نووسین: کامۆ ئاراز
مێتافۆر، کە بە کوردی خوازە یان خواستنیشی پێ دەگوترێت، کەرەستەیەکی زمانەوانییە کە لەلایەن مرۆڤەکانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ باسکردنی شتێک، ڕەنگیشە بە بیرکردنەوە لێی، لە ڕێی ئاماژەدان، یان گەڕانەوە بۆ شتێکی دیکە[1]. عەلائەدین سەجادییش لە کتێبی ‘”خۆشخوان”ـییەکەی وەها پێناسەی مێتافۆر/خوازە دەکات: “ناساندنی خواستن ئەوەیە کە وشەیەک لە شتێکا بەکار هێنراوە کە ئەو شتە چوێنراوە بە گوزارە ڕەسەنی وشەکە لەبەر پەیوەندییەکی لێکچوون – مشابە”[2]. کەوایە، مێتافۆر بریتییە لە باسکردنی شتێک، ڕەنگە لە پاڵ باسکردن بیرکردنەوەش بێت لەو شتە، بە ئاماژەدان بە شتێکی دیکە. ژیان گەشتە، خۆشەویستی جەنگە، ئەو ڕووناکی ژیانمە، وڵاتەکەم زیندانە، دڵم تەقی، هتد، ئەمانە هەموو نموونەی مێتافۆرن، ژیان چوێنراوە بە گەشت، خۆشەویستی بە جەنگ، ئەو بە ڕووناکی، وڵات بە زیندان، دڵیش وەک ئەوەی تەقەمەنییەکی ئۆقرەنەدیوو بێت.
بۆ نموونە، ڕستەکانی “ئەو کوڕە شێرە”، “شێرەکچەکەی ئێمە” یان “یارم گوڵە”، مەبەستەکە ئەوە نییە کوڕەکە یان کچەکە هەر بەڕاستی شێرن (ئەو ئاژەڵەی گوایە حوکمی دارستان دەکات)، یان لە ڕستەی سێیەم مەبەستی ئاخێوەر ئەوە نییە یارەکەی بەڕاستی گوڵە لە باخچەیەکدا. ئەمانە لێرە مێتافۆرن، چونکە هەندێک تایبەتمەندی هاوشێوە لە نێوان لێکچوێنراو و لێکچوودا هەیە: دەشێت کوڕ و کچەکە قارەمان، چاونەترس، خۆسەر و بەجەرگ بن وەک شێر، یاری کابراش وەک گوڵ جوان و خۆشبۆیە.
نموونەیەکی دیکە دەشێت ئەو درووشمە باوە کوردییە بێت “کوردەکان دۆستیان نییە جگە لە چیاکان”، هەڵبەت ئەمە واتای ئەوە نییە تاکەکانی کورد هاوڕێی چیان و پێکەوە دەچنە ئەملاوئەولا و ئەو چالاکییانە دەکەن کە هاوڕێکان دەیکەن، مەبەستەکە لەم دەربڕینەدا چیاکان نیشانەی دابڕاوی، تەنیایی و کۆششی کوردەکان دەردەخات. ئەم دەربڕینە دەیەوێت بڵێت کە بە درێژایی مێژوو کوردەکان هیچ هاوپەیمانێکی پشتپێبەستوو و دڵسۆزیان نەبووە تا کۆتایی شۆڕش و کۆششەکانیان هاوەڵییان بکات. بەم پێیە، هەرگیز مێتافۆرەکان تەواو و پڕاوپڕ نین، خۆ گەر تەواو و پڕاوپڕ بن چیتر نابنە مێتافۆر و هاوشوناسی لە نێوان لێکچوو و لێکچوێنراودا دێتە کایەوە. گەر کوڕ و کچەکە بە تەواوەتی یەکسان بن بە شێر، ئەوا دەبنە شێری دارستانەکە و شتێک نامێنێتەوە ببێتە مێتافۆر. مێتافۆر هەمیشە ناتەواوە و لێکچواندنە لە نێوان هەندێک توخمی نێوان دوو یەکە.
ڕەنگە وا بیری لێ بکرێتەوە، کە مێتافۆرەکان تەنها موروو و خشڵی زمانەوانەوانین و کاریان ڕازاندنەوە و ئارایشتکردنی ڕستە و دەربڕینەکانمانن، وەلێ ئەم تێگەیشتنە گەلێک ناتەواو و نیوەچڵە. مێتافۆرەکان بەردەوام لە زمانی ڕۆژانەدا بەکار دەهێنرێن، توێژینەوە جیاوازەکان ڕێژەی جیاوازی مێتافۆر لە زمانی ڕۆژانەدا دەخەنەڕوو، بەڵام هەموو بۆ ئەوە دەچن کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو و دیار قسەکەران بەردەوام مێتافۆرەکان بەکار دەهێنن.
سوزان سۆنتاگ (١٩٣٣-٢٠٠٤)، نووسەر و ڕەخنەگری ئەمەریکی، لە ساڵی ١٩٧٨ وتارێکی درێژی بڵاو دەکاتەوە بەناوی “نەخۆشی وەک مێتافۆر”[3]. لەم کتێبەدا، سۆنتاگ زۆر بە جوانی سەرنجمان دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن زمانێکی بارگاوی بە مێتافۆر لە گوتاری پزیشکی و باسکردنی نەخۆشییەکان تێڕوانین و دیدگای خەڵک بۆ خەڵکانی نەخۆش و نەخۆشیش بۆ خۆی دادەڕێژێتەوە. سەرنجی سۆنتاگ زیاتر لەسەر نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و تیوبەرکیولۆسیس (یان بە کوردی سیل) بوو. ئەم دوو نەخۆشییە، هیچ نەبێت لە دونیای ڕۆژئاوادا، بە شێوەیەکی مێژووییانە بارگاوین بە مێتافۆرگەلێک کە زۆرجار دەبنە هۆی درووستکردنی نەنگی بۆ ئەو کەسەی ئازاری ئەم نەخۆشییانە دەچێژێت، واتە ئەو زمانەی بەکار دەهێنرێت بۆ وەسفکردن و باسکردنی ئەو نەخۆشییانەی کەسێک— وەک شێرپەنجە، سیل، یان ئایدز— دەبێتە هۆی هێنانە کایەوەی بەدناوی، شوورەیی، شەرمەزاری و لەکەدارکردن، تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی پەراوێزخستنی کەسەکە و دابڕانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی.
لە سەدەی ١٩ـدا بۆ نموونە، نەخۆشی سیل زۆر نموونەییانە، ئێستاتیکانە و تەنانەت ڕۆحانییانەش لێی دەڕوانرا. بە کورتی، نەخۆشیی سیل لەو سەردەمە بە ڕۆمانتیزە کرابوو، یان بە واتایەکی تر نیشاندانی، خەیاڵکردنەوە و وێناکردنی شتێک یان بارودۆخێکە بە شێوەیەکی زۆر جوانتر، باشتر، یان سەرنجڕاکێشتر لەوەی کە لە کەتواردا هەیە. وا دادەنرا کە وەختێک نەخۆشێک سیلی هەبووایە، ئەوا سرووشی وێژەیی پڕداهێنانی بۆ دێت و ئەزموونێکی سەرووسرووشتیی ڕۆحانی دەیگرنە خۆ. ئەم تێگەیشتنە بووە هۆی بەرهەمهێنانی چەندان کاریی هونەری و ئێستاتیکی، هەروەها لە شعر و نووسین و فۆتۆگرافی و تابلۆکانی ئەو سەردەمەدا ڕەنگیان داوەتەوە[4]:

فۆتۆگرافەکە هیی هێنری پییچ ڕۆبینسنە. کەچی لە بەرانبەردا نەخۆشییە کوشندەکانی دیکە هێندە بە ئێستاتیکایی و جوانییەوە لێیان نەدەڕوانرا. بۆ نموونە، ئەم وێنەیەی خوارەوە لە ساڵی ١٨٣١ـدا کێشراوە و هیی خانمێکی گەنجی ڤیێناییە کە بە کۆلێرا دەناڵێنێت. دیمەنی لای چەپ خانمە گەنجەکەیە پێش تووشبوون بە کۆلێرا و ئەوەی تەنیشتیشی چووار کاتژمێر پێش مردنیەتی بە نەخۆشییەکە:

ڕەنگە هۆکارێکی ئەم بە ڕۆمانتیزەکردنە بگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییانە. نەخۆشی سیل چەند نیشانەیەکی لە تووشبوانی دەردەخست کە لەگەڵ ستاندراد و پێوانەکانی جوانی ئەو سەردەمە یەکیان دەگرتەوە، بگرە دەکرا ئەو پێوانکارییانەی تێپەڕاندبا. مرۆڤە بەسیلتووشبووەکان کێشیان دادەبەزی و ناسکۆڵە دەبوونەوە. ڕەنگی پێستیان سپی هەڵدەگەڕا و تارماییئاسا دەبوون. سەرگۆناکانیان گوڵئاسایی سوور هەڵدەگەڕان. بەڵام بە پێچەوانەوە و هەروەکوو لە وێنەی خانمەکەی بەکۆلێراتووشبووەکەدا دیارە، کۆلێرا بە مەرگی شین بەناوبانگ بوو، دیمەنێکی بەسام و ترسناکی بە تووشبووان دەدا. نیشانەکانی توند و بێبەزەیی بوون. ڕەنگی پێستی دەشێواندن و تووشبووان شین و خۆڵەمێشی دەبوون. سست و لاوازییەکی ناهێمنانە بەرۆکی دەگرتن: توند دەڕشانەوە و سکیان دەچوو. هاوشێوەی تەرمێکیان لێ دەهات تەنانەت پێش ئەوەی ببنە تەرم و بمرن.
بەهەرحاڵ، هەرچی سەبارەت بە نەخۆشی شێرپەنجەیە لە سەدەی بیستەم، سۆنتاگ پێی وایە نەخۆشییەکە بەستراوەتەوە بە داپڵۆسین، نەرێنێتی و ناچارانە چوون بەرەوپیری مەرگ. شێرپەنجە زۆرجار وەکوو داگیرکاری، سزا و جەنگ دەمێتافۆرێنرێ، کە هەندێ جار وای لێدێت کە ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجە دەبن هەست بە تاوان بکەن لەوەی ئەوە خەتای خۆیانە و لە گوناهی خۆیانەوەیە تووشی ئەم نەخۆشییە هاتوون. بە شێوەیەکی مێتافۆرییانە چێوە بە نەخۆشییەکە دەدرێت وەک ئەوەی بگوترێت کە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی وێنەدانەوەی ناخ و دەروونی کەسەکەن.
بەم پێیە، سۆنتاگ پێی وایە کە مێتافۆرەکان زیانبەخش و کوشندەن. ئاخر شێرپەنجە وەک “حوکمی لە سێدارەدان” بە مێتافۆر دەکرێت، هەر بۆیە لە خۆڕا نییە کە لە وتارەکەیدا دەڵێت “مێتافۆر و ئەفسانەکان، وەک ئەوەی وا گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، مرۆڤەکان دەکوژن”. لە پاڵ سزا، جەنگیش بووەتە مێتافۆرێکی باو بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە. بۆ نموونە، تەنانەت لە زمانی کوردیشدا دەڵێن “فڵان پاش بەربەرەکانێی لەگەڵ شێرپەنجە گیانی سپارد”، ئێ خۆ بەربەرەکانێ شەڕی دەستەویەخەی دوو کەسە، وەکوو لە فەرهەنگی خاڵدا دەڵێت کە بەربەرەکانێ ” ملەملە کردن و چەنەبەچەنە وێستانی یەکێک لەگەڵ یەکێکی” ترە. هەر لەبەر ئەم چەشنە لە ئەندازییارییە زمانەوانییانەیە کە زۆرجار نەخۆشەکان نایانەوێت بیبیستن کە شێرپەنجەیان هەیە، یان لە نەخۆش دەشاررێتەوە، یانیش نەخۆش پێی شەرمە ڕایبگەیەنێت شێرپەنجەی هەیە. سا بۆیە سۆنتاگ پشتگیری دەکرد لە زمانێکی خاڵی لە مێتافۆر و زیاتر زمانێکی دەقاودەقییانەی لە لا پەسەند بوو وەختێک لە نەخۆشییەکان دەدوێین. خۆ هەردوو نەخۆشی دڵەکپێ (جەڵدە) و شێرپەنجە لە ڕووی زانستی پاسۆلۆژییەوە[5] هۆکارەکانی پشتیان سرووشتی و فیزیکین، لێ بەرکەوتنی ئێمە لەگەڵ ئەو مێتافۆرانەی بۆ دانەیەکیان بەکاری دەهێنین یانیش وەختێک دانەیەک نامێتافۆرێنین دیدگا و تێڕوانینمان بۆ نەخۆشییەکە دەگۆڕێت (ل. ٨-٩):
“وەک چۆن کەسێک گرفتی خوێنبەرەکانی دڵی هەیە و دەشێت لە ماوەی چەند ساڵێکدا بە هۆیەوە بمرێت، هەمان شت بۆ مردنی کەسێک لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەبەر ناڵاندن بە شێرپەنجەوە، ڕاستە. بەڵام، جیاواز لە نەخۆشانی شێرپەنجە، کەس پێی وا نییە دەبێت نهێنی هەبوونی نەخۆشییەکە لە نەخۆشێکی دڵ بشارینەوە: هیچ شتێکی شەرمەزارکەر سەبارەت بە جەڵدەی دڵ نییە. نەخۆشانی شێرپەنجە درۆیان لەگەڵدا دەکرێت، نەک تەنها لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکە وەک (کە وا لێی دەڕوانرێت) بڕیارێکی لەسێدارەدانە، بەڵام لەبەر ئەوەی وا بیری لێ دەکرێتەوە کە شتێکی دزێو و جێی بێزهاتنەوە بێت— بە مانایەکی دیکە: بۆ هەستەکانمان شتێکە مایەی شووم و چەپەڵی و قێزە. نەخۆشیی دڵ بە سستی، کێشە و شکستێکی میکانیکی لێک دەدرێتەوە؛ هیچ بەسووکسەیرکردنێک و ئابڕووچووێک بۆی نییە، هیچ تابوویەکی وەهای لە دەوروپشت نییە کە وەک ئەوەی پێشووتر بۆ نەخۆشی سیل هەبوو و ئێستاش بۆ شێرپەنجە هەیە. ئەو مێتافۆرانەی بە نەخۆشی سیل و شێرپەنجەوە وابەستە کراون دەرخەری پڕۆسەگەلێکی زیندەیین لە چەشنێکی سامناک و ناڕەحەتکەر.”
بەهەرحاڵ، کەمێک دوورتر لە لێکدانەوەیەکی کولتووری و وێژەییانە بۆ مێتافۆرەکان، هەردوو توێژەر لە بواری ئاوەزی مرۆڤ، جۆرج لاکۆف و ماڕک جۆنسن، تێگەیشتنی ئێمەیان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ مێتافۆرەکان گۆڕی و فراوان کرد لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کتێبێکەوە لە ساڵی ١٩٨٠ بە ناونیشانی “ئەو مێتافۆرانەی لەگەڵیاندا دەژیێین” یان “ئەو مێتافۆرانەی پێیانەوە پابەندین”[6]. لەو کتێبەدا، لاکۆف و جۆنسن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی کۆنسێپتواڵی ئێمەی مرۆڤ لە بنەماوە سیستەمێکی مێتافۆرییە. خۆی سیستەمی کۆنسێپتوال، کە دەشکرێت مۆدێلی ئاوەزی یان مۆدێلی کۆگنێتیڤی پێ بڵێین، ئەو مۆدێلە ئاوەزییەی ئاوەزمانە کە بۆ جیهانی دەنەخشێنین و هەر لەسەر بنەمای ئەو مۆدێل و نەخشەیەیە ئێمە ڕەفتار دەکەین و بیر دەکەینەوە.
سیستەمی کۆنسێپتواڵی چوارچێوەیەکی ئەقڵی/ئاوەزییە کە لە ڕێگەیەوە لە ئەزموونەکانی خۆمان بۆ جیهان تێدەگەین، ڕاڤە دەکەین و ڕێک دەخەین. ئەم سیستەمە کۆنسێپتەکان (چەمکەکان)، بیرۆکەکان و پاتێرنی بیرۆکەکانی لە خۆگرتووە کە ئاوەز، درککردن و ڕەفتارەکانمان دادەڕێژن و شێوەی پێ دەدەن. سا لاکۆف و جۆنسن پێیان وایە کە پێکهاتەی ئەم سیستەمە لە بنەماوە مێتافۆریانەیە، واتە ئێمە کۆنسێپتە ئەبستراکتەکان (نابەرجەستەکان) لە ڕێگەی مێتافۆرەکانەوە تێ دەگەین کە ئەوانیش لەسەر ئەزموونە کۆمەڵایەتی و جەستەییەکانمان دامەزراون. ئەم مێتافۆرە چەمکبەندانە هاریکاریمان دەکەن بۆ ئەوەی واتا بە دۆمەینە [کایە] ئەبستراک و ئاڵۆزەکان (وەک کات، هەستوسۆزەکان و پەیوەندییەکان) بدەین لە ڕێگەی بەستنەوە و گرێدانیان بە ئەزموونگەلێکی ئاشنا و کۆنکرێتیەوە (وەک شوێن، پارە و جوڵەی جەستەیی).
بۆ نموونە لە ئینگلیزیدا ئەم مێتافۆرە بۆ چەمکی پارە باوە: کات پارەیە [time is money]. لە سیستەمێکی کۆنسێپتواڵیی کەسێکی ئینگلیزدا، پارە و کات دوو چەمکن کە پێکەوە بەندن، ئەوان بیر لە کات دەکەنەوە وەک چەمکێکی پەیوەست بە پارەوە. ئینگلیزیزمانێک وەها مامەڵە لەگەڵ کاتدا دەکات وەک ئەوەی پارە بێت، وەک ئەوەی سەرچاوەیەکی گرنگ و دەستلێدراو بێت کە دەشێت خەرج [spend]، پاشەکەوت [save]، بە فیڕۆ [waste] بدرێت یان وەبەرهێنانی [invest] تێدا بکرێت. ئەم تێگەیشتنە ڕەنگە لە زمانی کوردیشدا هەبێت. بۆ نموونە، تۆ کات “تەرخان” دەکەیت بۆ شتێک یان کەسێک، کات ”بەفیڕۆ” دەدەیت لە شتی بێسوود، ڕەنگە “سەرف”ـیشی بکەیت، ڕەنگە کاتت پێ ”نەمێنێت” لە تەواوکردنی شتێک، کات ”دەدەیت” بە دەوروبەرت، ڕەنگە کەسێک کاتەکەت ”ببات”. کات زۆر و کەمی هەیە و هتد. بە هەمان شێوەش قسەکەرانی ئینگلیز لە کات وەک پارە دەڕوانن:
I spent hours on that project.
[چەندان کاتژمێرم لەم پڕۆژەیەدا سەرف کرد]
You’re wasting my time.
[تۆ کاتم بە فیڕۆ دەدەیت.]
I’m investing time in learning a new language.
[من کات بۆ فێربوونی زمانێكی نوێ دابین/تەرخان دەکەم.]
سا بەم شێوەیە خەڵک خشتەکات و ئەو شتانەی لایان گرنگن ڕێک دەخەن وەک ئەوەی کات سەرچاوەیەکی دارایی سنووردار بێت. بەم پێیە وەختێک ئەم مێتافۆرەی “کات پارەیە” بەکار دێت، دەرخەری ئەوەیە کە کات بەهایەکی داراییانەی هەیە. بەڵام لە کردیدا مێتافۆرمان هەیە بۆ کات کە ڕەنگە لە ئینگلیزیدا نەبێت، بۆ نموونە، کەسێک دەتوانێت کاتت ”بگرێت” وەک ئەوەی کات شتێک بێت و بڕوات.
خۆی سیستەمی کۆنسێپتواڵی ئێمەی مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر بە دەر لە ئاگایی خۆمانە، لە زۆرێک ئەو کردارانەی ڕۆژانە دەیکەین و بیری لێ دەکەینەوە، بەتایبەتی شتە بچووکەکانی ڕۆژانە، ئۆتۆماتیک و خۆکردانەن و هێندە بە قووڵی لێیان ڕانامێنین. ئەی باشە چۆن بتوانین پەی بەو پڕۆسێسە و هۆیانەی پشت ئاوەزمان ببەین؟ یەکێک لە ڕێگاکانی ئاشکراکردن و توێژینەوە لەمە بریتییە لە زمان. لەبەر ئەوەی قسەکردن و پەیوەندیکردنی نێوان ئێمەی مرۆڤ دەربارەی ڕەفتار و بیرکردنەوەمان هەر لەسەر ئەو سیستەمە کۆنسێپتواڵییەمان دامەزراوە، دەرفەتێکی باشە بقۆزرێتەوە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئاوەز و ئەم سیستەمە چۆنن.
ئاڕگۆمێنت جەنگە. ئاڕگۆمێنت بریتییە لەو مشتومڕ و بەڵگەهێنانەوە لە سەروبەندی گفتوگۆیەک، بەتایبەتی گفتوگۆی ئەکادیمی. ڕوانین لە ئاڕگۆمێنتەکان وەکوو جەنگ و شەڕوشۆڕ، لە تەواوی زمانی ڕۆژانەمان ڕەنگ دەداتەوە:
بانگەشەکانت لاوازن.
ئاڕگۆمێنتەکەت بەهێز نییە.
ناتوانێت بەرگری لە بیروبۆچوونەکەی بکات.
پەلاماری بیربۆچوونە لاوازەکەییم دا.
ئاڕگۆمێنتەکانی منت تەفروتونا کرد.
بە ڕەخنەکانت، ڕێک نیشانەکەت پێکا.
نەشتەری ڕەخنە.
تەنها بە زمانێکی جەنگییەوە لە ئاڕگۆمێنتەکان نادوێین، بنواڕە کەسێک دەتوانێت ئاڕگۆمێنێتێک یان مشتومڕێک بباتەوە یان بیدۆڕێنێت، سا براوە و دۆڕاو هەن. ئەوەی لە دیبەیتێک دژت دەدوێت نەیارتە، سا هێرش دەکەیت و پەلاماری بیروبۆچوون و ئاڕگۆمێنتەکانی دەدەیت. بۆ ئەوەی ئاڕگۆمێنتێکی باش بئافرێنیت، تاکتیک، ستراتیژی و پلان دادەڕێژیت. وەختێکیش پەلاماری ئاڕگۆمێنتێکت دەدرێت، تۆ بەرگری دەکەیت، ناهێڵیت هیچ کام لە تێڕوانین و ئاڕگۆمێنتەکانت بێ پەرژین و بێ پارێزبەندی جێبمێنن. وەختێک سەنگەرێکت سەرناگرێت، دەکشێیتەوە لەو تاکتیکە و دەتەوێت لە ڕێگەیەکەی ترەوە پاشەکشە بە ئاڕگۆمێنتی کەسی بەرانبەرت بکەیت. هەر وەک چۆن هێرش و هێرشی پێچوانە هەن، ئاڕگۆمێنت و ئاڕگۆمێنتی پێچەوانەش [counter-argument] هەن. کە دەڵێین ئاڕگۆمێنت/مشتومڕ/گفتوگۆ جەنگە، ئەم خاڵانەی لە سەرەوە خراونەتە ڕوو مەبەستی ئەو مێتافۆرەن. لە گفتوگۆدا کەسمان تیر و شمشێر، یان موشەک و ڕومانە ناگرینە یەک، بەڵام مێتافۆرەکە ئەزموون و تێڕوانینی ئێمە سەبارەت بەو چالاکییە دادەڕێژێت.
ئێستا کولتوورێک لە ئەندێشەتدا بنەخشێنە کە تێیدا ئاڕگۆمێنت و گفتوگۆ و دیبەیتەکان بە جەنگ ناچوێنن، کە تیایادا کەس نادۆرێت و کەسیش نایباتەوە، تێیدا نە پەلاماردان و هێرشبردن هەیە، نە بەرگریکردن، نە بەدەستهێنان و داگیرکردنی پانتاییەکی فراوانی گفتوگۆکە لە ئارادا هەیە نە لەدەستدانی. وا بهێنە پێش چاوت ئەو کولتوورە وەک سەما و هەڵپەڕکێ لە ئاڕگۆمێنتەکان دەڕوانن، بەم پێیە بەژداربووەکانی نەیار نین بەڵکوو نمایشکارن، ئامانجیشیان هەرەسهێنان و قەڵاچۆکردنی بەرانبەر و دژەکانیان نییە، بەڵکوو ئامانجیان لە ئاڕگۆمێنتەکە ئەوە دەبێت کە بە شێوەیەکی ئێستاتیکی و هاوسەنگەوە سەما بکەن. لە کولتوورێکی وەهادا، خەڵکی بە شێوەیەکی جیاواز لە ئاڕگۆمێنتەکان دەڕوانن، ئەزموونێکی ئاوەزی و تەنانەت جەستەیی جیاوازیان بۆ ئاڕگۆمێنت و مشتومڕ دەبێت، گرێدانی کۆڕەکانیشیان لەو بارەیەوە جیاواز دەبێت و بە جیاوازیش قسەی لەسەر دەکەن و لەبارەیەوە دەدوێن.
گەر ئێمە لە کولتوورێکی وەها بڕوانین ڕەنگە پێمان وا نەبێت ئەوان مشتومڕ دەکەن: ئەوان تەنها خەریکی شتێکی جیاوازن. زۆر سەیروسەمەرەش دەبێت ناو لەو شتەی ئەوان بنێین “مشتومڕ” یان “دیبەیت” [ڕیشەی وشەی دیبەت واتە شەڕکردن]. ڕەنگە سرووشتین ڕێگە بۆ باسکردنی جیاوازی نێوان کولتووری ئێمە و ئەوان ئەوە بێت بڵێین کە ئێمە فۆڕمێک لە دیسکۆرسمان [گوتار؛ discourse] هەیە لە لەسەر بنەمای مێتافۆری جەنگ داڕێژراوە، هی ئەوانیش لەسەر بنەمای سەماکردن.
مێتافۆرەکان هەمیشە نیوەناچڵن، بەکارهێنانی هیچ مێتافۆرێک بەتەواوەتی مانا و ئاماژەی ئەوەی دەیمێتافۆرێنرێ پڕ ناکاتەوە، خۆ گەر پڕی بکاتەوە چیتر مێتافۆر نامێنێت. هەمیشە کەمایەسییەک هەیە لەو کۆنسێپتی مێتافۆرەکان. ئێستا کە باس لە ئاڕگۆمێنت و مشتومڕ دەکەین وەک جەنگ و پەلاماردانی بیروبۆچوونی یەکتری، دەشێت ئەمە هێندە مژوڵمان بکات بۆ بەگژداچوونەوەی یەکتری، نیو هێندە بیر لە ئاشتەوایی و بەستنی پەیماننامە و هاوپەیمانی نەکەینەوە.
قوربانیانی زەبری دەروونی زۆرجار هێندە هەستوسۆز و ڕووداوەکان بەسەریاندا زاڵ دەبن، سەختە بۆیان ئەوەی هەستی پێ دەکەن و دەبێ بیڵێن گۆ بکەن. بەڵام، هەنگاوی دەسپێک بۆ چاکبوونەوە لە زەبری دەروونی ئەوەیە کە کەسی زەبردار لە ژینگەیەکی ئارام و پڕئاساییش دەست بکات بە قسەکردن و دەربڕینی سۆزەکانی. لەگەڵ ئەوەی مێتافۆرەکان پەیوەندییان بە ئاوەزی مرۆڤەوە هەیە، ڕەنگە شێوازی بەکارهێنانی مێتافۆرەکان لە لایەن کەسانی دەروونبریندارەوە زۆرمان سەبارەت بەوە پێ بڵێت کە چ شتێک لە ئەندێشەیاندا دەگوزەرێت.
بۆ نموونە، ڕزگاربووانی زەبری دەروونی ڕەنگە درک بە لەدەستچوون و پاشەکشێ بکەن، هاوکات هەست بکەن کە ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەریان ببەستن، تەنانەت لەو نموونەیەی دیاری سابیر، پڕوشە فەرەج و ڤانیا ئامانج لێی دوا بوون، کەسە دەروون بریندارەکە دەگێڕێتەوە[7]: “دوای ئەوەی شتەکان زۆر سەخت بوون و کۆنتڕۆڵم لە دەست دا بڕیارمدا ئەم حاڵەتەی خۆم بۆ خێزانەکەم باس بکەم…. ئەوەبوو سەرەتا بۆ دایکمم باس کرد؛ لە وەڵامدا پێی وتم کە ڕووداوەکەم زۆر گەورە کردوە…. لەو کاتەدا هەستم بە بێهیواییەکی زۆر کرد…لە دوای ئەوەی زانیم کەس ناتوانێ یارمەتیم بدات زۆر هەستم بە تەنیایی دەکرد، چونکە چیدی ناتوانم متمانە بە خەڵکی بکەم و ئەم ڕووداوەیان بۆ باس بکەم تا پێم نەڵێن ڕووداوەکەر گەورە کردوە!” (ل. ١٩) هەر وەک دیارە کێشەی پەیوەندی و متمانە هەیە و لە نەبوونی گوێگرێک کە هەستیار بێت بەرانبەر کەسانی دەروونبریندار ئەوا دۆخی کەسەکە بەرەو خراپتر و دوور لە چارەسەری دەڕوات.
بەهەرحاڵ، لە پاڵ قورسی دەربڕینی حاڵەتەکەیان، ڕەنگە دەروونبریندارەکان مێتافۆرەکان بەکار بهێنن. شێوازی بەکارهێنانی مێتافۆرەکان ڕەنگە لە پاش ترۆما بگۆڕێن. دەشێت دەروونبریندارێک مێتافۆری کۆنتەینەر/هەڵگر/کۆگا/گرتنۆک [container] بەکار بهێنێت و بڵێت کە ئەو هەست دەکات “ناخی بەتاڵە”، بەڵام لە زمانێکی بێتراومادا دەشێ شتێکی وەها بگوترێت: “نازانم مێشکم دەتوانێت چەند وشەی تێبکرێت” یان “بگرێتە خۆی”[8]. مێتافۆری کۆنتەینەر، یان کۆگا، شتەکان وەها دەمێتافۆرێنێت وەک بڵێیت دەچنە ناو یان دێنە دەری کۆگا یان پاکەت/سندووقێکەوە، وەک لەم نموونە ڕستەییانەدا دەردەکەوێت: “من لە خۆشەویستیدام” (خۆشەویستی وەک سندووقێکە کەسێک دەچێتە ناوی: چوونە ژیانی هاوسەرێتییەوە، هتد)، “ئەو لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە” (کۆنتڕۆڵ وەک کۆگایەکە لێوەی دەردەچیت)، “من پڕم لە توڕەیی/خۆشەویستی/خەم” (کەسەکە وەک کۆگایەکە دەشێت پڕ بکرێت لە هەستوسۆزەکان)، هتد.
نموونەیەکی دیکە کە دەکرێت ئاماژەی پێ بدرێت مێتافۆری کۆنتاکت/پەیوەندییە [contact]. لە ئینگلیزیدا گەر بتەوێت لە پەیوەندی نامەگۆڕینەوە، تێلکردن، یان ئیمەیڵگۆڕینەوە بمێنیتەوە دەشێ بڵێیت “stay in touch with me” گەر وشە-بە-وشە وەریبگێڕین بە کوردی دەبێت بە “لە دەستلێدان/بەرکەوتن لەگەڵمدا بمێنەرەوە”، بێگومان ئەو مانەوە لەو پەیوەندییەدا جەستەیی نییە بەڵام مێتافۆری دەستلێدان و پەیوەندی بەکار دەهێنرێت بۆ دەربڕینی ئەو کۆنسێپتە. لە زمانی کوردیشدا دەربڕینی هاوشێوەمان هەیە: “چەند تەلەفۆنم بۆ کردوە، بەڵام دەستم پێی ناگات”، خۆ مەبەستەکە ئەوە نییە بە جەستەکییانە دەستت بە کابرای پەیوەندیبۆکراو بگات، ئەمە تەنها مێتافۆرێکی کۆنتاکتە. لە زەبری دەروونیدا، دەشێ دەروونبریندار بە بەکارهێنانی ئەم مێتافۆرە بڵێت “کەس ناتوانێت لێم نزیک بێتەوە”، کەچی بەکارهێنانێکی بە تراوما سواخنەدراو شتێکی وەها بێت: “لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە دەستمان بە یەک دەگات و لە پەیوەندیدا ماوینەتەوە”[9].
نموونەی مێتافۆرێکی دیکە دەشێت مێتافۆری سایکڵ/خول/خولگە/سووڕ/بازنەیی [cycle] بێت ئەم مێتافۆرە سەرلەنوێ و دووبارەبوونەوە دەردەخات لەگەڵ تەواوبوون و دەسپێکردنەوە، ئاخر خولێک دەسپێک، ناوەند و کۆتایی هەیە. ژیان زۆرجار بە خولگەیەک دەچوێنرێت: لەدایکبوون، گەشەکردن و گەورەبوون پاشان مردن و ئینجا دەسپێکردنەوەی نەوەی داهاتوو. وەرزەکانی ساڵیش بە خولگەیی و سووڕ دەچوێنرێن. دەروونبرینداریک دەشێت وەها ئەزموونی کەسیی خۆی بە مێتافۆر دەرببڕێت “(ڕێچکەی/سووڕی/خو؛گەی سرووشتیی) ژیانم تێکشکاوە”، لێ لە زمانێکی بێتراومادا دەشێ بگوترێت “ئەو لە پاییزەکانی تەمەنیدایە”[10] [he is in the autumn of his life]، لە زمانی ئینگلیزیدا چوونە نێو یان هەبوون لە ناو پاییزی تەمەندا مانای ئەوەیە کەسەکە گەیشتووەتە قۆناغە پێگەیشتوویی و کۆتاییەکانی ژیانی. نموونەش لە زمانی کوردیدا زۆرن، وەختێک تەمەن بە بەهار، پاییز یان زستان دەچوێنرێت. عەلائەدین سەجادی لە بەرگی حەوتەمی ڕشتەی مرواری، دەگێڕێتەوە: “کوڕێکی لاوی شۆخ و شەنگ کە تازە پێی نابووە بەهاری جوانیی، لەگەڵ پیاوێکی پیریی نوورانی کە لە خەزانی پیریدا سەرەتایەکی بوو بۆ ئەو پەڕی ئەو خەزانە، کەوتنە وتووێژ”[11].
پاشکۆ:
*ئەم پارچەنووسینە بەشێکە لە کتێبێکم سەبارەت بە زمان و زەبری دەروونی کە خەریکە نووسینی تەواو دەبێت.
[1] Semino, E. (2021). “Not soldiers but fire-fighters”–metaphors and Covid-19. Health communication, 36(1), 50-58.
[2] عەلائەدین سەجادی (١٩٧٨). خۆشخوانی: گوزارەکاری، ڕەوانکاری، جوانکاری. بەغدا: چاپخانەی مەعارف. لە پڕۆژەی ڤەژینبووکس سەر ماڵپەڕی ڤەژین وەرگیراوە لە ٢١ـی سێپتەمبەری ٢٠٢٤، بەستەر:
https://books.vejin.net/ck/book/103
[3] Sontag, S. (1978). Illness as metaphor.
[4] Ogden, P. (2023, November 16). Romanticizing Death: Art in the Age of Tuberculosis. TheCollector. https://www.thecollector.com/tuberculosis-art/
[5] پاسۆلۆژی (pathology): نەخۆشناسی
[6] Lakoff, G., & Johnson, M. (2008). Metaphors we live by. University of Chicago press.
[7] لێزڵی ماوندێر و لۆرنا کامیرۆن [وەرگێڕانی دیاری سابیر، پڕوشە فەرەج ق ڤانیا ئامانج] (٢٠٢٤). تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی. سلێمانی: ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند.
[8] Wilson, J. P., & Lindy, J. D. (2013). Trauma, culture, and metaphor: Pathways of transformation and integration. Routledge. p. 45.
[9] (Wilson & Lndy, 2013, p. 45)
[10] هەمان سەرچاوەی پێشوو
[11] https://books.vejin.net/ck/text/25521