کورد لە چاوی ئەوانی ترەوە

نووسین: موحەمەد عەبدولکەریم

 

چۆن سەیری کورد دەکرێت؟ کورد لە چاوی ئەوانی ترەوە چۆنە؟ پرسیارێکە پێویستە هەڵوێستەیەکی جددی لەسەر بکرێت؛ ئەم پرسیارە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگەی ئەوی تری بێگانە بەرانبەر بە خۆم (کورد) پرسێکە پەیوەندی بە بوون و نەبوونەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕووبەری (ناسین)ـەوەیە؛ ئا لێرەوە گرنگە بۆ ناسین و تێگەیشتن لە “خۆ” پێویستمان بەوەیە دیوێکی دەرەکی بدەین بە (خۆ_کورد) ناسین؛ بە دەربڕینێکی تر لە دەرەوە چۆن دەبینرێین؟ یان چۆن بێینە دەرەوە لە خۆمان، لە خۆمان ڕابمێنین. بۆ ناسینی خۆمان، شارەکەمان، وڵاتەکەمان نەتەوەکەمان پێویستمان بەو چاوەیە کە لە دەرەوە تەماشامان دەکات؛ خۆمان ببینە (ئەوی تر) بەسەر خۆمانەوە؛ ئەم ئەوی ترە جار هەیە بەهۆی خستنە جێی ئەوی تری بێگانەوە یان خۆم وەک (خەمخۆر)ـەوە دەبێت؛ سەرەتا بچمە شوێنی چاوی ئەوی تری بێگانە (بێگانە ئەوانەن کە بە چاوێکی بەرژەوەندی یان قیناوی و دوژمنکارانەوە لێمان دەڕوانن.)؛ گەر ببمە خاوەنی ئەو چاوەی کە هی من نییە و هی (ئەوی ترە) باشتر خۆم (کورد) دەناسم. خۆناسی ئەوە نییە، دانیشی شەو و ڕۆژ ئارەق بڕێژی و خەریکی وردبوونەوە لە خۆت بیت، خۆت بخەیتە بەر لێکۆڵینەوە، بە پێچەوانەوە بە چوونە شوێنی چاوی ئەوی ترەوە  لایەنی خۆناسینەکەت زیاتر دەبێت و بە ئاگا دێیتەوە؛ ئەو بەشە تەمومژاوییەی پشکی هەیە لە درووستکردنی سەبجێکتیڤیتەی “تۆ” دا، ڕوون دەبێتەوە. گومان لەوە نییە (خۆناسین) بە توندی پەیوەندی بە (دەرەوەناسی)یەوە هەیە. بەشێکی گەورەی خۆت، شارەکەت، وڵاتەکەت نەتەوەکەت بە نەناسراوی دەمێنێتەوە، بۆیە هەندێک جار پێویستە چاویلکەی ئەوانیتر بکەینە چاومان، بزانین چۆن دەمانبینن. هەوڵ دەدەین لێرەوە لەڕێی چەند نموونەیەکەوە، دەست بەسەر چاوی ئەوانی تردا بگرین، بزانین ئێمە چین لە چاوی ئەوانی ترەوە. دێڕە خەمناکەکەی سمکۆی شکاک کە بە حەسرەتەوە دەڵێت: “وا تێناگەم ناردنی نامە بۆ حکوومەتە بێگانەکان پێویست بێ، چونکە ئەوان دەزانن ئێمە عەشایەری نەخوێندەوارین و ڕێکخراو نیین”[1]، ئەمە ڕستەیەکی خەمناک و تراژیدیانەیە، سمکۆی ڕاچڵەکاندووە و بە ئاگای هێناوەتەوە. ئەم قسەیەی سمکۆ دانی پێدا ناوە، قسەی سمکۆ نییە بەڵکو قسەی ئەوی تری دوژمنە و ڕووانینی چاوێکە، چاوی سمکۆ خۆی نییە. سمکۆ لێرەوە تووشی خودئاگایی دێتەوە. دەچێتە پێگەی پزیشکێکەوە دەردێک دەناسێت کە دەردی عەشایەری نەخوێندەوار و ناڕێکخراوێتییە. ئێمە عەشایەری نەخوێندەوارین و ڕێکخراو نیین،  مەگەر سمکۆ پێشتر نەیدەزانی عەشایەری نەخوێندەوار و ناڕێکخراون؟ بێگومان دەیزانی، بەڵام ڕەنگە ئاگایی نەبووبێت بەرانبەر مەترسییەکانی عەشایەری نەخوێندەوار و ناڕێکخراوی، سمکۆ بەهۆی ناونانی کوردەوە لە خۆی تێدەگات، ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت بەریتانییەکان گوێیان بۆ ناگرن، چونکە دەزانن نەخوێنەوارن و عەشایەرن، ڕێک نەخراون. سمکۆ لێرەوە بەهۆی هەڵگرتنەوەی بینینی ئەوی ترەوە، تووشی خۆناسین دێت؛ گوێنەگرتن لە کورد دەبەستێتەوە بەم چەند هۆکارەوە (عەشایەری، نەخوێنەواری، ناڕێکخراوی)  سمکۆ وەک کارەکتەرێکی سیاسیی کوردی، خۆی لە چاوی بێگانەکانەوە دەبینێت، دەچێتە شوێنی ئەوی تری بێباک و نەیار، هەستی بە کەلێنێکی قووڵ لە خۆی (کورد)دا دەکات. لەناو ئەم دێڕە تراژیدی و خەمناکەی تریشدا، تەفسیرێکی نووستووی تر هەیە. کاتێک سمکۆ دەڵێت: نامە ناردن بۆ بێگانەکان سودی نییە، چونکە عەشایەری نەخوێندەوارین و ڕێکنەخراوین، تەفسیرێکی تریش هەڵدەگرێت: سمکۆ لەڕێی “بەراوردکردن”ـەوە شتێکی بۆ دەرکەوتووە؛ بەو مانایەی لە ڕستەکەدا ئەمەش هەڵدەهێنجرێت، بێگانەکان گوێ لە ئێرانییەکان دەگرن چونکە ئەوان عەشایەری نەخوێنەوار نیین، هەروەها ڕێکخراویشن. سمکۆ بە چاوی خۆی دەبینێت بێگانەکان گوێ بۆ ئێرانییەکان دەگرن سەرباری ئەوەی ئێران لاواز بووە و کەچی هەوڵ دەدەن هەڵیسێننەوە. سمکۆ درک بە نەخۆشییەکی کوشندە دەکات لەڕێی بەراوردکردنی خۆی “کورد” و ئێرانییەکانەوە. بەراوردیش بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی خۆناسین. سمکۆ دەزانێت عەشایەری نەخوێندەوار و ناڕێکخراون، ڕووانینی نەرێنیی بێگانەکان لەسەر کورد سمکۆ ڕادەچڵەکێنێت؛ گەرچی ئەو هۆکارانەی دراونەتە پاڵ کورد ڕەنگە لە گەلانی تری ناوچەکەشدا هەبن، بەریتانییەکانیش  گوێیان بۆ گرتبن؛ بۆیە گازندەی سمکۆ گەرچی ڕاستیش بێت، بەڵام بە وردبوونەوە لێی، تێدەگەین کە تاکە هۆکاری پشتگوێخستنی بەریتانییەکان، هەر ئەو شتانە نیین سمکۆ باسی کردوون، هۆکارگەلی تریش هەن. لۆرد کۆزن سەرۆکی وەفدی بەریتانیا لە دانیشتنەکانی ئاشتیدا دەڵێت: “پاش گەڕانەوەمان لە ئەستەنبوڵ و بەغداد و جێگەکانی تریش، هیچ کوردێکمان نەدۆزییەوە بیکەین بە نوێنەری هەموو کورد، کوردەکان تەنها نوێنەری هۆز و تیرەکانیانن”.[2] بۆیە کورد لە دیدی ئینگلیزەکانەوە چەند تیرە و هۆزگەلی سەرەتایی عوسمانی ئێرانی بەولاوە هیچی تر نەبوون[3]. هۆزەکان نوێنەری کورد نیین، نوێنەری هۆز و تیرەکانیانن. ئەمە ئەو پەرتەوازەیی و ناڕێکخراویەیە پێویستە لەڕێی چاوی ئەوی تریشەوە بیبینین. گوایە ئینگلیزەکان گەڕاون بەشوێن کەسێکدا هەموو کورد لە دەوری کۆ ببێتەوە، بەڵام دەستیان نەکەوتووە.

بەراورد گرنگە، کاتێک ئێمە دەڵێین “ئەلف” گەورەترە لە “با” بە بەراورد بە “با” دەڵێین “الف” گەورەترە، دەکرێت “ئەلف” بەراورد بە “جیم” بچووکتر بێت. ئەم بەراوردکارییە گرنگە، دەبێ تێبگەین و بزانین بەرانبەر بە کێ گەورەین، گەر بچووکین بەرانبەر کێ بچووکین. چۆن بزانین ئێمە وڵاتێکی دواکەوتوو یان پێشکەوتووین گەر بەراوردکاری نەبێت؟ بەراوردکاری چوونە شوێنی هەر دوو پێگەکەیە هەم پێگەی (ناوەوە) هەم پێگەی (دەرەوە)؛ بە دەربڕینێکی دی سەرباری ئەوەی خاوەنی ڕووانینی خۆتیت، بە چاوی ئەوی تریش خۆت دەبینیت؛ لایەنی ماددی و مەعنەویی خۆت پێکەوە لەگەڵ ماددی و مەعنەویی ئەویتر تەماشا دەکەیت؛ بەهۆی یەکترەوە قورسایی و کێشی بەراوردکراوەکان دەردەکەون. یەکێک لە سیفەتە سەیرەکانی بەراورد ئەوەیە، بێماندووبوون و بێ بیرکردنەوەی قووڵ، ئەویتر هەندێک زانیاریمان لەسەر خۆمان پێ دەبەخشێت؛ گەر کەسێک لە کوردستانەوە بچێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو تر، لەگەڵ سەر قیتار و میترۆ و بی ئاڕتی کەوت، بێ بیرکردنەوە دەزانێت ئەو خاوەنی هیچکام لەم خزمەتگوزارییانە نییە، کاتێک لە وڵاتێکی تر پاس بە دەقە دوا ناکەوێت، دەزانێت لای ئەو بە شێوەیەکی ترە؛ بەراوردکاری دەتوانێت زانیاری ببەخشێتە هەمووان ئاگایانە و نائاگایانە، مرۆڤ سادە بێت یان بیرکەرەوە و وردبین، بەپێی ئاستی کەسەکە زانیاریی دەداتێ.

شێخ مەحموودی نەمر لەگەڵ باوکیدا دەچێتە ئەستەنبوڵ، لەگەڵ بینینی ئەستەنبوڵ  بێ ویستی خۆی “بەراورد”ێک بە مێشکیدا دێت، بەراوردی ئەستەنبوڵ و کوردستان (سلێمانی) دەکات. شێخ لەڕێی بەراوردکرنەوە بە ئاگا دێتەوە، هەر لەوێوە فیکری نەتەوەیی بە شێوەیکی قووڵ دەچێتە دڵییەوە. شێخ مەحموودی نەمر و باوکی پێکەوە بە ئەستەنبوڵدا دەگەڕێن دەڵێت: ئەوە باوکە بۆچی ئەمان ئەوەندە شارەکەیان جوانە؟ باوکی دەڵێت ئاخر کوڕم ئەوان خزمەتی خۆیان دەکەن. شێخ مەحموود دەڵێت: ئەی بۆ شارەکەی ئێمە وا نییە؟ دەڵێت ئاخر کوڕم ئێمە خزمەتی ئەوان دەکەین. شێخ مەحموود لەڕێی بەراوردەوە دەزانێت شارەکەی خۆی چۆنە. بینینی ئەستەنبوڵ و پێشکەوتنەکانی ئەستەنبوڵ، دەبێتە هۆی ئەوەی شێخ جیاوازییەک لە نێوان شاری سلێمانی و ئەستەنبووڵ  بکات. ئەم جیاوازییە تەنها جیاوازییەکی شوێنی نییە، جیاوازییەکی ناسنامەییش بەشوێن خۆیدا دێنێت. ئێمە و ئەوان “کورد و تورک” درووست دەبێت، ئا لێرەوە ئیتر شێخ مەحموود دەیەوێت ببێتە شۆڕشگێڕ. لەگەڵ بەراوردکردنەکەدا وەک سوبێکتێکی شۆڕشگێڕ دەردەکەوێت، کە بەرهەمی لادانە و قۆناغێکی نوێ ئەزموون دەکات. شێخی نەمر دەچێتە ئەوێ شارێکی دی دەبینێت کە لە شارەکەی ئەو ناچێت، قەشەنگتر و پێشکەوتووترە. لەگەڵ بینینیدا، شێخ تووشی لادان دەبێت. لادانێکی ئەرێنی لە بیر و فیکری پێشووی. بیری شۆڕش و نیشتیمانپەروەری بە قووڵی دەچێتە سەریەوە. نیشتیمانپەروەری و فیکری شۆڕش لادانێکە لە بیرکردنەوەکانی شێخ خۆی. ئەم لادانە، سوبێکتێکی تازە دەخوڵقێنێت، کە نایەوێت خزمەتکاری ئەوی دی بێت.

کوردەکان چین لە چاوی ئەوانی ترەوە؟ ئێستاشی بێتە سەر ئێرانییەکان بەرزانییان وەک سەرۆک خێڵ تەماشا کردووە[4]. بەریتانیا کوردی بە جۆرێک تەماش کردووە کە نوێنەری هۆز و تیرەکانی خۆیانن. یان تێڕوانینە پووچەکەی شای ئێران، کوردەکانی وەک ئامراز دەبینی بۆ بەکارهێنانی ئامانجەکانی خۆی؛ شا ناماقووڵی کرد کە وتبووی: کوردەکان وەک “پلاک”ن هەر کات بمەوێت دایان دەگیرسێنم، هەر کات نەمەوێت دەیان کوژێنمەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەمریکاش لەوە گەیشتبوو کە کوردەکان ڕێکخراو نیین[5]. کورد ئامرازە؛ ئامرزا واتە ئەو شتەی دەکەوێتە نێوان بکەر و ئامانجەوە؛ بەکارهێنانی کەوچک لەلایەن بکەرەوە بۆ خورادن، لە دیدی شاوە کورد بوونەوەرێکی بێ ئیرادەیە و هیچ شتێک لە دەستی خۆیدا نییە و خاوەن ئاگایی نییە، چۆنی بوێت وا سەما بە کورد دەکات. مەیجەر هەی ئەفسەری بەریتانی دەیووت: “کورد ئەقڵێکی توندوتیژی خۆڕسکی چەشنی منداڵی قوتابخانەیان هەیە، پێویستە جارێک لێی بدەیت و جارێک نوقڵی بدەیتێ، بەکارهێنانی توندوتیژی زۆر و نازی زۆر وات لێدەکات لە دەست دەربچێت”[6]. کاتێک لە چاوی بێگانەکانەوە تەماشای خۆمان دەکەین، ئەوە بە شێوەیەکی گشتی ئێمەی کورد “عەشایەری نەخوێنەوارین، ڕێکخراو نیین، پەرتەوازەین، لە دەوری هیچکەس و هیچ شتێک کۆ نابینەوە، ئامرازین، مناڵین” کورد وەک مەخلوقێکی خودئاگا تەماشا نەکراوە. [ڕەنگە] ستایشکردنی کورد وەک (جەنگاوەر) لە لایەن دوژمنانەوە، ئاگایانە یان نائاگایانە بەرهەمی ئەو تێڕوانینەیە بێت کە ئێمەی کورد بوونەوەرێکی (سیاسی) نیین و خاوەن فیکر و ئاگایی نیین و جەنگاوەرین، دەگمەن کەسێک باسی سیاسیبوونی کورد و ئاگایی کورد بکات، هەمیشە فۆکس لەسەر (ئازایەتی- دڵپاکی (خۆشباوەڕی)- میواندۆستی …)ی کورد کراوە. ترامپ لە تویتێکیدا وتبووی: ئێران هەرگیز لە هیچ جەنگێکدا سەرکەوتوو نەبووە بەڵام، هەرگیز لە هیچ دانووستانێکا نەدۆڕاوە؛ ئەم قسەی ترەمپ هەر وا گاڵتە و هەوانتە نییە، شتێکی سادە و بێمانا نییە. دانپێدانانی ترەمپە بە سیاسیبوون و وشیاریی ئێرانییەکاندا. زۆرتر دانوستان، سیاسەت و زیرەکیی گەلانی تیا دەردەکەوێت نەوەک جەنگ. کورد ناو نراوە، دەبێت کورد ئەم ناونانە لە خۆی بکاتەوە. ئێستا خەڵک خوێنەوارە، بەڵام هێشتا  یەکگرتوو و ڕێکخراو نیین، هەندێک هێزی کوردی نایانەوێت بچنە ژێر سایەی هێزێکی تری کوردی، جا بەهۆی هێزی دەرەکییەوە بێت یان ناوخۆ یان ئایدۆلۆجییەوە (هەم دەرەکی و هەم ناوەکییە). ئەڵبەت بۆچوونی بێگانەکان زۆر جار تانەدانێکی ڕووتە، نایەوێت وشیارییەک ببەخشێتە تانەلێدراو؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، ناونان و تانەکان، هەر لە منداڵییەوە قوتمان دەدەن، دەمانخەنە ئەو چوارچێوەوە، دەست بشۆین لە خۆمان، هەموو ئەو بارە نەرێنییەی خراوەتە سەر کۆڵمان، وەک شتێکی زاتی تەماشا بکەین؛ زات بەو مانایەی بوونی کوردی لەسەر ڕاوەستاوە، کە دەرتهێنا، کورد لە کوردێتیی دەکەوێت، بە مانایەکی دی کورد بێ کۆمەڵێک سیفەتی نەرێنی بوونی نامێنێت؛ وەک بڵێی خاوەن زاتێکی ناجێگیرین، هەروەها ناچین بەناو پرۆسەیەکی دیالێکتیکیدا، وەک بڵێی کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە ئەوی تری نەیار خستوویەتە سەر شوناسمان، وەک ئایدیاکانی ئەفلاتوون، دەرەشوێن و دەرەکاتین، مل نادەین بۆ مێژووییبوون. ڕەنگە وەسفەکان ڕاست یان هەڵە بن،  بۆیە گەرچی ئەو وەسفانەش ڕاست بن، نابێت وەک شتێکی زاتی و جەوهەری لێی بڕوانین؛ هیچکەس زاتەن و جەوهەرییەن عەشایەر نییە، لە ئاستێکی فراوانتر، میلەتەکان و لەوانەش میلەتی کورد،  عەشایەر و  ناڕێکخراو نییە، ئەمە شتێک نییە کە بۆ ئەبەد نەگۆڕێت؛ بۆ نموونە مێژوو دەیسەلمێنێت یۆنانی خاوەن فەلسەفە و پێشەنگ، ئێستا لە فەلسەفەدا پێشەنگ نییە. ئەڵمانییەکان بەر لە کانت چی بوون لەڕووی فەلسەفییەوە و دوای کانت چی؟ کورد نابێت بچێتە ژێر باری ئەم ناونانەوە کە دوژمنەکانی پێی دەبەخشن، مەگەر بۆ گۆڕینی خۆی نەبێت؛ نەچوونە ژێر بار، بەو مانایەی وەک “فۆڕم و مادە”ی ئەرستۆی لێ بکەین، پێمان وابێت، بەبێ “ناڕێکخراوی و عەشایەری” کورد نابێت، پێمان وابێت کورد و عەشایەری و ناڕێکخراوی، بۆ هەمیشە پێکەوە دووراون؛ بە هەڵوەشانەوەی عەشایەرێتی و ناڕێکخراوێتی ئیتر کورد لەناو دەچێت. ڕوونە  کورد تەنییا بەهۆی نەخوێنەواری و عەشایەری و ڕێکنەخراوییەوە نەبووە، کە نەبووە بە هیچ، بەڵکو هۆکاری ستراتیژیی گرنگ هەبوون کە وایان کردووە کورد بکرێتە ژێردەستی وڵاتێکی وەک عێراق، بۆیە بەریتانییەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان کوردیان لەناو برد[7]. هینری کسینجەر دەڵێت: “پاراستنی کوردەکان دەبوویە هۆی کردنەوەی سەنگەری تازە لە کۆمەڵە شاخێکی سەختی نزیک بە سنووری سۆڤییەت. ئا بەم شێوەیە لە تواناماندا نەبوو داڵدەی جەنگێک بدەین کە بەلای جەماوەری ئەمریکییەوە زۆر نامۆ و دوورەدەست بوو” درێژەی پێ دەدات و کیسینجەر دەڵێت: ستراتیجییەکی گرنگی تێدا بەدی نەدەکرا دژی بەرژەوەندییەکانی “شا” ڕابوەستین، هەروەها درێژەی پێ دەدات و دەڵێت: کورد هێندە بایەخی نەبووە هاوپەیمانێک لە کیسی خۆمان بەین. دانی پێدا دەنێت کە کورد لە ئەزەلەوە بووەتە قوربانی دەستی شوێن و مێژووەکەی[8]. هەندێک شت لەو قۆناغەدا لە دەرەوەی ویستی ئێمەوە گوزەراون. بابەتەکە هەر “نەخوێنەواری و عەشایەرێتی و ڕێکنەخراوێتی، ئامراز یان داشێتی” نییە، شتانێک لە دەرەوە دەگوزەرێن، ئەویش ستراتیژییەتی وڵاتانی دەرەکییە. لە قسەکانی کیسینجەرەوە ئەو ڕاستییە دەبینین، کە دەڵێت کورد لەو قۆناغەدا بووە بە قوربانی دەستی “شوێن” ـەکەی و “مێژوو”ـەکەی. گەر تەماشا بکەین بە تایبەت هێڵێک بێنین بەژێر “شوێن”دا، شوێن هیچ پەیوەندییەکی بە خوێنەوارێتی و عەشایەرێتی و ڕێکخراوێتییەوە نییە، بۆیە سیاسەتی ئەوکاتە “شوێن” ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بێبایەخ سەیرکردنی دۆزی کوردی لە لایەن داگیرکەرەوە؛ واتە گەڕانەوەی تەواوی کێشەکان بۆ کورد خۆی، شکاندنی هێلکەکە لەسەر سەری کورد خۆیدا هەڵەیەکی لۆجیکی و سادەلەوحانەیە لە لایەن دوژمنان و کوردە مێشک داگیرکراوەکانەوە. شێخ مەحموود بێ پێچووپەنا ئاماژە بەوە دەکات؛ عەرەبەکان لە ئێمە عاقڵتر نەبوون، بەڵام ستراتیجییەتی ناوچەکە وای کرد بەریتانییەکان کورد بخەنە ژێر دەستی عەرەبەکانەوە[9]. دەشتوانین ئەو هۆکارە بە درۆ بخەینەوە، یاخود وەک یەک هۆکار تەماشای بکەین کە عەشایەر و نەخوێنەوارین، بۆیە نەبووینە هیچ، عەرەبەکان بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبییان هەیە، لە کاتێکدا وەک ئێمە عەشایەر و نەخوێنەوار بوون؛ [ئەڵبەت ڕەنگە ئەم قسە ناماقووڵ بێت و پێمان وابێت کورد و عەرەب نەخوێنەوار بوون، بەڵام ئێمە ئەمە وەک دیدێکی بێگانەکان تەماشا دەکەین، کە وەک مۆر ناویانە بە کوردەوە] ئێمە هەر لە کۆنەوە کە ئەرستۆ دەخوێنینەوە پێویستە ئەو زەینە تەسک و بچووکبینە فڕێ بدەین کە وامان لێدەکات تیشک بخەینە سەر یەک هۆکار لە پشتی دیاردەیەکەوە، ئەرستۆ زۆر بە سادەیی فێرمان دەکات چەند هۆکارێک لە پشتەوەی هەر هەبوویەکەوە هەن. بۆیە لە دوای تێگەیشتنمان لە ئەرستۆ نابێت سادە و ئاسان بۆ هەر دیاردە و ڕووداوێک یەک هۆکار بخەینە ڕوو؛ بۆ نموونە کورد بۆ نابێت بە هیچ چونکە (خۆخۆرە)، کورد بۆ نابێت بە هیچ چونکە (عەشایەرە) یان هەردوو هۆکارەکە پێکەوە، یان لە مانایەکی فراونتر یەک هۆکاری گشتگیرتر کە تەواوی هۆکارەکانی وەک (عەشایەرێتی- خۆخۆری- نەخوێنەورای- ناڕێکخراوی) دەگرێتە خۆ، ئەویش (هۆکاری ناوەکی)یە؛ نەگەیشتنی کورد بە مافەکانی دیوێکی دەرەکی هەیە کە هەر وەک دیوە ناوخۆییەکە زۆر هۆکار لە خۆیدا هەڵدەگرێت کە کاریگەر دەبن بە یەکتری. بۆ ناسینی کورد، چاوی ئەوی تر (نەیار)، خۆم کە دەبمە ئەوی تری خۆم (دڵسۆز)، پێویستە، هۆکاری (ناوەکی و دەرەکی)ش بۆ تێگەیشتن لە نەبوون بە دەوڵەت گرنگن، ئەوی تری بێگانە هەوڵ دەدات هۆکاری سەربەخۆبوونمان ببەستێتەوە بە هۆکارە ناوخۆییەکانمانەوە (جا ورد یان ڕووکەشانە) بن، لە کاتێکدا چەندان میلەتی تر هەن، هێندەی کورد خەباتیان نەکردووە، ئاگایی سیاسییان هێندەی کورد لەسەرەوە نەبووە کەچی بوون بە دەوڵەت؛ بۆ نموونە کوێت، ئازەربایجان، خودی عێراق و چەندانی تر.

دەتوانین لێرەدا خاڵێکی وردتر و قووڵتر بخەینە سەر بەراوردکاری؛ ئایا بەراوردکاری هەمیشە وا دەکات خۆمان و ئەوانی تری پێ بناسین؟ یاخود توانای هەیە بە لاڕێشماندا ببات؛ بێگومان بەراورد چەندە توانای هەیە دیوە شاراوەکان و نەناسراوەکانی خۆمان بخاتە بەردەم؛ هەر بەو شێوە وامان لێ دەکات خۆمان نەناسین، یان لانی کەم خۆمان باش نەناسین، بۆ نموونە هەندێکجار دەیبینین دوای سەرهەڵدانی فیکری نەتەوەیی، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی سەیروسەمەرە دراوەتە پاڵ کورد، ڕەقهەڵهاتووە، بووە بە حەقیقەتێکی کۆنکرێتی لە زەینی تاکی کورددا، مەحاڵە بۆچوونی (بێگانەیەکی دووژمن) بە کورد و (کوردێکی دڵسۆز) لێک جیا بکەینەوە؛ هێندە بۆچوونەکانیان لێکەوە نزیک یان وەک یەکە. ڕادەستی جۆرەها بیرۆکەی نامرۆڤانە کراوین، وەک بڵێی ئێمە بێ ئەو بیرۆکانە بوونمان هەڵدەوەشێتەوە و نامێنین؛ لە کاتێکدا ورد دەبینەوە ئەو پێناسانەی بۆمان کراوە و ڕەق هەڵهاتوون، بوون بە جۆرێک لە ڕاستی نکووڵی لێ نەکراو،  ڕەنگە هەندێک یان زۆرێکیان لە کورددا بوونی نەبێت، بەڵام کردوومانە بە بەشێک لە چییەتیی خۆمان، وەک ناسنامەیەکی جەوهەری و زاتی تەماشایان دەکەین. واتە کاتێک خۆمان بەراورد دەکەین بە میلەتێکی دی، لە ڕاستیدا ئەو پێناسە خراپانەی بۆمان کراوە، قبووڵی دەکەین و کردوومانن بە بەشێک لە سوبێکتیڤیتەی خۆمان، بۆیە کاتێک خۆمان بە میلەتێکی تر بەراورد دەکەین، بەهۆی ئەم بەراوردەوە زیاتر لە خۆمان دوور دەکەوینەوە و بە خۆمان نامۆ دەبین، چونکە پێناسەی (نەزان و دووژمنەکانمان) بووە بە ناسنامەمان؛ ئەوەی نەزان و دووژمنەکانمان دەربارەی کورد وتوویانە لێمان بووە بە حەقیقەت و بەراوردی دەکەین بە میلەتەکانی تر؛ گەر وشیارانە مامەڵە نەکەین ئەویتری (نەزان و نەیار) و (منێکی وەک خەمخۆری کورد) تێکەڵ دەبین و لەگەڵ ئەوی تری نەزان و نەیاردا دەپلێشێمەوە، وای لێ دێ هەمان شت دەڵێمەوە کە دەربارەی من (کورد) هەڵی بەستووە؛ لە کاتێکدا پێویستە ئەو پێناسە خراپانەی بۆ کورد کراون، بەراورد بکرێنەوە بە واقعییەتی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی خۆمان و بزانین هەر بە ڕاست ئێمەی میلەتی کورد ئەو ناوانەی لێمان نراون ڕاستن؟ ئایا ئەو ناوانە زاتی و نەگۆڕن یاخود میلەتانی تریش بە قۆناغی ئێمەدا ڕۆیشتوون، یاخود میلەت هەیە بە هەمان تایبەتمەندیی فەرهەنگیی ئێمەوە خاوەن دەوڵەت بێت. بۆ نموونە کوردەکان کێوین؟ ئێمە جەنگاوەرین، سیاسی نەبووین، کەمینەین؟ با وای دابنێین ڕاستە کەمینەین لە وڵاتانی داگیرکەران [لەکاتێکدا زۆرینەی خاکی خۆمان نین لەو خاکانەی داگیریان کردوون]، ئایا ئێمە میلەتێکی توندڕەو و توندوتیژین تا کەس نەوێرێت بێتە ناومانەوە؟ بۆ نموونە ڕاگەیاندنەکانی هەندێک وڵاتی داگیرکەر کوردیان بە جۆرێک نیشان داوە کە مرۆڤ سەر دەبڕن! ئەمە بووە بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کورد لە چاوی ئەوی تری خەڵکی بێگانەوە، زۆرێک لە کوردەکان وەک شانازی ئەم تایبەتمەندییەیان خستووەتە سەر ناسنامەی میلەتی کورد؛ چەندان هەڵیت و پەڵیتی تر. کورد نابێت، تەسلیمی ئەم ئایدیایانە بێت، وەک بڵێی بەربەرییە، بە شانازییەوە بڵێت: بەڵێ ئێمەی کورد مرۆڤ سەر دەبڕین! نابێت بەربەرییەتی خۆی بە میلەتانی تر بەراورد بکات، گەر وا نەبێت واتە خۆی نەناسیووە، لە کاتێکدا ڕەنگە “نەناسینی خۆی” بەراورد کردبێت بە میلەتێکی تر [بەراوردکردنی پێناسەیەکی “نامۆ” بە خۆت (کورد)، بە میلەتێکی تر]؛ ناشبێت، تا ئاستی فاشیستێتیی هەموو نەتەوەیەکی تر بکەیتە شەیتان و خۆت فریشتە. هەرچی ئەرێنی (پۆزەتیڤە) هی خۆیەتی و هەرچی نەرێنی (نێگەتیڤ)ـە بەهۆی میلەتێکی ترەوە هاتووەتە ناو کوردەوە؛ ئەمەش وەهمێکی نائەقڵانی و ڕقاویانەیە بەرانبەر کولتوورێکی تر، کە هەندێک بە ناوی مێژوونووسییەوە ئەم پۆخڵەواتەمان دەرخوارد دەدەن. بەراوردکاری لە ئاستێکی سەرەتاییدا ڕێک و ڕاست، ڕەنگە هەمووان زانیاری لێ وەربگرین، لە ئاستی تردا ڕەنگە پڕمان کات لە زانیاریی هەڵە، گەر بێت و سەرەتا ئەوەی لەسەرمان وتراوە (نەخوێنەوارن، منداڵن، سەر دەبڕن، توندوتیژن…)، بەراورد نەکەینەوە بە واقیعە کۆمەڵایەتییەکە لە ئێستا و ڕابردوودا؛ لێرەوە پێویستە لەو ئەویترە دوژمنە ڕزگارمان بێت کە بە تایبەتمەندیی خراپ و نەرێنی پێناسەی کردووین، تاکو ئەوێکی تریی بنکۆڵکار و لۆژیکی درووست دەبێت؛ بەو مانایەی وەک تووتی ئەو شتە نەڵێینەوە، کە داگیرکرکەر ئاخنیوییەتە مێشکمانەوە، بەڵکو پێویستە شوناسە ساختەکەی هەڵسەنگێنین، هەرچی ئایدیای پڕووپوچ و ناڕاستە تووڕی بدەین و لە شوناسی خۆمانی بکەینەوە؛ گەر لایەنە نەرێنییەکان ڕاست بوون، بخرێنەوە بەردەم پڕۆسەی گۆڕانکاری، گەر ڕاست نەبوون، ئەوە ڕاستی تایبەتمەندییەکانمان لەژێر ئەو بانگەشە درۆیینە بهێنینە دەرەوە و  بەراوردی بکەین بە میلەتانی دی. بە مانایەکی دی دەشێت، پێناسەکردن و ناونانمان لە لایەن ئەوی ترەوە، لە تۆمەتێک زیاتر هیچی تر نەبێت، ڕەنگە بە پێچەوانەشەوە، ڕاستی تێدا بێت، جا پێناسەکان یاخود ناونانەکان (ئەرێنی یان نەرێنی) بن. بۆیە گەر ڕۆح نەکەین بە بەری یاسایەکی لۆجیکیدا، کاتێک دەمانەوێ دیاردەکان و بۆچوونەکان بکەینە ناوییەوە، تووشی هەڵە دەبین؛ کاتێک دەڵێین (ئەلف) لە (با) گەورەترە، (با) لە (جیم) گەورەترە، کەواتە (با) لە (جیم) گەورەترە. ئەم یاسایە وەک دۆخێکی ناوەکی، گەر تەواوی زانیارییەکانی، بەبێ کۆڵینەوە بە ڕاست دابنێین، بێگومان ڕاستە. پێویستە ئێمە بەم دەرەنجامە ڕازی نەبین، ڕەنگە کۆڵینەوە و بنکۆڵی زانیارییەکان بکەین لەسەر (ئەلف و با و جیم)، دواجار بگەینە ئەو ڕاستییەی (ئەلف) لە واقیعدا لە (با) گەورەتر نییە، بۆیە ڕوون نییە کە لە (جیم) یش گەورەتر بێت، بۆیە پێویستە ڕازی نەبین بە یاسا لۆجیکییە شکڵییەکە، بەڵکو پێویستە بە گەڕانەوە بۆ واقیع لەڕێی بینین و ئەزموونەوە… بزانین (ئەلف- با_-جیم)، کامیان گەورەترن. لێرەوە گرنگە قسەی بێگانەکان لەسەر کورد وەک ئەو یاسا لۆجیکییە تەماشا بکەین، دواتر بێین و بزانین کە ئەو زانیارییانەی یاساکەیان پێ داڕێژراوە، هەر بە ڕاست، ڕاستن یان نا؟

 

سەرچاوەکان

کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ١٩٢٠-١٩٢٢، وەرگێڕانی دکتۆر شێرکۆ فەتحوڵا، ئامادەکردن و بڵاوبوکردنەوەی پێشەکی: دکتۆر نەجات عەبدوڵا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٢

کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ١٩٢٠-١٩٢٢

مێژووی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود لە بەڵگەنامە نهێنییەکاندا، نوسین و ساخکردنەوەی کەمال نوری مەعروف، بەرگی یەکەم، چاپخانەی یاد، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٦

دۆزی کورد لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دا (سەرچاوە کتێبی بەڵگە نامەیی)، بەشی یەکەم، کۆکردنەوە و ڕێکخستنی لوقمان مەحۆ، وەرگێڕانی عەبدولکەریم عوزێری، چاپخانەی شڤان، سلێمانی

کورد و ئەمریکا، شیرین فواد مەعصوم، وەرگێڕانی ڕزگار عومەر عەلی، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، ساڵی٢٠١٢

[1]  کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ١٩٢٠-١٩٢٢، وەرگێڕانی دکتۆر شێرکۆ فەتحوڵا، ئامادەکردن و بڵاوبوکردنەوەی پێشەکی: دکتۆر نەجات عەبدوڵا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٢، لاپەڕە ٨٠

[2] دکتۆر شیرین لا ٢٨

[3]  کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ١٩٢٠-١٩٢٢، لاپەڕە ١١

[4]  دکتۆر شیرین لاپەڕە ٢٨

[5]  لاپەڕە ١٥٠

[6] دکتۆر شیرین لاپەڕە ٣٧-٣٨

[7] نوسین و ساخکردنەوەی کەمال نوری مەعروف، مێژووی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود لە بەڵگەنامە نهێنییەکاندا، بەرگی یەکەم، چاپخانەی یاد، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٦ لاپەڕە ٢١٨

[8]  دۆزی کورد لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دا (سەرچاوە کتێبی بەڵگە نامەیی)، بەشی یەکەم، کۆکردنەوە و ڕێکخستنی لوقمان مەحۆ، وەرگێڕانی عەبدولکەریم عوزێری، چاپخانەی شڤان، سلێمانیلاپەڕە ٢٨ و ٥٤

[9]  کەمال نوری مەعروف لاپەڕە ٢١٨

Share this article