میشێل فۆکۆ
وەرگێڕان: سەروان ئەحمەد
«فیكری ده‌ره‌وه Le pensée du dehors»، ده‌قێكه ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیات و فیكری مۆریس بلانشۆ، كه له حوزەیرانی ١٩٦٦دا له گۆڤاری كریتیك، ژماره ٢٢٩، بڵاو كراوه‌ته‌وه. سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕان:
Michel Foucault, »Le pensée du dehors«, édition fata morgana, 1986.
Michel Foucault, »The Thought of the Outside«, in: essential works of Foucault 1954-1984, editor: Paul Rabinow and Others, pp. 147-171.
میشل فوكو، «اندیشه‌ی خارج»، در: تئاتر فلسفه، ت: نیكو سرخوش و افشین جهاندیده، چاپ دوم، نشر نی تهران 1390، ص 29-63.
یه‌ك
من درۆ دەكەم[1]، من قسە دەكەم.
لە سەردەمی كۆندا، ]]بناغەی[[ هەقیقەتی یۆنانی، بەم تاكه سەلماندنەی كە [دەڵێت] «من درۆ دەكەم»، هێنرایە لەرزە. [[لە لایەكی ترەوە[2]]]، «من قسە دەكەم»، تەواوی چیرۆك [و خەیاڵی] مۆدێرن ده‌خاته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌وه.
لە ڕاستیدا، ئەم دوو سەلماندنە دەسەڵاتێكی وەكیەكیان نییە. ئێمه باش دەزانین كە، ئه‌گه‌ر له ناوه‌وه‌ی یه‌ك گوتاردا كه فێڵبازانه بەسەر خۆیدا چەمابێته‌وه [و ده‌قی خواردبێت]، ئەم دوو پرۆپۆزیشنە كە یەكێكیان ئۆبژه[3]ی ئەویترە، لەیەك جیا بكەینەوە، ئه‌وا ئێمه ده‌توانین زاڵ ببین به‌سه‌ر ئه‌رگیومێنته‌كه‌ی ئیپیمێندسدا. په‌یكه‌ربه‌ندیی ڕێزمانیی ئەم پارادۆكسە (به تایبەت ئەگەر ئه‌م پارادۆكسه لە فۆرمی سادەی «من درۆ دەكەم»دا قوفڵ درابێت) ده‌شێت خۆی ببوێرێت له‌م دوانه‌یێتی [dualité]یه بنچینه‌ییه: ]به‌ڵام[ ناتوانێت سه‌ركوتی بكات. هەموو پرۆپۆزیشنێك دەبێت له یه‌ك «جۆر»ی باڵاتر بێت لەو پرۆپۆزیشنه‌ی كه وه‌ك ئۆبژه‌كه‌ی كار ده‌كات. ئەمەی كە پرۆپۆزیشن-ئۆبژه[4] دەگەڕێتەوە بۆ پرۆپۆزیشنێك كە دیاری دەكات، ئەمەی كە ڕاستگۆیی ئەم كریتییە [ئیپیمێندس]، لە ساتێك‌دا كە قسە دەكات، له ڕێگه‌ی ناوەڕۆكی سه‌لماندنه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ئەمەی كە ئەو دەتوانێت لە قسەكردندا ده‌رباره‌ی درۆكردن له ڕاستیدا درۆ بكات- هەموو ئەمانە كه‌متر یه‌ك ڕێگری لۆژیكیی تێنه‌په‌ڕێنراوه تا ئەنجامی یه‌ك واقیعییه‌تی پەتی و ساده[5]: سوژەی قسەكەر هەمان سوژەیەكە كە قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له‌و ساته‌دا كه من بە سادەیی ڕای دەگەیەنم كه «من قسە دەكەم»، من لە بەردەم هیچ یەكێك لەم مەترسییانەدا نیم؛ و ئەم دوو پڕۆپۆزیشنەی كە لەم تاكه وتنه‌دا («من قسە دەكەم» و «من دەڵێم كە من قسە دەكەم») شاراوەن، به هیچ شێوەیەك یه‌كتری ناخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. كه‌واته، من لە ناو قەڵایەكی داگیرنه‌كراودا پارێزراوم كە تێیدا سەلماندن خۆی دەسەلمێنێت، كه بە وردیی هاوده‌ق ده‌بێت لەگەڵ خۆیدا، لە هیچ پەراوێزێك سەرتر ناچێت و هه‌موو مەترسییه‌كی هەڵە [erreur] ناهێڵێت، چون من جگە لەم واقیعییه‌ته‌ی كە من قسە دەكەم، هیچ شتێكی تر ناڵێم. پرۆپۆزیشن-ئۆبژه و ئه‌و پرۆپۆزیشنه‌ی كە پرۆپۆزیشن-ئۆبژه ده‌ڵێت، بەبێ ڕێگر و بەبێ بێده‌نگی، نەك تەنها لە لایەنی گوفتار[6]ی جێمەبەستەوە، بەڵكە لە لایەنی ئه‌و سوژەوه كە ئەم گوفتارە دەردەبڕێت، په‌یوه‌ندیی [له‌گه‌ڵ یه‌كتردا] داده‌مه‌زرێنن. كەواتە ئه‌مه هه‌قیقه‌ته، هەقیقەتی تێكنه‌شكاو، كە من قسە دەكەم كاتێك كه ده‌ڵێم كه من قسه ده‌كه‌م.
بەڵام به ڕاستی دەشێت شتەكان بەم شێوه‌یه ساده نەبن. هه‌رچه‌نده كه پۆزیشنی فۆرماڵیی «من قسە دەكەم»، گرفتگه‌لێكی تایبەت به خۆی دروست ناكات، بەڵام ماناكەی، سەرەڕای ڕوونییە ڕواڵەتییەكەی، یه‌ك هه‌رێمی پرسیاره‌كان ده‌كاته‌وه كه ڕه‌نگه ناسنووردار بێت. «من قسە دەكەم» لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ یه‌ك گوتار كە، بە پێشكه‌شكردنی یه‌ك ئۆبژه بەم گوتارە، وەك ئه‌ستوونگه‌ی [گوتارەكە] كار دەكات. بەڵام ئەم گوتارە غایبه؛ «من قسە دەكەم» باڵاده‌ستی[7]یه‌كه‌ی تەنها لە غیابی هەر زمانێكی تردا جێ دەكاتەوە؛ گوتارێك كە من قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، پێش ڕووتیی وتراو [la nudité énoncée] لە ساتێك‌دا كە من دەڵێم «من قسە دەكەم» بوونی نییە؛ و [ئەم گوتارە] لە هەمان ئەو ساتەدا كە من بێدەنگ دەبم لەناو دەچێت و دیار نامێنێت. هەر ئیمكانێكی زمان له ڕێگه‌ی گواستنەوەوه[8] كە زمان تێیدا كامڵ دەبێت و به‌دی دێت، لێره‌دا وشك دەبێت. بیابان گەمارۆی دەدات. زمانێك كە دەیەوێت لە فۆڕمی ڕووتكراوه‌ی «من قسە دەكەم»دا خۆی وه‌ربگرێته‌وه، لە چ ناسكییەكی سه‌رپه‌ڕدا، لە چ پنتێكی ورد و تاقانەدا، دەتوانێت كۆ ببێتەوە؟ مەگەر ئەمەی كە به دروستی بۆشاییه‌ك كە تێیدا لاوازیی بێ ناوەڕۆكی «من قسە دەكەم» دەردەكەوێت، یه‌ك كرانەوەی ڕەها بێت كە لە ڕێگەیەوە زمان دەتوانێت تا ناكۆتا بڵاو ببێته‌وه، لە كاتێكدا كە سوژە- «من» كە قسە دەكات- پارچە پارچە ده‌بێت، پەرش دەبێته‌وه، و په‌رته‌وازه ده‌بێت تا شوێنێك كە لەم فەزا ڕووتەدا لەناو دەچێت. ئه‌گه‌ر لە ڕاستیدا زمان شوێنێكی تایبه‌ت به خۆی نەبێت جگە له‌ناو باڵاده‌ستیی تاقانه‌ی «من قسە دەكەم»دا، كەواتە هیچ شتێك ناتوانێت زمان له پرەنسیپدا سنووردار بكات- نە كەسێك كە بەردەنگی زمانە، نە هەقیقەتی ئەو شتەی كە زمان دەیڵێت، نە بەهاكان یا سیستەمەكانی نواندنەوە[9] كە بەكاریان دەهێنێت؛ بە كورتی، زمان ئیتر گوتار و گه‌یاندنی یه‌ك مانا نییە، بەڵكە په‌ره‌سه‌ندنی زمانە لە بوونه كاڵوكرچه‌كه‌یدا[10]، دەرەكێتیی پەتیی لەقەدكراوە؛ و سوژەیەك كە قسە دەكات، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ش بەرپرسیاری گوتار نییە (كه‌سێك كه گوتار هه‌ڵده‌گرێت، كه‌سێك كه له گوتاردا دەسەلمێنێت و داوەری دەكات، و هەندێكجار له‌ژێر فۆرمی ڕێزمانی‌دا كه به مه‌به‌ستی ئه‌م كاریگه‌رییه ڕێك خراوه، خۆی له [گوتاردا] دەنوێنێتەوە)، بەڵكە یه‌ك نا-بوون [l’inexistence]ـه كە لە خاڵیبوونی خۆیدا، قوڵپدان و هەڵڕژانی ناكۆتای زمان بۆ دەرەوە بەبێ وه‌ستان بەردەوام دەبێت.
بەپێی نەریت، ئێمه باوەڕمان وایە كە ئەدەبیاتی مۆدێرن له ڕێگه‌ی ئه‌و دووقەدبوون[11]ـەوه تایبه‌تمه‌ند كراوه كە ڕێگه‌ی پێ ده‌دات كه خۆی دەستنیشان بكات؛ ئەم خۆ-گه‌ڕانه‌وه‌یه ]واته گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات بۆ خۆی[ وا گریمانه كراوه كه ڕێگه به ئەدەبیات دەدات كە هەم تا ئه‌وپه‌ڕ خۆی ناوەكی بكاتەوە (تا شوێنێك كه ئیتر تەنها وتنی خۆی بێت)، هەم لە نیشانەی درەوشاوەی بوونە دوورە‌كەیدا خۆی ئاشكرا بكات. لە ڕاستیدا، ڕووداوێك كه بووه هۆی له‌دایكبوونی ئەو شتەی كە ئێمە، لە مانای وردی وشەدا، وه‌ك «ئەدەبیات» ده‌ركی بكه‌ین، تەنها بۆ یه‌ك نیگای ڕووكەش، یه‌ك ناوەكیكردنە؛ ئەم ڕووداوە زۆر زیاتر یه‌ك تێپەڕگەیە بۆ «دەرەوه [dehors]»: زمان لە شێوازی بوونی گوتار [mode d’être du discours] هەڵدێت- واتە، لە زنجیرەی نواندنەوە-، و گوفتاری ئەدەبی به ده‌ستپێكردن له خۆیه‌وه گەشە دەكات، و تۆڕێك پێك دەهێنێت كە تێیدا هەر پنتێك، جیاوازه لە پنتەكانی تر، و تەنانەت جیاوازه لە نزیكترین پنتە هاوسنووره‌كان، لە په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌موو پنته‌كانی تردا لە یه‌ك فەزادا جێ دەگرێت كە هەم ئەم پنتانە جێ دەكاتەوە و هەم جیایان دەكاتەوە. ئەدەبیات، زمانێك نییە كە تا پنتی دەركەوتنی سووتاوی خۆی نزیك ببێته‌وه لە خۆی، بەڵكە زمانێكە كە لە دوورترین پنت لە خۆیەوه، خۆی جێگیر دەكات؛ و ئەگەر، لەم جێگیربوونە «لە دەرەوەی خۆ»وە، په‌رده له‌سه‌ر بوونی خۆی هه‌ڵده‌ماڵێت، [ئەوا[ ئەم ڕوونییە كتوپڕە نەك دەقخواردوویی[12]، بەڵكە یەك درز، نەك گەڕانەوەی نیشانەكان بۆ خۆیان، بەڵكە یەك په‌رشبوونه‌وه ئاشكرا دەكات. «سوژه»ـی ئەدەبیات (كه‌سێك كە لە ئەدەبیاتدا قسە دەكات و كه‌سێك كە ئەدەبیات قسەی لەسه‌ر ده‌كات)، ئەوەندەش زمان نابێت لە ئەرێنێتی [posivité]یه‌كه‌یدا، بەڵكە بۆشاییه‌ك ده‌بێت كە زمان كاتێك كە لە ڕووتێتیی «من قسە دەكەم»دا خۆی ده‌ڵێت، فەزاكەی خۆی لە ناویدا دەدۆزێتەوە.
ئەم فەزا بەتاڵ [espace neuter]ـه لە سەردەمی ئێمەدا تایبەتمەندیی چیرۆكی ڕۆژئاوایی دیاری ده‌كات (له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە چیرۆكی ڕۆژئاوایی ئیتر نە یه‌ك میتۆلۆژیایه نە یه‌ك ڕەوانبێژی). بەڵام ئەو شتەی كه ئێستا بیركردنەوە لەم چیرۆكه دەكاتە زۆر زه‌رووری- لە كاتێكدا كە له ڕابردوودا بیركردنەوە لە هەقیقەت گرنگ بوو-، ئەوەیە كه «من قسە دەكەم» وەك یه‌ك دژبه‌ری «من بیر دەكەمەوه [je pense]» كار دەكات. «من بیر دەكەمەوه» لە ڕاستیدا ڕووه‌و دڵنیایی گومانهەڵنەگری من [Je] و بوون[13]ی من ڕێنمایی كراوه؛ بە پێچەوانەوە، «من قسە دەكەم» ئەم بوونە [ـی «من»[ ده‌كێشێته‌وه، په‌رشی دەكات، ده‌یسڕێته‌وه و ڕێگه ده‌دات كه تەنها شوێنە بەتاڵەكەی دەربكەوێت. سه‌رله‌به‌ری یه‌ك نەریت، ته‌نانه‌ت فراوانتر له فه‌لسه‌فه، ئێمه‌ی فێر كردووه كه فیكر ده‌رباره‌ی فیكر [La pensée de la pensée] بۆ قووڵترین ناوەكێتی ڕێنماییمان دەكات. گوفتار دەربارەی گوفتار [La parole de la parole] لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە، بەڵام هەروەها ڕه‌نگه لە ڕێگه‌ی ڕێگاكانی ترەوە، ئێمه بۆ ئەم دەرەوەیە ڕێنمایی دەكات كە تێیدا ئەو سوژەیه له‌ناو ده‌چێت كە قسە دەكات. بێگومان لەبەر ئەم هۆكارەیە كە تێڕامانی ڕۆژئاوایی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دوودڵ بووه له بیركردنه‌وه له بوونی زمان[14]: وەك بڵێی كه تێڕامانی ڕۆژئاوایی پێشوەخت هەستی بەو مەترسییه كردبێت كه ئه‌زموونی ڕووتی زمان بۆ به‌ڵگه‌نه‌ویستیی «من هەم[15]» دروستی ده‌كات.
ئەزموونی دەرەوە [l’expérience de dehors]
ده‌ریچه ڕووه‌و یه‌ك زمان كه تێیدا سوژە تەریك خراوە، ڕۆشنكردنه‌وه‌ی یه‌ك ناسازگاریی ڕه‌نگه چارەسەرنه‌كراو له نێوان دەركەوتنی زمان لە بوونەكەیدا و ئاگایی خود [conscience de soi] لە شوناسەكەیدا، یه‌ك ئەزموونە كە له‌مڕۆدا لە پنتگەلێكی تەواو جیاوازی كولتووردا خۆی ڕاده‌گه‌یێنێت: لە تاكە ژێستی نووسیندا، وه‌ك چۆن لە هه‌وڵه‌كان بۆ فۆرماڵیزه‌كردنی زماندا، لە توێژینەوەی ئوستوورەكان و لە دەروونشیكاریدا، هەروەها لە گه‌ڕان به‌دوای ئه‌م لۆگۆسەدا كە وه‌ك بڵێی شوێنی لەدایكبوونی تەواوی عەقڵی ڕۆژئاوایی پێك ده‌هێنێت. ئێمه لێره‌دا خۆمان له به‌رده‌م لێواری چاڵێكدا ده‌بینینه‌وه كە بۆ ماوەیه‌كی درێژخایەن بۆ ئێمه نەبینراو مابووه‌وه: بوونی زمان تەنها لە له‌ناوچوونی سو‌ژەدا، بۆ خۆی دەردەكەوێت. ئێمه چۆن دەتوانین ئەم پەیوەندییە سەیرە [ـی له‌ناوچوونی سوژە و دەركەوتنی بوونی زمان[ به ده‌ست بهێنین؟ ڕه‌نگه له ڕێگه‌ی یه‌ك فۆڕمی فیكره‌وه كە كولتووری ڕۆژئاوایی ئیمكانی هێشتا ناڕوون و نامسۆگەری [ئه‌م فیكره‌ی[ لە پەراوێزەكانیدا نەخشە كێشا. ئه‌م فیكره كە له دەرەوەی هەموو سوبێكتیڤیته‌یه‌كه‌وە وه‌ستاوه بۆ ئه‌وه‌ی كه سنووره‌كانی وەك بڵێی كه له دەرەوە دەربخات، كۆتاییەكەی نیشان بدات، په‌رشبوونه‌وه‌كه‌ی بدره‌وشێنێته‌وه و تەنها غیابی تێكنه‌شكاوی خۆی كۆ بكاتەوە، ئەم فیكره‌ی كە، لە هەمان كاتدا، لە دەستپێكی هەموو ئەرێنێتییەكدا وه‌ستاوه، نەك ئه‌وه‌نده بۆ ئەوەی كە بناغە یا پاساوه‌كه‌ی ده‌رك بكات [saisir]، بەڵكە بۆ ئەوەی فەزایەك دووباره بدۆزێته‌وه كە تێیدا فیكر لە قەد دەكرێتەوە، بۆشاییەك كە وەك شوێنی فیكر كار دەكات، مەودایەك كە تێیدا فیكر پێك ده‌هێنرێت و هه‌ر كه نیگایان بكه‌یت دڵنیاییه ده‌ستبه‌جێكانی تێدا ده‌خلیسكێن- ئه‌م فیكره، له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ناوەكێتیی تێڕامانی فەلسەفیی ئێمه و له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئەرێنێتیی مه‌عریفه[16]ی ئێمه‌دا، ئەو شتە پێك دەهێنێت كە دەتوانین لە یەك وشەدا ناوی بنێین «فیكری دەرەوه».
بە ڕاستی دەبێت ڕۆژێك هەوڵ بدرێت كە فۆرمەكان و كاتیگۆرییە بنەڕەتییەكانی «فیكری دەرەوه» پێناسە بكرێن. هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت كه ڕێگاكه‌ی دووباره بدۆزرێته‌وه، و ئه‌وه بپشكێنرێت كە لە كوێوە بە ئێمە دەگات و لە چ ئاڕاسته‌یه‌كدا دەجووڵێت. دەتوانین وا گریمانە بكه‌ین كە فیكری دەرەوە له‌م فیكری عیرفانی[17]یەوه له‌دایك بووه كە، له سه‌رده‌می دەقه‌كانی دیۆنیسیۆسی ساخته[18] به‌دواوه، لە سه‌رسنوورەكانی مەسیحییەتدا دەسووڕایەوە: ڕه‌نگه ئەم فیكره، بۆ ماوه‌ی یه‌ك هەزاره یا تا ڕادەیەك، لەژێر فۆڕمەكانی یه‌ك خوداناسیی نەرێنی[19]دا، به‌رده‌وام بووبێت. لەگەڵ ئەمەشدا، هیچ شتێك كه‌متر لەم گریمانەیە دڵنیاتر نییە: چون ئەگەر لەم جۆرە ئەزموونەدا به ڕاستی تێپه‌ڕین بۆ «دەرەوەی خود» مەبەست بێت، ئەوا ئه‌مه بۆ ئەوەیە كە له كۆتاییدا خۆمان بدۆزینەوە، و خۆمان تێكئاڵێنین و كۆ بكه‌ینه‌وه له ناوەكێتیی درەوشاوەی یه‌ك فیكردا كە به هه‌ق بوون و گوفتارە، و به‌م پێیه گوتاره، تەنانەت ئەگەر ئەم فیكره، له سه‌رووی هه‌موو زمانێكه‌وه، بێده‌نگی بێت، ]و[ له سه‌رووی هه‌موو بوون [être]ێكه‌وه، نه‌بوون [néant] بێت.
ئه‌مه كه‌متر سه‌ركێشانه‌یه كه گریمانه بكه‌ین كه یەكەمین پچڕانێك كه له ڕێگه‌یه‌وه فیكری ده‌ره‌وه ڕێگای خۆی بۆ ئێمه كرده‌وه، به شێوه‌یه‌كی پارادۆكسئاسا، لە مۆنۆلۆگی دووپاتەی ماركی دو ساددا بوو. لە قۆناغی كانت و هیگڵدا، له ساتێك‌دا كە بێگومان ئاگایی ڕۆژئاوایی داوای ناوەكیكردنی یاسای مێژوو و یاسای جیهانی هەرگیز بەم ئەندازە فەرماندەرانەیە نه‌كردبوو، ساد هه‌میشه و بەبێ وه‌ستان قسەی لەسەر ڕووتیی ئارەزوو[20] وەك یاسای بێیاسای جیهان ده‌كرد. دروست لە هه‌مان ئه‌م قۆناغه‌دا بوو كە لە شیعری هۆڵدەرلیندا غیابی درەوشاوەی خواوەندەكان ده‌ركه‌وت و پابه‌ندبوون به چاوەڕوانی، بێگومان چاوه‌ڕوانیی ناكۆتا له یارمه‌تیی مەتەڵئاسا وەك یه‌ك یاسای نوێ ڕاگەیەنرا، یارمه‌تیی مەتەڵئاسا كه له «غیابی خودا»وه دێت. ئایا دەتوانین بەبێ زیادەڕەوی بڵێین كە له هه‌مان ئه‌م ساته‌دا، ساد و هۆڵدەرلین، یەكێكیان له ڕێگه‌ی ڕووتكردنه‌وه‌ی ئارەزوو لە ورتەورتی ناكۆتای گوتاردا، و ئەویتریان له ڕێگه‌ی دۆزینەوەی بەلاڕێداچوون، ڕوووه‌رگێڕان و سه‌رگه‌ردانیی خودایان لە درزی زمانێكدا كە لە دۆخی لەدەستچووندایە، ئەزموونی دەرەوەیان، بەڵام ئەزموونێكی بە جۆرێك كۆدڕێژراو، هێنایه ناو فیكری ئێمەوه، ]ئه‌زموونێك[ بۆ سەدەیه‌ك كه دێت؟ ئەزموونێك كە ده‌بوو بمێنێته‌وه ئه‌و كاته‌ی كه به وردیی نه‌نێژرابوو، چون ]]به ته‌واوه‌تی[[ دزەی نەكردبووە ناو قووڵایی كولتووری ئێمه‌وه، بەڵكە گه‌ڕۆك، بێگانه، وەك دەرەوەی ناوەكێتیی ئێمه بوو، ئەویش به درێژایی تەواوی سەردەمێك كە تێیدا داوای ناوەكیكردنی جیهان، سڕینەوەی بێگانه‌ییه‌كان، زاڵبوون بەسەر ساتی فریودەری Entausserung [بێگانه‌یی]، به‌مرۆییكردنی سروشت، به‌سروشتیكردنی مرۆڤ، و گەڕاندنەوەی گه‌نجینه‌گه‌لێك بۆ سەر زەمین كە لە ئاسمانەكاندا مه‌سره‌ف كرابوون، بە كاریگه‌رترین شێوە فۆرمیولە كرا.
بەڵام ئەم ئەزموونەیە كە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم و لە دڵی هه‌مان زماندا دووبارە دەركەوتەوە، زمانێك كە بووه به هه‌مان پرشنگدانه‌وه‌ی دەرەوە [dehors]، هه‌رچه‌نده كه كولتووری ئێمە هەمیشە هه‌وڵ ده‌دات كە خۆی تێدا ڕه‌نگ بداته‌وه، وەك بڵێی كه زمان نهێنیی ناوەكێتیی خۆی به‌ده‌سته‌وه بێت): له فه‌لسه‌فه‌ی نیچەدا، كاتێك كە ئەو ئاشكرای كرد كە ته‌واوی میتافیزیكی ڕۆژئاوایی به‌ستراوه نەك تەنها بە ڕێزمانەكەیەوە (شتێك كە له سه‌رده‌می شلیگڵ[21]ـه‌وه به شێوەیەكی به‌رفراوان شیاوی پێشبینیكردن بوو)، بەڵكە به‌ستراوه بە كەسانێكەوە كە، چونكە گوتاریان به‌ده‌سته‌وه‌یه، مافی گوفتار بۆ خۆیان ده‌پارێزن؛ له فیكری مالارمێدا، كاتێك كە زمان وەك مۆڵه‌تێكی به‌خشراو بە شتێك دەردەكەوێت كه ناوی ده‌نێت، به‌ڵام به تایبه‌ت- لە ئیژیتۆر[22]ـەوە تا شانۆگه‌رێتیی سەربەخۆ و به‌ڕێكه‌وتی كتێب[23]– وه‌ك جووڵه‌ی لەناوچوونی ئەو كەسەی كە قسە دەكات؛ له ئه‌ده‌بیاتی ڕامبۆدا، كاتێك كە ته‌واوی زمانی گوتاری بانگهێشت كرا بۆ ئه‌وه‌ی كه لە توندوتیژیی جەستە و هاواركردندا بكرێتەوە، و كاتێك كە فیكر، بە بەجێهێشتنی ناوەكێتیی درێژدادڕی ئاگایی، ده‌بێت به وزەی ماتریاڵی، ڕه‌نج و ئازاری گۆشت [chair]، ئەشكەنجە و دڕاندن [déchirement]ی خودی سوژە؛ له فیكری باتای[24]دا، كاتێك كە فیكر، لەجیاتیی ئەوەی كە گوتاری دژیەكی یا گوتاری ناخودئاگا بێت، ده‌بێت به گوتاری سنوور، گوتاری سوبێكتیڤیته‌ی تێكشكاو، و گوتاری سەرپێچی[25]؛ له فیكری كلۆسۆڤسكی[26]دا، لەگەڵ ئەزموونی هاوزا[27]دا، ئەزموونی دەرەكێتیی زڕه‌وێنه‌كان، [و] ئەزموونی فره‌یی شانۆیی و شێتئاسای من [Moi]دا.
ڕه‌نگه بلانشۆ تەنها یەكێك نەبێت لە شایەتەكانی ئەم فیكره [«فیكری دەرەوه»[. ئەو تا ئه‌و ڕاده‌یه خۆی دووره‌په‌رێز كردووه له ده‌ركه‌وتنی بەرهەمەكانی [oeuvre]دا، تا ئه‌و ڕاده‌یه كه، نه‌ك شاراوه به هۆی ده‌قه‌كانییه‌وه، بەڵكە غایب لە بوونی ده‌قه‌كاندا و غایب به هۆی هێزی سەرسووڕهێنەری بوونی ده‌قه‌كانه‌وه، بۆ ئێمە به ته‌واوه‌تی خودی ئەم فیكره‌یه- حزووری واقیعی، بە ڕەهایی دوور، درەوشاوە، و نەبینراو، چارەنووسی زەرووری، یاسای بەرپێنەگیراو، و هێزی ئارام، ناكۆتا و پێوانه‌كراوـی خودی ئەم فیكره‌یه.
ڕەنگدانەوە، خەیاڵ (چیرۆك)[28]
به‌خشینی یه‌ك زمان بەم فیكره كە وەفادار بێت بۆی، لەڕادەبەدەر قورسه. هەر گوتارێكی تەنیا ڕەنگدانەوەیی لە ڕاستیدا ئەم مەترسییەی هەیە كە ئەزموونی دەرەوە كورت بكاته‌وه بۆ ڕەهەندی ناوەكێتی؛ ڕەنگدانەوە ]تێڕامان[ سەرسەختانە مه‌یلی گەڕاندنەوەی ئەزموونی دەرەوه‌ی هه‌یه بۆ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئاگایی و پەرەپێدانی لە یه‌ك وه‌سفكردنی پرسی ژینكراو [vécu]دا كە تێیدا «دەرەوه» وەك ئەزموونی جەستە، ئەزموونی فه‌زا، ئەزموونی سنوورەكانی ویست، ئەزموونی حزووری نه‌سڕدراوه‌ی ئەویتر [autrui]، نەخشە دەكێشرێت. وشه‌سازیی چیرۆك به هه‌مان ئه‌ندازه ترسناكه: لە چڕیی وێنەكاندا، هەندێكجار لە ڕوونێتیی ڕووتی بەتاڵ [neutre]ترین یا سەربزێوترین فیگه‌ره‌كاندا، وشه‌سازی مەترسیی تۆماركردنی ده‌لاله‌تگه‌لێكی [مانا[ـی ته‌واو پێشوه‌خت دروستكراوی هه‌یه، ده‌لاله‌تگه‌لێك كە، لەژێر جۆرەكانی یەك دەرەوەی خەیاڵیدا، سەرلەنوێ تانوپۆی كۆنی ناوەكێتی دەچنن.
لێره‌وه‌یه كه زەروورەتی گۆڕانی[29] زمانی ڕەنگدانەوەیی سه‌رهه‌ڵده‌دات. زمانی ڕەنگدانەوەیی ده‌بێت ئاڕاسته‌كراو بێت نه‌ك ڕووه‌و یه‌ك چەسپاندنی ناوەكی- ڕووه‌و یه‌ك جۆری دڵنیایی چه‌قئاسا كە ئیتر نەتوانێت لێیه‌وه دەرپەڕێنرێت بۆ ده‌ره‌وه- بەڵكە دەبێت زیاتر ڕووه‌و یه‌ك كۆتایی ]و دوورترین سنوور له چه‌قه‌وه[ بڕوات كە تێیدا ]زمانی ڕه‌نگدانه‌وه‌یی[ دەبێت هەمیشە خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە: ئەم زمانە كە گەیشتووە بە لێواری خۆی، سه‌رهه‌ڵدانی ئەرێنێتییەك نابینێت كە دژبه‌ری زمان ده‌كات، بەڵكە بۆشاییەك دەبینێت كە تێیدا ده‌سڕدرێته‌وه؛ و بە پەسەندكردنی كرانه‌وه له ده‌نگه‌ده‌نگدا [rumeur]، لە ڕەتدانەوەی ده‌ستبه‌جێی ئەو شتەی كە دەیڵێت، لە یه‌ك بێدەنگیدا كە نزیكیی یه‌ك نهێنی نییە، بەڵكە یه‌ك دەرەوەی پەتییە كه تێیدا وشەكان به شێوه‌یه‌كی ناكۆتا كراوه‌ن، دەبێت ڕووه‌و ئەم بۆشاییە بڕوات. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە زمانی بلانشۆ هیچ سوودێكی دیالێكتیكی لە ڕەتدانەوە وه‌رناگرێت. ڕەتدانەوەی دیالێكتیكی، هێنانی ئەو شتەیە بۆ ناو ناوەكێتیی نائارامی زه‌ین[30] كه مرۆڤ ڕەتی ده‌داته‌وه. ڕەتدانەوەی گوتاری تایبەتی خود، بەو جۆره‌ی كە بلانشۆ ئەنجامی دەدات، واته بردنی ئه‌م گوتاره بۆ دەرەوەی خود بەبێ وه‌ستان، واته بێبه‌شكردنی ئەم گوتارە لە هەر ساتێك‌دا نەك تەنها لەو شتەی كە تازه گوتویه‌تی، بەڵكە لە ده‌سه‌ڵاتی وتنی ئه‌و شته؛ وازهێنان له گوتار لە هەمان ئەو شوێنەدا كە تێیدایە، دوور لە پشت خۆیەوە، بۆ ئەوەی كه ئازاد بێت بۆ یه‌ك دەستپێكی ]تازه[- دەستپێكێك كە یه‌ك ئاخێزگەی پەتی [pure origine]یە، چون جگه له خۆی و بۆشایی هیچ ئه‌سڵ و پره‌نسیپێكی نییە، بەڵام هەروەها دووباره دەستپێكردنەوەیە، چون ئەمە زمانی ڕابردووە كە بە ناوكلۆركردنی خۆی، ئەم بۆشاییەی ئازاد كردووه. نەك ڕەنگدانەوە، بەڵكە فەرامۆشی؛ نەك دژبه‌ری، بەڵكە ململانێ یا كێبڕكێیه‌ك كە ده‌سڕێته‌وه؛ نەك ئاشتكردنەوە، بەڵكە دووبارەبوونەوەی بەردەوام؛ نەك زه‌ینێك لە داگیركردنی پڕزه‌حمه‌تی یەكێتییەكەیدا، بەڵكە بنكه‌نبوونی ناكۆتای دەرەوە؛ نەك هەقیقەتێك كە له كۆتاییدا خۆی ڕووناك ده‌كاته‌وه، بەڵكە ]ڕژان یا[ جووڵەكەوتن[31] و ناڕه‌حه‌تیی یه‌ك زمان كە پێشوەخت هه‌میشه دەستی پێ كردووە. «نەك یه‌ك گوفتار، بەڵكە بە زەحمەت یه‌ك ورتەورت، به زەحمەت یه‌ك لەرزە، كەمتر لە بێدەنگی، كەمتر لە چاڵی بۆشایی[32]؛ پڕیی بۆشایی، شتێك كە ناتوانرێت ناچار به بێده‌نگی بكرێت، داگیركەری هەموو فەزاكان، پرسی نه‌پچڕاو، پرسی نەوەستاو، یه‌ك لەرزە و پێشوەخت یه‌ك ورتەورت، نەك یه‌ك ورتەورت، بەڵكە یه‌ك گوفتار، و نەك ته‌نها هەر گوفتارێك، بەڵكە گوفتارێكی جیاواز، ورد و دروست، لە بەردەستی من.»[1]
یه‌ك گۆڕانی هاوكات بۆ زمانی چیرۆك پێویستە. چیرۆك ئیتر نابێت دەسەڵات [pouvoir]ێك بێت كە ماندوونەناسانە وێنەكان بەرهەم ده‌هێنێت و وایان لێ ده‌كات بدره‌وشێنه‌وه، بەڵكە دەبێت ده‌سه‌ڵات [puissance]ێك بێت كە بە پێچەوانەوە گرێی وێنەكان دەكاتەوە، تەواوی باری زیاده‌كه‌یان كەم دەكاتەوە، به یه‌ك ڕوونێتیی ناوەكی ده‌یانئاخنێت كە وردە وردە ئەم وێنانە ڕووناك دەكاتەوە تا شوێنێك كە دەیانتەقێنێتەوە و لەناو سووكەڵەیی پرسی وێنانەكراودا پەرشیان دەكاتەوە. چیرۆكەكان له فیكری بلانشۆدا، له‌جیاتیی ئەوەی كە خودی وێنەكان بن، گۆڕانی فۆرم، جێگۆڕكێ، نێوه‌ندگیری بەتاڵ[33]، هێڵی یه‌كتر بڕین و درزی وێنەكانن. ئەم چیرۆكانە وردن، و تەنها وێنەی ئەو فیگه‌رانه دەكێشن كە لە خۆڵه‌مێشیی ژیانی ڕۆژانە و پرسی بێ ناو [l’anonyme]دا ون بوون؛ و كاتێك كە ڕێگە بۆ سەرسووڕمانێك دەكەنەوە، ئەم سەرسووڕمانە هەرگیز لەناو خۆیاندا نییە، بەڵكە لەناو بۆشاییەكدایە كە گەمارۆیان دەدات، لە فەزایەكدا كە تێیدا ئەم چیرۆكانە بەبێ ڕیشە و بەبێ بناغە جێیان گرتووە. پرسی خەیاڵی ]چیرۆكی[ هەرگیز نه لە شتەكاندایه نه لە مرۆڤەكاندا، بەڵكە له حه‌قیقینوێنی[34]ی نامومكینی ئەو شتەیەدایه كە ده‌كه‌وێته نێوان شتەكان و مرۆڤەكان: ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان، نزیكێتیی ئه‌و شته‌ی كه دوورترینە، شاردنه‌وه‌ی ڕەها لە هەمان ئەو شوێنەدا كە هەین. كەواتە، چیرۆك بریتی نییە لەوەی كە ببێتە هۆكاری بینینی پرسی نەبینراو [l’invisible]، بەڵكە بریتییە لەوەی كە ببێتە هۆكارێك تا ببینین كە نەبینراوێتی [l’invisibilité]ـی پرسی بینراو [l’visible] چه‌نده نەبینراوە[35]. لێره‌دایه كه پەیوەندیی قووڵی نێوان چیرۆك و فەزا سه‌رهه‌ڵده‌دات، فه‌زایه‌ك كە، ]]چون[[ به‌م شێوه‌یه دەرك دەكرێت، بۆ چیرۆك هەمان شتێكه كە پرسی ڕه‌تده‌ره‌وه بۆ ڕەنگدانەوە (لە كاتێكدا كە ڕەتدانەوەی دیالێكتیكی به‌ستراوه‌ته‌وه بە ئەفسانەی كات[36]ـه‌وه). بێگومان ئه‌مه ئەو جۆره ڕۆڵەیه كە ماڵەكان، ڕاڕەوەكان، داڵانه‌كان، دەرگاكان و ژوورەكان لەناو تا ڕادەیەك تەواوی گێڕانه‌وه‌كان[37]ی بلانشۆدا، دەیگێڕن: شوێنە بێ شوێنەكان [lieux sans lieu]، دەستپێكە ڕاكێشه‌ره‌كان، فەزاگه‌لێكی داخراو، قەدەغەكراو و لەگەڵ ئەمەشدا كراوە بە ڕووی تەواوی باكاندا، ڕاڕه‌وگه‌لێك كه به كرانەوەی دەرگای ژوورەكان دادەخرێن و دەكرێنەوە، دەرگاگەلێك كە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌رگه‌نه‌گیراوه‌كان بە ڕووی ژوورەكاندا دەكرێنەوە، و له ڕێگه‌ی ]]دروستكردنی[[ تەنگەڵانه‌كانه‌وه ژووره‌كان له یه‌كتر جیا دەكەنەوە كە لە سەرووی ئه‌م ته‌نگه‌ڵانه‌وه هیچ دەنگێك ناگاتە دەنگێكی تر، ته‌نانه‌ت هاوارگەلێك كە كپ دەبنەوە؛ داڵانگەلێك كە دووباره ده‌نووشتێنه‌وه بەسەر داڵانی تازه‌تردا كە تیایاندا، شه‌و، له سه‌رووی هه‌موو خه‌وتنێكه‌وه، به دەنگی خنكاوی كەسانێك كە قسە دەكەن، به كۆكەی نەخۆشەكان، به هاڕه‌هاڕی مه‌رگی كەسانێك كە ده‌مرن، به هه‌ناسه‌ی هه‌ڵواسراوی كەسێك كە بەبێ وه‌ستان دەست لە ژیانكردن بەردەدات، ده‌نگ ده‌داته‌وه؛ ژوورێكی زیاتر درێژ تا گه‌وره، ژوورێكی درێژ وەك یه‌ك تونێل، كە تێیدا دووری و نزیكی- نزیكیی فەرامۆشی، دووریی چاوەڕوانی- لە یەكتر نزیك دەبنەوە و بە شێوەیه‌كی ناكۆتا لە یەكتر دوور دەكەونەوە.
بەم شێوەیە پشوودرێژیی ڕەنگدانەوەیی، كە هەمیشە ڕووه‌و دەرەوەی خۆی ئاڕاسته‌كراوه، و چیرۆك كە لە بۆشاییەكدا خۆی هەڵدەوەشێتەوە كە تێیدا گرێی فۆرمە‌كانی دەكاتەوە ]و ئاشكرا ده‌كات[، بە یەكتر دەگەن بۆ ئه‌وه‌ی كه یه‌ك گوتار پێك بهێنن كە بەبێ ئەنجام و بەبێ وێنە، بەبێ هەقیقەت یا شانۆ، بەبێ بەڵگە، بەبێ دەمامك، بەبێ سەلماندن، ئازاد لە هه‌موو چه‌قێك، و ڕزگاربوو لە نیشتمان دەردەكەوێت؛ گوتارێك كه فەزای تایبەتی خۆی وەك دەرەوە [dehors]یەك پێك ده‌هێنێت كە ڕووه‌و ئه‌م ده‌ره‌وه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌ره‌وه‌یه قسه ده‌كات. ئەم گوتارە، وەك گوفتاری دەرەوە، كه له وشه‌كانیدا پێشوازیی له‌و ده‌ره‌وه‌یه ده‌كات كه ئه‌م گوتاره دەیكاتە بەردەنگی خۆی، كراوه‌یی یەك ته‌فسیری هەیە: دووبارەبوونەوەی ئەو شتەی كە لە دەرەوە بەبێ وه‌ستان ورتەورت دەكات. بەڵام ئەم گوتارە وەك گوفتارێك كە هەمیشە لە دەرەوەی ئەو شتەوە دەمێنێتەوە كە دەیڵێت، یه‌ك پێشكەوتنی نه‌وه‌ستاو ده‌بێت ڕووه‌و ئه‌و شته‌ی كە ڕووناكییەكه‌ی، ڕووناكیی به ڕه‌هایی جوان، هەرگیز زمانێكی وەرنەگرتووە. ئەم شێوازی تاقانەی بوونی گوتار[38]- گەڕانەوە بۆ ناوكلۆربوونی ناڕوونی گرێكردنەوە و ئاخێزگە [l’origine]- بێگومان زه‌مینه‌ی هاوبەشی «ڕۆمانەكان»، «گێڕانه‌وه‌كان» و «ڕەخنه [critique]»ـی بلانشۆ پێناسه ده‌كات. لە ڕاستیدا، له‌و ساتەدا كە تێیدا ئیتر گوتار په‌یڕه‌وی له داوێن[39]ی یه‌ك فیكر ناكات كه خۆی ناوه‌كی ده‌كاته‌وه و، بە بەردەنگكردنی خودی بوونی زمان، فیكر ڕووه‌و دەرەوە دەگەڕێنێتەوە، لەو ساتەدا و هه‌روه‌ها له یه‌ك چركه‌ساتی تاقانه‌دا، گوتار ]]ده‌بێت به[[ گێڕانه‌وه‌ی زۆر وردی ئەزموونەكان، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان و نیشانە ڕێتێنه‌چووه‌كان- زمان دەربارەی دەرەوەی هەموو زمانێك، گوفتاره‌كان دەربارەی ڕه‌هه‌ندی نەبینراوی وشەكان؛ و گوتار ]]ده‌بێت به[[ سه‌رنجدان لە شتێك كە پێشوەخت لە زماندا بوونی هەیە، شتێك كە پێشوەخت گوتراوە، چاپ كراوە، و دەركەوتووە-؛ گوێگرتن نەك ئەوەندە لە شتێك كە لە زماندا وتراوه، بەڵكە لە بۆشاییەك كە لە نێوان وشەكانی زماندا ده‌سووڕێته‌وه، لە ورتەورتێك كە بەبێ وه‌ستان زمان شیتەڵ و هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه؛ ]]بە دەربرینێكی تر[[، گوتار دەربارەی نا-گوتاری هەموو زمانێك، چیرۆكی فەزایه‌كی نەبینراو كە تێیدا زمان دەردەكەوێت. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە جیاوازیی نێوان «ڕۆمانەكان»، «گێڕانه‌وه‌كان» و «ڕەخنه» به به‌رده‌وامی لە فیكری بلانشۆدا كەم دەبێتەوە، تا شوێنێك كە لە ]ڕۆمانی[ چاوەڕوانیی فەرامۆشیدا، تەنها خودی زمان ڕێگه‌ی پێ ده‌درێت كه قسه بكات- زمانێك كە پەیوەست نییە بە هیچ كەسێكه‌وه، نە زمانی چیرۆكە و نە زمانی ڕەنگدانەوە ]تێڕامان[ نە زمانی ئەو شتەی كە پێشوەخت گوتراوە و نە زمانی ئەو شتەی كە هه‌رگیز هێشتا نەگوتراوە، بەڵكه «لە نێوان ئه‌واندا، وەك ئه‌م شوێنه، له‌گه‌ڵ كه‌شه فراوانه جێگیره‌كه‌یدا: پاراستنی شتەكان لە دۆخی شاراوه‌ی خۆیاندا.»[2]
ڕاكێشران و بێئاگابوون[40]
ڕاكێشان بۆ بلانشۆ هەمان شتێكە كە، بێگومان، ئارەزوو بۆ ساد، هێز بۆ نیچە، ماتریاڵێتیی فیكر بۆ ئەنتوان ئارتور، و سەرپێچی ]سنووربه‌زاندن[ بۆ جۆرج باتای: ئەزموونی په‌تیی دەرەوە و ڕووتترین ئەزموون. به‌ڵام هه‌روه‌ها دەبێت به ڕوونی ئه‌وه ده‌رك بكه‌ین كە ئەم وشەیە [ڕاكێشان[ چی دیاری ده‌كات: ڕاكێشان، بەو جۆره‌ی كە بلانشۆ ده‌ركی ده‌كات، وابه‌سته نییە بە هیچ دڵفڕاندن ]یا جادوویەك[، هیچ تەنیاییەك ناشكێنێت، هیچ پەیوەندییەكی ئەرێنی[41] دانامەزرێنێت. ڕاكێشران بانگهێشتبوون نییە لە لایەن ڕاكێشه‌ریی دەرەوە، بەڵكە ]]ئازارچه‌شتن و[[ ئەزموونكردنی حزووری دەرەوەیە لە خاڵێتی و هه‌ژاریدا و، به‌ستراو بەم حزوورە [ـی دەرەوە[، ئەزموونكردنی ئه‌م واقیعییه‌ته‌ی كە ئێمه بە چەشنێكی چاره‌سه‌رنه‌كراو دەرەوەی دەرەوە [hors du dehors]ین. دوور له بانگكردنی ناوه‌كێتی بۆ نزیكبوونه‌وه له یه‌ك ناوه‌كێتی تر، ڕاكێشان بە زەبرەوە ئاشكرای دەكات كە دەرەوە لەوێیە، كراوە، بەبێ خه‌ڵوه‌ت ]]و قووڵایی[[، بەبێ پاراستن یا گلدانه‌وه (چۆن دەرەوەیەك كە هیچ ناوەكێتییه‌كی نییە، بەڵكە لە دەرەوەی هەر پەرژینێكەوە تا ناكۆتا له قه‌د دەكرێتەوە، دەتوانێت ئەم هەموو شته‌ی هەبێت؟)؛ بەڵام دەستگەیشتن بە خودی ئەم كراوەییە مومكین نییە، چون دەرەوە هەرگیز جەوهەری خۆی ئاشكرا ناكات؛ دەرەوە ناتوانێت خۆی وەك یه‌ك حزووری ئەرێنی پێشكه‌ش بكات- شتێك كە له ڕێگه‌ی دڵنیایی بوون [existence]ـه تایبەتەكەیەوە، لە ناوەوە ڕووناك كراوه‌ته‌وه-، بەڵكە تەنها وەك غیابێك ]خۆی پێشكه‌ش ده‌كات[ كە ده‌كشێته‌وه بۆ دوورترین پنت لە خۆیەوە و لە نیشانەیەكدا كە ئەم غیابە دروستی دەكات بۆش و ناوكلۆر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕووه‌و نیشانه پێش بكەوین، وەك بڵێی كه گەیشتن به‌م نیشانه‌یه مومكین بووه. ڕاكێشان، سادەیی سەرسووڕهێنەری كراوەیی، هیچ شتێكی بۆ پێشكه‌شكردن نییە، جگه له بۆشاییەك كە لە ژێر پێی كەسێكدا كە ڕاكێشراو[42]ـه به شێوه‌یه‌كی ناكۆتا دەكرێتەوە، جگه له بێ جیاوازییه‌ك كە پێشوازیی له ئه‌و ]پیاو[ دەكات، وەك بڵێی كە ئه‌و لەوێ نەبووە، جگه له بێدەنگییەكی زۆر پێداگیر كه ]بتوانرێت[ بەرەنگاری بكرێت، زۆر ناڕوون كە بتوانرێت ڕەمزشكێنی بكرێت و یه‌ك ڕاڤەی كاربڕانەی بۆ بكرێت- ڕاكێشان هیچ شتێكی تری بۆ پێشكه‌شكردن نییە جگه له ژێستی یه‌ك ژن له په‌نجه‌ره‌یه‌كدا، یه‌ك دەرگای به ئه‌سته‌م كراوه، پێكەنینی یه‌ك پاسەوانی به‌ردەرگای نایاسایی، یه‌ك نیگای مەحكووم بە مەرگ.
بێئاگایی هاوژینی زەرووریی ڕاكێشانە. پەیوەندییەكانی نێوان بێئاگایی و ڕاكێشان ئاڵۆزن. مرۆڤ بۆ ئەوەی كە بتوانرێت ڕابكێشرێت، دەبێت بێ‌ئاگا بێت،- یه‌ك بێئاگایی جەوهەری[43] كە ئەو شتە به پووچ وه‌رده‌گرێت كە مرۆڤ له ساتی ئەنجامدانیدایه، (تۆماس، لە [ڕۆمانی[ ئامینادەب[3]دا، تەنها لەبه‌ر ئه‌وه دەچێتە ناو پانسیۆنێكی سەیرەوە كە بۆ چوونە ناو ماڵێكی ڕووبەڕوو خۆی بێ‌ئاگا دەكات)، و ڕابردووه‌كه‌ی، خزمەكانی، و تەواوی لایەنەكانی تری ژیانی كه بەم شێوەیە فڕێ دەدرێنە دەرەوە، وه‌ك نه‌بوو ته‌ماشایان ده‌كات (نە لە پانسیۆنی ئامینادەب، نە لە شاری بەرزتر لە هەمووان[44]، نە له «حەوانگه»ـی دواهەمین مرۆڤ[4] و نە لە باڵه‌خانه‌ی ساتی پێویست[45]دا، ئێمه نازانین كه لە دەرەوە چی ڕوو دەدات، یا نیگەرانی زانینی نین: ئێمە دەرەوەی ئەم دەرەوەیەین، دەرەوەیەك كە هەرگیز نه‌خشه نەكێشراوە، بەڵام به‌بێ وه‌ستان له ڕێگه‌ی سپێتیی غیابەكەیه‌وه، له ڕێگه‌ی ڕەنگپەڕیویی بیرەوەرییەكی دەرەهەسته‌وه، یا بە لایەنی زۆرەوە له ڕێگه‌ی درەوشانەوەی بەفر لە پەنجەرەیەكه‌وه، ئاماژەی بۆ كراوە). ئەم جۆرە بێئاگاییە لە ڕاستیدا تەنها دیوی تری یه‌ك هه‌ستگه‌رمی[46]یه- دیوی تری ئەم بەكارخستنه بێدەنگە، پاساونه‌دراوه و سەرەڕای تەواوی ڕێگرەكان، پێداگیر لەسه‌ر ئه‌وه‌ی كە ڕێگه بدات كه له ڕێگه‌ی ڕاكێشانه‌وه ڕابكێشرێت، یا بەدەربڕینێكی وردتر، (چون ڕاكێشان هیچ ئەرێنێتییەكی نییە)، ڕێگه بدات كه لە بۆشاییدا، جووڵەی به‌بێ ئامانج و به‌بێ پاڵنه‌ری خودی ڕاكێشان بێت. كلۆسۆڤسكی ته‌واو لەسەر هەق بوو كاتێك كە جەختی لەسەر ئەم خاڵە دەكرده‌وه كە هێنری، كه‌سایه‌تیی بەرزتر لە هەمووان، ناو ده‌نرێت Sorge (Souci) (كەڵكەڵە/نیگه‌رانی)؛ ناوێك كە تەنها دوو یا سێ جار لە دەقەكەدا هاتووە.
بەڵام ئایا ئەم هه‌ستگه‌رمییه هەمیشە هۆشیارە، ئایا به یه‌ك فه‌رامۆشی فەرامۆش ناكات- فەرامۆشییه‌كی به ڕواڵەت بێ بایه‌ختر بەڵام زۆر دەستنیشانكەرتر لە فەرامۆشیی گەورەی تەواوی ژیان، له تەواوی عاتیفه له‌پێشتره‌كان، له تەواوی پەیوەندییەكان؟ ئەم هه‌نگاونانه كە به‌بێ وچان ]]و ماندوونەناسانە[[ مرۆڤی ڕاكێشراو بەرەو پێشەوە ده‌بات، ئایا بە وردی هەستپەرتی و هەڵە [l’erreur] نییە؟ ئایا نه‌ده‌بوو كه «له‌وێ بووه‌ستێت، له‌وێ بمێنێته‌وه»، وه‌ك ئەوەی كە چەندین جار لە ئەو كەسەی كە هاوڕێیەتیی منی نەدەكرد و له ساتی پێویستدا پێشنیار كراوه؟ ئایا سروشتی هه‌ستگه‌رمی خۆبارگرانكردن نییه به نیگه‌رانی و كه‌ڵكه‌ڵه‌كانی، ڕاگرتنی تا دوورترین پنت، زیاد له ئه‌ندازه كاركردن، زۆركردنی هه‌وڵه‌كان، گێژبوون له سەرسەختییه‌كه‌یدا، و چوون بەرەو پیری ڕاكێشان، لە كاتێكدا كە ڕاكێشان، لە قووڵایی كشانه‌وه‌كه‌یه‌وه، تەنها فەرماندەرانە قسە لەگەڵ ئەو شتەدا دەكات كه كشاوه‌یه؟ جەوهەری هه‌ستگه‌رمی [zèle] بێئاگابوونە، باوەڕبوونه بەوەی كە ئەوەی كە شاراوه‌ته‌وه لە شوێنێكی ترە، باوەڕبوون بەوەی كە ڕابردوو دەگەڕێتەوە ]]و خۆی دووباره ده‌كاته‌وه[[، كه یاسا سەروكاری لەگەڵ ڕابردوودا هەیە، و كه ڕابردوو چاوه‌ڕوانی ده‌كرێت، چاودێری دەكرێت، دەپشكنرێت. چ كەسێك هه‌رگیز دەزانێت كە ئایا تۆماس ئیمانی زیاتری هه‌یه له ئه‌وانیتر- ڕه‌نگه دەبێت لێرەدا تۆماسی «گومانكار[47]» بە بیر بهێنینەوە-، چون ئه‌و نیگەرانی باوه‌ڕه تایبه‌ته‌كه‌ی بوو، چون داوای بینین و دەستلێدان (له‌مس)ی ده‌كرد؟ و ئایا ئەو شتەی كە ئەو له‌سه‌ر یه‌ك جەستەی گۆشتین ده‌ستی لێ دەدا، به ڕاستی هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا، كاتێك كە داوای یه‌ك حزووری زیندووكراوە[48]ی ده‌كرد؟ و ئایا ئه‌و ڕووناكبوونه‌وه‌یه‌ی كە ئەو داده‌پۆشێت، بە هەمان ئه‌ندازه كه سێبەره ڕووناكیشه؟ ڕه‌نگه لوسی[49] هەمان كەسێك نەبێت كە ئەو به‌دوایدا گەڕابوو؛ ڕه‌نگه دەبوو لە هەمان ئه‌و كەسه‌ی بپرسیایە كە وەك هاوڕێ سەپێنرابوو بەسەر ئه‌ودا؛ ڕه‌نگه، لەجیاتیی ئەوەی كە بیەوێت بۆ نهۆمەكانی سەرەوە بچێت تا ئەو ژنە ڕێتێنه‌چووه بدۆزێتەوە كە زه‌رده‌خه‌نه‌ی بۆ كردبوو، دەبوو ئه‌و ڕێگەیه‌كی سادەتر بگرێته به‌ر، نه‌رمترین داوێن، و خۆی بسپێرێت به ده‌سه‌ڵات [puissance]ـه ڕووەكییەكانی خوارەوە. ڕه‌نگه ئەو هەمان كەسێك نه‌بووبێت كە بانگهێشت كرا، ڕه‌نگه ئەو چاوەڕوانی یه‌ك ئه‌ویتر [autre] بوو.
نادڵنیایی زۆر، كە هه‌ستگه‌رمی و بێئاگایی دەگۆڕێت بۆ دوو فیگه‌ری تا ناكۆتا قڵپكراوە، بێگومان «نا-نیگه‌رانبوون[50] كه باڵادەسته بەسەر ماڵدا»[5]ـی وەك پرەنسیپی تایبەت بە خۆی هەیە. ئه‌م بێئاگاییە بینراوتر، داپۆشراوتر، ناڕوونتر، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا بنچینەییتره لە ته‌واوی بێئاگاییەكانی تر. لەم بێئاگاییەدا، هەموو شتێك ڕه‌نگه وەك نیشانەی مه‌به‌ستمه‌ند، وه‌ك خۆشیی نهێنییانه، وه‌ك شۆفاری یا ته‌ڵه، ڕەمزشكێنی دەربكەوێت: ڕه‌نگه خزمەتكارە تەمەڵەكان ده‌سه‌ڵاته شاراوەكان بن، ڕه‌نگه ڕەوڕەوەی به‌خت چارەنووسگەلێك دابەش بكات كە لە كۆنەوە لەناو كتێبەكاندا نووسراون. بەڵام لێرەدا ئەوە هه‌ستگه‌رمی [zèle] نییە كە بێئاگایی وەك بەشی زۆر زەرووریی سێبەرەكەی دادەپۆشێت، بەڵكە ئەوە بێئاگاییە كە له ئاست شتێك‌دا كە دەتوانێت ئاشكرای بكات یا بیشارێتەوە، ئەوەندە بێ جیاواز ده‌مێنێته‌وه كە هەر ژێستێك له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵیدا بەهای نیشانە وەردەگرێت. لە ڕاستیدا، له ڕێگه‌ی بێئاگاییەوە بوو كە تۆماس بانگهێشت كرا: كراوەیی ڕاكێشان و بێئاگاییەك كە پێشوازی له كه‌سێك ده‌كات كە ڕاكێشراو [attiré]ـه، هه‌مان شتی وه‌كیه‌كن؛ ئه‌و سنووردانانه‌ی كە بێئاگایی پیادەی دەكات ]]یا ده‌یخوڵقێنێت[[ (و دروست له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە ]بێئاگایی[ ڕەهایە، و بە ڕەهایی ناهاوبه‌رابه‌ره)، ته‌نها كوێر نییە؛ سنووردانان وەهمی و فریودەرە؛ سنووردانان هیچ كەس نابه‌ستێته‌وه، چون خۆی به‌ستراوه‌ته‌وه بەم په‌یوه‌ندی ]و سنووره‌وه[ و ئیتر ناتوانێت ڕاكێشانی پەتیی كراوە بێت. چۆن ڕاكێشان- كە ڕێگه ده‌دات شتەكان وه‌ك ئه‌وه بن كە هەن، كه ڕێگه ده‌دات كات تێ بپەڕێت و بگەڕێتەوە، و كه ڕێگه ده‌دات مرۆڤەكان ڕووه‌و ڕاكێشان بەرەو پێش بچن- دەتوانێت به شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری بێ‌ئاگا نه‌بێت؟ چون ڕاكێشان دەرەوەی ناكۆتا [dehors infini]یە، چون هیچ شتێك بوونی نییه كه نه‌كه‌وێته دەرەوەی ڕاكێشانەوە، چون تەواوی فیگه‌ره‌كانی ناوەكێتی لە په‌رشبوونه‌وه‌ی پەتیدا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
ئێمه ڕاكێشراو [attiré]ین به هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كە بێئاگالێكراو ]و پشتگوێخراو [négligéین؛ و له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە هه‌ستگه‌رمی دەبێت بریتی بێت لە بێئاگابوون لەم بێئاگایی [négliger cette négligence]یە[51]، بریتی بێت لە خود بوون بە كەڵكەڵەی ئازایانه‌ی بێ‌ئاگا، لە پێشكه‌وتن ڕووه‌و ڕووناكی لە بێئاگایی سێبەردا، تا ساتێك كه تێیدا ئه‌وه ئاشكرا ببێت كە خودی ڕووناكی تەنها بێئاگاییە، یه‌ك دەرەوەی پەتیی هاوتا به شەو كە هه‌ستگه‌رمیی بێ‌ئاگا كە، له ڕێگه‌ی شەوەوه ڕاكێشراوه، وەك یه‌ك مۆم كە دەیكوژێنینەوە، په‌رش ده‌كاته‌وه.
یاسا لەكوێیە، یاسا چی دەكات؟
بێئاگابوون [être négligent]، و ڕاكێشران [être attiré]، یه‌ك ڕێگه‌ی ئاشكراكردن و شاردنه‌وه‌ی یاسایه،- ڕێگەی ئاشكراكردنی كشانه‌وه‌یه‌ك كە تێیدا یاسا خۆی ده‌شارێته‌وه، و لە كۆتاییدا ڕێگەی ڕاكێشانی یاسا لە یه‌ك ڕووناكی‌دا كە یاسا ده‌شارێته‌وه.
ئه‌گه‌ر یاسا له ناخه‌وه دیار و بەڵگەنەویست بوایه، ئه‌وا ئیتر یاسا نه‌ده‌بوو، بەڵكە ناوەكێتیی ناسكی ئاگایی ده‌بوو. لە لایه‌كی تره‌وه، ئەگەر یاسا لە یه‌ك دەقدا حازر بوایه، ئەگەر له نێوان دێڕه‌كانی یه‌ك كتێبدا ڕەمزشكێنیی یاسا مومكین بوایه، ئەگەر له تۆمارێكدا بوایه كه بتوانرێت ڕاوێژی پێ بكرێت، ئه‌وا یاسا ده‌یتوانی پته‌ویی شتە دەرەكییه‌كانی هەبێت: ئێمه ده‌توانین پەیڕەوی له یاسا یا سەرپێچی لە یاسا بكات: كەواتە دەسەڵات[52]ی یاسا لەكوێیه، و چ هێزێك یا شكۆیه‌ك ده‌یكاته ڕێزلێگیراو؟ لە ڕاستیدا، حزووری یاسا، شاردنه‌وه‌ی یاسایه. یاسا، به حاكمییه‌ته‌وه، شارەكان، دامەزراوەكان، ڕەفتارەكان و ژێسته‌كان داگیر ده‌كات؛ هەر كارێك ئەنجام بدەین، هه‌رچه‌نده‌ش بێ نه‌زمی و كەمتەرخەمی گه‌وره بن، دیسان یاسا پێشوه‌خت ده‌سه‌ڵات[53]ی خۆی به‌كار هێناوه: «ماڵ هەمیشە، لە هەر ساتێك‌دا، لە دۆخێكدایه كه گونجاوه.»[6] ئازادیگەلێك كە به دەستیان دەهێنین، ناتوانن یاسا بشكێنن و پچڕانێك له یاسادا پێك بهێنن؛ ڕه‌نگه ئێمه وا بیر بكه‌ینه‌وه كە ده‌توانین خۆمان لە یاسا جیا بكه‌ینه‌وه، كه ده‌توانین له ده‌ره‌وه ته‌ماشای جێبه‌جێكردنی یاسا بكه‌ین؛ ]]بەڵام[[ لە ساتێك‌دا كە پێمان وایه كه ده‌توانین له دووره‌وه فه‌رمانه‌كانی یاسا بخوێنینه‌وه كە تەنها بۆ ئەوانیتر بەهادارن، دروست له‌و ساته‌دا ئێمه نزیكترینین لە یاسا، ئێمه یاسا دەجووڵێنین، و «لە جێبەجێكردنی یه‌ك بڕیاری گشتیدا بەشداری دەكەین»[7]. و لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم ئاشكراییە هەمیشەییە هەرگیز ئەو شتە ڕوون ناكاته‌وه كە ئێمه دەیڵێین یا ئه‌و شته‌ی كه یاسا ده‌یه‌وێت[54]: یاسا پرەنسیپ یا ڕێسای ناوەكیی ڕەفتارەكان نییه، به‌ڵكه زیاتر یه‌ك دەرەوە [dehors]یه كە كرده، پره‌نسیپ و ڕێساكانی ڕه‌فتار له‌خۆ ده‌گرێت، و لەم ڕێگەوه دووریان دەخاتەوە لە هەموو ناوەكێتییەك؛ یاسا شەوە كە سنووری كرده و ڕەفتارەكان دیاری دەكات[55]، بۆشاییەك كە گەمارۆیان دەدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك بزانێت، تاقانەییەكەیان ده‌گۆڕێت بۆ یه‌كده‌نگیی خۆڵەمێشیی پرسی هه‌مه‌كی [l’universel]، و لە دەوریاندا یه‌ك فەزای ناڕه‌حه‌تی، ناڕەزامه‌ندی و هه‌ستگه‌رمیی به‌رفره‌كراو دەكاتەوە.
و دەربارەی سەرپێچی. چۆن دەتوانین یاسا بناسین و به ڕاستی ئەزموونی بكه‌ین، چۆن دەتوانین یاسا ناچار بكه‌ین كه خۆی بكاته بینراو، كه به ڕوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی پیاده بكات، كه قسە بكات، ئەگەر نه‌یورووژێنین، ئەگەر لە سەنگەرەكانیدا تێكی نەشكێنین، ]و[ ئەگەر بە شێوه‌یه‌كی لێبڕاوانه هەمیشە دوورتر ڕووه‌و ده‌ره‌وه‌یه‌ك نه‌ڕۆین كە تێیدا یاسا هه‌میشه ڕووه‌و ئه‌م ده‌ره‌وه‌یه زیاتر پاشەكشەی كردووە؟ چۆن دەتوانین نەبینراوێتیی یاسا ببینین، مه‌گه‌ر نه‌گۆڕاوه بۆ قڵپكراوه و دژه‌كه‌ی خۆی، واته بۆ سزا، كە به گشتی هیچ نییە جگە لە یاسای ژێرپێخراو، بزوێنراو و تووڕه؟ بەڵام ئەگەر ته‌نها له ڕێگه‌ی ستەمكاریی كەسانێك ده‌توانرێت سزا بورووژێنرێت كە یاسا پێشێل ده‌كه‌ن، كەواتە یاسا تەنها لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندا ده‌بێت: ئەوان دەتوانن دەست لە یاسا بدەن و بە ئاره‌زووی خۆیان ده‌ری بخه‌ن؛ ئەوان ئاغایانی سێبەر و ڕووناكیی یاسا ده‌بن. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە سەرپێچی دەتوانێت دەست بە ژێرپێخستنی پرسی قەدەغەكراو [l’interdit] بكات به هەوڵدان بۆ ڕاكێشانی یاسا بۆ خۆی؛ لە ڕاستیدا، سەرپێچی ڕێگه ده‌دات كه هه‌میشه له ڕێگه‌ی كشانه‌وه‌ی جەوهەریی یاساوه ڕابكێشرێت؛ سەرپێچی پێداگرانە لە كراوەیی یه‌ك نه‌بینراوێتیدا پێشڕه‌وی ده‌كات كە هەرگیز به‌سه‌ریدا سه‌رناكه‌وێت؛ سەرپێچی، شێتئاسا، دەست بە ده‌رخستنی یاسا دەكات بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانێت ڕێزی لێ بگرێت و به ڕوخساره ڕووناكه‌كه‌ی یاسا سه‌رسام بكات؛ سەرپێچی هیچ كارێك ناكات جگە لە بەهێزكردنی یاسا لە لاوازییەكەیدا- لەم سووكه‌ڵه‌ییه‌ی شەودا كە جەوهەری تێكنەشكاو، دەستلێنەدراو و هەستپێنەكراوی یاسایە. یاسا، ئەم سێبەرەیە كە هەر ژێستێك به زه‌رووره‌ت ڕووه‌و ئەو سێبه‌ره پێشڕه‌وی دەكات، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه یاسا خودی سێبەری ژێستی پێشڕه‌وه.
لە هه‌ر دوو دیوی نەبینراوێتیی یاسادا، ئامینادەب و بەرزتر لە هەموان تابلۆ[56]یه‌ك پێك دەهێنن. لە ڕۆمانی یەكەمدا، پانسیۆنێكی سەیر و نامۆ كە تۆماس دەچێتە ناوی (ڕاكێشراو، بانگهێشتكراو، ڕه‌نگه هەڵبژێردراو، بەڵام نەك بەبێ ناچاربوون بە تێپەڕین به‌ناو به‌رده‌رگا قەدەغەكراوە زۆرەكاندا)، وا دەردەكەوێت كه ملكەچی یه‌ك یاسای نەناسراو بێت: نزیكێتی و غیابی یاسا به به‌رده‌وامی لە لایەن دەرگا نایاسایی و كراوەكانەوە به‌بیر ده‌هێنرێنه‌وه، لە لایەن پێچكه‌یه‌كی گەورەوە كە چارەنووس ]و تەلیسمە[ ڕه‌مزشكێنینه‌كراو یا سپییەكان دابەش دەكات، لە لایەن دەرپەڕیویی یه‌ك نهۆمی سەرەوە، كە بانگهێشت لەو شوێنه‌وه هاتووە، كه فه‌رمانه بێ ناوه‌كان له‌وێوه به‌رده‌بنه‌وه، بەڵام شوێنێك كه هیچ كەسێك ناتوانێت ده‌ستی بگاتێ؛ ڕۆژێك كە هەندێك كەس ویستیان یاسا لە حەشارگەكەیدا تێك بشكێنن، نەك تەنها ده‌ستبه‌جێ ڕووبه‌ڕووی یه‌كده‌نگیی شوێنێك بوونه‌وه كە ئه‌وان پێشوەخت لەوێدا بوون، بەڵكە، له ده‌ره‌وه‌دا، ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی، خوێن، مەرگ، داڕووخان، و له كۆتاییدا خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان، نائومێدی، و لەناوچوونی خۆویستانه و شووم بوونەوە: چون دەرەوەی یاسا ئەوەندە دەستپێڕانەگەیشتوو[57]ـە كە ئەگەر كەسێك بیەوێت داگیری بكات و دزه بكاته ناوییه‌وه، ئه‌وا مه‌حكوومه نەك بە سزادانێك كە یاسای دواجار ناچاركه‌ر ]و پابەندكەر[ ده‌بێت، بەڵكە مه‌حكومه بە دەرەوەی خودی ئەم دەرەوەیە- بە فەرامۆشییەكی قووڵتر لە هەموو فەرامۆشییەكان. «خزمەتكارەكان»،- واتە كەسانێك كە به پێچەوانەی «دانیشتووان»ـەوە، «په‌یوه‌ستن به ماڵەوه» و كه، وه‌ك پاسەوانان و خزمەتكاران، دەبێت نوێنەری یاسا بن بۆ ئه‌وه‌ی كه یاسا جێبەجێ بكەن و بە بێدەنگی ملكه‌چی بن- هیچ كەسێك، تەنانەت خودی ئه‌وانیش، نازانن كە خزمەت بە چ شتێك دەكەن (یاسای ماڵ یا ویستی میوانەكان)؛ تەنانەت دیار نییە كە ئایا ئەوان دانیشتووانه‌كان نین كە بوونەتە خزمەتكار یا نا؛ ئه‌وان هەم هه‌ستگه‌رمی [zèle]ن و هەم كەمتەرخەمی، هەم مەستی و هەم سه‌رنجدان، هەم خەوتن و هەم چالاكیی ماندوونەناس، فیگه‌ری دوانەی شه‌ڕانگێزی[58] و دڵسۆزی[59]: ئەو شتەی كە شاردنه‌وه ده‌شارێته‌وه و ئەو شتەی كە شاردنه‌وه ئاشكرا دەكات.
لە بەرزتر لە هەموواندا، له ڕاستیدا ئەمە خودی یاسایە- (بە جۆرێك كه هەر وەك نهۆمی سەرەوەی ئامینادەب، لە هاوشێوەییە یه‌كده‌نگه‌گه‌یدا، و لە هاوشوناسییە وردەكەیدا لەگەڵ یاساكانی تردا)- كە لە شاردنەوە جەوهەرییەكەی خۆیدا ئاشكرا ده‌بێت. سۆرگە [sorge] («كەڵكەڵه [souci]»ـی یاسا: كەڵكەڵەیەك كە له ئاست یاسادا هەستی پێ دەكەین و كەڵكەڵەی یاسا له ئاست كەسانێكدا كە له به‌رامبه‌ریاندا یاسا جێبەجێ دەكرێت، تەنانەت و به تایبەتی كەسانێك كە دەیانەوێت ]لە یاسا[ هەڵبێن)، هێنری سۆرگە یه‌ك كارمەند[60]ی دەوڵەتە: ئەو لە هۆڵی شار دامه‌زراوه، له بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری ناسنامە[61] كار دەكات؛ بێگومان ئەو تەنها برغوویەكی بێنرخە لەناو ماشێنێكی سەیردا كە ژیان و بوونە تاكییەكان ده‌گۆڕێت بۆ یه‌ك دامەزراوە؛ ئەو یەكەمین فۆرمی یاسایە، چون هەموو لەدایكبوونێك دەگۆڕێت بۆ ئەرشیڤ. بەڵام دواتر واز لە ئه‌ركه‌كه‌ی دەهێنێت (بەڵام ئایا به ڕاستی ئەمە وازهێنانە؟ ئەو مۆڵەتێكی هەیە، و ئەڵبەتە بەبێ ڕێگه‌پێدان و به شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی ئەو مۆڵەتە درێژ دەكاتەوە، بەڵام بێگومان بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی كە بە په‌نامه‌كی ئەم بێكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی بۆ ڕێك دەخات)؛ ئەم نیمچە خانەنشینییە- ئایا ئه‌مه یه‌ك هۆكارە یا یه‌ك ئەنجام؟- بەسە بۆ ئەوەی كە هەموو بوونه‌كان[62] [ژیانی تاكەكان[ فڕێ بدرێنه ناو په‌شێوییه‌وه، و بۆ ئه‌وه‌ی كه مه‌رگ ده‌ست به یه‌ك حوكمڕانی بكات كە ئیتر حومكڕانیی پۆلێنكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تۆماری باری مه‌ده‌نی نییە، بەڵكە یه‌ك حومكڕانیی ناڕێك، بێ نەزم، تەشەنەكەر و بێ ناوی یه‌ك نەخۆشیی درمە؛ ئەم مەرگە یه‌ك مەرگی حه‌قیقیی مردن و به‌ڵگه‌ی مردن نییە، بەڵكه یه‌ك گۆڕستان و كەلاكخانەی تێكەڵوپێكەڵه كە نازانین چ كەسێك تێیدا نەخۆشە و چ كەسێك پزیشك، چ كەسێك پاسەوانه و چ كەسێك قوربانی، كوێ زیندانه یاخود كوێ نەخۆشخانە، كوێ ناوچەی پارێزراوە، كوێ قەڵای نەخۆشی و خراپه [mal]یه. بەنداوەكان ته‌قیون، هەموو شتێك تا دواسنووره‌كانی سەرڕێژ دەبێت: ڕەچەڵەكی ئاوە تۆفانئاساكان، شانشینی شێداری گوماناوی، قەڵەمڕەوی دەڵاندنەكان، دوومەڵەكان و هێڵنجەكان؛ تاكێتییەكان هەڵدەوەشێنەوە؛ جەستە ئارەقكردووه‌كان ده‌توێنه‌وه بۆ ناو دیوارەكان؛ هاوارگه‌لێكی ناكۆتا له‌و پەنجانەوه ده‌زریكێنن كە دەیانخنكێنن. و لەگەڵ ئەمەشدا كاتێك كە سۆرگه خزمەتی دەوڵەت به‌جێ ده‌ھێڵێت، دەوڵەتێك كە ئه‌و دەبێت بوونی ئەوانیتری بۆ ڕێك بخات، ناچێته ده‌ره‌وه‌ی یاسا؛ بە پێچەوانەوە، یاسا ناچار دەكات كە لەم شوێنە بەتاڵەدا خۆی ئاشكرا بكات كە ئەو خۆی تازه وازی لێ هێناوه؛ لە جووڵەیەكدا كە ئه‌و له ڕێگه‌یه‌وه بوونی تاقانەی خۆی ده‌سڕێته‌وه و لە هه‌مه‌كێتی [l’universalité]ـی یاسا دووری ده‌خاته‌وه، لەڕاستیدا شكۆ به یاسا ده‌به‌خشێت، به‌رزی ده‌كاته‌وه، خزمه‌تی ده‌كات، كامڵییه‌كه‌ی نیشان ده‌دات، «پابه‌ندی دەكات»، بەڵام ئەم كارە بە به‌ستنه‌وه‌ی یاسا بە خودی لەناوچوونه‌كه‌یه‌وه ئەنجام دەدات (شتێك كە بە یەك مانا، پێچه‌وانه‌ی بوونی سەرپێچیكەر[63]ـه، بۆ نموونه وەك بوونی بۆكس[64] یا دۆرت[65])؛ كەواتە ئەو ئیتر جگە لە خودی یاسا هیچ شتێكی تر نییه.
بەڵام یاسا تەنها له ڕێگه‌ی كشانه‌وه‌ی خۆیه‌وه دەتوانێت وەڵامی ئەم ورووژاندنە بداتەوە: نەك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كە یاسا لە یه‌ك بێدەنگیی زۆر قووڵتردا دەق دەبێت ]]و ده‌كشێته‌وه[[، بەڵكە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه لە بێ جووڵه‌یی هاوشوناسی خۆیدا دەمێنێتەوە. به دڵنیاییه‌وه مرۆڤ دەتوانێت خۆی فڕێ بداته ناو بۆشایی كراوەوە: ده‌توانرێت پیلانگەلێك نەخشە بكێشرێن، پڕوپاگەندەی وێرانكردن بڵاو بكرێته‌وه، و ده‌توانرێت ئاگركه‌وتنه‌وه و مرۆڤكوشتن شوێنی فەرمیترین سیسته‌م بگرنەوە؛ لەگەڵ ئەمەشدا، سیستەمی یاسا تا بە ئەمڕۆ دەگات هه‌رگیز به‌م ئه‌ندازه‌یه باڵادەست نەبووە، چون تەنانەت له‌مڕۆدا ئەو شته‌ش ده‌گرێته‌وه كه ده‌یه‌وێت قڵپی بكاتەوە و بیڕووخێنێت. ئەو كه‌سه‌ی كە دەیەوێت سیستەمێكی نوێ دژی یاسا بەرپا بكات، پۆلیسێكی تر ڕێك بخات، و دەوڵەتێكی تر دابمەزرێنێت، جگە لە پێشوازیی بێدەنگ و ناكۆتای بەخێرهێنانی یاسا هه‌رگیز ڕووبه‌ڕووی هیچ شتێكی تر نابێتەوە. لە ڕاستیدا، یاسا ناگۆڕێت: یاسا یەك جار و بۆ هەمیشە دابه‌زیوه بۆ ناو گۆڕ، و هەر یەكێك لە فۆرمە‌كانی له‌مه‌ودوا تەنها یه‌ك مەسخبوونی ئەم مەرگەیە كە هەرگیز كۆتایی نایێت. سۆرگە له‌ژێر یه‌ك دەمامكی یۆنانیدا- ئه‌و دایكێكی هه‌ڕه‌شه‌كه‌ر و دڵڕەقی وەك كلیتێمنێسترا[66]ـی هەیە، باوكێكی ونبوو [«مردوو»[، خوشكێكی هه‌رگیز نه‌وه‌ستاو له شیوه‌نی خۆیدا، زڕباوكێكی زۆر بەهێز [tout-puissant] و فێڵباز- ئەو یه‌ك ئۆرستێس[67]ی گوێڕایەڵە، یه‌ك ئۆرستێس كە كەڵكەڵەی ئەوەی هه‌یه كه لە یاسا هەڵبێت بۆ ئه‌وه‌ی كه باشتر ملكه‌چی یاسا بێت. ئەو كە مكووڕە لە گەڕەكێكی تاعوونلێدراودا ژیان بكات، هەروەها ئەو كه خودایەكە قبووڵ دەكات كه لە نێوان مرۆڤەكاندا بمرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كه ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت له مردن‌دا و هه‌ر بۆیه بەڵێنی یاسا بە بەتاڵی دەهێڵێتەوە، یه‌ك بێدەنگی ئازاد دەكات []دەخوڵقێنێت[[ كە قووڵترین هاوار دەیشكێنێت: یاسا لەكوێیە، یاسا چی دەكات؟ و كاتێك كە سۆرگە، له ڕێگه‌ی یه‌ك مەسخبوونی نوێ یا له ڕێگه‌ی یه‌ك ڕۆچوونی نوێ بە ناو شوناسەكەیدا، لە لایەن ژنێكەوە كە بە شێوەیەكی سەیر هاوشێوه‌ی خوشكەكەیه‌تی، دەناسرێتەوە، ناوی دەهێنرێت، ئاشكرا دەكرێت، ڕێزی لێ دەگیرێت و گاڵتەی پێ دەكرێت، دروست له‌و ساته‌دا ئه‌و، ئەوێك كە خاوەنی هەموو ناوەكانە، دەگۆڕێت بۆ یه‌ك شتی ناوهه‌ڵنه‌گر [innommable]، بۆ یه‌ك غیابی غایب[68]، حزووری بێ فۆرمی بۆشایی و تۆقاندنی بێده‌نگی ئەم حزوورە. بەڵام ڕه‌نگه ئەم مەرگەی خودا پێچەوانەی مەرگ بێت (ئابڕووچوونی شتێكی شل و لیخن كە تا ئەبەد لێ ده‌دات ][و په‌ل ده‌دات[[)؛ و ژێستێك كە بۆ كوشتنی ئەم مەرگە ئارام ده‌گرێت، له كۆتاییدا زمانی سۆرگه ئازاد ده‌كات؛ ئەم زمانە دەربارەی یاسا ئیتر هیچ شتێكی بۆ گوتن نییە جگە لە «من قسە دەكەم، من ئێستا قسە دەكەم»، یاسایەك كە، تەنها به ڕاگه‌یاندنی ئەم زمانە له دەرەوەی لاڵی و بێدەنگییەكەیەوە، تا ناكۆتا دەپارێزرێت.
ئیۆرۆدیس و سیرنەكان[69]
هه‌ر كه نیگای ڕووی یاسا ده‌كه‌ین، ڕوو [visage]ی یاسا ڕوو وه‌رده‌گێڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سێبەر؛ هه‌ر كه بمانه‌وێت گوفتاره‌كانی ببیستین، شتێك تێناگه‌ین جگه له یه‌ك ئاواز كه له به‌ڵێنی مەرگباری ئاوازی داهاتووه شتێكی زیاتر نییه.
سیرنەكان فۆرمی ده‌ستبه‌سه‌ردانه‌گیراو[70] و قەدەغەكراوی دەنگی ڕاكێشەرن. سیرنەكان هیچ نین، بەڵكە به ته‌واوه‌تی ئاوازن. سیرنه‌كان، كە تڵیشی سادەی تاڵئاسا لە دەریا، نزمەشەپۆل، شەپۆلی نەزرنگاوە، ئەشكەوتێكی دەمكراوە لە نێوان گابەردەكاندا و سپێتیی كەنار دەریان، ئه‌گه‌ر فریوی پەتی، بۆشایی به‌خته‌وه‌ری بیستن، سه‌رنجدان و بانگهێشت بۆ وەستان نه‌بن، له خودی بونیاندا چین؟ مۆسیقاكه‌یان پێچەوانەی یه‌ك سروودی ئایینییە: هیچ حزوورێك لە گوفتاره نەمرەكانیاندا نادرەوشێتەوە؛ تەنها بەڵێنی یه‌ك ئاوازی داهاتووە كە هاوڕێیه‌تیی میلۆدیی ئەوان ده‌كات. ئەو شتەی كە سیرنه‌كان له ڕێگه‌یه‌وه فریوی پێ دەدەن، ئەوەندەش ئەو شتە نییە كە ده‌یگه‌یێننه گوێ، بەڵكە له ڕاستیدا ئەو شتەیە كە دوور له گوفتاره‌كانیان دەدرەوشێتەوە: داهاتووی شتێك كە له ساتی گوتنیدان. دڵڕفێنی[71]یان له ئاوازی ئێستایانه‌وه نه‌هاتووه، بەڵكە لەو شتەوه هاتووه كە ئەم ئاوازە به‌ڵێنی بوون [être]ی دەدات[72]. بەڵام ئەو شتەی كه سیرنەكان بەڵێنی چڕینی ئاوازەكەی بە ئۆلیس دەدەن، ڕابردووی كارگه‌لێكی ئازایانه‌ی خۆیه‌تی، كارگه‌لێك كە بۆ داهاتوو گۆڕاون بۆ شیعر: «ئێمە ئازارەكان[73] دەناسین، تەواوی ئەو ئازارانەی كە خواوه‌نده‌كان سه‌پاندیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئارگۆس و ته‌ڕواده‌دا لە كێڵگەكانی تەڕوادە[74]دا.» ئەم ئاوازە كە وه‌ك بڵێی له فه‌زایه‌كی نه‌رێنیدا پێشكەش دەكرێت، تەنها ڕاكێشانی ئاوازە، بەڵام به‌ڵێنی هیچ شتێك به پاڵه‌وان نادات جگه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئەو شتەی كە ئەو ژیاوە، ناسیویەتی، ئازاری پێ چه‌شتووه، هیچ شتێك به وردیی جگه له‌و شته‌ی كە خودی ئەوە. یه‌ك بەڵێنی هەم درۆیین هەم حه‌قیقی. درۆ ده‌كات، چون تەواوی ئەو كەسانەی كە ڕێگه ده‌ده‌ن فریویان بدەن و كەشتییەكانیان ڕووه‌و كەنارەكان ئاڕاسته بكه‌ن، تەنها ڕووبه‌ڕووی مەرگ دەبنەوە. بەڵام هه‌قیقه‌تیش ده‌ڵێت، چون به تێپه‌ڕین به‌ناو مەرگدایە كە ئاواز دەتوانێت هه‌ستێته‌وه و ڕووداوخوازیی پاڵەوانه‌كان تا ناكۆتا بگێڕێتەوە. و لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم ئاوازە پەتییە- ئەوەندە پەتی كە هیچ شتێك ناڵێت جگه له كشانه‌وه لرفێنەرەكەی- ده‌بێت مرۆڤ ده‌ست له بیستنی به‌ربدات، گوێیەكانی بخات، پێیدا تێ بپه‌ڕێت كه وەك بڵێی كەڕ بووه، بۆ ئەوەی كە درێژە بە ژیانكردن بدات، و به‌م شێوه‌یه دەست بە ئاوازچڕین بكات؛ یا بە دەربڕینێكی باشتر، بۆ ئەوەی كە گێڕانه‌وه [récit]یه‌ك لەدایك ببێت كە نامرێت[75]، دەبێت مرۆڤ ببیستێت، بەڵام بەستراو بە ستوونی كه‌شتییه‌وه بمێنێتەوە، پاژنه و مه‌چه‌كی به‌ستراوه، مرۆڤ ده‌بێت زاڵ ببێت به‌سه‌ر هه‌موو ئاره‌زوویه‌كدا له ڕێگه‌ی یه‌ك فێڵه‌وه كە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆی ده‌كات، تەواوی ئازاره‌كان بچێژێت بە مانەوە لە لێواری چاڵێكی ڕاكێشەردا، و له كۆتاییدا لە سەرووی ئاوازەوە خۆی بدۆزێتەوە، وەك بڵێی كە به زیندوویی له مەرگ په‌ڕی بێته‌وه، بەڵام بۆ ئەوەی كە مەرگ لە یه‌ك زمانی لاوەكیدا زیندوو بكاته‌وه.
لە بەرامبەردا، فیگه‌ری ئیۆرۆدیس بوونی هەیە. وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئەو به ته‌واوه‌تی له جه‌مسه‌ری پێچەوانەی ]سیرنه‌كاندا[ جێ دەگرێت، چون ئەو دەبێت له ڕێگه‌ی میلۆدیی یه‌ك ئاوازه‌وه كه، ده‌توانێت مه‌رگ فریو بدات و دابمركێنێته‌وه، له سێبه‌ره‌وه بانگهێشت بكرێت، چون پاڵەوان نەیتوانی لە بەرامبەر دەسەڵات [pouvoir]ـی جادووی ئیۆرۆدیسدا بەرەنگاری بكات، كە خودی ئیۆرۆدیس غەمگینترین قوربانیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بوو. و لەگەڵ ئەمەشدا، ئیۆرۆدیس په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی لەگەڵ سیرنەكاندا هەیە: دروست وەك سیرنەكان كە تەنها داهاتووی یه‌ك ئاواز دەچڕن، ئیۆرۆدیس شتێك بۆ بینین پێشكه‌ش ناكات جگە لە بەڵێنی یەك ڕوو [visage]. ئۆرفیوس به ڕاستی توانی وەڕینی سەگەكان هێور بكاتەوە و ده‌سه‌ڵاته شوومەكان[76] فریو بدات: لە گه‌شتی گه‌ڕانه‌وه‌دا، ئەویش ده‌بوو وەك ئۆلیس زنجیر بكرێت یا له دەریاوانەكانی كه‌متر بێهەست نه‌بوایه؛ لە ڕاستیدا، لە یه‌ك كەسی تاقانه‌دا، ئۆرفیوس هەم پاڵەوان و هەم ده‌سته‌ی خزمه‌تكارانی بوو: ئارەزووی قەدەغەكراو ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت و، خۆی به ده‌ستی خۆی ڕزگار كرد، ڕێگه‌ی دا كه ڕووی نه‌بینراو [le visage invisible] له سێبه‌ردا دیار نه‌مێنێت، چه‌شنی ئۆلیس كە ڕێگه‌ی دا ئەو ئاوازە لەناو شەپۆلەكاندا ون ببێت كه نه‌یبیستبوو. دروست پاش ئه‌م ساته‌یه كه، بۆ هەر دووكیان، ئۆرفیوس و ئۆلیس، دەنگ ئازاد بوو: بۆ ئۆلیس، ئه‌مه له‌گه‌ڵ ڕزگاریی ]ئه‌ودایه[ كه گێڕانه‌وه‌ی مومكینی ڕووداوخوازیی سه‌رسوڕهێنه‌ر ]ده‌ست پێ ده‌كات[؛ بۆ ئۆرفیوس، ئەمە یه‌ك لەدەستدانی ڕەهایە، ئه‌مه ماتەمێكه كە هه‌رگیز كۆتایی نایێت. بەڵام ڕه‌نگه لە پشت گێڕانه‌وه [récit]ی سەركەوتووانەی ئۆلیسدا، یه‌ك ماته‌می نەبیستراو زاڵ بێت، ماته‌می ئه‌مه‌ی كە باشتر و درێژخایەنتر گوێی نەگرت، ماته‌می ئه‌مه‌ی كه زیاتر ڕۆ نەچوو بەناو ئه‌و دەنگه ستایشكراوه‌دا كە ڕەنگە ئاواز لەوێدا به‌دی هاتبێت. و لە پشت ماته‌مه‌كانی ئۆرفیوسەوە، شكۆی بینین دەدرەوشێتەوە، بینینی ڕووی ده‌ره‌ده‌ست یا نه‌گیراو [le visage inaccessible] لە كەمتر لە یه‌ك ساتدا، لە هەمان ساتێك‌دا كە ڕوو [visage] ڕوو وه‌رده‌گێڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ شەو ]تاریكیی هاده‌س[: یه‌ك سروودی به‌بێ ناو و به‌بێ شوێن بۆ ڕۆشنایی.
ئەم دوو فیگه‌ره لە بەرهەمەكانی بلانشۆدا[8] بە قووڵی تێكته‌نراون به یه‌كتره‌وه. هەندێك لە گێڕانه‌وه‌كانی، بۆ نموونە حوكمی مەرگ[9]، ته‌رخان كراوه بۆ نیگای ئۆرفیوس: بۆ نیگایەك كە، لە دەستپێكی له‌رزۆكی مەرگدا، به‌دوای حزووری هه‌ڵهاتوو و داپۆشراودا دەگەڕێت، و هەوڵ دەدات كه وێنەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ ڕووناكیی ڕۆژ، بەڵام تەنها نەبوون [néant]ـەكەی دەپارێزێت كه تێیدا شیعر دواجار دەتوانێت دەربكەوێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، لێره‌دا ]له فیكری بلانشۆدا[، ئۆرفیوس ڕوو [visage]ی ئیۆرۆدیس لەو جووڵەیەدا نابینێت كە ڕوو دادەپۆشێت، ده‌دزێت و ده‌یكاته بینراو: ئۆرفیوس توانی ڕوو-بە-ڕوو ته‌ماشای مه‌رگ بكات؛ ئۆرفیوس به چاوه‌كانی نیگای كراوەی مەرگی بینی، «تۆقێنەرترین نیگایه‌ك كە بوونەوەرێكی زیندوو دەتوانێت ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه.» و ئەم نیگایەیە، یا باشتره بڵێین كه، ئەوە نیگای گێڕه‌ڕه‌وه [narrateur] بۆ ئه‌م نیگایه‌یه كە یه‌ك دەسەڵاتی نائاسایی ڕاكێشان[77] پیادە دەكات؛ ئەم نیگایەیە كە، لە قووڵایی شەودا، ژنی دووەم لە یه‌ك دۆخی حه‌په‌سانی پێشوەخت دیلدا دەردەخات و له كۆتاییدا دەمامكێكی گه‌چینی به‌سه‌ردا دەسەپێنێت كە تێیدا مرۆڤ ده‌توانێت «ڕوو-به-ڕوو ئه‌و شته‌ی كه تا ئه‌به‌دییه‌ت زیندووه« ته‌ماشا بكات. نیگای ئۆرفیوس یه‌ك دەسەڵاتی كوشندە وه‌رده‌گرێت كە لە ده‌نگی سیرنەكاندا دەیچڕی. بە هەمان شێوە، گێڕه‌ره‌وه‌ی ساتی پێویست، لە شوێنێكی قەدەغەكراودا بەدوای جودیت[78]دا دەگەڕێت، شوێنێك كە جودیتی تێدا زیندانە؛ بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەكان، گێڕه‌ره‌وه بەبێ هیچ دژوارییەك جودیت دەدۆزێتەوە، چه‌شنی یه‌ك ئیۆرۆدیسی زۆر نزیك كە خۆی لە گەڕانەوەیەكی نامومكین و به‌خته‌وه‌ردا پێشكه‌ش ده‌كات. بەڵام لە پشت وێنه‌ی ئیۆرۆدیسەوە، فیگه‌رێك كە ئیۆرۆدیس ده‌پارێزێت و ئۆرفیوس ]]له‌و فیگه‌ره‌وه[[ دێت بۆ ئه‌وه‌ی كه ئیۆرۆدیس ده‌ربكێشێت، كەمتر خواوەندی سەرسەخت و تاریكه تا یه‌ك ده‌نگی پەتیی «بێ جیاواز و بەتاڵ [neuter]، كشاوه بۆ یه‌ك ناوچەی دەنگی كه تێیدا زۆر به كامڵی ڕووتكراوه‌ته‌وه له تەواوی كامڵییه زیادەكان كە وا ده‌رده‌كه‌وێت مه‌حرووم له خۆی بێت: دادپه‌روه‌ر، بەڵام بە ڕێگەیەك كه دادپەروەری به‌بیر ده‌هێنێته‌وه، كاتێك كە دادپەروەری سپێردراوه به تەواوی چارەنووسه مه‌رگباره نەرێنییەكان.»[10] ئایا ئەم دەنگە كە «به‌بێ هه‌ست دەیچڕێت» و شتێكی زۆر كەم بۆ بیستن پێشكەش دەكات، دەنگی سیرنەكان نییە كە تەواوی فریودانه‌كانیان لەناو بۆشاییه‌كدایە كە دەیكەنەوە، لەناو بێ جووڵه‌یی دڵڕفێنراودا كە سیرنەكان ئەو كەسانە دەكەنە جادوولێكراوی ئه‌م بێ جووڵه‌ییه كە گوێیان لێ دەگرن؟
هاوڕێ [Le compagnon]
لە یەكەمین نیشانەكانی ڕاكێشانەوە، لە ساتێك‌دا كە كشانه‌وه‌ی ڕوو [visage]ی ئاره‌زووكراو به زەحمەت نه‌خشه ده‌كێشرێت، لە ساتێك‌دا كە پته‌ویی دەنگی تاك و تەنیا بە زەحمەت لە تێكه‌ڵاوبوونی ورتەورت جیا دەكرێتەوە، شتێكی وه‌ك یه‌ك جووڵەی نەرم و له هه‌مان كاتدا توندوتیژ بوونی هەیە كە ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر ناوەكێتی، بە هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوەكێتی، ده‌ری ده‌كێشێت بۆ دەرەوەی خۆی و لە تەنیشتیدا- یا باشتره بڵێین كه، لە خواروویه‌وه- فیگه‌ری پشتەوەی هاوڕێیه‌كی هەمیشە شارراوە ده‌رده‌هێنێت، بەڵام هاوڕێیه‌ك كه هه‌میشه، له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاشكراییدا كە هەرگیز دڵەڕاوكێ نایگرێت، خۆی دەسەپێنێت؛ یه‌ك هاوزا كە مەودا ]و دووریی[ خۆی دەپارێزێت، یه‌ك هاوشێوەیی كە ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. له ساتێك‌دا كە ناوەكێتی ڕاكێشراوه بۆ دەرەوەی خۆی، یه‌ك دەرەوە كە هەمان شوێن خاڵی ده‌كاته‌وه كە ناوەكێتی وا ڕاهاتووە كه ده‌قبوونه‌كه‌ی و ئیمكانی ده‌قبوونه‌كه‌ی تێدا بدۆزێتەوە[79]: یه‌ك فۆرم سه‌رهه‌ڵده‌دات- كەمتر لە فۆرمێك، جۆرێك بێ ناویی بێ فۆرم[80] و سەرسەخت- كە سوژە داده‌ماڵێت لە شوناسە سادەكەی، بەتاڵی دەكاتەوە و دابه‌شی ده‌كات بۆ دوو فیگه‌ری دوانه بەڵام ناهاودەق، بێبه‌شی ده‌كات لە مافە ڕاستەوخۆكەی بۆ گوتنی من [Je] و یه‌ك گوفتار دژی گوتاری سوژە به‌رز ده‌كاته‌وه كە به شێوەیەكی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه ده‌نگدانه‌وه و نكۆڵیكردنە. گوێهه‌ڵخستن بۆ بیستنی دەنگی زیوینی سیرنەكان، ڕوووه‌رگێڕان ڕووه‌و یه‌ك ڕوو [visage]ی قەدەغەكراو كە پێشوەخت خۆی شاردووەتەوە، تەنها تێپەڕاندنی یاسا نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە له‌گه‌ڵ مەرگدا، تەنها وازهێنان نییە لە جیهان و هه‌ستپه‌رتی له دیاردە، بەڵكە كتوپڕ هەستكردنه بە گەشەكردنی یه‌ك بیابان لە ناو خوددا كە لە كۆتاییەكەی تری‌دا (بەڵام ئەم مەودا بێ ئه‌ندازه‌یه‌ش وەك یه‌ك هێڵ باریكه)، یه‌ك زمان ده‌دره‌وشێته‌وه بەبێ سوژەی تەرخانكراو[81]، یه‌ك یاسا بەبێ خودا، یه‌ك جێناوی كەسی بەبێ كەس، یه‌ك ڕوو بەبێ دەربڕین و بەبێ چاو، یه‌ك ئەویتر [autre] كە هەمان [même]ـە. ئایا لەم لێكبوونه‌وه و لەم پێكه‌وه‌به‌ستنه‌دایه كە پرەنسیپی ڕاكێشان به نهێنی نیشتەجێ ده‌بێت؟ له‌و ساته‌دا كه مرۆڤ پێی وابوو كه له ڕێگه‌ی یەك دوورەدەستیی نەگیراوه‌وه ڕاده‌كێشرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئایا تەنها ئەم حضورە بێدەنگە نەبوو كە بە تەواوی گوشارە بەرپێنەگیراوەكەیەوە قورسایی دەخستە سەر سێبەرەكان؟ دەرەوەی بەتاڵ[82]ی ڕاكێشان ڕه‌نگه هاوشوناس بێت لەگەڵ دەرەوەی تەواو نزیكی هاوزادا. لەم حاڵەتەدا، هاوڕێ ڕاكێشان لە ترۆپكی شاراوەیی ڕاكێشاندا ده‌بێت: شاراوە، چون ڕاكێشان وەك حزووری پەتیی نزیك، پێداگیر، زۆر، وەك یه‌ك فیگه‌ری زۆر زیادە، خۆی پێشكەش دەكات؛ و هەروەها شاراوە، چون ڕاكێشان دوور ده‌خاته‌وه زیاتر له‌وه‌ی كه ڕابكێشێت، چون دەبێت مەودای خۆمان لەگەڵیدا بپارێزین، چون به‌بێ وچان لە بەردەم هه‌ڕه‌شه‌ی توانه‌وه‌داین له ڕێگه‌ی ڕاكێشانه‌وه و سازشی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین لە یه‌ك سه‌رلێشێواویی بێ ئه‌ندازه‌دا. لێره‌وه‌یه كە هاوڕێ هەم وه‌ك یه‌ك داوایه كه هه‌میشه نایه‌كسانین لەگەڵ ئه‌م داوایه‌دا، و هەم وه‌ك بارگرانییه‌ك كە دەمانەوێت خۆمانی لێ ڕزگار بكه‌ین؛ ئێمە بەپێی یه‌ك ئاشنابوون كە بە دژواری دەتوانین بەرگەی بگرین، به شێوه‌یه‌كی نه‌شكێنراو له پەیوەندییەكی پتەوداین لەگەڵ هاوڕێدا، و لەگەڵ ئەمەشدا، دەبێت هێشتا نزیك ببینەوە له هاوڕێ، یه‌ك پەیوەندی لەگەڵیدا بدۆزینه‌وه كە ئه‌م غیابی پەیوەندی نەبێت، غیابێك كە لە ڕێگه‌یه‌وه بەپێی فۆرمی به‌بێ ڕوو[83]ی غیاب، به‌ستراوین به یه‌كتره‌وه.
قڵپكراوه‌یی ناكۆتای ئەم فیگه‌ره.[84] و یه‌كه‌م، ئایا هاوڕێ یه‌ك ڕێنمایی دانپێدانه‌نراوه، یه‌ك یاسای ئاشكرا بەڵام نەبینراو وەك یاسا، یا ئایا یه‌ك جەماوەری قورس پێك ناهێنێك، یه‌ك سستی [inertie] كە ڕێگری ده‌كات، یه‌ك خەو كە هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌مارۆدانی هه‌موو هۆشیارییه‌ك ده‌كات؟ تۆماس، هه‌ر كە دێته ناو ماڵێكه‌وه كه به یه‌ك ژێستی نیوه دروستكراو، و به یه‌ك زەردەخەنەی ناڕوون ڕاكێشراوه بۆ ئه‌وێ، یه‌ك هاوزای سەیر وه‌رده‌گرێت (ئایا ئەمە ئەو كەسەیە كە، بەپێی مانای ناونیشانی بەرهەمه‌كه[85]، «له لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه به‌خشراوه»؟): ڕوو [visage]ی به ڕواڵەت برینداری هاوزا تەنها هێڵكاریی یه‌ك فیگه‌ری بە خاڵ ئاژنكراو[86]ـه لەسەر خودی فیگه‌ری ئه‌و، سەرەڕای هەڵە دزێوه‌كان، شتێكی وەك «ڕەنگدانەوەی جوانیی پێشین» دەپارێزێت. ئایا ئەو، باشتر لە هەمووان، نهێنییەكانی ماڵ دەناسێت، وەك ئه‌وه‌ی لە كۆتایی ڕۆمانەكەدا به قازانجه‌وه خۆی پێ هه‌ڵده‌كێشێت؟ ئایا ساویلكەییە ڕواڵەتییەكەی تەنها چاوەڕوانیی بێده‌نگی پرسیار نییە؟ ئایا ڕێنماییكەرە یا زیندانی؟ ئایا ئەو په‌یوه‌سته بە ده‌سه‌ڵاته ده‌ره‌ده‌سته‌كان[87]ـه‌وه كە باڵاده‌ستن بەسەر ماڵدا، یا ته‌نها یه‌ك خزمەتكاره؟ ئەو ناوی دۆم[88]ـه. نه‌بینراو و بێده‌نگ هەر كاتێك كە تۆماس قسە لەگەڵ كه‌سی سێیه‌مدا دەكات، زۆری پێ ناچێت به ته‌واوه‌تی دیار نامێنێت؛ بەڵام، كاتێك كە له كۆتاییدا تۆماس به ڕواڵه‌ت دێتە ناو ماڵەكەوە، كاتێك كه پێی وایه كه ئه‌و ڕوو [visage] و ده‌نگه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه كە بەدوایدا دەگەڕا، كاتێك كە وەك یه‌ك خزمەتكار مامه‌ڵه‌ی لەگەڵدا دەكرێت، كتوپڕ دۆم وه‌ك خاوه‌ندارێتیكه‌ر دووباره دەردەكەوێتەوە، و بانگەشەی كۆنترۆڵ و خاوه‌ندارێتیكردنی یاسا و گوفتار ده‌كات: تۆماس هەڵەی كرد كاتێك كە ئه‌وه‌نده ئیمانێكی كه‌می هه‌بوو، هەڵەی كرد كاتێك كە پرسیاری لە دۆم نەكرد كە لەوێ بوو تا وەڵام بداتەوە، هەڵەی كرد كاتێك كە هه‌ستگه‌رمی [zèle]ی خۆی بۆ ئەم خواستەی كە بگات به نهۆمی سەرەوە به‌فیڕۆ دا، لە كاتێكدا كە ئەوە بەس بوو كه ڕێگه به خۆی بدات كه بڕواتە خوارەوە. و كە دەنگی تۆماس زیاتر دەخنكێت، دۆم زیاتر قسە دەكات، دەبێتە داواكاری مافی قسەكردن و مافی قسەكردن له‌جیاتیی تۆماس. ته‌واوی زمان به‌لادا ده‌كه‌وێت، و كاتێك كە دۆم [جێناوی[ كەسی یەكەم به‌كار ده‌هێنێت ]له قسەكردندا[، ئەمە خودی زمانی تۆماسە كە دەست ده‌كات بە قسەكردن، به‌بێ ئه‌و و لە سەرووی ئەم بۆشاییەوە كە، لە شەوێكدا كە لكاوه بە ڕۆژی درەخشانەوە، جێ نیشانه‌ی غیابی بینراوی تۆماس، بەجێ دەهێڵێت.
هه‌روه‌ها هاوڕێ، بە ڕێگه‌یه‌كی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه، هەم نزیكترینە، هەم دوورترین؛ لە بەرزتر لە هەموواندا، هاوڕێ له‌لایه‌ن دۆرته‌وه، مرۆڤێك له «لەوێ»وه، نوێنراوه‌ته‌وه؛ دۆرت بێگانه‌یه بە یاسا، لە دەرەوەی سیستەمی شار، ئه‌و نەخۆشییه لە دۆخی دڕندەیی نەخۆشیدا، خودی مەرگی بڵاوبووه‌وه بە هەموو لایەكی ژیاندا؛ بە بەراورد بە ناونیشانی بەرزتر لە هەمووان، دۆرت نزمترە لە هەمووان؛ و لەگەڵ ئەمەشدا، ]]ئازاردەرترین و[[ وه‌سوه‌سه‌ئامێزترین نزیكێتییە؛ ئه‌و ناسراوه به‌بێ خۆپارێزی، سه‌رشار له متمانه به جۆرێك كه بەبێ هیچ ڕه‌چاوكردنێك نهێنیی دڵ دەڵێت، بە یه‌ك حزووری به‌رفره و ته‌واونه‌كراو حازره؛ ئه‌و دراوسێی ئەبەدییە؛ دەنگی كۆكینەكەی دەرگا و دیوارەكان ده‌بڕێت، گیانكەنشته‌كەی لە ته‌واوی ماڵه‌كه‌دا ده‌نگ ده‌داته‌وه و، لەم جیهانەدا كە تێیدا شێداری دەدەڵێنێت، كه تێیدا ئاو لە هەموو شوێنێك بەرز دەبێتەوە، خودی گۆشتی دۆرت، تا و عارەقه‌كه‌ی لە دیوار دەردەچن و، پەڵەیه‌ك له لایه‌كی تری دیواره‌كه‌دا، له‌ناو ژووره‌كه‌ی سۆرگه‌دا، دروست ده‌كه‌ن. كاتێك كە له كۆتاییدا دۆرت دەمرێت، و له ڕێگه‌ی دواهەمین سەرپێچییه‌كه‌یه‌وه هاوار دەكات كە نەمردووە، هاواره‌كه‌ی به‌ناو ده‌ستێكدا ده‌رده‌چێت كە دەیخنكێنێت و تا ئەبەد لەناو پەنجەكانی سۆرگەدا دەلەرزێت؛ گۆشت، ئێسك و جەستەی سۆرگە، تا ماوەیەكی درێژخایەن، ئه‌م مه‌رگه ده‌بن، له‌گه‌ڵ هاوارێك كە هەم مه‌رگ به‌درۆ ده‌خاته‌وه و هەم پشتڕاستی دەكاتەوە.
بێگومان لەم جووڵەیەدا كە تەوەری ڕاگری زمانە، جه‌وهه‌ری هاوڕێی پێداگیر بە ڕوونترین شێوه ئاشكرا دەبێت. لە ڕاستیدا هاوڕێ یەك بەردەنگی ناوازە، یه‌ك سوژەی قسەكەری تر نییە، بەڵكە یه‌ك سنووری بەبێ ناوه كە زمان ڕووبه‌ڕووی دەبێتەوە. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئەم سنوورە هیچ شتێكی ئەرێنی نییە؛ بەڵكە بنه‌ڕه‌ت ]و قووڵاییه‌كی[ بێ ئه‌ندازه‌یه كە زمان بێ وچان ڕووه‌و ئەم بنه‌ڕه‌ته لە دەست ده‌چێت، بەڵام بۆ ئەوەی كە هاوشوناس لەگەڵ خۆیدا بگەڕێتەوە، وەك ده‌نگدانه‌وه‌ی یه‌ك گوتاری تر كە هەمان شت دەڵێت، ده‌نگدانه‌وه‌ی هەمان گوتارێك كە شتێكی تر دەڵێت. «ئەو كەسەی كە هاوڕێیەتیی منی نەدەكرد»، ناوی نییە (و دەیەوێت هەر لەم بێ ناوییه بنه‌ڕه‌تی[89]یه‌دا بمێنێتەوە)؛ هاوڕێ یه‌ك ئەو [il]ـه به‌بێ ڕوو [visage] و به‌بێ نیگا، هاوڕێ ناتوانێت ببینێت ته‌نها لە ڕێگەی زمانی یه‌ك ئەویترەوە نه‌بێت كە هاوڕێ ئه‌و زمانه له‌ژێر ڕیزبەندیی شەوی خۆیدا جێگیر ده‌كات؛ بەم شێوەیە، هاوڕێ به زۆرترین نزیكی نزیك ده‌بێته‌وه لەم من [Je]ـه كە بە شێوەی یه‌كه‌م كه‌س قسە دەكات و وشەكان و ده‌سته‌واژه‌كانی لە بۆشاییەكی بێ‌سنووردا دووبارە دەكاتەوە؛ و لەگەڵ ئەمەشدا، هاوڕێ هیچ پەیوەندییەكی له‌گه‌ڵ مندا نییە، و مەودایەكی نه‌پێوراو له یەكیان جیا دەكاتەوە. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە ئەو كەسەی كە دەڵێت من، ده‌بێت بەبێ وه‌ستان نزیك ببێته‌وه لە هاوڕێ بۆ ئه‌وه‌ی كه له كۆتاییدا ئه‌و هاوڕێیه ببینێت كە هاوڕێیەتیی ئەو ناكات، یا پەیوەندییەكی ئه‌وه‌نده ئەرێنی لەگەڵیدا دابمەزرێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانێت بە كردنەوەی ئەم په‌یوه‌ندییه هاوڕێ ئاشكرا بكات. هیچ پەیمانێك ئەوان نابه‌ستێته‌وه بە یه‌كتره‌وه؛ و لەگەڵ ئەمەشدا، له ڕێگه‌ی پرسیاركردنێكی بەردەوامه‌وه (وه‌سفی ئه‌و شته بكه كه تۆ ده‌یبینیت؛ ئایا تۆ ئێستا ده‌نووسیت؟) و له ڕێگه‌ی یه‌ك گوتاری نه‌پچڕاوه‌وه كە نامومكینیی وەڵامدانەوە[90] ئاشكرا دەكات، بە شێوه‌یه‌كی به‌هێز به‌ستراونه‌ته‌وه به یه‌كتره‌وه. وەك بڵێی كه، لەم كشانه‌وه‌یه‌دا، لەم ناوكلۆربوونه‌دا كە ڕه‌نگه جگە لە داخورانی تێكنه‌شكاوی كه‌سێك كه قسه ده‌كات زیاتر نه‌بێت، فەزای یه‌ك زمانی بەتاڵ [langage neutre] كرابێته‌وه؛ لە فه‌زای نێوان گێڕه‌ره‌وه و ئەم هاوڕێ جیانه‌كراوه‌دا كە هاوڕێیەتیی گێڕه‌ره‌وه ناكات، و بە درێژایی ئەم هێڵە باریكە كە لە یەكتریان جیا دەكاتەوە وەك چۆن منی قسەكەر جیا دەكاتەوە لە ئەوێك كە ئەو لە بوونی وتراوی خۆیدایه، ته‌واوی گێڕانه‌وه خۆی فڕێ ده‌داته ناو ئه‌م فه‌زایه‌وه، یه‌ك شوێنی به‌بێ شوێن دەكاتەوە كە دەرەوەی هەموو گوفتار و هەموو نووسراوێكە، كه ئاشكرایان دەكات، زه‌وتیان ده‌كات، یاسای خۆی دەسەپێنێت بەسەریاندا و لە ڕێگه‌ی له‌قه‌دبوونه‌وه‌ی ناكۆتای خۆیه‌وه درەوشانەوەی چركه‌ساتی و دیارنه‌مانی گرشەداریان ئاشكرا دەكات.
نە ئەم نە ئەو
سەرەڕای چەندین لێكنزیكی، لێرەدا تەواو دوورین لەو ئەزموونە [عیرفانییەی[ كە هەندێك كەس وا ڕاهاتوون خۆیانی تێدا ون بكەن بۆ ئه‌وه‌ی كه خۆیان دووبارە بدۆزنەوە. عیرفان له جووڵەی تایبه‌تی خۆیدا، هه‌وڵدانه بۆ په‌یوه‌ستبوونه‌وه به ئەرێنێتیی یه‌ك بوون [existence]– ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به مانای تێپه‌ڕین بێت له شه‌و- له ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی یه‌ك ]]هێڵی[[ دژواری په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بووندا. و ته‌نانه‌ت كاتێك كه ئەم بوونه خۆی ده‌خاتە ژێر پرسیارەوە، لە كاری ڕەتدانەوە تایبەتەكەی خۆیدا خۆی ناوكلۆر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ناكۆتا بكشێته‌وه بۆ ناو ڕۆژێك بەبێ ڕووناكی، شەوێك بەبێ تاریكی، پاكێتییه‌ك بەبێ ناو، و بینراوێتییه‌كی ئازاد لە هەموو فیگه‌رێك، هێشتا یه‌ك پەناگەیە كە تێیدا ئەزموون دەتوانێت ئارام بگرێت. پەناگەیەك كە به هه‌مان ئه‌ندازه كه له لایه‌ن یاسای یەك گوفتاره‌وه دروست كراوه، له لایه‌ن فراوانیی كراوەی بێدەنگیشه‌وه دابین كراوه؛ چون، بەپێی فۆرمی ئەزموون، بێدەنگی یه‌ك هەناسەی نەبیستراو، یەكەمین و بێ ئه‌ندازه‌یه كه هه‌موو گوتارێكی ئاشكرا ده‌توانێت لێیه‌وه سه‌رچاوه بگرێت، یا هێشتا گوفتار قەڵەمڕەوێكە كە ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه لە هەڵپەساردنی یه‌ك بێدەنگیدا خۆی ڕابگرێت.
بەڵام ئەو شتەی كە لە ئەزموونی دەرەوە[91]دا مەبەستە، به هیچ جۆرێك ئەمە نییە. جووڵەی ڕاكێشان، ]و[ كشانه‌وه‌ی هاوڕێ، ئەو شتەی كە پێش هەموو گوفتارێك دێت، ئه‌و شته‌ی كه لەژێر هەر بێدەنگییەكدایە، ڕووت دەكاتەوە: ڕەوتی بەردەوامی زمان. زمانێك كە له لایه‌ن هیچ كەسێكه‌وه نه‌وتراوه[92]: ئه‌م زمانه هەر سوژەیەكی هه‌بێت جگه له یەك قەدی ڕێزمانی[93] هیچ نییه. زمانێك كە لە هیچ بێدەنگییەكدا ]]له ڕێگه‌ی هیچ بێده‌نگییه‌كه‌وه[[ ناتوێته‌وه[94]؛ هەر پچڕانێك [لە گوتندا[ تەنها یه‌ك پەڵەی سپی له‌سه‌ر ئەم مەلافە نەدووراوەدا پێك ده‌هێنێت. ئەم زمانە یه‌ك فەزای بەتاڵ دەكاتەوە كە تێیدا هیچ بوونێك ناتوانێت ڕیشە دابكوتێت: لە مالارمێ به‌دواوه، ئێمه باش دەزانین كە وشە نا-بوون[95]ی ئاشكرای ئەو شتەیە كە وشه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات؛ ئێمه ئێستا دەزانین كە بوونی زمان [l’être du langage] سڕینه‌وه‌ی بینراوی ئەو كەسەیە كە قسە دەكات: «گوتنی ئەمەی كە ئەم گوفتارانه دەبیستم، بێگانه‌یی ترسناكی پەیوەندییه‌كانم له‌گه‌ڵ گوفتاره‌كاندا بۆ من ڕوون ناكاتەوە […[ ئەم گوفتارانه قسە ناكەن، ناوەكی نین، به پێچەوانەوە، بەبێ هاودڵین، ]چون[ بە تەواوەتی لە دەرەوەن، و ئەو شتەی كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، من ده‌باته ناو ئه‌م دەرەوەی هەموو گوتارێكەوە، دەرەوەیەكی به ڕواڵەت نهێنیتر و ناوەكیتر لە گوفتاری ویژدان، بەڵام لێرەدا، دەرەوە خاڵییه، نهێنی بەبێ قووڵاییە، ئەو شتەی كە دووبارەیه، خاڵێتیی دووبارەبوونەوەیە، ئه‌م دووبارەبوونەوەیە قسە ناكات و لەگەڵ ئەمەشدا هەمیشە گوتراوه.»[11] له ڕاستیدا، ئه‌زموونگه‌لێك كە بلانشۆ دەیانگێڕێتەوە، ئاڕاسته كراون بۆ ئەم بێناوییەی زمانی ئازادكرا‌و و كراوە بە ڕووی غیابی سنووری خۆیدا؛ ئه‌و شته‌ی كه ئەم ئەزموونانە لەم فەزا ورتەورتكەرەدا ده‌یدۆزنه‌وه كه‌متر پنتی كۆتایی خۆیانه هه‌تا شوێنی بێ جوگرافیای دەستپێكردنەوەی مومكینی خۆیان: بۆ نموونه، ئەو پرسیارە دواجار ڕۆشنگەر، بێدەنگ و ڕاستەوخۆیەی كە تۆماس لە كۆتایی ئامینادەبدا لە ساتێك‌دا دەیخاتە ڕوو كه تێیدا هه‌موو گوفتارێك وا دەردەكەوێت كە له ئه‌و وه‌رگیراوه‌ته‌وه؛ درەوشانەوەی پەتیی بەڵێنی بەتاڵ- «ئێستا من قسە دەكەم»- لە بەرزتر لە هەمووان؛ یا دووباره، لە دواهەمین لاپەڕەی كەسێك كە هاوڕێیەتیی منی نەدەكرد، دەركەوتنی یه‌ك زەردەخەنە كە بەبێ ڕوو [visage]ـه، بەڵام له كۆتاییدا یه‌ك ناوی بێدەنگ هه‌ڵی ده‌گرێت؛ یا یەكەمین به‌ركه‌وتن لەگەڵ وشەكانی دەستپێكردنەوەی دواتر لە كۆتایی دواهەمین مرۆڤدا.
كەواتە زمان لێرەدا خۆی به ئازاد لە تەواوی ئوستوورە دێرینەكان ده‌بینێته‌وه و لە ڕێگەی ئوستووره‌كانه‌وه ئاگاییمان لە وشەكان، له گوتاره‌كان، و لە ئەدەبیات، شكڵی گرتووە. ئێمە بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن باوەڕمان وابووه كە زمان باڵاده‌ست بووه به‌سه‌ر كاتدا، كە هەم وه‌ك په‌یوه‌ندیی داهاتوو له گوفتاری به‌خشراودا و هه‌م وه‌ك یادگه و گێڕانه‌وه كار ده‌كات؛ ئێمه باوه‌ڕمان وابووه كه زمان پەیامبەرێتی[96] و مێژووە؛ هەروەها، ئێمه باوەڕمان وابووە كە زمان لەم باڵاده‌ستییه‌دا، دەسەڵاتی ئاشكراكردنی جەستەی بینراو و ئه‌به‌دیی هەقیقەتی هەیە؛ باوه‌ڕمان وابووه كە جەوهەری زمان لە فۆرمی وشەكان یا لە هەناسەیەكدا بووه كە وشەكان ده‌له‌رزێنێت. بەڵام زمان هیچ نییە جگە لە یه‌ك ورته‌ورتی بێ فۆرم و یه‌ك ڕژان؛ و هێزەكەی لە شاردنه‌وه‌دایه؛ له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كە زمان و هه‌ڵوه‌رینی كات هه‌مان شتن؛ زمان، فەرامۆشیی به‌بێ قووڵایی و خاڵێتیی ڕوونی چاوەڕوانییە.
زمان، لە هەر یەكێك لە وشەكانیدا، له ڕاستیدا ڕووه‌و ئەو ناوەڕۆكانە ئاڕاسته ده‌كرێت كە له‌پێشترن له زمان؛ بەڵام زمان لە خودی بوون [être]ـەكەیدا و بەو مەرجەی كە لە زۆرترین نزیكیی مومكین لە بوونه‌كه‌یه‌وه خۆی ڕابگرێت، تەنها لە پەتیبوونی چاوەڕوانیدا لە قەد دەكرێتەوە. خودی چاوەڕوانیش ڕووه‌و هیچ شتێك ئاڕاسته نه‌كراوه؛ چون ئۆبژه‌یه‌ك كە بڕیارە چاوەڕوانی به‌دی بهێنێت، تەنها دەتوانێت بیسڕێته‌وه. و لەگەڵ ئەمەشدا، چاوەڕوانی قه‌تیس نییه به یه‌ك شوێن، بێ جووڵه‌یی ملكه‌چكراو نییه؛ چاوەڕوانی پشوودرێژیی یه‌ك جووڵەی هەیە كە هیچ كۆتاییه‌كی نییە و هەرگیز ناتوانێت بەڵێنی پاداشتی یه‌ك پشوودان به خۆی بدات؛ چاوه‌ڕوانی له هیچ ناوەكێتییه‌كدا خۆی ناپێچێته‌وه؛ هەر یەكێك لە بچووكترین پارچه‌كانی ده‌كه‌ونه ناو یه‌ك دەرەوەی چارەسەرنەكراو[97]. چاوەڕوانی ناتوانێت چاوه‌ڕوانیی خۆی بكات لە كۆتایی ڕابردووی تایبه‌تی خۆیدا، ناتوانێت لە خۆڕاگرییەكەی خۆشحاڵ بێت؛ و یەك جار و بۆ هەمیشە پشت بەو بوێرییه ببەستێت كە هەرگیز بێبەش نەبووە لێی. ئەو شتەی كە چاوەڕوانی كۆ دەكاتەوە و دەیچەسپێنێت، یادگە نییە، بەڵكە فەرامۆشییە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم فەرامۆشییە، نابێت تێكه‌ڵ بكرێت نه له‌گه‌ڵ پەرتەوازەیی هەستپەرتی و نە له‌گه‌ڵ ئه‌و خەوه‌دا كه تێیدا هۆشیاری ده‌خه‌وێت؛ ئەم فەرامۆشییە له یه‌ك بێداربوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده بێ‌دار، ئه‌وه‌نده ڕوونبین، و ئه‌وه‌نده سه‌حه‌رخێز دروست كراوه كە زیاتر ماڵئاوایی كردنه له شەو و كرانەوەی پەتییە بە ڕووی یه‌ك ڕۆژدا كە هێشتا نەهاتووە. لەم مانایەدا، فەرامۆشی سه‌رنجدانی سه‌رپه‌ڕه- سەرنجدانی ئه‌وه‌نده سه‌رپه‌ڕ كە هەر ڕوو [visage]یه‌كی تاقانه ده‌سڕێته‌وه كە ڕه‌نگه خۆی پێشكه‌شی بكات؛ هەر كه یه‌ك فۆرم دیاری كرا، له یه‌ك كاتدا هێندە دێرین و هێندە نوێیە، هێندە بێگانه و هێندە ناسراوە كه ناتوانرێت ده‌ستبه‌جێ له ڕێگه‌ی پەتیبوونی چاوەڕوانییه‌وه ڕەت بكرێته‌وه و به‌م شێوه‌یه مەحكووم بكرێت بە بێ نێوەندگیری فەرامۆشی. لە فەرامۆشیدایە كە چاوەڕوانی وەك چاوەڕوانی ده‌پارێزێت ]]و ده‌مێنێته‌وه[[: سەرنجدانی توند لەو شتەی كە به شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی تازه ده‌بێت، شتێك كه بەبێ هیچ پەیوەندییه‌كی هاوشێوەیی یا بەردەوامیی لەگەڵ هەر شتێكی تردا (تازەیی خودی چاوەڕوانیی ده‌ركێشراو بۆ دەرەوەی خۆی و ئازاد لە هەموو ڕابردوویەك)، و سەرنجدان لەو شتەی كە بە قووڵترین شێوه كۆن ده‌بێت (چون چاوەڕوانی لە قووڵایی خۆیدا، هه‌رگیز له چاوه‌ڕوانیكردن نه‌وه‌ستاوه).
زمان، لە بوونە سەرنجدەر و فەرامۆشكه‌رەكەیدا، لەم دەسەڵاتەی شاردنه‌وه‌یدا كە هەموو ده‌لاله‌ت ]و مانایه‌كی[ دیاریكراو و ته‌نانه‌ت خودی بوونی ئەو كەسەش ده‌سڕێته‌وه كە قسە دەكات، لەم بەتاڵێتی [neutralité]یە خۆڵەمێشییەیدا كە حەشارگەی بنه‌ڕه‌تیی هەموو بوونێك پێك دەهێنێت و بەم شێوەیە فەزای وێنە ئازاد دەكات، نە هەقیقەتە، نە كات، نە ئه‌به‌دییه‌ته، نە مرۆڤ، بەڵكە فۆرمی هەمیشە هەڵوەشاوه‌ی دەرەوەیە؛ زمان په‌یوه‌ندی له نێوان ئاخێزگە و مەرگدا داده‌مه‌زرێنێت، یا بە دەربڕینێكی وردتر، ڕێگه ده‌دات كه لە ڕۆشنایی فره‌پنتی ناكۆتای خۆیاندا ببینرێن- به‌ركه‌وتنی چركه‌ساتیی ]]ئاخێزگه و مه‌رگ[[ كه له یه‌ك فه‌زای نه‌پێوراودا پارێزراوە. ده‌ره‌وه‌ی په‌تیی ئاخێزگه[98]، ئه‌گه‌ر به ڕاستی ئه‌و شته بێت كه زمان سه‌رنج له پێشوازیكردنی ده‌دات، هەرگیز لە یەك ئەرێنێتیی بێ جووڵه و دزەتێكراو[99]دا ڕه‌ق نابێت؛ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌میشه سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكراوه‌ی مه‌رگ، ئه‌گه‌ر له ڕێگه‌ی فەرامۆشیی بنه‌ڕه‌تیی زمانه‌وه مه‌رگ ڕووه‌و ڕووناكی بردرابێت، هەرگیز سنوورێك دانانێت كە لێیه‌وه دواجار هەقیقەت سه‌رهه‌ڵبدات. ئاخێزگە و مەرگ دەستبەجێ ده‌چنه ناو یه‌كتره‌وه؛ ئاخێزگە ڕوونیی شتێكه كە كۆتایی نییە؛ مەرگ بە شێوەیەكی ناكۆتا بە ڕووی دووبارەبوونەوەی دەستپێكردنەوەدا دەكرێتەوە. و ئەو شتەی كه زمانە (نەك ئەو شتەی كە دەیەوێت بیڵێت، و نەك فۆرم كه تێیدا ئه‌و شته ده‌ڵێت)، ئەو شتەی كه زمانه لە بوونەكەیدا، خودی ئەم دەنگە زۆر نەرمەیە، ئەم كشانه‌وه زۆر هەستپێنەكراوە، ئەم لاوازییە لە قووڵایی و پەڕانپەڕی هەموو شتێك، و هه‌موو ڕوو [visage]یه‌كدا، كە هەوڵی دواخراوی ئاخێزگە و هه‌ڵوه‌رینی سه‌حه‌رخێزی مەرگ لە هه‌مان ڕووناكییه‌كی بەتاڵ[100]دا- هەم ڕۆژ و هەم شەو- نوقم دەكات. فەرامۆشیی مەرگباری ئۆرفیوس، و چاوەڕوانیی ئۆلیسی زنجیركراو، خودی بوون [l’être]ـی زمانن.
كاتێك كە زمان وه‌ك شوێنی هەقیقەت و پەیوەندیی كات پێناسە ده‌كرا، ئەمەی كە ئیپیمێندسی كریتی سه‌لماندی كە هەموو كریتییەكان درۆزنن، بۆ زمان به ڕه‌هایی ترسناك بوو: په‌یوه‌ندیی ئەم گوتارە لەگەڵ خۆیدا، ڕایه‌ڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هەموو هەقیقەتێكی مومكین[101]دا دەپچڕاند. بەڵام ئەگەر زمان وەك ڕوونیی هاوبه‌رابه‌ری ئاخێزگە و مەرگ ئاشكرا ببێت، [كه‌واته[ هیچ بوون [l’existence]ێك نییە كە، بە سەلماندنی ڕووتی «من قسە دەكەم»، بەڵێنی هەڕەشەئامێزی دیارنه‌مان و دەركەوتنی داهاتووی خۆی وەرنەگرێت[102].
یاداشتەكان
- Blanchot (M), Celui qui ne maccompagnait pas, Paris, Gallimard, Collection Blanche, 1953, p. 125.
- l’attente l’oubli, Paris, Gallimard, Coll. Blanche, 1962.
- Blanchot, Aminadab, Paris, Gallimard, Coll. Blanche, 1948.
- Blanchot, Le Dernier Homme [دواهەمین مرۆڤ], Paris, Gallimard, Coll. Blanche, 1957.
- Aminadab, p. 220.
- Aminadab, p. 113.
- Le Très–Haut, p. 81.
٨. بگەڕێنەوە بۆ:
L’Espace littéraire, [فەزای ئەدەبیات], Paris, Gallimard, »Coll. Blanche«, pp. 179-184; Le Livre à venir, op, pp. 9-17.
- Blanchot, (M), L’Arrêt de mort [حوكمی مەرگ], Paris, Gallimard, Coll. Blanche, 1948.
- Au moment voulu, pp. 68-69.
11. Blanchot, (M), Celui qui ne m’accompagnait pas, pp. 135-136.
[1]. ئەم پارادۆكسە هیی ئیپیمێندس Epimenides، فەیلەسوفی دوورگەی كریته لە سەدەی شەشەمی پێش زایین‌دا كە دەیوت: «كریتییەكان هەمیشە درۆ دەكەن.»
[2] . وشه زیادكراوه‌كانی ئه‌م كه‌وانه‌یه […] هیی منن و ئه‌وانه‌ی وه‌رگێڕی ئینگلیزیش [[…]].
[3]. objet/object.
[4]. proposition–objet/object–proposition.
[5]. un fait pur et simple
[6]. parole.
[7]. souverenaineté
[8] transitivity: Transitivité. هەروەها بە مانای كرداری تێپەڕ
[9]. systemès représentation
[10]. être brut/raw state
[11] . redoublement: دووباره‌كردنه‌وه‌ی دووهێنده، قه‌دبوون له‌سه‌ر یه‌كتر، دووباره‌كردنه‌وه.
[12]. repli
[13]. existence
[14]. l’être du langage
[15]. لە دەقە ئینگلیزییەدا لەجیاتیی «من هەم»، «من بیر دەكەمەوه» نووسراوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا، «من هەم» دروستترە؛ چون بەپێی ڕوانگه‌ی بلانشۆ و هەروەها بەپێی ڕوانگه‌ی فۆكۆ، مرۆڤ كاتێك دەتوانێت بیر لە زمان بكاتەوە كه سوژه‌ی تێدا سڕدرابێته‌وه، واته زمان لە ئەزموونە پەتییەكەیدا، یا بە وتەی فۆكۆ، لە بوونە پێنەگەیشتوو و كرچەكەیدا. بوونی زمان ته‌نها كاتێك بۆ خۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه سوژه دیار نه‌مێنێت. وه‌ك فۆكۆ ده‌ڵێت: بوونی زمان ته‌نها له له‌ناوچوونی سوژه‌دا بۆ خۆی ده‌رده‌كه‌وێت. ناتوانین ناوەڕۆكی «من بیر دەكەمەوه» و ناوەڕۆكی «من هەم»، بە یەك شت بزانین، چون ناوەڕۆك یاخود چییەتیی ڕاستەقینەی سوژە هەمیشە زیاترە لە ناوەڕۆكی هەر بیركردنه‌وەیەكی پەتی. هەلومەرجەكانی ژیانكردن سوژە دەبه‌نە ئەودیوی قەڵەمڕەوی بیركردنەوەی پەتییەوە. لە ئەدەبیاتی بلانشۆدا، زمان لە پانتاییە ڕووتەكەیدا لەبەرچاو دەگیرێت و هیچ سوژەیەكی تێدا نییە؛ بلانشۆ یەكێكە لەو یەكەمین ئەدیبانەی كە سوژە لە زماندا هەڵدەوەشێنێتەوە. (و. كوردی).
[16]. savoir/knowledge
[17]. pensée mystique
[18]. Pseudo-Denys
[19]. Negative theology
[20]. la nudité du désir
[21]. Schlegel
[22]. Stephan Mallarme, Igitur, ou La Folie dElbehnon, Paris, Gallimard, Collection blanche, 1925.
[23]. Le Livre de Mallarme. Premieres recherches sur les documents inedits, Jacques Scherer, Paris, Gallimard, 1957.
كتێبی مالارمێ، كۆكراوەی یادداشتە بەجێماوەكانی شاعیری فەڕەنسی ستیڤان مالارمێیە 1842-1898؛ كە ئەو بە درێژایی تەواوی ژیانی بۆ نووسینی بە وتەی خۆی «بەرهەمی گەوره» كۆی كردبوونەوە و نووسیبوونی. ئەم كتێبە لە لایەن ژاك شیرێرەوە لە دوای خۆی بڵاو كرایەوە.
[24]. Bataille
[25]. transgression
[26]. Klossowski
[27]. Le double/The double.
[28]. Reflection, fiction تێڕامان (بیركردنه‌وه)، چیرۆك
[29]. conversion/converting.
[30]. l’esprit
[31]. ruissellement/streaming
[32]. l’abîme du vide
[33]. l’intermédiare neutre
[34] . vraisemblance: واقیعینوێنی، شتێك كه ده‌شێت واقیعی و حه‌قیقی بێت، پرسی چیرۆكی/خه‌یاڵی.
[35] . وه‌رگێڕی ئینگلیزی: «كه‌واته، چیرۆك پێك نه‌هاتووه له نیشاندانی پرسی نه‌بینراو، به‌ڵكه پێك هاتووه له نیشاندانی ئه‌وه‌ی كه نه‌بینراوێتیی پرسی بینراو تا چ ئاستێك نه‌بینراوه.»
[36]. la fable du temps
[37]. récit
[38]. mode d’être singulier du discours
[39]. pente/slope
[40]. être attiré et négligent/Being Attracted and Negligent
[41]. communication positive/ positive communication.
[42]. attiré
[43]. une négligence essentielle
[44]. Blanchot, Le Tres–Haut, Paris, Gallimard, (Coll. Blanche). 1957.
[45]. Blanchot, Au moment voulu, Paris, Gallimard, (Coll. Blanchot). 1951.
[46] . zèle: تامه‌زرۆیی، په‌رۆشی، دڵگه‌رمی.
[47] . incrédule، بێباوه‌ڕ، گومانكار.
[48]. une présence ressuscitée
[49]. Lucie
[50]. l’incurie كه‌مته‌رخه‌مبوون، بێ كه‌ڵكه‌ڵه‌یی
[51] . «مرۆڤ ڕاكێشراوه به وردیی تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه پشتگوێخراوه؛ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه هه‌ستگه‌رمی و تامه‌زرۆیی ته‌نها ده‌توانێت بریتی بێت له بێئاگابوون له‌م بێئاگاییه، له گۆڕانی خود بۆ نیگه‌رانیی ئازایانه‌ی بێ‌ئاگا، له پێشڕه‌وی ڕووه‌و ڕووناكی له بێئاگایی سێبه‌ردا، تا ئه‌و كاته‌ی كه ئاشكرا ببێت كه ڕووناكی خۆی ته‌نها بێئاگاییه، یه‌ك ده‌ره‌وه‌ی په‌تیی هاوتا له‌گه‌ڵ تاریكییه‌ك كه هه‌ستگه‌رمی كه تاریكی ڕای كێشاوه، وه‌ك یه‌ك مۆمی فڕێدراو، په‌رته‌وازه ده‌كات.»
[52]. pouvoir
[53]. puissance
[54] . «له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌م ئاشكرابوونه هه‌میشه‌ییه هه‌رگیز ئه‌و شته ڕوون ناكاته‌وه كه یاسا ده‌یڵێت یا ده‌یه‌وێت.»
[55]. «یاسا تاریكییه له سه‌رووی سنووری كرده و ڕه‌فتاره‌كانه‌وه.»
[56]. diptyque
[57]. inaccessible
[58] . méchanceté خراپه‌خوازی، شه‌ڕانگێزی، و به‌دكاری.
[59]. sollicitude
[60]. bureaucrat
[61]. Office of vital statistics
[62]. existences
[63]. l’existence transgressive
[64]. Bouxx
[65]. Dorte
[66]. Clytemnestra
[67]. Orestes
[68]. an absent absence
[69]. Eurydice and the Sirens
[70] . insaisissable هه‌روه‌ها به مانای ده‌ركنه‌كراو.
[71]. fascination
[72] . [فریوی سیرنەكان بە هۆی ئاوازی ئێستایانەوە نییە، بەڵكە بە هۆی ئەمەوەیە كە ئەم ئاوازە بەڵێنی لەدایكبوونی شتێك لە داهاتوودا دەدات[.
[73]. maux
[74]. troad: مه‌به‌ست له جه‌نگی ته‌ڕواده‌یه.
[75] . «له‌پێناو ئه‌و چیرۆكه‌ی كه هه‌رگیز نامرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌دایك ببێت.»
[76]. puissances néfastes/sinister forces
[77]. un extraordinaire pouvoir d’attirance
[78]. Judith، یەكێك لەو دوو ژنە كەسایەتییانەی ناو چیرۆكی ساتی پێویست.
[79] . «له‌و ساته‌دا كه ناوه‌كێتی ڕاده‌كێشرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ده‌ره‌وه‌یه‌ك كه هه‌مان ئه‌و شوێنه به‌تاڵ ده‌كاته‌وه كه ناوه‌كێتی تێیدا ده‌كشێته‌وه و بێبه‌شی ده‌كات له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌كه‌ی: یه‌ك فۆڕم سه‌رهه‌ڵده‌دات… كه ناوه‌كێتی داده‌ماڵێت له شوناسه‌كه‌ی، ناوكلۆری ده‌كات…»
[80]. sort d’anonymat informe
[81]. assignable subject
[82]. Le dehors vide
[83]. la forme sans visage
[84]. «ئه‌م فیگه‌ره به شێوه‌یه‌كی ناكۆتا ئاوه‌ژووكراوه‌یه.»
[85] . مه‌به‌ست له ناونیشانی ئامیناده‌بـه، كه به مانای شتێكی به‌خشراوه له لایه‌ن خوداوه.
[86]. tattooed
[87]. puissances inaccessibles
[88]. Dom
[89]. anonymat essentiel
[90]. impossibilité répondre
[91]. l’expérience du dehors
[92] . زمانێك كه كه‌س قسه‌ی پێ ناكات.
[93] . pli grammatical/grammatical fold: قه‌دبوون، نووشتانه‌وه و لۆچی ڕێزمانی.
[94] . زمانێك كه هیچ بێده‌نگییه‌ك ناتوانێت هه‌ڵیبووه‌شێنێته‌وه.
[95]. l’inexistence/non-existence
[96]. prophétie
[97]. un irrémédiable dehors
[98]. Le pur de hors de l’origine
[99]. une positivité immobile et pénétrable
[100]. une même clarté neutre
[101]. vérité possible
[102] . «له سه‌رده‌مێكدا كه زمان وه‌ك شوێنی هه‌قیقه‌ت و به‌سته‌ری كات پێناسه ده‌كرا، به هۆی جه‌ختكردنه‌كه‌ی ئیپیمێندسی كریتی كه ده‌یوت هه‌موو كریتییه‌كان درۆزنن، خرایه ناو مه‌ترسییه‌كی ڕه‌هاوه: ئه‌و شێوازه‌ی كه تێیدا گوتار به‌سترابوو به خۆیه‌وه، هه‌ر ئیمكانێكی هه‌قیقه‌تی پووچه‌ڵ كرده‌وه. له لایه‌كی تره‌وه، كاتێك كه زمان وه‌ك ڕوونیی دوولایه‌نه‌ی ئاخێزگه (سه‌رچاوه) و مه‌رگ ئاشكرا ده‌بێت، هه‌موو بوونێكی تاقانه، له ڕێگه‌ی جه‌ختكردنی ساده‌ی «من قسه ده‌كه‌م»، به‌ڵێنی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی له‌ناوچوون و ده‌ركه‌وتنی داهاتووی خۆی وه‌رده‌گرێت.»