«بە هیچ جۆرێک ناتوانیت بوەستیت» |
وەرگێڕان: چاوان نەریمان|
بەڕێز ئیناریتو، ئایا دەبێت فیلمساز لەگەڵ فیلمەکانیدا بژی؟
من وا بیر دەکەمەوە، هەموو فیلمێک بە جۆریک لە جۆرەکان ڕەنگدانەوەی خودی خۆتە. گرنگ نییە هەر چۆنێک بێت، هەموو ئەو فیلمانەی کە من بەرهەمم هێناون، ڕەنگدانەوەی خودی خۆمن. هەندێک جار وا هەست دەکەم فیلمەکان لەگەڵ واقعدا ئاوێتە دەبن و لەناکاو ڕێڕەوێکی تەمومژاویی نامۆ هەیە کە دیار نامێنێت و لە ڕووی مژاریشەوە ئەوەی لە فیلمەکەدا ڕوو دەدات، بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەقینە دەوری ژیانت دەدات. ئەمە زۆر جار بەسەر مندا هاتووە.
بە تایبەتی لەگەڵ کام فیلمەدا؟
لەم ساتەدا، لەگەڵ فیلمی The Revenant. سرووشتی فیلمەکە بە ڕاستی بوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان. ئاوەکە ئێجگار سارد بوو و ڕۆژێک ئێمە لە چل پلە ژێر سفردا وێنەمان دەگرت. زەحمەتی جەستەیی کەسایەتییەکان لە ژیانی واقعیماندا ڕەنگی دایەوە و لەگەڵ ئەزموونی جەستەیی خۆماندا ئاوێتەبوو.
بۆچی هێندە سووربوویت لەسەر ئەوەی لە بارودۆخێکی وەهادا وێنەی بگریت؟
زۆر دڵخۆشبووم بە ڕۆشتنم بۆناو دنیای کێوی و گەڕانەوە بۆ ژیانی کۆن و بنەماکانی سینەما کە شتەکان بە ڕاستی تێیدا ڕوو دەدەن و ئێمەش لە شوێنە ڕاستەقینەکاندا، وەک خۆیان وێنەیان دەگرین. ئێمە ڕەوشێکمان ساز نەکردووە لەو شوێنەدا بۆ ئەوەی جیهانێکی دەستکرد لە ڕێگەی کۆمەڵێک بینا لە چواردەورماندا دروست بکەین یان بێین بە شێوەیەکی تەکنەلۆژی ئامادەیان بکەین. لەناکاو واقع و ئاڵۆزی ڕەهەندە سرووشتییە ڕاستەقینەکان و ڕووناکیی ڕاستەقینە… من زۆر باش لەوە تێدەگەم کۆمپیوتەرێک یان دیزاینەرێک، هەرچەند شارەزاش بێت، هەرگیز دەرەقەتی وەها کارێک نایەت.
بۆ نا؟
نەک تەنیا لەبەر ئاڵۆزی و جوانییەکەی، بەڵکو لەبەر ئەو ڕەوشە دەروونییەی کە دەیبەخشێت بەو کەسانەی کە فیلمەکە بەرهەم دێنن. کاریگەریی لەسەر سەرتاپایی جەستە هەیە، تێدەگەیت؟ بە ڕاستی ئەزموونی ئەو هەستانەم خۆش دەوێت. سەفەری سەخت و دوورودرێژ لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا، بووبوو بە خودی فیلمەکە خۆی. ئێمە بووین بە ڕاوچی، دەزانیت؟ گرنگ بوو، ئەزمونێکی سۆزدارانە و جەستەیی بەتین بوو.
ئەوە فیلمی (Aguirre, the Wrath of God)ـــی هێرزۆگی بیر خستمەوە، کە ئەو بڕوای وا بوو؛ وێنەگرتنی بارودۆخە سەختەکان لە دارستانی باراناوی پیرۆدا- دزە دەکاتە ناو فیلمەکەوە.
بەڵێ، Aguirreــی هێرزۆگ یان Fitzcarraldo کاریگەریان لەسەر دانام. یاخود ئاکیرا کورۆساوا فیلمێکی بەرهەم هێناوە بە ناوی Dersu Uzala، یان تەنانەت Apocalypse Now ئەمانەش سەرنجڕاکێش بوون. لەو فیلمانەدا پیاوێک بەرانبەر سرووشت وەستاوە و ئەو دیمەنانەی کە هەن بە جۆرێک لە جۆرەکان دۆخی سۆزداری کارەکتەرەکە دەنووسنەوە. بە جدی ئەو فیلمانەم خۆشدەوێت.
بەڵام وێنەگرتنی لەم جۆرەش دەکرێت باجی خۆی هەبێت! لە کاتی بەرهەمهێنانی Aguirreدا، هێرزۆگ و کلاوس کینسکی بەهۆی گرژییەوە خەریکبوو یەکتری بکوژن.
بەڵێ، کاتێک خۆت دەچیتە شوێنەکە، تێدەگەیت کە دەجار قورسترە! فیلمەکە لە ئاکامی بڕیارێکی ساویلکانەوە بوو کە دام. من ئەو بڕیارەم دا چونکە بە تەواوەتی کوێربووم. دواجار واز لە هەر دەرفەتێک دەهێنیت کە ئاسوودەت دەکا و هەموو ڕۆژێک دەجەنگیت. ئەوە بارودۆخەکەیە. ڕێک وەک هەڵگەڕانە بەسەر تاشەبەردێکدا: کاتێک بەبێ گوریس بەسەر دیوارێکدا سەردەکەویت و تۆ لە ناوەڕاستدایت و دەزانیت گەر هەر هەڵەیەک بکەیت، دەکەویتە خوارەوە و دەمریت. هەموو ڕۆژێک هەستکردن بەم فیلمە، بەو شێوەیە بوو.
ناخۆش دیارە
ڕاستی ئەو شێتییەی من، لە خۆیدا تۆزێک ترسناکە! دەکرا زۆر پڕمەترسی بێت. هەموو شتێک دەکرا زۆر بە ئاسانی بە هەڵەدا بڕوات… هەر ڕۆژە و چەند گریمانەیەک لە بەردەستدا بوون. تۆ دەبیت بە دروستکراوی ئیشەکەی خۆت. هەندێک جار تۆ خوایت و هەندێک جاریش تۆ درواستکراوێکیت. لێرەدا تۆ تەنیا دروستکراوێکیت و داهێنانەکەت بە زیندوویی دەهێڵیتەوە. هەروەها لە ڕووی داراییەوە مەترسییەکان ئەو شتانەبوون کە دەکرا لە پڕۆژەیەکی وادا کە ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، بە هەڵەدا بڕۆن، پێوەرەکان ئەوەندە بەرز دانرابوون کە ئێمەی تووشی گێرەوکێشە کردبوو. من لەنێو کاروبارەکانی خۆمدا کەوتبومە تەڵەوە، نەمتوانی بگەڕێمەوە، کێشام بە دیوارێکدا، هەروەها گەر کۆتاییم پێنەهێنایە، یان کۆتاییم بەو ڕێگەیە نەهێنایە کە دەمویست تەواوی کەم، ئەوا ئەوسا دەبووە کۆستێکی گەورە. وەک کێبڕکێیەک وابوو، کە بە هیچ جۆرێک ناتوانی بوەستیت و هەر دەبێت بەردەوام بیت و کۆتایی پێ بهێنیت. وا هەست دەکەیت کە خەریکە دەبوورێیتەوە، بەڵام دەبێ تا کۆتایی بڕۆیت.
ڕەنگە پیشەکەت کێشەی بۆ هاوسەرگیرییەکەشت دروست کردبێت.
هیوادارم بەو زووییە جیا نەبمەوە! (پێدەکەنن) قورسبوو. قورسبوو، فیلمسازی زۆری دەوێ، زۆر شتت لێ دەبات. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ دوور دەکەویتەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێتە. ئەوەش یەکێکە لە سەختترین بەشەکان.
«ئەو جۆرە فیلمانە چیتر دروست ناکرێن، لەبەر ئەوەی زۆربەی خەڵک لە ئێستادا سەرمایەدارن و تاکە هۆکاریان بۆ ئەوەی لەوێ بن، قازانجە.»
کاتێک کە ساڵی پار ئۆسکارت بۆ فیلمی Birdman بردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر کارت لەسەر فیلمی The Revenant دەکرد. پێت وانییە کە ئێستا کاتی وچانێکە؟
من چوومە نێو دوو ماراسۆنەوە، بۆیە دەبێت بوەستم. ڕاستگۆبم، تا ئێستا کاتی ئەوەم نەبووە تێبگەم لەوەی کە لە فیلمی Birdmanدا چی ڕوویدا! دۆخێکی زۆر نامۆیە، پێم وایە دەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ پشوو بدەم و ئینجا تێبگەم کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چی بەسەر ژیانمدا هاتووە. لەنێوان هەموو فیلمەکاندا دوو بۆ سێ ساڵ پشووم وەرگرتووە، بۆیە تاکە شتێک کە بە جددی بیری لێ بکەمەوە، پشوووەرگرتنە بۆ سێ ساڵی داهاتوو. بە جددی پێویستم پێیەتی.
ئایا ئەوە پیاوێکی گەورەی وەک ئارنۆن میلچانی دەوێت کە پارەی بۆ فیلمی Birdman و The Revenant دابین کردووە و پێشتر پشتگیری لە فیلمی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەمریکا و بەڕازیل کردووە- بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە فیلمە بەهێزانە؟
بە دڵنیاییەوە، تۆ پێویستت بە هاوڕێیەکە بەو جۆشوخرۆشەوە، بەو سەلیقەیەوە کە زۆر هونەری خۆشدەوێت، هەموو ئەمانە لە یەک کاتدا؛ بۆ ئەوەی فیلمێکی لەم شێوەیە دروست بکەین.
ئایا هەموو ئەوانی تر زۆر بەپەرۆشن بۆ پارە؟
چیتر ئەم فیلمانە بەرهەم ناهێنرێن، زۆربەی ئەوانەی لە ئێستادا کار لە سینەمادا دەکەن، سەرمایەدارن، تاکە هۆکارێک کە لەناو بوارەکەدا هێشتوونییەتییەوە، قازانجە. کە هەموو شتێکیش لەسەر بنەمای قازانج بەڕێوە دەچێت، فیلمەکان دەبن بە شتومەک یان بەرهەمێکی سەرگەرمی کە هیچ کەس بێزار ناکەن و زۆرترین بینەریش بەدەست دەهێنێت بەبێ… بۆیە ئەمە دۆخێکی ترسناکە کە ئێستا ئێمەی تیاین، ئەمە بەس قازانجە و هیچی تر، هەڵبەتە من ساویلکە نیم گەر وا بیر بکەمەوە لە پێشتردا جیاواز بووە، هەمیشە هەر وابووە، بەڵام ئێستا لە هەموو کاتێک زیاترە.
بە تێگەشتن لە قسەکانی پێشتر، ئایا جارێکی تر فیلمێکی وەک The Revenant بە هەمان شێوە دروست دەکەیتەوە؟
بە هیچ جۆریک پەشیمان نیم لەوەی کردوومە. پێم وایە هەموو ئەو شتانەی کە پێیدا تێپەڕیبووم شایەنی ئەوە بوون، زۆر شانازیی پێوە دەکەم. بەڵام نامەوێ جارێکی تر دووبارەی بکەمەوە، (پێدەکەنن) لە ڕادەبەدەر قورسبوو، ئێجگار قورسە. بوو بە نواندنێکی زیندوو و ڕاستگۆیانە، وەک فیلمسازێک، من لە ساتێکدا بووم کە زۆر قورس و دژواربوو.
چۆن لەو ساتانەدا هیوایەک دەدۆزیتەوە؟
هەندێکجار کاتێک باوەڕت لەدەست دەدەیت و لەوە تێدەگەیت کە شتەکان هەرگیز بەو شێوەیە ناڕۆن کە تۆ خەونت پێوە دەبینی، بەڵام بەردەوام هەوڵ دەدەیت، لەناکاو شتێک پێچەوانە دەبێتەوە و هەموو شتێک دووبارە جێی خۆی دەگرێتەوە. لەپڕ ئەوەی کە کاری نەدەکرد بە تەواوی ڕێی خۆی دەگرێتە بەر. ئەو کاتەی ڕۆژێک لە ساتێکی زۆر زۆر دژوار و زۆر ناڕەحەت دایت لەبەر ئەوەی شتەکان نایەن بە دەستەوە و بە دروستی ڕوو نادەن -بەڵام تۆ وازناهێنیت- لەناکاو ڕوو دەدات! ئەوە تا ڕادەیەک شتێکی لە سنوور دەرچووە.
سەرچاوە: https://the-talks.com/interview/alejandro-inarritu/