نووسین: نارین ڕۆستەم |
ئەو نووسەرەی لە وەهمی پیرۆزیی خۆیدا وا دەزانێت کانیاوی مانا لە ژێر دەستیدایە و کەی بیەوێت دەیتەقێنێتەوە، ئاگای لەوە نییە کە دەق دوای لەدایکبوونی، لە قەفەزی نیازی نووسەر هەڵدەفڕێت و لە گۆڕەپانی خوێندنەوەدا، هەرجارەی بە کراسێکی ئایدیۆلۆژی و مانایەکی نوێوە پیاسە دەکات. نووسەرێک لەبارەی گوڵەوە دەنووسێت و خوێنەرێک وەک دڕک دەیبینێت. ئەگەر نووسەر ناڕازیش بێت، خوێنەران بێباکانە پێی دەڵێن: جا بە تۆ چی؟
ئاسمانی دەق ئەوەندە بێکۆتایە، بزنیش تێیدا دەفڕێت. ئیتر گەمەکە لەسەر لۆژیکی فڕین نییە، بەڵکوو لەسەر ئەو ئاسۆ نوێیانەیە کە لە کاتی ئەو فڕینە مەحاڵەدا دەکرێنەوە. جا ئەگەر سروشتە بێسنوورەکەی دەق، لە گەمەیەکی جوانیناسانەوە، بکەوێتە چنگی گوتارێکی داخراوەوە، لێرەدا سروشتی گەمەکە لە ئازادکردنی ماناوە بۆ زیندانیکردنی دەگۆڕێت. دوای ڕاگەیاندنی “مەرگی نووسەر” ئەگەر هێشتا گلەییی نووسەر ئەوە بێت کە خوێندنەوەکان تەنیا ڕەنگدانەوەی پاشخانی ئایدیۆلۆژیی خوێنەرانن، ئەمە نیشانەی تێنەگەیشتنە لە سروشتی دەق. چونکە هەر لەو پڕۆسێسەدا دەق لە فرەماناییدا خۆی دەدۆزێتەوە و گومان لە هەمووان: لە نووسەر، لە خوێنەر، تەنانەت لە خۆیشی وەک هەڵگری مانایەکی جێگیر دەکات. کەواتە، هیچ حەقیقەتێکی ڕەها بوونی نییە، تا لە گیرفانی نووسەر، ناخی خوێنەر، یان لە دێڕەکانی دەقدا خۆی شاردبێتەوە.
مامەڵەی ئەدەبیات لەگەڵ گێڕانەوە گەورەکان
ئەدەبیات هەوڵ دەدات خۆی لە پڕوشکی حەقیقەتە “پیرۆزکراوەکانی” مێژوو بەدوور بگرێت و لە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵدا، جیهانێک ئاوا دەکات کە هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت بیڕوخێنێت و بیکات بە جیهانێکی دیکە.
سەرباری ئەوەیش، هەندێکجار دەق گۆڕەپانی نمایشەکەی دەکاتە گۆڕستانێک، لەسەر هەر کێڵێک یەکێک لە گێڕانەوە گەورەکان و برینە نیشتمانییەکان هەڵدەکۆڵێت: ئەنفال، خیانەت، مەرگی دایک … ئەم کارەساتانە وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر نمایش دەکات. کەچی هەر گوتارێک تا دەست لە نوێنەرایەتیکردنی ئەم کارەساتە پیرۆزکراوانە نەشوات، دەقەکە هەر ئەوە پێشان دەدات کە هەزاران جار بینراوە، بەڵام ئەوە تاکە چارەنووسی دەقی کارەسات نییە. سلڤیا پلات، گوتارێکی گەورەی وەک هۆلۆکۆست و ئازاری جووەکانی بۆ دەربڕینی ئازاری دەروونیی خۆی بەکار هێنا. لە شیعری “باوکە”دا، باوکی وەک ئەفسەرێکی نازی و خۆیشی وەک قوربانییەکی جوو وێنا دەکات. لێرەدا وێنەی هۆلۆکۆست لە مۆزەخانەی مێژوودا هەڵنەواسراوە و تەنیا گوزارشت لە ئازارێکی کەسەکیش ناکات، بەڵکوو دەبێتە گەمەیەکی هونەریی فرەمانا کە پرسی دەستەڵات و حاڵەتی دەروونی و ڕووداوی مێژوویی تێکەڵ دەبن و سنووری نێوانیان دەسڕێتەوە. لێرەوە، دەق دەیان مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت.
پارادۆکسی زمان: ڕووخاندن و بنیاتنانەوەی خورافە
زمان دەتوانێت کەلاوەی خورافەیەک کاول بکات و بناغەی ماڵێک بۆ خورافەیەکی دیکە دابڕێژێت. ئەم پارادۆکسە سروشتی ئەدەبیاتە و وای لە دەق کردووە بە نائارامی بێت و بڕوات و گومان بخوڵقێنێت.
کاتێک دەقێک شەیتان لە ئاگری خورافە دەردێنێت و کڵاوی پەرستاری دەکاتە سەر، شەیتان ناسڕێتەوە، تەنیا لە گوتارێکی ئایینییەوە بۆ گوتارێکی جوانیناسانە دەیگوازێتەوە. چونکە دەستەڵاتە ترسناکەکە لە خودی شەیتاندا نییە، بەڵکوو بەناو ئەو گوتارەدا تەراتێن دەکات کە وەک ڕاستییەکی ڕەها دەیناسێنێت. ئەگەر گوتارەکە گۆڕدرا، دەستەڵاتەکەیش کاریگەریی نامێنێت، کارەکتەرەکە لە بوونەوەرێکی ترسناکەوە دەبێتە یەکێک کە بتوانرێت بکرێت بە نووکتە.
کەواتە ئەوە زمانە کە دەتوانێت ڕۆڵی ئازادکەر و بەندکەر لە یەک کاتدا ببینێت.
یەکێک لە پارادۆکسەکانی دەق ئەوەیە کە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی خورافەیەکدا، بێئاگا دەکەوێتە داوی خورافەیەکی دیکەوە. چیرۆکی “میم”ی شێرزاد حەسەن ئەم پارادۆکسەی زمان بەرجەستە دەکات. کاتێک کارەکتەری سەرەکیی دەقەکە خۆی وەک نووسەرێکی ئازاد نمایش دەکات و هەوڵی تێپەڕاندنی گوتاری “ژن وەک کێڵگەی پیاو” دەدات، بەڵام لە بێئاگاییدا پەنا بۆ گوتاری “ژن وەک ماین و پیاو وەک سوار” دەبات و وەها وەسفی ژنەکەی و لەدەستدانی توانای سێکسیی خۆی دەکات:
“خۆ دەشزانن ماینێکی ماندووە و سوارەکەی لە بیابانێک کەوتووە. ماینی تینووش، لە زەلکاویش دەخواتەوە.”
لێرەدا، گوتاری ناو دەقەکە بتی خورافەیەک بە بتێکی تری خورافە وردوخاش دەکات. ئەمە شکستی هونەریی دەقەکە نییە، بەڵکوو ددانپێدانانێکی قووڵی فیکرییە بەو ڕاستییەی کە چۆن “شۆفڵی زمان” تەنانەت لە کاتی ڕووخاندنی پەناگەیەکی خورافیشدا، هەر خۆی کەرپووچی ئایدیۆلۆژیا بۆ پەناگەیەکی تر بار دەکات.
لە قوژبنە تاریکەکانی خەیاڵی نووسەرەوە، هەمیشە تارماییەکانی مێژوو و ئەو خورافانەی کە پێی وا بووە بە دەستی خۆی ناشتوونی، بە بێدەنگی دانیشتوون و چاوەڕوانن. بەڵام لە دەقی “تاوان”ی پەشێوی شاعیردا، (خیانەتە شیرینەکەی زمان) ئەو دانیشتووە بێدەنگانە بە قسە دێنێت. شاعیر هەوڵ دەدات ستەمێکی سیاسی بڕوخێنێت، بەڵام بێ ئەوەی بزانێت پشت بە ستەمێکی کۆنتری ناو کولتوورەکەی، واتە خورافە، دەبەستێت. هەر بۆیە لە کاتی ناونانی قێزەوەنترین تاواندا، دەبێتەوە بە کاهینێکی تووڕە و جگە لە “پەڕۆی بێنوێژ” ناوێکی دیکەی بە بیردا نایەت:
“تاوان دیارە،
پەڕۆیەکی بێنوێژە
لە سنووری باجستان و بەرتیلستان
فڕکە دەکا و دەشنێتەوە.”
لە هەجووە بەناوبانگەکەی شێخ ڕەزای تاڵەبانیدا، ئەم پارادۆکسەی زمان دەگاتە لووتکە. شاعیر، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر دەستەڵاتی شێخ غەفووری مامی، بە ئاگادارییەکی تەواو لە باوەڕە باوەکانی کۆمەڵگاکەی، پەنا دەباتە بەر چەکی وێناکردنی “جوو” وەک هێمای ناپاکی و دووڕوویی، ئەمەیش بۆ ڕیسواکردنی نەیارەکەی و وەک گەمەیەکی هونەرییانە دێتە ئاراوە:
“دوو سێ دێی داوەتێ سوڵتان بەئیتعامی تەعام
هەر یەکێکی بەقەدەر خەزنەیێ ئیرادی هەیە.”
.
.
“گەر سەر و ڕیشی پیاوانەیە باوەڕ مەکە پێی
باتینی جوولەکە و زاهیری زوههادی هەیە.”
لێرەوە، شاعیر لە کاتی هەوڵدان بۆ شکاندنی بتێکی کاتیی دەستەڵات، بناغەی بتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بە نەمری دەهێڵێتەوە و لە لەناوچوون دەیانپارێزێت.
قەسیدەی “نیشتمان”ی بەختیار عەلی، نموونەیەکی بەرچاوی تێکشکاندنی وێنە باو و پیرۆزکراوەکانی ڕۆشنبیری و دامەزراوە زانکۆییەکانە. شاعیر بە زمانێکی ڕاستەوخۆ، نیگەرانی خۆی لەم سیستەمانە دەردەبڕێت:
“خوایە چی بكەم… ڕقم لەو كچ و كوڕ و مامۆستا گێلانەیە/ كە وەكو شەمشەمەكوێرە لە داڵان و حەوشەكانی زانكۆدا دێن و دەچن/ ڕقم لە مشك و سەرباز و گۆڤاری بێ جنێوە/ “.
ڕەتکردنەوەکانی شاعیر، سنوورەکانی زانکۆ تێدەپەڕێنێت و بەشێکی فراوانتر لە سیستەمەکانی شار دەگرێتەوە، هەرچەند وشەی “مشک” لەم چوارچێوەدا پێویستی بە لێکدانەوەی زیاترە. شاعیر بە دڵنیاییەکی زۆرەوە پەنا دەباتە بەر گوندێکی دوورەدەست، کە وەک وێنەیەکی خەیاڵی لە مێشکیدا یان وەک ئارەزوویەک، بە ئارامترین و بێکێشەترین شوێنی جیهان وێنای دەکات، ئەم وێنەیە ئارەزووی گەڕانەوەیە بۆ سروشت و ژیانێکی سادە:
“ئەو كەپوانەم خۆشدەوێت كە ئەڵقەیان تێخراوە/ حەز ئەکەم لە گوندێ بژیم… لەو دوورانە/ بەیانیان پیرێژنێكی چاو بە خەو ھەڵمسێنێ/ كە بانگ لە كچەكەی دەكات/ ھۆی نێرێ… نێرگەلێ… نێرگسێ، ھەستە مەشكەكەت بژەنە و كۆڵوانەكەت بكەرە مل وا بەیانە”.
لێرەدایە شاعیر “خورافەی گوتارەکانی شار” دەڕەتێنێتەوە و بۆ دانانی شوێنگرەوەیەک، هەوڵی بنیاتنانی خورافەیەکی نوێ، “خورافەی بێگەردی ژیانی گوند” دەدات. ئەمە زیاتر یۆتۆپیایەکی خەیاڵی ئارەزوولێکراوی شاعیرە و وەک دژێک لەبەرامبەر واقیعی تاڵی شاردا دەبینرێت. بەختیار عەلی لەم قەسیدەیەدا، لە هەوڵێکدایە بۆ دروستکردنی دەروازەیەکی پاک و بێگەرد، سەرباری ئەوەیش دەزانین، لە واقیعدا ژیانی گوندەکانیش لە کێشە و ئاڵۆزی بە دوور نین. ئاخر ئەو گوندە کوردستانیانەی کە خەڵکەکەی ئەنفال کران و تووشی کیمیابارانکردن بوونەوە، هەر گوند بوون.
بەشێکی گوندنشینەکان ئەوانەن کە ژنانیان لەسەر چوونەژوانێک و پیاوانیان لەسەر پارچەزەوییەک دەکوژن. ئەگەر شاعیر بڕیاری دابێت، شار وێرانەیە و گوند جێگەی دڵنیاییە، ئایا شتەکان لە خودی خۆیانەوە باش و خراپن یان خۆیان ئاراستە دەگرن و ئێمە تەنیا لێکدانەوە بۆ ئەو ئاراستەیە دەکەین؟ ئەگەر شاعیر پشتی لە سیستەمەکانی شار و کۆمەڵگا کرد و پەنای بۆ ئەستێرەکانی خەیاڵ برد، ئەدی ئەو تێلسکۆپەی کە سەیری ئەستێرەکانی پێ دەکات (زمان)، سەر بە کێیە؟
زمان وەک کارگەی بەرهەمهێنانی خورافە
ئەگەر ئێمە دەمی خورافە بکەینەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات: کە پەناگەیەکی ئارامە و مرۆڤ لە ترسی خۆی دروستی کردووە. بەڵام پرسیارێک کە لە قوتابخانەی گومانەوە سەر هەڵدەدات: ئەو ئارامییە لەسەر جەستەی کێ بنیات نراوە؟ لێرەدایە وەڵامەکان لە کتێبەکەی عەبدولخالق مەعرووفی تیرۆرکراو، یان گۆڕستانی بێناسنامەکانی ژنانی قوربانیی شەرەف دەدۆزرێنەوە. کەواتە، گرفتەکە خودی دەجال و کەرەکەی نین. وەک مەسعوود محەمەد دەیڵێت: “دەجالێک خۆی نەبوو تا کەری هەبێت.” بەڵکوو گرفتەکە ئەو کارگەی گوتارەیە کە زمان دروستی دەکات. ئەو کارگەیەی کە بەپێی ڕەچەتەی دەستەڵاتی ئایینی و سیاسی کار دەکات و توانای ئەوەی هەیە، تەنانەت لەو ساتانەیشدا کە پێمان وایە خەریکی هەڵوەشاندنەوەی خورافەیەکین، خورافە سواوەکان لە دەیان مۆدێلی نوێدا بخاتەوە بازاڕ.