نووسین: دییە روها
ئەدەب لە جیهانی مۆدێرنە، هاوشێوەی هەموو کایەکانی تر تووشی مەترسی و کەلێن لە لا جیاوازەکانەوە دێت، خەریکە فرەیی و بەشداری کارای خۆی لەدەست دەدات. ئەم کتێبە نووسینی دوو نووسەرە «تزڤێتان تۆدۆرۆڤ» و «زەردەشت نورەدین»، هەردووک ئاوڕ لەو ڕوانگە کێشەدارانەی تووشی ئەدەب هاتوون دەدەنەوە و ڕاسپاردەی ئەدەبی بۆ سیاقی خۆیان بەجێ دەهێڵن. ڕاسپاردەیەک چاوی لە زیندووکردنەوەی فرەیی و فرەڕوانینەکانی ناو ئەدەبە و دەخوازێت ئەدەب کارایانە بەرەنگاریی فاشیزم و مەرگدۆستی دەسەڵاتی چەپێنەر ببێتەوە.
تۆدۆرۆڤ ڕەخنەی ڕوانگە مەترسیدارەکانی زانکۆکانی فەڕەنسا (ئەورووپا) لەمەڕ ئەدەب دەکات. بە هەمان شێوە نووسەری کورد ڕەخنەی ڕوانگە مەترسیدارەکان بۆ ئەدەب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت بۆ کورد دەکات. وەها دەردەکەوێت ڕوانگەی بیرمەندێکی جیهانی لە شوێن و کاتێکی جیاواز لەوەی ئێمە بێبایەخ بێت، لە کاتێکدا هەر ڕوانینێک دەربارەی ئەدەبی جیهان، دواجار خزمەت بە تێگەیشتنی ئەدەبیمان دەکات؛ ئەمەش بۆ نزیکی بنەما و بنچینەکانی ئەدەب دەگەڕێتەوە لە هەرکوێی جیهان بێت. سەرباری ئەمە و لێکنزیکی کێشە مۆدێرنەکان، هێشتا لە ڕوانگەی ئەورووپی تۆدۆرۆڤدا شتێک بۆ ئێمەی خاوەن کولتووری جیاواز ونە، شتێک لە ئەدەبی کوردیدا کە تەنیا نووسەر و لێکۆڵەری کوردی دەتوانێت درکی پێ بکات و تیۆریزەی بکات؛ بیرمەندێکی بیانی تەنیا دەتوانێت وێنایەکی گشتیمان بداتێ لەسەر دۆخی ئەدەب، بەڵام تەنیا نووسەرێکی کورد دەتوانێت شتی تایبەتمەند[1] بە سیاقی خۆمان بۆ ڕوون بکاتەوە. هەر خۆیشی گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، بە واتایەکی تر دەتوانێت خوێندنەوە بۆ کەلێنەکانی مێژوو و ئێستای ئەدەبی خۆمان بکات؛ لە ناوجەرگەی ئەدەبیاتی خۆمانەوە نموونەکان دەربهێنێت و بەپێی پێدراوەکانی ئەم ناوچەیە ڕێگادۆزە جیاوازەکان بەردەست بخات.
نووسەر بۆ هەر پاژێکی تۆدۆرۆڤ پاژێکی تایبەت بە سیاقی خۆمانی نووسیوە، کە لە دەوروبەری هەمان بابەتەکانی پاژەکەی تۆدۆرڤ دەسووڕێتەوە و لەناو سیاقی کوردیدا وێنای کردووەتەوە. بە تەنیا ئەوە ناکات، بەڵکو ڕەهەندە نەبینراوەکانی ناو دەقەکەی تۆدۆرۆڤ شی دەکاتەوە و جۆرێک لە لێکدانەوەی بۆ دەکات، پاشان دێت و بەسەر سیاقی کوردیدا تیۆریزەی دەکات.
تۆدۆرۆڤ بەرەی جەنگ لە نێوان نووسینی گێڕانەوەیی[2] و نا-گێڕانەوەییدا[3] دادەخات و ئەو ئیمکانە دەکاتەوە کە جارێکی تر ئەدەب و کایەکانی تر دانەبڕدرێن، لەگەڵ یەک و بەناو یەکدا گەشە بکەن؛ نووسینی نا-گێڕانەوەیی هاوشێوەی گێڕانەوەیی، ئەسڵەن پێکەوە دەتوانن بەشە نادیارەکانی گەردوونمان پێ بناسێنن و بیرمان پێ بکەنەوە.
لەڕێی تۆدۆرۆڤەوە دەزانین ڕستەگەلی وەک “بە تەنیا کایەیەکی وەکو فەلسەفە بیرمان پێ دەکاتەوە” هەڵدەوەشێتەوە و دەزانین بە پێچەوانەوە فەلسەفە تەنیا لە پاڵ ئەدەبدا ئیمکانی بیرکردنەوە بە ناو گەردوونی نەزانراوی مرۆڤ دەڕەخسێنێت، چونکە ئەدەب دەتوانێت ناکۆتا ئیمکانی پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ گەردوون و ئەوانی تردا بکاتەوە، بەو مانایە دەتوانین لە ڕێی ئەدەبەوە ناکۆتا ئیمکانی گریمانەمان هەبێت بەرەو نادیار و دیار. بۆدلەر دەڵێت «خەیاڵکردن زانستیترین توانستە، چونکە تەنیا ئەم توانستە دەتوانێت لە قیاسی گەردوونی تێبگات[4].»
گرنگی ئەدەب لەوێدایە ئەو ئیمکانە دەکاتەوە « ناکۆتا » پەیوەندی و مامەڵەمان لەگەڵ ئەوانی تر هەبێت. وشەی« ناکۆتا » م دەستنیشان کردووە، چونکە مرۆڤ لەناو جیهانی سنووردار و تەمەنی مردەک[5] و تێپەڕدا هەرگیز ئەو ئیمکانەی نییە ناکۆتا بەر گەردوون و مرۆڤ و پەیوەندییەکان بکەوێت و بە تەنیا ئەدەب زادەی ئەو خەیاڵەیە کە مرۆڤ بتوانێت خەیاڵ لە نەبینراو و نەبوو بکاتەوە، تەنانەت مرۆڤێکی کەنەفتی سەرجێگاش ئیمکانی هەبێت بەسەر ڕووبار و باخە خەیاڵییەکاندا بفڕێت. تەنیا لەڕێی ئەدەبەوە دەتوانین بەهۆی ئەو جیهانەی تری فەراهەمی دەکات، جیهانی واقیعی خۆمان مانادارتر و قووڵتر و بۆ هەمیشە و بە نەمری بەر گەردوون بکەوینەوە.
تۆدۆرۆڤ ڕەخنەی ئەکادیمیای فەڕەنسی و ئەورووپی دەکات کە نەیانتوانیوە ئەدەب لە تەواوی وێنەکەیدا بەبێ زاڵکردنی هیچ ئایدۆلۆژیایەک بخەنە بەردەست خوێندکاران؛ ئەوەی ئەوان کردوویانە کورتکردنەوەی ئەدەب بووە بۆ ئامڕازی تێگەیشتن لە فۆڕم و تەکنیکە دیاریکراوەکان و سڕینەوەی بەشەکانی (بە تایبەت ناوەڕۆک) تری. تۆدۆرۆڤ سەرەڕای زانینی بایەخی فۆڕم و تەکنیک، دەزانێت کە کورتکردنەوەی ئەدەب بۆ کەرەستە و بەئامانجگرتنی یەک میتۆد، یاخود شێوازبەندی ئەبستراکت لەناوبردنی قووڵی و بەرزی ئەدەبە و تەنانەت کوشتنێتی. هەموو تاکخوازییەک هاوشێوەی یەکتاپەرستی ئامانجی لە سڕینەوەی ئەوانی تر و زاڵکردنی یەکی تاقانەیە کە دواجار لە فاشیزم و تۆتالیتارییەتدا خۆی دەبینێتەوە.
هەر لە پەیوەند بە گوتاری زاڵەوە، زەردەشت نوردەین باس لەوە دەکات چۆن نووسەر و ئەدیب لەڕێی هەڵبژاردنەکانیانەوە (هەڵبژاردنی میتۆد و کەرەستە لە سیاقی جیاواز) دەتوانن ببنە هێڵی بەرەنگاری بەرانبەر گوتاری سەپێنەر یاخود کۆدەزگای مەعریفی چەوسانەوە بەرهەم بهێننەوە. ئەمەش لەڕێی خوێندنەوەی فۆرمالیستبوونی تۆدۆرۆڤەوە دەکات، کە لە سیاقێکدا فۆرمالیزم بەرەنگاری بووە بەڵام بە ڕۆشتنی بۆ فەڕەنسا چیتر ئیش ناکات و دەبێت کەرەستەی تر بدۆزێتەوە، بە واتایەک گەر فۆرمالیزم لە شوێنێکدا بەرەنگاری بێت، مەرج نییە لە شوێنێکی تر وەها بێت و گەر میتۆدێک بۆ شوێنێک فاشیستی بێت، بۆ شوێنی تر وەها نییە. هەر ئەمەشە شایەتی گرنگیی نووسینی نووسەرە کوردەکە دەدات، چونکە ئەوەی لە فەڕەنسا کار دەکات مەرج نییە بۆ ئێرە بەرەنگاری بێت، هەر وەک چۆن نووسەری دووەم لە ڕێگەی شیکردنەوەی دیاردەی کۆڕی زانیاریی کورد، دانانی وەکو «گەورەترین ڕوودای مەعریفی پێش ڕاپەڕین[6]» و هەڵبژاردنی شێوازی فۆرمالیستی زمانەوانی ئەوەمان پێ دەڵێت نووسینەکانی ئەو دەستەیە، زمان و شوناسی نەتەوەی کوردی لە بەرانبەر بە داگیرکەردا لەو قۆناغەدا پاراستووە و ئەدەب ڕۆڵی چەکی گێڕاوە، بەڵام چیتر کارکردن لە زماندا وەکو زمان بۆ کورد گۆڕانساز نەماوە و لە بەرەنگاری بەتاڵە؛ ئەو دەستەیە لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بوون و دۆخەکەیان گواستەوە بۆ قۆناغێکی تر و دەبێت لەمەودوا لە شوێنی ترەوە کاری لەسەر بکرێت.
بەڵام هێشتاش یەکێک لە تێما سەرەکیەکان هێڵی بەرەنگارییە لە ئەدەبدا؛ داخۆ ئەو ئەدەبە دەچێتەوە ناو نەزمی زاڵی هەبووی چەوسێنەر، یاخود ڕێگادۆزی دەرچوونی تێدایە؟ هەمیشە هەردووک نووسەر دەڕۆنەوە سەر ئەو پنتەی ئەدیب و نووسەران دەبێت ئاگادار بن ئەو کارەی خەریکین و ئەو کەرەستەیەی هەڵیانگرتۆتەوە ئایا دەچێتەوە خزمەتی ڕوانگەی زاڵی چەوسێنەر، دژ بە ژیانە یان نا؟ ئەدەب ڕایەڵەی وزەی بەرەنگاری و خۆبەدەستەوەنەدانی مرۆڤە بەرانبەر مەرگ. بە هەمانشێوەی تاک، ئەدەب دەتوانێت شوناسی نەتەوەیەک لە سڕینەوە بپارێزێت و چەند هێندی خەباتی چەکداری بێت.
هەرچی دەربارەی پرسەکانە، سیاقی فەڕەنسی و کوردی جیاوازە و هەندێک لەو کێشانەی بۆ یەکەم دەبنە پرس لە دووەم هێشتا پەیدا نەبوون، ئەوانەشی لە دووەمدا کێشەن لە یەکەمدا هەر پرس نین. زانکۆکانی فەڕەنسا خەریکن بەرەو کێشەی زاڵبوونی یەک میتۆد دەڕۆن، بەڵام لە ئەکادیمیاکانی ئێمە بە پێچەوانەوە کێشەی نەبوونی ڕوانگەمان هەیە. نووسەری دووەم سێ کاتیگۆری بۆ ئەم باسە جیا دەکاتەوە: ڕوانگە، دروستنەبوونی فۆڕم و ڕوانین، ئەکادیمیای ئێمە تەنیا دووەم و سێیەمی بۆ دەبێت بە پرس.
لای ئێمە هیچ کامێک لەو ڕەوتە ئەدەبی و ڕۆشنبیریانە بەڕێی خۆیدا نەهاتوون تاوەکو کۆمەعریفە بونیاد بنێن و ئەکادیمیا بتوانێت هەڵگری ڕوانگە یان میتۆد بێت؛ کتوپڕ و لەناکاو کەوتووین بەسەر مۆدێرنەدا کە هێشتا ڕەوتێک بە تەواوی خۆی ئەزموون و تاقی نەکراوەتەوە، خێرا دژەکەی هاتووە. مادام ئێمە ڕوانگەی زاڵمان نییە تا کەڵەکە ببێت و بزووتنەوە بەرهەم بهێنێت، دەبێت بچینە لای ١) غیابی ڕوانگە-دروستنەبوونی فۆڕم ٢). ڕوانینی ئەدەبی. ئەو نووسەرانەی غیابی ڕوانگەیان هەیە، دواجار دەبینین بەرهەمەکەیان فۆڕم وەرناگرێت و ئەسڵەن ناتوانێت ببێت بە ڕۆمان و وەکو ڕەشنووسێکی خراپ دەمێنێتەوە، کە ئەمە دۆخی زۆرینەی کتێبە لەچاپدراوەکانە. هەرچی ڕوانینی ئەدەبییە بە دوو باری کێشەداردا دەڕوات، کە یەکەمیان فۆرمالیستی کوردییە و دووەمیان واقیعنواندنەوەیە.
بۆ ئێمە فۆرمالیزیمی ڕووسی کێشە نییە، چونکە ئەوە هەر نەهاتووە بەڵکو جۆرە فۆرمالیزمێکی کوردی هەیە کە نووسەر خۆی لەناو سیاقی کوردیدا پێناسەی دەکات، ئەویش «فۆڕمێکی ئەدەبی هەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی ئەژمار بۆ سیاقی ئەدەبی، پێشینەی ئەو فۆرمە و واقیعی خۆی بکات….[7]» «فۆرمالیزی کوردی» تەواو دابڕاو و بێڕەبتە بە واقیعەوە و ناتوانێت ڕایەڵەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ واقیعی زیندوو ڕابگرێت و پەیوەندیی بمێنێتەوە بە پرس و خەمەکانی سیاقی خۆی؛ بەو واتایەی لە کولتووری خۆیدا ناوەکی نابێتەوە و پەیوەندی دروست ناکات، بەڵکو دەرەکی و ئەبستراکتە؛ لە دەرەوەی جیهانی زیندوو دەمێنێتەوە.
ئەدەب فۆڕم و ناوەڕۆکە پێکەوە، هەر بۆیە «فۆرمالیستی کوردی» کاتێک هەوڵ دەدات تەنیا لە ڕێگەی فۆڕم و تەکنیکی ئاڵۆز و نوێوە حەپەسان لای خوێنەر و داهێنەری دروست بکات، دەکەوێتەوە ناو هەمان کێشە کە تۆدۆرۆڤ ڕەتی دەکردەوە، واتە جیاکردنەوەی فۆڕم و ناوەڕۆک لە یەکتر. ڕۆمانی گۆڕانساز دەبێت هەماهەنگی لە نێوانی فۆڕم و ناوەڕۆکەکەی دروست بکات و هەردووک ڕەبتێکی قووڵیان پێکەوە هەبێت و لەخۆوە و هەڕەمەکییانە دانەنرابن.
دووەمیان کێشەی واقیعنوێنییە لە ئەدەبدا: «واقیع دەبێتە مۆدێلی و ئیشی، ئەمیش دەبێتە لەبەرگرتنەوەی ئەو مۆدێلە»[8]. واقیعنواندنەوە تەنیا بەرجەستەکردنەوەی شتە فیزیکییەکان وەک خۆیان نییە تاوەکو ببێتە جۆرێک لە ڕیاڵیزم، بەڵکو زیاتر هەڵگرتنەوەی هەمان گوتار و ڕوانگەی عەوامە (بۆ نموونە عەوام چۆن لە پرسی شەرەف بڕوانێت)؛ ڕۆشنبیر بەوە لە کەسانی ئاسایی جیا دەبێتەوە کە نووسینەکانی هەمان نەزمی هەبووی زاڵ بەرهەم نەهێننەوە و خزمەت بە ڕوانگەی تاکڕەویی سەپێنەر نەکەن. پێناسەی واقیعنواندنەوە کە تیگۆرییەکە نە ناچورالیزمە، نە ڕیالیزم، بەڵکو جۆرێک لە نەبوونی ئەو ڕەهەندە خەیاڵی و ئافراندنەی ئەدەبیاتە و نزیکترە لە ڕیپۆرتاژێک لە واقیع و وێنەگرتنەوەی دەقاودەق لێی، بێ خستنەوەی هیچ گۆڕانکارییەک.
تۆدۆرۆڤ ڕیشەی ئێستاتیکا بە فەرمی بۆ سەدەی هەژدە دەگەڕێنێتەوە و باس لەوە دەکات بەر لەوە لەناو فەلسەفەی ئەفڵاتوونی بە تایبەت جوانی (جوانی ناو ئەدەب) بە شتگەلی تری وەک حەقیقەت، چاکە و ئافراندنی ئیلاهی و یەزدانناسییەوە بەستراوەتەوە، نەوەک وەکو کایەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە بەرانبەردا، نووسەری دووەم سەرەتا جیاکاریی لە نێوان ئێستاتیکا و جوانیناسی دەکات بەوەی دەستەواژەی جوانیناسی تا سەردەمی پێش مۆدێرنە بەکار دێت و لەوە بەدوا کاتێک ماناکەی فراوانتر دەبێت، دەبێتە ئێستاتیکا و ئەو دووە شوێنگۆڕکێ ناکرێن.
نووسەر بەپێی درکپێکردن و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی و بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئەدەبی کوردی دێت و ڕیشەی ئێستاتیکا بۆ نالی شاعیر لە سەدەی ١٩ دەگەڕێنێتەوە؛ پێی وایە سەرەڕای ئەوەی نالی نە بە ئیپیستیم مۆدێرنە و نە خۆی لە مۆدێرنەدا ژیاوە، بەڵام هێشتاکە ئەدەبی نالی دەبێتە ئێستاتیکی چونکە نالی لەگەڵ زماندا گەمە دەکات و لە شیعر بۆ شیعر دەڕوانێت و بۆ هیچ ناوەڕۆکێکی دیاریکراوی کورت ناکاتەوە، بەڵکو ناوەڕۆکەکان دەکات بە کەرەستەیەک تاوەکو قودرەتی ئێستاتیکی زمان و ئەدەبییەت دەرببڕێت. «نالی تەنیا و تەنیا فۆڕمی لا گرنگە و هەر فۆڕمیش دەبینێت…. بە گوێرەی فۆڕم و لە ڕێگەیەوە دەستکاری بابەتەکە یان ناوەڕۆکەکە دەکات». «هیچ شاعیرێکی کوردی هێندەی نالی خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، کە جیاواز و هەندێک جاریش دژبەیەک بن».«هەربۆیە هیچ ناوەڕۆکێکی دیاریکراو ناتوانێت سەرجەمییەتی شیعری نالی بخوێنێتەوە»[9].
ئەم دیاردەیەی بۆ نالی ڕوو دەدات زۆر دانسقەیە لەناو کورد و بۆ گەردوونیش، کە شاعیرێک سەرەڕای ئەوەی ئاگاداری تیۆری ئێستاتیکای مۆدێرنە نییە و نە قاڵبی شیعرەکانی وان، بەڵام دەبینین فۆڕمی شیعرەکانی ترۆپکی ئێستاتیکان و گەمەیەکی وەها دەگمەن بە زمان دەکات، کە بۆ هیچ شتێک کورت نابێتەوە بێجگە لە بێسنووری جوانیی ناو زمان و شیعرییەت. ئەم تیۆریزەکردنەی فۆڕمی شیعری نالی بۆ کورد زۆر گرنگە و دەتوانێت پاشخانێکی گرنگ بۆ بەرزی هونەر و گرنگی ئێستاتیکا لە ناوچەکە دەربخات.
نووسەر لێرەدا دیسانەوە لە تۆدۆرۆڤ بەوە جیا دەبێتەوە کە ئەدەبیات و هونەر و ئێستاتیکای مۆدێرنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە فەلسەفەی یۆنانی و پاشان سەدەی هەژدەوە گرێ نادات، بەڵکو نموونە لە مێژووی دێرینی میزۆپۆتامیای بەر لە هاتنی گەلانی سامی ئاری -واتە سەردەمی گەلانی هۆری- ئیلامی و سۆمەری دەهێنێتەوە کە چۆن هونەری نیگاری جەستەدار و چەشەیەکی ئێستاتیکی تەواو جیاواز لەوەی فەلسەفەی یۆنانی بوونی هەبووە. هونەری پێشووتر بەرگریی لە جەستە و جوانی کردووە و بۆ هیچ ناوەڕۆک و کایەیەکی تری کورت نەکردووەتەوە، بەڵکو لە پڕێتی خۆیدا ئەزموونی کردووە و بەرجەستەی کردووەتەوە. پاشان ڕیشەی ئێستاتیکای یەزدانناسیانەی یۆنانیش دیسانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هاتنی ڕوانگەی کێشەداری سامی و ئارییەکان کە دواتر«ئەم زەواجە شەرعیەی سامی-ئاری لە ئیسلامدا بەترۆپک دەگات و هونەر نەخۆش و پەراوێز دەخات»[10] نووسەر کاتێک ئەم ڕوانگەی بۆ ئەدەبی کوردی بەرهەم هێناوە، لە دەرەنجامی بیرکردنەوە بووە لە ئەدەبی پێشخۆی و دوای خۆی. «کوردەکان بە بەراورد بە گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەموویان کەمتر کەوتوونەتە ژێر ئەم کاریگەرییەوە…. سەرەتا لە شێوەی عیرفان و تەریقەتدا، دواتر لە شێوەی ئاینە کوردییەکاندا».[11]
نووسەر نەک تەنیا لەناو مێژووی کوردیدا تیۆریزەی نالی بە ڕوانگەیەکی نوێ دەکات، بەڵکو لە پەیوەند بە هونەرەوە، ڕەخنەی هیگڵ دەربارەی نیگاری مێژووی دێرین دەکات و دواجار ئەمەش دەبێتە تیۆریزەیەکی دیکەی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد کە لەوەو پێش کاری تری بەو جۆرە لەسەری نەکراوە.
پێدەچێت ئەو تیۆریزەکردنەکەی نووسەر بۆ شیعری نالی بەڵگە بێت بۆ ئەوەی نەستی کوردی لە سەردەمانی زۆر پێش مێژووەوە بەرگریی لە جوانی و ئەدەب و هونەر و جەستە کردووە و لە ئێستاتیکای وەکو کایەیەکی سەربەخۆ -گەرچی نائاگایانە- ڕوانیوە؛ نالی ئەو پنتەیە چۆن نەستی کوردی دووبارە بەهاریکاری کولتووری دێرینی خۆی دێتەوە دەرەوە و هەر بۆیەشە نالی دەبێتە دیاردەیەکی دەگمەن و درکپێنەکراو لای لێکۆڵەرانی ئەوکات و ئەم سەردەمەش.
لای تۆدۆرڤ مانای ئێستاتیکا (هونەر/ئەدەب) وردە وردە لە ڕێنیسانسەوە لەژێر کاریگەریی ئایین و حەقیقەتگەرایی دێتە دەرێ و شوناسی دەگۆڕێت بەرەو شوناسێکی کراوە دەڕوات. ئەدەب پێشووتر لەناو پێناسەی تەقلیدی و چەقبەستوودا سنووردار ببوو و نەیدەتوانی جۆرێک لە یاخیبوون و نوێگەری بخاتەوە. گەرچی لە پێش ڕێنیسانسیشەوە کاوەخۆ پێناسەی ئەدەب فراوانتر بووە، بەڵام لە ڕۆشنگەری و لە کانتدا ئەمە بە ترۆپک دەگات. کانت ئەو ئیمکانە دەکاتەوە لە ئەدەب بە دوو لایەنە لێی بڕوانین. ئەدەب تەنیا بەسەر خۆیدا دانەخراوە، تەنیا لەپێناو ئەدەبدا ئەدەب نییە؛ هەم سنوورەکانی ئەوندە کراوەش نییە کە بووبێتە ئامڕاز بەدەستی کایەکانی ترەوە و لەدەرەوەی خۆیدا بێت، بەڵکو لەو نێوەندەدا هەردووکیانە. گەرچی کانت پرسەکە بە جۆرێک بەلادا دەخات، بەڵام بۆ تۆدۆرۆڤ گواستنەوەکە لە شوێنێکی ترە؛ ڕادیکاڵترین هەڵوەشاندنەوە کە بۆ پێناسە و چوارچێوەکانی هونەر کرابێت نموونەی توالێتەکەی دو شامپە. لای نووسەر[12]، ئەم ڕووداوە دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێت: بەڵێ ئەو ئاکتە لە سیاقی خۆیدا بەرەنگاری بووە بەرانبەر سنووردارکردنی هونەر، بەڵام گەر لە سیاقی خۆی بیهێنینە دەرەوە بۆ ئیمڕۆ، دەبینین مەترسیدارە، چونکە وا دەکات سنووری کاری هونەری و ناهونەری جیاوازییان نەمێنێت و ئەوە تەنیا پێشانگا بێت کە بڕیار بدات بەرهەم ببێتە کاری هونەری یان نا.
پاشان تۆدۆرۆڤ بەهۆی نەمانی پێوەر لا لە کێشەی بەکاڵابوونی هونەر لە ڕۆژاوا دەکاتەوە. لە غیابی پێوەری ئەدەبی، لەژێر کاریگەریی ئێستاتیکای کۆپەیوەندیی سەرمایەداری هەموو کارێکی هونەری هەمان ڕوانگەی زاڵ بەرهەم دەهێنێتەوە. نووسەری دووەم لەسەر ئەمە ناڕوات، چونکە خۆی دەری دەخات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت کوردستان کێشەکە بەکاڵانەبوونی هونەرە: تابلۆیەکی هونەری لە هیچ بارێکدا پارە ناکات و ساغ نابێتەوە. هێشتا کێشەی سەرەکیی بەکاڵانەبوون نییە، بەڵکو ئەوەیە ئەدەب چۆن دەتوانێت ببێتە هێڵی بەرەنگاری و دواجار سیستم و نەزمی هەبووی زاڵ بەرهەم نەهێنێتەوە؟ ئەدەب دەبێت گرژی بخاتەوە و زەمینەی ڕابردووی مەعریفی خوێنەر بهەژێنێت و ئەو جیهانەی پێشوو هەیبووە بیشێوێنێت.
نووسەر ناونیشانی «توالێتەکەی دوشامپ و سکچوونی هونەر» ی بەکار بردووە و پێم باشبوو لەسەر دەربڕینی مێتافۆریکی سکچوونی هونەر بوەستین: ئەوەی بڵێین هەموو شتێک دەبێت بە هونەر تەنانەت دانانی توالێت لە پێشانگا ئەمە هونەر تووشی سکچوون دەکات. «پێش ئەوەی بە گەدەی جیهاندا بڕوات و لەگەڵ جیهان کارلێک بکات دەیتووڕێنێت و دەیداتەوە و هیچ شتێکی پێوە بەند نابێت، هیچ شتێک ناگەیەنێت و بەسەر خۆیدا دادەڕووخێت…. نە لە هونەردا هیچ جێ دەهێڵێت و نە لە بینەردا هیچ دەڕسکێنێت و نە کاری بەسەر جیهان، ژیان و واقیعەوە ماوە»[13].
لەگەڵ هاتنی ئاڤانگاردییەکان و هەڵوەشاندنەوەی کاوەخۆی پێناسە جێگیرەکان، ئەدەبییەت زیاتر بەسەر خۆیدا دادەخرێت و تەواو لە ناسینی جیهان دادەبڕینرێت. تۆدۆرۆڤ ڕەخنەی ئەم دابڕاندنە دەکات و لەو نێوەندەدا دەقی دەربڕینی نووسەرە گەورەکانی ئەو سەردەمە هاوشێوەی بۆدلەر و فلۆبەر و بالزاک و هتد دەهێنێتەوە کە چۆن سەرەڕای ئەوەی نوێنەری ئەدەب بۆ ئەدەب بوون، بەڵام هەرگیز ئەدەبیان لە ناسینی هەستەکییانەی جیهان دانەبڕاندووە، تەنانەت بە قووڵتریش لە زانینی ئەقڵانییان زانیوە.
نووسەری دووەم لەبری ئەوەی باسی ئاڤانگاردییەکانی ڕۆژئاوامان بۆ بکات، دێت گۆڕانکارییەکانی مۆدێرنە لەسەر کورد دەخوێنێتەوە؛ تیۆریزەی ساتەوەختی گۆڕانی زمانی شیعر بۆ پەخشان دەکات و لەوێدا حاجی قادر دەکاتە ساتەوەختی ئەو گواستنەوەیە و دواتر دەپەرژێتە سەر کێشە دوابەدواکانی شیعری مۆدێرن و زمانی نافیگەراتیڤ. بە دەربڕینێکی تر، لەبری ئەوەی باس لە موناقەشەکانی ئەدەب لە خۆیدا یان بۆ دەرەوە بکات، دەپەرژێتە سەر کێشەیەکی هەنووکەیی ئەدەبی کوردی، کە ئەویش ململانێی نێوان زمانی فیگەراتیڤ و نافیگەراتیڤە.
حاجی قادر بە هەڵواسراوی لەنێوانی شیعر و پەخشاندا دەمێنێتەوە، چونکە لە سەردەمەکەی ئەودا شیعر تووشی قەیران هاتووە و شتێکی نوێ خەریکە لەدایک دەبێت، بەڵام هێشتا لەدایک نەبووە تاوەکو ئەم بتوانێت بەکاری بهێنێت؛ شیعرەکانی دەرخەری ئەو قەیرانی زمان و ساتەوەختی گواستنەوەیەن کە نە تەواو دەبنە شیعر و نە پەخشان، بەڵکو « دەبنە دەردەئاماژە بۆ نواندنەوەی قەیرانی پەخشان-شیعری کوردی ».[14] دەتوانین حاجی قادر وەکو «ئاگایی مۆدێرن لەناو جەستەی شیعری کلاسیکدا[15] » دابنێین.
ڕاستە میدیۆمی دەربڕینی شیعر و پەخشان هەردووکی زمانە، بەڵام دوو زمانی تەواو جیاواز؛ لەو گواستنەوەیەدا[16] فۆڕمێکی زۆر ئازاد پەیدا دەبێت کە گەر باش جڵەو نەکرێت سەر بۆ خەیاڵپەشێوی و بەدفۆڕمی ئەدەب دەکێشێت و ئەمەش کێشەی هەنووکەییمانە. ئەو پێناسە نوێیانەی لەگەڵ هاتنی پەخشان لەدایک دەبن، وەڵامدانەوەن بەرانبەر تایبەتمەندی و ڕەوانبێژی شیعر. هەندێک جار نووسەرانی سەر بەم ڕەوتە کە دەخوازن نا-شیعر بنووسن، بەهۆی ئەوەی لە هەوڵی زۆریان بۆ سڕینەوەی زمانی شیعری پێشوو، شکست دەهێنن و هەوڵەکەیان دەبێتە پەڕینەوە بۆ نا-ئەدەب نەوەک نا-شیعر.
خاڵی جیاکەرەوەی زمانی فیگەراتیڤ لە نافیگەراتیڤ، ئەوەیە یەکەمیان «لەڕێی فیگەرەکانی ناو زمانەوە ماناکانی خۆی دەگوازێتەوە، ماناکان تەنیا لە وشەکان نانێت، بەڵکو لە فیگەریشی دەنێت….[17] »، بەڵام دووەمیان لەڕێی گەمەکردن بە ماناوە شیعریەتی خۆی دەردەخات «مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مانادا بکات، تەنانەت تا ئەو شوێنە بڕوات گەمە بە ماناکان بکات لە بەرانبەردا زمانی شاعیری فیگەراتیڤ گەمە بە دەربڕینەکان دەکات»[18]. لای نووسەر هیچ کام لەم دووە کێشەدار نین، بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی ئاگاداری لە بەکارهێنانی هەردووکیانەوە سەرهەڵدەدات.
زمانی فیگەراتیڤ لە دەستپێکی شیعرنووسینەوە و ئەدەبیاتی زارەکییەوە تاوەکو سەدەی بیستەم کاری پێ کراوە، هەربۆیە قورسە مێتافۆر و فیگەری دەگمەن و دانسقە دابهێنرێن و زۆرینەی فیگەرەکان سواو و کڵێشەیی دەردەکەونەوە و دەرگا بەرەو جیهانێکی نوێ واڵا ناکەن. نووسەر شێرکۆ بێکەس بە ترۆپکی ئەم جۆرە زمانە دەهێنێتەوە کە لەمڕۆدا تێپەڕاندنی زمای شێرکۆیی وەک جۆرێک لە ئاڵنگاری لێ هاتووە.
هەرچی دەربارەی نافیگەراتیڤە چونکە لەسەر وێنە و فیگەر کار ناکات، لە پێگەیەکی زۆر هەستیاردایە، بە تایبەت کە هێڵێكی زۆر باریک و نادیاری جیاکەرەوەی هەیە لەگەڵ زمانی ئاسایی ڕۆژانەدا. شاعیر دەبێت زۆر ئاگایانە بە زمان و لە مۆدێرنە وشەکانی هەڵبژێرێت و بتوانێت لە کۆمانا و کۆئەزموونی شیعرییەکەیدا مانای نوێ دابهێنێتەوە. چونکە هەمیشە ئیمکان هەیە بەهۆی هەڵەی چنین و هۆنینەوە و هتد… لە دێڕێکیدا لە شیعرەوە بەرەو ناشیعر بەربێتەوە. هەروەتر هەڕەمەکیی هەڵبژاردنی وشە زۆرجار دەبێتە هۆی خەیاڵپەشێوی، بێجگە لە کۆمەڵێک وشە و ڕستەی هەڕەمەکیی بێڕەبت و بەتاڵ کە نە ناوەرۆکیان هەیە و نە فۆڕمیان گرتووە، تەنانەت نە هێڵی چیرۆکێکی ڕوون، هیچی ترمان نابێت. نووسەر خەتای ئەمە تەنیا ناخاتە ئەستۆی بەکارهێنەرانی زمانەکە، بەڵکو بەشێکی بە خودی سروشتی مۆدێرنە و نامۆیەتییەکەی دەبەستێتەوە.
دواجار ڕاسپاردەی نووسەری دووەم هاوشێوەی ئەدەب «زیاتر پێشنیارکردنە وەک لە سەپاندن» و کورتەی ڕاسپاردەکەی بەم جۆرەیە «لە ڕوانگەی سێیەمدا، ڕاسپاردی ئەدەب، بەشدارییە، بەشداریی مرۆیی بەناو-ژیاندا و لە-جیهاندا؛ ئەم بەشدارییە پاک و بێگەرد نییە…. لەناو کۆمەڵگا، ئایدۆلۆژیا، گوتار، کولتوور، ئایین، سیستمی سیاسی، سێکسواڵ و ئابووریدا دەژیین، دەشێت لەسەر ئاستی هزری و زیهنی بەرهەمیان بهێننەوە، تۆخیان بکەنەوە، پێداگرییان لەسەر بکەن یان کاڵیان بکەنەوە، گرژیان بکەن ڕەتیان بکەنەوە و تووشی گۆڕانیان بکەن».[19]
سەرچاوەکان:
١.ئەدەب لە مەترسیدا، تزڤێتان تۆدۆرۆڤ، نووسین و وەرگێڕانی زەردەشت نوورەدین، ناوەندی ڕەهەند، چاپی یەکەم، ٢٠٢٥.
Rivkin, J., & Ryan, M. (Eds.). (2017). Literary theory: An anthology (3rd ed.). Wiley-Blackwell.Peck, J., & Coyle, M. (2012). Literary criticism: An introduction to theory and practice (5th ed.). Pearson.Barry, P. (2017). Literary theory: The basics (4th ed.). Routledge.
Lemon, L. T., & Reis, M. J. (1965). Russian formalist criticism: Four essays. University of Nebraska Press.
[1] specific
[2] fiction
[3] Non-fiction
[4] ئەدەب لە مەترسیدا، تزڤێتان تۆدۆرۆڤ، نووسین و وەرگێڕانی زەردەشت نورەدین، ناوەندی ڕەهەند، لا.٥٨
[5] immortal
[6] ئەدەب لە مەترسیدا، تزڤێتان تۆدۆرۆڤ، نووسین و وەرگێڕانی زەردەشت نوورەدین، ناوەندی ڕەهەند، لا.٩٦
[7] هەمان سەرچاوە لا.١١٩
[8] ه.س لا.١٢٢
[9] ه.س. لا.١٣١-١٣٢
[10] ه.س. لا.١٢٨
[11] هەمان سەرچاوە لا.١٢٨
[12] لە هەر شوێنێکدا نووسەر بە تەنیا هاتبێت مەبەست لێێ نووسەرە کوردەکەیە.
[13] ئەدەب لە مەترسیدا، تزڤێتان تۆدۆرۆڤ، نووسین و وەرگێڕانی زەردەشت نورەدین، ناوەندی ڕەهەند، لا.١٤٤
[14] ه.س. لا.١٥٤
[15] ه.س. لا.١٥٣
[16] گواستنەوە لە شیعری کلاسیکی سەروادارەوە بۆ شیعری ئازاد و دواتر بەرەو پەخشان
[17] ه.س. لا.١٥٢
[18] ه.س. لا.١٦١
[19] ه.س. لا.١٧٦-١٧٧