نووسین: تزڤێتان تۆدۆرۆڤ
وەرگێڕان محەمەد نورەدین
هونەر لە سەردەمی ڕۆمانتیک بەراورد بە زانست، زیاتر لە هەموو سەردەمێکی دیکەی مێژوو متمانەی بەدەست هێنا و بە شێوازێکی باڵا ناسێندرا. وەک جێگرەوەیەک بۆ ئایین، بە باڵاترین هەوڵی مرۆڤ دادەنرێت کە بتوانێت خۆی بۆ تەرخان بکات. پۆڵ بێنیشو ئەم گۆڕانکارییەی لە ڕێبازەکەدا بە “پیرۆزکردنی نووسەر” ناوبردووە، کە دەکرێت گشتگیر بێت بۆ هونەرمەندان بە گشتی. یەکێک لە داکۆکیکارانی ڕۆمانتیزم ڕایگەیاند:” جوانی لە جەوهەری ڕەهای خۆیدا خودایە” هونەرمەندان وەک شارەزای جوانی، دڵسۆزترین خزمەتکاری جوانی و شاعیرانیش پەیامبەرەکانی بوون، لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕۆمانتیکەکان هونەر و شیعریان بە بەرزترین دەربڕینی جوانی دەزانی، مانای ئەوە نەبوو کە ئەوان بێباک بوون بەرانبەر کۆششەکانی دیکەی مرۆڤ. لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا بۆ فریدریش شیلەر[1] نووسەری کتێبی پەروەردەی جوانیناسیی مرۆڤ[2] (١٧٩٤) و شوێنکەوتەکانی، پەروەردەی جوانیناسی بووە پڕۆژەیەکی سیاسی: بارودۆخی مرۆڤیش تەنیا بە یەکگرتنی ئەم دوو کایەی هەوڵدان باشتر دەکرا.
یەکێک لە دەربڕینە کاریگەرەکانی ئەم ئایدیاڵە لە نووسینەکانی ڕیچارد ڤاگنەردایە[3]. ڤاگنەر بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایدیا شۆڕشگێڕییەکانی میخائیل باکونین[4]، بەشداری ڕاپەڕینی سیاسی لە شاری درێسدن (١٨٤٨-١٨٤٩) کرد. دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە بە ناچاری پەنای بۆ سویسرا برد، لەوێ لە ساڵی ١٨٤٩ دوو بابەتی بڵاوکردەوە کە گوزارشتیان لە ئایدیاکانی خۆی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هونەر و کۆمەڵگا دەکرد: هاوکات هونەر و شۆڕش[5] و بەرهەمی هونەری و داهاتوو.
ڤاگنەر کەڵکەڵەی جەوهەریی ڕەهای لە سەردا بوو، بەڵام لە شوێنە فەرمییەکاندا بەدوایدا نەدەگەڕا. لای ئەو هونەر بەرزترین بەرجەستەکردنی بەها ڕەهاکان بوو؛ “بەرهەمە هونەرییەکان، فۆڕمی مۆدێرنی ئایینن” لەسەر ئەم بنەمایە، ڤاگنەر داوای پەیوەندییەکی دوولایەنەی لە نێوان چالاکیی هونەری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا کرد. بۆ ئەوەی هونەر گەشە بکات، کۆمەڵگا دەبێت لەبارترین هەلومەرجی مومکین دابین بکات و بەو پێیەی ئەو جیهانەی کە ڤاگنەر تێیدا دەژیا – لە دەوڵەتانی ئەڵمانیای سەردەمی خۆی پێکهاتبوو – دوور بوو لە دابینکردنی ئەو جۆرە هەلومەرجانە، دەبوو بگۆڕێت و ئەم گۆڕانکارییەش لە ڕێگەی شۆڕشەوە بەدیهات. بەو پێیە، ڤاگنەر تەنیا تا ئەو شوێنە حەزی لە سیاسەت بوو کە یارمەتی گەشەسەندنی هونەری دابوو. شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی ئامانجێک نەبوو، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی هونەری – ئەو بناغەیەی کە بینایەکی نوێ لەسەری بنیات بنرێت.
بۆچی شەرەفێکی وا بە هونەرمەندان بەخشرا؟ ئا لێرەدایە بەشی دووەمی پەیوەندیی نێوان هونەر و کۆمەڵگا دێتە ئاراوە. ڤاگنەر ڕایدەگەیەنێت کە “هونەر دەربڕینی تەواوەتی کردەی مرۆڤە” هەر ئەمەش وای لێدەکات باشترینی بوونەوەران بێت، چونکە “هونەری ڕاستەقینە بەرزترین ئازادییە”. ئەم ئاوازدانەرە هاوڕابوو لەگەڵ سانت سیمۆنییەکاندا[6]، کە باوەڕیان وابوو ڕۆژێک دێت ئامێرەکان مرۆڤ لە کۆت و بەندی ژیان ڕزگار دەکەن و بە ڕزگارکردنی مرۆڤ لەم دۆخە زەحمەتکێشییە، ئەوکات مرۆڤ دەتوانێت خۆی بە سۆز و ئازادییەوە بۆ ئافراندنی بەرهەمی هونەری تەرخان بکات. پێویست ناکات هونەر وەک لێکدانەوەیەکی دیکەی باوەڕی ڕۆمانتیک تەماشا بکرێت کە پێی وابوو، دژایەتی ژیان بێت، چونکە هونەر لوتکەی دەستکەوتی ژیانە. “پێگەیشتنی هونەری”[7] هاوتایە لەگەڵ بناغەی “پێگەی ئازادیی مرۆڤ”. کاتێک کار دەبێتە هونەر، کرێکاران دەبنە هونەرمەند و کۆیلەکانی پیشەسازی دەبنە خوڵقێنەری جوانی، ڤاگنەر وەک پێشتر ڕایگەیاندبوو، چیتر پێویست ناکات کۆمەڵگەی داهاتوو لە خزمەتی هونەردا بێت، چونکە هەموو ڕۆحەکان دەبنە هونەری و هونەر دەبێتە مۆدێلی ئایدیاڵی کۆمەڵگا. چیتر هیچ هۆکارێک نامێنێت بۆ ستایشکردنی هونەرمەند، چونکە هەموو دەبنە هونەرمەند، یان با بڵێین کۆمەڵگا وەک یەکەیەک، ئازادانە بڕیار دەدات کە هونەر چۆن بەردەوام دەبێت لە ژیانی خۆی و چۆن دەستەی خولقێنەر هەڵدەبژێرێت. “لەو کاتەدا کێ دەبێتە هونەرمەندی داهاتوو؟ شاعیر؟ ئەنجامدەر؟ مۆسیقاژەن؟ یان پەیکەرتاش؟” – با بە دوو ووشە کورتی بکەینەوە: خەڵکی ئاسایی. چونکە تەنیا هەوڵێکی هاوبەش دەیتوانی ئەم پڕۆژەیە بباتە قۆناغی دەستەبەرکردن. پڕۆژەیەک کە ڤاگنەر وەک دژە ئیگۆیزم بینیبووی – واتە هەمان ئەو کۆمۆنیزمەی کە ساڵێک پێشتر کارڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس مانیفێستەکەیانی بڵاو کردەوە. شکستی شۆڕشەکانی ساڵی ١٨٤٨ لە ئەورووپا زەنگی مەرگی خەونێکی لەو شێوەیەی لێدەدا. دوابەدوای ئەوە، دووەم قۆناغی گرنگ لە مێژووی ڕەهای ئەمری دینیدا دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٨٤٨ تا جەنگی جیهانیی یەکەم، قۆناغێک دەست پێدەکات کە تیایدا هەردوو ڕەوتەکە – کۆمەڵ و تاک، سیاسی و جوانیناسی – لە یەکتر جیابوونەوە. بۆ چارڵز بۆدلێر کە سەرسامی بۆچوونەکانی ڤاگنەر بوو، هیوای بینینی کاریگەریی هونەر لەسەر جیهان لە وەهمێک زیاتر هیچی تر نەبوو. لە بەرانبەردا مارکس بێباک بوو لە پەروەردەی جوانیناسیی تاکەکان. ئەو دوو ئاراستە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بێباک بوون لە یەکتر. سەرەڕای ئەوەش هیچ کامیان نەیاندەویست دەستبەرداری باڵادەستیی خۆیان بن بەسەر ئەوی دیکەدا. لە سەدەی بیستەمدا دووبارە دۆخەکە گۆڕا. ئەمە ئەو قۆناغەی مێژووە کە لەمەودوا وردتر لێی دەکۆڵمەوە. ئەو بزووتنەوەیەی لەو سەردەمەدا سەریهەڵدا، دوو لایەنی هەبوو، بەڵام هەر کام لەو لایەنانە دەتوانرێت بە واقیعکردنی پڕۆژەی ڤاگنەر بۆ خولقاندنی بەرهەمێکی هونەریی باڵا وەسف بکرێت. پڕۆژەیەک کە بە قەبارەیەکی گەورە لەگەڵ هەموو ژیان و جیهاندا دەگونجێت.
لە لایەک ژمارەیەکی کەم لەو بزووتنەوە ڕادیکاڵانە کە لە هونەردا خۆیان وەک بەرجەستەکاری داهێنان دەبینی، مێتافۆڕی سەربازییان بەکار برد. مێتافۆڕێک کە لە وشەسازیی سیاسی سەردەمی ئەواندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار هێنرابوو. چەند تایبەتمەندییەک کە ئەم بزووتنەوە ئاڤانگاردانە لە بزووتنەوە هونەرییەکانی پێش خۆیان وەک سروشتیگەرایی، ئیمپڕێشنیزم و سیمبۆلیزم جیا دەکەنەوە، ئەوە بوو کە داهێنانیان بە بەشێکی جەوهەریی کارەکانیان دەزانی. بۆ نموونە ئەم بزووتنەوە ئاڤانگاردانە لە تازەگەری نەوەستان و هەروەها دەیانویست پچڕانێکی ڕیشەیی لەگەڵ ڕابردوو بهێننە ئاراوە، واتە هەموو ئەوانەی پێش خۆیان بە فەرامۆشی بسپێرن. چونکە پێیان وابوو هونەرەکەیان هەموو هونەری ڕابردوو لەخۆ دەگرێت و کاتێک ئامانجێکی ئاوا بەرزیان بۆ خۆیان دانابوو، هەموو ئەو ئامرازانەیان بە ڕەوا دەزانی، کە یارمەتی دەربوون بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی. بە تایبەتی زۆر توندڕەوەکانییان کە ئامانجیان بانگەوازی شۆڕش بوو. لە کۆتاییدا مەبەستیان ئەوە بوو کە بواری دەستێوەردانی هونەری فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی هەموو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، دوای چەند ساڵێک، بزووتنەوە سیاسییە ڕادیکاڵەکان لە هەنگاوێکی بە ڕواڵەت سەربەخۆ، بەڵام بە لاساییکردنەوەی پارادایمی داهێنەری هونەری، پلانی پڕۆژەی خۆیان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا و مرۆڤ داڕشت. کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیزم نموونەی ئەمەن. بیرۆکەی ئاڤانگارد لێرەشدا ئامادە بوو، بەڵام لەبری بەرهەمی هونەری هەندێک هونەرمەندی بەتوانا، لە شێوەی حزبێکدا خۆیان دەرخست. ئەرکی ئەم پارتە کۆمۆنیست و نازی و ناسیۆنال سۆسیالیستیانە سەرکردایەتیکردنی جەماوەری پاسیڤ بوو.
لە هەردوو ڕەوتەکەدا توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە، وەک ئامرازێکی گونجاو بۆ خێراکردنی پرۆسەی گەیشتن بە ئامانجەکە سەیر دەکرا. چالاکوانانی ئەو دوو بزووتنەوەیە دەیانزانی کە ئەوان پشتگیری لە گۆڕانکارییەکی توندڕەوانە دەکەن کە ڕەنگە مەترسی بەرگریکردن بەدوای خۆیدا بهێنێت و دەبێت کۆتایی بەو بەرگریکردنەش بهێنرێت، تەنانەت ئەگەر بە زۆریش بێت. پەیوەندیی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیە تەنیا لەسەر بنەمای نزیکییەکی ئاسایی هونەر و دەسەڵات نەبوو، بەڵکو هەر یەکەیان بە جۆرێک کەڵکیان لە دەربڕینی ئەویتر وەرگرتووە. زلهێزە سیاسییەکان هونەریان بۆ پڕوپاگەندە و دروستکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆبوونەوە سیاسییەکان بەکا ردەهێنا و هونەرمەندان تەوەری سیاسییان گرتە بەر، بۆ ئەوەی کارە هونەرییەکانیان سەرنجڕاکێشتر نیشان بدەن. لێرەدا هەردوو بزووتنەوەکە درکیان بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوانیان زۆر قووڵترە لەوەی کە دەیبینن و مەیلیان هەیە لاسایی یەکتر بکەنەوە. ئەم بزووتنەوە دوو لایەنە، کە دەرئەنجامی یەکگرتنی دوو فۆڕمی سەرەکیی ڕەهای جیهانی – سیاسی و هونەری- بوو، لە ڕووسیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا بڵاو بووەوە کە دەتوانرێت وانەی زۆری لێ وەربگیرێت.
[1] Friedrich Schiller
[2] On the Aesthetic Education of Man
[3] Richard Wagner
[4]Mikhail Bakunin
[5] Art and Revolution
[6] Saint-Simonians
[7] artistic manhood