوازەکاندا دەکرێت، هەندێجار مەبەستی تایبەتی لە پشتەوەیە و هەندێجار بۆ پتەوکردنی لایەنی فۆرم یان ناوەڕۆکی گێڕانەوەکەیە، هەندێ جاریش دەستوەردانێکی دەرەکی ئایدۆلۆژییە. لەوەی کوردا بۆ بەهێزکردنی کاراکتەری فەرهادە کە نیگارگەرێکی ئەوەندە بەتوانایە، توانیوویەتی هەڵکۆڵین لەسەر بێستوون بکات، چوونکە ئەو کوردانەی بەردەنگی گێڕانەوە سۆرانییەکە بوون نەیان توانیوە نەخشی وەها لەسەر بێستوون هەڵکۆڵن. لەوەی نیزامیدا زیاتر دەستوەردانێکی ئایدۆلۆژییە. هۆکارەکان هەرچییەک بن هیچ کام لەمانە مێژوویی نین و هەڵکۆڵینەکانی سەر کێوی بێستوون لە واقیعدا بە دەستی هیچ فەرهاد ناوێک نەکراوە.

ئەگەر بۆ ساغکردنەوەی مێژوویی داستانی «شیرین و فەرهاد» بەو جۆرانەی کە نووسراوەتەوە و لە بەردەستدان، بگەڕێین؛ ئەوا دەتوانین مسۆگەرانە تەنیا سێ شت پشتڕاست بکەینەوە: پاشایەکی ساسانی هەبووە، ناوی خوسرەو بووە و یەکێک لە ژنەکانی ناوی شیرین بووە. هەموو ئەویتری ڕووداوەکان وەک ئەوەی لە گێڕانەوە ئەدەبییەکاندا هاتوون هەموویان تێکڕا هەڵبەستن (فیکشنن). هەربۆیە لە گێڕانەوەکەی مندا، ئەم سێ شتە پرس نین، وەلاوە نراون و هەر بەسادەیی فڕێ دراون و بەهیچ جۆرێک هەڵنەگیراونەتەوە – تەنیا شیرین وەکوو ناو بەو شێوەی لەسەردەمی ساسانییەکاندا بووە هەڵگیراوەتەوە و ئەویتری لە کاراکتەری شیرینی ناو گێڕانەوە کوردییەکانەوە وەرگیراوە، چونکە ئەمانە – سەردەمی ساسانییەکان، پاشا خوسرەو، شاژن شیرین وەک لە مێژوودا هەبووە –  کرۆکی داستانی «شیرین و فەرهاد» پێک ناهێنن. ئەمانە سەر بە بەشە هەڵبەستییەکەی داستانەکە نین، لێ بارکراوێکی مێژووین کە لە زۆر شوێندا کێشە بۆ گێڕانەوە دروست دەکەن. بە نزیکەیی پێنج سەدە لە دوای خوسرەو شای ساسانییەکان، داستانی «خوسرەو و شیرین» نووسراوەتەوە. دەشێت لەو سەردەمەدا داستانی ئاشقانەی جۆراوجۆری سەردەم دوور، وەک «بنەدەق» لەئارادا بووبێت و کەسانی وەک نیزامی بۆ بەرهەمهێنانی «بەرەدەق»ـی نوێی ئاشقانە تێکەڵ بە سەردەمی ساسانییەکانیان کرد بێت، جا چ لەوە سەرنجکێشتر! سەردەمی ساسانییەکان دوور کەوتووەتەوە و ستەمکارییەکانیان لەبیر چووەتەوە و دەشێت بکرێنە بابەتی ئەدەبی؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە یادگەی کولتووریی کوردەکاندا هەر وەک ستەمکار، فێڵباز و بێبەڵێن ماونەتەوە.

کڕۆکی داستانی «شیرین و فەرهاد» بە گێڕانەوەی کوردەکان ئەوەندە لە ژیاری مادەکان و یۆنانییە کۆنەکانەوە نزیکە –  لە ڕێگەی ئەو دووەشەوە لە هۆرییەکان نزیک بووەتەوە – دە یەکی ئەوە لە ژیاری ساسانییەکانەوە نزیک نییە. کڕۆکی گرێچنی شیرین و فەرهاد یەکەم بریتییە لەوەی فەرهاد – کە بەزۆر کراوە بە شازادە – نیگارگەرێکی ناوازەی سەر بە چینەکانی خوارەوەیە، نەک سەر بە بنەماڵەی شاهانە یان خانەدانە بەرزەکان و ئاشقی شاژن یان خاتوونشایەک دەبێت؛ دووەم بریتییە لەوەی شازادەیەک ئاشق یان حەز لە زڕدایکی خۆی دەکات، سێیەم بریتییە لەوەی پاشایەک بە دەستی کوڕەکەی دەکوژرێت، چوارەم بریتییە لەوەی شاژنێک لە نێوان ئەشقی پاشای هاوسەری و ئەشقی ماشوقە کوڕەکەیدا دابەش دەبێت، ئەو کوڕەی کە سەر بە بنەماڵەی شازادە یان تەنانەت خانەدانە بەرزەکان نییە، سەر بە چینەکانی خوارەوەیە. ئەمانە کڕۆکی داستانی «شیرین و فەرهاد»ن، لەو دەقانەی کە لە ئێستادا لە کۆنەوە ماونەتەوە بەم تایبەتمەندییانەوە، نزیکترین لێوەی شانۆنامەکانی یۆنان و ئەلیادەی هۆمەرە نەوەک شێوە ژیان و سەردەمی ساسانییەکان. ساسانییەکان فەرمانڕەواییەکەیان تێکەڵەیەک بوو لە ستەمکاریی ئاینیی و سیاسیی کە سیستەمێکی تەواو چینایەتی و کاستی لێ کەوتبووەوە، بەجۆرێک کە تەنانەت پیشەگەرێک ئەگەر ئاسنگەر بووایە نەیدەتوانی ببێتە جووتیار، ئەوەندە سیستمە چینایەتی و کاستییەکە بەهێز بوو چ جای ئەوەی کوڕێک لە چینەکانی خوارەوە، دەرفەتی ئەوەی بۆ هەڵکەوێت ئاشقی شاژنێک بێت و لە بەرانبەردا شاژنەکەش هەستی خۆی بۆ بەیان بکات.

جا با لەوە زیاتر درێژەی پێ نەدەم و لە کورتی بی بڕمەوە، لەخۆوە و بەبێ بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە،  هیچ جیاوازییەکم لەگەڵ نوسخەکانی پێشوودا، دروست نەکردووە و مەبەستم ئەوە نەبووە نوسخەیەکی جیاواز بنووسمەوە، ئەوەندەی مەبەستم ئەوە بووە بچمە ناو گیان و جەستەی داستانی «شیرین و فەرهاد»ـەوە و ئەوەی سەر بەو جەستە و گیانەیە هەڵی بگرمەوە و ئەوەی سەر بەوەش نییە وەلاوەی بنێم و شوێنی ئەو بەشە لابراوانە لە میراتی پێشووەوە، بەگوێرەی سەرجەمێتیی ژیاری کوردی بۆی دروست بکەمەوە. ڕاستە داستانی «شیرین و فەرهاد» بە گێڕانەوەی کوردەکان «بنەدەق»ـی سەرەکیم بووە بە تەنیشت ئەوەشەوە، هەڵکۆڵینەکەی کێوی بێستوون و ئاوێزەکەی کورەش و سەردەمی مادەکان بەجۆری تر «بنەدەق»م بوون و بەناو ئەوانەدا «بەرەدەق»ـی ڕۆمانی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان»م بەرهەم هێناوە.

 

پشتیوان عەلی: لە درێژەی پرسیارەکەی پێشوودا، لەبارەی گۆڕانکاری یان دەستکارییە بنەڕەتییەکانەوە پێم خۆشە بپرسم، لەناو گێڕانەوەکاندا ئەوانەی کە فەرهادی تێدایە، پیشەی فەرهاد سەنگتراشە یان پەیکەرسازە و سەروکاری لەگەڵ هەڵکەندن و کونکردنی کێودا هەیە و لەناو ئەدەبیاتی ئێمە  و ناوچەکەدا بووە بە میتافۆری کێوهەڵکەندن (کۆکەن) بەڵام تۆ فەرهادت گۆڕیوە بۆ مۆسیقار و تەنبوورژەن، هۆکاری پشت ئەم دەستکارییە جیاوازی دروستکردنە یان ئاماژە بە شتی تر دەکات؟

زەردەشت نورەدین: کاراکتەری فەرهاد – بە گێڕانەوە کوردییەکان – لە سەیروسەمەرەترین کاراکتەرەکانی ناو گێڕانەوەی کوردییە، هیچ کام لە هاوتا دیارەکانی – وەک مەم، لاس، سیامەند و… هتد – تەنانەت لێی نزیک نابنەوە؛ ئەو ئاڵۆزی، فرەچینی و فرەڕووییەی لە کاراکتەری فەرهاددا هەیە لەوانیتردا، بەدی ناکرێت. ئەگەر بۆم هەبێت بەراوردی بکەم ڕەنگە بە چەند کاراکتەرێکی ئوستوورە و شانۆنامەکانی یۆنانی کۆن بەراوردی بکەم؛ ناتوانم هاوتای لە ئەدەبی دونیای مۆدێرندا بدۆزمەوە، چونکە ئەو خۆی سەر بە جیهانێکی دێرینە، ئەگەرچی ئەم لایەنەی شاراوەیە. بەر لە هەموو شت دەبێت ئاماژە بەوە بدەم لە فەرهاددا کێشەیەکی چارەسەرنەکراوی کاراکتەرسازی هەیە، وێڕای ئەوەی لە هەندێ له‌ گێڕانەوە کوردییەکاندا تاڕادەیەک چارەسەر کراوە بەڵام بە تەواوی لە هیچکام لە گێڕانەوەکانی تردا چارەسەر نەکراوە. کێشەکە بەو پێیەی بونیادییە، ئەوا وەکوو ناکۆکییەکی سازشهەڵنەگر و چارەسەرنەکراو خۆی لە دووتوێی پارادۆکسێکدا دەخاتە ڕوو: پارادۆکسێکی بونیادیی کاراکتەرسازی. لە سەرێکەوە کراوە بە شازادە، ئەگەر شازادە بێت لە ڕێگەی سەنگتراشی، نیگارگەری و هەڵکۆڵینەوە سەرنجی شیرین ڕاناکشێت، واتە لەڕێگەی کاری دەست‌وبازووەوە ئەو کارە بەجێ ناهێنێت، چوونکە ئەوە پیشەی شازادە و خانەدانەکان نییە، لە ڕێگەی کاری جەستەییەوە خۆیان بەیان بکەن؛ کاری جەستەیی یان کاری دەست‌وبازوو تەنانەت هەرە بەزرترینەکەی هی چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەیە، نەک چینی سەرەوە یان خانەدانە بەرزەکان یان شازادەکان و بنەماڵە شاهانەکان. لەم ڕووەوە ئەگەر فەرهاد خانەدانی بەرز یان شازادەیە بۆ سەنگتراشی دەکات و لە ڕێگەی کاری دەست‌وبازووەوە خۆی دەخاتە ڕوو – لە گێڕانەوەکاندا بە شازادە هاتووە و بەگوێرەی نوسخە جیاوازەکان وڵاتەکەی دەگۆڕێت بەڵام شازادەبوونەکەی ناگۆڕێت. ئەی ئەگەر شازادە نییە و نیگارگەر یان هونەرمەندێکی بلیمەتە بۆ کراوە بە شازادە؟ ناکرێت لە یەک کاتدا هەم شازادە بێت و هەم نیگارگەر، ئەندازیار یان سەنگتراشێکی بلیمەت؛ دەشێت یەکێکیان بێت و ئەمەش کرۆکی گرفتی کاراکتەرسازی فەرهاد هەڵدەماڵێت؛ ئەم پارادۆکسە لە هیچ کام لە نوسخەکاندا چارەسەر نەکراوە.

دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە بۆچی کراوە بە شازادە، چونکە لەدوای کەوتنی مادەکانەوە و لە سەرەتای داگیرکاری ئەخامینییەکانەوە، کە هاوکاتە بە نووسینی شانۆنامەکانی یۆنانی کۆن ئەو نەریتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرپێ دەکەوێت کە کاراکتەرە سەرەکییەکانی تراژیدی یان گێڕانەوە ئەدەبییە مەزنەکان دەبێت شازادە، بنەماڵەی شاهانە و خانەدانە هەرە بەرزەکان بن و ئەمە لە ئەرەستۆوە وەکوو توخمێکی ژانری لێ دێت و دەبێتە دەستوورێکی جێگیر. پێش ئەو بەروارەی باسم کرد گێڕانەوە هەیە کە کاراکتەرە سەرەکییەکانی شازادە و بنەماڵەی شاهانە نییە، بۆ نموونە ئەگەر تەماشای گیلگامێش بکەین، ئەوە بە ڕوونی دەبینین؛ ڕاستە خودی گیلگامێش پاشایە و لە بنەماڵەی شاهانە و یەک لەسەر سێی خواهانەیە بەڵام ئەنکیدۆ کە کاراکتەرێکی تری سەرەکی گێڕانەوەکەیە، نە شازادە و پاشایە و نە سەر بە بنەماڵەی شاهانە  و خانەدانە بەرزەکانە، نەک هەر هیچکام لەوانە نییە بەڵکوو هەر ئەسڵ و فەسڵی دیار نییە و کێوییە. جگە لەوەش لە گێڕانەوەیەکی تری سۆمەرییەکاندا هاتووە کە باخەوانێک – مرۆڤێکی ئاسایی – لەکاتی خەودا لە ئینانا شاخاتوونی بانجیهان و بنجیهان جووت دەبێت؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات دەرفەت بۆ مرۆڤێکی ئاسایی هەڵدەکەوێت لەگەڵ مێخوایەکدا جووت بێت. بەدەر لە هەر خوێندنەوەیەکی ترکە دەشێت هەڵی بگرێت، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بۆ مرۆڤی ئاسایی ئیمکانە شاهانەکان و خواهانەکان بەردەستە. فەرهاد کاراکتەرێکە لەم جۆرە بەڵام بەهۆی جەبرێکی ژانری و ژیارییەوە – ژیاری پاش مادەکان –  بەتۆپزی دەکرێتە شازادە و لە ئەنجامدا بە پارادۆکسێکی کاراکتەرسازی کۆتایی دێت.

رەنگە کەسێک بە پێچەوانەی بۆچوونی منەوە بڵێت، ڕاستە ئەو پارادۆکسە لەئارادایە بەڵام کاراکتەری ڕاستەقینەی فەرهاد ئەوەیە کە شازادەیە نەوەک سەنگتراش یان ئەندازیار، ئەوە شتێکی زیادەیە و بە کاراکتەری فەرهادەوە وەکوو جوانکاریی ئەدەبی نووسێنراوە! ئەم بۆچوونە ڕاست دەبوو ئەگەر هاتبا و پیشەکەی فەرهاد بەشێک نەبووایە لە فەزا و گرێچنی گێڕانەوەکە و تەنیا جوانکارییەکی کاراکتەرسازی بووایە؛ وەک دەبینین ئەوەی لە درێژەی داستانی «شیرین و فەرهاد»دا کار ناکات و هەر زوو لەبیر دەچێتەوە، ئەو ڕەهەندەی کاراکتەری فەرهادە کە شازادەیە. ئەم شازادەبوونە بە هیچ ڕووداو و دیمەنی بنچینەییەوە گرێ نەدراوە و نەبووە بە بەشێک لە گرێچنەکە و هیچ کاریگەرییەکی لە چارەنووسی فەرهادا نییە و نابێتە بەشێک لە کەسایەتی و ململانێ ناوەکی و دەرەکییەکانی فەرهاد؛ هەربۆیە دواجار وەکوو شتێکی دەرەکی وەکوو جەبرێکی ژیاری و ژانری دەمێنێتەوە. فەرهاد هەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە و تاوەکوو مردنی هیچ شتێک لە «شازادەبوون»ـەکەیەوە وەرناگرێت و وەکوو شازادەیەک لە هیچ شوێنێکدا مامەڵە ناکات و شازادەبوونەکەشی یارمەتیدەر یان بەڵا نییە بۆی؛ هەربۆیە تەواو دەرەکی و ناکاریگەرە. لەبەرانبەردا هەر لە دەرکەوتنییەوە، فەرهاد لەرێگەی هێزی دەست‌وبازووییەوە بەدیار دەکەوێت و دەناسرێت، وەکوو نیگارگەر، ئەندازیار یان سەنگتراشێک ئاشق دەبێت، گرەو دەکات و… هتد.

شتێکی تر کە لە فەرهادا هەیە، ئەوەیە کە «کۆکەن/کێوکەنە»، ئەو کەسەیە کە ڕووبەڕووی کێو دەبێتەوە، سەروکاری لەگەڵ کێودا هەیە، کێو هەڵدەکەنێت، دەستکاری کێو دەکات، لە کێو دادەتاشێت و دواجار کێو کون دەکات یان ڕێگەی تێدا دروست دەکات. ئەم ڕەهەندەی فەرهاد بە تەنیشت ئاشقبوونەکەیەوە، لە هەرە دوو زاڵترین و زەقترین لایەنی کاراکتەری فەرهادن بەجۆرێک کە لە ئەدەبی کورد و فارسدا بووە بە میتافۆر و دەتوانین زیاتر لە سەدان بەیتی سەربەخۆ لە شاعیرانی جیاوازەوە، لێرەدا لەم بارەوە دابنێین کە جەخت لەم دوو لایەنە دەکەنەوە. ئەگەر خوسرەو پاشایە و خاوەن دەسەڵات، ئەگەر شیرین شاژنێکی جوان و بێئەندازە دڵڕفێنە، ئەوا فەرهاد کێوکەن و ئاشقە. لێرەدا دەبێت پرسیارێک قووت بکەینەوە بۆچی بۆ فیردەوسی، کاراکتەری «فەرهاد» هیچ گرنگییەکی نییە و لە گێڕانەوەکەی ئەودا نییە ئەو کاتەی باسی شیرین و خوسرەو دەکات؟ ڕەنگە یەکەم وڵام ئەوە بێت کە فیردەوسی زیاتر پشت بە گێڕانەوە مێژووییەکان دەبەستێت بەڵام ئەم وڵامە لاوازە، چوونکە ئەوەی فیردەوسی نووسیوویەتی، ئەدەبە نەوەک مێژوو و لە پێش ئەو و لە سەردەمی ئەودا نەریتی مێژوونووسی لەم ناوچەدا لە ئارادا بووە و بەشێک لە سەرچاوەکانی خۆی لەو کتێبانەوە وەرگرتووە؛ وڵامە نزیکترەکە ڕەنگە ئەمە بێت: فیردەوسی هیچ کاری بە کاراکتەری «فەرهاد» نییە، بۆ ئەو، جگە لە سەرئێشە و وەڕسکەرێک هیچی دیکە نییە، هەر بۆیە لەلای ئەو دەرناکەوێت؛ ئاخر چۆن دەبێت لەلای لایەنگری سەرسەختی ساسانییەکان و ئاینی زەردەشتی، کاراکتەرێکی دژبەر و تێکدەر بە ناوی «فەرهاد»ـەوە دەربکەوێت. ئەمەش جارێکی تر گرنگی کاراکتەری فەرهاد پشتڕاست دەکاتەوە.

مێهرداد ئێزەدی لەبارەی داستانی «شیرین و فەرهاد»ـەوە لەهەمبەر کاراکتەری فەرهاد، ئاماژە بەوە دەدات کە فەرهاد خیانەتکار و ناپاکە، ئەویش نەک بەرانبەر خوسرەو شا بەڵکوو بەرانبەر کوردەکان؛ چونکە فەرهاد «کێو» هەڵدەکەنێت و کێو قەڵا و پشتوپەنای کوردانە یان بۆ کوردەکان هیچ دۆستێک نییە جگە لە کێوەکان. فەرهاد کێو هەڵدەکەنێت، بەو کارەی خەریکە لە قەڵای کوردەکان دەدات و قەڵاکە ڕادەستی دوژمنان دەکات یان ئەوەتا ڕێگە بۆ دوژمنان خۆش دەکات تا دڵی کێوەکان بڕۆن و کوردەکان داگیر بکەن. بەهەر جۆرێک بێت لەم خوێندنەوە سیاسییەدا، مێهرداد کاراکتەری فەرهاد وەکوو ناپاکێک دەخاتە ڕوو. ئەم خوێندنەوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر مێشکی داگیر کردبووم، بەر لەوەی بیر لە نووسینەوەی داستانی «شیرین و فەرهاد» بکەمەوە، ئەم بیرۆکەیەم لەلا بوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا هەستم دەکرد تەواو نییە و خەلەلی تێدایە، وای بۆ دەچووم ئەم خوێندنەوەیە ڕاستی تێدایە بەڵام هەمووی ڕاست نییە. زۆر دواتر پەیم بەوە برد ڕاستە فەرهاد خیانەتێک دەکات بەڵام خیانەتەکەی نە سیاسییە و نە سێکسواڵە، شتێکە زۆر لەوە زیاتر و ئاڵۆزتر.

بەشێکی ڕاستی خوێندنەوەکەی مێهرداد بۆ من لەوەدا خۆی دەبینییەوە کە داستانی «شیرین و فەرهاد» گێڕەرەوەی گەورەترین زەبری کوشندەیە کە بەر کورد کەوتووە و ئەو داستانە شایەتی ئەوە دەدا، کورد لە کارەسات، گەورەتری بەسەردا هاتووە، شتێک کە دەست بۆ مانا ئۆنتۆلۆژییەکانی بوونی کورد دەبات و ئەم دەستوەردانە تا سەر مۆخی ژیاری دزە دەکات؛ ڕووداوێکی ئەوەندە گەورە ناکرێت تەنیا شتێکی سیاسی بێت؛ بەڵام نەک لە کاراکتەری فەرهادا بەڵکوو لە کۆی داستانەکەدا ئەمە روو دەدات؛ ئەگەرنا کاراکتەری فەرهاد لە داستانی «شیرین و فەرهاد»دا وەکوو نامۆ یان غەریبەیەک دەمێنێتەوە، وەک کێوییەک کە فڕی بەو جیهانەوە نییە و داواکارییەکانیشی بەهەمان شێوە؛ چارەنووسی ئەوەیە بە تەنیایی لە کێودا بمرێت و هەموو ئەو گفت و بەڵێنانەی جیهانی دەرەوەی کێوەکە پێی دەدەن وەکوو درۆیەکی فریودەر بمێنێتەوە.

ئەوە ڕاستە کە کێوەکان کوردەکان دەپارێزن بەڵام ئەوە دوایین کارکرد و ئەرکی شاخەکانە و سەرەتاییترین شتە لەو بارەوە کە درکی پێ بکەین. کێو بۆ کوردەکان پیرۆز بووە و موقەدەسترین شوێن بووە. لە زمانی سۆمەریدا وشەی «کور» هاوکات بەمانای کێو، بەرزەنشین، سەرزەمینی بێگانە، بنجیهان و ئەرزی دوژمن هاتووە. زنجیرەی چیای زاگرۆس کە خۆجێیەکانی لێ بووە و کوردەکانی ئێستا لە وەچەی ئەوانەن، دەکەوێتە ڕۆژهەڵات و باکوری سۆمەرییەکانەوە کە کێوە بەرزەکانی لێ بووە و نیشتمانی کوردەکان بووە. سۆمەرییەکان پەیوەندییەکی جووتهەستیانەیان بەرانبەر کێوەکان هەبوو، هەم وەک بێگانە و دوژمن بینیویانە و هەم وەک بنجیهان و پیرۆزی؛ ئەم مانایە لەلای کوردەکانیش هەبووە، بە جیاوازی ئەوەی هەڵگری مانای دوژمن نەبووە. لەلای هۆرییەکان کێوەکان تەنیا مانای سروشت و جوگرافیایان هەڵنەگرتبوو بەڵکوو مانای گەردوونناسی، یەزدانی و سیاسییان هەڵگرتبوو. بۆ هۆرییەکان، شاخەکان دەرکەوتەی خواهانەی زیندوو بوون کە دەیان توانی ببینن، ببیستن، شاهیدی پەیمانبەستن بن، پێشکەشەکان وەربگرن، کردەی سیاسیان هەبێت، واتە کێوەکان دەرکەوتەی ڕاستەقینەی یەزدانێتی بوون نەوەک هێما یان سیمبولی خواکان. هەربۆیە لە گێڕانەوە کوردییەکانی داستانی «شیرین و فەرهاد»دا بەر ئەوە دەکەوین، کە شاخەکە لەگەڵ فەرهادا قسە دەکات و پێشوەختە چارەنووسی خۆی پێ دەڵێت، تەنانەت ئەوەشی پێ دەڵێت بۆ لەگەڵ خوسرەو گرەوت کردووە یان پەیمانت بەستووە! پێی دەڵێت کە ئەم پەیمانە سەرت دەخوات و دەتکوژێت. هەموو ئەمانە ڕەگەزی هۆرین کە لە گێڕانەوە کوردییەکاندا ماونەتەوە.

لەم سۆنگەوە مانای کێوهەڵکەندن و کێوکونکردنی فەرهاد زیاتر ڕوون دەبێتەوە، وێڕای ئاگادارکردنەوەکەی لە لایەن شاخەکەوە، فەرهاد هەر بەردەوام دەبێت، واتە فەرهاد بە زانینەوە دەست بۆ ئەو قەدەغەشكێنییە دەبات کە خەریکێتی و کەسێکە کە تەنیا بەو دەکرێت ئەو سنووربەزێنییە ئەنجام بدات. بۆ من فەرهاد نەیدەتوانی لەمانا حەرفییەکەیدا کێوکەن بێت، ڕاستە ئەو کارەی دەکرد بەڵام ئەوە بەهۆی ئەوەوە بوو کە سەردەمەکەی و پارادایمەکەی گۆڕا بوو، ئەگەرنا لە ڕاستیدا قەدەغەشکێنییەکەی فەرهاد شتێکی تر بوو. کێوهەڵکەندن کردەیەکی ڕەمزییە کە تاوەکوو بیرمان بەلای ئەوەدا ببات کە فەرهاد لەناو پیرۆزییەکاندا دەرگیری قەدەغەشکێنی بووە، کاراکتەرێکی سیاسی نەبوو تاوەکوو خیانەت یان ناپاکی سیاسی ئەنجام بدات، ئەگەر وا بووایە دەبوو فەرماندە بوایە نەوەک نیگارگەر. بەم جۆرە درکم بەوە کرد فەرهاد دەبێت سەروکاری لەگەڵ شکاندنی پیرۆزییەکانی کوردەکاندا بووبێت، ئەویش بە ڕێگەیەک نا کە سەرلەبەری خراپ بێت، چونکە ڕوانگەی هۆری و مادەکان، شەڕ و خێری موتڵەقی هەڵنەگرتووە وەک لە ئاینی مەزداپەرستی (زەردەشتیگەری)دا لەئارادایە. زۆری ویست تا مێشکم بەلای مۆسیقادا ڕۆیشت، واتە بۆ ئەوەی فەرهاد لە کێوکەنەوە (رەمزی) بگۆڕم بۆ مۆسیقار و تەنبوورژەن (واقیعی). مێهرداد بەهار ئوستوورەناسی ئێرانی باس لەوە دەکات کە ئایینە کۆنە پێش ئاری-سامییەکان لەناو کوردەکاندا ماوەتەوە، ئەویش پاش چەندین کەوڵگۆڕین. ئاینە کوردییەکان وەک ئێزەدی و یارسان و ڕێبازە ئایینیە کوردییەکانی ناو ئیسلام وەک تەسەوف، بە قووڵی گرێدراوی مۆسیقان، ئەویش نەک هەر لەسەر ئاستی خودی ژەندن بەڵکوو بەناو تانوپۆی یەزدانناسیاندا ڕۆ چووە و مەراسیم و ڕێوڕەسمەکانیان ئەوەندەی سەر بە مۆسیقایە و جووڵەیە نیوهێندە سەر بە وشە و سکون نییە. جگە لەوەش مۆسیقا بۆ هۆرییەکان و مادەکان زۆر بنەڕەتییە و بەشێکی بنچینەیی لە ژیارەکەیان پێک دەهێنێت. هەروەها عەلی ئەکبەری مورادی باس لەوە دەکات تەنبوور دێرینترین ئامێری مۆسیقای ئەگەر نەڵێین جیهان لانیکەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە کە تا سەردەمی ئێستا ماوەتەوە، ئەویش نەک تەنیا وەکوو ئامێرێک بەڵکوو بە تەرز یان مەقامە مۆسیقاییەکانییەوە ماوەتەوە کە جیاوازە لە هەر جۆرە مۆسیقایەکی تر. هەموو ئەمانە و هەندێ شتی تریش وای کرد فەرهاد لە کێوکەنەوە بۆ فەرهادی تەنبوورژەن بگۆڕم. هەمان کردەی ڕەمزی کێوهەڵکەندن ئەنجام دەدات، واتە هەمان قەدەغەشکێنی ئەنجام دەدات ئەویش لەناو مۆسیقادا کە کرۆکی پیرۆزی مادەکان، هۆرییەکان بوو.

ئەمە دیوێکی کێوهەڵکەندەکە بوو، کە بەڕای من دیوە بچووکەکەی بوو کە بە دەستی خودی کوردەکان خۆیان بووە، دیوێکی تری بەدەستی کوردەکان نەبوو؛ دیوە هەرە مەترسیدارەکەی، ئەو دیوەی کە وتم ئەو داستانە شایەتی ئەوە دەدا کورد لە کارەسات گەورەتری بەسەردا هاتووە، شتێک کە دەست بۆ مانا ئۆنتۆلۆژییەکانی بوونی کورد دەبات و ئەم دەستوەردانە تا سەر مۆخی ژیاری دزە دەکات؛ ڕووداوێکی ئەوەندە گەورە ناکرێت تەنیا شتێکی سیاسی بێت؛ بەڵام نەک لە کاراکتەری فەرهادا بەڵکوو لە کۆی داستانەکەدا، ئەوەش هەڵکەندی کێوی بێستوونە لە لایەن داریوشی یەکەمەوە – دامەزرێنەری ئەخامینی – بە مەبەستی سەرکەوتنی بەسەر کوردەکان و هاوپەیمانەکانی کوردەکاندا. پێش داریوشی یەکەم مادەکان بەو شێوەیە کێوەکانیان هەڵنەکۆڵیوە و دانەتاشیوە – کردوویانە بەڵام وشەیان لەسەر نەنووسیوە و نیگاریان کێشاوە، ئەویش لە ئەندازەی زۆر گەورەدا نا؛ چونکە کێو لەلای مادەکان زۆر پیرۆز بووە و جۆرێک بووە لە ئاستانەی یەزدانێتی. داریوشی یەکەم گەورەترین بەردنووسی هەموو سەردەمی دێرینی تا ئەو سەردەمە لەسەر هەڵدەکۆڵێت کە هاوکات وێنەی خۆی و ئەوانەی شکستی داون لەوێدا بە نیگارگەر و سەنگتراشەکان دادەتاشێت. لەڕووی ڕەمزییەوە ئەمە گەورەترین سووکایەتییە کە داریوش بە مادەکان (کوردەکان)ـی دەکات چ وەک لایەنی پیرۆزی چ وەک لایەنی ژیاری، سەربازی، سیاسی و… هتد. بێگومان ئەمەی هەروا بەئاسانی بۆ نەچووەتە سەر؛ داریوشی یەکەم گەورەترین شەڕی جیهانی هەموو سەردەمی دێرین تا ئەو کاتە لە دژی کوردەکان هەڵدەگیرسێنیت؛ خوێناویترین و توندوتیژترین شەڕ کە ڕووی کوشتار و کۆمەڵکوژی ئاشورییەکان سپی دەکاتەوە؛ شەرێک کە بەپێی سەرچاوەکان نزیکەی ملیۆنێک کەس تێوەی دەگڵێت و تێیدا بەشدار دەبێت، لەو ژمارەیە ٣٠٠ هەزار کەسیان مادییە؛ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لەو جەنگەدا دەکوژرێت کە نزیکەی ٦٠هەزار کەس لە کوژراوەکان مادین…

لەکاتی نووسینەوەی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» ئەمەم لەبەرچاو بووە، هەربۆیە دێرینترین چیرۆکی ئاشقانەی کوردەکانم گێڕاوەتەوە کە لەگەڵ خۆیدا مەزنترین شەڕی جیهانی سەردەمی دێرینیش دەگێڕێتەوە، ئەو شەڕە گەورەی کە لە پێش سەردەمی دێریندا گەورەترین جەنگی جیهانی بووە. لە هەناو ئەو شەڕە گەورەیەی کە کوردەکان بەرانبەر داریوش و ئاریاییەکان دەیکەن و تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی ماوە. کوردەکان بۆ ئەوەی ئەو جەنگە گەورەیە هەرگیز لەیاد نەکەن؛ ئەوا تێکەڵ بە گەورەترین چیرۆکی ئاشقانەی هەموو سەردەمەکانی خۆیانیان بەشاراوەیی کردووە و منیش پاش کەشفکردنی لە «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» نووسیمەوە.

 

پشتیوان عەلی: بۆ نووسینەوەی شیرین و فەرهاد زمانێکی تایبەتت داهێناوە کە نە کەونارایە و نە مۆدێرنە؛ شتێکە لەو بەینەدا، پێم خۆش بوو لەپەیوەند بەم زمانەوە ئاماژە بە چەند وشەیەک بدەم کە لە فەرهەنگی کۆتایی ڕۆمانەکەشدا ڕوونت کردوونەتەوە لەوانە دێونەسە، بەگۆ، ڤەگۆ و مەگۆ. ئەم وشانە وەک دیارە پەیوەندییان بە یۆنانیشەوە هەیە؟

زەردەشت نورەدین: خۆی لە ڕاستیدا ڕۆماننووسە گەورەکانی جیهان، هەردەم ئەو زمانەی پێی دەنووسن جیاوازە لەو زمانەی خەڵکی قسەی پێ دەکەن و خۆیان داهێنەری زمانی جیهانی ڕۆمانەکانیانن و ئەم داهێنانە بەزۆر ڕێگا دەکەن. جا لێرەدا پێم خۆشە ئەوە وەبیر بهێنمەوە، کاتێک باس لە زمان لە ڕۆماندا دەکەین، دەقاودەق مەبەستمان ئەو تێگەیشتنە بۆ زمان نییە کە لەلای هەرکەس هەیە؛ تێگەیشتنی ئاسایی بۆ زمان، زمان وەکوو زمانە جیاوازەکان – زمانی کوردی، زمانی ئینگلیزی، زمانی عەرەبی، زمانی کۆری، زمانی فەڕەنسی و… هتد –  فەهم دەکات؛ هەرکام لەم زمانانە لەویتریان بە تەواوی جیاواز و جودان. کاتێک باس لە زمان لەپەیوەند بە ڕۆمانەوە یان زمانی ڕۆمان دەکەین، مەبەستمان ئەم تێگەیشتنە بۆ زمان نییە و بەبێ دەستبەرداربوونی ئەم تێگەیشتنە ناتوانین لە زمانی ڕۆمان تێ بگەین. کاتێک دەڵێین زۆربەی ڕۆماننووسە گەورەکانی جیهان ئەو زمانەی ڕۆمانی پێ دەنووسن، هەمان زمان نییە کە خۆی و هاوزمانەکانی قسەی پێ دەکەن، بۆ نموونە مەبەستمان ئەوە نییە ڕۆماننووسەکە خۆی بە کوردی قسە دەکات و ڕۆمانەکەی بە ئینگلیزی نووسیوە، یان ڕۆماننووسەکە خۆی بە کوردی قسە دەکات و ڕۆمانەکەی بە عەرەبی نووسیوە؛ مەبەستمان ئەوەیە ڕۆماننووسەکە خۆی بە کوردی قسە دەکات و ڕۆمانەکەشی هەر بە کوردی نووسیوە بەڵام دوو زمانی کوردی جیاوازە. جارێکی تر دەبێت دوو تێگەیشتنەکە بۆ زمانی کوردی جیاواز لەیەکدی جودا بکەینەوە؛ لێرەدا مەبەست لە زمان زار، بن‌زار، شێوەزارێکی تایبەت نییە کە ڕۆماننووسەکە خۆی بە یەکێکیان قسە دەکات و ڕۆمانەکەی بەوەی تریان دەنووسێت، بۆ نموونە ڕۆماننووسەکە خۆی بە زاری کوردی ناوەڕاست (سۆرانی) دەدوێت و ڕۆمانەکەی بە کوردی ژووروو (کرمانجی) دەنووسێت؛ ئەمە دوورە لە تێگەیشتنی زمانەوە بۆ ڕۆمان. تەنانەت ئەوەش زمانی جیاوازی ڕۆمان دروست ناکات کە ڕۆماننووسەکە خۆی بە شێوەزاری سلێمانی قسە دەکات و بە شێوەزاری هەولێری ڕۆمان دەنووسێت، یان ڕۆماننوسەکە خۆی بە شێوەزاری موکریانی قسە دەکات و لە ڕۆمانەکەیدا چەندین شێوەزاری جیاواز تێکەڵ دەکات؛ دیسانەوە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ زمان و شێوەزارەکانی ناتوانێت زمانی جیاوازی ڕۆمان بەرهەم بهێنێت. بە کورتی هەموو ئەم تێگەیشتنانە بۆ زمان بەدوورە لە تێگەیشتن بۆ زمان لەناو ڕۆماندا و بەو تێگەیشتنانەی خرایە ڕوو ناکرێت زمانی جیاوازی ڕۆمان دابهێنرێت و کاتێک وتم هەموو ڕۆماننووسە گەورەکانی جیهان بە زمانێکی جیاواز لەوەی خۆیان و هاوزمانەکانیان پێی دەدوێن، ڕۆمانەکانیان دەنووسن، مەبەستم بەهیچ جۆرێک ئەم جۆرە تێگەیشتن و مامەڵانە نەبوو لەگەڵ زماندا.

ئەوە ڕاستە ڕۆماننووسە گەورەکان هەردەم زمانی جیاواز بۆ نووسینی ڕۆمانەکانیان بەکار دەبەن، لاریمان لەمە نییە بەڵام ئەم جیاوازییەش ئاستی هەیە و ئەو ئاستەش زیاتر ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دیاری دەکات کە بە چ ئەندازەیەک لە فۆرمدا ڕەنگ بداتەوە؛ بۆ نموونە فلۆبێر مادام بۆڤاری بە زمانێک دەنووسێت کە بەبەراورد بەو زمانەی سالامبۆی پێ نووسیوە کەمتر لە زمانی ئاخاوتنی خۆی و هاوزمانەکانی هاوسەردەمەکەی مەودای هەیە. بەدەربڕینێکی تر ئەو جیاوازی و مەودایەی زمانی ڕۆمانی سالامبۆ – ڕۆمانێکی مێژووییە – لەگەڵ زمانی ڕۆژانەدا دروستی دەکات هیچ کام لە ڕۆمانەکانی تری فلۆبێر بە مادام بۆڤاریشەوە دروستی ناکات و ئەم مەودا زۆرە لە جیاوازی، سەردەمە دوورەکەی ڕۆمانەکە، کە سەردەمی ڕۆم و کارتاژە بە پلەی یەکەم دروستی کردووە. ئەمە تەنیا بۆ فلۆبێر ڕاست نییە دەتوانین لەپەیوەند بەمەوە ئاماژە بە ئیمبێرتۆ ئیکۆ بدەین کە زمانی ڕۆمانی «ناوی گوڵەباخ»ـی لە زمانی هەموو ڕۆمانەکانی تری جیاوازترە؛ ئەمە بەهەمان شێوە بۆ زمانی ڕۆمانی «یوسف و براکانی»ـی  تۆماس مان و زمانی ڕۆمانی «نۆتردامی پاریس» ـی هۆگۆ ڕاستە کە لە تەواوی ڕۆمانەکانی تریان، زمانەکەیان جیاوازترە و مەودایان لە زمانی سەردەمەکەیان زۆرترە.

بە تەنیشت ئەو ڕۆمانانەی تر کە باسم کردن، ڕۆمانی «شای ئەنگوستیلەکان»ـی تۆڵکین نموونەیەکی دانسقەیە، بۆ دروستکردنی زمانی تایبەت بە ڕۆمان. ئەم ڕۆمانە خێراتر و زەقتر لە زۆر ڕۆمانی تر ئەوەی تێدا بەدیار دەکەوێت کە زمانەکەی جیاواز و تایبەتە، زمانی داهێنراو و ئافرێنراوە بۆ گێڕانەوەی کۆمەڵێک چیرۆک و بەسەرهاتی ناو جیهانێکی دیاریکراو. لەم بارەوە تۆڵکین پێی وایە کە داهێنانی زمان بۆ نووسینی ڕۆمان بنەڕەتی و بناغەییە و ئەوە دواترە کە چیرۆکەکان دێن، واتە چیرۆکەکان سەر بە جیهانی زمانەکەن نەوەک زمانەکە سەر بە جیهانی چیرۆکەکان بێت. بۆ من ئەم ڕوودانە هاوکات بوو، ئەوە نەبوو پێشتر زمانێکم داهێنابێت یان زمان لەلام لەپێشتر بێت، ڕەنگە بۆ تۆڵکین ئەمە بەهۆی کاریگەری میراتی ئاینی ئیبراهیمییەوە بێت کە وشە یان زمان لە سەرەتادا هەیە و پێش هەموو شت، تەنانەت پێش بوونیش دەکەوێت. بۆ من هەردووکی هاوکات بوو، پێش ئەوەی بیر لە زمان یان چیرۆک، گرێچن و… هتد بکەمەوە، بیرم لە شێوەژیانێکی سەردەمێک دەکردەوە، بیرم لە جیهانێک دەکردەوە کە زمان بەشێک بوو لێی و پێکەوە بەشەکان هاتن و لە مێشکمدا ڕوون بوونەوە دواتر، پرۆسەی ڕۆماننووسین دەستی پێ کرد. کاتێک شێوەژیان، سەردەم و جیهانە دیاریکراوەکە لە زیهنمدا دروست بوو، کاتێک چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان، تاقم و دەستە کولتوورییەکان، پانتاییە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ئاست و پێگە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، هۆز و بنەماڵە جیاوازەکان، تێڕوانین و جیهانبینییەکانی تاک و دەستەکان دروست بوون، ئەوکاتە هەرکام لەوانە لەگەڵ خۆیاندا زمانی تایبەت بە خۆیان هێنا. ئەگەر نموونەیەک لە ڕۆمانەکەم بهێنمەوە دەبێت بڵێم، مەگۆکان زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، بارەگای شاهانە زمانێکی تایبەت بەخۆیان هەیە – لەگەڵ ئەوەشدا پاشا و خاتوونشا لە بەینی خۆیاندا بە زمانێکی جیاوازتر لە زمانی فەرمی بارەگای شاهانە قسە دەکەن – جەنگاوەرەکان یان جووتیارەکان زمانی تایبەتی خۆیان هەیە، مەگۆکان کە سەر بە ئاینێکی دیاریکراون، زمانیان جیاوازترە لە زمانی ئاینی زەردەشت و مەزداپەرستی؛ هەروەها ئەو زمانەی ئیشتەڤەگۆ قسەی پێ دەکات کە هەر سەر بە بارەگای شاهانەیە، بەهۆی کولتوورییە مادییەکەوە جیاوازە لەو زمانەی داریوش سەر بە بارەگای شاهانە قسەی پێ دەکات بەهۆی کولتووری ئەخامینییەکانەوە. بە تەنیشت ئەم جیاوازییە زمانییانەی ناو سەردەمەکەوە، زمانی هەموویان تێکڕا لە زمانی ئێمە کە قسەی پێ دەکەین جیاوازترە… جا پێم خۆش بوو بڵێم دروستکردنی زمانی تایبەتی ڕۆمان، تەنیا بە هەندێ وشەی وەک دێونەسە، بەگۆ، ڤەگۆ و مەگۆ دروست نابێت، ئەمانە تەنیا بەناو دروستکردنەوەی ئەوانەی کە ئاماژەم پێ دا مانادار دەبن.

ئەو لێکۆڵەر، زمانناس و زمانەوانانەی لەناو کوردا وەکوو کەرەستە بۆ دروستکردنی زمانی ڕۆمانەکە سوودم لێ بینین ئەمانە بوون: تۆفیق وەهبی، مێهرداد ئێزەدی، شاسوار هەرشەمی، هێرش قادری و فازڵ ئوسوڵیان. بە تەنیشت ئەمانیشەوە سوودم لەو زمانناس و زمانەوانە بیانیانە بینییەوە کە لەسەر زمانی ئاڤێستا، زمانی مادی، زمانی پاڵەیی، زمانی هۆری و زمانی سۆمەری کاریان کردووە. هەموو ئەم کەرەستانە بەشێکن لە ئافراندنی زمان وەکوو ماک، بەشەکەی تری دەکەوێتەوە سەر نووسەرەکە خۆی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و لە کوێدا بەکاریان دەبات؛ بێگومان دەبێت ئەوەش بڵێم کە بە یەک ئەندازە لە تێگەیشتنە زمانییەکانیانەوە نزیک نەبووم و هەندێکیان دوورتر و هەندێکیان نزیکتر؛ دواجار بەناو ئەوانەدا توانیم زمانێک بۆ ڕۆمانەکەم دابهێنم کە ڕاستەوخۆ نەڕواتەوە سەر تەواوی تێگەیشتنەکانی ئەوان و هاوکات لە هی ئەوانیش دابڕاو نەبێت، شتێک کە تایبەت بێت بە ڕۆمانی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان». ئەمەش یارمەتی دام زمانێک دابهێنم کە وەک ئاماژەتان پێ دا نە کەونارا بێت و نە مۆدێرن شتێک بێت لەو بەینەدا؛ ئاخر ئەگەر تەواو کەونارا بووایە ئەوا خوێنەر لەگەڵی نەیدەتوانی پەیوەندی بگرێت و خوێندنەوەی زۆر ئەستەم دەبوو و ئەگەر مۆدێرنیش بووایە ئەوا خوێنەر هەستی نەدەکرد دەربارەی سەردەمێکی تر دەخوێنێتەوە و هەموو جیاوازییەکانی شێوەژیانی ناو ڕۆمانەکە وەک هی ئەم سەردەمە فەهم دەبوو.

ئینجا سەبارەت بە وشەکانی دێونەسە، بەگۆ، ڤەگۆ و مەگۆ. ئەم وشانە بە تەنیشت وشە داهێنراوەکانی تری ناو ڕۆمانەکەوە، بەر لەوەی تەنیا داهێنانێکی زمانی ڕووت بێت، دروستکەرەوەی ژیار و شێوە ژیانێکی دیاریکراون؛ ئەم وشانە و وشەکانی تریش ئەوەندەی بۆ ناو ڕۆمانەکە و بۆ ئەو ژیار و شێوە ژیانە مانادارە نیوهێندە بۆ دەرەوەی ئەوە مانادار نییە. نامەوێت بڵێم لە دەرەوەی ڕۆمانەکە هیچ مانایەکیان نییە، چونکە وانییە و نامەوێت بڵێم لە زمانی ڕۆژانەی ئەمڕۆماندا بە تەواوی مانادارە، چونکە ئەمەش نییە. ئەم وشانە بە تەنیشت وشە داهێنراوەکانی تری ناو ڕۆمانەکەوە، دەتوانن دەرچە و ئاستانە بن و بەسەر ڕوانین، بینین، تێگەیشتن، هەستکردنی جیاوازدا بمان کەنەوە و پچڕان لە مانا باوە دووبارەکاندا دروست بکەن و جۆرێک لە مانای نوێ بخەنەوە؛ یان ڕەنگە توانای ئەوەیان هەبێت ئەو تێگەیشتنەمان لەلا دروست بکەن کە وشەکان بە تەنیا هەر وشەی ختوخاڵی نین کە پەیامێکی ئان‌وساتی بگوازنەوە، بەڵکوو خۆیان هەڵگری ژیار و سەردەمە جیاوازەکانن، خاوەنی یادگە و یادەوەری خۆیانن و ئەوەش لە ڕێگەی مانا جیاوازەکانی هەر وشەیەکەوە دەردەکەوێت کە بەگوێرەی سەردەمە جیاکان و پێداویستییە جیاوازەکان، مانای جودایان لێ بار کراوە کە دواتر لە درێژەی زەمەندا بووە بە بەشێکی جەوهەری و دانەبراوی مانایی وشەکە. بە تێگەیشتنی مێهرداد ئیزەدی ژیاری کورد ژیارێکی فرەچینە و ئەمەش هەروەها لەناو زمانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە دەتوانن بەجیا لە زانیارییەکانی تر و بە تەنیشت ئەوانەوە، دەرفەتی باشتر تێگەیشتنی مێژوو، زمان، ژیار و کولتوورمان بۆ برەخسێنن و لەوێشەوە باشتر لە دونیا و جیهانی ئێستامان تێ بگەین.

لە ڕێگەی ئەم وشانەوە کە خۆیان لە زمانی مادی و کوردیدا هەن، بە هەندێک دەستکارییەوە دام ڕشتوونەتەوە؛ ویستوومە ئەو وەرگرتن و لێکنزیکییە نیشان بدەم، کە لە نێوان ژیاری ماد و یۆناندا هەبووە؛ بۆ نموونە وشەکانی (Bacchae) بەخەی، بەکەی، [بەگەی] یۆنانی و وشەی (Dionysus) دیۆنیسوس بە شێوەی «دیونیسو»ش هەبووە، لە زمانی مادیشدا وشەی بەگە هەیە کە بۆ خوا بەکار براوە و نازناوی میتراش بووە. هەروەها لەلای مادەکان دێوێک هەبووە بە ناوی نەسە کە بەسەریەکەوە دەبێتە دێونەسە. لە ڕاستیدا ناوەڕۆکی دیونیسوس زیاتر لە بەگەوە نزیکە وەک لە دێونەسەوە… بەهەرحاڵ ئەوە باسێکی دوورودرێژە، کە لێرەدا دەرفەت نییە لەسەری بدوێم. هەروەها وشەی «مەگۆ»ش کە بۆ یۆنانییەکان بە مەگی پەڕیوەتەوە و دواتر لەناو زمانە ئەوروپییەکاندا بووە بە مەجیک یان جادوو. ئەمانە تەنیا وشە نەبوون کە گواستراونەتەوە، بەمانەیەک دەشێت بڵێین ئەمانە جۆرێک لە «بنەدەق» بوون و لەناو زمانی یۆنانیدا لە «بەرەدەق»ـی جۆراوجۆردا بەدیار کەوتوون یان خۆیان «بەرەدەق»یان دروست کردووە. ئەمەش شتێکی ئاساییە و ژیار و شارستانییەتەکان بەو جۆرە کارلێکیان لەگەڵ یەکدی کردووە. ئێستا دەتوانم بڵێم کە بۆچی داستانی «شیرین و فەرهاد» وەک ئیمکان ناکرێت ئیمکانێکی بەدیهاتووی سەردەمی ساسانییەکان بێت؛ کەچی ئەگەر کەسێک هات وتی: «داستانی شیرین و فەرهاد دەشێت ئیمکانێکی بەدیهاتووی سەردەمی یۆنانییە کۆنەکان بێت»، بەبێ دوودڵی دەڵێم ئەوە شتێکی ڕێتێچوە! بەڵام دووبارەی دەکەمەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان نەکردەیە.

 

پشتیوان عەلی: یەکێکی تر لە خاڵە سەرنجکێشەکانی ڕۆمانەکە، ئەوەیە حەکایەت و مێژووت وەها تێهەڵکێش کردووە کە جۆرێک لە ئاڵۆزی و بەیەکداچوونی لە نێوان واقیع و خەیاڵدا بەرهەم هێناوە کە قوورسە بزانیت کامە واقیعی مێژووییە و کامە خەیاڵی ئەدەبییە؛ لێرەدا قەلەقیەک بۆ خوێنەری ئاسایی دروست دەبێت ئایا ئەوەی دەیخوێنمەوە خەیاڵە و دوورە لە ڕاستی ئەو سەردەمەوە یان بەر واقیعی مێژوویی ئەو سەردەمە دەکەوین؟ هەروەها بۆ ئەو خوێنەرانەی کە خۆیان پێشزەمینەی خوێندنەوەیان لەبارەی مێژووی دێرینی کوردەوە هەیە، چاوەڕواننەکراو دەبێت و ڕەنگە بەوە تۆمەتبارت بکەن کە مێژووت شێواندووە یان کەوتوویتە ناو هەڵەی مێژووییەوە؟

زەردەشت نورەدین: پرسیارەکەت لاوەکی یان پەراوێزی نییە و ڕاستەوخۆ لە دڵی ڕۆمانی مێژوویی دەدات کە چییە و دەتوانێت چی بکات؛ ئەو نیگەرانییەی خوێنەرە ئاساییەکە هەیەتی – ئایا خەیاڵ (هەڵبەست) دەخوێنێتەوە یان بەر واقیعی مێژوویی دەکەوێت – شتێکی ڕێکەوت نییە کە ڕۆمانەکەی من لە مێشکیدا دروستی کردبێت، هەر لە بنەڕەتەوە ڕۆمانە مێژووییە بەرز و مەزنەکان پرسیاری وەها لە زیهنی خوێنەردا دروست دەکەن و ئەگەر ڕۆمانێکی مێژوویی نەیکات؛ ئەوا سەرەتا لە ئاستی فۆرمدا شکستی خواردووە و ڕۆمانەکەی بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک زانیاری مێژوویی کورت بووەتەوە، ئەو شتەی کە کتێبی مێژوویی بە شێوەی باشتر دەیکات؛ دواتر لەسەر ڕۆنانی ئاستە قووڵەکەی ڕۆماندا شکستی خواردووە کە دنەی هزر و بیرکردنەوە بە شێوەیەکی ڕۆمانگەرایانە دەدات، ئادۆرنۆ وتەنی مێشک بۆ دەرەوەی ڕۆمانەکە ئاراستە دەکات.

بەدەربڕینێکی تر ڕۆمانی مێژوویی – یان ڕۆمانە مەزنەکان ئەگەر مێژوویش نەبن بە شێوەی خۆیان – لێڵی و ئاڵۆزییەکی وەڕسکەر لە نێوان واقیعی مێژوویی یان هەر واقیع و خەیاڵدا دروست دەکەن، ئەمەش نەک هەر شتێکی ڕەوایە بەڵکوو شتێکی حەتمییە کە گرێدراوی بابەت و فۆرمە. دژواری لە جیاکردنەوەی «ئەوەی بە واقیعی ڕووی داوە» لەوەی کە  «خەیاڵکراو و خەیاڵکردە» بەهۆی بێباکی، سەرگەردانی یان نابەرپرسیاری من وەک ڕۆماننووس نییە، زیاتر بۆ کڕۆکی فۆرمی ڕۆمان دەگەڕێتەوە کە خۆی دەبێتە نێوانگری هەڵبەست (فیکشن) و واقیع.

نیگەرانی خوێنەرە ئاساییەکە – ئەوەی دەخوێنێتەوە هەڵبەستە (فیکشنە) یان ڕاستی مێژوویی؟ – و گومانی خوێنەرە پێشزەمینەدارەکە – نووسەرەکە مێژووی شێواندووە یان کەوتووتە هەڵەی مێژووییەوە – هەردووکیان لەو پێشگریمانەوە سەرچاوە دەگرن کە پێی وایە مێژوو وەکوو ئۆبێکتی جێگیر بوونی هەیە کە دەشێت یان وەکوو خۆی بەرهەم بهێنرێتەوە یان ئەوەتا هەڵە بەرهەم بهێنرێتەوە یان بە قەست بشێوێندرێت. ڕۆمانەکەی من هەر لە بنەوەڕا دژ بەم پێشگریمانە پۆزەتیڤیستییە بۆ مێژوو نووسراوە.

بۆ ئەوەی بەشیاوی وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، سەرەتا دەبێت سێ ڕژێمی تەواو جیاوازی «زانینی مێژوویی»  لە یەکدی جیا بکەمەوە کە سێ کایەی مەعریفەی مرۆیی جودایان پێک هێناوە: شوێنەوارناسی (ئارکۆلۆژی)، مێژوونووسی[5] و ڕۆمانی مێژوویی. هەرکامیان بەپێی میتۆد، شێوازی بانگەشە و دەربڕینی ڕاستی و ئەو سنوورداریانەی هەیانە کار دەکەن. تەنیا پاش ئەم جیاکردنەوانە دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی هەڵبەست (فیکشن) و ڕەوایەتی گێڕانەوەی فرەڕوو و لێڵ بدەین.

پاش ئەو ڕوونکردنەوە سەرەتاییە دەمەوێت وڵامدانەوەی پرسیارەکە سەرپێیانە بەناو ڕوانگەی فەلسەفی و دەستەواژە پەیوەندیدارەکانی هەرکام لە جۆرج لۆکاچ و فێدریک جەیمسن‌دا ببەم. ئەم بیریارانە تەنیا ڕاڤەی ڕۆمانی مێژوویی بەردەست ناکەن بەڵکوو تیۆری قووڵ دەربارەی مێژوو، گێڕانەوە، ئایدیۆلۆژیا، کات و مانا دەخەنە ڕوو. بەسەریەکەوە ئەم بیریارانە ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێنن، لەوە تێ بگەین کە بۆچی ململانێ لە نێوان واقیع و هەڵبەست (فیکشن)دا نەک هەر هەڵەیەک نییە کە ڕاست بکرێتەوە بەڵکوو دۆخێکە کە دەبێت ڕەچاو بکرێت و کاری پێ بکرێت.

با لە بارەی سێ ڕژێمی زانین یان مەعریفەی مێژوویی‌ـەوە بدوێین. شوێنەوارناسی بۆ زانین دەربارەی ڕابردوو، پشت بە کەرەستە ماتریاڵییەکان دەبەستێت و ڕاستەوخۆ بەر تەنە بەجێماوەکان دەکەوێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەچی دەستڕاگەیشتنی بەڕابردوو بەناو بێدەنگیدایە و ئەوە هەر بێدەنگییە ماتریاڵەکان و تەنەکان ڕادەستی شوێنەوارناسەکان دەکات و ئەوانیش ئەو بێدەنگییە لەناو زانینەکەیاندا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوە شوێنەوارە ماتریاڵەکانی وەک کەلاوەکان، ئامڕازەکان، ئێسکەکان، چینچینەکانی زەوی و هەڵکۆڵراوەکانە خۆیان وەک ئۆبێکتی ناسین دەخەنە ڕوو نەوەک ڕووداوەکان، گێڕانەوەکان، ئەزموونەکان. شوێنەوارناسی وەکوو سەردەمێکی زیندوو مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا ناکات زیاتر وەکوو پاشماوەی سەردەمێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

لەڕووی میتۆدەوە، ئیشکردنی شوێنەوارناسی بریتییە لە کنەوپشکنین، چینەناسی[6] و جۆرناسی[7] و بەراوردکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو شیکردنەوانەیە بۆ ماتریاڵەکان کراون. ئەمەش واتە زیاتر هەڵهێنجاندن دەکات وەک لەوەی بگێڕێتەوە. تەنێکی شوێنەوار پێمان ناڵێت مەبەستەکەی چییە و بۆ دروست کراوە تەنیا ئەوەمان نیشان دەدات، شتێک سەردەمانێک هەبووە؛ مەبەستەکەی دەبێت ناڕاستەوخۆ ڕۆ بنرێتەوە. هەربۆیە شوێنەوارناسی ئەو زانینەی بەرهەمی دەهێنێت چەنێک ئەرێنییە ئەوەندەش نەرێنییە. زانینی ئەرێنی واتە ڕاستەوخۆ زانینەکە بەردەست دەبێت و زانینی نەرێنی واتە زانینەکە ناڕاستەوخۆ بەردەست دەبێت و کەلێن و بێدەنگی بونیادی تێدایە کە پڕ نابێتەوە و بۆ زانینی ئەرێنی وەرناگەڕێت. واتە پێمان دەڵێت شتەکە بە شێوەیەکی دڵنیا دەرنابڕدرێت؛ تەنیا دەتوانێت سنوورەکانی بەرکەوتن دیاری بکات نەوەک بتوانێت ئەزموونەکان بە چیرۆک و گێڕانەوە بکات. هەر بەسروشت، شوێنەوارناسی ناتوانێت ژیانی مێژوویی بگێڕێتەوە. ناتوانێت پێمان بڵێت چۆن هەست بە دەسەڵات کراوە و هەستی ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتێکی دیاریکراودا بوون چۆن بووە، ناتوانێت پێمان بڵێت باوەڕدارێتی دیاریکراوی سەردەمێک چۆن ژیانی ڕۆژانەی پێک هێناوە، ناتوانێت پێمان بڵێت چۆن ترس یان وەفا کاری کردووە یان ئەوەی کات چۆن ئەزموون کراوە. بەکورتی شوێنەوارناسی سنوورەکان و چوارچێوەکان دەستنیشان و دیاری دەکات نەوەک جیهانەکان بخاتە ڕوو یان نیشانی بدات.

مێژوونووسی لە یەکگرتنی شوێنەوار و گێڕانەوە پێک دێت؛ زانیارییە شوێنەوارییەکان، سەرچاوە نووسیارییەکان، هەڵکۆڵراوەکان و نەریتە زارەکییەکان وەردەگرێت و لە گێڕانەوەیی ڕوونکەرەوەگەرادا ڕێکیان دەخات کە جیاوازە لە گێڕانەوەی ئەدەبی. ئەگەرچی زۆرجار مێژوونووسی خۆی وەکوو کایەیەکی زانستی دەخاتە ڕوو، کەچی هەر لە بنەڕەتەوە بەناو جۆرێک لە «بەگرێچنکردن[8]»دا دەڕوات؛ واتە ڕووداوەکان کاراکتەرەکان، فەزاکان لە گێڕانەوەیەکی یەکانگیردا مێژوونووسەکە ڕێکیان دەخات. مێژوونووسی بەندە لەسەر هەڵسەنگاندن و نرخاندنی سەرچاوەکان، هاوتاکردن و ڕێکخستنەوەی زەمەنەکان بە شێوەی هێڵی و دامەزراندن و ڕوونکردنەوەی هۆکار و ئەنجامەکان؛ لەگەڵ ئەم کارانەدا هێشتا ناتوانێت لە نێوەندگری گێڕانەوە هەڵبێت و هەر بەناو گێڕانەوەدا دەڕوات. وەک پۆل ڕیکۆر نیشانی دەدات، مێژوونووسی هاوشێوەی هەڵبەست (فیکشن) بەندە لەسەر کردەی گێڕانەوە کە تێیدا هەڵبژاردن، بژارکردن، داڕشتنەوە و تێهەڵکێشکردن ڕوو دەدات. ئەمەش وا دەکات مێژوونووسی نەتوانێت ڕابردوومان بەبێ نێوەندگری[9] وەکخۆی چۆن هەبووە بەو شێوەیە بخاتە ڕوو، بەجۆرێک کە بە تەواوی لە خەیاڵ دای ماڵیبێت. مێژوونووسی لە جیاتی ئەوەی خەیاڵ بسڕێتەوە، خەیاڵ لە چوارچێوەی پێوەرە لێکۆڵینەوەییەکاندا بەکار دەبات. هەربۆیە دواجار بانگەشەی ڕاستیی سەرچاوەدار دەکات، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە بەرهەمی هێناوە قابیلی گۆڕان، ڕاڤە و پێداچوونەوەی بەردەوامە.

ڕۆمانی مێژوویی هەر لە بنەڕەتەوە سەر بە جۆرێکی ترە لە مەعریفەناسی. بانگەشەی سەلماندنی ڕووداو ناکات، بەڵگە ناخاتە ڕوو؛ ئەرکی ئەوە نییە ڕووداوەکان دروست بکاتەوە، لەجیاتی ئەوە جیهان بە شێوەیەکی قابیلی فەهم وەک ئەزموونی ژیاو نیشان دەدات. ڕۆمانی مێژوویی کار لەگەڵ ئیمکانە مێژووییەکاندا دەکات نەوەک لەگەڵ ڕاستییە گومانهەڵنەگرەکاندا. جۆری ڕاستییەکەی سەرچاوەدار نییە بەڵکوو فینۆمینۆلۆژیانە و ئەزموونیانەیە. بەم جۆرە پرسیار ناکات: «ئایا ڕێک بەم شێوەیە ڕووی داوە؟» لە جیاتی ئەوە دەپرسێت: «ئایا ئیمکانی هەیە مرۆڤ لەم هەلومەرجە مێژووییەدا بەم جۆرە ژیابێت، بیری کردبێتەوە، هەڵسوکەوتی کردبێت؟»

بەپێچەوانەی شوێنەوارناسییەوە، ڕۆمانی مێژوویی سەدا بە بێدەنگی دەبەخشێت و دەرفەت دەڕەخسێنیت کەلێنی نێوان تەنە شوێنەوارییەکان کە بە شێوەی بێدەنگی دەرکەوتووە، دەنگدار بکات و بیدوێنێت؛ هەروەها بەپێچەوانەی مێژوونووسییەوە، کەوڵی گێڕانەوە ناگۆڕێت بۆ قاڵبێکی ڕوونکردنەوەیی و توانستەکانی قەتیس و لە پەلوپۆ ناخات. بە سنگی فراوانەوە ئەوە قبووڵ دەکات کە خەیاڵکردن ئامڕازێکی پێویستە بۆ تێگەیشتن، پەلهاویشتن و دوور ڕۆیشتنی هزری؛ هەربۆیە بەو ئاراستەدا وەگەڕی دەخات.

تیۆری «ڕۆمانی مێژوویی»ـی  لۆکاچ، چوارچێوەیەکی بنچینەییمان بۆ تێگەیشتن لە بژاردە گێڕانەوەییەکانی نووسینەوەی ڕۆمانی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» بەردەست دەکات. لۆکاچ لە کتێبی «رۆمانی مێژوویی»دا ئەوە ڕادەگەیەنێت، کڕۆکی ڕۆمانی مێژوویی لە نواندنەوەی وردەکارییە ئەنتیکە و کەوناراکاندا نییە، لە خستنەڕووی «سەرجەمێتیی مێژوویی» دایە – ئەو بونیادە ئایدۆلۆژی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی شێوە بە ئاگایی مرۆڤ لە چاخێکی دیاریکراودا دەدەن. بۆ لۆکاچ ڕابردوو بریتی نییە لە کۆمەڵە ڕاستییەکی بەڵگەدار بەڵکوو بریتییە لە پرۆسەیەکی جوڵاو و گۆڕاو کە زەڕوورەتی مێژوویی دەیسووڕێنێت. بێگومان زەڕوورەتی مێژوویی جیاوازە لە حەتمییەتی مێژوویی کە سیناریۆیەکی دیاریکراو بەسەر مێژوودا دەچەسپێنێت و ئامانجێکی دیاریکراو بۆ مێژوو دادەنێت؛ لەبەرانبەردا زەڕوورەتی مێژوویی سنوورەکانی بڕگەیەک یان چاخێکی دیاریکراو بەرجەستە دەکات کە جیاوازە لە سنوورەکانی هەر چاخ و بڕگەیەکی تر. لەم ڕوانگەوە ئەرکی ڕۆماننووس ئەوەیە فۆرم بەم پڕۆسەیە بدات لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی ژیانی مرۆڤی دیاریکراوەوە: سەرجەمێتی سەردەمەکە دابهێنێتەوە.

کاراکتەرەکانی ڕۆمانی مێژوویی لە ڕوانگەی لۆکاچەوە دەبێت، بەناو تانوپۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە حەیاتییەکاندا گوزەر بکەن؛ بەجۆرێک لە جۆرەکان بتوانن پانتایی گشتی و پانتایی تاکێتی پێکەوە گرێ بدەن. بەدەربڕینێکی تر کاراکتەر دەبێت ئەوەندە لە تایبەتمەندی و خەسڵەتی سەردەمەکەی خۆی تێدا بێت کە تەنانەت کاتێک لە سەردەمەکەی خۆی هەڵتکەند و خستە سەردەمێکی ترەوە، بە تەواوی لەناو سەردەمە نوێکەدا ون نەبێت و ئەگەر بەئاسانیش سەردەمەکەی تێدا نەبینرێتەوە ئەوا لانیکەم جۆرێک لە نامۆیەتی هێشتا لە خۆیدا هەڵگرێت.

لەم ڕوانگەوە دەکرێت تەماشای بەشێک لە کاراکتەرەکانی ڕۆمانی «شیرین و فەرهاد/شانامەی مادەکان» بکرێت کە ئافەرێنراون بەگوێرەی ئیمکانەکانی سەردەمەکەیان، هەربۆیە کاراکتەری دیار و ناسراوی مێژوویی نین بەڵام سەر بە ئیمکانە مێژووییەکانی ئەو سەردەمەن. ئافراندنی کاراکتەر بەم جۆرە دەرفەت لەبەردەم ڕۆمانەکەدا دەکاتەوە کە بتوانێت بونیادی واقیعیی سەردەمێک بخاتە ڕوو وەک لەوەی ژیاننامە ڕێتێچووەکان بنوێنێتەوە. ڕەنگە خوێنەرێک ئەم پرسیارە بە مێشکیدا بێت یان ئەمە بپرسێت: «تۆ بڵێی ئەم کاراکتەرە هەر بە واقیعی بوونی هەبووبێت؟» ئەم پرسیارە لەو پێشینەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیاوازی لە نێوان زانینی شوێنەوارناسی، مێژوونووسی و ڕۆمانی مێژووییدا ناکات. پرسیارە شیاوەکە لە ڕوانگەی لۆکاچەوە بەم جۆرەیە: «ئایا ئەم کاراکتەرە فۆرمێک لە ئاگایی نیشان دەدات کە ڕیشەی لە واقیعی مێژووییدا هەبێت؟» ئەگەر وڵامەکە ئەرێ بێت ئەوا ڕۆمانەکە توانیویەتی ڕاستییەکی مێژوویی قووڵتر لە ڕاستی بەڵگەداری ڕوواڵەتی بخاتە ڕوو.

ئەو خوێنەرەی کە پێشینەی خوێندنەوەی لە مێژووی کورددا هەیە و ڕۆمانەکەی من بە شێواندنی مێژوویی یان هەڵەی مێژووی تۆمەتبار دەکات، بە تەواوی بێئاگایە هەم لە تیۆری ڕۆمان و هەم لە تیۆرەکانی مێژوونووسی؛ لەم بارەوە لۆکاچ جەخت لەوە دەکاتەوە کە تۆمەتبارکردنی لەم جۆرە هەر لە ڕووکاری زانیاریدا دەمێنێتەوە و تەنیا ڕاستییە سەتحییەکان دەبینێت، بەرانبەر مێژوو وەکوو دەستوپێسپییەک دەردەکەوێت کە ناتوانێت ڕاستی مێژوویی ببینێت و ڕاستی مێژوویی بۆ ڕاستی بەڵگەدار و زانیاری کورت نابێتەوە. ئەمە بەمانای ئەوە نایەت هەرکەس هەرچییەکی نووسی و ناوی نا ڕۆمانی مێژوویی و بەهەرشێوەیەک لە نواندنەوە یان ئافراندنەوەی ئەدەبیدا دەستکاری مێژووی کرد دیسانەوە نەکەوتبێتە هەڵەوە؛ بێگومان دەشێت بکەوێت بەڵام ئەو ئاستەی کە ئەوە تێیدا ڕوودەدات ئاستی ڕووکەشی مێژوو نییە بەڵکوو سەرجەمێتی مێژووە واتە ڕۆمانی مێژوویی لەرێگەی داهێنان و ئافراندنی نوێ‌وە ناکەوێتە هەڵەوە بەڵکوو لەڕێگەی ئەناکرۆنیزم‌ـەوە دەکەوێتەوە هەڵەوە؛ ئەوەی کە ئاگایی مۆدێرن بەسەر ئاگایی کۆمەڵگا کۆنەکاندا بسەپێنیت. دەشێت ڕۆماننووسێک ڕۆمانەکەی وەکوو زانیاری هەڵگری تەواوی زانیارییەکانی مێژووی سەردەمێک بێت – هاوشێوەی کتێبی مێژوونووسێک – کەچی ڕۆمانەکەی تووشی ئەناکرۆنیزم بووبێت، واتە لە لۆژیک و ڕۆحی ئەو سەردەمە مێژووییە تێنەگەیشتبێت و ئاگایی و ڕوانگەی هاوچەرخی بەسەر کۆندا سەپاندبێت. لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەیدا ئەوەندە زیهنت دەرگیری ئەم سەردەمە دەبێت نیوهێندە دەرگیری سەردەمە کۆنەکە نابێت. لە بەرانبەردا من لە ڕۆمانەکەمدا خۆم لە ئەناکرۆنیزم بەدوور گرتووە چونکە، خەیاڵەکان، داهێنانەکان و ئافراندنەکانم لە هەناوی لۆژیکی سەردەمی مادەکاندا ئەنجام داوە؛ واتە بەرانبەر ڕاستی بەڵگەداری ڕووکەش و زانیاری سەتحی مێژوویی وەفادار نەبووم بەڵام بەرانبەر سەرجەمێتی مێژوویی بە تەواوی وەفادار بووم؛ ئەمەش وای کردووە لە ئەنجامدا پەیوەندییەکی لێڵ و فرەڕوو لە نێوان هەڵبەست(فیکشن) و مێژوودا بێتە کایەوە.

فێدریک جەیمسن تێگەیشتنی لۆکاچ بۆ مێژوو ڕادیکاڵتر دەکات، بەوەی کە لە پانتایی نواندنەوە و نیشاندانەوە بۆ پانتایی نێوانداری یان نێوانگری دەگوازێتەوە. بۆ جەیمسن مێژوو هەر ئەو شتە نییە کە دەکەوێتە پشت دەقەکانەوە و چاوەڕێ دەکات وەفادارانە بدۆزرێتەوە یان ئەوەی بەڕێکوپێکی و بەدروستی بەرهەم بێتەوە؛ زیاتر مێژوو ئەو شتەیە کە ناکرێت ڕاستەوخۆ بەهیچ جۆرێک دەرکەوێت. خۆی وەکوو ئۆبێکتێکی بێنێوانی ئەزموون ناخاتە ڕوو، بەڵکوو خۆی وەکوو هۆکارە نادیارەکان و ئەو هێزە ژێربەژێرانە دەخاتە ڕوو کە بونیاد بە ژیانی کۆمەڵایەتی دەدات لەکاتێکدا ئەو هۆکار و هێزانە خۆیان نابەردەست دەمێننەوە.

ئەم پارادۆکسە خۆی لەو وتە بەناوبانگەی جەیمسندا دەبینێتەوە کە دەڵێت: «مێژوو ئەو شتەیە کە ئازارمان دەدات.» مێژوو ڕاستەقینەیە و بەڕاستی لە ڕێگەی هێزە مادییەکانەوە شێوە بە واقیع دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز دەرناکەوێت، تاوەکوو بەناو فۆرمە ڕەمزییەکاندا گوزەر نەکات و لەو ڕێگەوە شکڵ و شێوە وەرنەگرێت. ئێمە تەنیا بەناو نواندنەوەی گێڕانەوەداردا بەر مێژوو دەکەوین و ئەم نواندنەوانە هەرگیز بێلایەن نین؛ ئایدۆلۆژییەکان، ئەنتاگۆنیزمە کۆمەڵایەتییەکان و پێگەی ئەو کەسانەی کە دەیگێڕنەوە شێوەیان پێ دەدەن. ئەم ڕوانینە چەنێک بۆ هەڵبەست (فیکشن) ڕاستە ئەوەندەش بۆ مێژوونووسی ڕاستە. مێژوونووسەکان ناکەونە دەرەوەی گێڕانەوەوە و هەر وەکوو ئەوانەی تر لەناویدان و بەوە لەوانیتر جیا نابنەوە کە ئایدۆلۆژی نین؛ ئەوەی کە جیایان دەکاتەوە ئەوەیە هەندێ ڕێچکە لە نووسینەوەی مێژوودا دەگرنە بەر، کە لە رێگەیەوە ئایدۆلۆژیا ڕێک دەخەن یان نادیاری دەکەن. کردەی مێژوونووسینەوە دەلاقەیەکی ڕوون و شەفاف نییە بەڕووی ڕابردوودا کە بە ناویدا وەکخۆی بیبینین، زیاتر دەلاقەیەکە کە شێوە بە ڕوانینمان بۆ ڕابردوو دەدات. جەیمسن دژبەریی ساویلکانەی نێوان «مێژووی ئۆبێکتیڤ» و «هەڵبەست(فیکشن)ـی سوبێکتیڤ» ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە هەردووکی کردەیەکی ڕەمزیانەیە و هەردووکیان ڕابردوو بەناو گێڕانەوەدا ڕێک دەخەن.

چەقی ئەم باسە چەمکی «نەستی سیاسی»ـی جەیمسنە کە ناوی کتێبەکەشییەتی. لەم سۆنگەوە، گێڕانەوەکان تەنیا چیرۆک نین کە لەبارەی ڕابردوومانەوە دەیڵێن، بەڵکوو چارەسەری ڕەمزی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییە واقیعییەکانن. تەنانەت ئەو کاتەی دەقێک بانگەشەی بێلایەنی یان ڕاستی بەڵگەدار دەکات، نەستیانە تەنگژەکان، ناکۆکییەکان و سنوورە ئایدۆلۆژییەکانی کۆمەڵگا بەرهەم دەهێنێتەوە. هەربۆیە «دڵنیایی مێژوویی» خۆی لە خۆیدا ئایدۆلۆژییە. ئەو بانگەشەیەی کە پێی وایە «بەواقیعی ڕێک بەم شێوەیە بووە» ئەو پەیوەندییانەی دەسەڵات دەشارێتەوە کە گوزارەیەکی لەم شێوەی مومکین کردووە. ئەوەی کە وەکوو مێژوویی دامەزراو و قبووڵکراو دەردەکەوێت بە زۆری بەرهەمی ئەرشیڤی ئیمپراتۆری و زلهێزەکانە، هی دامەزراوە دەوڵەتییەکانە و لەناو مەعریفەناسی داگیرکەران و ناسیۆنالیستەکاندا بەرهەم هاتووە. ئەمە بۆ مێژووی کورد زۆر چارەنووسسازە؛ چونکە ئێمە هەر لە سەردەمی دێرینەوە بە زۆری مێژوومان لەرێگەی نەیارەکانمان نووسراوەتەوە؛ بۆ نموونە سەردەمی مادەکان بەناو هەڵکۆڵراو و نوسراوەکانی ئاشوری، بابلیییەکانەوە بەردەست بووە و دواتر لەناو نووسراو و هەڵکۆڵراوەکانی ئەخامینییەکان، ڕۆم و یۆنانیەکان، مێژوونووسە ئیسلامییەکان و تەنانەت مێژووی هاوچەرخمان بەناو ناسیۆنالیستە دراوسێکانماندا نووسراوەتەوە؛ هەموو ئەمانە پاک و بێگەرد نین و پڕن لە مەبەستی ئایدۆلۆژیی خۆیان.

ئەوانەی باس لە هەڵەی مێژوویی یان شێواندنی مێژوو دەربارەی ڕۆمانەکەی من دەکەن، خۆیان پێشوەختە ئەو سەرچاوانەی بڕیاری پێ دەدەن، بەرهەمی گێڕانەوەی نەستی سیاسییە؛ ڕەنگدەرەوەی ڕوانگەی ئەوانەیە دەسەڵاتی نووسین، هێشتنەوە، پۆلێنکردن، دابەشکاری و ڕاڤەیان هەبووە؛ هەربۆیە مێژووی کورد هەرگیز وەکوو ئەوەی نووسراوەتەوە، واتە وەکوو مێژوو لەخۆیدا دەرناکەوێت وەکوو مێژوو بۆ ئەوانی تر دەردەکەوێت، ئەوانە هەموویان گومانی جیدیان لەسەرە و مێژووی کورد لە ڕێگەی ڕاستی بەڵگەدار و زانیاری مێژوویی ڕووکەشەوە ناخوێنرێتەوە کە زیاتر ڕۆڵی ئایدۆلۆژی دەبینێت نەوەک مەعریفی.

لەڕوانگەی جەیمسنەوە ئەو خوێنەرەی کە بە شێواندنی مێژوو تۆمەتبارم دەکات، دەبێت دەڕبرینەکەی وەک دەردئاماژە بخوێنرێتەوە. تۆمەتبارکردنی لەو جۆرە لە خەمی ڕاستودروستییەوە نایەت، لە ئاستی قووڵی وەبەرهێنانی ئایدۆلۆژییەوە دێت کە لەو ڕوانگەدا ڕەنگی داوەتەوە کە مێژوو وەکوو ئۆبێکتێکی جێگر و بێلایەن دەبینێت کە دەشێت یان هەڵی گرێتەوە و بەرهەمی بێنێتەوە، تاوەکوو ڕاستگۆ دەرکەوێت یان ئەوەتا پێشێلی بکات و بکەوێتەوە هەڵەوە؛ تۆمەتبارکەرەکە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەم ڕوانگەی هەڵگرتووەتەوە. بەدەربڕینێکی تر نیگەرانی دەربارەی شێواندنی مێژوو، نیگەرانییەکی توێژەرانە نییە، کاردانەوەیە بەرانبەر هەژاندن و لەقکردنی گێڕانەوەی زاڵ بۆ مێژوو یان گێڕانەوەی دەسەڵاتدارەکان. کاتێک ڕۆمانێک ئەوە ڕەت دەکاتەوە سنوورەکانی نێوان بەڵگە مێژووییەکان و ئافراندنەوە خەیاڵییەکان بکێشێتەوە؛ ئەوا لە متمانەبەخۆبوونی خوێنەری گۆشکراو بە گێڕانەوەی زاڵی مێژوو دەدات. ئەمە نائاسوودەیی و قەلەقی بۆ خوێنەر بەرهەم دەهێنێت و تووشی کێشەی دەکات، چونکە ئەوەی ئەو وەکوو مێژوو وەری گرتووە ، پێشوەخت لە لایەن دەسەڵاتەوە بژارکراوە، ڕێکخراوە و شکڵی پێ دراوە.

ئەوە کە بەمەبەست سنوورەکانی نێوان هەڵبەست (فیکشن) و مێژووم لێڵ و تەموومژاوی کردووە، بەمانای ئەوە نایەت کە ڕاستی مێژووییم وەلاوە ناوە بەڵکوو چەقبەستوویی مێژوویم ڕەتکردووەتەوە؛ بەم کارەم ئەو وەهمەم دەرخستووە، کە پێی وایە ڕابردوو بەشەفافی بەردەستە و ڕاستەوخۆ لە کتێبە مێژووییەکاندا بەردەستە. هەر ئەمەشە دواجار نائاسوودەیی دروست دەکات. لە ڕوانگەی جەیمسنەوە، هەموو گێڕانەوەکانی ڕابردوو دەستوەردانن لە ئێستادا؛ شتێک بە ناوی سەرگوزەشتەی بێلایەنی ڕابردوو لەئارادا نییە، چونکە کردەی گێرانەوە پەیوەندیی نێوان ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو ڕێک دەخاتەوە. نووسین لەبارەی سەردەمی دێرینی کوردەوە – لە دەرەوەی گێڕانەوەی زاڵ – تەنیا خستنەڕووی زانیاری نییە دەربارەی ڕابردوو بەڵکوو دەستواردانە لە ملمانێ هاوچەرخەکان لەهەمبەر شوناس، یادەوەری، ڕەوایەتی، و بینراوێتی مێژوویی و… هتد؛ نووسین لەسەر ڕابردوو لە هەر فۆرمێکدا – ئەکادیمی یان ئەدەبی – پێشوەختە دەکەوێتەوە ناو هێزە ئایدۆلۆژییەکانەوە، ئەدەبی جیدی هەر لەسەرەتاوە بەمە دەزانێت، مل نادات بە گێڕانەوەی زاڵ و ئایدۆلۆژیای باڵادەست، هەر بۆیە دەشێت بە شێواندنی مێژوو یان هەڵەی مێژوویی تۆمەتبار بکرێت.

لەناو ئەم چوارچێوە تیۆرییەدا دەبێت گێڕانەوەی لێل و فرەڕووی نێوان خەیاڵی ئەدەبی و واقیعی مێژوویی ڕۆمانەکەم فەهم بکرێت. هەر لە سەرەتاوە ڕۆمانەکەم ئەوە ڕەت دەکاتەوە، ڕابردووی دێرینی کورد وەکوو بابەتێکی کامل، داخراو و تەواو فەهمکراو بەردەست بێت؛ هەروەها ئاڵنگاری ئەو گێڕانەوانە دەکات کە مێژووی کورد وەکوو پرسێکی لاوەکی و لابەلا تەماشا دەکات و تەنیا بە پەراوێزی مێژوویی ئیمپراتۆرییەکانی دادەنێت. لە ڕوانگەی جەیمسنەوە هەر خودی فۆرمی گێڕانەوە، خۆی لە خۆیدا سیاسییە؛ وێڕای ئەوەی لە فۆرمی ئەکادیمیدا بێت یان ئەدەبی. هەر خودی بڕیاری سەرلەنوێ ئاوەڵاکردنی ڕابردوو وەکوو فەزای ئیمکانەکان – کە دەرفەت دەڕەخسێنێت دەنگە جیاوازەکان، ڕاڤە جۆرەجۆرەکان و سەردەمە جوداکان پێكەوە هەڵبکەن – ڕێگایەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئینتیما هەژموونگەرا و زاڵە کە دەخوازێت تەنیا یەک گێڕانەوەی فەرمی بۆ مێژوو لەئارادا بێت. بەم مانایە ڕۆمانەکە مێژوو ناشێوێنێت بەڵکوو سەرلەنوێ سیاسی دەکاتەوە. ڕابردوو وەکوو مەکۆی بیرکردنەوە و گفتوگۆ وەگەڕ دەخاتەوە نەوەک وەکوو ئەنتیکەیەکی ناو مۆزەخانە؛ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە مێژوو تەنیا ئەو شتە نییە کە ڕووی داوە بەڵکوو ئەو شتەشە درێژە بە ململانێ دەدات لەهەمبەر ماناکانی ئێستا.

 

[1] Palimpsests: Literature in the Second Degree

[2] Transtextuality

[3] Hypertextuality

[4] Hypotextuality

[5] Histography

[6] stratigraphy

[7] typology

[8] emplotment

[9] Medium

Share this article