گرنگیی ئەدەب و کاریگەری
نووسین: محەمەد عەبدولکەریم
ئەدەب بەشێکی فراوان و گرنگ لە شارستانییەتی میللەتان دەگرێتەوە، بە گشتی بارگاوییە بە کات و شوێنی سەرهەڵدانییەوە، بەشێکی گەورەی شانازی میللەتان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکۆڵینی بوارە ئەدەبییەکان لە سنگی مێژوو و شارستانییەتەکانیاندا؛ داستانی “شیرین و فەرهاد” بەر لەوەی بنووسرێتەوە، بە شێوەی سینە بە سینە لەناو خەڵکیدا ماوەتەوە، بە مانایەکی دی، نەنووسراوەتەوە، لە دواتردا شاعیرانی وەک نیزامی گەنجەوی و وەحشی بافقی و… کردوویانە بە بەرهەمی نووسراو؛ یەکەمین بەرهەمی نووسراو سەبارەت بە داستانی “شیرین و فەرهاد” هی نیزامی گەنجەوییە کە بەشێک بووە لە شیعری “خوسرە و شیرین”؛ لە ئەدەبیاتی کوردیشدا کەسانی وەک کەمالی بە ناوی “شیرین و فەرهاد” و خانای قوبادی بە ناوی “خوسرە و شیرین” ئەم داستانەیان نووسیووەتەوە؛ ئەمە لە کاتێکدا بە شێوەیەکی گشتی سێبەری داستانی شیرین و فەرهاد، لە شیعری شاعیرانی ئێمەدا دەبینرێت.
لێرە و لەوێ هەوڵ دەدرێت لە ڕووی “بوون و نەبوونەوە” باس لە چیرۆکی “شیرین و فەرهاد” بکرێت، ئێمە ناڵێین چیرۆکێکی هەڵبەستراوە و بوونی نەبووە یان بە پێچەوانەوە، بەڵکو دەڵین پەیوەندیی عاشقانەی نێوان “شیرین و فەرهاد” گەر خەیاڵکردیش بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت سەدان کوڕ و کچی ئەم ناوچانە خاوەنی چیرۆکی لەم شێوەبوون؛ لە لایەکی تریشەوە، چیرۆکێکی لەم شێوە کە ڕوو دەدات، بەپێی سرووشتی کولتوورەکان، هەوڵ دەدرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، جارێکی دی بڕەمزێنرێتەوە؛ تەنانەت گەر کەسێک بوونی پەیوەندیی ڕاستەقینەی دوو عاشق بە ناوی “شیرین و فەرهاد” ڕەت بکاتەوە، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، لەو ڕووەوە گومناو گەلێک هەن، خاوەنی چیرۆکی وەک شیرین و فەرهادن. هەروەها گەر فەرهاد بوونێکی دەرەکی نەبێت وەک “دێو” جارێکی دی ناتوانین نکووڵی بکەین لەوەی فەرهاد وەک دێو و لە پانتایی خەیاڵ و فەنتازیا و کۆ نەستماندا ڕیشەی داکوتاوە و بوونی پەیدا کردووە؛ فیردەوسی شاعیری ئێران کاتێک باسی “فەرهاد” دەکات تەنیا وەک پاڵەوانێکی سەربازی باسی دەکات، نەک وەک عاشقی شیرین، واتە شتێک نییە بە ناوی شیرین و فەرهادەوە لای فیردەوسی، بەڵکو ئەوەی هەیە “خوسرە و شیرین” ـە. هەندێک پێیان وایە شتێک نییە بە ناوی پەیوەندیی عەشقانەی شیرین و فەرهادەوە، چونکە فەرهاد کەسایەتییەکی واقیعی نەبووە، بۆیە شیرین و فەرهاد داستانێکە خەیاڵکردی شاعیرەکانە، لای نیزامی گەنجەوی داستانەکە باسی خوسرەو پاشای ساسانییەکان و شیرین شازادەی ئەرمەن، کە دواتر دەبێتە پاشای ئەرمەن، نیزامی بەپێی خەیاڵ و فەنتازیای خۆی شەخسییەتێک قوت دەکاتەوە بە ناوی فەرهادەوە، عیشقەکە لە عیشقێکی دوو لایەنەوە دەکاتە عەشقێکی سێگۆشەیی، بەو مانایەی شیرینی عاشقی خوسرە، پاش بینینی فەرهاد، عاشقی فەرهاد دەبێت؛ مەنسوری یاقوتی کە خەڵکی کرماشانە، دەڵێت: “خوسرەو و شیرین یا شیرین و فەرهاد” لە داستانە کوردییەکانی ناوچەی کرماشان بووە؛ نیزامی کە لە دایکێکی کورد بووە، ئەم داستانەی بیستووە و دایڕشتووەتەوە [بە زمان و شێوەی خۆی نووسیویەتییەوە]”[1] داستانێکی فۆلۆکلۆری کوردییە، نیزامی شاعیر دایکی کورد بووە، بۆیە دوور نییە ئەم داستانەی بیستبێت؛ وەک وتمان ئێمە بۆمان گرنگ نییە لە بوون و نەبوونی کەسایەتیی فەرهاد بکۆڵینەوە، چونکە فەرهاد بووە بە کەسایەتییەکی واقعی لە زەینماندا؛ زەردەشت چووە ڕیزی ئەوانەی وەک نوسەر بەشدارییەکی گرنگی لە نووسینەوەی “شیرین و فەرهاد” دا کردووە. لەم ڕۆمانەدا شیرین و فەرهادا بۆ زەمەنێکی دوورتر دەباتەوە، خەیاڵکردانە بە پێچەوانەی گەنجەوییەوە، چیرۆکەکە ناباتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، بەڵکو دەیباتەوە بۆ ناو مادەکان، لە لایەکی ترەوە خوسرە دەخاتە لاوە، لەباتی ئەو ئیشتەڤۆگۆی پاشای مادەکان دەخاتە شوێنی؛ بە پێچەوانەی زۆرێک لەوانەی شیرین و فەرهادیان نووسیوەتەوە، زەردەشت هاتووە سێگۆشەیەکی نوێی دروست کردووە بە شێوەیەکی داهێنەرانە لە نێوان (ئیشتەڤۆگۆ و شیرین و فەرهاد).
لێرەوە پێمخۆشە زۆر بە کورتی کەمێک دەربارەی گرنگیی ئەدەبیات، قسە بکەین، ئەدەبیات چ شعر یان ڕۆمان یاخود داستانە تراژیدی و کۆمیدییەکان بێت، گرنگن، نابێت بە ناوی هیچ شتێکەوە هەوڵ بدەین نەنووسرێن، بە تایبەت لە فەزایەکی پڕ لە بۆشایی ڕۆشنبیریی کوردیدا.
ئەدەبیات بە قەبارەیەکی گەورە شوێنەواری لەسەر فیکری بیرمەندان و فەیلەسوفان و دەروونناسان و کۆمەڵناسان هەڵکۆڵیوە، بۆیە بە خراپی نازانم، چەند نموونەیەکی گرنگ بهێنمەوە دەربارەی گرنگیی ئەدەبیات و لێکەوتەکانی و درووستکردنی شوێنەوار لەسەر فیگەرە گەورەکانی فەلسەفە؛ “ئەرستۆ هەمیشە بەرهەمەکانی سۆفۆکلیسی لە بەردەم خۆیدا دادەنا، تەنانەت کاتی خەوتنیش موتاڵای کردووە”[2] هەروەها فرۆید یەکێکە لەو نووسەرانەی زۆر کاریگەر بووە بە ئەدەبیات و دەیخوێندەوە. هیگڵ کۆمەڵگەی یۆنانی، لەژێر سێبەری داستانی ئانتیگۆنەدا خوێندەوە؛ بە مانایەکی دی؛ ئەو لە کاتی باسکردنی یۆنانی کۆن، تانوپۆی کۆمەڵگەی یۆنانیمان لە ڕێی داستانی ئانتیگۆنەوە بۆ شیی دەکاتەوە؛ لەوێدا هیگڵ ئانتیگونە وەک ڕەنگدەرەوەی (خێزان_ ژن_ دین) و کریئۆن ڕەنگدەرەوەی (دەوڵەت_ پیاو_ یاسا) دەبینێت. لە لایەکی ترەوە نیچە سەرسام و کاریگەر بووە بە دۆستۆیڤسکی.
کاتێک تەماشای ئەدەبی کوردی دەکەین، دەوڵەمەندە بە شیعر و مێژوویەکی درێژی بڕیوە، بەڵام مێژووی چیرۆک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بیستەکان، لە خەومای جەمیل سائیب ساڵی ١٩٢٥_١٩٢٦ بڵاو کراوەتەوە[3]؛ بە کۆی دەنگ وەک یەکەم چیرۆکی کورد ناسێنراوە، پێدەچێت بوونی ڕۆژنامە هۆکار بوو بێت بۆ ئەوەی چیرۆکی کوردی سەر هەڵبدات، هەڵبەت نابێت ئەوە لە بەرچاو نەگرین کێشەی دەستنیشانکردنی ژانریش هەبوو لە لایەن توێژەرەوانی ئەوکاتەوە، ئایا سەرهەڵدانی چیرۆکی هونەری کوردی و ڕۆمان هاوکاتن، یاخود لای هەندێک نووسەر ئەو گومانە درووست بوو، ئایا (مەسەلەی ویژدان)ی ئەحمەد موختار جاف چیرۆکی کورتە یان درێژ یان ڕۆمانە؟ یەکێک لە کێشەکانی تری ئەم ڕۆمانە، بڵاونەکردنەوەیەتی وەک کتێب لە کاتی خۆیدا، ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٧٠ بۆ یەکەمجار بە شێوەی کتێب بڵاو کرایەوە. ڕۆمانی (نازدار_ یا کچی کورد لە لادێ. محەمەد علی کوردی) لە ساڵی ١٩٣٦ بە سێ بەش لێی بڵاو کراوەتەوە. وەک باس دەکرێت، دەتوانرێت وەک دەستپێکی ڕۆمانی کوردی تەماشا بکرێت، گەرچی ڕۆمانەکە بە کوردی ناتەواوە، بەڵام نوسخە عەرەبییەکەی تەواوکراو و بەردەستە، هەندێک وەک چیرۆکی تەواونەکراو تەماشای دەکەن نەوەک ڕۆمان[4]، بەهەرحاڵ ئەم گومانانە لەسەر بوونی چیرۆک یان ڕۆمان وای کردووە دەستنیشانکردنی کاتی ڕۆمان و چیرۆکیش ڕاجیاوازی لێ بکەوێتەوە. هەرچەند چیرۆکی بۆچی (جلخوارم)ی کەریم سەعید زانستی لە ڕووی مێژووی نوسین و بڵاوکردنەوەوە دەکەوێتە پێش چیرۆکەکەی جەمیل سائیبەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک توێژەری بواری گێڕانەوە بۆ سەرەتایەکی دوورتری دەبەنەوە، چیرۆکە تەواونەکراوەکەی فوادی تەمۆ ساڵی ١٩١٣[5]؛ دوای ڕوودانی جەنگی جیهابی دووەم هەروەک دکتۆر مارف خەزنەدار ئاماژەی بۆ کردووە، گۆڕانێکی گرنگە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، بەو پێیەی لەم قۆناغەدا پەخشانی هونەری کوردی گۆڕانی بەسەردا هات، دەڵێت: “لەو ساڵانەدا بابەتەکانی وتاری ئەدەبی و چیرۆک پەرەیان سەند، شێوازی دەربڕینی ڕیالیزمی بەرانبەر بە ڕووداوی ڕاستی جێی خۆی لە وشەی هونەریدا دۆزییەوە. مەشقی زمانی پەخشانی هونەری کوردی بە ڕاستی دەستی پێکرد، لە گەلێ شتی کۆنی لاسایی ڕەوانبێژی خۆی ڕزگار کرد. هەڵسوکەوتی بڵاوکردنەوەی پەخشانی کوردی لەم ساڵانەدا نەگۆڕا، هەروەکو پێشان بەرهەمی پەخشانی بە گشتی لە کۆوار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەکرایەوە لە ناوەڕاستی چلەکان و سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەم وتاری چیرۆکئامێز ناوبانگی تەواوی پەیدا کرد و بە شێوەیەکی فراوان بڵاو بووەوە. بە گشتی ئەم جۆرە هونەرە پەخشانییە بۆ کۆمەڵێکی گەورە لە خەڵکی دەنووسرایەوە، لەبەر ئەوەی تا دەهات ساکارتر دەبوو لە ڕووی داڕشتنی ڕستە و بەکارهێنانی وشەی زمانەوە. لەم ماوەدا چیرۆکی کورت سەرکەوتووانە بەردەوام بوو، لەناو ڕیزی خوێندەواران دەنگ و ناوبانگی پەیدا کردبوو. کۆمەڵێک نووسەری لاو لە گێتی ئەدەبی کوردیدا پەیدابوون. ئەمانە بە زۆری خەریکی بەرهەمی ئەدەبی بابەتەکانی پەخشان بوون و ناویان بە نووسەر دەرکردبوو، لە مانە مەحەڕەم محەمەد ئەمین، جەمال عەبدولقادر بابان، مستەفا ساڵح کەریم، محەمەد مەولود (مەم)، مارف بەرزنجی، حسێن عارف، ڕەحیمی قازی و هی دیکە. بێگومان نەوەی پێش ئەوانیش بەردەوام بوون، وەکو پیرەمێرد، سەلام، ئیبراهیم ئەحمەد، عەلائەدین سەجادی، شاکر فەتاح و هی دیکە.”[6] کەوایە ئەدەبی پەخشانی، بە تایبەت چیرۆک تانوپۆی ئەو قۆناغەی چنیووە، ئەم گەشەکردنە بێپچڕان بەردەوام بووە. گەر تەماشایەکی مێژووی ڕۆمانی کوردی بکەین لە کوردستانی گەورە، عەرەبی شەمۆ وەک یەکەمین ڕۆماننوس تەماشا کراوە، یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی (شوانی کورمانج) لە ساڵی ١٩٣٥ بە زمانی کرمانجی بڵاو دەکاتەوە، لە کوردستانی عێراق، ڕەنگە ئەو شەپۆلە بەهێزەی پەخشانی هونەری کوردی و لێشاوێک لە چیرۆک لەناو دنیای ڕۆشنبیری لە پاش جەنگی جیهانییەوە، وای کردبێت، نووسینی ڕۆمانیش لەم ناوچە بنووسرێت. ئیبراهیم ئەحمەد ڕۆمانی ژانی گەلی لە ساڵی ١٩٥٦ نوسی، لە بەغداد ساڵی ١٩٧٢ چاپ کراوە، بەرهەمی ئەم زنجیرە نەپچڕاوەی پەخشانی کوردی نووسینی چیرۆکی کوردی وایکرد لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان، ژمارەیەک چیرۆک و ڕۆمانی باش دەرکەون، بۆ نموونە چیرۆک لە هەشتاکانەوە بە جۆرێک برەو پەیدا دەکات، گەرچی تاک و تەرا لێرە و لەوێ ڕۆمان دەنووسرێت، بەڵام هێشتا ناتوانین، بڵێن گەشەی ڕۆمان لە ئاستی گەلانی وەک ڕووسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریشمان دایە.
لای ئێمە مێژووی نووسینی ڕۆمان ڕەگێکی کورتتری هەیە لە نووسینی شیعر، نووسینی ڕۆمان هەر وەک کایەکانی تری فەلسفە و دەروونناسی و زمانناسی گرنگن. هیچکامیان جێی ئەوی تر ناگرێتەوە، گرنگە لێرەدا هەر یەکێک لەم کایانە “بخرێنەوە شوێنی خۆی”، نەک بە بیانووی زەروور نەبوونەوە بخرێنە لاوە؛ لە لایەکی ترەوە هەر کەس کەرەستەی دەربڕینی جیاوازە، ئاگایانە بێت یان نائاگایانە کەرەستەیەک دەکاتە ئامرازی دەربڕین؛ ڕەنگە وێنەکێشێک وەک چیرۆکنووسێک یان ڕۆماننووس یان شاعیرێک، نەتوانێت کەڵک لە “وشە” وەرگرێت بۆ ئۆبێکتکردنەوەی فانتازیا و بیرکردنەوەکانی، بە پێچەوانەشەوە چیرۆکنووس و شاعیر و ڕۆماننووسێکیش ناتوانێت دەستبەرداری کەرەستەی دەربڕینی خۆیان بن بۆ وێنەکێشان، وتارخوێنێک دەستەبەرداری وتار بێت بۆ وێنەکێشان یان چیرۆک و شیعر و ڕۆمان. وێنەکێش مامەڵە لەگەڵ “ڕەنگ و کەرەستەکانی وێنەکێشان” دەکات، سەرباری “بوونی باکگراوندێک” کە بەهۆی تاقەتپڕوکێنییەوە درووستی کردووە، هەروەها ڕۆماننووس و شاعیر و چیرۆکنووس “وشە” و وتاردەر “قسە” لەگەڵ ئەو باکگراوەندە درێژخایەنەی لەپشتی ئەم کایانەوەیە، بەکار دەهێنێت بۆ مادیکردنەوە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی؛ کەسێک تەواوی تەمەنی تەرخان کردبێت بۆ کایەیەک و لە پڕ بەهۆی پەتای گرنگترێتیی کایەیەک لە کایەیەکی ترەوە، وازبێنێت، ئەوە وەک ئەو کیسەڵەی لێدێت لە کاتی ڕۆشتندا لاسایی کەروێشکی دەکردەوە، ڕۆشتنی خۆی بیر چوویەوە و هەرگیز نەشی توانی وەک کەروێشک بڕووات. سەرنجڕاکێشە گەورەترین زمانەوانی سەدەی نۆزدە فیرناندۆ سوسور هەرگیز کتێبێکی سەربەخۆی نەنووسی! سوقرات داناترینی یۆنان چەکی دەستی قسەکردن بوو؛ ئەمانە ئامرازی ئەوان بوون، هەشە توانای هەیە چەند ئامرازێک و چەند کایەیەک پێکەوە بکاتە کەرەستەی دەربڕین. دەستبەرداربوونی بوارێک و ئامرازێک لەژێر کاریگەریی فەزایەکی سەرکوتکاردا کە گۆشتوخوێنی کەسێک تێکەڵ بووە لەگەڵی، تراژیدییە؛ کاتێک باس لەو کایە و ئامراز دەکەین بە دەستی نووسەرێکەوە، نابێت بکەوینە جۆرێک لە جەوهەرگەراییەوە؛ پێمان وابێت، هەندێک هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە خوڵقاون ببنە چیرۆکنووس یان ڕۆماننووس و فەیلەسوف؛ هیچ کەسێک نییە زاتەن ڕۆماننووس یان بیرمەند بێت، بەڵام دەوروبەر و ڕوانینە تایبەتییەکانی مرۆڤ و هەوڵەکانی وای لێ دەکەن بەرەو یەکێک لە کایەکان بچێت، ڕەنگە هەر کەسێک بەهۆی جۆری ژیان و دەوروبەرەوە لە منداڵییەوە بەرەو یەکێک لە کایەکان بڕوات و سەرنجڕاکێش بێت بۆی. مرۆڤانێک هەن بەهۆی کەوتنە ناو فەزای ئەدەبیات و گێڕانەوەی چیرۆکی بەردەوامی نەنک یان دایباب یان هەر نزیکێکی ترەوە، بەرەو دنیای چیرۆک و ڕۆماننووسین کشاون، ئەڵبەت بە چاوپۆشین لەوەی بکەوینە جۆرێک لە باوەڕبوون بە ئیستقرایەکی یەقینیانەوە[7]، پێمان وابێت هەر کەسێک لەناو فەزای ئەدەبیات گەورە بوو و چیرۆکی بۆ گێڕدرایەوە حەتمەن دەبێتە چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، یان بە جۆرێکی دی مادام زۆربەی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسەکان لە مناڵییەوە زۆر چیرۆکیان بۆ گێڕدراوەتەوە و بە ڕێکەوت دەستی داوەتە خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان، کەواتە هەر منداڵێک چیرۆکی بۆ گێڕدرایەوە و چیرۆک یان ڕۆمانی خوێندەوە دەبێتە چیرۆکنووس یان ڕۆماننووس، مەبەستمان ئەوە نییە بڵێین ڕابردووە لەیەکچووەکان ئاییندە هاوشێوەکان درووست دەکەن، بێ توێکڵ نابێت بکەوینە ناو جۆرێک لە جەبرگەراییەوە، وەک بڵێی ڕابردوو بە تەواوی کۆنترۆڵی ڕۆیشتن بۆ ئاییندە و چارەنووس دەکات، مەبەستمانە بڵێین جۆری ژیان و پەروەردە، ژینگە و توانا کەسییەکانی مرۆڤ کاریگەرن لە هەڵبژاردنی ئەو کایانەی لە خۆیاندا دەیبیننەوە. دیاردەیەکی سەیر لێرە دەبینم، جۆرێک قەلەقی نائەقڵانی بڵاو کراوەتەوە، شاعیرێکی باش دەیەوێ دەستبەرداری شاعیرێتییەکەی ببێت، چونکە “فەلسەفە و زانست و بیرکردنەوە” گرنگترن، ئەوەی سەرانسەری ژیانی تەرخانکردووە بۆ ئەوەی ببێت بە ڕۆماننووس یان شاعیر، ئەدەب بە گشتی بەهۆی دوودڵییەکی نائەقڵانییەوە دەستبەرداری بووە. ئەدەب لە پاڵ ڕۆمان و فەلسەفە و کایەکانی تردا گرنگە، بیر ورووژێنە و بیر دەکاتەوە، بیر ورووژێنە وەک نموونەکانی (ئەرستۆ و هیگڵ و نیچە و فرۆید) بەڵگەن و بە کورتی باسمان کردن، بەڵام بیرکردنەوە لە ئەدەب بە گشتی و لە ڕۆماندا بە تایبەتی بە جۆرێکی ترە، هۆکار و دەرەنجام بە جۆرێکی تر لە شیعر و ڕۆماندا ئیش دەکەن؛ ڕاستە زۆر جار شیعر هەرەسێکی ئەقڵانییە دواجار هەرەسێکی زمانیشە چ لە ڕێی میتافۆر و لێکچوون و دژبەیەکی و ئەرگۆمێنت و دەربڕینی ڕیتۆریکیانەوە… بەڵام نابێت هەرەسی ئەقڵانی بەو جۆرە شیی بکەینەوە، گوایا شیعر بیرورووژێن و خاوەن بیر نییە؛ یاخود خوێندنەوەی ڕۆمان بچووک کەینەوە بۆ تێپەڕاندنی کاتێکی خۆش، وەک جۆرێک سەرگەرمی و کات کوشتن لێکی بدەینەوە، وەک بڵێی نووسین و خوێندنەوەیان زەرور نەبێت، بڵێین لە تەنیشت شتە سەرەکییەکاندا با شتێکی لاوەکی وەک مەزە (شیعر و ڕۆمان، بە گشتی ئەدەب) هەبێت. ئەدەب بیر دەکاتەوە، بەڵام ستایلی بیرکردنەوەی ئەدەب جیاوازترە، ئەڵبەت پێناسەکردنی بیرکردنەوە بۆ خۆی کێشەیەکی گەورەیە؛ بیرکردنەوە هەم کێشەیەکی ئۆنتۆلۆجیانەیە (ئایا دەشێت هەمیشە لە خەودا بم یان نا، بۆچی کاتێک خەون دەبینم، هەست دەکەم دنیایەکی واقعییە کەچی پاش بێداری دەزانم دنیایەکی ڕاستەقینە نەبوو، ئایە چەمکە ئەخلاقییەکان بوونیان هەیە یان نا) هەم ئیپستمۆلۆجیانەیە (چۆن حەقیقەتی شتەکان بناسم؟ چ ئامرازێک بەکەڵک دێ بۆ ناسینی دنیا و دەروبەرم، ئایا چەمکە نائەزموونییەکان لەڕێی ئەقڵەوە درک دەکرێن)، یان بە مانا بوونگەراییەکەی دەرگیر بوونە لەگەڵ پرسی خوا و باڵانشینەکان، یان دەرگیربوونە لەگەڵ کۆمەڵگە و دەوروبەر و سیاسەت وەک ژان پۆڵ سارتەر. چەندان ڕۆمان هەن، بە جۆرێکی تر دەرگیرن لەگەڵ پرسە ئۆنتۆلۆجی و ئپستمۆلۆجییەکان، دەرگیرن لەگەڵ پرسە وجودییەکان، پرسە کۆمەڵایەتییەکان، دەروونییەکان، بەڵام بە فۆرمێکی جیاوازتر. ڕۆمانیش بیر دەکاتەوە، دەیەوێت پێچوپڵوچ و ڕازە شاراوەکانی مرۆڤ بدرکێنێت؛ گەر فیکر بەو جۆرەش مانا بکەینەوە کە لە لۆجیکی فۆرماڵدا فێری دەبین واتە (کەشفی نەزانراو) دیسانەوە ڕۆمان زۆرێک لە سین و سادەکانی ژیانمان بۆ دەخاتە ڕوو، بە دەربڕینێکی تر ئەو ڕووبەر و پانتاییانە دەدرکێنێت کە بە دیوی ناوەوە و دەرەوەی سوبژەکتیویتەی کارەکتەرەکاندا دەسووڕێنەوە، یان بەجۆرێک وەک نەزانراوێک دەهێڵدرێتەوە دەدرێتە دەست خوێنەر ئاشکرای بکات. بە بۆچوونی من ڕاستترە ئەو خاڵە بیری لێ بکرێتەوە “قسە کڵێشەییەکان بە ناوی بیرکردنەوەوە نەخرێنە ڕوو” هەوڵ بدەین نەکرێنە ڕای گشتی. ڕێ نەدەین نووسەرێک، فەلسەفە و سیاسەتمان بۆ بکات بە کۆمەڵێک باسوخواسی ڕیتۆریکیانەی ناو بۆش. ئەوەی سوقرات دژی بوو، نابێت بهێڵێن ڕستەی قەشەنگ و شاعیرانە بێ هەڵگرتنی ناوەڕۆکێکی لۆجیکی و فەلسەفی و فیکری بخرێنە ڕوو بە ناوی بیرکردنەوەی سیاسی و فەلسەفی، هەروەها نابێت بیهێڵین دەروونناسی کورت بکرێتەوە بۆ کۆمەڵێک دەردەدڵ و بۆڵەبۆڵی شەخسی و قسەی ڕیتۆریکانە. بە جۆرێک فەلسەفە و دەروونناسی بکەین بە کۆمەڵێک کڵێشەی زمانبازی و قوڕپێوان؛ وا باشە بۆ ڕوونکردنەوەی قسەی ناوبۆش و بنکی ڕستە کڵێشەییەکان چەند نموونەیەک بهێنینەوە؛ “کەسێک نایە پێمان بڵێت، کونە ڕەشەکان چین”؛ با وای دانێین بکەری قسەکە فیگەرێکی گەورەی ناو جیهانی فیزیا بێت، بە وردی واقیعەکەی پشکنی بێت، پاشان ئەم ڕستەیەی دەربڕیبێت، ئەم قاڵبە بەهۆی کاریگەر بوون بە فیگەرەکە و چێژی شێوازی داڕشتنەکەیەوە ئیتر تەراتێن بکات بە ناو دنیای ڕۆشنبیریدا، یەکێکی تر دێت لەسەر هەمان ئیقاع دەڵێت کەسێک نایەت پێمان بڵێت شیعر چییە؟ یەکێکی تر دێت، دەڵێت کەسێک نایەت پێمان بڵێت “نەگۆڕەکانی ئیسلام چین”، یەکێکی تر پێمان دەڵێت: “کەسێک نایەت پێمان بڵێت سیاسەت چییە”؛ لە هەموو ڕستەکاندا کەسێک بە مانای (هیچکەس) دێت؛ کەسێک نایەت پێمان بڵێت (گشتی و نەرێنی)یە، کەواتە واتای ڕستەکە دەورە دراوە بە وشەی (گشت)، ئەوەی لە مەنتیقدا پێی دەوترێت (سوور)، واتە دیاریکردنی ڕستە و گوزارەکان لە ڕووی چەندێتییەوە. هەروەها (هیچکەس) چۆنێتیی ڕستەکەشی هەڵگرتووە لە خۆیدا و بارێکی نەرێنی داوەتێ، واتە پرس (گوزارە)یەکی گشتی نەرێنییە، واقعییەتێک دەخاتە ڕوو، دەشێت بڵێین وایە یان وا نییە. ڕەنگە ئەم ڕستە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە تەواو ڕاست بێت، هیچ کەسێک پێی نەوتبین کونە ڕەشەکان چین، بۆیە ڕەنگە ڕاست بێت، وەڵامەکەی پشتڕاست بکەینەوە، بڵێین بەڵێ وایە. دەبینین ڕستەکانی تر لە ڕووی فۆرمەوە بە تەواوی وەک ڕستەی یەکەم وان، بە مانایەکی تر هەر چوار ڕستەکە ئەرێنی و گشتین، شێوازی دەربڕینەکانیش وەک یەکن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لە ڕووی فۆرمی داڕشتنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر چواریان دەیانەوێ حەقیقەتێک بگەیەنن. گەر لە هەر چوار ڕستەکە بکۆڵینەوە، واقیعەکەی بۆ بپشکنین، بۆمان دەردەکەوێت لە ڕووی حەقیقەتەوە تەنیا پرسی یەکەم (ڕستەی یەکەم) ڕاستە، ڕستەکانی تر بەهۆی چێژێکی داڕشتنی و هێزی فیگەرە بەناوبانگەکەوە درووست بوون، کۆمەڵێک پەیڕەوکەری بۆ درووست بووە. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت ڕوونی کەینەوە حەقیقەتی ڕستەکەیە، نەوەک فۆرم. درووستە کۆمەڵگەی ئێمە بەهۆی دواکەوتوویمان لە زانستی فیزیادا هێشتا کەسێک نەیتوانیبێت زانستیانە پێمان بڵێت کونە ڕەشەکان چین، پرسیارەکە لەوێدایە، ئایا ڕاستە کەسێک نەهاتووە پێمان بڵێت (شیعر_سیاسەت_نەگۆڕەکانی ئیسلام) چین؟ بێگومان نەخێر؛ کاتێک دەچینە ناو واقیعەکەوە، بە جوانی دەیپشکنین و زانیاری کۆ دەکەینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندان فیگەری گەورە هەن شییان کردووەتەوە، شیعر و سیاسەت و نەگۆڕەکانی ئیسلام چین، یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە بۆڵەبۆڵی دەکرد، دەیگوت کەسێک نییە پێمان بڵێت “نەگۆڕەکانی ئیسلام چین”، ئەمە داڕشتنێکی قەشەنگە، بەڵام لە ڕووی حەقیقەتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ واقیعەکە، واقیعەکە پێمان دەڵێت، چەندان ساڵە مزگەوتەکان باسی نەگۆڕەکان دەکەن، چەندان دانراو و نووسین هەن بە عەرەبی و کوردی نەگۆڕەکانی ئیسلامیان باس کردووە، یان یەکێک لە فیگەرە ناودارەکانی تر لەسەر تەلەفیزیۆن دەیگوت: “بۆ ئێمە لە جۆن ستوارت مەیل دەترسین؟” کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ ناو واقیعەکە، دەبینین ئێمە جۆن ستوارت مەیل ناناسین، هەر نازانین فەلسەفەکەی باسی چی دەکات، ئیتر چۆن لێی بترسین؟ ئەم قسە کاتێک ڕاستە ئێمە کتێبەکانیمان وەرگێڕابێت، لە لایەن چەندان نووسەر لێرە و لەوێ بیری ئەو نووسەرە بڵاو کرابێتەوە و بەهۆی دانانی کاریگەرییەوە کۆمەڵگە و ڕۆشنبیر یان مامۆستایانی ئاینی ڕووبەڕووی ببنەوە (پەرچەکرداری کولتووری)، ڕەنگە لە هەمان دەربڕیندا، بمان وتبا بۆ ئێمە لە فرۆید یان داروین یان مارکس دەترسین ڕاستتر بووایە، ئەم دەربڕینانە دێنەوە لەگەڵ واقیعەکە، چونکە لە دەروونشیکاری فرۆیدیدا پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایک، پەڵەدار دەبێت، هەروەها خودا هەمان باوکە، بەو مانایەی خوا لە پێویستییەکی دەروونییەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەتوانێت بمانپارێزێت. هەروەها بەپێی تیۆری داروین چیرۆکی ئادەم و حەوا ڕاستەقینەیەتی لەدەست دەدا، مارکسیش ڕوونە، بەڵام ئەوی پێشتر گەڕانەوەی نووسەرە بۆ وەهمەکانی ناو مێشکی خۆی. گرفتی نووسین و قسەی هەندێک ڕۆشنبیری کورد بەشێکی پەیوەندی بە بوونی کڵێشەی بێ ناوەڕۆکەوەیە، بە جۆرێکی ڕیتۆریکیانە دەچنرێتەوە، خەڵکی پێ کاریگەر دەبێت. کاتێک شیعرییەت گرفت دروست دەکات، کە نەنووسابێت بە چەمک و زانیاریی بنکۆڵکراوەوە، لە مێژووی فیکر و فەلسەفەدا، چەندان هەن وەک نیچە و ئەفلاتوون زمانێکی شیعری و ڕیتۆریکیانە بەکار دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا خەریکی بەرهەمهێنانی کڵێشەسازی نین؛ ئەفلاتوون لە کتێبی کۆماردا، ئەم دژایەتییەی خۆی بەرانبەر شیعر ناشارێتەوە و بە وردی بۆمان باس دەکات، دژایەتییەکە بەهۆی کاریگەریی شیعرەوەیە نەوەک بە پێچەوانەوە، شیعر مەترسی درووست دەکات لەسەر پەروەردە و ئەقڵی خەڵكی؛ شتێکی کۆمیدییە پێمان وابێت، شیعر ئەو هێزەی جارانی ماوە وەک نوێنەری قسە کڵێشەیی و ناوبۆشەکان بێت، ڕیشەی ئەم کڵێشەسازییە بەشێکی پەیوەندی بە شعرییەتەوەیە کە دەتوانرێت گشت کایەیەک لە سینەماوە تا فەلسەفە کەڵکی لێ وەرگرێت، کڵێشەسازی بەشێکی زۆری پەیوەندی بە وەهمی ئەوەوەیە پێت وایە هەر چ شتێکی نوێ و سەیر یاخود ڕیتۆریکی بڵێیت بیرکردنەوەیە. هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەدەبیات بە لاواز نیشان بدرێت یان بخرێتە لاوە، کۆمیدی دەکەوێتەوە؛ لە کاتێکدا پێویستە ئەو کەسانە بخرێنە لاوە بە ناوی فەلسەفە و دەروونناسی و سیاسەت و کۆمەڵناسییەوە، زل کراون و خەڵکیان خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە، قسەی ناوەڕۆک بۆش دەکەن، بێ ئەوەی زانیارییان هەبێت، بەناو دەکەون. بەشێکی تریشی پەیوەندی بەو کوێربوونەوەوەیە ئایدۆلۆجیا و گوتار درووستی دەکەن، ئەڵبەت ئایدۆلۆجیا یان گوتار هەر کوێربوون بەرهەم ناهێنن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەندێکجار ئامادەت دەکەن بۆ درۆودەلەسە و هێنانی کڵێشەی بێناوەڕۆک، لە لایەکی ترەوە سۆشیال میدیا، پشکی گەورەی بەر دەکەوێت، لە خوڵقاندنی کڵێشەسازی، بە کورتی وازهێنان لە شیعر و ئەدەب بە گشتی، لە لایەکی ترەوە بۆچوونێکی فرە کۆمێدییە هێزی شیعر هێندە گەورە بکەیتەوە لە دنیایی ئەمڕۆماندا، وەک بڵێی لە سەردەمی ئەفلاتوونداین و خەبەر و زانستمان لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیادا نەبێت؛ زۆر شتی تر هەن کاریگەرترن لە ڕۆمان و شیعر و نابێت چاویان لێ دابخەین، مرۆڤ تا ئاستی قێزەونی بازاڕی دەکەنەوە، وەک هەندێک سینەما و زنجیرەدراما و سۆشیال میدیا، چ دەرەکی و چ ناوخۆیی، هەروەها کڵێشەسازی و ڕیتۆریکی بێناوەڕۆک بە دەستی هەندێک ڕۆشنبیر و فیگەری فەلسەفی و دەرووناسی و کۆمەڵناسی و زانستییەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، نابێت گوێی لێ بخەوێنین.
سەرەقەڵەمێک دەربارەی ڕۆمانی [شیرین و فەرهاد، شانامەی مادەکان]
زەردەشت سوبێکتێکی ملکەچ نەبووە لە فەزایەکدا کە هەوڵ دەدرا تێیدا ئەدەب بە گشتی و شیعر و ڕۆمان ڕسوا بکرێن؛ بسڕدرێنەوە لە پانتاییە ڕەمزییەکە، بەڵام ئەو سێ ڕۆمانی لەم فەزا سەرکوتکەرەدا نووسیی؛ دوایین ڕۆمانی بە ناوی “شیرین و فەرهاد شانامەی مادەکان”ەوە؛ پێم وابێت شاکارێکی گەورەیە، بۆیە بە پێویستم زانی قسەی لەسەر بکەم، ڕەنگە جارێکی تریش وەک بەرگری لە ڕۆمان بشکێتەوە. هەڵبەت ڕەنگە هەستێکی قورس بێت، کاتێک مرۆڤ ستایشی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆی بکات، هەرچەند ستایشکردن لە ڕووی هاوڕێیەتییەوە نەبێت و بەس، بەڵکو بەهۆی بەهای کارەکەیەوە بێت؛ بە دەربڕینێکی دی نامەوێت ترس لە داوەریکردنم لە لایەن ئەوانی ترەوە ببێتە هۆی ستایشنەکردنی ڕۆمانی (شیرین و فەرهاد، شانامەی مادەکان)ی زەردەشت نوورەدین. کاتێک ڕۆمانی شیرین و فەرهادم دەخوێندەوە، هەستم کرد بەرانبەر کارێکی گەورە و ناوازە وەستاوم؛ نەک تەنیا لەبەر ئەوەی باسی مێژوویەکی دێرینی ئەم ناوچانە دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەهای هونەری و ئەدەبی نەکراوەتە قوربانی بۆ حیکایەتێکی گەورە، بەڵکو حیکایەتێکی گەورە بەبێ ئەوەی ببێتە بکوژی لایەنی ئەدەبی و تەکنیکی، توانراوە دەرببڕدرێت. زۆرن فریوی چیرۆکی سەیر و نامۆ، یان حیکایەتی گەورە دەخۆن، وەک بڵێی بەها و گرنگیی ڕۆمانێک یان شعرێکی باش واتە گێڕانەوە و باسکردنی شتی گەورە گەورە! بۆیە هەندێک تەواوی بیرکردنەوەیان لەسەر خودی بابەتەکەیە، لایەنە گرنگەکانی پێویستن لە درووستبوون و فۆرمپێدانی ڕۆمانێک دەخەنە لاوە. ڕۆمانی “شیرین و فەرهاد، شانامەی مادەکان” قورساییەکەی تەنیا بەهۆی خودی بابەتەکەوە نییە، بەڵکو بەهۆی خوڵقاندنی کارێکی تەواو هونەری و ئەدەبییەوەیە.
ئەم ڕۆمانە ئاراستەی خەیاڵی خوێنەر دەگۆڕێت، جۆرێکی دی تەماشای ئەو مێژووە دێرینە بکات یان لانی کەم، شتانێکی باو بەهۆی ئەقڵییەتێکی نەتەوەگەرایی فارسییەوە خزاوەتە ناو یادەوەریمانەوە بخەینە ژێر پرسیارەوە، بۆ نموونە کورەش کە لە زەینی خەڵکیدا نموونەی دادپەروەری و کەسایەتییەکی ئازایە، لەم ڕۆمانەدا بەو شێوە نییە؛ ڕەنگە نەتەوەگەرایەکی وەک فارس بەرگەی ئەم ڕۆمانە نەگرێت، چونکە وەک پیکێک دەیکێشێت بەو قاڵبە ساختە و درۆزنانەی هەڵیان چنیووە لەسەر کەسایەتیی کۆرەش؛ کەسایەتیی کورەش لەم ڕۆمانەدا (بێ بەزەییە، بەڵێنشکێنی دەکات، شوێنەکان تاڵان و وێران دەکات، ڕەچەڵکی ڕەسەنی نییە، بۆیە پاڵاوانیش نییە (تەنانەت داریوش بە ئەنقەست خۆی دەبەزێنێت کاتێک لەگەڵ کورەش شەڕ دەکات)، ئەمە لە کاتێکدا داریوش و بەرزیا بە پێچەوانەوە پاڵەوانن؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم ڕۆمانە درووستکردنی کەسایەتییەکانە (کارەکتەرسازی)؛ زۆر هونەریانە ئیشی لەسەر کراوە، بە شێوەیەکی ورد و هونەریانە ئەوەی پێویستە بۆ خوڵقاندنی کەسایەتییەک بەکار هێنراوە. کاتێک ڕۆمانی “حەشری عاشقان” دووەم ڕۆمانی نووسەر دەخوێنینەوە، ئەوە زۆرتر بەر کۆمەڵێک ئایدیا و کەسایەتیی تا ڕادەیەکی زۆر نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردی دەکەوین، وەک ئەوەی نووسەر بیەوێت، داهاتووی عاشق و مەعشوقەکانمان پێ بڵێت، چۆن گۆڕانکاری لە جۆری پەیوەندییە خۆشەویستانەکانیاندا ڕوو ڕوو دەدات، بەڵام لێرەدا “شیرین و فەرهاد” دەبینین خزێنراوەتە سەردەمی مادەکانەوە؛ هیچ خەبەرێک لە عەشقی شیرین و کەی خوسرەو باس نەکراوە، بەڵکو لەباتی ئەو ئیشتەڤۆگۆ دانراوە؛ واتە گەر لای نیزامی گەنجەوی و هەندێک لە نووسەرانی دوای ئەو داستانە عاشقانەیە لە نێوان (خوسرەو_ شیرین_ فەرهاد) بێت، ئەوە لای زەردەشت (ئیشتەڤۆگۆ_ شیرین_ فەرهادە). دەزانم نووسەر ماندوو بووە لە خوێندنەوەی ئەو مێژووە کۆنە، بەڵام بە تەواوی ئالوودەکراوە بە فەنتازیا و خەیاڵێکی داهێنەرانەی خودی نووسەر خۆی. دەتوانم بڵێم شیرین و فەرهاد بەهانەن، یان بەشێکی دنیای ناو ئەم ڕۆمانە پێک دەهێنن، دەنا بابەتەکە گەورەتر و فراوانترە لە شیرین و فەرهاد، نابێت ناوی “شیرین و فەرهاد” تووشی جۆرێک بچوکبینیمان بکات، ڕۆمانەکە دابخەین بەسەر دوو کەسایەتیی دیاری ناو ڕۆمانەکەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە، شیرین و فەرهاد بەشێکی گرنگی پێکهاتەی ناو ڕۆمانەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندان کۆد و بابەتی گرنگی دی باس دەکات؛ وەک چۆن ئەحمەدی خانی و شکسپیر هەردووکیان، عەشق وەک دەریچەک بەکار دەهێنن بۆ وتنی شتی گەورەتر، زەردەشتیش هەمان کاری ئەنجام داوە. ئەحمەدی خانی و شکسپیر لەگەڵ ئەوەی باسی کوڕ و کچێکی عاشق دەکەن، بە دەوری ئەم تەوەرەدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەخەنە ڕوو، بۆ نموونە کاتێک “مەم و زینی” ئەحمەدی خانی دەخوێنینەوە ئەوە خانی باس لە کۆمەڵگەی ئەوکات و میر و چۆنێتیی بارودۆخی ئەوکات و لایەنی دینی، پەند و ئامۆژگاری هەروەها کۆمەڵێک بابەتی ئەخلاقی و نائەخلاقی دەکات؛ لە لایەکی ترەوە شکسپیر سەرباری باسکردنی (ڕۆمیۆ و جولێت) باس لە دووبەرەکی خێزانی و ناکۆکییەکان و چارەنووس… دەکات؛ بۆیە نابێت بینینی ناوی شیرین و فەرهاد هۆکاری بچوککردنەوەی زەینمان بێت، بە دیدێکی بچووک و تەسکەوە ڕۆمانەکە بخوێنینەوە. ڕوویەکی گرنگی تری ڕۆمانەکە توانای شۆخ باسکردنی لایەنی هونەری و جەنگییە، ئەم تایبەتمەندییەی زەردەشت فیردەوسیمان بیر دەخاتەوە، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی. سەرباری ئەوەی کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، هەست بەوە ناکەیت ئەقڵێکی ئەم سەردەمە خاوەنی ڕۆمانێکی لەم شێوەیە، هێندە لێهاتووانە کەشی ئەم سەردەمەی ئێستامانی دوور خستووەتەوە، وەک بڵێی نووسەر هەر لەو سەردەمەدا ژیابێت، زمان و شوێن و کەسایەتییەکان بە تەواوی ڕەنگ و بۆنی ئەو سەردەمە دێرینەیان لێدێت.
[1] گفتە های بیژن ارژن در منظومە ای باعنوان “شیرین خەو”، الینا؛ ٤/٠٥/١٤٠٠
www.ilna.ir
[2] سۆفۆکلیس، الکترا، مترجم محمد سعیدی، انتشارات علمی و فرهنگی، چاپ نهم، سال ١٤٠٠، لاپەڕە ٩
[3] ڕیزبەندییەکی نوێ بۆ مێژووی چیرۆکی کوردی، بەختیار حەمە سور، ژنەفتن، ٢٠/شوبات/٢٠٢١
[4] هەرێم عوسمان، ڕۆمانی کوردی لە عێراقدا، سایتی ژنەفتن، ٢٨/ ئەیلولی، ٢٠٢١| ئەدەب، وتار
[5] ڕیزبەندییەکی نوێ بۆ مێژووی چیرۆکی کوردی، بەختیار حەمە سور، ژنەفتن، ٢٠/شوبات/٢٠٢١
[6] مێژووی ئەدەبی کوردی، مارف خەزنەدار، بەرگی شەشەم، لاپەڕە ٣١
[7] ئیستقرای تام بەو ئیستقرایە دەڵێن تەواوی تاک بە تاک و بەش بە بەش (جزء)، بە تەواوی دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە، پاشان حوکمی گشتی (کلی) لێوە دەربهێنین. ئیستقرا لێرە دا دەبێتە ئیستقرایەکی تەواو، کە دڵنیایی تەواومان پێ دەدات، ئیستقرای بورهانیشی پێ دەوترێت. ئیستقرای تەواو، کە لێرەدا ئیستقرای یەقینیمان بۆ داناوە، ئەم جۆرە ئیستقرایە کاتێک دێتە دی کە بەش بە بەش و تاک بە تاکی ئەوانەی دەخرێتە بەر کۆڵینەوە کەم و سنووردار بن.