شیعر و بەیانکردنی خۆڕاگوێستنی مێژوویی

پێشەوا کاکەیی

 

یادەوەری فێرمان دەکات کە ئێمە لە دنیادا تەنیا نین. پێش ئێمە ملیۆنان چاو سەیری هەمان ئاسمانی پڕ ئەستێرەیان دەکرد، ملیۆنان دڵ بیریان لە هەمان پرسیارەکان دەکردەوە- ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ دوای مردن بۆ کوێ دەچین؟ چۆن چاکە و خراپە جیا دەکرێتەوە؟ چۆن دادپەروەری خزمەت دەکرێت؟ بە بێ مێژوو، هەر یەکێک لە ئێمە دوورگەیەکین، هەر نەوەیەک دەبێت سەرلەنوێ لە وێرانەوە دەست پێ بکات. مێژوو ڕەگ و ڕیشەمان پێ دەبەخشێت، ڕێگەمان پێ دەدات بزانین لە کوێوە هاتووین و چرایەک بۆ سەرلێشێواوییەکانماندا دابین دەکات.

لێرەوە هەڵوەستە دەکەین کە پەیوەندی نێوان شیعر و مێژوو تەنیا ڕوانین و ئاڕاستەکردنی بەرەو لایەک یان گرتنەبەری هەڵوێستی شیعری پاک یان دەستێوەردان نییە، بەڵکوو زیاتر پاراستنی هاوسەنگییەکی ناوەکییە. شیعر نابێت لە بەرانبەر ئەزموون و تەوەرە بەرفراوانەکاندا خۆبڕیاردەری شیعریی خۆی لە دەست بدات، نە تەنیا مێژوو بگۆڕێت بۆ دیمەنێکی زمانەوانی. لەم ڕووەوە، شیعری بەختیار عەلی، توانی شاعیر بۆ داڕشتنی مێژوو نیشان دەدات کاتێک ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ڕووبەڕووبوونەوە و قبووڵکردن، هەر خۆیان ڕێگەی تێگەییشتنن لە مێژوو کە هۆشیاری مێژوویی شاعیریش لە خۆ دەگرن و کە هەر لە بنەڕەتدا تەکنیکە شیعرییەکە پێک دەهێنن. هەر وەک چۆن شیعری «مێژوونووسێک، توانەوەی من دەنووسێتەوە»ی بەختیار عەلی، ڕۆچوونی دیمەنە مێژووییەکان و بەرکەوتنی ئازارە، کاتێک یادەوەرییە مێژووییەکان دەچنە ناو ڕۆحی شیعر و دەمی شاعیرەوە، نەزمێکی نوێ لە شیعرەکانیدا پات دەکرێتەوە.

ئەم شیعرە، وەک منداڵێکی سەربزێو، گوێچگەی مێژوونووسەکان ڕادەکێشێت و هەم لە دەربڕینەکانیدا سروشتی ناو خۆی ئاشکرا دەکات و دەتوانێت لە ڕێگەی «گوتار- شیعر»ەوە ڕووبەڕووی ببێتەوە. بە دڵنیاییەوە توانی شاعیر بۆ بەرجەستەکردنی «درامای مرۆیی» لە لایەنە دراماتیکییەکانی وەکوو مێتافۆرەکانی پێشوو و پەیوەندییە دژبەیەکەکاندا دەردەکەوێت؛ بەڵام شایەنی باسە کە گرژی ڕاستەقینەی شیعری بەختیار عەلی، وێنەیەکی بینراوی ڕێزلێنان درووست دەکات، قوربانییەکان و دیمەنە مێژووییەکان بە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی دەرچوون دەبەخشێت. لەناو شیعری ئەودا، کردەی تیرۆری ناو ڕووداوە مێژووییەکان و ناسکی تێکەڵ دەبن، لەرز و ئارامی یەک دەگرنەوە.

(ڕۆژێک مێژوونووسێک هاتە ماڵەکەم. بەوەدا مێژوونووسان لە بەیانیاندا دەگەن، تێگەییشتم دەیەوێت مێژووی تاریکییەکانم بنووسێتەوە. دەیەوێت لە کتێبە تەنیاکان، لە گوڵدانە کۆنەکان بپرسێت، چاوپێکەوتن لەگەڵ فانۆسەکاندا بکات. دەیەوێت تێبگات کەی دواهەمین جار ڕووناکی لێرە بوو.[1])

 

شاعیر لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ مێژوودا، بێدەنگیی ناو مێژوو کۆ دەکاتەوە. هەرچەندە ئەم پڕۆسەی کۆکردنەوەیە لە یەکتر، جێگیرکردنی سوریالیستی لە خۆ دەگرێت، بەڵام لەوەش گرنگتر، هێزێکی ناوەکییە، لەو ڕێگەیەوە ئەو لەرزەی مێژوو دەیدات، دەگوازرێتەوە. وەک «خۆ-ڕاگوێستێک/ خۆ-مێتافۆرێک» لە لایەن شاعیرەوە بە کار هاتووە، هەڵوێستی لیریکی بەختیار عەلی بەرجەستە دەکات. پەیامە شاراوەکانی سەر دیواری مێژووش تەنیا بە بڕێکی گونجاو لە ڕووناکی، ڕووناک دەکاتەوە. لەناو بێمانایی کات و ساتدا، چاودێری وردی شاعیر و وردبینی ناوازەی زمان پیشان دەدات.

مێتافۆرەکان لەگەڵ خەیاڵی مێژووییدا تێکەڵ دەکرێن، ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو وەک کارەسات و کۆمیدیایەکی سوریال ئاشکرا دەکەن. هەر لەم ڕووەوەیە کە نووسینی بەردەوام سەبارەت بە توندوتیژی مێژوویی و یادەوەرییە زەبربەخشەکان وا دەکات شیعرەکانی، لەژێر ناوی «ڕاستکردنەوەی شیعری»ـدا بەرگری لێ بکرێت. شاعیر لە ڕێگەی وشەوە، شایەتحاڵی مێژووە و دەستوەردان لە مێژوودا دەکات و لە ڕێی خەیاڵی ڕۆمانسییەوە، سەرقاڵی مێژوو و گۆڕینی کەتوارە؛ بەڵام کاتێک شاعیر لە کرداری مێژوویی و جیهانی کەتواری دابڕا، ئەوا تەنیا چاودێرێکی دابڕاوە بۆ مێژوو، بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن بە جیاکارییە عەقڵانییەکەیەوە کە خوڵقاندنی زمانەوانیی شاعیر بۆتە هونەرێکی پیشەگەر. بۆیە دەستێوەردانی شیعر تەنیا دەتوانێت دەستێوەردانێکی شێوازناسی بێت. نووسین خۆی کردەوە پێک ناهێنێت، بەڵکوو هەڵپەساردنی کردارێکە.

لە کایەی هاوچەرخی خوێندنەوەی شیعردا، ڕەنگە خودی بەختیار عەلی و شیعرەکەی پەیوەندی بە یادەوەرییەکی مێژوویی فراوانترەوە هەبێت. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە تەنیا ناوی شارێک نییە؛ لەوەش گرنگتر، پەیوەستە بە مێژووی جەنگەکان و ئایدۆلۆژیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواوە کە زنجیرەیەک «ڕووداوی ڕوودراو» و «ڕووداوی نەگوتراو»ە لە ڕووبەری گشتیی سەدە تاریکەکانی مێژوودا. ئەمەیش ڕێگە بە خوێنەران دەدات کە دەنگدانەوەیەکی هاوچەرخ لەناو یادەوەری مێژوویی خۆیاندا بدۆزنەوە. بەم مانایە، شیعری بەختیار عەلی ئەو دەرفەتەی ڕەخساندووە وەک سەرەتایەک بۆ قۆستنەوە و گەڕانەوە بۆ مێژوو. مێژوو وەک (بینراو و بیسراو) نا، بەڵکوو مێژوو وەک ئەوەی نەگوتراوە و نەبینراوە و نەبستراوە، بەڵام شیعر ئەو مێژووە گوتراو و بینراو و بیسراوەمان بۆ دەگوازێتەوە. بۆیە گەڕانەوە بۆ مێژووی خۆمان و بە تێڕامان و فێربوون لە شیعری بەختیار عەلی، ئەوا دەتوانین بیر لە میتۆدۆلۆژیای شیعرییش بکەینەوە و پەیوەندی بە کەتوارەوە بکەین و میکانیزمەکان بشکێنین و ئەگەری نوێ بۆ شیعری خەیاڵ بکەینەوە.

شیعر و مێژوو وەک دوو شێوازی دەربڕینی تەواو جیاواز دەردەکەون، یەکێکیان بە دوای جوانی و سۆزدا دەگەڕێت، ئەوی دیکەیان بە دوای ڕاستی و تۆماردا دەگەڕێت. کاتێک شیعر لەگەڵ مێژوودا یەک دەگرێتەوە، کاتێک هەوا هەڵگری یادەوەرییە و وێنەسازی کات چڕ دەکاتەوە، شێوەیەکی هونەری ناوازە و بەهێز لە دایک دەبێت کە ئەویش شیعری مێژووییە. با ورد ببینەوە لەوەی کە شیعر چۆن بەخششەکانی مێژوو ئاشکرا دەکات، چۆن بەخششەکانی کات دەگۆڕێت بۆ هونەری ئەبەدی؟ لەبەر ئەوە مێژوو ڕووبارێکی درێژە، لەگەڵ ئەوەیشدا شیعر دەتوانێت هەزاران ساڵ لە چەند دێڕێکدا چڕ بکاتەوە، بێ ئاماژەدانی (ساڵەکان و شوێنەکان و ڕووداوەکان) بینووسێتەوە. لێرەدا بەختیار عەلی خۆی لە ژوورێکدا، جیهانێکی فراوان لە ساڵ و شوێن و ڕووداومان بۆ دەخوڵقێنێت، کە مێژوونووسێک دێت و دنیایەک پەنجەرەی بەسەردا دەکاتەوە کە ئەو مێژوونووسەیش لەناو ڕووداو ساڵ و شوێنەکاندا نەیبینیوە. شاعیر لە ڕێی شیعرەوە، دەرمانێکی دەداتێ کە چاوی مێژوونووس توانی بینینی هەبێت. هەر لەبەر ئەوەیە هەرگیز چاوی مێژوونووس چاوی شاعیر نییە و ناتوانێت وەک شاعیر مێژوو ببینێت.

شیعر دەرخستنی ڕۆژژمێر و ڕووداو و مێژوو نییە، تەنیا هەناسەیەکی ترە، هەوایەکی ترە، گەردوونێکی ترە کە نابیندرێت، بەڵام ڕێگەیەکە و تێیدایت. ئەوەتا شاعیر دەڵێت:

(هەر کەسێک بۆ دوور بگەڕێت، بۆ بەرد، بۆ سێبەر، بۆ هەتاو، منی تیام. هەر کەسێک بۆ من بگەڕێت، لە ئاوام، لە بەردام، لە تۆدام، لە ئەودام.[2])

 

شاعیر نایەت مێژوویەکی ڕووتەڵەی ڕووداو و شوێن و کاتمان بۆ بگێڕێتەوە بە تەنیا، بەڵکوو دەیەوێت ئێمە لەناو مێژوویەکی گەردوونیدا بین و ببینە بەشێک لەو مێژووە و هەر وەها ئەویش لەو مێژوودا هەبێت کە مێژوونووسان ناتوانێت بیبینێت. لەبەر ئەوەی ئیشی شاعیر وەک مێژوونووس نییە و ئەو زمانێکی جوان بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەی مێژوو چیتر تەنیا زانستێکی ساردوسڕ نەبێت و خوێنڕشتن نیشان بدات. شاعیر لە ڕێی لیریکییەوە، مێژوویەکی گەردوونیمان بۆ بەیان دەکات کە من بە «بەیانکردنی خۆڕاگوێستی مێژوویی» ناوی دەهێنم. کە مێژوو تەنیا لە (ڕووداو- (بە کەس و گێڕانەوەوە)، شوێن و کات)ـدا بەرجەستە ناکات، بەڵکوو لای شاعیر بوونێکی زیندوو و بەرجەستە و ڕۆحورووژێنەرە، چونکە مێژوو دەبەستێتەوە بە گەردوونی وشەکانەوە. مێژوو لە ڕێگەی شیعرەوە، تەنانەت دوای هەزاران ساڵیش، هێشتا ئەو بەیتە دێرینانە دەخوێنینەوە کە ڕووبەڕووی مێژوومان دەکاتەوە، بەڵام ڕاستییەکەیشی مێژوونووس دەبێت بە دوایدا گەڕێت کە چاوی شاعیر زۆر پێش مێژوونووس هەم دەینووسێتەوە و هەم دەری دەخات کە لە کوێی مێژووداین. ئەم لیریکبوونە شیعرە مێژووییە، وەک دیارییەکە بۆ مرۆڤایەتی تا لە ئازاردا مێژوویەکی تر بخوێنینەوە؛ چونکە شاعیر مێژووی بە سەرمەدیی وشەوە بەستووەتەوە نەک بە کات و شوێن و ڕووداوەوە.

 

 

کانوونی دووەمی ٢٠٢٦

[1]. ئەگەر یاخییەکان نەمێنن، بەختیار عەلی، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٤، ل٦٠

[2]. بەختیار عەلی، ٢٠٢٤، ٦٤

 

 

Share this article