موحسین حەکیمی
وەرگێڕان: ڕۆژان سدیق
ئەنتۆنیۆ گرامشی، بیرمەندی شۆڕشگێڕ و یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئیتاڵیا، لە تشرینی دووەمی ١٩٢٦ دەستگیر کرا و خرایە زیندان. ١٨ مانگ دوای ئەم ڕێکەوتە، گرامشی لەگەڵ ٣٢ هاوڕێیدا لە “دادگای تایبەتی موسۆلینی بۆ بەرگری لە دەوڵەت” بە تۆمەتی [کارکردن دژی ئاسایشی وڵات، هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، ورووژاندنی کینەی چینایەتی] دادگایی کرا و سزای ٢٠ ساڵ و ٤ مانگ و ٥ ڕۆژ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. ئەو دادوەرەی کە بڕیارەکەی دەرکرد، هۆکاری دەرکردنی ئەم سزا قورسەی بە “ڕێگریکردن لە چالاکیی ئەم مێشکە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ” باس کردبوو..
بێگومان تەنیا چالاکیی فیکریی گرامشی نەبوو کە ڕژێمی فاشیستی موسۆلینی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردبوو، بەڵکە ئەو لە ڕووی کرداریشەوە کاری بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری دژی سەرمایەداری دەکرد، هەر ئەمەش بوو کە لە پاڵ داهێنان و نوێگەرییە فیکرییەکانی، گرامشی کردبووە کەسێکی مەترسیدار بۆ سیستەمی سەرمایەداری، کە دەبوو نەک تەنیا ڕێگری لە چالاکییەکانی بکرێت، بەڵکو بە تەواویش لەناو ببرێت.
کاتێک گرامشی لە ساڵی ١٩٣٧، دوای ١١ ساڵ لە زیندان، بەهۆی نەخۆشییەوە ئازاد کرا، تەنیا ٥ ڕۆژ زیاتر نەژیا و بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد. لە ڕاستیدا موسۆلینی دەیزانی گرامشی زۆر ناژی، هەر بۆیەش لە زیندان ئازادی کرد بۆ ئەوەی لە دەرەوەی زیندان بمرێت، بەم شێوەیەش خۆی لە تۆمەتی کوشتنی بێبەری بکات، بەڵام هەموو ئازادیخوازانی جیهان، موسۆلینی و بە گشتی سەرمایەداریی فاشیستی ئیتاڵیا بە بەرپرسی مردنی گرامشی دەزانن. موسۆلینی ئەو کارەی کە بڕیار بوو لە ٢٠ ساڵدا ئەنجام بدرێت، لە ١١ ساڵدا ئەنجامی دا، ئەم جۆرە ڕیکۆردە تا ئەو کاتە بێوێنە بوو…
گرامشی خۆی لەو ساڵانەی سەرەتای زیندانیدا، لە وردەکاری و تەکنیکی ڕژێمی موسۆلینی بۆ ئەشکەنجەدان و کوشتنی وردە وردەی نەیارەکانی تێگەیشتبوو. لە نامەیەکدا لە کانوونی دووەمی ١٩٣٢ کە لە زیندانەوە بۆ تاتیانا، خوشکی هاوسەرەکەی، نووسیوە، موسۆلینی بە ژووپیتەر-خودای خوداکان، بەراورد دەکات و دەڵێت: تەکنیکی موسۆلینی بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی لە تەکنیکی ژووپیتەر پێشکەوتووترە، چونکە هەوڵ دەدات نەیارەکانی نەک بە پڕۆمیسیەسی کارەساتبار (تراژیک)، بەڵکو بە گالیڤەری گاڵتەجاڕ بگۆڕێت.
ئەو دەنووسێت: لێرە لە زینداندا، کاتێک کۆمەڵێک شتی بێبایەخ و بچووک مێشکت سەرقاڵ دەکەن و بە بەردەوامی دەمارەکانت دەخەنە ژێر فشارەوە، تووشی شێواویی بچووکیی (مایکرۆمانیا) دەبیت. لە لایەکی دیکەوە، دەزانیت چی ڕوو دەدات، پڕۆمیسیەس کە دژی هەموو خوداوەندەکانی ئۆڵۆمپ خەباتی دەکرد، بۆ ئێمە تایتانێکی کارەساتبارە؛ بەڵام گالیڤەری دیلی لیلیپوتەکان مایەی گاڵتەجاڕیمانە. پڕۆمیسیەسش دەبووە مایەی گاڵتەجاڕیمان ئەگەر لە جیاتی ئەوەی ڕۆژانە هەڵۆ جگەری بخوات، مێروولە گەزەی لێ بگرتایە. ژووپیتەر لە سەردەمی خۆیدا زۆر ژیر نەبوو؛ لەو کاتەدا تەکنیکی ڕزگاربوون لە دەستی نەیاران هێشتا ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو.
گرامشی تەنانەت پێش ساڵی ١٩٣٢ گەیشتبووە ئەم تێگەیشتنە لە شێوازی سەرکوتی ڕژێمی سەرمایەداریی فاشیستی ئیتاڵیا. ئەو لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٩ لە نامەیەکدا کە لە زیندانەوە بۆ کارلۆی برا گەورەی نووسیوە، بە هەمان ناوەڕۆکەوە دەڵێت: “لێرە، تەنانەت ناتوانیت لە نێوان یەک ڕۆژ ژیان وەک شێر و سەد ساڵ ژیان وەک مەڕ، یەکێکیان هەڵبژێریت. تەنانەت یەک خولەکیش ناتوانیت وەک شێر بژیت؛ سادەتر بڵێین، ساڵانێک وەک شتێکی زۆر نزمتر لە مەڕ دەژیت و خۆت دەزانیت کە ناچاریت بەو شێوەیە بژیت. پڕۆمیسیەسێک وێنا بکە کە لە جیاتی ئەوەی هەڵۆ هێرشی بکاتە سەر، لە گەمارۆی مێروولە و مشەخۆرەکاندایە.”
تەکنیکی فاشیزمی ئیتاڵیا لە ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی نەیارانی، لە لاوازکردنی توانای جەستەیی گرامشی سەرکەوتوو بوو. ئەو کە لە منداڵییەوە بە جۆرێک لە ناتەواویی بڕبڕەی پشتەوە دەیناڵاند، لە ماوەی ئەو ساڵانەی سەرەتای زیندانیدا، تووشی نەخۆشی بوو و وردە وردە توانای جەستەیی لەدەست دا.
لە نامەیەکدا بۆ خوشکی هاوسەرەکەی لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٣١ دەنووسێت: “ئەمڕۆ کە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، بە تەواوی پێنجەمین ساڵڕۆژی زیندانیکردنمە. پێنج ساڵ لە تەمەنی مرۆڤ ماوەیەکی کەم نییە، بە تایبەتی ئەگەر بەشێک بێت لە بەرهەمدارترین و گرنگترین ساڵانی ژیانی ئەو کەسە. وا دیارە ئەوەی لەم ماوەیەدا لەدەستم داوە، لەگەڵ قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی جەستەییمدا دەگونجێت کە بریتییە لە نەخۆشییەکەم لە زینداندا. ئەو نەخۆشییەی کە سێ مانگە سەری هەڵداوە و بە ڕوونی سەرەتای قۆناغێکە کە ژیانم لە زینداندا تێیدا سەختتر دەبێت، ئەو بارودۆخە سەختانەی کە هەمیشە و وردە وردە توانای جەستەییم کەم دەکەنەوە.”
بەم شێوەیە بوو، نەخۆشی و ژیان لە بارودۆخی سەختی زینداندا وردە وردە گرامشی ماندوو دەکرد، بە جۆرێک کە ٤ ساڵ دواتر لە نامەیەکدا بۆ هاوسەرەکەی نووسی: “بە ڕوونی دیارە کە زۆر لاواز بووم و پێدەچێ چیتر نەتوانم تواناکەی پێشووم بەدەست بهێنمەوە.”
بەمەش موسۆلینی سەرکەوتوو بوو لە لەناوبردنی جەستەی گرامشی. بەڵام نەیتوانی چالاکیی فیکری گرامشی تێک بدات و نەیتوانی ڕۆحییەتی بەرگریکار و خەباتگێڕانەی بشکێنێت. گرامشی لە ماوەی سزای زیندانیکردنیدا، بە قسەی خۆی “چوار دیواری زیندانی بە مەتەرێزی بیرکردنەوە کون کرد”، هەمیشە لە ڕووی زهنییەوە چالاک بوو و زۆربەی بۆچوونە نوێ و داهێنراوەکانی، کە دواتر لە بەرهەمە گەورەکەیدا بە ناوی ” یادداشتەکانی زیندان” بڵاو کرانەوە، لەم ماوەیەدا داڕشت و نووسییەوە.
بەڵام ئەوەی لەم یادداشتە کورتەدا مەبەستمانە، ئاماژەدانە بە “نامەکانی زیندان”ی گرامشی و ڕەفتاری ئەو لە زینداندا. ئەو لە نامەیەکدا بۆ هاوسەرەکەی لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٣٣ دەنووسێت: “تەنانەت ئەگەر ئایندەیەکی ڕوونیش لە پێش نەبێت، نابێت لە جووڵە بوەستیت. من زۆر ساتەوەختی سەخت و دژوارم تێپەڕاند، چەندان جار تووشی لاوازیی توندی جەستەیی بووم، بەڵام هەرگیز تەنانەت بیریشم لەوە نەکردبووەوە کە ئەم ساتەوەختە سەختانە و لاوازییە جەستەییەکان بەسەرمدا زاڵ بن. هەمیشە ڕووبەڕوویان بوومەتەوە و پێموایە لەمەودواش وەک هەمیشە ڕووبەڕوویان دەبمەوە، لە دۆخێکدا دەزانم کە دەرفەتی پێویستم لە بەردەستدا نییە. کاتێک درک بەوە دەکەم کە ساتەوەختی سەختم لە پێشە یان لە ڕووی جەستەییەوە لاوازم و کێشەی گەورەم بۆ دێتە پێش، هەست دەکەم کە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە لە مندا زیاتر دەبێت، بەم شێوەیەش کە بارودۆخ و کێشەکان سەختتر دەبن، هێزی من بۆ خەباتکردن لەگەڵیاندا بەهێزتر دەبێت.”
لە “یاداشتەکانی زیندان”ی گرامشیدا دەتوانرێت نموونەی زۆری لەم جۆرە دەربارەی ڕۆحییەتی خەباتگێڕانەی نیشان بدرێت. بەڵام ئەم ڕۆحییەتە دوو تایبەتمەندی دیاری هەیە کە لە ڕۆحییەتی زۆربەی خەباتگێڕان و چالاکوانانی سیاسی جیای دەکاتەوە. تایبەتمەندی یەکەم، واقیعبینیی گرامشییە لە خەباتی سیاسیدا لە زیندان. ئەو لە نامەیەکدا بۆ خوشکی هاوسەرەکەی لە ١٩ی ئایاری ١٩٣٠ دەنووسێت: “واقعیبوونیی من بەو جۆرەیە کە دەزانم لە لێدانی سەرم بە دیواردا، سەرم دەشکێت نەک دیوارەکە.” دەبێت زۆر واقعبین بیت تا بتوانیت لەگەڵ باوەڕت بە خەبات دژی سەرمایە و دەوڵەتی فاشیستی، لەناوچوونی خۆیشت لەم خەباتەدا، بە مسۆگەر بزانیت.
بەڵام تایبەتمەندیی دووەمی ڕەفتاری بەرگریکاری گرامشی لە زیندان، کە پەیوەندییەکی دانەبڕاوی بە تایبەتمەندیی یەکەمەوە هەیە، مامەڵەی ئاسایی و ئارامییەتی لەگەڵ پرسی لەسێدارەدان. لە نامەیەکدا بۆ براکەی کارلۆ لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٩ دەنووسێت: “بارودۆخی ڕۆحیی من بە شێوەیەکە کە تەنانەت ئەگەر سزای مردنیشم بەسەردا بسەپێنرێت، هێشتا ئارام دەبم و ڕەنگە شەوی پێش سێدارەدانیش یەکێک لە وانەکانی زمانی چینی بخوێنمەوە!”
بۆ کۆتاییهێنان بە باسەکەمان دەربارەی ڕۆحییەتی گرامشی لە زیندانی موسۆلینی، باشتر وایە ”چیرۆکی چۆلەکەکان” لە زاری خۆیەوە ببیستین. ئەو لە نامەیەکدا بۆ تاتیانا لە ٨ی ئابی ١٩٢٧ چیرۆکەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:
“بۆت دەگێڕمەوە. باشە بزانیت کە لە ئێستادا یەک چۆلەکەم هەیە، چۆلەکەیەکی دیکەشم هەبوو بەڵام مرد. پێموایە مێروویەک گەستی [هەزارپێ یان شتێکی لەو جۆرە]. بەراورد بەو چۆلەکەیەی ئێستا زیندووە، زۆر خۆشەویستتر بوو. لێوڕێژ بوو لە غروور و ژیان، بەڵام ئەمەیان زۆر ئاساییە و ڕۆحییەتێکی کۆیلەئاسا و بێداهێنانی هەیە. یەکەمیان لە ماوەیەکی کورتدا خۆی کردە خاوەنی ژوورەکە. پێموایە ڕۆحییەتی ئەو لە بنەڕەتدا ”گۆتەییانە” بوو، کە شیکردنەوەکەی لە ژیاننامەی گۆتەدا خوێندمەوە. ئەم چۆلەکە لە بەرزاییەکانی ژوورەکە دەگیرسایەوە، پاشان بۆ ماوەی چەند خولەکێک چێژی لەو سەرکەوتنە وەردەگرت. ئەوەی وای لێ دەکردم زۆر ئەو چۆلەکەیەم خۆش بوێت، ئەوە بوو کە بە هیچ شێوەیەک حەزی نەدەکرد دەستی لێ بدرێت. ئەگەر دەستت لێ بدایە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە باڵ، کاردانەوەی دەنواند و بە توندی دەیکێشا بە دەستمدا. ئەو بە هێواشی مرد، جەڵتەیەکی کتوپڕ لە جەستەی دا. شەو، لە کاتێکدا لە ژێر مێزەکەدا مۆڵ درابوو، وەک منداڵێک قیژەیەکی کرد و ڕۆژی دواتر مرد. لای ڕاستی جەستەی ئیفلیج ببوو و بۆ خواردن و خواردنەوە بە شێوەیەکی ئازاربەخش بەسەر زەویدا دەخشا. بەڵام ئەم چۆلەکەیەی دووەم دۆخێکی ماڵیکراوی بێزارکەری هەیە؛ دەیەوێت تۆ خواردن بخەیتە دەمییەوە، هەرچەندە خۆی زۆر باش دەتوانێت بخوات. دێتە سەر پێڵاوەکان و لە نێوان لۆچی گۆرەوییەکەم دادەنیشێت. پێموایە ئەویش دەمرێت. چونکە خواردنی لە هەویر دروستکراو، نەخۆشیی کوشندە تووشی چۆلەکە دەکات، ئەویش ڕاهاتووە لەسەر خواردنی پاشماوە و بنکڕی سووتاوی خۆراکەکان. لە ئێستادا ساغ و سەلامەتە. بەڵام سۆز و حەزی ژیانی نییە”…
غروور، یاخی، لێوانلێو لە ژیان و خۆشەویستی، بەم شێوەیە بوو ڕەفتاری گرامشی لە زیندان…
سەرچاوە:
https://www.nashrebidar.com/gunagun/ketabha/garamashi%20antoniyo/solok%20garmashi.htm