وەرگێڕان: ڕۆژان سدیق
فرانز کافکا لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا، کە سێ ڕۆمانی تەواونەکراو ”کە ئەو هەرگیز نیازی بڵاوکردنەوەیانی نەبوو”، لەگەڵ چەندان کورتەچیرۆکی تر، هەوڵی داوە توخمەکانی جیهانی ڕاستەقینە و خەیاڵ پێکەوە ئاوێتە بکات بۆ ئەوەی دۆخگەلێکی سەیر یان سوریالیستی بۆ کارەکتەرەکانی بهێنێتە ئاراوە…
ئەم دۆخانە زۆر جار و لە هەمان کاتدا، هەم بە تەواوی سامناک دەردەکەون و هەم تەنزئامێزن تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک لە ڕەخنەگران و کەسایەتییە ئەدەبییەکان، بەرهەمەکانی ئەویان خستووەتە قاڵبی (چیرۆکە پووچەکان).
لەوانەیە لە جیهانی ئەدەب، کۆمیدیا یان نیگارکێشاندا، بەم وشەیە ئاشنا بووبیت. “ئەلبێر کامۆ”، نووسەری دیاری فەڕەنسی، لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا لە ساڵی ١٩٤٢ بە ناوی “ئەفسانەی سیزیف”، تیشک دەخاتە سەر “کافکا” و بەرهەمەکانی بە (پووچ-Absurd) دادەنێت. ئەو دەڵێت کافکا زۆر زەق پووچگەرایی دەخاتە ڕوو، بەڵام لە کۆتاییدا هیوایەکی ترانسێندتەڵە، کە ئەمەش لادانێکە لە پووچگەرایی ڕاستەقینە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەیداتە بەر پلاری ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆژی و پێی وایە کە کافکا لە کۆتایی ڕۆمانەکانیدا، بەتایبەت ڕۆمانی ”کۆشک” و”دادگایی”، ئاماژە بە هێزێکی ڕزگارکەر یان نهێنی دەکات لە دەرەوەی ئەو دۆخە پووچە، بەمەش دەکەوێتە داوی ”خۆکوشتنی فەلسەفی”یەوە..
بەڵام دۆخی پووچ خۆی چ مانایەکی هەیە؟
دەتوانرێت بگوترێت دۆخێکی “پووچ-Absurd”، بریتییە لە بارودۆخێکی ناسازی دژایەتی لە نێوان ئارەزووی ئێمە بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەو و ئامانج «واتایەک لە جیهاندا» لەگەڵ بێتوانایی ئێمە لە دۆزینەوەی هەر یەکێک لەمانە لە جیهانێکدا کە هیچ بەها واتایەکیان نییە، ئەمەش جۆرێکە لە پارادۆکس-دژوازە/دژبەیەکی.
لای “کامۆ”، یەکێک لە بنەڕەتیترین دژبەیەکییەکان لەبارەی بوونی مرۆڤەوە ئەوەیە کە مێشک پێویستی بە واتایە، بەڵام هەرچەندە هەوڵ دەدات، ناتوانێت بیدۆزێتەوە. ئەم چەمکە، ئێمە دەخاتە ناو جیهانبینیی “کافکا”وە…
”لەوانەیە هەندێک کەس بەزەیی بە دۆخمدا بێتەوە، بەڵام من هەست بە بەزەیی ئەوان ناکەم. دامەزراوە بچووکەکەم مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێمە، تا ئەو ڕادەیەی کە نێوچەوان و سەر و گوێچکەکانم لە ناوەوە ژان دەکەن، بێ ئەوەی دڵم بە ئاییندە خۆش بێت، چونکە دامەزراوەکەم بچووکە.
هەمیشە دەبێت پێشوەختە بڕیار لەسەر کاتژمێرەکانی داهاتوو بدەم، ئاگاداریی بدەمە خزمەتکارەکەی ماڵەوە و لە هەڵە و کەم و کورتییەکان بەدووری بگرم، لە هەر وەرزێکی ساڵدا سەلیقەی باوی وەرزی داهاتوو بخەمڵێنم، ئەویش نەک ئەو سەلیقەیەی کە لە نێوان خەڵکی دەوروبەری خۆمدا باوە، بەڵکو سەلیقەی دانیشتوانی ئاوایییە نەناسراوەکان.
پارەکانم لە دەستی خەڵکانی ترە. ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەوان مەحاڵە. هیچ زانیارییەکم نییە دەربارەی ئەو کارەساتەی کە ڕەنگە تووشی ئەوان بێت، کەواتە چۆن دەتوانم ڕێگری لێ بکەم؟!”
ئەم دەقە بە تەواوی ئەو جیهانبینییە پووچ و پڕ لە دڵەڕاوکێیەی کافکا نیشان دەدات، ئەو نیازی وا بوو کە وێنەی بابەتێکی دیاریکراو بکێشێت: چی ڕوو دەدات کاتێک خۆمان لە جیهانێکدا دەبینینەوە کە بێواتا و بێئامانج دەردەکەوێت، بە تایبەتی کاتێک دۆزینەوەی واتا و ئامانج لە جیهانی دەوروبەردا، بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانمان هەژمار دەکرێت؟
ئەم دژایەتییە دێرینەی نێوان ئارەزوو و پێویستیی ئێمە بۆ دۆزینەوەی واتا و بێتوانایی هەمیشەییمان لە ئەنجامدانی کارەکانماندا، بووە بە گۆڕەپانی بیرۆکەدانان و هەروەها ئازارەکانی کافکا لە سەرتاسەری تەمەنی چل ساڵیدا.
بابەتێکی دیکە کە شەوان کافکای بە بێداری دەهێشتەوە بەهۆی دڵەڕاوکێوە، دژایەتیی نێوان ئارەزووە سروشتییەکانمان و شێوازە دەستکردەکانی ژیانی مۆدێرن بوو. ئەم دژایەتییە، لە ڕوانگەی کافکاوە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەبێتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی و بێچارەیی لە مرۆڤەکاندا، چونکە ئێمە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەداین کە غەریزە سروشتییەکانمان لەژێر جڵەوی خۆماندا بهێڵینەوە و هاوسەنگییەک لە نێوان لایەنی “سرووشتی” و لایەنی “شارستانی” لە بوونماندا دروست بکەین.
غەریزە سروشتییەکانمان بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگاوە چاودێری دەکرێن، ئەویش لە ڕێگەی سنووردارکردن و یاسا و ڕێساکانیانەوە کە ئەم دوو لایەنە لە بوونماندا لە یەکتر دوورتر و دوورتر دەخەنەوە.
ئەگەر وشەیەک هەبێت کە تەواوی میراتی ئەدەبیی کافکا لە خۆیدا جێ بکاتەوە، ئەو وشەیە لەوانەیە بە پارادۆکس-دژوازی بێت. کافکا نووسەری دژوازییەکانە: وێنەکێشی جیهانێکی پڕ لە شڵەژاوی، سەرلێشێواو، پارچەپارچە و گەورەیە کە لە پارادۆکسە بچووک و گەورەکان پێکهاتووە.
پرسیی: «ئێستا دەچیتە سەر؟» لە دەمییەوە دەنگێک دەهات وەک دەنگی کیڕەی ددانەکان. منیش گوتم: «بەڵێ.» پێشتر پێم گوتبوو کە بانگهێشت کراوم بۆ ئاهەنگێک. بێگومان بانگهێشتیان کردبووم بچمە سەرەوە؛ چەندم ئارەزوو دەکرد کە هەر لەو ساتەدا لەو سەرەوە بوومایە، نەک لێرە لە خوارەوە لەبەردەم دەرگاکەدا بوەستم و گوێ لە قسەکەرەکەم بگرم و پێکەوە ئەوەندە نوقمی بێدەنگی ببین، وەک ئەوەی بڕیارمان دابێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەم شوێنەدا بێدەنگ و بێقسە بوەستین.
ماڵەکانی دەورووبەر لەو تاریکییەدا تاوەکو بەرزیی ئەستێرەکان، بەشداریی ئەو بێدەنگییە بوون.
هەروەها، دەنگی هەنگاوی ئەو گەڕیدە نادیارانە کە کەس ئارەزووی نەدەکرد ڕێچکەیان بدۆزێتەوە، و بایەک کە بەردەوام خۆی کێش دەکرد بە ئەوبەری شەقامەکەدا، و گرامافۆنێک کە بەرەو پەنجەرە داخراوەکانی ژوورێک گۆرانی دەگووت، ئەوەندە لە ناوەوەی ئەم بێدەنگییەوە نقووم ببوون، وەک ئەوەی هەر لە ئەزەلەوە تا ئەبەد خاوەنی ئەم بێدەنگییە بووبن.
تێگەیشتن لە ئەدەبیاتی کافکا: بەراوردێک لەگەڵ کلاسیکەکان
ڕەنگە هەندێک جارخوێندنەوەی بەرهەمەکانی «کافکا» بۆ ئێمە دژوار دەربکەوێت، چونکە لە گۆشەنیگایەکی ناتەواوەوە سەیری جیهانی ئەو دەکەین، پێشبینی و گریمانە سەرەتاییەکانی ئێمە کە زۆرجار بەهۆی ئەدەبیاتی کلاسیکەوە، چ کۆن بێت چ مۆدێرن، شێوەیان گرتووە، لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی «کافکا»دا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت.
١. ئەدەبیاتی کلاسیکی کۆن (Homer)
بۆ نموونە، لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کۆندا، دەتوانین «ئۆدیسە»ی هۆمێر وەربگرین. پاڵەوانی چیرۆکەکە، «ئۆدیسیۆس»، پێشوەختە مەبەستی ژیانی خۆی دەزانێت. ئەو ناچار نییە جیهانە ئاشنایەکەی خۆی بەجێبهێڵێت و بەدوای مەبەستەکەیدا بگەڕێت. هەموو کارێک کە «ئۆدیسیۆس» دەبێت ئەنجامی بدات ئەوەیە کە ژیانی خۆی لەگەڵ ئەو ئامانجەدا بگونجێنێت کە خواوەندە یۆنانییەکان لە سەرەتاوە بۆیان دیاری کردووە. ئەمە هەمان ئەو «ململانێ» یان تێکهەڵچوونەیە کە دەبێت «ئۆدیسیۆس» بەسەریدا زاڵ بێت. چیرۆکە کلاسیکەکانی ئەدەبیاتی کۆن بەزۆری بەم شێوەیە دەگێڕدرێنەوە.
٢. ئەدەبیاتی کلاسیکی مۆدێرن (Tolstoy & Dostoevsky)
ئەگەر بێتوو سەیری ئەدەبیاتی کلاسیکی مۆدێرن بکەین، دەبینین کە لە جیهانی ئەم چیرۆکانەدا، پاڵەوانی سەرەکی (پڕۆتاگۆنیست) بەزۆری ئامانج و مەبەستی خۆی نازانێت و دەبێت بەدوایدا بگەڕێت. چەمکی ناکۆکی (تناقض) لەم جۆرە چیرۆکانەدا بەدی دەکرێت، بۆ نموونە لە نێوان ویست و ئارەزووەکانی پاڵەوانەکە، و ئەو بارودۆخانەی کە بەسەر ژیانیدا زاڵن. بەڵام ئەم ناکۆکییانە لە کۆتایی چیرۆکەکەدا یەکلایی دەکرێنەوە و کەسایەتی سەرەکی بە گوتەی خۆیان، «خۆی دەدۆزێتەوە».
* نموونەی یەکەم: «جەنگ و ئاشتی»ی لیۆ تۆلستۆی:
لە کتێبی «جەنگ و ئاشتی»دا، کارەکتەری سەرەکی بە ناوی «پیێر بێزوخۆف»، ژیانی بە ململانێیەک لە نێوان ئامانجەکان و ڕەفتارەکانی خۆیدا بەسەر دەبات. بەڵام لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، ئەزموونی گۆڕانکارییەک دەکات و دەبێتە کەسێکی «نوێ»، ئەو ناکۆکییەی کە بە درێژایی گێڕانەوەکە بەدوای ئەم کەسایەتییەوە بوو، نامێنێت.
* نموونەی دووەم: «تاوان و سزای» فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی:
لە کتێبی «تاوان و سزا»دا، پاڵەوانی چیرۆکەکە واتە «ڕاسکۆلنیکۆف» لەگەڵ ناکۆکییەک لە نێوان تێڕوانینە ڕەوشتییەکان و تێڕوانینە ئەقلانییەکانی خۆیدا دەستەویەخەیە. سەرەڕای ئەوەش، دووبارە لە کۆتایی گێڕانەوەکەدا، «ڕاسکۆلنیکۆف» جۆرێک لە گۆڕانکاری ئەزموون دەکات و دەگاتە تێگەیشتنێکی جیاواز لە تێڕوانینە ڕەوشتییەکانیدا. لە ڕۆمانەکەی «دۆستۆیڤسکی»یشدا، ناکۆکییە گەورەکە لە مێشکی کارەکتەری سەرەکیدا، لە کۆتاییدا لادەبرێت.
٣. جیهانی «کافکا»
بەڵام ئایا جیهانی «فرانز کافکا» چۆنە؟ با بەناوبانگترین ڕۆمانی کورتی ئەو، واتە نۆڤلێتی «بەدگۆڕان» وەربگرین. وەک لە ناو و چەمکی سەرەکیی ئەم بەرهەمەوە دەردەکەوێت، کە «بەدگۆڕان»ـە وا دیارە کە چیرۆکی گۆڕانکارییەکمان بۆ بگێڕێتەوە…
تێکشکاندنی چاوەڕوانیی گۆڕانکاری لە “بەدگۆڕان”ی کافکادا
کاتێک پاڵەوانی چیرۆکەکە، “گرێگۆر سامسا”، دەگۆڕێت بۆ مێروویەکی زەبەلاح، ئێمە لامان وایە کە گۆڕانکارییەکە بە شێوەیەکی تەواو ڕوویداوە، بەڵام وا نییە! “گرێگۆر” هێشتا لە ژیانی پێشووی خۆیدا گیرۆدە بووە؛ تەنانەت دوای گۆڕانی بۆ مێروو، هێشتا هەمان نیگەرانی و دڵەڕاوکێی پێشووی هەیە…
”گرێگۆر” پێش بەدگۆڕانەکەی، وەک بازاڕگەڕێک کاری دەکرد، ژیانێکی تەنیا و سەختی هەبوو، بەڵام لە دۆخی گۆڕانیشی بۆ مێروو-قالۆنچە، هیچ گۆڕانکارییەک لەم بارودۆخەدا دروست نابێت، چونکە ئەو ئێستا ناچارە بە بەردەوامی لە ژوورەکەیدا زیندانی بێت و بەردەوام تەنیا و دابڕاو بمێنێتەوە.
ئەو بە واتای وشە، تووشی گۆڕانکارییەکی تەواوەتی بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، هیچ گۆڕانکاری و پەرەسەندنێک لە ژیانیدا ڕووی نەداوە. ئەم خاڵە زۆر بە ڕوونی لە کۆی چیرۆکەکانی “کافکا”دا ڕەنگ دەداتەوە. لە چیرۆکەکانی ئەودا، تەنانەت دوای ڕوودانی سەیرترین و چاوەڕواننەکراوترین شتەکان، دژایەتییە زاڵەکەی لە ژیانی پاڵەوانەکانیدا چارەسەر ناکرێت.
پارادۆکس (دژوازی) لە ڕوانگەی “کافکا”وە، بارودۆخی کۆتایی ژیانی مرۆڤە. گۆڕانکاری ڕوو دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نادات. پاڵەوانی چیرۆکەکانی “کافکا” ناتوانێت لە دژایەتییەکانی خۆی ڕابکات و دەبێت باری ئەم دژایەتییانە تا هەتایە هەڵبگرێت.
نموونەش دڵەڕاوکێی پێش گۆڕانکارییە لە “بەدگۆڕان”دا، بۆ نموونە:
”هەر کاتێک پێش نیوەڕۆ بۆ تۆمارکردنی داواکارییەکان سەردانی میوانخانە دەکەم، ئەوان تازە بە تازە خەریکی خواردنی ژەمی بەیانین. من، بەو دەسەڵاتەوەی کە هەمە، ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکەم، دەستبەجێ دەردەکرێم. بەڵام لە کوێوە بزانم، کێ ناڵێت دەرکران بۆ من مایەی بەختەوەری نییە؟ ئەگەر لەبەر باوک و دایکم نەبووایە، زۆر پێش ئێستا وازم لە کارەکەم هێنابوو. دەچوومە لای سەرۆکەکەم و قسەی دڵم لە ڕوویدا دەگوت. لەو حاڵەتەدا دڵنیام لەسەر سەکۆکە دەکەوتە خوارەوە! ئەو لەسەر سەکۆکە دانیشتووە و لەو سەرەوە لەگەڵ کارمەندەکانی قسە دەکات، لە هەمان کاتدا، ناچاریت لەبەر گوێگرانی، بچیتە نزیکی و لە تەنیشتی بوەستیت. بەڵام هێشتا هیوایەک ماوە. ئەگەر پارەیەکی پێویست کۆ بکەمەوە، کە لەوانەیە پێنج بۆ شەش ساڵی دیکە بخایەنێت و قەرزەکەی باوک و دایکمی پێ بدەمەوە، ئەوا دوای ئەوە هەر ئەو کارە دەکەم. ئەوکات کارەکەم باش دەبێت. بەڵام ئێستا دەبێت هەستمەوە، چونکە شەمەندەفەرەکەم کاتژمێر پێنج دەڕوات”
لە زۆربەی گێڕانەوە باوەکاندا، گۆڕانکاری لە کۆتاییدا ڕوو دەدات، بەڵام لە گێڕانەوەکانی”کافکا”دا دەبینین کە گۆڕانکارییەکە هەر لە سەرەتادا ڕوویداوە، و پاڵەوانەکە تەنانەت دوای ڕوودانی ئەو گۆڕانکارییە چارەنووسسازەش، بە تەواوی لە هەمان بارودۆخی پێش گۆڕانکارییەکەدا ماوەتەوە…
ئەگەر “کافکا” وەک زۆربەی چیرۆکنووسەکانی تر بووایە، “گرێگۆر سامسا” لە کتێبی “بەدگۆڕان”دا دەکرا دوای گۆڕانی بۆ مێروو-قالۆنچە، بفڕێت، لە پەنجەرەی ژوورەکەی بێتە دەرەوە و لە ئازارە هەمیشەییەکەی ڕزگاری بێت. لەوانەیە ئەم ڕووداوە بۆ زۆرێک لە خوێنەران باوەڕپێکراوتر دەربکەوێت. بەڵام هەوادارە سەرسەختەکانی “فرانز کافکا” دەزانن کە ئەم ڕووداوە هەرگیز ڕوو نادات. “گرێگۆر سامسا” ناتوانێت لە پارادۆکسەکەی ڕابکات پارادۆکسێک کە بووە بە بەشێک لە بوونی ئەو.
سەرچاوە: https://www.iranketab.ir/blog/kafka-world-of-contradictions