بیرکردنەوە لە ڕووداو

نووسین: ئالان بادیۆ |

وەرگێڕان: د. كارزان عەزیز |

 

. . . پرسیار لە خۆمان دەکەین: ئایا فەلسەفە لە ڕەهەندى پرسیارە مێژوویی و سیاسییەکانەوە تا چ ڕادەیەک دەست وەر دەداتە هەنووکە (ساتى ئێستا)؟ هەروەها لە کۆتاییدا، ئایا سروشتى ئەو دەستوەردانە چییە؟ ئەى بۆچى پێویستە داوا لە فەیلەسووف بکرێت دەستوەربداتە ئەو پرسیارانەى کە لەبارەى ئێستاوەن؟ . . .

بیرۆکەیەکى سەرەتایی و هەڵە هەیە کە پێویستە خۆمانى لێ ڕزگار بکەین، ئەویش ئەوەیە کە پێی وایە فەیلەسووف دەتوانێت لەبارەى هەموو شتێکەوە بدوێت و قسە بکات. دەکرێت ئەم بیرۆکەیە لە نموونەى فەیلەسووفى تەلەفیزیۆنی یاخود فەیلەسووفى سەر شاشەوە باشترین وێنا بکرێت: مەبەستمان لەو فەیلەسووفەیە کە دەتوانێت لەبارەى کێشەکانى کۆمەڵگاوە قسە بکات، کێشەکانى ئێستا و هیترەوە. ئەى کەواتە هەڵەبوونى ئەم بیرۆکەیە لە چیدایە؟ چونکە فەیلەسووف کێشەى خۆى بونیاد دەنێت، ئەو داهێنەرى کێشەکانە، ئەمەش بە ماناى ئەوە دێت کە فەیلەسووف کەسێک نییە داواى لێ بکرێت شەو لە دواى شەو بێتە سەر شاشەى تەلەفیزیۆن بۆ ئەوەى لێی بپرسرێت کە چۆن بیر لەو شتانە دەکاتەوە کە ڕوو دەدەن. فەیلەسووفى ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە خۆى بڕیار لەوە دەدات کە کێشەکان چین، ئەو کەسێکە کە پێشنیارى کێشەى نوێ دەکات بۆ هەموو کەسێک. بۆیە فەلسەفە پێش هەر شتێک بریتییە لەم خاڵە: داهێنانى کێشەى نوێ.

لەمەوە بەو دەرئەنجامە دەگەین کە فەیلەسووف ئەو کاتە دەست وەردەداتە دۆخ (situation) – کە ڕووداوگەلێکى مێژوویی، سیاسی، هونەری، خۆشەویستى، زانستى… لە شێوەى نیشانە (sign) دەردەکەون، نیشانەگەلێک کە پێویستن بۆ داهێنانى کێشەى نوێ. خاڵەکە ڕێک ئەوەیە، فەیلەسووف تەنیا لەو كاتەدا دەست وەردەدات کە لە ئێستادا ئەو نیشانانە دەدۆزێتەوە کە ئاماژەن بۆ زەروورەتى کێشەیەکى نوێ، داهێنانێکى نوێ. لێرەوە پرسیارەکە دەبێتە ئەمە: لە سایەى چ دۆخ یاخود هەلومەرجێکدا فەیلەسووف دەتوانێت، ئەو نیشانانە بدۆزێتەوە کە پەیوەستن بە کێشەیەک یان بیرکردنەوەیەکى نوێوە؟ لە گۆشەنیگاى ئەم خاڵەوەیە، هەروەها لەپێناو خستنەڕووى بنچینەکانى گفتوگۆکەمانەوەیە، کە دەمەوێت گوزارشت لە ‘دۆخى فەلسەفى’ بکەم. هەموو شتێک لە جیهاندا ڕوو دەدات، بەڵام هەموو ئەو شت و ڕووداوانە فەلسەفى نین، بە دەربڕینێکیى دیکە، هەموویان دۆخى فەلسەفى نین. بۆیە پێم خۆشە کە پێکەوە ئەم پرسیارەى خوارەوە بکەین: ئایا کامەیە ئەو دۆخەى کە بە ڕاستى دەبێت بە دۆخ بۆ فەلسەفە، یان دۆخێک بۆ بیرکردنەوەى فەلسەفى؟ پێم خۆشە سێ نموونەتان پێشکەش بکەم، تاکو بتوانم هەندێک تێگەشتنتان لەبارەى ئەوەوە پێ بدەم کە ئاماژەى بۆ دەکەم.

یەکەم نموونە كە هەر خۆى پێشتر بە شێوەیەکى فەلسەفى شکڵی گرتووە بریتییە لەوەی لە دیالۆگى گۆرگیاسى ئەفڵاتۆندا هاتووە. ئەم دیالۆگە ڕووبەڕووبوونە زۆر توندەکەى نێوان سوقرات و کالیکلیسمان پیشان دەدات. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە دۆخى فەلسەفیمان بۆ دروست دەکات، کە، لەوەش زیاتر، بە شێوەیەکى دراماتیکى ڕوو دەدات. بۆچى؟ چونکە بیرکردنەوەى سوقرات و کالیکلیس هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە، تا ڕادەى ڕەها بەیەک نائاشنا و غەریبن. گفتوگۆکەى نێوان سوقرات و کالیکلیس لە لایەن ئەفلاتۆنەوە بۆ ئەوە نووسراوەتەوە تا تێمان بگەیەنێت کە ئایا مانای دوو جۆرى بیرکردنەوەى جیاواز چییە، وەک دوو لاى جیاوازى چوارگۆشەیەک، كە بە شێوەى نەپێوراو دەمێننەوە. ئەم گفتوگۆیە یەکسانە بە پەیوەندییەک لەنێوان دوو بۆچوون و دوو واتادا کە خاڵیین لە پەیوەندی. کالیکلیس پێی وایە کە دەسەڵات و خاوەن دەسەڵات لەسەر حەقن، مرۆڤى بەختەوەریش ستەمکارە – ئەوەى کە لە ڕێگەى فێڵ و توندوتیژییەوە دەسەڵاتى بەسەر ئەوانیتردا هەیە. لە کاتێکدا، سوقرات، بە پێچەوانەوە، پێی وایە کە مرۆڤى ڕاستەقینە، کە بە هەمان شێوە مرۆڤى بەختەوەرە، مرۆڤى دادپەروەرە، ئەویش بە واتا فەلسەفییەکەى. لەنێوان دادپەروەری وەک توندوتیژى و دادپەروەرى وەک بیرکردنەوە، دژیەکییەکى سادە بوونى نییە، وەک ئەو جۆرەى کە بتوانرێت لە ڕێگەى ئارگومێنت و بە نۆرمێکى هاوبەشەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. لەوێدا هیچ پەیوەندییەکى ڕاستەقینە بوونى نییە. بۆیە، گفتوگۆکە، گفتوگۆ نییە؛ بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیە. هەروەها ئەوەشى بۆ خوێنەرى دەقەکە ڕوون دەبێتەوە، ئەوە نییە کە نێوەندگیرێک ئەوی دیکە قایل دەکات، بەڵکو ئەوەی کە یەکێکیان سەرکەوتوو، وە ئەوی دیکەیان بەزێنراو دەبێت. لە سەرووى هەمووشییەوە، ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچى میتۆدەکانى سوقرات لە دیالۆگى سێیەمدا دادوەرانەترن لەوانەى کالیکلیس. ویستنى ئامانجەکان واتە ویستنى ئامرازەکان، هەروەها ئەوە پرسى بردنەوەیە، بە تایبەتیش بردنەوە لە چاوى ئەو گەنجانەوە کە بینەرى دیمەنەکەن.

لە کۆتاییدا، کالیکلیس دەیدۆڕێنێت. کالیکلیس خۆشی بە دۆڕان و بەزین نایەت و دانی پێدا نانێت، بەڵام دەمى دادەخات و لەو کونج و گۆشەیەى خۆیدا دەمێنێتەوە کە تێیدایە. تێبینى ئەوە بکە ئەو لەو دیالۆگەى كە ئەفڵاتۆن پێشکەشى دەکات، كەسە دۆڕاوەکەیە. ئەمە یەکێکە لە دەگمەنترین ئەو ڕووداوانەى کە تێیدا کالیکلیس ئەو کەسەیە دەیدۆڕێنێت. هەر ئەمەش دەبێتە جۆش و خۆشیی شانۆكە.

لە بەردەم ئەم دۆخەدا، فەلسەفە چییە؟ تاکە ئەرکى فەلسەفە بریتییە لە خستنەڕووى ئەوەى کە پێویستە هەڵبژێرین. پێویستە لەنێوان ئەو دوو جۆرەى بیرکردنەوەدا هەڵبژێرین. پێویستە بڕیار لەوە بدەین کە ئایا دەمانەوێت لایەنگریی لە سوقرات یان کالیکلیس بکەین. لەم نموونەیەدا، فەلسەفە وەک پرسی هەڵبژاردن ڕووبەڕووى بیرکردنەوە دەبێتەوە، بیرکردنەوە وەک بڕیاڕدان. ئەرکە شیاوەکەى بریتییە لەوەى کە هەڵبژاردنمان بۆ ڕوون بکاتەوە. بۆ ئەوەى بتوانین ئەمەى خوارەوە بڵێین: دۆخى فەلسەفى بریتییە لەو ساتەى کە تێیدا هەڵبژاردنێک ڕوون دەکرێتەوە. ئەویش یان هەڵبژاردنێکى پەیوەست بە بوون یان پەیوەست بە بیرکردنەوە.

نموونەی دووەم: مردنی بیرکاریزان ئەرخەمیدس. ئەم بیرکاریزانە یەکێکە لە گەورەترین ئەو عەقڵانەى کە تا ئێستا مرۆڤایەتی ناسیبێتی. تا ئەمڕۆش، بە تێکست و دەقە بیرکارییەکانی تووشى سەرسوڕمان دەبین. ئەو پێش هەر کەس بیری لە ناکۆتا یاخود بێکۆتایی کردەوە و بە شێوەیەکى کردەیی، بیست سەدە پێش نیوتن حسابى ناكۆتای داهێنابوو. ئەرخەمیدس زانایەکی ناوازە بوو. هەروەها یۆنانییەکی خەڵکی سیسیلیا بوو. کاتێک سیسیلیا لە لایەن ڕۆمەکانەوە داگیر کرا، بەشداری لە بەرخۆدان و بەرەنگارییەکەدا کرد، ئامێری جەنگیی نوێی داهێنا – هەرچەندە لە کۆتاییدا ڕۆمەکان سەرکەوتوو بوون.

لە سەرەتای داگیرکاریی ڕۆمەکاندا، ئەرخەمیدس جارێکیتر دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە. خووی کێشانی فیگەری ئەندازەیی لەسەر لم هەبوو. ڕۆژێک، کە لە کەنارى دەریادا دانیشتبوو و بیری دەکردەوە، بیرى لەو فیگەرە ئاڵۆزانە دەکردەوە کە لە کەنارەکەدا کێشابوونی. لەو کاتەدا، سەربازێکی ڕۆمانی دێت کە بە جۆرێ لە جۆرەکان نامەبەرى سەرۆک بوو، پێی دەڵێت کە ژەنەڕاڵی ڕۆمانی مارسێلۆس ئارەزووی بینینی ئەو دەکات. ڕۆمەکان ئێجگار فزووڵ بوون لەبارەی زانایانی یۆنانییەوە، وەک چۆن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی فرەنەتەوەیی جوانکاریی ڕەنگە فزووڵ بێت لەبارەی فەیلەسوفێکی ناودارەوە. کەواتە، ژەنەڕاڵ مارسێلۆس دەیەوێت ئەرخەمیدس ببینێت. بەینى خۆمان بێت، پێم وانییە کە ژەنەڕاڵ مارسێلۆس سەری لە بیركاریش دەركردبێت. هەرچەندە ئەم کنجکاوی و فزووڵییەتە بۆ ئەو شانازییە، بەڵام زۆر بە سادەیی، ویستوویەتی بزانێت لە ئاستێکى وادا یاخیبوونى ئەرخەمیدس چۆنە. ئەویش لەو شوێنکاتەى کە نامەبەرەکەى بۆ نێردراوە. بەڵام ئەرخەمیدس ناجووڵێت. سەربازەکە دووبارەی دەکاتەوە: ژەنەڕاڵ مارسێلۆس ئاواتەخوازە تۆ ببینێت. هێشتا ئەرخەمیدس وەڵام ناداتەوە. سەربازە ڕۆمانییەکە کە ڕەنگە هیچ ئارەزووییەکی زۆری بۆ بیرکاری نەبووبێت، تێناگات چۆن کەسێک دەتوانێت فەرمانێکی ژەنەڕاڵ مارسێلۆس پشتگوێ بخات. “ئەرخیمیدس! ژەنەڕاڵ ئاواتەخوازە تۆ ببینێت!” ئەرخەمیدس بە زەحمەت سەری بەرز دەکاتەوە و بە سەربازەکە دەڵێت: بهێڵە ڕوونکارییەکەم تەواو بکەم. بەدوایدا، سەربازەکە وەڵام دەداتەوە: “بەڵام مارسێلۆس دەیەوێت بتبینێت! من چ کارێکم بە ڕوونکارییەکەت هەیە!” بەبێ ئەوەی وەڵام بداتەوە، ئەرخەمیدس دەست دەکاتەوە بە حساباتەکانی. دوای ماوەیەکی دیاریکراو، کە لەم ساتەدا سەربازەکە بە تەواوی تووڕە بووە، شمشێرەکەی دەردەکێشێت و لە ئەرخەمیدس دەدات. ئەرخەمیدس بە مردوویی دەکەوێتە سەر زەوی. بە کەوتنى جەستەى ئەرخەمیدس بۆ ناو لمەکە، جەستەی فیگەرە ئەندازەییەکەش لەناو لمەکەدا دەسڕرێتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ئەمە دۆخێکی فەلسەفییە؟ چونکە دەری دەخات لە نێوان مافی دەوڵەت و هزری داهێنەر و بە تایبەتی بیری ئۆنتۆلۆژی پەتیی بەرجەستەکراو لە ماتماتیکدا، هیچ پێوەرێکی هاوبەش نییە، هیچ گفتوگۆیەکى ڕاستەقینە بوونى نییە. لە کۆتاییدا دەسەڵات توندوتیژییە، لە کاتێکدا تاکە سنووردارکردنێک کە بیری داهێنەر دەیناسێت، یاسا ناونیشین و ناوەكییەكانی نێو خۆیەتی. کاتێک باس لە یاسای بیرکردنەوەکەى ئەرخەمیدس دەکرێت، ئەو لە دەرەوەی کردار و کردەى دەسەڵاتەوە دەمێنێتەوە. ئەو کاتەى کە گونجاوە بۆ نمایش و ڕوونکارییەکەى ئەرخەمیدس، کاتێک نییە کە ئەم زانایە بتوانێت پێشوازى لە بانگهێشت و داوەتە بەپەلەکەی سەربازە براوەکان بکات. هەر بۆیە لە کۆتاییدا توندوتیژی دروست دەبێت، ئەمەش گەواهى ئەوە دەدات کە هیچ پێوەرێکی هاوبەش و ڕیزبەندییانەی هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی لایەنێک و ڕاستییەکانی لایەنێكی دیکەدا بوونى نییە. ڕاستی و حەقیقەتەکان بەرهەمهێنراو و دروستکراون. لە کاتی داگیرکردنی ڤییەنا لە لایەن سوپای ئەمریکاوە، لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا، سەربازێکى ئەمریکى، دیارە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەو کێیە، گەورەترین زانای مۆسیقای ئەو سەردەمە، ئاوازدانەر ئەنتۆن وێبەرن، دەکوژێت[1].

دەتوانین بڵێین لە نێوان دەسەڵات و حەقیقەتدا مەودایەک هەیە ئەویش مەودای نێوان مارسێلۆس و ئەرخەمیدسە. مەودایەک کە نامەبەر – بێ گومان سەربازێکی چەقبەستوو بەڵام خاوەن دیسپلین یان دیسپلینکراو – ناتوانێت بیبڕێت. ئەرکی فەلسەفە لێرەدایە بۆ ئەوەی تیشک و ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو مەودایە. دەبێت فەلسەفە بیر لە مەودایەک بکاتەوە کە بێ پێوەرە یاخود پێوەر نایگرێتەوە، یاخود دەبێت جۆرە مەودایەک بێت کە فەلسەفە خۆى پێوانەکەی دابهێنێت.

سێیەمین نموونەی من فیلمە. فیلمێکی سەرسووڕهێنەری دەرهێنەری ژاپۆنی کە ناوى میزۆگوچییە بە ناوى “عاشقە لەخاچدراوەکان.” بێ گومان، ئەو فیلمە یەکێکە لە جوانترین فیلمەکان کە تا ئێستا لەسەر خۆشەویستی بەرهەم هێنرابێت. دەتوانرێت بە ئاسانی پلۆت یان زنجیرەى ڕووداوەکانى کورت بکرێتەوە. فیلمەکە لە سەردەمی کلاسیکی ژاپۆندا بەرهەم هێنراوە، کە خەسڵەتە بینراوەکانی، بە تایبەتیش بەهۆی ڕەش و سپێتیی فیلمەكەوە، بە ڕوونی دەردەکەون. ژنێکی گەنج هاوسەرگیری لەگەڵ خاوەن وەرشەیەکى بچووکدا دەکات، پیاوێکی ڕاستگۆ و ئاسوودەیە، پیاوێک کە ئەم ژنە نە خۆشی دەوێت و نە ئارەزووی دەکات. گەنجێک دێتە ژوورەوە، کە یەکێکە لە کارمەندەکانی هاوسەرەکەی و ژنەکە عاشقی دەبێت. بەڵام لەم قۆناغە کلاسیکییەدا کە بەدبەختى و ناهەمواری باڵى بەسەردا کێشابوو، بووبووە هۆی ئەوەی كە هەر کردەیەکى سێکسى و پەیوەندی لە دەرەوەى هاوسەرگیرى ببێتە هۆى سزادان بە کوشتنى ئەنجامدەرانى: دەبوو تاوانباران لە خاچ بدرێن. ئەو دوو خۆشەویستە لە کۆتاییدا بەرەو گوندەکان هەڵدێن و دەگیرسێنەوە. ئەو ڕووداوە یەک لەدوایەکانەى کە هەڵهاتنیان بۆ ناو دارستان، بۆ ناو جیهانی توولەڕێ پێچاوپێچەکان، کووخەکان و دەریاچە و بەلەمەکان نیشان دەدات، بە ڕاستی نائاساییە. خۆشەویستی، ئەم کەپڵە ڕاوکراو و هەراسانکراوە کە نێچیری دەسەڵاتی خۆشەویستی خۆیین، بە قەد شیعریبوونەکەى، لە سروشتێکی ناڕوون و لێڵدا داپۆشراوە.

لەم کاتەدا، هاوسەرە ڕاستگۆکە هەوڵ دەدات هەڵهاتووەکان بپارێزێت. لە کاتێکدا، مێردەکان بە گشتی ئەرکی ئیدانەکردنی زیناکارانیان لە ساتێكی وادا لەسەر شانە، چونکە ڕقیان لە بیرۆکەی هاوکاریکردنى تاوانکاران و زیناکارانە. سەرەڕای ئەوەى کە بە ڕاستی ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ژنەکەی خۆشدەوێت، هاوسەرەکە هەوڵ دەدات کاتێکی زیاتریان بۆ دەستەبەر بکات. بۆیە وا خۆی نیشان دەدات کە ژنەکەی بەرەو پارێزگاکانى دیکە دەبات تاکو چاوى بە هەندێک خزم بکەوێت… بە ڕاستی مێردێکی باش و ڕاستگۆیە. کارەکتەرێکى ئێجگار سەرنجڕاکێشە. بەڵام هەموو ئەوانى دیکە وەک یەک، عاشقەکان ئیدانە دەکرێن، دەگیرێن و دەبررێن بۆ ئەشکەنجەدانیان.

وێنەکانى کۆتایی فیلمەکە، نموونەیەکی نوێی دۆخی فەلسەفی پێک دەهێنن. ئەو دوو خۆشەویستە پشت بە پشت لەسەر کەرێک بەستراونەتەوە. دیمەنەکە ئەم وێنەیەی دوو خۆشەویستە بەستراوەکە لە چوارچێوەیەکدا دەخاتە ڕوو کە بۆ مردن و کوشتنێکی دڕندانە، بەڕێخراون؛ هەردووکیان كە دیارە سەرسام و واقوڕماون، بەڵام خاڵیین لە خەمباری و خەفەت (پاتۆس): بە سادەیی، لە دەموچاویاندا ئاماژەی زەردەخەنەیەک هەست پێ دەکرێت، جۆرێک لە کشانەوە بۆ ناو زەردەخەنەکە. وشەی ‘زەردەخەنە’ لێرەدا تەنیا نزیکایەتیی نواندنە و هیچیتر. ڕووخساریان دەری دەخات کە ژن و پیاوەکە بە تەواوی لە خۆشەویستیدان. بەڵام فکرى فیلمەکە کە لە ڕەش و سپێتیی بێکۆتایی جیاوازییە وردەکانى دەموچاوەکاندا بەرجەستە بووە، هیچ پەیوەندییەکی بە بیرۆکەی ڕۆمانسییانەى ئاوێزانبوونى خۆشەویستی و مردنەوە نییە. لەبەر ئەوەشە کە ئەم عاشقە لە خاچدراوانە هەرگیز ئارەزووی مردنیان نەدەکرد. دیمەنەکە شتێکى تەواو پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت: خۆشەویستی ئەوەیە کە بەرەنگاری مردن دەبێتەوە.

لە کۆنفرانسێکدا کە لە فێمیس بەڕێوەچوو، دۆڵۆز بە گێڕانەوەی مالرۆ، جارێکیان گوتى: هونەر ئەوەیە کە بەرەنگاری مردن دەبێتەوە. باشە، لەم وێنە ناوازانەدا، هونەری میزۆگوچی نەک هەر بەرەنگاری مردن، بەڵکو وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە تەنانەت خۆشەویستیش بەرەنگاری مردن دەبێتەوە. ئەمەش هاوبەشییەک لە نێوان خۆشەویستی و هونەردا دروست دەکات – جۆرە پەیوەندییەک کە بە مانایەک لە ماناکان هەمیشە زانینمان لەبارەیەوە هەبووە.

ئەوەی من بە ‘زەردەخەنەی’ عاشقان ناوی دەنێم، لەبەر نەبوونی وشەیەکی باشتر، دۆخێکی فەلسەفییە. بۆچی؟ چونکە تێیدا جارێکی تر ڕووبەڕووی شتێکی بێئەندازە و ناکۆتا و لەپێوەربەدەر دەبینەوە، پەیوەندییەکی بێ پەیوەندی. لە نێوان ڕووداوی خۆشەویستی (هەڵگەڕانەوەى بوون بۆ خوارەوە) و ڕێسا ئاساییەکانی ژیان (یاساکانی شار، یاساکانی هاوسەرگیری) هیچ پێوەرێکی هاوبەش بوونى نییە. ئەوکات فەلسەفە چیمان پێ دەڵێت؟ پێمان دەڵێت “دەبێت بیر لە ڕووداو بکەینەوە”. دەبێت بیر لە هاڵاواردە و نائاسایی بکەینەوە. دەبێت بزانین چیمان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئاسایی نییە. دەبێت بیر لە گۆڕین و وەرچەرخانى ژیان بکەینەوە.

ئەمە سێ ئەرکە گەورەکەی فەلسەفەن: مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵبژاردە، مەودا، و هەڵاواردە یان نائاسایی– لانیکەم ئەگەر فەلسەفە شتێک لە ژیاندا بە هەند وەربگرێت، ئەوا شتێکى دیکە بە هەند وەردەگرێت کە لە دیسیپلینێکی ئەکادیمیدا کورت ناکرێتەوە.

لە ئاستێکی قووڵتردا دەتوانین بڵێین فەلسەفە، لە بەرانبەر و ڕوبەڕوبوونەوەى لەگەڵ بارودۆخەکاندا، بەدوای پەیوەندیی نێوان سێ جۆر هەلومەرج و دۆخدا دەگەڕێت: پەیوەندیی نێوان هەڵبژاردن و مەودا و هەڵاواردە. من دەڵێم چەمکێکی فەلسەفی، بەو مانایەی کە دۆڵۆز باسی دەکات، کە دەتوانین بڵێین وەک داهێنانە – هەمیشە ئەوەیە کە کێشەیەکی هەڵبژاردن (یان بڕیار)، کێشەیەکی مەودا (یان بۆشایی) و کێشەیەک پێکەوە دەبەستێتەوە لە هەڵاواردن (یان ڕووداوەکە).

قووڵترین چەمکە فەلسەفییەکانیش شتێکی لەم شێوەیەمان پێ دەڵێن: “ئەگەر دەتەوێت ژیانت تۆزێک مانای هەبێت، ئەوا دەبێت ڕووداو قبووڵ بکەیت، دەبێت دوور لە دەسەڵات بمێنیتەوە، هەروەها دەبێت لە بڕیارتدا پتەو و بەهێز بیت”. ئەمە ئەو چیرۆکەیە کە فەلسەفە لەژێر چەندان پەردەی جیاوازدا هەمیشە بۆمان دەگێڕێتەوە: لە هەڵاواردندا بین، بە مانای ڕووداوەکە، مەودا لە دەسەڵات وەربگرین و هەروەها لێکەوتەکانی بڕیاریش قبووڵ بکەین، هەرچەندەش دوور و سەخت بن.

بە تێگەشتن لەم ڕێگەیە و تەنیا لەم ڕێگەیەوە، فەلسەفە بریتییە لەوەى کە یارمەتى گۆڕین و وەرچەرخانى بوون دەدات… پەیوەندیی فەلسەفی لەگەڵ دۆخدا پەیوەندییە مەحاڵ و نەکردەکە دەهێنێتە سەر شانۆ و واقعیی دەکاتەوە، کە شێوەی چیرۆکێک لەخۆ دەگرێت. كاتێك باسی گفتوگۆكەی نێوان کالیکلس و سوقراتمان بۆ دەکرێت، باسی کوشتنی ئەرخەمیدس و چیرۆکی عاشقە لەخاچدراوەکانمان بۆ دەگێڕدرێتەوە، ئەوكات، گوێمان لە چیرۆکی پەیوەندییەک دەبێت. بەڵام هەموو چیرۆکەکان نیشانمان دەدەن کە ئەوەى وەک پەیوەندی دەردەکەوێت، پەیوەندی نییە، بەڵکە نکۆڵیکردنە لە پەیوەندی. بە جۆرێک کە دواجار ئەوەی لە چیرۆکەکانەوە پێمان دەگوترێت بریتییە لە دابڕان و پچڕان: پچڕانی پەیوەندیی سروشتی و کۆمەڵایەتیی بونیانتراو و زاڵ. بەڵام بێگومان بۆ ئەوەی پچڕان و دابڕانێك بگێڕینەوە، دەبێت سەرەتا پەیوەندییەک بگێڕینەوە. بەس لە کۆتاییدا چیرۆکەکە چیرۆکی پچڕان و دابڕانە. لە نێوان کالیکلس و سوقراتدا، دەبێت ئێمەى مرۆڤ یەکیان هەڵبژێرێن. پێویستە بە شێوەیەکى ڕەها خۆمان لەگەڵ یەکێک لە دوو بژاردەكەدا یەکلایی بکەینەوە. بە هەمان شێوەش، ئەگەر لایەنگری ئەرخەمیدس بیت، چیتر ناتوانیت لایەنگری مارسێلۆس بیت. هەروەها ئەگەر هاتوو لە گەشتى دوو عاشقەکەدا تا کۆتایی بەدوای چیرۆکى خۆشەویستییەکەیاندا بڕۆیت، ئەوا هەرگیز جارێکی دیکە لایەنگری یاسای هاوسەرگیری ناکەیت.

کەواتە دەتوانین بڵێین فەلسەفە، کە بیرکردنەوە نییە لەوەى کە هەیە، بەڵکو لەوەى کە نییە (نەک گرێبەستەکان، بەڵکو گرێبەستە شکێنراوەکان)، تەنیا گرنگی بەو پەیوەندییانە دەدات کە پەیوەندیی نین.

ئەفڵاتۆن جارێک وتی فەلسەفە بەئاگاهاتنەوە و لە خەو ڕاچەنینە. هەروەها بە تەواوی و باش دەیزانی کە بەئاگاهاتنەوە واتای دابڕان و پچڕانێکى قورسە لەگەڵ خەودا. بۆ ئەفڵاتۆن پێش ئەمە و هەر كاتێكی دیكەش، فەلسەفە بریتییە لە قۆستنەوە و دەستبەسەرداگرتنێك لە لایەن بیرکردنەوەیەکەوە کە دەبێتە هۆى پچڕان و دابڕان لە خەوتنى بیرکردنەوە.

کەواتە ڕەوایە گەر بیر لەوە بکەینەوە لە هەر کات و جێگایەکدا پەیوەندییەکی پارادۆکسیکاڵ و دژبەیەک هەبوو؛ بە مانایەكی تر، گەر پەیوەندییەک پەیوەندی نەبوو، یان دۆخى پچڕان ئامادەیی هەبوو، ئەوا فەلسەفە دەتوانێت لەو شوێنەدا ڕووبدات یاخود فەلسەفە لەوێدا بوونی هەبێت).

من پێداگری لەسەر ئەم خاڵە دەکەمەوە: فەلسەفە تەنیا لەبەر ئەوە بوونى نییە کە “شتێک” بوونى هەیە. فەلسەفە بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوە و وەڵامێک نییە بۆ/لەسەر هەر شتێک کە بوونى هەیە. فەلسەفە بوونى هەیە، فەلسەفەش تەنیا لەبەر ئەوەی پەیوەندیی پارادۆکسیکاڵ و دژبەیەک بوونى هەیە، دەکرێ هەبێت، ئەویش لەبەر ئەوەى کە پچڕان، بڕیار، مەودا، ڕووداوەکان بوونیان هەیە.

 [1] لێرەدا، بادیۆ وشەى accident بەکار دەهێنێت کە پێچەوانەى ماناى eventى هەیە چونکە accident بە ماناى ڕوودانى شتێکە کە دەكرێت مەبەستدارانە بێت و هەروەها زیانی لێ بكەوێتەوە.

Share this article