وتووێژ لەگەڵ ئیمانوێل لێڤیناس|
سازدانى: تامرا ڕایت، پیتەر هیوز، ئەلیسۆن ئەینلى|
وەرگێڕانى: شەهلا نەجمەدین|
ئەم وتوێژەى لێرەدا دەخوێنرێتەوە، لە هاوینى ساڵى 1986 لە ماڵى لێڤیناس خۆى ئەنجام دراوە، وەختێك ئەلیسۆن ئەینلى، پیتەر هیوز و تامرا ڕایت، كە هەرسێكیان دەرچووى زانكۆى وارڤیك بوون، دەچن بۆ پاریس بۆ لاى لێڤیناس بە مەبەستى گفتوگۆكردن لەگەڵیدا دەربارەى پرسیارگەلێك كە لە زنجیرە سیمینارێکی هەفتانەدا دەربارەى كتێبى “گشتگیری و ناكۆتا” لە كۆرسى ساڵى پێش ئەكادیمیادا بۆیان دروست بووبوو. بەر لە دیدارەكە، پرسیارەكان بۆ لێڤیناس نێردراون، لەگەڵ حیسابكردن بۆ ئەوەدا كە وەڵامەكانى زۆر جار و هاوكات دەچنەوە سەر زیاتر لە پرسیارێك.
پ: ئایا ڕووخسار دیاردەیەكى سادەیە یان ئاڵۆز؟ ڕاست دەردەچێت گەر ڕووخسار وەك ئەو لایەنەى بوونى مرۆیی پێناسە بكرێت كە لە هەموو هەوڵێكى تێگەیشتن و گشتگیركردنەوە هەڵدێت، یان كۆمەڵێك تایبەتمەندیی ترى ئەم دیاردەیە هەیە كە دەبێت لە هەر پێناسەكردن یان وەسفكردنێكى ڕووخساردا ئامادەییان هەبێت؟
لێڤیناس: ڕووخسار ڕووداوێكى بنەڕەتییە. لەنێو چەندان شێوازى مامەڵە و ڕێگاگەلى هەمەجۆردا بۆ نزیكبوونەوە لە بوونەوەر و پەیوەندیگرتن لەگەڵیدا. كردەى ڕووخسار كردەیەكى تایبەتە و هەر لەبەر ئەم هۆكارەش، زۆر سەختە كە وەسفێكى وردى فینۆمینۆلۆژى بۆ ڕووخسار بكرێت. فینۆمینۆلۆژیاى ڕووخسار زۆر جار نێگەتیڤە.
ئەوەى زۆر جەوهەریى دێتە بەرچاوم، بۆ نموونە شێوازى تێگەیشتنى هایدیگەرە لە ئامڕاز، لە شت، یان با بڵیین لە كەرەستە [i](zeug)كە دەکەوێتە ژێر دەست. هایدیگەر وەها لە كەرەستە تێدەگات نموونەیەكى بنەڕەتیى نەشیاو بۆ كورتكردنەوەیە. ڕووخساریش بە هەمان شێوە لەنێو ڕووبەرى ئەوانەدایە كە ناكرێت بە تەواوى بنوێنرێنەوە [و لە ڕواڵەتدا كورت بكرێتەوە]؛ ڕووخسار نە بۆ زانین و ناسین دەبێت، نە شتێكیشە كە بێتە ژێر دەست. ڕووخسار لە ئامرازێكدا بۆ دەستپێڕاگەیشتن، كورت نابێتەوە و تەنیا بە زاراوە ئەخلاقییەكانیش، دەشێت لە بارەیەوە بدوێین. وتوومە كە لە شیكاریى مندا ڕووخسار داوایە؛ تكایە، نەك پرسیار. ڕووخسار دەستێكە بەدواى بەخششدا دەگەڕێت. دەستێكى (پانـ)كراوەیە. ڕووخسار ئەوەیە كە پێویستى بە شتێكە. ئەوەیە داواى شتێكت لێ دەكات. نازانم ئاخۆ بتوانین بڵێین ئاڵۆزە یان سادەیە. بەڵام [ئەم خاڵە] هەرچۆن بێت، ڕێگایەكى نوێیە بۆ قسەكردن دەربارەى ڕووخسار.
كاتێك وتم ڕووخسار دەسەڵاتمەندی (Authority)ـیە، لەبەر ئەوە وام گوت چونكە دەسەڵاتمەندییەك لە ڕووخساردا هەیە و ئەمەش دەشێت لێكدژ بێتە بەرچاو: ڕووخسار داوایە و هاوكات دەسەڵاتمەندییشە. لەسەر ئەم بنەمایە، دواتر پرسیارێكتان كردووە، ئەوەیە كە لێم دەپرسن، چۆن دەگونجێت گەر لە ڕووخساردا فەرمانێك هەبێت و كەسێكیش دژ بەو فەرمانە بجووڵێتەوە كە ڕووخسار دەیدات. [لێرەدا دەبێت بزانین كە] ڕووخسار هێز (force) نییە. ڕووخسار دەسەڵاتمەندییە. دەسەڵاتمەندى زۆر جار بە بێ هێزە. وا دەردەكەوێت پرسیارەكان لەسەر بنەماى ئەو ئایدیایە دروست بووبێت كە خودا لە یەك كاتدا فەرمان دەدات و داواش دەكات. كەچى بێئەندازەش بەهێزە. ئەگەر ئێوە هەوڵ نەدەن ئەو شتە بكەن كە ئەو پێتانى دەڵێت، ئەوا سزاتان دەدات. ئەمە تێگەیەكى زۆر دێرینە. بە پێچەوانەوە، بۆچوونى من وایە یەكەمین فۆڕم، فۆڕمە لەبیرنەكراوەكە، ئەوەیە كە دواجار بە هیچ جۆرێك ناتوانێت هیچ شتێك بكات. ئەو هێز نییە، بەڵكوو دەسەڵاتمەندییە.
پ: بەڵام ئاخۆ نیشانەیەك لە ڕووخسارى مرۆییدا هەیە كە پێى بناسینەوە و بەوەدا، بۆ نموونە، لە ڕووخسارى گیانەوەرێكى جیا بكەینەوە؟
لێڤیناس: ناتوانین بە تەواوى ڕووخسار لە گیانەوەرێكدا ڕەت بكەینەوە. لە ڕێگەى ڕووخسارەوەیە كە كەسێك، بۆ نموونە، لە ڕووخسارى سەگێك تێدەگات. لەگەڵ ئەوەشدا، لێرەدا ئەوەى لە پێشترە [و گرنگترە] لە گیانەوەردا نییە، بەڵكوو لە ڕووخسارى مرۆییدایە. ئێمە تا ئەو ئەندازەیە لە گیانەوەر، لە ڕووخسارى گیانەوەرێك تێدەگەین كە دازاین (Dasein) گریمانەى دەكات. دیاردەى ڕووخسار لە سەگدا لە پەتیترین فۆڕمى خۆیدا نییە. لە سەگدا، لە گیانەوەردا، دیاردەى دیكە هەیە، بۆ نموونە، تێیدا هێزى سروشت بە پووختى زیندەوەرییانەیە (vitality). زیاتر ئەمەیە كە سەگى پێ دەناسرێتەوە. بەڵام سەگ ڕووخساریشى هەیە.
لە ڕووخساردا دوو شتى نامۆ و سەیر هەن: ناسكییە بێڕادەكەى – بەو پێیەى “ڕووت” [و بێ بەرگرییە]، لە لایەكى ترەوە، دەسەڵاتەكەى؛ وەك بڵێى خودا لە ڕێگەى ڕووخسارەوە بدوێت.
پ: ئایا پێویستە ڕووخسار هەڵگرى ئیمكانێكى زمانى بێت تاوەكو ببێتە ڕووخسارێك بە واتا ئەخلاقییەكەى؟
لێڤیناس: پێموایە سەرەتاى زمان لە ڕووخساردایە. بە شێوەیەكى دیاریكراو، ڕووخسار لە بێدەنگییەكەیدا بانگت دەكات. كاردانەوەت بە ڕووى ڕووخساردا وەڵامدانەوەیە؛ نەك تەنیا وەڵامدانەوەیەك (a response)، بەڵكوو بەرپرسیارێتییە (responsabilité). ئەم دوو وشەیە پەیوەندییەكى نزیكیان پێكەوە هەیە. زمان بەو نیشانانە دەست پێناكات كە لە ڕێگەى وشەكانەوە دەدرێن. بەڵكوو زمان، پێش هەموو شتێك، فاكتى بوونێكى قسەلێكراوە… ئەمەیش پتر وتن (saying)ـە نەك وتراو (said).
لە وشەى “تێگەیشتن “(comprehension)ـدا ئێمە دەرك بە “دەستپێڕاگەیشتن” (pendre) و “لێگەیشتن” (comprendre) دەكەین، ئەمە واتە “لەخۆگرتن” (englober) و “خاوەندارێتى لێكردن”(approprier’s). لە هەموو زانینێكدا، لە هەموو ئاشنایەتییەكدا، لە هەموو تێگەیشتنێكدا، ئەم ڕەگەزانە هەن. هەمیشە مرۆڤ شتێك بۆ خۆى دەكات، بەڵام شتێكیش هەیە هەر لە دەرەوە دەمێنێتەوە؛ ئەمەى لە دەرەوە دەمێنێتەوە ئەویترێتییە. ئەویترێتى (Alterity) بە هیچ جۆرێك بە ماناى “جیاوازى” نییە، ئەو ڕاستییە نییە كە ئەوەى لە بەردەممدایە كەسێكە [شێوەى] لووتى لە لووتى من و ڕەنگى چاوى لە چاوى من جیاوازە، یان تایبەتمەندیى جیاى هەیە. ئەوە جیاوازى نییە، ئەویترێتییە. ئەویترێتییە بەو واتایەى لە تواناى بەراوردكردن بەدەرە، باڵانشینە (transcéndant)ـە. تۆ تەنیا بەهۆى هەندێك سیماى جیاوازەوە باڵانشین نابیت.
دەكرێت شیكارییەكە زیاتر بچێتە پێش. هەڵبەت بانگەشەى ئەوە ناكەم ئەم شكارییە كامڵ بێت. ئەوەى كە بۆ من زۆر گرنگە ئایدیاى ناسكییە (frailty)، ئایدیاى ئەوەى كە بە مانایەكى دیاریكراو كەمتر لە شتێك بیت. بوونێك كە دەكرێت بكوژرێت، لەنێو ببرێت. لەناوبردنى ئەویتر لە بەخاوەنبوونەكەى ئاسانترە.
[كەواتە] بۆ من ئەم دوو خاڵى دەستپێكە زۆر جەوهەریین: [یەكەم] ئایدیاى ناسكییەكى لەڕادەبەدەر؛ [دووەم] ئایدیاى داواكردن، لەبەر ئەوەى ئەویتر هەژارە. ئەمە لە لاوازى (weakness) خراپترە. ڕووخسار هێندە لاوازە، هێندە نەدارە كە داوا دەكات. بێگومان ئەمە تەنیا سەرەتاى شیكارییەكەیە، چونكە شێوازە كۆنكرێتییەكانى مامەڵەكردنمان [لەگەڵ ئەم پرسەدا] جیاوازە. ئەمە بابەتێكى ئاڵۆزە، بە تایبەت چونكە ئەوەى بۆ من زۆر گرنگە، ئەوەیە كە ئێمە تەنیا دووان نین، هەر من و تۆ لە جیهاندا نین. بەڵام پێموایە هەموو شتێك لەوێوە دەست پێدەكات، وەك بڵێیت تەنیا دووانین. ئەمە گرنگە بۆ داننان بەوەدا كە ئایدیاى دادپەروەرى هەمیشە گریمانەى بوونى كەسێكى تر [لایەنى سێیەم] دەكات. بەڵام لە جەوهەردا، وەك پرەنسیپ، من بە تەنگى دادپەروەرییەوەم، چونكە ئەویتر ڕووخسارى هەیە.
پ: ئەى میتۆدى فینۆمینۆلۆژى چ ڕۆڵێكى لە تێگەیشتنى ڕووخساردا هەیە بەو جۆرەى كە لە كتێبەكەتان، “گشتگیرى و ناكۆتا”دا دەركەوتووە؟ ئاخۆ فینۆمینۆلۆژیا، لە ڕێگەى بونیادێكى تێروپڕى لایەنە هەمەجۆرەكانى “دیاردە”وە، دەبێتە ڕێنیشاندەرمان بەرەو تێگەیشتنێكى نوێ لە ڕووخسار؟ یان فینۆمینۆلۆژیاى ڕووخسار تەنیا وەسفكردنێكى سیستەماتیكییانەى ئەو شتەیە كە لە سەروەختى گەیشتنماندا بە ئەویتر هەمیشە دەردەكەوێت؟
لێڤیناس: “گشتگیرى و ناكۆتا” یەكەمین كتێبى منبوو. پێموایە زۆر سەختە بە چەند وشەیەك پێتانبڵێم كە بە چ جۆرێك ئەو بەرهەمە جیاوازە لە هەموو ئەو شتانەى وا دواتر وتوومن. لەو كتێبەدا تێرمینۆلۆژییەكى بوونناسییانە هەیە: من دەربارەى “بوون” (being) دواوم. لەو كاتەوە هەوڵم داوە لەو زمانە دووربكەومەوە. كاتێك من لە “گشتگیرى و ناكۆتا”دا دەربارەى بوون دواوم، ئەوەى هێشتاش لەو شیكارییەدا بەهادار ماوەتەوە، پێش هەموو شتێك، هێما بۆ ئەوە دەكات كە نابێت شیكارییەكە سایكۆلۆژییانە وەربگیرێت[ii]. ئەوەى لەو دۆخە مرۆییەدا تاووتوێ كراوە هەر بە سادەیى شیكارییەكى ئەزموونى نییە، بەڵكوو بونیادێكى جەوهەرییە. لە وشەى جەوهەرى (essential)ـدا وشەى بوون (esse) هەیە، كەواتە ئەمە وەك بڵێیت بونیادێكى ئۆنتۆلۆژییە.
لە “گشتگیرى و ناكۆتا”دا وشەى دادپەروەرى (justice)ـم بۆ ئەخلاق، بۆ پەیوەندیى نێوان دوو كەس بەكارهێناوە. من دەبارەى “دادپەروەرى” دووام، گەرچى ئێستا “دادپەروەرى” بۆ من شتێكە حیساب دەكرێت، دەزانرێت و شتێكە گریمانەى سیاسەت دەكات. دادپەروەرى قابیلى جوداكردنەوە لە پرسى سیاسى (political) نییە. دادپەروەرى شتێكە كە من لە ئەخلاق جوداى دەكەمەوە، بەو پێیەى ئەخلاق لەپێشەوە دێت. سەرەڕاى ئەوەش، لە “گشتگیرى و ناكۆتا”دا، وشەى “پرسى ئەخلاقى” (ethical) و وشەى “داد”(just) هەمان زاراوەن، هەمان پرسیارن، هەمان زمانن. كاتێك من وشەى “دادپەروەرى” بەكاردەهێنم، بە واتا تەكنیكییەكەى نییە كە دژ بە ئاكار (moral) یان جیاواز لە مۆڕاڵە. ڕووخسار بنەڕەتییە. هیچ مۆركێكى سیستەماتیكیانەى نییە. ڕووخسار تێگەیەكە (notion) كە لە ڕێیەوە كەسێك بەكردەى مرۆییانەى جیاواز لە كردەى مەعریفەوە، ڕوو لە من دەكات.
پ: پێتوایە ڕووبەرێك بۆ فینۆمینۆلۆژیایەكى ڕووخسار بە واتا بەرفراوانەكەى، هەبێت؟ ئایا مۆركگەلى گرنگى دیاردەى ڕووخسار هەن ئێوە لە “گشتگیرى و ناكۆتا”دا بەهەند وەرتاننەگرتبن؟
لێڤیناس: زۆر دڵنیا نیم كە ڕووخسار “دیاردە” بێت. دیاردە ئەوەیە كە دەردەكەوێت. دەركەوتووێتیى شێوازى بوونى ڕووخسار نییە. ڕووخسار هەر لە سەرەتاوە، ئەو داواكردنەیە كە باسمكرد. ڕووخسار ناسكیى كەسێكە كە پێویستى بە تۆیە، هانات بۆ دێنێت، پشتت پێ دەبەستێت. لێرەدایە دەگەین بە ئایدیاى ناهاوتایى (dissymmetry) – كە بەلاى منەوە زۆر گرنگە. ئەوە هەرگیز پرسى سوبێكتێك نییە كە ئوبێكتێك دەكەوێتە بەرانبەرى، بە پێچەوانەوە، ئەوەیە كە من بەهێزم و تۆ لاوازیت. بۆیە من خزمەتكارم و تۆ سەروەریت. دواجار، من سڵ ناكەمەوە لەو ئایدیایەى كە پێیوایە ئەوەى هێزى هەیە سەروەرەكەیە[iii]. وا نییە و من زاراوەكان بەم مانایانە بەكارناهێنم.
پ: بە گوێرەى شیكارییەکەی تۆ، فەرمانى “مەكوژە” لە ڕێگەى ڕووخسارى مرۆییەوە دەردەكەوێت؛ بەڵام ئایا ئەم فەرمانە لە ڕووخسارى گیانەوەریشدا خۆى دەرنابڕێت؟ ئایا دەتوانین گیانەوەر بە “ئەویتر” دابنێین كە پێویستە پێشوازیى لێ بكرێت؟ یان دەبێت ئەویش خاوەنى تواناى ئاخاوتن بێت تاوەكو ببێتە “ڕووخسار” بە واتا ئەخلاقییەكەى؟
لێڤیناس: ناتوانم بڵێم لە چ ساتێكدا دروستە كە بوترێت “ڕووخسار”. ڕووخسارى مرۆیى بە تەواوەتى جیاوازە و تەنیا دواى ئەمەیە دەتوانین ڕووخسارى گیانەوەرێك بدۆزینەوە. نازانم مار ڕووخسارى هەیە یان نا. ناتوانم وەڵامى ئەم پرسیارە بدەمەوە. ئەمە پێویستیى بە شیكارییەكى تایبەتە.
بەڵام شتێك هەیە كە بەرەو ئاژەڵێك ڕاماندەكێشێت… ڕەنگە ئەوەى لە سەگدا حەزمان لێى بێت ئەوەبێت كە لە منداڵ دەچێت. وەك بڵێى ئەو بەهێز، خۆشحاڵ، بە هەرەكەت و پڕ ژیانە. لەلایەكى ترەوە بەزەییمان هەیە، تەنانەت بەرانبەر بە ئاژەڵیش. سەگ هەر وەك گورگە، بەڵام ناگەزێت. لە سەگدا جێنیشانەى گورگ هەیە. هەرچییەك بێت، لێرەدا دەشێت شیكارییەكى فینۆمینۆلۆژیى تایبەت گەڵاڵە بكرێت… زۆر جار منداڵانمان بەهۆى گیانەوەرێتی [animality]ـیەكەیانەوە خۆش دەوێت. منداڵ بێگەردە. تەنیا بازبازێن دەكات، دێت و دەچێت، غار دەدات و دەگەزێت. بەڕاستى نایابە.
پ: ئەگەر گیانەوەر ڕووخسارى بە مانا ئەخلاقییەكەى نەبێت، ئایا ئێمە بەرانبەر گیانەوەران پابەندیمان لە ئەستۆیە؟ گەر لە ئەستۆمانە، سەرچاوەى ئەم پابەندییانە كوێیە؟
لێڤیناس: ئەوە ڕوونە -بە بێ ئەوەى وەك بوونەوەرى مرۆیى لە ئاژەڵان بڕوانین- پرسى ئەخلاقى هەموو بوونەوەرانى زیندوو دەگرێتەوە. ئێمە نامانەوێت هەر لە خۆڕا و بێ ئەوەی پێویست بکات ئازارى گیانەوەر بدەین و شتى لەم بابەتانە. بەڵام نموونەى ئەمە ئەخلاقى مرۆییە. بۆ نموونە ڕووەكخۆریى لەو ئایدیایەوە سەرهەڵدەدات كە ئازارچەشتنی ئاژەڵیش دەبینێت. ئاژەڵیش ئازار دەكێشێت. لێرەدا ئەم ئیلتیزامەمان بەرانبەر گیانەوەر لە ئەستۆیە، لەبەر ئەوەى ئێمە، وەك بوونەوەرى مرۆیى، دەزانین ئازارچەشتن چییە.
ئەو تێزە زۆر بەربڵاوەى كە پێیوایە ئەخلاق بایۆلۆژییە، دواجار هاوتایە بە وتنى ئەوەى كە مرۆڤ تەنیا دوایین قۆناغى پەرەسەندنى ئاژەڵە. بە پێچەوانەوە، من دەڵێم لە پەیوەندیدا بە ئاژەڵانەوە، مرۆڤ دیاردەیەكى نوێیە. ئەمەیش دەمانباتە سەر پرسیارەكەتان. ئێوە پرسیتان، لە چ ساتێكدا كەسێك دەبێت بە ڕووخسار؟ من نازانم لە چ كاتێكدا مرۆڤ دەردەكەوێت، بەڵام دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە بوونەوەرى مرۆیى دابڕانە لە بوونى پەتى كە هەمیشە بەردەوامێتییە لە بووندا. ئەمە تێزە بنەڕەتییەكەى منە. بوونێك ئەوەیە كە پەیوەستە بە بوونەوە، بە بوونە تایبەتییەكەى خۆیەوە. ئەمە ئایدیاكەى داروینە. بوونى گیانەوەر ململانێی مانەوەیە. ململانێ بۆ مانەوە بە بێ ئەخلاق. ئەمە پرسیارى هێزە. هایدێگەر لە سەرەتاى “بوون و كات”دا دەڵێت دازاین بوونێكە كە لە بوونەكەیدا مشوور لە خودى بوونەكەى دەخوات[iv]. ئەمە بیركردنەوەى داروینە دەربارەى بوون وەك ململانێى لەپێناو بووندا: ئامانجى بوون هەر بوون خۆیەتى. وێڕاى ئەمە، لەگەڵ دەركەوتنى مرۆڤدا، شتێكى گرنگتر لە ژیانە تایبەتییەكەى من دێتەگۆڕێ، كە ژیانى ئەویترە. ئەمە فەلسەفەى منە. ئەمە عەقڵانى نییە! بەڵام مرۆڤیش گیانەوەرێكى عەقڵانى نییە! زۆركات ژیان بەهادارترین شتێكە كە هەمبێت و زۆركات مرۆڤ سەرقاڵە بە خۆیەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئێمە ناتوانین سەرسوڕمانمان لە پیرۆزى (saintliness) بشارینەوە. سەرسامیمان نەك لە پیرۆز sacré[v] بەڵكوو لە پیرۆزى، بەو واتایەى كە کەسێک لە بوونەكەیدا هێندەی بە بوونى ئەویترەوە بەستراوەتەوە ئەوەندە بە بوونى خۆیەوە نەبەستراوەتەوە. پێموایە مرۆڤایەتى لەگەڵ پیرۆزیدا دەست پێ دەكات؛ لەگەڵ وەدیهاتنى پیرۆزیدا نا، بەڵكوو لە لایەنى بەهەندوەرگرتنى بەهاى پیرۆزییەوە. ئەمە ئەو بەها یەكەمینەیە كە مشتومڕ هەڵناگرێت. تەنانەت گەر كەسێك بە ناوى پیرۆزییەوە درۆش بكات، هەر بە ناوى پیرۆزییەوە دەتوانێت ئەمە بكات.
پ: ئایا ڕیشەى تێگەیشتنى ئێوە بۆ ڕووخسار لە تیۆلۆژیاى یەهودیدایە؟
لێڤیناس: ڕووانگەکەی من هێندەى لە كتێبى پیرۆزەوە هاتووە، هێندە لە جوودایزمەوە نەهاتووە. كتێبى پیرۆز چەند ئاستێكى هەیە. لە ئاستێكیدا گرنگیى ئەویتر وەها دەخرێتەڕوو كە لە دەرەنجامدا بۆ منیش لەپێشینەیە. لەوێدا پێتڕاگەیەنراوە كە تۆ بەخاترى كردەوە ئەخلاقییەکانت پاداشت دەكرێیت. ئەمەیش هەر لە كتێبى پیرۆزدا هەیە. بەڵام بە هەمان شێوە لە كتێبى پیرۆزدا ئایدیاى پیرۆزیى هەیە. نەك تەنیا لە مەسیحییەتدا، لە پەیمانى كۆن [تەورات]ـیشدا، فەرمانى شەشەم هەیە كە دەڵێت: “مەكوژە”. ئەمە هەر بە سادەیى ماناى ئەوە نییە تۆ نابێت بە دەمانچەكەت هەموو كاتێك تەقە لە خەڵكى بكەیت. بەڵكوو پتر بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە كە تۆ لەماوەى ژیانتدا بە هەندێ ڕێگاى جیاواز كەسێك دەكوژیت. بۆ نموونە لە بەیانییەكدا كە ئێمە لەسەر مێزێك دانیشتووین و قاوە دەخۆینەوە، كەسێكى ئەسیۆپى دەكوژین كە لەدەستیدا نییە قاوەیەك بخواتەوە. دەبێت لە فەرمانەكە بەم جۆرە تێبگەین. بەهەمان شێوە بڕگەیەك هەیە كە دەڵێت: “دەبێت دراوسێكەتت خۆشبوێت”. ئەمە بە گەلێك شێوە دەگوترێت. هەروەها ئەمەیش هەیە: “دەبێت بێگانەت خۆشبوێت”.
پ: بەڵام، وردتر دیاریى بكەین، ئاخۆ ڕیشەى وێنەى ڕووخسار لە یەهودیەتدایە یان لە كتێبى پیرۆزدا؟
لێڤیناس: نەخێر. وشەى پانیم (panim) كە لە عیبرانیدا بە واتاى “ڕووخسار”دێت، لە كتێبى پیرۆزدا زاراوەیەكى فەلسەفى نییە. من دەڵێم چەمكى ڕووخسار ڕێگایەكى دیاریكراوە بۆ دەربڕینى ئەو مەبەستەى كە هەمە كاتێك دەربارەى تەقەلا بۆ بوون conatus essendi، كە بنەماى ئۆنتۆلۆژییە، دەدوێم… ئەمەم لە كتێبى پیرۆزدا نەبینیووە. بەڵام بڕوام وایە ئەمە ڕۆحى كتێبى پیرۆزە، بە هەموو گرنگیدانەكانییەوە بە لاوازى، بە هەموو ئیلتیزامێکەوە بەرانبەر بە كەسى لاواز. بەڵام ئەمەم لە هیچ ئایەتێكدا نەبینیووە. دەبینیت، تێرمینۆلۆژیى من لە كتێبى پیرۆزەوە نەهاتووە. ئەگەرنا تا كۆتایى هەر كتێبى پیرۆز دەبوو.
پ: ئەگەرچى جیاكارییەكى تەواو ڕوون لەنێوان تێكستە فەلسەفەیەكانت و نووسینەكانتدا دەربارەى ئایین هەیە، كەچى وەها دەردەكەوێت فەلسەفەكەت ئەو بەها یەهودیانە دەردەبڕێت كە تۆ لە وتارەكانتدا دەربارەى جووداییزم ئەرێیان دەكەیت. پێتوایە ئاشنابوون بە نەریتى یەهودى یارمەتى خوێنەر دەدات لە” گشتگیرى و ناكۆتا” تێبگات؟
لێڤیناس: جیاكارییەكى زۆر ڕیشەیى لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە؛ تەنانەت دەقەكانى هەر یەكێك لەو دوو بوارە لە لایەن هەمان بڵاوكەرەوەوە بڵاونەكراونەتەوە. لە تێكستە فەلسەفییەكاندا ئایەتەكانى كتێبى پیرۆز هەرگیز وەك بەڵگە بەكارناهێنرێن، بەڵكوو وەكو ڕوونكەرەوە دەهێنرێنەوە. لە لایەكی ترەوە، تێكستگەلێكى تر هەن كە من پێیاندەڵێم تێكستەكانى دانپێدانان. تێكستە نا-فەلسەفییەكان لێكدانەوەن. بەڵام بێگومان پەیوەندیى لەنێوان ئەو دوو پۆلە كتێبەدا هەیە.
پ: هەندێجار وا گریمانە دەکرێت كە تێگەیشتنى فەلسەفەكەت بۆ ئەو كەسانەى جوو نین، قورس بێت، چونكە ئاراستەكەى پتر “جووایەتى”ـیە تاوەكو “گریكى”.
لێڤیناس: پێموایە ئەوروپا [بەرهەمى] كتێبى پیرۆز و گریكە. ئەمە كۆلۆنیالیزم نییە -ئەوى دەمێنێتەوە دەكرێت وەرگێڕرابێت[vi]. لەگەڵ ئەوەیشدا، یەكەمین تواناى تێگەیشتن، یەكەمین ماناى هەر ئاخاوتنێك ڕووخسارە. تۆ ناتوانێت بە بێ ڕووخسار بدوێیت. ئێمە لەگەڵ كەسێكدا دەدوێین. ئەمە تەنانەت یەكەمین حەقیقەتە. قسەكردن لەگەڵ كەسێك هەر بە سادەیى ئەوە نییە لەبەردەم فۆڕمە پلاستیكییەكەیدا، كە ئەوی تر l’autre ـە[vii]، بدوێیت. بەم مانایە، بە هیچ جۆرێك وا بیرناكەمەوە كە لە یۆنان نكوڵییەك لە مەیلى لەپێشتردانانى ڕووخسار هەبێت. لەم دۆخە ئەخلاقییەدا بەربێژ (interlocutor) لەپێشترە و بەهۆى ئەوەوەیە كە من زارم بۆ قسەكردن هەڵدێنم، یان لە ڕێگەى ئەوەوە من هێمام بۆ دەكرێت: من بۆ وەڵامدانەوە بانگ دەكرێم. پێموایە یەكەمین زمان زمانى وەڵامدانەوەیە، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنى كەسى سێیەم (the third)- كەسى سێیەمیش پێویستە ڕووخسارێكى هەبێت. ئەگەر كەسى سێیەمیش ڕووخسارى هەبێت، ئەوا دەبێت بزانین كە یەكەمجار لەگەڵ كێ بدوێین. كێ ڕووخسارى یەكەمە؟ بەم مانایە، من دەڕۆمە نێو بوارى بەراوردكردنى ڕووخسارەكانەوە، بەراوردكردنى دوو كەسەكەوە. ئەمە ئەركێكى سامناكە. ئەمە لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە قسەكردن بۆ ڕووخسار. بەراوردكردنى ئەو دوانە واتاى دانانیانە لەنێو هەمان توخمدا.
ئەویتر دانسقەیە، هێندە دانسقە تا ئەو ڕادەیەى كە بۆ ئاخاوتن دەربارەى بەرپرسیارێتیى بەرانبەر دانسقە، بەرپرسیارێتیى لە پەیوەندیدا بە دانسقەوە، من وشەى “خۆشەویستى” بەكاردەهێنم. ئەوەى من پێى دەڵێم بەرپرسیارێتیى بریتییە لە خۆشەویستى، چونكە خۆشەویستى تاكە ڕەوشێكە كە تێیدا دیدار لەگەڵ دانسقەدا ڕوو دەدات. خۆشویستراو كێیە؟ ئەوەیە كە لە جیهاندا دانسقە و بێوێنەیە. لە ” گشتگیرى و ناكۆتا”دا وشەى “خۆشەویستى”ـیم زۆر بەكارنەهێناوە، چونكە زۆر جار لە “خۆشەویستى” ئەوە فامكراوە كە پاسكال ناوى ناوە خۆشەویستیى هەوەسبازانە.
ئێستا، لەوێدا كە دوو بوونى دانسقە هەن، توخم دەردەكەوێتەوە. لەم ساتەوە، لە توخمەكەدا بیر لە ئەویتر دەكەمەوە. لێرەدا من یۆنانیم، ئەمە بیركردنەوەى گریكییە. بیركردنەوەى بەراوردكارییانە، حوكمدارانە، خاسیەتەكانى سوبێكت، بە كورتى سەرجەم تێرمینۆلۆژیى لۆژیكی یۆنانى و سیاسەتى یۆنانى دەردەكەون. بۆیە ئەوە ڕاست نییە كە بیركردنەوەى من گریكییانە نییە. بە پێچەوانەوە، هەموو ئەوەى من دەربارەى عەدالەت دەیڵێم، لە بیركردنەوەى گریكی و بەهەمان شێوە لە سیاسەتى گریكییەوە هاتووە. بەڵام ئەوەى دەیڵێم، زۆر بە سادەیى، ئەوەیە كە هەموو ئەمانە دواجار لەسەر بنەماى پەیوەندیى بە ئەویترەوە، پەیوەندیى بە ئەخلاقەوە داڕێژراون كە بە بێ ئەوە من لە عەدالەتم نەدەكۆڵییەوە. عەدالەت ئەو ڕێگایەیە كە من بۆ وەڵامدانەوەى ڕووخسارى ئەویتر دەیگرمە بەر، بەو پێیەى من لەم جیهانەدا تاقوتەنیا نیم.
ئەگەر هەموو شتێك لە عەدالەتدا ئامانجى خۆى بدۆزێتەوە، ئەى كەواتە بۆچى ئەم حیكایەتە درێژە دەربارەى ڕووخسار دەگێڕرێتەوە كە گوایە بەرانبەر عەدالەت دەوەستێتەوە؟ یەكەمین هۆكار ئەوەیە كە ئەوە ئەخلاقە عەدالەت دادەمەزرێنێت؛ چونكە دادپەروەرى بنەڕەتەكە نییە: لەنێو دادپەروەریدا بەدواى دادپەروەرییەكى باشتردا وێڵین. ئەمە دەوڵەتى لیبراڵە. دووەمین هۆكار ئەوەیە كە لە دادپەروەریدا تووندوتیژییەك هەیە. كاتێك حوكمى دادپەروەرى ڕادەگەیەنرێت، لەوێدا بۆ “من”ـە دانسقەكە، كە منم، ئیمكانى دۆزینەوەى شتێكى تر كە حوكمەكە نەرم بكاتەوە، دەمێنێتەوە. ئەوێ ئیدى شوێنى چاكەكەرى charityـیە دواى عەدالەت. دەوڵەتە دیموكراتییە ڕاستەقینەكان خۆیان لەو بارەدا دەبیننەوە كە هەرگیز بە ئەندازەى پێویست دیموكراتى نین. هەمیشە دەیانەوێت دامەزراوەكانیان باشتر بكەن. هۆكارى سێیەم ئەوەیە كە ساتێك هەیە تێیدا من، منى دانسقە، لەپاڵ منە دانسقەكانى دیكەوە، دەتوانێت شتێك ببینێتەوە كار بۆ چاككردنى خودى گەردوونێتییەكەى بكات – بۆ نموونە وا بیردەكەمەوە كە هەڵوەشاندنەوەى حوكمى لەسێدارەدان، بێچەندوچوون بەرەنجامى ئەمە بێت.
پێویست نییە ئەم ئایدیایانە بە زمان و زاراوەى كتێبى پیرۆز دەرببڕین؛ “گشتگیرى و ناكۆتا” دەكرێت بە بێ هیچ ئاشنایەتیەكیش بە جوودایزم یان كتێبى پیرۆز، بخوێنرێتەوە.
پ: ئەگەر بە باشى لە تێكستەكەت تێگەیشتبین، پەیوەندیى لەگەڵ ئەویتر لە بنەڕەتەوە و بەشێوەى ئەسڵى پەیوەندییەكى ئەخلاقییە. ڕووخسارى ئەویتر هەمیشە خۆى وەك فەرمان دەردەخات، فەرمانى ڕێنەدان بە كوشتن. ڕووخسار فەرمان بەوە دەدات كە پێشوازى لێ بكرێت. لێرەدا، ئەگەر فەرمانەكە ڕەها بێت، ئەى چۆن خەڵكى دەتوانن نائەخلاقییانە هەڵسوكەوت بكەن؟ ئاخۆ كارێكى تووندویژانە نیشانەى ئەوەیە كە بكەرەكەى فەرمانەكەى نەناسیوەتەوە؟ یان ئایا دەشێت فەرمانێكى ڕەها وەك خۆى بناسیتەوە و وێڕاى ئەم ناسینەوەیە، سەرپێچیى لێ بكەیت؟
لێڤیناس: بێگومان. ئەمە ئەو جیاكارییەیە كە من هەر لەسەرەتاوە لەنێوان دەسەڵات و هێزدا كردم. لە بوونى كۆناتۆسدا، كە تەقەلایە بۆ هاتنەبوون، بوون یاساى باڵایە. وێڕاى ئەوەش، لەگەڵ دەركەوتنى ڕوخسار لەئاستى نێوان-كەسی (inert-personal)ــدا فەرمانى “مەكوژە”، وەك سنوورى تەقەلا بۆ هاتنەبوون دەردەكەوێت. ئەمە سنوورێكى عەقڵانى نییە. دەرەنجام، تەفسیركردنى ئەمە پێویستى بە بیركردنەوەیە بە زمانى مۆڕاڵ، بە زاراوە ئەخلاقییەكان. پێویستى لە دەرەوەى ئایدیاى هێز بیرى لێ بكەینەوە. لە بوونى مرۆڤدایە كە پچڕان لە یاساى خودى بوون، كە پچڕان لەگەڵ یاساى بوون، بەرهەم دەهێنرێت. یاساى خراپە یاساى بوونە. بەم مانایە، خراپە، زۆر بەهێزە. دواجار ئەمە هێزێكى یەكانگیرە. دەسەڵاتمەندى لێكدژە. دەسەڵاتمەندى و ئاكارمەندى هەردووكیان لێكدژن.
ئەگەر ساتێكى ئاشكراى جووایەتى لە بیركردنەوەى مندا هەبێت، گەڕانەوەیە بۆ ئاوشڤیتز، لەوێدا كە خودا لێگەڕا نازییەكان ئەوە بكەن كە ویستیان. دەرەنجام، چى ماوەتەوە؟ ئەمە یان واتاى ئەوەیە كە هیچ هۆكارێك بۆ ئاكارمەندى نەماوەتەوە و لێرەوە دەتوانین ئەنجامگیرى ئەوە بكەینن كە هەموو كەسێك دەبێت وەك نازییەكان هەڵسوكەوت بكات، یان واتاى ئەوەیە كە یاساى ئاكارى دەسەڵاتەكەى خۆى دەپارێزێت. ئازادیى لێرەدایە؛ ئەم هەڵبژارنە [لەنێوان ئەوەى مۆاڵ هەیە یان نییە] ساتى ئازادییە.
بەڵام هێشتایش ناتوانین ئەنجامگیرى ئەوە بكەین كە دواى ئاوشڤیتز چیتر یاساى ئاكارى بوونى نەماوە، وەك ئەوەى یاساى ئاكارى یان ئەخلاقى بە بێ بەڵێن [ى جێبەجێكردن] مەحاڵ بێت. پێش سەدەى بیست، هەموو ئایینەكان بە بەڵێنەوە دەستیان پێكردووە: بە بەڵێنى “كۆتایى خۆش” (Happy End)ـەوە دەستیان پێكردووە. ئەمە بەڵێنى بەهەشتە. ئەى كەواتە، بە پێچەوانەوە، ئایا دیاردەیەكى وەك ئاوشڤیتز بانگهێشتمان ناكات بۆ بیركردنەوە لە یاساى ئاكار بە بێ گرێدانەوەى بە كۆتایى خۆشەوە؟ ئەمە پرسیارەكەیە. تەنانەت دەمەوێت بپرسم ئاخۆ ئێمە لەگەڵ ڕاسپاردەیەكدا ڕووبەڕوو نەبووین كە ناتوانین بیدەین؟ ئاخۆ هەقمانە ڕاسپاردەیەك بخەینە ئەستۆى ئەویتر بە بێ پاداشت؟ ئەمەیە من لە خۆمى دەپرسم. ئاسانترە بە خۆم بڵێم بڕوا بكە بە بێ بەڵێن لەبرى ئەوەى داواى بەڵێن لە ئەویتر بكەیت.
ئەمە ئایدیاى ناهاوتاییە (asymmetry). دەتوانم داواى ئەو شتە لە خۆم بكەم كە ناتوانم لە ئەویتر داواى بكەم.
كێشە جەوهەرییەكە ئەمەیە: ئایا دەتوانین دواى ئاوشڤیتز دەربارەى فەرمانێكى ڕەها بدوێین؟ دەتوانین دواى شكستى ئاكار باس لە ئاكارمەندى بكەین؟
پ: ئەگەر پرسەكە ئەوە بێت ئەو كەسەى وا نائەخلاقییانە ڕەفتار دەنوێنێت، ئەو فەرمانەى نەناسیبێتەوە كە لە ڕوخسارەوە دێت، ئەى ئەم نەناسینەوەیە چۆن ڕوون دەكرێتەوە؟
لێڤیناس: ئەوەى تێگەیشتنى سەختە ئەوەیە كە مرۆڤ دەتوانێت ئەم فەرمانە ببیستێت و تێیبگات. بوون لە بووندا جەخت لەخۆى دەكاتەوە، ئەمە سروشتە. ئینجا دەشێت دابڕان لە سروشت ڕووبدات، بەڵێ؛ بەڵام نابێت هێزێكى هاوشێوەى هێزى سروشت بدەینە پاڵ ئەم دابڕانە. ساتێك هەیە كە ئایدیاى ئازادى باڵادەستە – ئەمە ساتى بەخشندەییە. لێرەدا ساتێك هەیە كە كەسێك گەمە بۆ بردنەوە ناكات. ئەمە چاكەكارییە. بۆ من ئەمە زۆر گرنگە. شتێك كە كەسێك خۆبەخشانە دەیكات، بریتییە لە باڵایەتى (grace). باڵایەتى لەوێوە دەست پێدەكات. ئەمە بێ بەرانبەرە، كردەیەكى خۆبەخشانەیە. تۆ وا بیر دەكەیتەوە كە كارەكە بێ بەرانبەر نییە. ئایدیاى ڕوخسار ئایدیاى خۆشەویستییەكى بێبەرانبەرە، فەرمانى كارێكى خۆبەخشانەیە. فەرمانكردنى خۆشەویستى. فەرمانكردنى خۆشەویستى واتە داننان بە بەهاى خۆشەویستى لەخۆیدا.
ڕوخسار خۆى نادات بە دەست بینینەوە، لێناگەڕێت ببینرێت. ڕوخسار بینینێك نییە. ڕوخسار ئەوە نییە كە دەبینرێت. ئەمڕۆ بەوە دەستم پێكرد كە وتم ڕوخسار ئوبێكتى زانین نییە؛ هیچ ڕوونییەكى تایبەت بە ڕوخسار بوونى نییە؛ ئەوەى هەیە پتر ڕاسپاردەیە، بەو مانایەى كە ڕوخسار بەهایەكە لە فەرمانێكەوە هاتووە. دەرەنجام دەتوانین بەمە بڵێین بەخشندەیى؛ بە مانایەكیتر، ئەمە ساتى باوەڕە. باوەڕ پرسیارى بوون یان نەبوونى خودا نییە، بەڵكو بڕوابوونە بەوەى كە خۆشەویستى بە بێ پاداشت هەر خۆى بەهادارە. لەبەرئەمەیە كە زۆر جار وتراوە “خودا خۆشەویستییە”. خودا فەرمانى خۆشەویستییە. گوزارەى “خودا خۆشەویستییە” واتاى ئەوەیە كە خودا تۆى خۆشدەوێت. بەڵام ئەمە ئەوە دەخوازێت كە شتى هەرە گرنگ بریتییە لە ڕزگاربوونت. بە بۆچوونى من، خودا فەرمان بە خۆشەویستى دەكات. خودا ئەوەیە كە دەڵێت دەبێت مرۆڤ ئەویترى خۆشبوێت.
بەڵام، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەكەتان؛ ئەوە سەخت نییە ڕوخسار بناسیتەوە. فەرمانەكە هەیە، ئەو فۆڕمە هەیە كە باڵایەتیى ڕوخسارى تێدا دەردەكەوێت. ئەمە باڵایەتى فەرمانێكە، چونكە هیچ باڵایەتییەك هەر بە سادەیى، لە ڕێگەى شهودەوە، پێنەدراوە. ئەوە بوونى ئێمەیە، بوون خۆى، كە ڕێگەى ناسینەوەى ئەركە ئەخلاقییەكانمان لێ دەگرێت.
پ: چۆن مرۆڤ دەتوانێت ڕوخسارى ئەویتر بناسێتەوە و پێشوازیى لێ بكات؟ ئێمە لەوەدا هاوڕاى تۆین كە، بۆ نموونە، ئایینى جوو، ئەمە لە كرۆكى خۆیدا فێرى مرۆڤ بكات. بەڵام ئەى چى دەربارەى بێخوداكان؟ ئەوان چۆن دەتوانن فێر بن پێشوازى لە ئەویتر بكەن؟
لێڤیناس: من مزگێنیى ئایینى جوو نادەم. من هەمیشە دەربارەى كتێبى پیرۆز دەدوێم، نەك ئایینى جوو. كتێبى پیرۆز، بە پەیمانى كۆنەوە، بۆ من فاكتێكى مرۆییە بۆ نەزمێكى مرۆیى و تەواو گەردوونى. ئەوەى دەربارەى ئەخلاق، دەربارەى گەردوونێتیى فەرمانى ڕوخسار، دەربارەى ئەو فەرمانەى كە هێشتا ڕەوایەتى هەیە ئەگەر نەبێتە مایەى هیچ ڕزگارییەك و تەنانەت ئەگەر پاداشتیش نەبێت؛ سەربەست لە هەر ئایینێك هەر ڕەوایە.
پ: ئەى چۆن وەڵامى ئەو بۆچوونە دەدەیتەوە كە ڕوانگەى ئەخلاقیى تۆ زۆر ئایدیاڵیستییە، چونكە هیچ ڕاوێژێكى پراكتیكى بۆ چارەسەركردنى كێشە سیاسییەكان ناخاتە بەردەست؟ دەتەوێت بڵێیت بایەخى ئەخلاق ئەوەیە ئەو ئایدیاڵانەمان پێشكەش دەكات وا بە گوێرەیان دەبێت كاربكەین و ڕێگامان پێ دەدەن ئاكارمەندیى كۆمەڵگەكەمان هەڵبسەنگێنین؟
لێڤیناس: لێرەدا دابڕانێكى گەورە كەوتۆتە نێوان شێوازى كارایى جیهان بەشێوەیەكى بەرجەستە و ئەو ئایدیاڵى پیرۆزییەى وا دەربارەى دەدوێم. من بەرگرى لەوە دەكەم كە ئەم ئایدیاڵى پیرۆزییە لە هەموو حوكمە بەهاییەكانماندا پێشگریمانە دەكرێت. هیچ سیاسەت نییە بۆ وەدیهێنانى ئاكار، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەندێك سیاسەت هەیە كە دوور یان نزیكترە لە ئەخلاقەوە. بۆ نموونە، من باسى ستالینیزمم بۆ كردن. پێشموتن كە دادپەورەرى هەمیشە دادپەروەرییەكە كە ئارەزووى دادپەروەرییەكى باشتر دەكات. من بەم ڕێگایە دەوڵەتى لیبراڵى پێناسە دەكەم. دەوڵەتى لیبراڵى ئەو دەوڵەتەیە كە تێیدا دادپەروەرى ئامانجێكى بە ڕەهایى ئارەزووكراوە و لێرەوە وەك دادپەروەرییەكى كامڵ چاوى لێ دەبڕدرێت. كۆنكرێت بدوێین، دەوڵەتى لیبراڵ هەمیشە – بە پاڵ یاساى نووسراوەوە – مافەكانى مرۆڤى وەك دامەزراوەى هاوتەریب وەرگرتووە. هێشتاش دەوڵەت مزگێنیى ئەوە دەدات كە لەنێو دادپەروەرییەكەیدا هەمیشە كۆمەڵێك چاككارى هەیە كە دەبێت بخرێنە نێو مافەكانى مرۆڤەوە. مافەكانى مرۆڤ ئەوەمان بیر دەخەنەوە كە هێشتا دادپەروەرى لە گۆڕێدا نییە. دەرەنجام، بڕوام وایە ئەوە بە تەواوەتى ڕوونە كە دەوڵەتى لیبراڵى لە دەوڵەتى فاشیست زۆر ئەخلاقیترە، نزیكتریشە لە دەوڵەتى ئایدیاڵى ئەخلاقییەوە.
لە قسەكانمدا چركەساتێكى یۆتۆپیایى هەیە؛ ئەوەش داننانە بەوەدا كە شتێك هەیە قابیلى وەدیهێنانى واقیعى نییە، كەچى لە بنەڕەتەوە هەموو كردەى مۆراڵى ئاراستە دەكات. ئەم یۆتۆپیاگەراییە نە ڕێگریمان لێ دەكات هەندێ دۆخى واقعى دیاریكراو سەرزەنشت بكەین، نە ڕێمان لێ دەگرێت دان بە هەندێ بەرەوپێشچوونى ڕێژەییدا بنێین كە دەكرێت وەدیى بهێنرێن. یۆتۆپیاگەرایى سەرزەنشتكردنى هیچ شتێكى نا یۆتۆپى نییە. هیچ ژیانێكى مۆاڵى لە دەرەوەى یۆتۆپیاگەرایى بوونى نییە – بەم مانا وردە، یۆتۆپیاگەرایى واتاى ئەمەیە: پیرۆزی بریتییە لە چاكە.
پ: تۆ پێتوایە “هەڵوەشاندنەوە” (deconstrauction)ى مێتافیزیكاى یۆنانى تواناى ئەوە بە فەیلەسوفەكان بدات باشتر لە ڕەهەندى ئەخلاقیى بوونى مرۆیى ڕابمێنن؟
لێڤیناس: من پێموایە سڕینەوەى فەلسەفەى یۆنانى كارى نەكردەیە. تەنانەت بۆ ڕەخنەكردنى مۆركى بنەڕەتیى فەلسەفەى یۆنانى، پێویستمان بە خودى فەلسەفەى یۆنانییە، ئەمە هەرگیز دژیەكیی نییە. یۆنانییەكان فێریان كردین چۆن بدوێین. نەك چۆن قسە بكەین بە ماناى وتن la dire بەڵكو چۆن خۆمان لەنێو وتراودا كەشف بكەینەوە le dit. فەلسەفەى یۆنانى زمانێكى تایبەتە كە دەتوانێت هەموو شتێك بە هەموو كەسێك بڵێت، چونكە هەرگیز پێشگریمانەى هیچ شتێكى لە جوزئیاتدا نەكردووە. فەلسەفەى یۆنانى لە هەموو دنیادا شێوازى قسەكردنى خەڵكە لەنێو زانكۆ مۆدێرنەكاندا. ئەوە شێوازى قسەكردنى گریكییە. هەمووان بە زمانى یۆنانى دەدوێن تەنانەت گەر نەزانن جیاوازى لەنێوان ئەلفا (alpha) و بێتا (beta)ـشدا بكەن. ئەوە ڕێگایەكى دیاریكراوى خستنەڕووى شتەكانە؛ شێوازێكى بەكارهێنانى زمانێكە كە هەموو كەسێك دەتوانێت پێى بدوێت. چۆنیەتى دووەمى ئەم زمانە ئەوەیە كە ناچارمان ناكات فۆڕمى زمانەكە بە فۆڕمە كردەییەكەى ئەو مانایەوە كە دەینوێنێتەوە، وەربگرین. وێڕاى ئەو ڕاستییەى كە شتێك بەشێوازێكى دیاریكراو وتراوە، كەچى فۆڕمى ئەم وتنە شوێنەوارى خۆى لەسەر ئەوەى كە پیشاندراوە، جێنەهێشتووە. دەرەنجام، دەتوانین [لەم زمانەدا] ئەوە پیشان بدەین كە دەچێتە ئەودیوى گەردوونێتیی تێگەیشتنەوە. ئەوە فۆڕمێكە كە جێنیشانە لەسەر ئەو شتەى كە دەیخاتە ڕوو، بەجێناهێڵێت. دەتوانیت ئەوە نەڵێیت كە وتووتە.
پ: چۆن بیر لە گریمانە هۆسرەڵییەكە سەبارەت بە پرسى ئەویترێتیى ئەویتر (the alterity of the other) دەكەیتەوە كە جاك دێریدا لە وتارى “تووندوتیژى و مێتافیزیك”ــەكەیدا خستوویەتییە ڕوو؟ وا پێدەچێت دێریدا وا بیر بكاتەوە كە ئێمە تەنیا ئەو كاتە دەتوانین ڕوخسارى ئەویتر بناسینەوە كە ئەویتر وەك “منێكى تر” alter ego لەبەرچاو بگیررێت؛ بەمەش ئەویتر ناتوانێت بە ڕەهایى ئەویتر بێت. بە بڕواى ئەو، ناهاوتایى كردەى ئەخلاقى پشت دەبەستێت بە هاوتاییەكى بەرایى[viii]. ئەو دەنووسێت “ئەویتر بۆ من ئیگۆیەكە كە وا دەزانم پەیوەندیى بە منەوە وەك ئەویترێك هەیە”. بۆ تۆ، ئەم “زانین”ـە لە هەر بارێكدا تووندوتیژییە، وا نییە؟
لێڤیناس: دێریدا لەسەر ڕەخنەكەم لە هیگڵیزم لۆمەم دەكات و دەڵێت بۆ ئەوەى ڕەخنە لە هیگڵ بگرین، دەبێت بە زمانەكەى هیگڵ بدوێین. ئەمە بنچینەى ڕەخنەكەیەتى. من بەم جۆرە وەڵامى ئەمە دەدەمەوە كە بۆ من، بە پێچەوانەوە، زمانى یۆنانى زمانێك نییە خۆى لەوەدا لە قاڵب بدات كە دەیڵێت. دواجار هەمیشە لەوێدا ئیمكانى نەوتن لەو شتەدا هەیە كە ناچاركراویت بۆ پیشاندانى هەندێك شت پەناى بۆ ببەیت.
بەلاى منەوە ئایدیاى ناهاوتایى زۆر گرنگە؛ ڕەنگە گرنگترین ڕێگا بێت بۆ وێناكردنى پەیوەندیى نێوان خود و ئەویتر تاوەكو نەیانخەینە هەمان ئاست. ئێوە ئاشناى ئەو كۆتەیشنەن كە لە دیستۆیڤسكی وەرمگرتووە: “هەموو كەسێك بەرانبەر ئەویتر تاوانبارە، من لەوانى تر تاوانبارترم”. ئەمە ئایدیاى ناهاوتاییە. پەیوندیى نێوان من و ئەویتر تێنەپەڕە؛ بەهۆى بوونى دادپەروەرییەوە و ئینجا لەپاڵ دادپەروەریشەوە، بەهۆى بوونى دەوڵەتێكەوە كە ئێمە هەموو وەك “هاووڵاتی” تێیدا یەكسانین، دادەڕێژرێتەوە. بەڵام گەر لە كردەى ئەخلاقیدا، لە پەیوەندیم بە “ئەویتر“ەوە، لەبیرى بكەم من لەوانى تر تاوانبارترم، ئەوا خودى دادپەروەرى ناكرێت وەدیى بێت. ئایدیاى ناهاوتایى ڕێگایەكى ترە بۆ وتنى ئەوەى كە لە جەختكردنەوە لە بووندا ئێمە یەكسانین، بەڵام ئەو ئایدیایەى كە دەڵێت مەرگى ئەویتر لە مەرگى من گرنگترە، ئەرێكردنى ئەوەیە كە لە نیگایەكى دەرەكییەوە سەیرى ئێمە ناكرێت [كە هەموومان لە بەردەمیدا یەكسانین]؛ بەڵكو جیاوازیى جەوهەرى نێوان من و ئەوانیتر هەر لە نیگاى مندا دەمێنێتەوە.
دوو جۆر ئەویترێتى هەیە:
ئەویترێتییەكى لۆژیكى هەیە كە زنجیرەیەكە و تێیدا هەر ئەڵقەیەك لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەڵقەكانى تردا. ئەو ئەویترێتییەى من لێى دەدوێم ئەویترێتیى ڕووخسارە، كە نە “جیاوازی”ـیە، نە زنجیرەیە، بەڵكو بێگانەییە (strangeness)– بێگانەییەكى لە سڕینەوەبەدەر، بەم مانایە ناكرێت پابەندیى منیش [بەرانبەر ئەویتر] بسڕدرێتەوە.
پ: لەو بەشەى كتێبى گشتگیرى و ناكۆتادا كە ناونیشانى “لەولاى ڕووخسارەوە”ى هەیە، “وەچەخستنەوە” وەك شێوازى دەستڕاگەیشتن بە دیمەنێكى كاتى بێكۆتایى، دەخرێتە ڕوو. تۆ نووسیوتە بایۆلۆژیا ئەوەیە كە ئیمكانى ئەم كرانەوەیە دەڕەخسێنێت، بەڵام لە بایۆلۆژیادا قەتیس نابێت. ئەمەیش واتە، نموونەى ئەم ئیمكانیەتە تەنیا لە پەیوەندیى سێكسیى جیاڕەگەز (heterosexual)دا دەبینینەوە. بە دەربڕینێكى تر، ئایا جۆرێك لە وەچەخستنەوە هەیە كە پەیوەندیى بە بایۆلۆژیاوە نەبێت؟
لێڤیناس: بۆ نموونە پەیوەندیى باوك-كوڕ، نابێت تەنیا لەلایەنى بایۆلۆژییەوە بیرى لێ بكرێتەوە. ئەم پەیوەندییە دەكرێت لەنێوان ئەو بوونەوەرانەشدا هەبێت كە لە ڕووى بایۆلۆژییەوە باوك و كوڕ نین: باوكایەتى و فەرزەندى واتە هەستكردن بەوەى كە ئەویتر تەنیا كەسێك نییە بە دیدارى گەیشتبم، بەڵكو بەشێوازێكى دیاریكراو درێژەوەبووى منە، درێژەى ئیگۆى منە و ئیمكانەكانى هەر ئەوانەى منە- ئایدیاى بەرپرسیارێتیى بەرانبەر ئەویتر، دەكرێت تا ئەوێ بڕواتە پێش.
سەرچاوە:
Emmanuel Levinas: the Paradox of Morality, Thamara Wright, Peter Hughes, Alison Ainley, translated by Andrew Benjamin and Tamara Wright, in ‘The Provocation of Levinas- Rethinking the other, edited by Robert Bernasconi and David Wood’ Routledge, London and New York, 2003, p. 266-283.
[i] لە ئینگلزییەكەشدا هەر بەم جۆرە هاتووە. وشەكە ئەڵمانییە و هایدیگەر بەكاری هێناوە.
[ii] مەبەست لە سایكۆلۆژیاى فەلسەفییە، ئەو فەلسەفە ناوەكییە سوبێكتخوازانەى كە دەروونى مرۆڤ وەك “ڕۆح”ـێكى تەنیاى بیركەرەوە شیكار دەكەن.
[iii] مەبەست لە سایكۆلۆژیاى فەلسەفییە، ئەو فەلسەفە ناوەكییە سوبێكتخوازانەى كە دەروونى مرۆڤ وەك “ڕۆح”ـێكى تەنیاى بیركەرەوە شیكار دەكەن.
[iv] Heidegger: Sein und Zeit, 4. Tübingen, Neimeyer, 1927, p.12.
[v] وەرگێڕانى ئەم زاراوەیە بە پیرۆز خاڵى نییە لە ئاڵۆزى و ناڕوونى. ساكرێ لە ڕاستیدا بە ماناى پیرۆز و بە واتاى حەرامـیش دێت، بەو جۆرەى لە تیۆرى ئاگامبێندا هەیە، یان بە ماناى حەرام/حەڵاڵ دێت بەو جۆرەى لە لاى فرۆید دەردەكەوێت.
[vi] لە عەرەبییەكەدا: ئەوى دەمێنێتەوە دەكرێت بە یۆنانى گوزارشتى لێ بكرێت.
[vii] لێڤیناس دوو جۆرى ئەویتر لێك جودا دەكاتەوە: “ئەویترى ئەخلاقى” یان ئەویترى ڕەها و “ئەوى ترى ئیگۆ” یان ئیگۆیەكى تر كە بەرمبەرانبەر ئیگۆى منە.
[viii] مەبەست لە “ناهاوتایى كردەى ئەخلاقى” ئەوەیە كە بە بڕواى لێڤیناس “من” و ئەویتر” هاوتا و یەكسان و هاوئاست نین. ئەویتر باڵایە، ترانسێندنتاڵە، لەپێش “من”ـەوە. من بەرپرسیارم بەرانبەر ئەویتر؛ من و ئەویتر دوو “من”ـى هاوشێوە و یەكسان نین، بەڵكو من و ئەویترێكیشن كە فەرمان دەدات، فەرمانى “مەكوژە”. مەبەست لە “هاوتایەتیى بەرایی”ش ئەوەیە كە پەیوەندیى من و ئەویتر پەیوەندیى دوو منە، لێرەدا ئەویتریش “منێك”ـە، “منێكى تر” و بەمەیش هەردووكمان لە بنەڕەتى پەیوەندییەكەماندا هاوئاست و هاوتا دەبین.