نووسین: دییە ڕوها
ئەم نووسینە هەوڵێکە تاوەکو ڕۆمانی«شیرین و فەرهاد: شانامەی مادەکان»ی زەردەشت نوورەدین لەڕێی چەمکی هەڵوەشاندنەوە[1]ی دێرێداوە بخوێنینەوە؛ دەخوازێت بڵێت مادەکان بەرجەستەبوونەوەی فەلسەفی و مێژوویی جیهانی پێش-لۆگۆستەوەری[2]ی میتۆسن؛ جیهانێک هەڵگری دونیای فرەماناکان، جەستەیەتی و قبووڵکردنی نادیارن. لە بەرانبەریاندا هەخامشییەکان هەن کە هەڵگری دونیای دووانە دژبەیەکەکان و ئارکیتایپی لۆگۆستەوەر[3]ن. ئەمەش وا دەکات ماددەکان ببنە بەرجەستەبوونەوەی مێژوویی بنەماکانی هەڵوەشاندنەوە، کە گومان دەخەنە سەر مێتافیزیکی هەخامشی و ئەو دژیەکانەی تا ئێستاش ئەقڵی مۆدێرنەیان تەنیوە؛ کەواتە سەرەڕای ئەوەی سەردەمی ماددەکان بە هەزارەها ساڵ بەر لە چەمکی هەڵوەشاندنەوەی دێرێدان، بەڵام پراکتیزەکراوترینی ئەو چەمکەن. گەر بە ڕوانگەی دێرێداییانە سەیری ڕۆمانەکە بکەین، دەبینین نەک تەنیا مانای دووانە دژبەیەک[4]ەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و سەر لەنوێ چەندان مانای جیاوازی تریان بۆ دەدۆزێتەوە، تەنیا بەم هەڵوەشاندنەوە زمانەوانییەوە ناوەستێت و کۆی سەردەم و کۆمانای هەموو سیستمەکانی ئیمڕۆمان هەڵدەوەشێنێتەوە. گەر بێت و بێین نەک یەک چەمک، بەڵکو سەرجەمی ئەم ژیانەی ئێستامان هەڵبوەشێنینەوە، لە دەرەنجامدا سەردەمی ماددەکانمان بۆ دروست دەبێتەوە.
زۆرجار لە وڵامی ئەو پرسیارەی داخۆ ئەو نەزمە چییە کە لەپێناوی یەک تاقانەدا دەیەوێت هەر ئەویترێک بسڕێتەوە؟ دەگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی یۆنان، بەڵام ڕۆمانەکە دەخوازێت دوورتر بگەڕێتەوە، بەرەو ئەو هێڵە ونبووەی پێش فەلسەفەی یۆنانە و ئەو هێڵەی خۆی شێوە بە فەلسەفە دەدات و دواتر لەناو مەعریفەی باودا توندوتیژییەکەی خۆی دەخاتە ئەستۆی فەلسەفە؛ ئەو هێڵەش دواڵیزمی زەردەشتییە. دواجار مادەکان تەنیا هەقیقەتێکی مێژوویی لەدەستچوو نین، بەڵکو ئیمکانێکی ئیپیستیمی لەدەستچوون –شێوەیەکی بوون کە لەڕێی باوەشکردن بە تاریکی- جیاوازی و فرەیی ماناوە بەرەنگاری پاڵنەری دەسەڵاتخوازی مەرکەزگەرایی، کاپیتاڵیزم و فەلسەفەی لۆگۆستەوەری دەبێتەوە.
لە پێش مێژووەوە چەندان هەوڵ هەبوون تاوەکو بەتەواوەتی لۆگۆس بەسەر میتۆسدا سەربخەن، بەڵام بە هەرجۆرێک بێت ئەم هەوڵانەیان شکستیان خواردووە، یان تەنیا ماوەیەکی کاتی خۆیان گرتووە، بەڵام سەرکەوتووترین کوشتن ئوستوورەی ئەهریمەن (تاریکی، پەشێوی، خراپە) و ئەهورایە (ڕووناکی، نەزم، چاکە) کە یەکەمیان بە نوێنەرایەتیی مادەکان (سەرەتا ئیشتەڤەگۆ و پاشان بەرزیا) و دووەمیان هەخامشییەکان (ئاریاهیم[5] پاشان داریوش) کە تا ئێستاش مێژوو و سەردەمی ئێستامان درێژکراوەی ئەو کوشتنەیە.
جیهانی ماد و ئیپیستیمۆلۆژی میتۆس
گەر سەیری شێوەژیانی مادەکان بکەین، دەبینین بە تەواوی لەناو سەردەمی میتۆسدا دەژین؛ بۆ مادەکان ماناکان ئەبستراکت و ئەقڵانی نین، بەڵکو ڕەمزیین و لەڕێی ڕێوڕەسمە پیرۆزەکانەوە، کە زەمینی و ئیلاهی بەیەکەوە دەبەستنەوە، مانا بە ژیانیان دەبەخشن. توخمەکانی سەما، خواردنەوەی سۆما، قوربانی پیرۆز، تەجسیدی ئیلاهی لەناو پەیکەرە زەمینییەکان، شایەتی ئەوەن مانا ڕوون ناکرێتەوە بەڵکو ئەزموون دەکرێت. گەردوونناسی و بوونناسییان لەناو پانتایی لۆژیکی ئەقڵانی یاخود زانستی ئەبستراکتدا نییە، بەڵکو لەناو چوارچێوەی ئوستوورە و حەکایەتگێڕانەوەیە؛ ئوستوورەیەک لەناویاندا وەکوو یادەوەری دەسەجەمی[6] ناوەکی بووەتەوە و بەشێکە لە خۆیان.
شێوازی ماناسازیی مادەکان ڕەخنەی بەسەنتەرکردنی مەدلوولی باڵابووەوە دەکات، بە هەمان شێوەی دێرێدا کە ڕەخنەی چەمکی حزور دەکات. لەبری ئەوە مانا دەگەڕێنێتەوە بۆ گەمەی ڕەمز و ئەو ڕێوڕەسمانەی تاقە لێکدانەوەی ڕەها دوا دەخەن و هەرگیز پێی ناگەن. ئەم دواخستنە شکستی دەستگەیشتن بە هەقیقەت نییە، بەڵکو درکپێکردنە بەوەی خودی هەقیقەت سنووری یەک فۆرمولەی تاقانە تێدەپەڕێنێت. لەڕێی نزیکبوونەوە لە هەندێک تایبەتمەندییەکانی مادەکانەوە، هەوڵ دەدەین نزیکیان لەگەڵ چەمکی هەڵوەشاندنەوە و ئەو جیهانەی بەرهەمی دەهێنیت زیاتر ڕوون بکەینەوە:
زەمینی: هەڵوەشاندنەوەی مێتافیزیک
١.ئیلاهییەتی ناونشینبوو \ مێتافیزیکی باڵابووەوە
ڕوانگەی مادەکان بۆ ئیلاهییەت ڕاستەوخۆ ئەو بونیادە ترانسیدێنتاڵەی مێتافیزیکی ڕۆژئاوای تەنیوە، دەهەژەنێت. تیۆلۆژیای مادی هەڵگری ناونشینبوونەوەی ڕادیکاڵە؛ لەبری ئەوەی خوا تەنیا لەڕێێ تێفکرینە ئەقڵانییەکانەوە بەردەست بکات، دەیکاتە حزوورێکی ناونشینبوو[7]ەوە کە بە بەری ژیانی زەمینیدا کرابێت. هەربۆیە خواهانە[8] لەناو هەموو شتێکی زەویدا وەکوو کێو، ڕووبار، مۆسیقا، پەیکەر، دەنگی خۆش و هتد… بەرجەستە دەبێت و هەمووان دەتوانن لەڕێی نەزر و قوربانییەوە پەیوەندییان پێوە ببەستن و خەمە قووڵەکانیان مانادار بکەنەوە. تەنانەت کێوی بەگستانا منداڵدانی لەدایکبوونی میترایە؛ لەدایکبوونی فۆڕمی ئایدیاڵی لەناو دەرکەوتەی ماتریاڵیدا.
ژیانی هەمووان، لە حکومڕانی پاشاوە بیگرە تاوەکو یاسا، کردە ڕۆژانەییەکان، دیاردە و کارەساتە سروشتییەکان بە مانا قووڵەکانی ئیلاهییەت و نەریتی پیرۆزی ناو ئوستوورەوە (خەیاڵی کولتووری[9]) بەندە؛ بۆ هەموو کاروبارێکیان پیرۆزی و بەرەکەت لە خواکان وەردەگرن، نەک تەنیا کەسی ئاسایی، بەڵکو زێبا شاخاتوون شیرینیش پەنا بۆ فەڕی خاتوونی مانگ مێکەڵ دەبات، تاوەکو توانای ئاوسبوونی پێ بدات. تەنانەت دێو و پەرییەکان لەگەڵ مرۆڤ دەست تێکەڵ دەکەن و هونەر و وزەی ناکۆتا لە جەستەی مرۆڤدا وەگەڕ دەخەن.
هەروەتر تەنانەت مادەکان بەشێکی زۆری سزادانەکانیشیان ڕەمزییە و لەڕێی پانتایی خواکانەوەیە، نەوەک تۆڵە و سزای مرۆیی. شیرین سەرباری دەسەڵاتی وەکوو شاژن، بە ئەستێرەناسەکەی دەڵێت«گفت دەدەم بە نێرکەڵ [خوای مەرگ، نەخۆشی و بەڵا] گەر درۆ بکەیت لەناوت بەرێت، خۆت و بنەماڵەکەت نابووت بکات….[10]» و لە بەرانبەردا ئەستێرەناسەکە ئامادەیە هەر جۆرە سزایەکی بدات تەنیا نەیداتە دەست بەڵای خواکان. بەم مانایە ئەم سزایە سیمبۆلێکە کە بەرپرسیاربوونی خوای زەمینییە دەرهەق بە مرۆڤ و بە پێچەوانەوە، لەناو ئیپیستیمی خۆیاندا زۆر کاریگەرتر بووە لە هەر جۆرە یاسایەکی توندوتیژ.
٢. خەلقی جەستەدار و زمان
بەپێی مرۆڤپەیدایی مادەکان، جەستەداری و هەست ڕایەڵەی پەیوەندیی مرۆڤ و خواکانن. خواکان هەرگیز خەیاڵی ئافراندنی مرۆڤیان نەکردووە و تەنیا تەنبووریان ئافراندووە؛ بێئاگا لەوەی تەنبوور لە خۆیدا هەست و جەستەیەتی هەڵگرتووە«تەنبوور هەست بە خواکان دەبەخشێت، هەست بە جەستەداری و بارستایی بوونیان دەکەن و چیدی لە پانتایی هزر و ئەندێشەی ڕەها دەربازیان دەبێت و هەستەکانیان بۆ دروست دەبێت.[11]» ئەم لەدایکبوونی هەستە وا دەکات مرۆڤ خەلق ببێت، بە پێچەوانەی خەلقکردنی نەریتی کە لە ڕێی لۆگۆس و وشەوەیە (هزر و ئەندێشە)، خەلقکردنی مادی خەلقێکە بەهۆی هەستەوەیە کە بەناو سەمای مۆسیقادا لەدایک دەبێت و بەرهەمەکەشی[12] ئافراندنی مرۆڤێکی جەستەدارە کە ڕێز و چێژ لە هەستەکانی دەگرێت. ئەمەش وا دەکات هەستەکان ڕاستگۆترین و قووڵترین دەربڕینی مرۆڤ بن؛ دەربڕی کون و کەلەبەرە ئاڵۆزەکانی جەستەن و گوزارشت لە جەستەیەتی دەکەن؛ هەستی جەستە لەناو وشەدا لەبار دەچێت، وشەکان سەرکووتی دەکەن و لەبری ئەمان دەرهاویشتەی خۆیان کە لەژێر هەژموونی هەزاران ناچارییدایە دەگوازنەوە. «ئەو هەستانەی لە وشەدا جێگەیان نابێتەوە و لێوەی دەڕژێن و بەدەم و لێویدا دێنە خوارەوە، دەڕژێنە ناو گیانەوە، بە گیانەوە دەردەکەون و جەستە دەبریسکێننەوە»[13]
بەو پێیەی خەلق لۆگۆسیی نییە، هەربۆیە وشە (لۆگۆس) بەسەر بووندا زاڵ نییە تاوەکو هەمووشتێک کورت ببێتەوە بۆ وشە، بەڵکو«پێش ناو بوون هەیە و ناو، بوون بەدی ناهێنێت…. ناو بریتییە لە دەستوەردانی مرۆیی لە بووندا»[14]بەم ڕوانینە حورمەتێکی زیاتر بۆ بوونی مرۆڤ دەگەڕێندرێتەوە و ناکرێتە قوربانی سیستمێکی گەورەتری زمانەوانی؛ مرۆڤ نابێتە کەرەستەی دەستی زمان، بەڵکو مرۆڤ خۆی پێشوەختە هەیە و زمان تەنیا ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی بیروڕا و بیرکردنەوەکانی. لێرەدا زمان لە سیستمێکی سەپێنەرەوە دەگۆڕێت بۆ پنتی بەشداریی مرۆیی و بەریەککەوتن.
فرەخوایی ماد: لەسەنتەرخستنی تیۆلۆژی
ماد «جیهانی بۆ دوو بەرەی دژبەیەک دابەش نەکردووە، جیهانی وەک خۆی قبووڵ کردووە بە هەموو فرەیی و جیاوازییەکانییەوە[15]»؛ ئەم فرەیی ڕوانینە وادەکات لەناو تیۆلۆژیایاندا بە تەنیا یەک خوا چەق نەبێت و هەموو شانشینەکە بەس بۆ ئەو بگەڕێنەوە. بەڵکو هەر پەرستگایەکی ناوچەیەک جڤاتێک لە خوای هەبووە، کە هەموویان بە ئەندازەی یەکتر گرنگ بوون و جڤاتی ئێرە لە یەکێکی تر جیاواز بووە؛ خەڵکی ڕێوڕەسمیان بۆ ئەوانەی خۆیان گێڕاوە، بەڵام ڕێزیان لە خوای ئەوانی تریش گرتووە و تەنانەت لە کاتی پێویستیدا پەناشیان بۆ بردوون. لەبری گەورەی گەورەکان لە هەر جڤاتێکدا سەرجڤاتێک هەبووە کە «لەگەڵ خواکانی تردا مانای وەردەگرت و بە تەنیا و دابڕاو لەوانیتر، هیچ جۆرە مانایەکی نەبوو .»[16]
فرەخوایی بەناو دەسەڵات و ناوەندگەراییدا بیر ناکاتەوە:«خوای چاکە و خراپەی نییە و هەموو خوایەک فەڕ و بەرەکەتی خۆی هەیە و پلەبەندی لەنێوانیان نییە». هەربۆیە فرەخوایی بەو مانایە نایەت کە خوایەک گەورەی هەموو خواکانی تر بێت و ئەوانی تر لاوەکی لەژێر دەستیدا بن، بەڵکو هەر یەکێک ئەرکی جیاوازی لە پانتایی جیاوازدا ڕادەپەڕاند کە خوایەکی تر نەیدەتوانی جێگەی بگرێتەوە. ئەم لەسەنتەرخستنە تیۆلۆژییە پراکتیزەی چەمکی دێفێرانسە؛ مانا لە مەدلوولێکی باڵابووەوەدا جێگیر نەکراوە، بەڵکو لەناو گەمەی ئازادی نێوان خواکاندا بەدی هێنراوە.
فرەپاشایەتی و لەسەنتەرخستنی هێز
«شانشینی مادەکان لە چەندان پاشایەتی ناوخۆیی پێک دەهات، هەر ناوچەیەک قەوارەیەک بوو کە پاشای تایبەتی خۆی هەبوو و دواجار پاشایەک کە پاشایەتی پاشاکانی دەکرد، پێیان دەوت شاسەر»[17]. ئەم جۆرە دوورکەوتنەوەیە لە چەقگەرایی هاوشێوەی فرەخوایی، وا دەکات هەمیشە جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ یەکتر هەبێت لەناو ئەم سووڕەدا کە گەمەی ئازادی نەوەک هێزی ڕەها لێوەی دەخولقێت.
لە میراتی مادەکاندا، هەر حەوت ساڵ جارێک پاشای شانشین لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە نەوەک بۆماوەیی و خوێنی بێت: تەنانەت دیاکۆ دامەزرێنەری شانشینی ماد، خۆی جووتیار بووە. وەگەڕخستنەوەی هەڵبژاردنی پاشای شانشین پاشایەتی لە خوێن و بنەماڵە، لە کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان دەپارێزێت و تەنانەت گەر بێت و پاشایەک ستەمکار بێت، تەنیا ٧ ساڵ تەمەنی دەبێت و بە ئاسانی خەڵک دەتوانێت لێی دەربازی ببێت. پاشایەتی چیدی پێگەیەکی دوور و خەیاڵی نییە، بەڵکو بە جۆرێک هی هەمووانە و بۆ هەمووکەس بەردەستە.
لەدایکبوونەوە: ئەودیوو گەشەسەندنی هێڵی
ئاگایی زەمەنی مادەکان بەناو سووڕی دووبارەبوونەوەی لەدایکبوونەوە و دۆناودۆندا دەڕوات، نەوەک گەشەسەندنی هێڵی. ڕووداوەکان لە پەیوەند بە سووڕە پێشبینینەکراوەکانی سروشتەوە ڕوو دەدەن -تەنانەت ڕێوڕەسمەکانیش بەپێی جووڵەی ئاڵۆزی مانگ و ئەستێرەکانن- جەژنی پاییزەنەوشین و ڕواندنەوەی مردووان یەکێکن لەمانە. لەوێدا زەمەن هێڵی نییە و ژیان بە مەرگ بەرەو جەهەنەمی ڕۆحی کۆتادار نەکراوە؛ ژیانی مرۆڤ بەدەر نییە لە سووڕی چاندن، چەکەرە، پشکۆ و بەرگرتن پاشان زستان- سڕبوون و دواتر سەرلەنوێ چاندنەوە؛ هەربۆیە کاتێک سروشت گیانی گیا دەیگرێتەوە، مرۆڤیش جەژنی بەهارەنەوژین دەگێڕێت، تاوەکو خوا میترا گیان بداتەوە مردووەکانی. گەر بێت و مانای مەرگ چیتر بەکۆتاگەیشتن نا، بەڵکو گواستنەوە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر بێت، ئەوکات مەجال بۆ بونیادنانی دواین مانا و ئامانجی ڕەها نامێنێت.
نەزانراوێتی چەمکی دیفێرانسە: تاریکپەرستی نادڵنیایی[18] ژیانە
هەر ئەو توخمی نەزانراوێتییەی سروشتە ڕێگەی بۆ توخمی ناشەفافی کردۆتەوە و هەقیقەتی ڕەمزی کردووە؛ ڕەمزییەت کۆتا مانا هەڵناگرێت، هەمیشە نەزانراوێک،ئاڵۆزییەک، تاریکییەک و پارادۆکسێک هەیە کە خۆی شەفاف ناکاتەوە و مرۆڤیش چێژ لەو نەزانراوییەی دەبینێت. هەر ئەو نەزانراوێتییەیە وا دەکات “فرەیی مانا” جێی ببێتەوە و هەمیشە نوێ و قبووڵکراو بێت.
نادیاری و درکەنراوی ژیان کە تراژیدیای ژیانە، بەڵام هەر خۆشی گوڕی پێ دەدات بەردەوام بێت، نەزانین نییە بەڵکو«نازانین»ە. یەکەمیان «ئاگادارنەبوون دەربارەی زانین، یان زانینێکی دیاریکراوە… دۆخی پێش زانینە، تەنیا دەلالەت لە نەبوونی زانین دەکات»، بەڵام «نازانین، شتێکە لە دەرەوەی زانین… نازانین سەر بە وشە و دەربڕین نییە و گۆ ناکرێت و نایەتە ناو زمانەوە، لە ڕەگەزی بێدەنگی و خامۆشییە و زمان بەرانبەری بێدەسەڵاتە[19]»، بە پێچەوانەی زانینەوە کە سەر بە زمانە. کاتێک باوەڕ بە نازانین دەهێنین چیتر چەمکی هەقیقەتی ڕەها ڕەوایەتی نامێنێت، کاتێک لەبەردەم نادیارداین، ئەوا هەرگیز هەقیقەت خۆی بۆمان کەشف نەکردووە و نایکات.
«قورسترین بەرپرسیارێتی کە مرۆڤ لەسەر شانی بێت بەرپرسیاربوونە بەرانبەر شتێکی نادیار، کە بێ ئەوەی بزانێت چییە، ناچارە لە ئەستۆی بگرێت[20]» تەواوی ژیانی مرۆڤ و هەر کردەیەک ئەنجامی بدات بەهۆی تاریکی ژیانەوە «گرەوێکە لەسەر نادیار و بەرپرسیاربوونە بەرانبەر ئەو نادیارییە». مرۆڤ بەبێ قبووڵکردنی ئەم نادیاری و چاوەڕوانکردنی تاریکییە، نە دەتوانێت بژی و نە دەتوانێت ژیانی مانادار بکات، چونکە هەر هەوڵدانێک بۆ فەزحکردن و شەفافکردنەوەی ئەو نادیارە سەرکێشی مەرگ هانی دەدات و دواجار لە مەرگدا سەر دەنێتەوە: مەرگ ڕۆشنترین و سپیترین ڕووداوی ناو ژیانە، کە ژیان واتە تاریکی هیچ تێدا نامێنێت و هەمووشت ڕووناک دەبێتەوە. تاریکی کە بزوێنەری ژیانە و وادەکات مرۆڤ هەمیشە بەهۆی ئەو نادیارێتییەوە جموجۆڵی هەبێت، ڕووناکبوونەوەی ڕەها مەرگە: ڕووناککردنەوەی جەستە، جێگیرکردن و لەگۆڕانخستنی چارەنووس و حەز و هەموو چالاکییەکانی مرۆڤە،«هەرکامێک لەمانە کە ڕوون بوونەوە دەسوێن، گەر لێڵی و تاریکیان تێدا نەمێنێت دەبنە بەندایەتی و بێگاری، لەو ساتەدا چیدی گیان بەرگەی گیان ناگرێت و لە گیان دەردەچێت.»
تاریکی نەزانینی گەمژانە یاخود نەفامی نییە، بەڵکو تاریکی ئەو بەشە درکپێنەکراو و نەزانراوەی گەردوونە کە وادەکات نە مەعریفە و نە هەقیقەت هەرگیز ڕەها نەبن. هیچ کەس«هیچ نازانێت دەربارەی ئەو نهێنییەی وا لە ناوەڕاستدا دانیشتووە و بە نەزانینمان پێدەکەنێت»[21]. چاوەڕوانیی نادیار سەرباری ئەوەی مرۆڤ بە هەڵواسراوی دەهێڵیتەوە و نایگەێنێت بە یەقینی ئایینی نەریتی، بەڵام دواجار نزیکترین و قووڵترین ڕێگایە لەوەی دەمانەوێت.
جۆرێک لە خۆدانە دەست تاریکی هەیە کە لەڕێی ئیشتەڤەگۆوە لە سەرلەبەری ڕۆمانەکەدا ئەزموونی دەکەین، ئەو متمانە بە تاریکییە تەنانەت دێتە شەخسیترین پانتاییەوە: هەموو ئەندامانی خێزانەکەی دەتوانن بەبێ پرس و هەر کاتێک بڕۆنە ژووری نووستنی. تەنانەت ئیشتەڤەگۆ کاتێک دەمرێ تروسکایی تاریکی تێدا دەمێنێتەوە، چونکە هەرگیز چارەنووس و باوەڕی، زۆر ڕووناک نەبووە و لەگەڵ هەمووشت بە تاریکی ژیاوە، بۆیە وەک بڵێێ مەرگ نەیتوانیبێت هەموو هەقیقەتەکەی کەشف کردبێت. ئەمە بۆ چارەنووسی هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە تاریکی هەیە وەهایە.
گۆڕان و پارادۆکس
مادەکان هاوشێوەی ڕەشمارەکانیان کە کاژ فڕێ دەدەن، لەناو سووڕی گۆڕان[22]دان؛ هەمیشە بەها و مانای نوێ خەلق دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە یەک بەها نییە، یەک گێڕانەوە نییە، چونکە میتۆس نایەوێت نەزم دروست بکات، بەڵکو لەناو فرەیی ئوستوورەکانی تردا سەما دەکات. میتۆس زاگەی پارادۆکسەکانە؛ هەم خوایە و هەم شەیتانە، هەم ئازارە و هەم دەرمانە. فیگەری شاوشکا هەڵگری ئەم گرژیەیە: «شاوشکا هەر مێخوای خۆشەویستی و ئارەزووە کوێرەکان نییە، بەڵکو مێخوای شیفا و چاکبوونەوەشە.. خۆی زانیویەتی ئەشق بریندارکەرە، بۆیە شیفاشی بەخشیوە و سەبووری دڵی ئەوانە دەدات کە زەبریان بەرکەوتووە.[23]» ئەوە توخمی پەشێوی و شێتی میتۆسە کە ڕێگە دەدات هەموو ئەو دژیەکانە لەناویدا کۆ ببنەوە.
لەم سۆنگەوە، شوناسییشان گۆڕاوە: پلە و پێگەی پاشایەتی، کاهین، ژەنیار، جووتیار و هتد… تەنیا ئەرک و بەرپرسیارێتین کە مرۆڤ دەبێت لە کات و شوێنی دیاریکراودا بەجێیان بگەیەنێت، نەوەک بەشێک بن لە سروشتی مرۆڤ و ببن بە جەوهەری: «لە دەرەوەی ئەو ئەرکە، هەمووان وەکوو یەکن و هاوشانشینی یەکسانن»[24]بەو مانایەی هەمووان مرۆڤن، واتە پاشایەک تەنیا لە کاتی ئەرکی پاشایەتییەکەیدا پاشایە و دەسەڵاتی هەیە، لە دەرەوەی ئەو ئەرکە یەکسانە لەگەڵ هەموو ئەوانی تر. مرۆڤ تەنیا ئەوەندەی لەسەرە هاوکار و هاوخەمی یەکتری بێت.
دیمەنی بەرایی جەنگی مێتافیزیکی: هەخامشی
لای هەخامشییەکان هەقیقەت بەناو ڕێوڕەسمی ڕەمزیدا بەرجەستە نابێت، بەڵکو ئەبستراکت و مێتافیزیکییە و لە دەرەوەی ژیانی ڕۆژانەیە، تەنیا لەڕێی یاسا، وشە و ئەقڵەوە بەردەستە. ئەقڵ باوەش بە پارادۆکسدا ناکات، بەڵکە ئەوەی لێی تێناگات و نەزانراوە دەیسڕێتەوە، خۆی ناچار بە تاریکی و نەزانراوی ناکات؛ ئەقڵ یەک هەقیقەتی دەوێت کە ببێتە چەقی هەموو ئەوانەی پێشووتر فرەهەقیقەت بوون و لاوەکییان بکاتەوە تاوەکو ئاستی نەمان. چەقەکە هەموو شت بە سیستم[25] دەکات. ئاریاهیم بۆ ئەوەی نەزم دروست بکات دەبێت خۆی بە گژی ئەوانیتردا پێناسە بکات. پێناسەکردن بەبێ سنوورداری و یاسا مومکین نییە. نەزمیش پێویستی بە پلەبەندییە و پلەبەندیش بە دەرکردن: دەرکردنی جیاوازەکان و کۆکردنەوەی هەمانەکان. لێرەوەیە ناچار بە دووانە دژیەکەکان دەبین. ئەقڵ بەمەوە ناوەستێت و خۆی بەناو دامەزراوە و گوتاردا (ئایین، یاسا، زانست) پراکتیزە دەکات. ئەمان بە تەواوی هەڵگری ئەوەن دێرێدا پێی دەڵێت لۆگۆستەوەری: ئەو باوەڕەی گوایە بوون بە تەواوی لەبەردەم بیرکردنەوە و لەناو زماندا حزوری ڕەهای هەیە.
ئاریاهیم لە سەرلەبەری ڕۆمانەکە و زەردەشت لە سەرلەبەری ئاڤێستادا جەخت لە شەڕی بەردەوام و بەرایی نێوان ئەهریمەن (دێو کە مەبەست لێی مادەکانە) و ئەهورا (کە مەبەست لێی هەخامشییەکانە) دەکەنەوە؛ ئەمەش هیچ نییە جگە لە ساتەوەختی بونیادنانی دووانە دژیەکییەکان کە پەراوێزخستنی توندوتیژانەیە. هەربۆیە هەرکامێک لەو چەمکانەی تر کە دواتر هاوپەیوەستی تاریکی، نا-زانین[26]، خراپە، دێو، شەیتان، جەستە دەبن و پەراوێز دەخرێن لە بەرانبەر ڕووناکی، زانین، چاکە، یەک خوا، فریشتە، ڕۆح هتد… هەموویان لە دژایەتی ئەهورا (هەخامشی) بۆ ئەهریمەن (ماد)ەوە لەدایک دەبن. نوکتە بێتامەکە لەوێدایە تەنانەت خودی ئەهورا خوای هەخامشییەکان نەبوو، بەڵکو خوا ئەهوڕۆشا[27]ی خوای مادەکان خۆیان بوو. ئەمەش پێمان دەڵێت لۆگۆس خواکانی ئەو جیهانەی لەناوی دەبات، تەنیا ناسڕێتەوە، بەڵکو هەڵیدەگرێتەوە، مەبەستی تری لێ بار دەکات.
«گەردوون لە چاکە و خراپە دروست بووە و هەمووشت لە چاکە و خراپە پێکهاتووە. ئەهورامەزدای مەزن، خوای چاکەی چاکەکانە و لە بەرانبەر ئەودا ئەهریمەن، خوای خراپە و خراپەکانە»[28]. بەم جۆرە هەموو خراپە، شەڕ، نەخۆشی، قات و قڕی، مەرگ و تەنانەت هەر خوایەک پەیوەندیی بەمانەوە هەبێت، دەدرێتە پاڵ ئەهریمەن. ئەهورامەزدا ئەمر بە سڕینەوەی خراپە دەکات وەک ئەرکێکی پیرۆز. لە ئایینەکەی ئاریاهیمدا یەک خوا دەپەرسترێت و خواکانی تر چیتر ڕۆڵیان نەدەما و دەبوونە ئافەرێنراوی دەستی ئەهورامەزدا و پلەیان دادەبەزی بۆ دێو و پەری ملکەچ.
دادپەروەری ئەهورامەزدا بریتییە لە لەناوبردنی نادادپەروەریی ئەوەی کە مەزداپەرست نییە کە ئەویش باوەڕدارانی هەموو ئایینەکانی تر (هەموو ئەویتری جیاواز) دەگرێتەوە. بەهاکانیش بۆ دادپەروەری تەنیا بەندە بە کاهینی مەزداپەرست و شانشای مەزداپەرستەوە (یەک مرۆڤ). شەڕی چاکە و خراپە هیچ نییە بێجگە لە «دابەشکردنی جیهان و هەموو شتەکانی ناوی بەسەر خۆم و غەیری خۆمدا؛ ئەوەی سەر بە خۆمە چاکە و ڕاستە و ئەوەی غەیری خۆمە خراپە و درۆیە[29]» ئەهورامەزدا ئیگۆی سوبێکتی نارسیستییە و دێوەکان ئەویترن. ئەمەش تەنیا هەڵوێستێکی ئایینی نییە، بەڵکو سیاسی و ئیپیستیمۆلۆژیشە.
ئەشۆ هەقیقەتی ئەبەدی ئەهورامەزدایە، ئەم حزوورە ئەبەدییە لە ڕۆژی پەسڵان بەسەر ئەهریمەندا واتە درۆدا زاڵ دەبێت؛ ئەهریمەن تەنیا لەبەر ئەوەی ئەبەدی نییە بۆیە درۆیە و ناڕاستە. ڕاستی لەسەر بنەمای چەق و پلەبەندی دروست دەبێت، درۆش کە بێ چەقە، ئاڵۆز و پەشێوە هەروەک تاریکی. سروشتی تاریکی وەهایە کاتێک تاریک دادێت هەمووان «کۆشکییەک، خانەدانێک، جووتیارێک، دەستسازێک و سەربازێک وەکوو یەک تەماشا دەکرێن.[30]»
«شەڕێکی گەردوونی لە نێوان چاکە و خراپەدا هەیە کە بۆ هەموو ئاستەکان شۆڕبۆتەوە و هەموو شتی لەخۆ گرتووە». ئەمەش سەرەتا لە لەپێگەخستنی خواکانەوە دەست پێ دەکات؛ گۆڕینی ئەرکی خواکان لە پاراستن و بەدەمەوەچوونی نزای هەموو خەڵکەوە تەنیا بۆ پارێزەری پاشاکان یەکەم کاری ئەم گواستنەوەیەیە. دواتر بۆ پانتاییەکانی تر دادەبەزێت: خەڵک دەکاتە ڕەعیەی پاشاشوان؛ ژن دەکاتە نیوە و نوقسانی پیاو؛ پلەنزمەکان دەکاتە کۆیلەی خاوەنسامان؛ منداڵ دەکاتە ژێردەستەی دایباب و هتد. زەمەنیش دەکاتە تیلیۆلۆژییەکی هێڵی: سەرەتا (خەلق)، ناوەڕاست (شەڕی چاکە و خراپە، کۆتایی (سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا).
مەزداپەرستی«ئایینی ملکەچی، نەفرەت و کینەیە کە دەیەوێت لەنێوان مرۆڤەکاندا دژمنایەتی و شەڕکردن لەگەڵ یەکدی ئەبەدی بکاتەوە و هەمووان ملکەچی بن[31]». بیرکردنەوەکەی لە «کوشتن، دەرکردن، سەرپەڕاندن و ڕاوناندا کورت بووەتەوە»[32] کە دەخوازێت هەموو شتێک، هەموو ئەویترێک بکاتە دەرەوە.
ئاریاهیم دەخوازێت سترەکچەرێکی پتەو، بنەچەی بنەچەکان بێجگە لەم، هیچی تر نە هەبووبێت و نە ببێت، دابنێت؛ سەنتەری بونیادەکەشی ئاهورامەزدایە، خاڵی جێگیر کە هەموو بونیادەکە بەڕێوە دەبات و یەکانگیرییەکەی ڕادەگرێت. کەچی ئاهورامەزدا بەشێک نییە لە بونیادەکە، بەڵکو سنوورییەتی کە لە دەرەوە بەڕێوەی دەبات. ئەهورامەزدا ناهێڵێت بونیادەکە بە تەواوی بلەرزێت و دەبێتە ئەو دەوروبەرە سەرەکییەی بونیادەکە بەدەوریدا گەمە دەکات، بەڵام ئەم لە شوێنی خۆی وەستاو و نەگۆڕە. هەر ئەمەیە مێژووی میتافیزیکی ڕۆژئاوا پێکدەهێنێت؛ مێژووی میتافیزیک مێژووی یاری سەنتەرە؛ چیرۆکی جێگۆڕکێکردنی سەنتەرێک بە دانەیەکی تر، ئەسڵێک بۆ ئەسڵێکی تر. هەقیقەتی ئاریاهیم (ئەشۆ) فۆڕمی دەگۆڕێت بۆ ئایدیاڵی ئەفڵاتوون و هتد… ئەوەی دەمێنێتەوە سەنتەری جێگیرە هەر جارێک و بە ناوێک دەوروبەرەکەی قۆرغ دەکات.
بەڵام لای مادەکان سەنتەریش (خواکانیان) لە دەرەوەی گەمەکانی بونیادەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرە گۆڕان و جێگۆڕکێکان. ئەمەش بەو واتایە دێت کە بنیاد هیچ ئەسڵ و سەرەتایەکی نییە. گەمەیەکی ناکۆتایە، بێ هیچ خاڵێكی چەسپاوی جێگیریەت. هەر ئەم گەمە ئازاد[33]ەی مادەکانە هەموو دژیەکە میتافیزیکییە نەریتییەکان دەخاتە ژێر گومانەوە.
لەو پاژانەی کە هێشتا سەردەمی مادەکانە نووسەر بە خەیاڵێکی وەها ئەو ئیپیستیمە پێش یاسا و پێش لۆگۆسییەی داڕشتووەتەوە کە ناتوانین لەڕێی پێودانگ و درکپێکردنی سیاقی خۆمانەوە لەو شێوەژیانە تێبگەین، بەڵکو دەمانگەڕێنێتەوە پێش لەدایکبوونی ئەو دژیەکانەی ئایینی مەرگپەرستی بەفەلسەفەیان دەکات. هەر لێرەوەیە دەمەوێت بڵێم بەهەڵوەشاندنەوەی سەردەمی ئێستامان، سەردەمی مادەکان لەدایک دەبێتەوە و بە کوشتنی سەردەمی مادەکانیش نەک تەنیا دواڵیزمی زەردەشتی، بەڵکو مۆدێرنەی سەرمایەداری و مەرکەزگەرایی[34] پاوانخوازی لۆگۆستەوەری دروست دەبێتەوە. بەم مانایە میتۆدی کارکردنی ڕۆماننووس پۆست سترەکچرالیستانەیە، چونکە سەرلەنوێ لەڕێی گەمەی زمانەوانی و ژیانی پڕ پارادۆکس و نەزانراوەوە، هەرچی چەمک و سیستمی بیرکردنەوەمانە هەڵدەوەشێنێتەوە؛ چیتر تاریکی ئەو تاریکییە نییە فێرمان کراوە لێی بترسین و ڕووناکیش ئەو چاکە ڕەهایە نییە پێویستمان بێت هەمووشتی لە ڕاز پێ بخەین. تەنانەت خوا ئەو تاقانە خوا میتافیزیکەی تەنیا سەرزەنشتکارە نییە کە ناسیومانە، بەڵکو کۆی پڕۆسەی ڕۆمانەکە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی چەمکی میتافیزیکە. لێرەدا خودی کردەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەمکانە لای نووسەر، بەرەنگارییە بەرانبەر بەو سیستمە پاوانخوازانە؛ بەو گێڕانەوەیەی نایەوێت نەتەوەیەک بگەڕێنێتەوە بەڵکو دەخوازێت ئیپیستیمێک، فرەییەکی لەدەستچوو بگەڕێنێتەوە کە مادەکان میراتگری بوون.
گەمەی ئازادی زمان
مەعریفە\مانا هەرگیز بە تەواوی ئامادەیی نییە؛ ناتوانین لەڕێی پێناسە و سیستمێکی ڕەهاوە جێگیری بکەین بەڵکو بەناو پڕۆسەی دواخستن[35]دا هەمیشە لە مانایەکەوە بۆ مانایەکی تر دەڕوات و هەرگیز ناگات بە خاڵی کۆتا. هەر وشەیەک تاوەکو لەدایک ببێت دەبێت لەویتر جیاواز بێت، جیاوازیی مانایەک لە مانایەکی تر پەیوەندیی وشەکان دەکاتە پەیوەندییەکی دیفێرانس[36]؛ ئەم زنجیرە ناکۆتایە وا دەکات مانای هەر نیشانەیەک بگەڕێتەوە بۆ نیشانەکانی تر. هەربۆیە مانا هەمیشە دوادەخرێت، هەرگیز ناگات بە کەماڵ؛ «هیچ مانایەکی حەرفی بێگەردمان نییە، تەنیا چین چینی مێتافۆری دێرین و لەیادکراو نەبێت. هەموو مانایەکی حەرفی لەسەر مێتافۆرە شاراوەکان وەستاوە[37]». پڕۆسەی دواخستن و«مەودا» هەمان ڕۆڵی ئەو تاریکییەی هەیە کە ناهێڵێت هیچ شتێک تەواو ڕۆشن ببێتەوە، چونکە هەمیشە مانایەک هەیە لە دەستی تێگەیشتن قووتاری دەبێت و ناگیرێت.
کاتێک بۆ ئەسڵترین مانای وشەیەک دەگەڕێم دەبینم هەم پەیوەندیی هەیە بە وشەکانی ترەوە و هەم جیاوازیشە لێیان، بەردەوام دەگەڕێمەوە بۆ وشەیەکی تر و لێی دوور دەکەومەوە. ئەم گەمە بێکۆتایە کە بێسەنتەر و بێ چەقە، دژیەکە دووانەییەکان لەکار دەخات بەو پێیەی دەری دەخات هیچ چەمکێک ناتوانێت بەسەر یەکێکی تردا هەیبێت؛ چەمکە زاڵکراوەکە هەمیشە ئەویتری پێوەیە. هیچ حزوور یاخود ئەسڵێکی بێگەرد نییە تا بتوانین بۆی بگەڕێینەوە. هەر کامێک لە وشەکان نەوەک تەنیا چەمکەکان، لای دێرێدا هەم جیاوازن (گەمە بە ماناوە دەکەن) و هەم دوای دەخەن (هەرگیز هەقیقەت و مانای کۆتایی بەدەستەوە نادەن) بە پێچەوانەی ئاهورامەزدا، کە مەدلولێکی ترانسیدێنتاڵ[38]ە، دواین مانا یان ئەسڵی جێگیرە کە مەعریفە و هەقیقەت لەخۆ دەگرێت. ئەمەش بۆیە دەکات تاوەکو خۆی لە پەشێوی گەمەی ئازاد بپارێزێت.
ئەوەی بۆ زمان ڕاستە بۆ هەموو سیستەمە مرۆییەکانی تریش ڕاستە: خوا، هەقیقەت، شوناس، گەردوون. زمان بونیادی کۆمەڵگایە، هەربۆیە ئاریاهیم یەکەمین شت دەیکات گۆڕینی وشە (ماناکانی مادەکانە)؛ یەکێک لە کودەتاچییەکان بە ناوی بەگەبوخشە ناچار دەکات ناوەکەی خۆی کە مادییە بیگۆڕێت و بیکات بە ناوێکی ئاریایی، مەزدابوخشە؛ سەپاندنی توندوتیژیی و سڕینەوە سەرەتا لەناو زمانەوە دەست پێ دەکات. لای مادەکانیش زمان پانتاییەکی گرنگە و هەر شتێک بێتە ناو بونیادی زمانەوە، بونیادەکانی تریش دەگۆڕێت، هەر بۆیە ئیشتەڤەگۆ بە نازناوی«شانشای جیهان» ڕازی نییە گەر تەنیا لە ئاستی وشەیشدا بێت، دەزانێت ئەوەی دەخرێتە زمانەوە لە پانتاییەکانی تر پراکتیزە دەکرێت. بەردەوام ڕەتکردنەوەی ئەم وشەیە بە درێژایی ڕۆمانەکە هاوشێوەی خەونەکەی ڕازینەبوون بە سڕینەوەی ئەویتر و خۆسەپاندنە؛ ڕازینەبوونە بە خۆبەخواکردنی پاشا، جۆرە خوایەکی تاق و تەنیا کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتدا هەیە.
دێرێدا؛ مێتافۆڕ
لای دێرێدا هەموو وشەیەک مێتافۆریکاڵە، تەنانەت ئەو وشانەی میتافیزیک بانگەشە دەکات زۆر حەرفی و ڕاستەوخۆ بن، هێشتا لە کاتی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەیاندا دەبینین پەیوەندییان بە وشەکانی ترەوە ئەوندە ناکۆتایە کە گەر سیاق نەبووایە گەمەی ئەو هەموو دالە، مانای تەواو لیڵ و گوماناوی دەکرد. هێشتاش لە سیاقە زۆر دیاریکراو و ڕەقەکانیشدا ئیمکانی گەمەی مانا هەر هەیە، تەنانەت ئەو کاتەی تەواو بانگەشەی ئەوە دەکەین شتێکی ڕاستەوڕاست دەڵێن، لە پشتییەوە هەمیشە مێتافۆری دالەکانی تر ئامادەییان هەیە. بۆ نموونە وشەی تێگەیشتن understand ی ئینگلیزی کە دەبوو ڕەقترین و حەرفیترین وشەی بونیادی میتافیزیکی بێت کەچی لەناو خۆیدا مێتافۆرەکانی وەستانstand و لەژێری under هەڵگرتووە – ئەو بیرۆکە دێرینەی گوایە وەستان لەژێر مەعریفە ڕاگرتنیەتی[39]. تەنانەت ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین هیچ وشەیەک کڕۆک و ئەسڵی هەیە، بە نموونە وشەی زانین[40] لە ڕەگەمانای بینین[41]ەوە (مێتافۆڕێکی تر) هاتووە. ئەم ڕوانینە تەنیا بۆ زمان نییە، بەڵکو هەموو ئەسڵ و ڕەهایەکی کایە جیاوازەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.
هەر لە سەردەمی بەرایی و دێریندا کە هێشتا مرۆڤ لە جەستە و لە سروشت جیا نەبووبووەوە، بە هەمان شێوە زمان و وشەش هەڵقوڵاوی جەستە بوون و دەگەڕانەوە بۆی؛ چەمکەکان کۆنکرێت و جەستەیی بوون، بەڵام ئایینی مێتافیزیکی (دواتر فەلسەفە) ئەم وشانە لە ڕەگ و ڕیشە ماتریاڵییەکەیان دادەبڕێنێت و مانای ئەبستراکتیان لێ بار دەکات.[42] چیتر لەوە بەدوا فەلسەفە ئەو مێتافۆرە دێرینەی بە جەستەوە نووسابوو لەیادی دەکات و خۆی بە مانایەکی تر بەکاری دەبات، کە ئەمە دەبێتە یەکەم سڕینەوە. پاشان سڕینەوەی دووەم ڕوو دەدات کە سڕینەوەی یەکەم سڕینەوەیە ؛ لەیادی دەکات ڕۆژانێک مێتافۆڕی سڕیوەتەوە و وەها دادەنێت هەرگیز نەبووە و هەمیشە حەرفییەکەی خۆی لەوێ بووە – واتە ئەسڵی ڕەهایە. ئەم هەوڵەی فەلسەفە شکست دەخوات و تا زیاتر خۆی لە ماتریاڵیتی پاک بکاتەوە، زیاتر دەڕواتەوە ناوی چونکە چەکی فەلسەفە زمانە و زمانیش خۆی هەمیشە مێتافۆریکاڵە. لەم سۆنگەوەیە ماد دەبێتە ئەو مێتافۆڕەی هەخامشی لەژێر ناوی هەقیقەتدا بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە دەیسڕێتەوە و پاشان نکۆڵی لە بوونی دەکات.
گەمەی هەقیقەت
هەقیقەتی تراژیدی ژیان لەڕێی لۆژیکی بەڵگەبێژی ئەبستراکت و دەرەکی بە مرۆڤ بەدەست نایەت بەڵکو تەنیا بەناو گەمەی ئاڵۆزیی وشە و مێتافۆرەکان (زمانی ڕیتۆریکانە)، درکپێکردنی هەستەکیی ناجێگیر، گرژی و هەڵوەشاندنەوەکان دەتوانین لە پارادۆکسەکانی واقیعی پارادۆکسیکاڵمان نزیک ببینەوە.
لای نیچە ژن و لەم وتارە ماد مێتافۆرن بۆ«وەهم، گەمە، فریودان؛ بەم وێنایە هەرگیز هەقیقەت کەشف ناکەن – هەمیشە دەیشارنەوە و گەمەی پێ دەکەن – دووپاتی دەکەنەوە هەقیقەت جێگیر نییە بەڵکو پێرفۆرمنس[43]». بە پێچەوانەی میتافیزیکەوە کە بەدوای هەقیقەتی ڕەهاوەیە، ئەمان نواندنەوەی هێزی فریودانن – ڕەتی دەکەنەوە دەستبەسەر بکرێن و بگیرێن. «هەقیقەت ژنە\تاریکییە– دەتوانیت فریوی بدەیت، بەڵام هەرگیز ناهێڵێت بە ڕەهایی موڵکداری بکەیت[44]»
هەڵوەشاندنەوەی دێرێدایی
هەمووشتێک لەناو بیرکردنەوەی دیکۆنسترەکشندا بەرەو کرانەوە، بەرکەوتن، فراوانبوون و ئاڵۆدکردن دەڕوات. شتەکان – دەق، دامەزراوە، نەریت، کۆمەڵگا، بیروباوەڕ و کردەکان ئەو سنوورانەی تێیدان تێی دەپەڕێنن. شتەکان هەمیشە دەبن بەوەی بەڕێوەیە، کاتێک دەتەوێت مانای شتێک جێگیر بکەیت و پێگەیەکی بەسەردا بدەیت، خودی شتەکەت لەدەست دەردەچێت. چەند چەمکێک کە دێرێدا هەڵوەشاندنەوەی بۆ کردوون و پەیوەندیدارن بەم ڕۆمانەوە، دەهێنمەوە تاوەکو زیاتر پەیوەندیی هەڵوەشاندنەوە و کرانەوە بە ڕووی ئەویتردا ڕوون ببێتەوە.
ماف[45] یان بانگکردنی ئەویتر[46]؟
شوناس[47]ی هەر کولتوورێک، جۆرە بوونێکی جیاوازە لە خودی خۆی؛ کولتوور لە خۆی جیاوازە؛ زمان جیاوازە لە خۆی؛ هەر کەسێک جیاوازە لە خۆی. هەر کاتێک هەژمارمان بۆ ئەم جیاوازییە ناوەکییە کرد، دەتوانین سەرنج بخەینە سەر ئەویتر و تێبگەین شەڕکردن لەپێناو شوناسی خۆم، بێبەری نییە لە شوناسی یەکێکی تر، بەڵکو کراوەیە بۆ شوناسێکی تر. بەم جۆرە بەر بە تۆتالیتاریزم، ناسیۆنالیزم، ئیگۆسەنتەریزم و تا دواتر دەگیرێت. جا کاتێک زانیمان خۆمان لەگەڵ خۆشمان جیاوازین، ئەوا جیاوازیی ئەویتر بۆمان نابێت بە مەترسی، چونکە خۆمان لەناو خۆماندا ئەویترێکی نامۆمان بە خۆمان هەڵگرتووە کە نایناسین و لەو ناچین، کەواتە بۆچی لەگەڵ ئەویتری دەرەکی ناکۆک بم کە ناو خۆم پڕیەتی لە دژیەکی. هەر بۆیە هەمیشە داواکردنی مافی ئەویتری جیاواز، دەبێتە داواکردنی مافی خۆم – ئەو بەشەی ناو خۆم کە پێی نامۆم.
لای مادەکان ئیگۆی سوبێکتی نارسیستی و ئارەزووەکانی هەڵدەوەشێنرێتەوە و دەیگۆڕێت بۆ بەرگری لە سنوورەکانی ئەویتر؛ بۆیە «هەڵوەشاندنەوە ڕێزە، ڕێزگرتنە لەویتر، قبووڵکردنێکی ڕێزدارانەی بەرپرسیارانەی ئەویتر[48]» ڕێگایەکە نارسیسزمی خود بەرتەسک دەکاتەوە و مەجال بۆ ئەویتر دەکاتەوە ببێت[49]. لەم سۆنگەوە جیاوازیی دوو چەمکەکە دەبێتە ئەمە؛
ماف تەنیا بەرگریکردنە لە ئارەزووەکانی سوبێکتی نارسیستی، لە کاتێکدا دووەمیان بەدەمەوەچوونی پێویستییەکانی ئەویترە.
بەم شێوەیە ئیشتەڤەگۆ بەرگری لە هەموو کولتوور، بیروباوەڕ، نەتەوە، مرۆڤە جیاوازەکانی شانشینەکەی دەکات و تەنانەت بەرگری لە ئاریاهیم کە تەواو بۆ سڕینەوەی ئەمان دروست بووە، دەکات. ئیشتەڤەگۆی مادی دەڵێت «ئێمە گەلێکین بە تەنیشت گەلانی ترەوە، خاکێکین بە تەنیشت خاکەکانی ترەوە؛ گەر گەلێکی تر داگیر بکەین، خۆمان داگیر کردووە، گەلێکی تر بسڕینەوە، خۆمان سڕیوەتەوە.. بوونی ئێمە بە بوونی ئەوانیترەوە بەستراوە و لەگەڵ گەلانی تردا گەلی ئێمە مانای هەیە.[50] ئیشتەڤەگۆ گەر هاتبا مانەوەی خۆی وەکوو پاشایەک (هەم ناوی لە مێژوودا) و فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی بە ئامانج بگرتایە، لەلایەن مێژوونووسانەوە وەکوو زلهێزێکی سەردەمی خۆی بە گەورەیی ناوی دەنووسرایەوە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە دەهات ڕازی ببێت بە سڕینەوەی گەلانی تر و داگیرکردن و تاڵانکردنیان.
دادپەروەری ئەو یاسا جێگیرانەی چاکە و خراپە نییە کە دادوەر بە شێوەیەکی گشتی و کڵێشەیی بەسەر دۆخە تایبەت و دیاریکراوەکاندا دەیسەپێنێت، بەڵکو دەبێت بەپێی دۆخە جیاوازەکان یاساکان بگۆڕێن، دەستکاری بکرێن، جێ بگیرێنەوە. دادپەروەری خۆی یاساکە نییە – کورت نابێتەوە بۆ سیستمێکی پێدراوی بونیادە یاساییەکان – بەڵکو ئەو پاڵنەرەیە وا دەکات یاسا دەستکاری بکەین کاتێک دۆخێکی پێویست دێتە بەردەممان.
هەروەتر، یاساکانی بەرزیای مادی کە بوونە هۆی تووڕەبوونی تازەپیاهەڵکەوتووەکان هەڵگری ئەم جۆرە لە دادپەروەرییە هەڵوەشێندراوەن و خۆیشیان دەستکاریکەری یاساکانن: «سەربازی زۆرەملێ هەڵوەشاوەتەوە.. هەمووخەڵک بۆ ماوەی سێ ساڵ لە باج و سەرانە بەخشراون و دوای ئەوە گەر پێویست بوو دە یەک وەردەگیرێت.. هەموو ئایینەکان و هەموو خواکان وەک یەک ئازادی پەیڕەوکردنیان پێ دەدرێت[53]» چەندان چاکسازیی ڕیشەیی تری کرد، لەوانە خانەدانی خوێنی و ئەوەی سەروەت و سامانی بەهۆی جەنگەوە کەڵەکە کردبوو، چیتر ئیمتیازی بەسەر خەڵکی ئاساییدا نەدەما و نزیککردنەوەی چینەکان لەیەکتری بەدی دەهێنا. بەم مانایە ئیتیک بەرپرسیارێتییە بەرانبەر ئەویتر، دادپەروەریش مافی ئەویترە پێش خۆم. ماف بەبێ بەرپرسیارێتی تەنیا ئیگۆی دابڕاو دروست دەکات.
لەبری یاسای لۆگۆسی پەیمانبەستنی میتراییمان هەیە: «مرۆڤ بەوە لە دونیا جیا دەبێتەوە پەیمان دەبەستێت…. پەیمان لەگەڵ مرۆڤێک یان مرۆڤانێکی تر دەبەستێت، دەشێت پەیمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ناکرێت پەیمانشکێن بێت[54]». پەیمانبەستنی نێوان مرۆڤەکان کە لەڕێی خوا میتراوە بووە، دەشێت پەیمانی دۆستایەتیی نێوان دوو شانشین، دوو هاوڕێ، پەیمانی ئەشق، پەیمانی ئاشتەوایی بێت کە پابەندبوونن بە پاراستنی ئەو بەڵێنە و بریندارنەکردن و نەبەزاندنی ئەو سنوورە. بەم جۆرە هەموو کەس بەپێی ئەو پەیمانەی بەستوویەتی لەگەڵ«خۆی، خاک، و خەڵک (ئەویتر) بەئەمەک و کارامە دەبێت[55]». بۆ ئەم کارە نە پێویست بە ئەخلاق، نە یاسای سەپێنەر و نە سزا هەیە، تەنیا مرۆڤ پەیمان ببەستێت و پابەند بێت بەو جۆرە دەبێتە جێگرەوەی هەر کام لەوانە. پەیمانبەستنی میترایی هەڵوەشاندنەوەی یاسایە و هەڵگری ناواخنی باوەڕی دێرێداییە کە باوەڕێکە ئایینی نییە، باوەڕێکی تاریکە کار لەسەر بەرپرسیاربوون بەرانبەر ئەویتر دەکات.
لەپاڵ ئەمەدا، پەیمانبەستن لەگەڵ خواکان لەڕێی مێخوا شاوشکاوەمان هەیە کە ناوەڕۆکێکی ژیاندۆستانەی هەڵگرتووە «هەر مرۆڤێک لە ژیانیدا لانیکەم دەبێت گفتێک بە خوایەک بدات و پێوەی پابەند بێت. ناوەڕۆکی گفتەکە بۆ شاوشکا پرس نییە. ئەوەی لە لای شاوشکا گرنگە پابەندبوونیانە بەو گفتەی خۆیان لەگەڵ خوای خۆیان بەستوویانە[56]» ئەم گفتانە درێژ دەبنەوە ناو پانتایی شەخسی مرۆڤ و گشتی ئەرکڕاپەڕاندن و هەموو کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانی تر. ئەمە وا دەکات ژیانی مرۆڤ وەکو گەیشتن بە پڕۆژەیەک بێت و پووچگەرایانە نەبێت، ئەشقی ئەو بەڵێنە مرۆڤ سەرمەستی ژیانکردن بکات و لێی وەڕەس نەبێت.
لەبری پەیمانبەستن، لای هەخامشییەکان پەیوەندیی ڕەعیەت و شوان هەیە: لەم پەیوەندییەدا خەڵک وەکو بوونێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو وەک مەڕ و ماڵاتی شوانێکی پەزچەرێن «شانشای مەزداپەرست» وایە کە بە ئارەزوو و حەزی خۆی ئاڕاستەیان دەکات.
باوەڕ[57] بە تاریکی یان ئایین[58]ی تەقلیدی
دینی مادەکان لەسەر بنەمای باوەڕی کوێرانە، متمانە بە تاریکی دروست بووە. دەتوانین دینی مادەکان لە ڕێی چەمکی باوەڕی دێرێداوە بناسینەوە کە جیاوازە لە ئایینی تەقلیدی. ئایینی تەقلیدی دەستەیەک بیروباوەڕ، دۆگما سیستمی جێگیر و دامەزراوەیە کە دەبێت بەسەریدا زاڵ بیت و لۆژیکیانە لێی تێ بگەیت. ئایین دەبێت لەو دامەزراوە و نووسراو یاسا توندوتیژانەی بونیادی هێز و چینایەتی زاڵ دەکەن، هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوکات دینەکە نەک دۆگمایی نابێت، بەڵکو دەبێتە بەریەککەوتنێکی شەیدایانە لەگەڵ ژیان.
باوەڕ بە تاریکی یان بە پارادۆکسی پێشبینینەکردن بۆ دروستبوونی هەموو پەیوەندیبەستنێکی کۆمەڵگا زەڕوورەتە. «ناتوانم بانگی ئەویتر بکەم، قسەی لەگەڵ بکەم، بەبێ کردەی باوەڕ، بەبێ سەلماندن. لە کاتی شایەتیداندا چی دەکەین؟ بانگی ئەویتر دەکەین و داوا دەکەین “باوەڕم پێ بکە”. تەنانەت گەر درۆش بکەین، تەنانەت لە پەیمانشکێنیشدا، داوا لەویتر دەکەین متمانەمان پێ بکات. ئەم “متمانەم پێ بکە”یە “من قسە لەگەڵ تۆ دەکەم” بریتییە لە نەزمی باوەڕ، باوەڕێک بۆ دەربڕینی تیۆری کورت ناکرێتەوە[59]». سەرنجڕاکێشیی باوەڕ لەوێدایە کە ڕێککەوتنی مەرجدار نییە، بەڵکو ڕیسکێکە وەکو ئەشق دەیکەین و باوەڕمان بەو نەزانین و ناشەفافبوونە نادیارە کردووە.
باوەڕ بەڵێنێکی تاریکە لە نێوان من و ئەویتردا، واتە کورت نابێتەوە بۆ یەک قسەکردنی نێوان کەسانێک بەڵکو هەموو کردەی قسەکردن[60] لە خۆیدا بەڵێنە؛ هەر ئەو وەختەی زار بکەمەوە، بەبێ ناچاری دروست دەبێت. بونیادی بەڵێن بونیادی چاوەڕوانیکردنی داهاتوو و ئەویترە. زمان تەنیا زانیاری نییە، بەڵکو کردەیەکی ئیتیکییە، پابەندبوونە بەویترەوە.
داهاتووی هاوبەش و ئەوەی بەڕێوەیە[61]
جیهانی مادەکان کراوەیە بە ڕووی هاتنی شتە جیاوازەکان، چاوەڕوانی هاتنی ئەوەی بەڕێوەیە، جا هەرچییەکە. ئەوەی بەڕێوەیە ئەویترە. ئەزموونێکی کاتی لە چاوەڕوانی ئەویتر کە بەڕێوەیە کرانەوەی ئەزموونە. لە جیهانی مادەکان ئەویتر نەک هەڕەشە و مەترسی نییە، بەڵکو تەنیا لەڕێی هاتنە ناوەخت و جیاوازەکەیەوە وەکوو ئەو مێسیا[62]یەی چاوەڕێیم دادپەروەری و باوەڕ بەرقەرار دەبێت. تاریکی، نادیارێتی و ناشەفافیەتێکە کە وا دەکات خودی ژیان تاریک بێت، بەڵام مومکین بێت. تاریکی متمانەکردنە بەوەی نامۆیە پێم، نایناسم، نوێیە بەڵام هێشتا لە خۆمی دەگرم وەکو هاوکاری نا بەڵکو ناچارم، ناچارییەک ژیان لێوەی دروست دەبێت.
نووسەر چەمکی داهاتووی هاوبەش دادەتاشێت، مەبەست لێی پێکەوەژیانێکی ئازادانەیە، باوەڕی وایە «یان هەموومان ئازاد دەبین، یان کەسمان ئازاد نابێت، ڕەنگە بەشێکمان کۆیلە نەبین، بەڵام ئازادیش نابین[63]» لە داهاتووی هاوبەشدا، وشەی داهاتوو «ڕابردووی نادیاری«دادێ»ە، ئەوەی کە دێت و هێشتا نەهاتووە». نووسەر دەخوازێت بڵێت وشەکە پەیوەندیی بە کاری«بوون»ەوە هەیە. دەتوانین بڵێین بوونمان لە داهاتوودایە و لە داهاتووەوە دێت کە پەیوەستە بە ڕابردووەوە. «داهاتووی هاوبەش، داهاتووی لێکئاڵاوی هەموومانە، هی گەلانی تریش، داهاتوویەک کە جێگای هەموومانی تێدا ببێتەوە، داهاتووی هاوبەشە…. کە پێویستی بە بەرگری ڕەوا هەیە نەوەک سوپای پەلامارخواز».
ئەمە دەمان بەستێتەوە بە هەمان چەمکی ئەوەی بەڕێوەیەی دێرێداوە کە سوبێکت هەمیشە لە چاوەڕوانی ئاشتییانە و دۆستانەی ئەویتردایە، ئەو کاتەی لە داهاتوودا ئەویتر دێت، بە خۆشەویستی و ڕێزەوە بەخێرهاتنی دەکات و دەهێڵێت ئازادانە لەپاڵ خۆیدا بژی نەوەک بیکاتە کۆیلە. ئەم لۆژیکە هەرگیز لە ئەویتر وەکوو دڕندە و نامۆ ناڕوانێت، هەربۆیە هەرگیز پێویستی بە هێزی سەربازی نییە تاوەکو ئەویتر لەت و کوت بکات، تەنیا پێویستی بە باوەڕ بە داهاتووی هاوبەش هەیە کە هیچ سوبێکتێک ئەویتری خۆی نەسڕێتەوە.
دەربارەی میواندارێتی
خەونەکەی ئیشتەڤەگۆ[64] بڕیاردانە لەنێوان بەخێرهاتنی ئەویتر یاخود سڕینەوەی. خەونەکە ئەو ساتەوەختە حەتمییەیە کە دێتە بەردەم مرۆڤێک کە دەگاتە تڕۆپکی دەسەڵات و ڕاستەوخۆ بەر ئەم بژاردەیە دەکەوێت؛ ئاشقبوونی نارسیستییانەی خود و دەسەڵاتفراوانکردن یاخود پاراستنی ئەویتر. ئەمە بەو مانایە نییە ئیشتەڤەگۆ [هاوشێوەی مەسیح] پاسیڤانە و مازۆخیستانە لەپێناو ئەوەی دەرەوەیدا خۆی دەسڕێتەوە، بەڵکو ئیشتەڤەگۆ دەخوازێت لەنێوان هەردوو پەڕگیری مانەوەی خۆم یاخود سڕینەوەی ئەویتردا شوێنێک بۆ ژیانی ئازادی هەمووان بکاتەوە. خەونەکە هاتنی ناوەختی ئەویترە، ئەویترێک ڕەنگە هەرچی بونیادەکانمە بخاتە ژێر مەترسییەوە و تەنانەت کێشەداریش بێت، بەڵام هێشتا دەرگاکانم واڵایە، ئامادەی بەریەککەوتن و گۆڕینەوە و ژیانکردنم لەپاڵیدا. گەرچی ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا ڕوو دەدات بەم دەرەنجامەی پێکەوەژیانە ناگات، ئەوەش ناکاتە ئەوەی بڕیارەکەی ئیشتەڤەگۆ بۆ قبووڵکردنی ئەویتری بێگانە و دەرەکی هەڵە بێت، بەڵکو ئەوە ئەویتری هەخامشی-ئاریاییە کە ناتوانێت لەناو ئەو جیهانەدا بژی و هێرش دەکاتە سەری.
بەم مانایە خەونەکە بەخێرهاتنکردنە لەویتر، میواندارێتییە. گەمەیەکی زمانەوانی لەسەر ڕیشەی وشەکە هەیە کە زیاتر مەحاڵێتی کارەکەی ئیشتەڤەگۆ ڕوون دەکاتەوە: وشەی hospitality لە ڕەگەوشەی لاتینی hospes (میوان\خانەخوێ)، لە hostis (بێگانە) و پاشان مانای hostilis (دژمن) + pets یاخود potentia(خاوەنهێز) ی وەرگرتووە، بەم مانایە «هێزی خانەخوێ بەسەر بێگانەدا[65]» ئێمە نابینە خانەخوێ گەر هەموو شتەکانمان ڕادەستی ئەویتر کردبێت، کە چیتر هی خۆمان نەمابێت. بەم مانایە هەموو میواندارێتییەک خستنە دەرەوەیە و هەمیشە جەخت لە ئەویترێتی دەکاتەوە. لەو دەربڕینەی دەڵێین «وای دابنێ ماڵی خۆتە» جەخت لەوە دەکەینەوە کە واقیعەکە ئەوەیە ئەمە ماڵی خۆت نییە. هەربۆیە لای دێرێدا ئەم مەحاڵێتیەی میواندارێتی تەنیا بە یەک جۆر چارەسەر دەبێت ئەویش نەبوونی هیچ مەرجێک و یاسایەک و تەنانەت بێسنوور ئازادکردنی ئەویترە لە ناوچەی خۆمدا (نەبوونی هیچ کۆنترۆڵێك)، ڕیسکێک کە ڕەنگە ئەوەی هەتە لەدەستی بدەیت، بەڵام تاکە ڕێگاچارەیە و ئەمەش هەر ئەوەیە ئیشتەڤەگۆ دەیکات. بێسنووری لە ئازادکردنی ئاریاهیم بۆ بڵاوکردنەوەی ئایین و بیرباوەڕەکەی، بەخێرهاتن و میوانداریکردنی بێسنووری داریوش پراکتیزەکردنی ئەم میواندارێتییەیە، بەخشینێکی بێبەرانبەر کە دواجار بە مەرگی ئیشتەڤەگۆ خۆی بەهۆی ئەو میواندارێتیکردنەوەیە و لێسەندنی موڵکەکەی (خاکی مادەکان) کۆتایی دێت. ئەم جۆرە لە ڕیسکە، ڕیسکێکی شێتانەیە کە سنووری ئەم ئاستانەیە دەبەزینێت و دەگۆڕێت بۆ دیاری، چیتر تێگەیشتنی نێوان خۆی و میوانەکە نامێنێت و موڵکەکەی دەبێتە دیاری. تەنیا کاتێک خانەخوێ هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی پووکاندەوە، ئەوکات بێگانەش لە بێگانەبوون دەکەوێت. میواندارێتی شوناسی هەخامشی کە لەسەر بنەمای دژمندارێتی ئەویتر دروست بووە، هەڵدەوەشێنێتەوە.
بە هەمان شێوە جەژنی پاییزەنەوشینی مادەکان کە هەمووان ماسک دەپۆشن تاوەکو شوناس و پێگەیان نادیار و یەکسان بێت، لەو ئاهەنگەدا کە «هەمووان بەڕەهایی هاوشان و هاوئاست بوون »، جەژنێکە گیانی میواندۆستی بەبەردا چووە و هەمووان «لەگەڵ بێگانەکاندا وەک ئازیزێکی لەکیسچووی خۆیان مامەڵە دەکەن و تا دوا سنوور میواندۆستن[66]»
سەرچاوەکان:
١.ڕۆمانی شیرین و فەرهاد؛ شانامەی مادەکان، زەردەشت نورەدین، ناوەندی ڕۆمان، چاپی یەکەم، ٢٠٢٥.
Derrida, J., Caputo, J.D. and John D., C. (2020) Deconstruction in a nutshell: A conversation with Jacques Derrida, with a new introduction. New York, NY: Fordham University Press.
Abdalkafor, O. (2015) Gayatri Spivak: Deconstruction and the ethics of Postcolonial Literary Interpretation. Cambridge Scholars Publishing.
Bertens, H. (1995) The idea of the postmodernism: A history. Londonetc: Routledge.
Deleuze, G., Tomlinson, H. and Hardt, M. (2006) Nietzsche and Philosophy. New York: Columbia University Press.
Derrida, J. (1999) White mythology: Metaphor in the text of philosophy. Alexandria, VA, USA: Chadwydk-Healey.
Derrida, J., Spivak, G.C. and Butler, J. (2016) Of Grammatology. Baltimore, MD: Johns Hopkins University Press.
Megill, A. (1986) Prophets of extremity Nietzsche, Heidegger, Foucault, derrida. S.l.: University of California Press.
Norris, C. (2006) Deconstruction: Theory and practice. London: Routledge.
Plumwood, V. (2015) Feminism and the mastery of nature. London: Routledge.
Syrotinski, M. (2011) Deconstruction and the postcolonial: At the limits of theory. Cambridge: Cambridge University Press.
[1] deconstruction
[2] Pre-logocentric
[3] سیستمی لۆگۆستەوەریی ئەو سیستمەی کار بە سڕینەوەی چەمکێک و بەسەنتەرکردن و زاڵکردنی چەمکێکی تر دەکات.
[4] Binary oppositions
[5] (زەردەشتی هەخامشی)
[6] Collective memory
[7] Immanent
[8] divine
[9] Cultural imagination
[10] ڕۆمانی شیرین و فەرهاد، زەردەشت نورەدین، ناوەندی ڕۆمان، لا٢٤
[11] ه.س لا١٣٨
[12] لەکاتێکدا خەلقی نەریتی مرۆڤێک دەئافرێنێت کە یان کۆیلەیە، یان بۆ کارکردن و خزمەتی خواکان دروست کراوە، یاخود لە بەرانبەر سزای تاوانێکی نەکردوودا خەلق بووە، کە هەتا تەمەنی ماوە دەبێت نکۆڵی لە جەستە و هەستەکانی بکات، تاوەکوو خوا لۆگۆسییەکەی لە خۆی ڕازی بکات.
[13] ه.س، لا١٩٥
[14] ه.س، لا٣٦
[15] ه.س، لا٦٢٥
[16] ه.س، لا٣٩
[17] ه.س، لا٨١
[18] Uncertainty
[19] ه.س، لا٢٤١
[20] ه.س، لا٣١٠
[21] (Derrida et al., Deconstruction in a nutshell2020)p52
[22] Fluid process
[23] ڕۆمانی شیرین و فەرهاد، زەردەشت نورەدین، ناوەندی ڕۆمان، لا٣٠١
[24] ه.س، لا١٨٥
[25] “بۆ دروستکردنی سیستم، دەبێت دۆخی ئیمکانەکانی سیستمەکە بچەپێندرێت” ، ئوستووڕەی سپی، ژاک دێرێدا.
[26] چەمکی نووسەر خۆیەتی
[27] ئەهوڕۆشا “خوای ڕۆشنایی و ڕووناکی ڕەها بوو. تەماشای هەر گژوگیایەکی بکردبا..دەمودەست گیانی دەکێشا و ڕووناکی دەکردەوە”٣٩٤ ئەهوڕۆشا لە سەرەتای پاییزدا خیانەت لە میترا دەکات و پەلاماری سەوزایی و هەرچی زیندووە دەدات و هێند ڕووناکیان دەکاتەوە تاوەکوو دەمرن.
[28] ه.س، لا١٨٥
[29] ه.س لا٦٢٥
[30] ه.س١٨٧
[31] ه.س لا١٩٠
[32] ه.س، لا٥٢١
[33] هەمان گەمەی ئازادی مێتافۆرەکانی پشتەوەی وشەکانە لای دێرێدا
[34] دوواڵیزم زاڵکردن و بەسەنتەرکردنی یەک توخمە و سڕینەوە و بەشەیتانکردنی ئەویتری جیاوازە، کە ئەم پڕۆسەیەش جەوهەر و کڕۆکی مەرکەزگەراییە. خودی مەرکەزگەرایی خۆی واتە یەک دانە هەیە زاڵە و ئەوانیتر یان هەر نین یان پاشکۆیین. بەم مانایە دواڵیزمی زەردەشتی هەم مەرکەزگەراییە و هەم فۆڕمێکی تری لۆگۆس تەوەرییە.
[35] deferral
[36] Differance
[37] Derrida, J. (1982). White mythology: Metaphor in the text of philosophy. In Margins of philosophy
[38] لەپێش-بونیادگەری سوسێرەوە مێتافیزیک بەناو زماندا خۆی بینا دەکاتەوە؛ بە ڕوانگەی ئەو، بیرۆکە وەکو مەدلوول ئەو لۆگۆسە نموونەییەیە (وشەی خوا) کە هەقیقەتی پێش بوونە و دالیش لەولاوە کە زمانی مرۆڤە (وشەی مرۆیی) هەوڵێکی کەوتووە، دەخوازێت ئەو بنوێنێتەوە. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ مەدلوولی پەتی کە هەمان ئایدیاڵی ئەفڵاتوونی و هەقیقەتی خوداییە، چونکە مەدلوول بە ئەسڵی بێگەرد و دال وەکوو تێکدەری ئەو ئایدیاڵیەتییەی دادەنێت.
[39] بەهەمان شێوە بۆ وشەی mindئەقڵ لە mens لاتینەوە هاتووە کە پەیوەندیی بەپێواندن measure هەیە ( واتە ئەقڵ و بیرکردنەوە کە خۆیان نابەرجەستەن پێشووتر مێتافۆرێکی جەستەییان هەبووە).
[40] To know
[41] To see
[42] ئیدۆس idosی ئایدیا لە بینینەوە، دانەوەreflection نەک بە واتای بیرکردنەوە thought بەڵکوو وێنەدانەوەی ئاوێنە..)
[43] Nietzsche’s BGE Preface + GS §54 هەقیقەت سوپای جووڵاوی مێتافۆرەکانە – چەمکگەلێک لەبیرمان چووەتەوە مێتافۆر بوون.
[44] Kaufmann, W. (1974). Nietzsche: Philosopher, Psychologist, Antichrist (4th ed.). Princeton University Press, p. 190.
[45] One’s right
[46] Call of the other
[47] شوناسێکی لەخود-جیاواز، شوناسێک جیاواز لە خۆی، کرانەوە و بۆشایی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە
[48] (Derrida et al., Deconstruction in a nutshell2020) p44
[49]To become
[50] ه.س، لا٦٠١
[51] Justice
[52] Law
[53] ه.س، لا٥٣١
[54] ه.س لا ٢٤٩
[55] ه.س، لا٣٦٥
[56] ه.س، لا٢٠٦
[57] faith
[58] Religion
[59] (Derrida et al., Deconstruction in a nutshell2020)p52
[60] act of speech
[61] To come
[62] بۆ دێرێدا مێسیانسیتی و مێسیانیزم جیاوازن، دووەمیان مەسیحی یەهودییە کە لە سیاقێکی مێژوویدا فیگەرێکی دیاریکراو فۆڕمی مێسیا بەبەر دەکات. یەکەمیان کە هەمیشە لە پێش مێژووەوە هەبووە، هاتنی ئەویترە، دیاردەیەکە، دادپەروەرییە کە شۆڕش و گۆڕان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. چەمکی مێسیا پەیوەندیی بە دواخستنەوە هەیە، هەروەکو چۆن مانای شتەکان هەرگیز بەکۆتا ناگات و هەمیشە هیتر بەڕێوەیە، بەو جۆرە مێسیا (هاتنی ئەویتر) هەمیشە دوادەخرێت و هەرگیز ناگات. بەهەرحاڵ هاتنەکە تەواو شاد نییە، ترسی لە گۆڕان تێدایە هەروەکو چاوەڕوانیکردنی شتێک حەزمان پێی نەبێت، هاوشێوەی مەرگ. (Derrida et al., Deconstruction in a nutshell2020) p156
[63] ه.س، لا٥١٨
[64] سیمبۆلەکانی مار و هەڵۆ لە خەونەکەی ئیشتەڤەگۆدا کاتێک لە هێلکەی مارانەوە داڵ دەترووکێت نیشانەن بۆ زەوی و ئاسمان، جەستە\مێتافیزیک. ئیشتەڤەگۆ کە خۆی سەر بە زەوییە یان دەبێت بۆ پاراستنی زەمینی پانتایی ئاسمان و ئەوەی لەو نێوەندەشدایە داگیر بکات یاخود لەناوبچێت. بۆ داگیرکردنی ئاسمان”دەبێت خۆی وەکو خوا (خوای مێتافیزیکی) و هەم پاشا- خواپاشا بناسێنێت کە ئەمەش هەر ئەوەیە دواتر زەردەشتی پێغەمبەر دەیکات.
[65] (Derrida et al.,Deconstruction in nutshell2020)p110
[66] ه.س، لا٣٧٥