ئەنتەرنێت وەکو ڕۆمان

نووسین: بۆریس گرۆیس|

وەرگێڕان: محەمەد نورەدین |

 

لەمڕۆدا، زۆر جار ئەدەب وەک پلاتفۆڕمێک دەبینرێت کە ڕێگە بە نووسەر دەدات “دەنگێک بۆ دەربڕین” ببەخشێت بە گرووپێکی کۆمەڵایەتی، کە پێشتر نەبووە. ئەم گرووپه، جگه له کەمینەیەکی نەتەوەیی یان ڕەگەزی، دەکرێ نەوەیەکی نوێ بێت که خۆی بە گەنجتر و جیاوازتر دەبینێت بەوەی لە لایەن ئەدەبی نەریتییەوە نوێنەرایەتی بکرێت. گریمانەکە ئەوەیە کە کاتێک نووسەرێک دەنگێک بۆ دەربڕین، دەبەخشێت بە گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو، پەیوەست دەبێت بەو گرووپەوە. “دەنگی دەربڕاو” دەنگی خودی خۆیەتی، لە هەمان کاتدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە “دەنگی گرووپێکە”. سەرەڕای ئەوە، دەتوانرێ قسە لەسەر ئەم کێشەیە بکرێت و، لە هەمان کاتدا دەنگی تاک لە دەنگی گرووپ جیا بکرێتەوە.

پەیوەندیی ئەم دەنگ- نووسینە نوێیە، لەگەڵ نەریتی ئەدەبی، کێشەی جددیی تری هەیە. لە ڕاستیدا ئەگەر نەریتی ڕۆماننووسی ئەورووپی وەبیر بهێنینەوە،  لە “بالزاک و دۆستۆیڤسکی و جین ئۆستنەوە تا دەگاتە تۆماس مان”، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆماننووسانی ئەم نەریتە خۆیان لە هەبوونی دەنگ بەدوور گرتووە و لەبری ئەوە، فەزای ئەدەبییان بەدی هێناوە کە دەنگەکان تێیدا ببیسترێن. ئەوان وازیان لە دەنگی خۆیان هێنا بۆ ئەوەی “کۆمیدیایەکی مرۆیی” نمایش بکەن کە هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵیان تێیدا هەبێت.

ڕێبەری نووسین وابەستەیی نووسەر نەبوو بە گرووپە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە، بەڵکو بە کەسانی ترەوە. گۆڕینی ئاراستەی وابەستەبوون لە ئەوانی دیکەوە بۆ وابەستەبوون بە “هاوشێوەکان”. بە تایبەتی کاتێک کە بەراوردی دەکەین لەگەڵ گوتارە تیۆرییە هاوچەرخەکان، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەو گوتارانە تیشک دەخەنە سەر کێشەکانی ئەوی تر. کەواتە ئەو نەریتە کۆنەی ڕۆمان بۆ کوێ چووە؟

لە ئەمڕۆدا ئینتەرنێت جێگای ڕۆمانی نووسەرانی وەک بالزاک و دۆستۆیڤسکیی گرتۆتەوە. بۆ تێگەیشتن لە بیروڕا و هەستی ئەوانی دیکە، ڕوو لە ئینتەرنێت دەکەین، بەڵام ئەگەر ئینتەرنێت تاکە ڕۆمانی کلاسیکیی سەردەمی ئێمە بێت، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا ڕۆمانێکی باشە یان خراپ؟ ئایا لە ڕۆمانەکانی بالزاک و دۆستۆیڤسکی باشترە یان نا؟

هەڵبەت جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان ئینتەرنێت و ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکیدا هەیە: ئینتەرنێت ڕۆمانێکە بە بەشداریی بەکارهێنەران و خوێنەرانی دەنووسرێتەوە. خوێنەران بە دابەشکردنی لایک و دیسلایک لە نێوان دەنگە تاکەکەسییەکاندا – یان تەنیا بە کلیککردن لەسەر هەندێک دەنگ ناوبانگیان زیاد دەکات – دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو فەزایەی کە لە ئینتەرنێتدا بەدەستی دەهێنن. ئەو دەنگانەی کە خوێنەران حەزیان لێیانە، فەزایەکی زیاتر بەدەست دەهێنن و ئەو دەنگانەی کە حەزیان لێ نییە فەزایەکی کەمتر. پێدەچێت یارییەکی دادپەروەرانە بێت. لە ڕاستیدا بۆچی هەندێک دەنگی دیار و ناحەز لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکیدا فەزای زیاتریان بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە فەزایەکی کەمتر یان بە تەواوی پشتگوێ خراون؟ ئەم پرسە بە ڕوونی بۆ دەسەڵاتی پاوانخوازی نووسین – بە پێچەوانەی بیروڕای گشتی – دەگەڕێتەوە. دەشکرێت چاوپۆشی لەم ناهاوسەنگییە بکرێت. ئەو کاتەی دۆستۆیڤسکی ڕۆمانەکانی دەنووسین، ئینتەرنێت نەبوو، هەر بۆیەش ئیمکانی بنکۆڵکاریی کاردانەوەی خەڵک بەرانبەر دەنگی تاکەکەسی، ئەستەم بوو.

ئەمڕۆ ئەگەر بمانەوێت دەتوانین بزانین کام دەنگی هونەری یان ئەدەبی، خوازراوترە. بۆ نموونە دەنگێک کە ژنە سپیپێستە خاوەن دوو منداڵەکانی شارۆچکەی ویچیتا، حەزیان لێیە، یان دەنگێک کە پیاوە ڕەشپێستە بێ منداڵەکانی شاری میامی، حەزیان لێی نییە. بەڵێ ئێمە ئەم شتانە دەزانین. بەڵام نازانین ئەم مرۆڤانە ئەو شتەی حەزیان لێیەتی یان حەزیان لێی نییە؛ بۆچی حەزیان لێیەتی یان بۆچی حەزیان لێی نییە؟ پێناچێت هۆکارێکی ڕوونیان هەبێت بۆ سەلیقەی خۆیان، یان لانیکەم کەس داوای هۆکاریان لێ ناکات. بەو شێوەیەی کە هەن، ئەوە هۆکارێکی بەسە.

لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئامادەیی خوێنەرانە بۆ بەکارهێنانی ئەم شێوازە ئاماریانە بۆ خۆیان. ئەوان پێیان وایە هۆکاری گرنگیدان بە هەندێک دەق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ ئەوان نووسراون، یان خەڵک ئەو دەقانەیان پێ خۆشە.

هەر بۆیە شێوازی ئاماری کاریگەریی هەیە و تەنانەت دەتوانێ پێشبینی بکات کە ئایا خەڵک حەزی لە دەنگێکی دیاریکراوە یان نا، بەڵام ناتوانێ هۆکارەکەی ڕوون بکاتەوە. ئەوان حەزیان لە دەنگێکی ئەدەبییە وەک جۆرێکی دیاریکراوی قاوە یان چا، هیچ هۆکارێکش نابینن بۆ ئەوەی سەلیقەی خۆیان ڕوون بکەنەوە. کانت زۆر جوان وتی: سەلیقەی خۆراک، لەگەڵ سەلیقە لە هونەر و ئەدەبدا زۆر جیاوازە. کاتێک خۆراکێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرم، چاوەڕێی ئەوە ناکەم کەسانی تریش هاوبەشی سەلیقەی من بن. لە کاتێکدا لە بواری هونەردا دەمەوێت ئەوانی دیکەش لەگەڵ سەلیقەی مندا هاوڕا بن. لەبەر ئەم هۆکارەیە هەوڵ دەدەم ئەوانی دیکە ڕازی بکەم شوێن حوکمە جوانیناسی و سیاسییەکانم بکەون و، ئەم کارەش لە ڕێگەی گوتار و قسەوە ئەنجام ئەدەم.

هەڵبەت ئێمە زۆر دوورین لە سەردەمی ئەو “کۆمەڵگەی ڕۆشنگەر”ییەی کە کانت باسی کردووە. ئەوە دەزانین لەمڕۆدا نالۆژیکییە مرۆڤەکان ڕازی بکەین کە سەلیقەی خۆیان بگۆڕن. یەکەم: مەحاڵە، دووەم: ڕوون نییە گرنگییەکەی لە چیدایە. بەڵام ئایا ئەو مانایە دەبەخشێ کە ئەمڕۆ تاکە ڕێگە بۆ کاردانەوە بەرانبەر هەر دەنگێکی هونەری یان ئەدەبی ئەوەیە کە حەزت لێی بێت یان نا- پەنجەی گەورە بۆ سەرەوە (لایک) یان بۆ خوارەوە (دیسلایک)؟

ئەم بابەتە دەمانباتەوە بۆ سەردەمی پێش سوکرات، کە جەماوەران گوێیان لە گوتارەکانی سۆفیستە بەناوبانگەکان دەگرت و بە بێدەنگی هاوڕا یان ناکۆک دەبوون لەگەڵیان. شۆڕشێک کە سوکرات بە وردی دەستی پێ کرد و بڕیاری شکاندنی ئەو بێدەنگییەی دا: پرسیارکردن، ئامادەکردنی دژە ئارگیومێنت، هێنانی دەنگی گۆشەگیر بۆ گفتوگۆکردن و هەڵبەت ڕوونکردنەوەی مەبەستی ڕاستەقینەی قسەکەران. ئامانجی شۆڕشەکەی سوکرات دەنگبەخشین نەبوو بەو کەسانەی کە پێشتر بێدەنگ بوون. بەڵکو ئامانجی تێگەیاندنی ئەو دەنگانە بوو کە پێشتر لە فەزای گشتیدا وجوودیان هەبوو. سوکرات وا خۆی نیشان نەدا کە دەنگی هەیە. تەنیا لێپرسینەوەی لە دەنگی کەسانی دیکە دەکرد.

ئاسانە بڵێین دیالۆگی سوکراتی مۆدێلێک بۆ ڕێکخستنی فەزای گشتی دەڕەخسێنێت – شوێنێک کە گفتوگۆ لەسەر هەموو گوتارەکان دەکرێت و هەمووان بەشداریی گفتوگۆکە دەکەن. لانیکەم وەک ئەفلاتوون نیشانی دەدات، سوکرات توانی فەزای وا دروست بکات، چونکە وا خۆی دەرنەخست کە دەنگ و بۆچوون و زانیاریی هەیە. بەڵام کێ دەتوانێ هەڵوێستێکی وا سفر و بێلایەن لە فەزای گشتیدا بگرێتە بەر و ببێت بە ڕێکخەری، بێ ئەوەی ئارەزووی دەستوەردانی لە مشتومڕی گشتیدا هەبێت؟ حکوومەت؟ مەحاڵە، هەڵبەت حکوومەت دەنگێکی تایبەتی هەیە و هۆکاری باشی هەیە بۆ بیستنی ئەم دەنگە. زانکۆ؟ زانکۆ پەیڕەوی نەریتە باوەکانی بیرکردنەوەیە و پێویستە وابێت، چونکە دەبێت خوێندکاران بۆ ژیان لە کۆمەڵگایەکدا ئامادە بکات کە گوایە بە نەریتە باوەکان لەقاڵب دراوە. ئینتەرنێت؟ پێدەچێت بێلایەن بێت، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، چونکە ئەو ئەلگۆریتمانەی کە بەڕێوەی دەبات لایەنگری هەندێک گوتار و دەنگی تایبەت دەکەن و فەزڵی دەدەن بەسەر ئەوانی تردا. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم هەڵبژاردنانە ئاشکران؛ لە حاڵەتەکانی تردا کەمتر ئاشکران، بەڵام هێشتا سەرنجی خوێنەران بۆ هەندێک دەنگ ڕادەکێشن و لە هەندێکی تر دووریان دەخەنەوە. تەنانەت ئەگەر ئینتەرنێت وەک هۆشیاریی بودا بێلایەن بووایە، هێشتا وامان دەزانی کە هەندێک پاڵنەری نهێنیی هەیە.

بەهەرحاڵ سوکرات نەیتوانی بڕوا بە خەڵک بهێنێت کە بێلایەنە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. پرسیارەکانی ئەو بە ڕاستی ستراتیژییەکی دیاریکراویان پەیڕەو دەکرد. دیالۆگەکانی سوکرات سەبارەت بە “کێبڕکێیەکی دادپەروەرانەی بیرۆکەکان” نەبوون، بەڵکو لەبری ئەوە نیشانی دەدا کە پاڵەوانەکانیان بە باشی لە خۆیان و بیرۆکەکانیان نەگەیشتوون. ئەم پاڵەوانانە هەستیان بەوە دەکرد کە لەم دیالۆگانەدا حەقیقەتێکی تایبەتی شاراوە بوونی هەیە و هەوڵیان دەدا دەنگ ببەخشن بەو حەقیقەتە. بەڵام ئەو حەقیقەتە نەیتوانی تەنانەت بڕوا بە خۆیان بهێنێت، چ جای کەسانی دیکە. دیالۆگە سوکراتییەکان هەرگیز بە ڕێککەوتن یان تەنانەت ئەنجامێکی لۆژیکی کاتی کۆتایی نایەت، بەڵکو بە پێشنیاری نانخواردنی ئێوارە یان پشوودان دەبڕدرێن. وا پێدەچێت دیالۆگە سوکراتییەکان هەرگیز کۆتاییان نەیەت و نەگەنە ئەنجام. هەمیشە ئەو بڕوایە دەبەخشن کە ڕەنگە بۆ هەمیشە بەردەوام بن. لە ڕاستیدا کاتێک کەسێک لە وەڵامی “دەنگی” کەسێکی دیکەدا دەڵێت “حەزم لێیەتی” یان “حەزم لێی نییە” پەیوەندییەکە کۆتایی دێت. دوای ئەم کاردانەوەیە ناتوانرێت هیچی زیاتر بگوترێ. ئەوی تریان پێش ئەوەی دەنگی بمرێت، دەمرێت. بەڵام لەبری ئەوە، کاتێک کەسێک دەپرسێت “بە ڕاستی مەبەستت چی بوو؟ ڕوونی دەکەیتەوە؟” گفتوگۆکە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئایا دەرئەنجامی ئەم گفتوگۆیە حەقیقەتێکی باو و قبووڵکراوە؟ بە دەگمەن. هەڵبەت کاریگەرییەکی دیکەی هەیە: دەنگێک دروست دەکات کە تێگەیشتوو و هەروەها خۆشەویستە. ئەمەش مانای ئەوەیە: دەنگەکە لە هەڵگرەکەی جیا دەکرێتەوە. تێگەیشتن لە قسەی کەسێکی تر مانای چییە؟ واتە: دەتوانم بەردەوامیی پێ بدەم. دەتوانم بەم شێوەیە مشتومڕ بکەم. لێرەدایە کە دەنگێکی تری لێ ڕزگار دەبێت. تایبەتمەندیی ئەدەبی کلاسیک لەوەدا بوو کە پەیڕەویی لە سوکرات و فرەدەنگی دەکرد، نەک تەنیا یەک دەنگ، بەڵکە چەن دەنگێکی لەگەڵ یەک نیشان دەدا. ئاماژەدانم بە دۆستۆیڤسکی بە ڕێکەوت نەبوو. ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی نموونەی سەرەکیی میخائیل باختین بوون لە ناساندنی بیرۆکەی ڕۆمانی فرەدەنگی. باختین پێشینەیەکی مارکسیستی هەبوو و پێی وابوو دەنگی تاکەکەسیی پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی “خەیاڵی” نییە، بەڵکو لە واقیعی کۆمەڵایەتیی سەردەمی خۆیانەوە وەرگیراوە و ڕەنگدانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتیی گەلەکەیانن. بەڵام دۆستۆیڤسکی بە پێچەوانەی تۆڵستۆی و بالزاک، حەزی لە وەسفکردنی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییە تایبەتانە نەبوو کە “ئایدۆلۆژیا”ی پاڵەوانەکانی دیاری دەکرد. ئەو لە ڕۆمانەکانیدا فەزایەکی یۆتۆپیایی و شەفاف بۆ گفتوگۆ دروست دەکات کە لە “جیهانی واقیعی”دا مەحاڵە، جیهانێک کە تیایدا دابونەریتی ناڕوون و “نەگوتراوە” کۆمەڵایەتییەکان بەشداربووانی ئەو جۆرە باسانە گۆشەگیر و بێدەنگ دەکات. ئەم دۆخە یۆتۆپیایی و فرەدەنگییە وا لە ئێمەی خوێنەر دەکات لەگەڵ پاڵەوانەکانی دۆستۆیڤسکی خۆمان یەک بخەین و لەبری ئەوەی تەنیا ئەم یان ئەو، یان حەز لەو تاکە دەنگە بکەین، دەتوانین خۆمان لەم فەزای یۆتۆپیایی پەیوەندی و مشتومڕەدا ببینینەوە. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی ئەرکێکی هاوشێوەی دیالۆگەکانی سوکراتیان هەیە.

فەزای ئەدەبی ڕێگە بە پەیوەندیی ڕوون دەدات کە فەزای کۆمەڵایەتی “واقیعی” ڕێگری دەکات.  وەک پێشتر وتم، هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی ناتوانێت ئەوەندە “بێلایەن” بێت کە فەزای پەیوەندیی ڕوون و “فرەدەنگ” ڕێک بخات کە تێیدا هەر دەنگێکی تاکەکەسی دەرفەتی چوونە ناو دیالۆگی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا هەبێت. بێگومان ساویلکەییە ئەگەر بڵێین نووسەر دەتوانێت دەنگی خۆی بۆ سفر کەم بکاتەوە و بەم شێوەیەش بوار بۆ ڕەوتی گفتوگۆیەکی تەواو ئازاد بکاتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ پێویستییەکی وا نییە. فەزای ئەدەبی ڕۆمانەکە، بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون بنیات نراوە. لە ڕۆمانەکەدا هیچ لایەنگرییەکی ئاشکرا یان شاراوە بەرانبەر سەرکەوتنی ئەم یان ئەو پاڵەوانە تایبەتە بوونی نییە، یان ئەلگۆریتمێک کە ڕێنوێنیی سەرنجی خوێنەر بکات. هەر خوێنەرێک تێدەگات کە دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی، یان بالزاک دەیانەوێت چی بڵێن، وە هەر خوێنەرێکیش دەتوانێت حەزی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەنگی ئەوانی دیکەش دەرببڕێت، لەبەر ئەم هۆکارە هەموو خوێنەرێک – لانیکەم لە خەیاڵی خۆیاندا – دەتوانن بچنە ناو ئەم فەزای یۆتۆپیاوە و دژایەتی هەندێک دەنگ بکەن و یان هەندێ دەنگی تر سەرنجیان ڕابکێشی و ڕازیان بکات.

ئەوە نەبوونی ئیمکانی چوونە ناو فەزای ڕۆمانە کە لەمڕۆدا ئەدەبیاتی لەسەر بنەمای  “یەک نووسەر، یەک دەنگ” هێندە یەکدەنگ و بێزارکەر کردووە.

Share this article