نووسین: ژان ئودێ
وەرگێڕان: چاوان نەریمان
(ژان ئودێ پڕۆفیسۆرە لە بواری سینەما لە زانکۆی وەتەرلۆی کەنەدا. وتارەکەی لە بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی UFA لە زانکۆی ویندۆسەر پێشکەش کردووە، لە بەرواری ٢٢ی گەلاوێژی ١٩٧٤.)
ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە یەکێک لە ڕەگەزە بنچینەییەکانی بواری سینەما؛ توانایەتی بۆ دروستکردنی واقعێکی خەیاڵیی بەهێز، کە وا لە بینەر دەکات ئاشنا ببێت بەو ڕۆڵگێڕانەی کە لەسەر شاشەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پەیوەندییە ئاشکرایەی کە لە نێوان وێنەی سینەماتۆگرافی و واقعی بینراودا هەیە، گوشارێکی دەروونی توند لەسەر بینەر دروست دەکات و وای لێ دەکات چیرۆکە خەیاڵییەکانی فیلمەکە وەک جیهانێکی واقعی ببینێت. ئەم بارودۆخەش لە لایەن سیگفرید کراکاوێر، لەم چەند پەیڤەی خوارەوەدا گەڵاڵە کراوە: «بینەر کاتێک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی خەسڵەتی واقیعیی وێنەکان، ناتوانێت کاردانەوەی نەبێت؛ ڕێک وەک چۆن بەرانبەر لایەنە ماددییەکانی سروشت لە دۆخە ڕاستییەکەیدا کاردانەوەی دەبێت، چونکە ئەم وێنە فۆتۆگرافییانە بەرجەستەکەرەوەی ئەو واقیعەن.»
سەرەڕای ئەوەش، کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەن کە وا لە بینەر دەکەن حەز بکات خۆی ڕادەستی خەیاڵی سینەمایی بکات، گرنگترینیان سروشتی نمایشی فیلمەکە خۆیەتی. بینەر لە دۆخێکی تەواو گۆشەگیرانەدا سەیری شاشەکە دەکات و بەهۆی تاریکی و کورسییە لە تەنیشت یەکدانراوەکانیشەوە لە جیهانی دەرەوە دابڕێنراوە. ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی کەشێکی تایبەت کە هیوگ ماوێرۆفەر لە کتێبی سایکۆلۆژی لە ئەزموونی فیلمدا، بە «بارودۆخی سینەما» ناوی دەبات. کە ئەم «بارودۆخی سینەما»یە توانای هیپنۆتیکی وێنەی فیلمەکە زیاد دەکات. بە گشتی بەهێزبوونی خەیاڵی سینەمایی، لە ڕێگەی واقعی هەندێک لەو وێنانەی کە لەسەر شاشەکەن؛ دەکرێت بە ئاسانی شرۆڤە بکرێت و کاردانەوەیەکی جەستەیی لە بینەردا بخوڵقێنێت، وەک گۆڕانی لێدانی دڵ، سەرگێژخواردن یاخود ئەو شتانەی کە پێشتر زۆر باس کراون و پەیوەندی بە تارماییەوە هەیە. دیسان دەتوانین ئەوە ببینین، کە زۆرینەی هەستەکانی بینەر لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەدا دەورووژێت، هەروەها توانستی عەقڵی و بریاردانی بینەر لەسەر بابەتەکە کەم تا زۆر خەفەکراوە. لەبەر ئەوە بینەر لێژ دەبێتەوە بەرەو لێکدانەوە خەیاڵییەکانی نێو هەلومەرج و گێرەوکێشە درامییەکان لە فیلمەکەدا، کە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا لایەنگری لایەنێک یان یەکێکی دیکە دەکەن. یەکێک لە بینەرەکان لەڕێگەی کەسایەتییەکی دیاریکراو، چەند کەسایەتییەک یان بارودۆخەکانەوە لەناو چیرۆکەکەدا، خۆی دەناسێتەوە. زۆربەی جار کارەکتەری سەرەکی یان پاڵەوانی فیلمەکە لەگەڵ ئەم ناسنامەیە دەردەکەوێت و دوای ماوەیەک بینەر دەبێت بە بەشێک لە خودی چیرۆکەکە.
کاتێکیش دێیت ئەم ناسنامەی بینەری سینەمایە لەگەڵ ئەو ڕۆڵگێڕانەی لەسەر شاشەکەیە؛ بەراورد دەکەیت بە هونەرەکانی دیکە، بە تایبەتی بە شانۆ و ئەدەب، دەبینیت کە فۆڕمێکی تازەی هێناوەتە دی. لەڕاستیدا، هاو کاربووە لە دروستکردنی ئەوەی کە پێی دەگوترێت «سیستمی ئەستێرە» کە تێیدا ئەکتەری سینەمایی لاسایی پاڵەوان دەکاتەوە (یان دژی پاڵەوانە) و بووە بە کەسایەتیی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا، هەروەها پوکاندنەوەی ڕۆڵی هونەرمەندەکانی دیکە، بە تایبەتی دەرهێنەرەکە. هەروەها ئەم بابەتە لە زۆر بۆنەدا بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی سیاسی و ئابووری، وەک فیلمە جەنگییەکان و ڕیکلامە بازرگانییەکان، قۆستراوەتەوە. لە هەندێک باردا، فیلمەکان تەنها دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە دەروونناسیی جەماوەر بەرهەم دەهێنرێن؛ چونکە ئاوێتەبوونی بەهێزی بینەر لەگەڵ بابەت، شێواز یان ئەکتەرێکی دیاریکراودا، دەبێتە هۆی ڕاکێشانی جەماوەرێکی زۆر بۆ سینەماکان و زیادبوونی داهاتی فیلم.
ئەو هەستە زاڵەی کە دەوری بینەری سینەمای داوە و وەرگرتنی خەیاڵە سینەماییەکەی و ناسینەوەکەی لەپاڵ ڕۆڵگێڕانە هەنوکەییەکەدا، سەرەڕای زۆربەی ڕەهەندە ئەرێنییەکانیش، تاک لایەنەیە. دۆخە بێئاگاییە خۆنەویستەکانی بینەر بە نەبوونی واقعبینی و چالاکی، ئەو ڕەگەزانەن، کە هەر لە وەختی سەرهەڵدانی سینەماوە هەندێک لە دەرهێنەرەکان هەوڵیان داوە لای ببەن یان کەمی بکەنەوە.
لە شانۆی ساڵی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا، شانۆنامەنووس و تیۆریستی ئەڵمانی بێرتۆلد برێشت بەهۆی تیۆری نامۆبوونەوە دەرکەوت، کە هێرشێکی گەورەبوو دژ بەو خەیاڵەی کە لەسەر تەختی شانۆدا دروست دەبێ. ئەو لە یەک کاتدا دۆخی بینەرێک کە بە ئەکشنە درامییەکان ئاشنا دەبێت، بەراورد دەکات بە دۆخی کەسێک کە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا. لە ڕوانگەی برێشتەوە، ئەوە مومکین نییە کەسێک کە ئامادەیە لە ڕووداوەکە هەمان شێوەی بڕیاردانی بینەرێکی ئاسایی هەبێت کە تەنها ڕووداوەکەی بینیوە. ئەم مشت و مڕانەش دەکرێت پاڵپشتی لێ بکرێت بە هێنانەوەی ئەو نموونانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕوو دەدەن. بۆ نموونە: پارێزەران، ڕاوێژکاران و ناوبژیوانان، زۆر جار کاریگەرترن لەو کۆبوونەوانەی کە خۆیان بەشداری تێدا دەکەن لەبەر نامۆبوونیان بەو بارودۆخەی کە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. بە هەمان شێوە، شانۆیەکی لێکدابڕاو یان بینەرێکی سینەما ئەتوانێت بڕیاردانێکی واقعبینانەتر وچالاکانەتر بەدەست بهێنێ، لە چاو کەسێک کە لەژێر کاریگەریی هەستێکی قووڵی ئیفلیجبوودایە.
لە سینەمادا هەندێک هەوڵی زەق هەن بۆ کەمکردنەوەی خەیاڵ کە لە ڕێگەی بزووتنەوەی ئاڤانگاردەوە ئەو هەوڵانە دەستیان پێکرد، لەنێوان جەنگەکان و دواتر لە لایەن “سینەمای ژێرزەمینی”ییەوە درێژەی پێ درا. سەرەڕای ئەوەش چەند هەوڵێکی تری جیاواز هەبوون کە تێیدا هەندێک لە تەکنیکەکانی نامۆبوون یان گۆشەگیری بەکار هاتوون، وەک ئەوەی لە فیلمەکانی citizen cane, kuhle wampe, singin’ in the) rain و M. the latter film). کە دەرهێنراوە لە ساڵی ١٩٣٠دا، وا دیارە کاریگەریی چەند تەکنیکێکی نامۆبوونی برێشت لەخۆ دەگرن. بۆ نموونە لە کتێبی مێژووی سینەمای ئەڵریچ گریگۆر و ئینۆ پاتالاس ئێمە ئەم شتانەی خوارەوە دەخوێنینەوە: «کاریگەریی برێشت خۆی نیشان دەدا نەک تەنیا لە ڕەهەندی بابەتیدا، بەڵکو لە بەکارهێنانی هاوئاوازیی لە دەنگدا، کە کاریگەرانە گێڕانەوەکە نامۆ دەکات.» سەختی و چەندبارەبوونەوەی ئەو هەوڵە لەمێژینانەیە، هەرچەندە زۆر کەمیش بووبن، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠کان و لە ١٩٦٠کاندا، ئەو ڕەوشەی کە دروست بووبوو لە فیلمدا و پەیوەندی بە تەکنیکی نامۆبوونەوە هەبوو، دەستی کرد بە گۆڕان. (ئەمەش لەو کاتەدا، هاوکاتبوو لەگەڵ هەندێک گەشەسەندنی هونەری کاریگەری بواری سینەما، کە بزووتنەوەی “شەپۆلی نوێ” لە فەڕەنسادا دای مەزراندبوو و دەرهێنەرەکانیش لە زۆربەی وڵاتەکانی تر بەسەریان کردبووەوە.)
لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی فیلمسازەکان لە چەندان وڵاتی جیاوازەوە تەکنیکی نامۆبوونیان بەکار هێناوە، وەکو بێرگمان و سجۆمان لە سوید، ستراوب و هێرزۆگ لە ئەڵمانیا، چیتیلۆڤا لە چیکوسلۆڤاکیا، ماکاڤێجێڤ لە یوگۆسلاڤیا، فێلینی، ئەنتۆنیۆنی و پازۆلینی لە ئیتاڵیا. بۆیە منیش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەمەوێت تیشک بخەمەسەر ژان لوک گۆدار:
- گۆدار یەکەم دەرهێنەر بووە کە بایەخدانێکی جیهانی بۆ بەکارهێنانی تەکنیکەکانی گۆشەگیری و نامۆیی هەبووە و بە شێوەیەکی وشیارانە و جددی لە زۆربەی ئیشەکانیدا بەکاری هێناون.
- گۆدار ڕاستەوخۆ کاریگەر بووە بە تیۆری نامۆبوونی برێشت کە لە سینەمادا گۆڕانکاری تێدا کردووە.
- کاریگەریی گۆدار بەسەر فیلمسازەکانی دیکەوە، لە زۆربەی وڵاتاکاندا دیار بووە، بە تایبەت لە پەیوەندی بە تیۆری نامۆبوونەوە.
بەداخەوە، ئێمە تەنیا دەتوانین پوختەیەکی ئەم بابەتە باس بکەین، بەهۆی قەبارەکەی و ئەو کاتەی کە بۆمان دانراوە. فیلمەکانی گۆدار تایبەتمەندیی زۆر لەخۆ دەگرن و دەرخەری ئەوەن کە گۆدار و ئەو شێوازەشی کە بەکاری هێناوە، لەژێر کاریگەریی برێشتدا بوون. ئەمەش لە زۆربەی گۆڤار و وتارەکاندا کە لەسەر گۆدار نووسراون، تەنیا وەک زانیارییەک باسی لێوە کراوە، لێ ئەوەی کە هەیە زۆر کەمە یان هەر هیچ بابەتێک نییە لەسەر ئەم پرسە. بۆ نموونە چەند باسێکی کورت هەن کە لە پەیوەندیی نێوان گۆدار و بریشت ورد دەبنەوە: وەک لە گۆڤاری هونەری درامی فیلمی ئالان کاستی و لە کتێبەکەی ژان کۆلێت لەسەر گۆدار و لە بڵاوکراوەیەکی نوێیدا (تیشک خستنە سەر فیلم و شانۆ) کە لە لایەن جەیمس هارتەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، دەی بینین. جاکویس بۆنتێمپس لە وتارێکیدا لەسەر فیلمی la chinoiseی گۆدار، برێشتی بە باوکی ڕۆحی گۆدار داناوە، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم سەرنجە لە فیلمی (دوو یان سێ شت دەزانم دەربارەی ئەو) ڕەنگی داوەتەوە و ئاماژە بە “باوکی برێشت” دەکات.
گۆدار، لە خستنەڕووی پەیوەندی خۆی بە برێشت، هیچ شتێکی نەشاردۆتەوە. ئەو بە شێوازەکەی خۆی لە زۆر بارودۆخدا و زیاتر لە فیلمەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە. هەروەک لە دیمەنێکدا لە فیلمی la Chinoise ناوی نووسەر و شانۆنامەنووس و فەیلەسوفەکانی وەک ڤۆڵتێر، دۆماس، گۆتێ، لابیچ، ڕاسین و کلیستی لەسەر تەختەڕەشێک نیشان داوە، یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی فیلمەکە ویلیامە (ژان پیرێ لۆد ڕۆڵەکەی دەگێڕێت) ناوەکان یەک لە دوای یەک دەسڕێتەوە؛ لە کۆتاییدا تەنیا ناوی برێشت دەمێنێتەوە. لە فیلمی the contemptدا کە فیرتز لانگی دەرهینەری تێدایە و خۆی ڕۆڵی لانگی گێڕاوە. فیرتز لانگ شیعرە بەناوبانگەکەی برێشت «هۆڵیود» دەخوێنێتەوە، کە ئەو کاتەی برێشت لە تاراوگەی ئەمریکا بووە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووەم نووسیویەتی. هەروەها برێشت باس لە ٣٩ خاڵی مانیفێستێکی گۆدار دەکات کە لە ساڵی ١٩٧٠دا نووسراوە و پێی دەڵێت “چی بکرێت؟”
گۆدار هاوشێوەی برێشت، ڕەخنەگرێکی مۆڕالیستە و تا ڕادەیەکیش چالاکوانێکی سیاسییە. لە فیلمەکانیدا زۆر جار هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەی سەرمایەداری و بە ئاشکرا تێوەگلانی سیاسیی خۆی ڕادەگەیەنێت. یەکەمین کاری breathlessــە لە ساڵی ١٩٥٩ سەرقاڵی شۆڕشی ئانارشیستی تاکی دابڕاو بووە. هەر لەو کاتەوە، ئاوڕی لە بیروبۆچونی مارکسیستی داوەتەوە، ئەمەش بە تەواوەتی لە ڕەوشی فیلمەکانیدا لە کۆتایی شەستەکاندا، دەردەکەوێت. دۆزینەوەی ئەم ئاوڕدانەوە لێکچووانە لە برێشتدا قورس نییە، برێشتیش فیگەرێکی ئانارشیستی لە یەکەم شانۆیدا بە ناوی Baal لە ١٩١٨ کێشاوە و ئەویش دواتر لە پیشەکەیدا زۆر سیاسی دەبێت، هەروەها گۆشەنیگایەکی مارکسیستی لە ١٩٣٠کاندا وەردەگرێت.
بەراوردکردنی ستایلە تایبەتەکانی گۆدار و برێشت دیسان چەند لێکچوونێکی سەرنجڕاکێش دەردەخەن. برێشت بە شێوەیەکی نانەریتی لە شانۆ کۆنەکان نزیک دەبێتەوە و واز لە زۆربەی خەسڵەتەکانی شانۆی کۆن دەهێنێت و خەسڵەتی نوێ سەرپێ دەخات. یەکێک لە داهێنانەکانی، ئاوێتەکردنی ئامرازە پوختە شانۆییەکانی دەربڕین بوو لەگەڵ ڕەگەزی میدیاکانی دیکەدا؛ ئەو سلاید، وێنەی کێشراو، ڕۆژنامە و تەنانەت فیلمیشی بەکار دەهێنا. لە جێیەکدا دەنووسێت: «فیلم شانۆ دەکات بە جێخەوی خۆی!» سەرەڕای ئەوەش، ستایلی فیلمی گۆدار دیاری دەکرێت بە کارکردن لەسەر ئەو هونەرانەی کە دەکەونە دەرەوەی فەزای فیلم، وەک: نیگارکێشان، وێژە، شانۆ…هتد. بوونی ئەو هونەرانەش لە فیلمەکانی گۆداردا زۆر ڕوونە، کە زۆر کەس بە ستایلەکەی دەڵێن مۆزایک یان لەتکاری (کالاژ).
گرنگترین پەیوەندی لە نێوان گۆدار و برێشتدا؛ بەکارهێنانی تەکنیک و دروشمەکانی نامۆبوونە. هەرچەندە دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت کە ئەو پشتبەستنەی گۆدار بە برێشت کە یەکێکە لە هونەرمەندە داهێنەر و تازەگەر و سەربەخۆکان بە بیرۆکە داهێنەرانەکانییەوە، هیچ گومانێک نییە لەوەی کە بەتەواوەتی لاسایی کردبێتەوە. ئەم وتوێژانەی خوارەوەش دەربارەی تەکنیکەکەکانی گۆشەگیرییە لە فیلمەکانی گۆداردا، تەنیا وەک نموونەیەکی ئاشکرا باسی لێوە کراوە. لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ لەسەر ئەم پرسە بوونی نییە بەهۆی بوونی پانتاییەکی بەرتەسکی ئەم بابەتەوە.
یەکێک لە دروشمە بەهێزەکانی نامۆیی کە گۆدار بەکاری هێناوە بریتییە لە لاوازبوونی بەردەوامی پێکهاتەی شانۆیی بە گەشەسەندنە باوەکانییەوە: شیکردنەوە، ترۆپکی سێکسی، بەتاڵکردنەوەی دەروون. ڕێکخستنی ئیشێکی دراماتیکی دەربارەی پێکهاتەی گیڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆی وەها، حەز دەکات سۆزێکی پتر و ئارەزووی ناسینەوەی زیاتر لە بینەردا بەرهەم بهێنێت. گۆدار بە پێچەوانەوە، پێکهاتەیەکی ڕەها و پچڕپچڕ بەکار دەهێنێت کە بەردەوامبوونێکی دراماتیکی زۆر کەمی تێدایە و ڕووداوە سەربەخۆکان لەگەڵ پانتاییەکی دیاریکراو و هاوتەریبدا ڕێک دەخرێن. ئەمە لە زۆربەی فیلمەکانیدا دەبینرێت، وەک: the carabiniers, pierrot le fou, masculine-feminine, weekend و one plus one. ناکرێت گرنگی بەوە نەدەین، کە ئارەزوو بۆ پێکهاتەیەکی دراماتیکی کەمتر ئاڵۆز لە هەموو فیلمە نوێیەکانی گۆداردا پەرەی سەندووە و گەیشتۆتە ترۆپک لە تەواوی چیرۆکە لێکترازاوەکاندا لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٠کان. بێگومان ئەم پێکهاتە دراماتیکییە ئازادە، هەندێک کاریگەری نامۆبوون لەسەر بینەر دروست دەکات، کە ناتوانێت بە ئاسانی لەکاتی ڕۆڵگێڕان لەسەر شاشەکە بیناسێتەوە.
پێشتر لە ڕێگەی چەند تەکنیکێکی وچانی جۆراوجۆرەوە، ڕۆڵە لاواز و درێژدادڕە دراماتیکییەکان پوکێنراونەتەوە. بۆ نموونە لە فیلمی les carabiniers گێڕانەوەکە بە بەردەوامی دەبڕدرێت بەهۆی وێنەگرتنە زیادکراوەکان و تێکستی دەستنووسەوە. ئەم وێنە زیادکراوانە نەک تەنیا ڕۆڵگێڕانەکە بۆ ماوەیەک دوا دەخەن، بەڵکو لێدوانێکی نووسەرانەش دەدەن. سەرنجی بینەر بەرەو هەموو کێشەکانی جەنگ دەبەن. کەسێک تۆزێک دەخوێنێتەوە: «ئێمە لە ئیتاڵیا نیشتەجێبووین و بە بەردەوامی سەیری هەزاران شوێنەوارمان دەکرد کە لە ڕێگاکەدا بوون.» یەکێکی تریش دەڵێت: «پێش جەنگەکە سەربازەکان چییان دەکرد؟ پێش جەنگەکە سەربازەکان ترسێنرابوون.» لە فیلمی pierrot le fouدا وێنە زیادکراوە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەکی سیمبولی بەرەوپێشچوونە دراماتیکییەکان دەپچڕێنن. کەوایە دوو پیتە گەورەکەی “SS” کە نیشان دراوە، هەر زوو دەگۆڕێت بۆ ناوی وێستگەیەکی بەنزین “ESSO” دوای ئەوەی کە کامێراکە دەگەڕێتەوە. لە فیلمی masculine-feminine گۆدار ناونیشانە زیادکراوەکان و گۆرانی و جۆرەکانی تری وچان بەکار دەهێنێت. فیلمی weekend چەند جارێک بەهۆی ناونیشانەکانەوە دەبڕدرێت.
جۆرێکی تایبەتی وچان، تەکنیکێکە کە من پێی دەڵێم «بیرهێنانەوەی ناوەندەکە». بۆ ئەوەی بینەر جیا ببێتەوە لە چیرۆکەکە، دەبێت فیلمساز سەرنج بخاتە سەر جۆری ئەو خەیاڵەی لەناو ڕووداوە پێشبینیکراوەکاندا دروست دەبن، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە بینەر دەڵێت کە ئەو خەریکە سەیری فیلمێک دەکات. گۆدار بە گشتی «بیرهێنانەوەی ناوەندەکە»ــی لە زۆربەی فیلمەکانیدا بەکار هێناوە. بۆ نموونە لە سەرەتای فیلمی la chinoiseدا کەمێک بینەر هۆشیار دەکرێتەوە: «خەریکە فیلمێک بەرهەم دەهێنرێت»، لە دیمەنەکانی تر کلیپەربۆردێک نیشان دەدرێت کە جارێکی تر بیری بینەر دەخاتەوە کە لە سینەما دانیشتووە. لە فیلمی one plus one هەندێک شت وەک بەدواداکەوتنێکی درامی دەردەکەون، بەهۆی نیشاندانی باکستەیجی وێنەگرتنەکە لەسەر شوێنەکە، جیا دەکرێتەوە: بەرزکەرەوەی کامێراکە نیشان دراوە، کچەکە دەکەوێت و کەسێک کە سەر بە گرووپێکە، بۆیاخێکی سوور دەڕێژێت بەسەر کچەکەدا. ئێمە هیچ گومانێکمانێکمان لەوە نییە کە سەیری فیلمێکمان کردووە. لە فیلمی Weekend دوو کەسایەتییە سەرەکییەکەی فیلمەکە کۆمەڵێک کەس دەبینن- دوای ئەوەی پرسیاری ئەوەیان لێ دەکرێت کە ئەوان خەڵی کوێن، وەڵام دەدەنەوە: “ئێمە ئەکتەرە ئیتاڵییەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەشین” بە هەمان شێوە لە فیلمی pierrot le fou چەند کەسێک لە فیلەکەدا لە ڕۆڵگێڕان دەوەستن و بەرەو کامێراکە ئاوڕ دەدەنەوە، وەک ئەکتەری زیادە خۆیان بە بینەر دەناسێنن لە فیلمەکەدا. ئەم تەکنیکە لێکچووانە لە زۆربەی فیلمەکانی گۆداردا بەکارهاتووە، وەک: made in USA, two or three things… و wind from the east. لە فیلمی two or three things گۆدار بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەکتەری فیلم و ئەو کارەکتەرەی خۆی نیشانی داوە؛ دوو کەسی جیاوازن. لە کاتی کرانەوەی یەکەم دیمەنی ئەم فیلمەدا، دەرهێنەر خۆی لەگەڵ وێنەگرتنی مارینا ڤلادی قسە دەکات: “ئەمە مارینا ڤلادییە، ئەکتەرە.” دیسان وەسفێکی تری مارینا ڤلادی دەکات و دواتر لەگەڵ وێنەگرتنی هەمان کەسدا دەڵێت:”ئەمە ژولیتا جانسۆنە، لێرە ئەژی” وەسفی دووەمی کەسایەتی فیلمەکە کە دواتر دەکرێت، لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی یەکەم وەسفە.
نمونەی هەموو ناوەکان و ئازادیی بەردەوام لە پێکهاتە درامییەکە، وچانەکان و بیرهێنانەوەی ناوەندەکە هەموو ئەمانە برێشت بەکاری هێناوە لە شانۆکانیدا بە مەبەستی گۆشەگیری و نامۆیی. کۆتا نموونە: جیابونەوەی ئەکتەر لە ڕۆڵەکەی خۆی، بەشێک بووە لە بەردی بناغەی تیۆری نامۆبوونی برێشت کە تا ڕادەیەک بە دوورودرێژی لە نووسینە تیۆرییەکانیدا قسەی لەسەر کردووە وەک کتێبە بەناوبانگەکەی «بنەما بچووکەکانی شانۆ»
تەکنیکێکی دیکە کە گۆدار بەکاری دەهێنێت و کاریگەرییەکی بەهێزی «دژە-ئاوێتەبوونی»* هەیە، بریتییە لەوەی پێی دەوترێت وەرگیراوەکان. هەندێکیان بە جۆرێک لە وچان دیاری دەکرێن، ئەوانی تریش کەم تا زۆر ئاوێتەبوون لەگەڵ خودی گێڕانەوەکەدا. لە زۆر حاڵەتدا، پەیوەندییەک لەگەڵ توخمەکانی دەرەوەی فیلمەکە دروست دەکات، بە زۆری مەبەست لێی، بیرکەوتنەوەیە. فۆڕم و تایبەتمەندییەکانیان جۆراوجۆرە: وێنەی کێشراو، تابلۆ، گێڕانەوەی ئەدەبی، ناونیشان، بڕگەی کورتە فیلمەکانن هتد. لە یەکەم بینینیاندا، زۆر جار وەک توخمە پێکەوەنەبەستراوەکان دەردەکەون، کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لایەن نووسەرەوە دانراون، بۆ ئەوەی بەردەوامی چیرۆکەکە بپچڕێنن. هەرچەندە دوای ماوەیەک پەیوەندییەکی گرنگ بە بابەتی فیلمەکەوە ڕۆنراوە. بینەر ڕووبەڕووی وێنە کورتەکان و ئەو ڕووناکی و دەنگانە بووەتەوە کە دابڕێنراوە لە پڕۆسەی ناسینەوەکەی، هەروەها هان دەدرێت بەرەو تێفکرینێکی عەقڵی بۆ دۆزینەوەی مەتەڵە بچووکەکانی نێو فیلمەکە.
لە ئیشەکانی گۆداردا، چەند نموونەیەک هەن دەربارەی ئەم تەکنیکی «گێڕانەوە»یە. لێرەدا باسی چەند دانەیەکی کەمیان دەکەین: سێڵف پۆرترەیتی ڕێمبراندت لە فیلمی les carabiniers لەگەڵ وتەکەی مایکڵ ئەنجلۆدا هاتووە: «سەربازەکە سڵاو لە هونەرمەندەکە دەکات.» کتیبی زنجیرە کارتۆنەکان کە بێلمۆندۆ هەڵی گرتووە لە فیلمی pierrot le fouدا. گۆڤارە بڵاوکراوەکان لە فیلمی les carbiniers کە وادیارە لەگەڵ وێنە سینەماتۆگرافییەکەدا تێکەڵ دەکرێن. گۆڤاری ئیلێ لە فیلمی two or three thingsدا. وێنە نێگەتیڤەکان لە فیلمی Alphavilleدا ئاماژەیەکن بۆ فیلمی ئێکسپرێشنیستی ئەڵمانیا. وتەکەی لویس لومێخ «سینەما داهێنانێکە بەبێ داهاتوو.» لە هۆڵی سینەماکەدا دانراوە لە فیلمی the contemptدا. لێکچوونە زەقەکان لە نێوان پێکهاتەی تابلۆیەکی پیکاسۆ و وێنەی فیلمێک، لە فیلمی pierrot le fouدا کە هەمان تابلۆی پیکاسۆی تێدایە، دەرکەوتنی کەسە مردوو یان خەیاڵییە بەناوبانگەکانی وەک saint just, joseph balsam, tom thump ڕووبەڕووکراونەتەوە لەگەڵ کارەکتەرەکانی فیلمەکەدا. هەموو ئەو نموونانەش نامۆیی دروست دەکەن.
زۆر جار تێبینی ئەوە دەکرێت کە زۆربەی فیلمەکانی گۆدار تا ڕادەیەک سادە و ساکارن. لە ڕاستیشدا، ئارەزوو بۆ سادەکردنەوەی وێنە و گۆڕینی دەنگ لە فیلمەکانی گۆداردا دەبینرێت، ئەم شێوازەش لە نیوەی کۆتایی ١٩٦٠کاندا زۆر دەرکەوت. نموونەیەکی ئاشکرای ئەم «تەکنیکی کەمکردنەوەیە» لە فیلمی la chinoiseدا کە تێیدا پلەی ڕەنگ کەم دەکرێتەوە بۆ چەند ڕەنگێکی بنچینەی، زیاتر بۆ ڕەنگی سوور، سپی و شین، هەروەها پێکهاتە بینراوەکانی وێنەکە لە فیلمەکەدا وەک ئەو سروشتە وایە کە دوو کەشووهەوای جیاواز دروست دەکات. پێدەچێت نووسەر بە مەبەست ئەم تەکنیکەی بەکار هێنابێت، کە وا دەردەکەوێت بە پێچەوانەی زۆربەی فیلمسازەکانەوە دەڕوات لە هەر سەردەمێکی ناو مێژووی سینەمادا. ئەو حەز لە وێنە جووڵاوەکان دەکات بە درێژی تەوەرەی ڕاست و چەپ، وا لە ئەکتەرەکان دەکات لە ڕاستەوە بۆ چەپ لەسەر ستەیجێکی تا ڕادەیەک تەخت بچنە ژوورەوە و بێنە دەرەوە. ڕێک وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی ئەوەی کردووە.
لە فیلمەکانی دیکەدا، حەزێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی وردەکارییە سروشتگەراییەکان لە وێنەی فۆتۆگرافیدا. بۆ نموونە، هەروەک لە فیلمی les carabiniersدا سەراپای باکگراوندەکە، لە زۆربەی دیمەنەکاندا سەرنجڕاکێش نییە و ڕەساسییە، بگرە هەندێک جاریش ناشرینە. لە ڕاستیدا هیچ دیمەنێکی خۆر نییە و هەموو دیمەنەکان بە زۆری لە زستان و سەرەتای بەهاردا وێنەیان گیراوە تاکوو درەختەکان بێگەڵا دەربکەون. لە فیلمی made in USAدا زۆر جار خەڵک لە بەرانبەر باکگراوندێکی ناشریندا وێنەیان گیراوە وەک: ئاسنی ژەنگاوی پەرشوبڵاو. کاتێک فیلمی les carabiniers بەرهەمهێنرا خودی بابەتی فیلمەکە بە تایبەتی هەڵبژێردرابوو و ئامادە کرابوو (کۆنتراستێکی بەرز، فریودەر) هەتاکوو وێنەکە کۆنتراستێکی بەرزی هەبێت و لە ئەنجامدا کەمکردنەوەیەک لە ڕێژەی زۆری سێبەرەکەدا هەبێت. لە هەندێک بارودۆخدا، گۆدار وێنە ڕووشاوەکان بەکار دەهێنێت (scratched emulsion) وەک لە فیلمی wind from the east.
ئەم ئارەزووە بۆ سادەیی و کەمکردنەوە ڕوون و ئاشکرایە نەک تەنیا لە پێکهاتەی وێنەکە و کوالێتیی تەکنیکەکەیدا، بەڵکو لە جووڵەی کامێراکانیشدا نوێنراوەتەوە. دوو نموونەی تایبەت هەردووکیان لە فیلمی weekendدایە، دە خولەک وێنەکە لە دیمەنی ترافیکێکدا دەڕوات و ٩٠٠ پلە وێنە جووڵاوەکان هێواش دەکرێنەوە لە زۆربەی دیمەنە وەستاوەکاندا، کە لە سیناریۆدا پێی دەگوترێ “کردەی مۆسیقی”. دیالۆگ و دەنگ، زۆر جار بەندن بە هەمان لێکدانەوەی کەمکردنەوە. دەنگی تۆمارکراوی ڕیچارد پۆ لە فیلمی made in USA زۆر بەرز و ناخۆش و گڕە. هەندێکجار دەنگ و هەراکانی دەرەوە، ئاستی قسەکردنی ناو دیالۆگەکەی کەم کردۆتەوە. ئەو تەکنیک و ئامێرانە بە گشتی توانای فەزای فیلم کەم دەکەنەوە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سروشتی ڕیالیستی، هەر بۆیە ڕێژەی خەیاڵی پڕوپووچیش لە بینەردا کەم دەکەنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، بینەر ناڕەزایەتی دژ بە دیمەنی فیلمەکە نیشانداوە. هەندێک لە تەکنیکەکانی کەمکردنەوە شوێنپێیان دەگەڕێتەوە بۆ تیۆری دابڕانی برێشت. شانۆنامەنووسی ئەڵمانی بیرۆکەی لاساییکردنەوەی سەدەی ١٩ی ڕەت کردۆتەوە، کە پڕکراوە لە کەلوپەلی ڕیالیستی و جلوبەرگە خۆماڵییەکان. لە جیاتی ئەوە، ئەو دەربڕینە سادەکراو و سیمبولییەکانی بەکار هێناوە.
ئودێ
شێوازی دابڕانەکانی دیکە کە لە لایەن گۆدارەوە بەکار هاتوون، هەندێکیان لە کارەکانی برێشتیشدا دەبینرێن، وەک ئەو دیمەنانەی کە هونەرەکانی سەما، گۆرانی، شیعر و دیالۆگە دووبارەکان، نواندن لەناو نواندندا هتد لەخۆ دەگرن. بەو جۆرەی کە ئێمە لە فیلمەکانی pierrot le fou, la chinoise و فیلمەکانی دیکەدا دەیبینین.
کاریگەریی دراماتیکی دیمەنەکان کاریان کردۆتە سەر دڵەڕاوکێ و جۆش و خرۆشی بینەر یان بە پێچەوانەوە، خواستی کاردانەوە سۆزدارییەکان کەمکراوەتەوە بەهۆی چەند مەبەستێکی جیاوازەوە. بۆیە، بۆ نموونە ئەو خوێنەی کە لەسەر شاشەکەیە تا ڕادەیەک لە ڕاستی ناچێت، جەستەکان بە شێوەیەکی جیاواز دانراون، ساتە درامییەکان لابردراون یان گۆڕدراون بۆ ڕۆڵگێڕانێکی سیمبۆلی، جۆش و خرۆشەکان بە شێوەیەکی ناواقعی گەورەکراون هتد. ئەو تەکنیکانەش کاریگەریی درامی هەندێک لە ڕووداوەکانیان کەم کردۆتەوە لەسەر بینەر، هەروەها کاریگەریی تیۆری نامۆییان پێ بەخشیوە. کە لێرەدا پەیوەندییان بە بۆچوونی برێشتەوە دەرکەوتووە (بوێرییە بێدەنگەکان).
کاردانەوەی بینەر بۆ فیلمە نامۆکان، نەک هەر تەنیا فیلمەکانی گۆدار بەڵکو دەرهێنەرەکانی تریش-بە هەمان شێوەی بۆچوونی بینەری شانۆ بووە پێش جەنگی جیهانی دووەم. هەموو کەسێک نایەوێت پچڕانی خەیاڵی سینەماتۆگرافی و پچڕانی «خەونە زیوییەکەی» قبوڵ بکات. بینەری شانۆ پێشتر زۆر بە تەکنیکی گۆشەگیری ڕاهاتبوو، بە تایبەت لەبەر ئەوەی بە گشتی هێزی خەیاڵ لەنیو شانۆدا کەمترە. لەبەر بەرکەوتنە لەمێژینەکەی بە نامۆبوون و نەریتی نامۆبوونەوە. لە کۆتاییشدا لەبەر ئەوەی شانۆ سەرنجی بینەرە تایبەتەکان ڕادەکێشێت. هەرچەندە فیلم زیاتر ناوەندێکی جەماوەرییە وەک لەوەی ستەیجێک بێت. سەرباری ئەوەش گۆشەگیری لە سینەمادا پێشکەوتنێکی دیاری بە خۆیەوە دیوە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. نیشانەی زیاتر و زیاتر هەن بۆ پێشنیارکردنی ئەوەی تەکنیکەکانی نامۆبوون بە پێوەرێکی فراوان ڕاڤەکراون- تەنانەت لە فیلمە جەماوەرییەکاندا، سینەمای فکری و ئاڤانگارد پێشتر بوونی «فیلمی نامۆبوونیان» قبوڵ کردووە وەک ڕاستییەکی تەواو.