کاتێک کیاڕۆستەمی بەدزییەوە لە دەرگای دواوەی فڕۆکەخانەکە دەچێتە دەرەوە

نووسین: سەرکەوت جەبار

 

ساڵی ٢٠١٢ ئەو کاتەی لە پێرسۆنا کارم دەکرد، سەیری ” تامی گێلاس”م کرد، ئەوکات کە کیاڕۆستەمیم نەدەناسی، تێگەیشتن لە فیلمەکە سەخت و دژوار بوو. ئەگەرچی لە سەرەتاوە لەبەرئەوەی ئاشنای سینەما و بیرکردنەوەی نەبووم، کەمێک گەمژانە دەردەکەوت، بەڵام دواتر فیلمەکانیم بینی و عاشقی سینەمای کیاڕۆستەمی بووم. دواتریش بۆ چەند جارێک سەیری “تامی گێلاس”م کردەوە، جار لە دوای جار دەمتوانی زیاتر لە بیرکردنەوەکانی تێبگەم. ئەوەی خوێنەر لەم نووسینەدا دەیخوێنێتەوە بەرهەمی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی منە بۆ سینەمای کیاڕۆستەمی، ئەگەرچی شیکردنەوەکانی “جۆناسان ڕۆزنباوم و جێف ئەندرو” و ڕەخنەگرانی دیکەش یارمەتییان داوم بۆ تێگەیشتن لە سینەمای کیاڕۆستەمی. دەبێت لە سەرەتاوە ئەوەش بڵێم تێگەیشتنی من بۆ سینەمای کیاڕۆستەمی ڕاست بێت یان هەڵە، کەشفێکی نوێی تێدا بێت یان نا، ئەوە هیچ گرنگییەکی بۆ من نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەتوانم لەڕێگەی ئەم نووسینەوە زیاتر لەم دەرهێنەرە نزیک ببمەوە و لێشییەوە فێر ببم و تێی بگەم. ئەگەرچی ئەو وەک دەرهێنەرێک بۆ ئێمە ئاشنایە، بەڵام لە چاوپێکەوتن و موحازەرەکانیدا زیاتر لە تیۆریناسێک دەچێت و دەیەوێت فێرمان بکات سینەما چییە و ئێمەش هەمیشە دەتوانین لە فیلمەکانییەوە و پاشانیش لە موحازەرەکانییەوە فێر ببین. کاتێک چاوپێکەوتنێکی دەبینیم، یان دەخوێنمەوە، هەمیشە دەتوانم شتی تازەی لێوە فێر ببم، لەوە دەچێت کاتێک کە دەکەویتە ژێر کاریگەریی کیاڕۆستەمییەوە، ئیدی هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەت نەبێت، کاتێک موحازەرەکانی کیاڕۆستەمی دەخوێنیتەوە، هەست بە قووڵی دەرهێنەرێک دەکەیت، کە بەردەوام دەیەوێت ئەزموونی شتێکی نوێ بکات، ئەو هەرگیز فیلمەکانی لە کتێبەکان، یان ڕۆمان و چیرۆکەکانەوە دروست ناکات، بەڵكو ئەو چاوی بڕیوەتە ژیان و چواردەوری بۆ ئەوەی بونیادی فیلمەکانی لەسەر دابمەزرێنێت، ئەمەش زیاتر لە هەر شتێکی دیکە سەرنجم بە لای سینەماکەی ئەودا ڕادەکێشێت. هەمیشەش لە خۆم دەپرسم، پیاوێک بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە چۆن گەیشتە ئەو بڕوایەی کە سینەما لە ڕێڕەوەکەی خۆی لا بدات؟ دەرهێنەرێک چۆن دەتوانێت کاریگەریی دەرهێنەرەکانی دیکە لەسەر خۆی لا ببات؟ یاخود چۆن دەتوانێت چاوی لەسەر ئەو هەموو ڕۆمان و چیرۆکە شاکارانە نەبێت، کە بە درێژایی چەندان سەدە دەربارەی مرۆڤ و ئازارەکانی مرۆڤ نووسران؟ ئەگەرچی ئەو بە ئاشکرا کاریگەریی هیچ دەرهێنەرێکی دیکەی بەسەرەوە نییە، یان فیلمەکانی ناچنەوە سەر فیلمێک، یان ڕەوتێک، بەڵام ئەو بەرهەمی مێژووی سینەمایە، لەبەرئەوەی کاتێک دەستی کرد بە دروستکردنی فیلم، چەندان دەرهێنەری گەورە هاتبوون و چەندانی دیکەش مردبوون، ئەمە جگە لەوەی چەند دەرهێنەرێکی گەورەی دیکەش هاوسەردەمی ئەو بوون و فیلمیان دروست دەکرد.

سینەمای کیاڕۆستەمی سینەمایەکی ناتەواوە، بەو مانایەی دەکرێت لە ڕووی سیناریۆ و دەرهێنانەوە کۆمەڵێک کەلێن و کەموکورتی بدۆزینەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە کەموکورتی کیاڕۆستەمییەوە بێت، یاخود کیاڕۆستەمی شارەزای تەواوی سینەما، یان دروستکردنی فیلم نەبێت، بەڵکو ئەمە زیاتر لە بیرکرنەوەی ئەوەوە دێت بۆ سینەما. فیلمەکانی کیاڕۆستەمی پێناسەیەکن، یان تیۆریگەلێکن دەربارەی سینەما، بینەر یان ڕەخنەگر دەتوانن لەڕێگەی فیلمەکانییەوە پێناسەی ئەو بۆ سینەما بدۆزنەوە. ئەگەر ئێمە هیچ چاوپێکەوتنێک، یان هیچ قسەیەکی دەربارەی سینەما نەبیستین، ئەوا دەتوانین لەڕێگەی فیلمەکانییەوە پێناسەی ئەو بۆ سینەما بدۆزینەوە، بۆ نموونە دەتوانین فیلمی “شیرین” وەک تیۆریگەلێک دەربارەی سینەما ببینین، ئەگەرچی فیلمەکان ناتوانن ببنە تیۆریگەلێک دەربارەی سینەما. ئەمە جگە لەوکاتەی کە دەرهێنەرێک لەڕێگەی فیلمەکەیەوە قسەگەلێک دەربارەی فیلمەکەی بکات، یان ڕوونکردنەوەکانی بۆ فیلمێک ببێتە پێناسە و تیۆریای ئەو بۆ سینەما، بەڵام فیلمی “شیرین” دەتوانێت تیۆرییەک بێت دەربارەی پەیوەندیی بینەر و فیلم، هەروەها پەیوەندیی دەرهێنەرەکەش بە هەردووکییانەوە.

کیاڕۆستەمی هەر لە سەرەتاوە بە فیلمی “نان و کۆڵان” دەیەوێت ئەزموون بکات، لەبەرئەوەی سینەما پیشەی سەرەکی و خەونی ئەو نەبوو، دەیویست فیلم لەدوای فیلم ئەزموونی نوێ تاقی بکاتەوە، بەڵام دواتر کاتێک خەونەکەی لە وێنەکێشانەوە دەگۆڕێت بە سینەما، بیرکردنەوەیەکی دیکەی دەبێت بۆ سینەما، ئەو سینەمای لە ڕێڕەوەکەی خۆی لادا ئەوکاتەی دەستی کرد بە دروستکردنی فیلمە درێژەکانی، ئەم بیرکردنەوەیەشی تاوەکو کۆتا فیلمی “٢٤ فرەیم” پەرە پێدا. کیاڕۆستەمی لە سەردەمێکدا دەستی بە دروستکردنی فیلم کرد، سەردەمێک بوو کە “ئۆرسن وێڵز” بە سەردەمی مردنی سینەمای ناو دەنا، دەرهێنەرە گەورەکان، ئەوانەی مێژووی سینەمایان دروستکرد، بەشێکی زۆریان مردبوون، سینەما پێویستی بە بیرکردنەوەی تازە هەبوو، دەبوو کەسێک پێناسەی سینەما بکاتەوە، بە بڕوای من، کیاڕۆستەمی یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی سینەمای لە مەرگ و دووبارەبوونەوە ڕزگار کرد، ئەگەرچی نزیکایەتییەکی زۆر لەنێوان کیاڕۆستەمی و دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی و بە تایبەت “ژان لوک گۆدار” دەبینرێت، بەڵام کیاڕۆستەمی بە بەردەوامبوون لەسەر بیرکردنەوەکەی، ستایلێکی جیاوازیی دروست کرد، ستایلێکی دەگمەن، بیرکردنەوەی نوێ بۆ دەرهێنان و نووسینی سیناریۆ، کارکردن لەگەڵ ئەکتەر و زۆر شتی دیکەش. کەواتە دەتوانین “بەلاڕێدابردنی سینەما” وەک ستایلی کیاڕۆستەمی بۆ سینەما پێناسە بکەین. بەلاڕێدابردن بەو مانایەی ئەو ڕەوتەی، ئەو بیرکردنەوەیەی کە پێشتر هەبوو بۆ سینەما، کیاڕۆستەمی بەلاڕێیدا برد، تەنیا بۆ ئەوەی هەم جێدەستی خۆی لە مێژووی سینەمادا جێ بهێڵێ، هەمیش وەک دەرهێنەرێک خۆی بە بینەرەکانی بناسێنێت، ئەو بەلاڕێدابردنە مۆرک و شووناسی کیاڕۆستەمییە لە مێژووی سینەمادا، دەتوانین بە تێگەیشتن یان شیکردنەوەی ئەو بەلاڕێدابردنە زیاتر لە سینەمای کیاڕۆستەمی تێبگەین و بتوانین فیلمەکانی، سایکۆلۆژیای کارەکتەرەکانی، نادیاری سیناریۆکانی شی بکەینەوە.

نادیاری، یاخود ناتەواوی بەشێکی دیکەیە لە ستایلی بیرکردنەوەی کیاڕۆستەمی بۆ سینەما. ئەو دەرهێنەرێک نییە لە فیلمەکانیدا شی بکاتەوە. گرتەیەک گرتەیەکی دیکە شی ناکاتەوە، کەواتە بەشێک لە چیرۆکی فیلمەکانی هەمیشە ناتەواوە، یاخود نادیارە. ئەگەر بە چاوێکی کلاسیکییانەوە بڕوانینە سینەمای کیاڕۆستەمی، ئەوە تێدەگەین کە شتێک لە فیلمەکانی ئەودا نادیارە، یاخود شتێک کەموکورتە، لە سەرەتاوە ئەوە وەک کەموکورتی بۆ کیاڕۆستەمی دەردەکەوێت، ئەگەر هاتوو ئێمە شارەزای بیرکردنەوەی کیاڕۆستەمی نەبین بۆ سینەما، بەڵام کاتێک شارەزای سینەمای ئەو دەبین، ئەو کەموکورتییە، یان ئەو نادیارییە دەبێتە “ئیمزای کیاڕۆستەمی” هەروەک چۆن لە پێشوودا بەهۆی پێرفێکتی فیلمەکانییەوە “ئیمزای هیچکۆکی” هەبوو. بینینی فیلمەکانی کیاڕۆستەمی لە گفتوگۆیەک دەچێت لەنێوان بینەر و فیلمەکەدا، بینەر پرسیار دەکات، دیسانەوە پرسیار دەکاتەوە، بۆ ئەوەی وەڵامێک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە کە وەک کەموکورتی یان نادیاری دەردەکەوێت، بینەر پرسیار دەکات دەربارەی: ترسی منداڵەکە لە سەگەکە، خۆکوشتنی بەدیعی، بەدواداگەڕانی باوک و کوڕی “ژیان و ئیدی هیچ”، بردنەوەی دەفتەری هاوڕێکەی فیلمی “ماڵی دۆست لە کوێیە؟” دەستبڕینی سەبزییان لە فیلمی “کلۆسئەپ” و چەندان نموونەی تر. ئەم فیلمانەی کیاڕۆستەمی شتێک لە چیرۆکەکانیدا نادیارە، یان ناتەواوە، بە مانایەکی دیکە، کیاڕۆستەمی چەندێک پیشان دەدات، هێندەش دەشارێتەوە، بۆ ئەوەی بینەرەکانی بەدوای ئەوەدا بگەڕێن کە نادیارە، لەو ڕێگەیەوە کیاڕۆستەمی بینەرەکانی فێری بیرکردنەوە دەکات، بۆ ئەو سینەما شوێنێک نییە لەو تاریکییەدا دابنیشیت و پاش کۆتاییهاتنی فیلمەکە بینەر بە ئاسوودەییەوە بڕواتە دەرەوە، سینەما بۆ کیاڕۆستەمی شوێنێکە بۆ ئەوەی تێیدا بیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانەی لە چواردەورمان هەن و ڕوو دەدەن، جارێکی دیکەش بیانبینینەوە.

کیاڕۆستەمی لەو دەرهێنەرانەیە بینەرەکانی بە پرسیارکردن ژەهراوی دەکات، بەڵام ئەم ژەهراویکردنە بینەرەکە ناکوژێت، بەڵکو چاوی دەکاتەوە بۆ بینینی ئەوەی کە لە دەوروبەریدا دەگوزەرێت. ئەوە ستایلی کیاڕۆستەمی بوو کە درزێک، یان کەلێنێکی دەخستە فیلمەکەیەوە بۆ ئەوەی بینەرەکانی بخاتە ناو فیلمەکەوە، هەڵبەت ئەمەش بە ستایل و بیرکردنەوەی خۆی، نەک بەو ستایلە میلۆدرامییەی کە دەبوو بینەر تێکەڵ بە فیلمەکە بکرێت، بۆ ئەوەی هاوسۆزیی خۆی بۆ کارەکتەرەکە دەرببڕێت. ئێمە لە سینەمای کیاڕۆستەمییەوە نەبووین بە بینەرێکی عاتفی، بەڵکو فێری ئەوە بووین، بیر لەو چیرۆکە بکەینەوە کە لەبەردەمماندایە و دەیبینین. بلیمەتی کیاڕۆستەمی لەوێدایە کاتێک بینەر دەخاتە ناو فیلمەکەی، دواتر بینەرێکی عاتفی لێ دەرناچێت، هێندەی ئەوەی بینەرێک دروست دەکات کە بیر بکاتەوە. من کاتێک “تامی گێلاس” و “کڵۆسئەپ” دەبینم، هەرگیز هاوسۆزیی خۆم بۆ کارەکتەرەکانی دەرنابڕم، بەڵكو بیر لەوە دەکەمەوە، بۆچی “بەدیعی” دەیەوێت خۆی بکوژێت، ئەمە لەکاتێکدا کیاڕۆستەمی ڕێگەی ئەوە نادات کە “بەدیعی” هۆکاری خۆکوشتنی بۆ ئەو کەسانەش باس بکات کە “بەدیعی” دەیەوێت ئەوان خۆڵ بکەن بەسەریدا، یاخود کاتێک دەبینم کە “سەبزییان” دەیەوێت ببێت بە “مەخمەڵباف” و لەبری ئەوەش دەیەوێت قۆڵی خێزانێک ببڕێت، هەرگیز هیچ هەست و سۆزێکم ناجووڵێت بۆ “سەبزییان”. ئەمە پەیوەندیی بە منەوە نییە وەک بینەرێک، بەڵکو پەیوەستە بە “کیاڕۆستەمی”یەوە کە ناهێڵێت من هەستوسۆزم بجووڵێت، لەبەرئەوەی کیاڕۆستەمی پێشتر منی بە پرسیار ژەهراوی کردووە، کەواتە نامپەرژێتە سەر ئەوەی دابنیشم و هەستوسۆزم بۆ کارەکتەرەکانی دەرببڕم، لەبەرئەوەی هێندەی دەمەوێت شیکاری ئەو بارودۆخە بکەم کە سەبزییانی تێدایە، هێندە ناتوانم بیر لە شتێکی دیکە بکەمەوە. کاتێک کیاڕۆستەمی لەڕێگەی درزێکەوە کە لە فیلمەکەیدا و بە مەبەست ئەو درزەی دروست کردووە بۆ ئەوەی بینەر لێیەوە بچێتە ناو فیلمەکەوە، هێندەی پرسیارت لێ دەکات، هێندە هەست و سۆزت نابزوێنێت، هەر ئەمەش وا دەکات کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سینەمای “هیچکۆک” و “کیاڕۆستەمی” دا هەبێت. سینەمای هیچکۆک لە شووشەیەکی ڕوون دەچێت، کە هیچ درزێکی تێدا نییە، ئەمە لە کاتێکدا سینەمای کیاڕۆستەمی ڕێک پێچەوانەی ئەمەیە، بەراوردکردنی سینەمای ئەو دوو دەرهێنەرە لەوەوە دێت بۆ ئەوەی جیاوازیی کیاڕۆستەمی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ڕوون بکەمەوە. لەو ڕێگەیەشەوە گەورەیی یاخود ستایلی کیاڕۆستەمیمان بۆ دەردەکەوێت. لەوانەیە خوێنەر بپرسێت بۆچی سینەمای هیچکۆک لە شووشەیەک دەچێت کە هیچ درزێکی تێدا نەبێت؟ بەڵام بۆچی دەبێت ئەوەی کیاڕۆستەمی درزێکی گەورەی تێدابێت؟ ئەم درزە پەیوەستە بە بیرکردنەوەی کیاڕۆستەمی بۆ سینەما، ئەو وەک هیچکۆک نەبوو کە بڕوای بە “سیناریۆی پۆڵاین” یاخود “دیکۆپاژ” ی ئاسنین هەبێت، بەڵکو ئەو دەرهێنەرێک بوو هیچکات سیناریۆیەکی تەواوی نەبوو. کیاڕۆستەمی پێش ئەوەی وێنەی دیمەنێک بگرێت، پێشتر هەندێک دیالۆگی بۆ دیمەنەکە دەنووسی، بەڵام زۆرینەی جاریش سوودی لەم دیالۆگانە نەدەبینی، بەڵكو لەکاتی خۆئامادەکردندا بۆ شتێکی دیکە دەگۆڕا، چونکە کیاڕۆستەمی پێی وابوو کە ناتوانێت دەربارەی شتێک کە پێشوەختە بڕیاری لێی داوە وێنەی بگرێت، ئەم ستایلەش لە فیلمەکانی “سێینەی کۆکەر و کڵۆسئەپ و دە” دا دەبینرێت، بەڵام ئەمە بۆ هیچکۆک پێچەوانە بوو، ئەو هەموو شتێکی پێرفێکت دەکرد، پاشان دەستی بە وێنەگرتن دەکرد، زۆرجاریش لەکاتی وێنەگرتندا خەوی لێ دەکەوت، لەبەرئەوەی ئەو دیکۆپاژی ئاسنینی هەبوو، بۆیە لەکاتی وێنەگرتندا لەسەر کورسییەک دادەنیشت و جارجارێک هەندێک شت کە بەدڵی ئەو نەبووایە چاکی دەکرد، لەبەرئەوەی ئەو فیلمەکەی لەکاتی دروستکردنی دیکۆپاژدا تەواوکردبوو، بەڵام کیاڕۆستەمی ئەمەی نەدەویست و بڕوای پێی نەبوو، ئەو شەیدای ئەو شتانە بوو کە لەناکاو و بەبێ هیچ بیرلێکردنەوەیەک و خۆئامادەکردنێک وێنەی دەگرت.

کەواتە کیاڕۆستەمی دەرهێنەرێک بوو توانی سینەما لە ڕێڕەوەکەی خۆی لا بدات، ئەمەش جێ پەنجەی ئەوە بەسەر مێژووی سینەماوە، بەڵام ئەم لەڕێلادانە نەبووە هۆی کوشتنی سینەما، بەڵکو بیرکردنەوەیەکی دیکە، یان داهێنانێکی دیکەی بۆ سینەما زیاد کرد، چەند فیلمێکیشی بۆ مێژووی سینەما زیاد کرد، کە تاوەکو ئێستاش دەتوانین ئەو فیلمانە ببینینەوە بەبێ ئەوەی هەست بکەین کە سەردەمی ئەو فیلمانە بەسەرچوون، چونکە فیلمەکان دەربارەی ژیان دروستکراون، بۆیە هەمیشە دەتوانین لە بارودۆخی جیاوازدا بگەڕێینەوە بۆ ئەو فیلمانە و جارێکی دیکەش بە پرسیار ژەهراویمان بکەنەوە. ئاخۆ دەتوانین ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کیاڕۆستەمی لەژێر کاریگەریی چ دەرهێنەرێکی دیکەدا ئەم بەلاڕێدابردنی سینەمای دروست کرد؟ ئێـمە لە گفتوگۆکانی کیاڕۆستەمییەوە، یاخود لە موحازەرەکانیدا تەنیا دەتوانین کاریگەریی دوو دەرهێنەر بدۆزینەوە کە کیاڕۆستەمی خۆی باسی دەکات، ئەوانیش”یاسوجیرو ئوزو” و “باستەر کیتن”ە. کیاڕۆستەمی تەنیا ناوی ئەو دوو دەرهێنەرە دەهێنێت کاتێک باسی ئەوە دەکات کە کاریگەریی کێی لەسەر هەبووە، بەڵام ئەم کاریگەرییە کەمترین دەرکەوتنی لەناو فیلمەکانیدا هەیە، لەوانەیە بتوانین ستایلی مینیماڵیستی یاسوجیرو ئوزو لەناو فیلمەکانیدا بدۆزینەوە، بەڵام ئەمەش هێندە کەمە، کە ناتوانین وەک کاریگەرییەکی گەورە بیبینین، یانیش دەتوانین لەڕووی ڕووخساری کارەکتەرەکانییەوە کاریگەریی باستەر کیتن لەسەر کیاڕۆستەمی ببینین بەوەی کە کارەکتەرەکانی کیاڕۆستەمی ڕووخسارێکی وشک و ڕەق و بێهەستیان هەیە، وەک ئەوانەی باستەر کیتن، بەڵام ئەمەش لای کیاڕۆستەمی بە تێپەڕینی زەمەن نامێنێت، چونکە لە هەندێک شوێندا ڕێگە بە کارەکتەرەکانی دەدات کە هەستی خۆیان بۆ بینەر دەرببڕن، ئەمە لە کاتێکدا کە هیچکات باستەر کیتن لە فیلمەکانیدا پێناکەنێت، یاخود ناگری. سادەیی چیرۆکی فیلمەکانی کیاڕۆستەمی “هەڵبەت ئەگەر چیرۆکی هەبێت، بەپێی تێڕوانینی کلاسیکیانە بۆ چیرۆکی فیلم” بەشێکە لە ستایڵی ئیشکردنی ئەو، لە “نان و کۆڵان”، “سێینەی کۆکەر”، “تامی گێلاس”، “کڵۆسئەپ”، “دە” و فیلمەکانی دیکەشی سادەییەکی زۆر بە چیرۆکی فیلمەکانییەوە دەبینرێت، بەڵام هەمیشەش لە کۆتاییدا ئەم چیرۆکانە دەئاڵۆسکێن. لە بەشێکی زۆری فیلمەکانیدا هێواش هێواش ئەم چیرۆکانە دەئاڵۆسکێنێت و بینەر تووشی نامۆبوون دەکات، هەڵبەت ئەو نامۆکردنی بینەرە داهێنانی کیاڕۆستەمی نییە، بەڵکو سەرەتای ئەو تیۆرییە دەگەڕێتەوە بۆ “برێخت” کە هێنایە ناو شانۆوە، بەڵام بیرکردنەوە سەرەتاییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ “سێرڤانتس” بەتایبەت لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەیدا “دۆنکیشۆت” دوای ئەویش نووسەرانی وەک “تۆڵستۆی” و “دیستۆڤسکی” ئەو نامۆکردنەیان بەکارهێناوە، بەڵام “برێخت” یەکەمین کەس بوو کردی بە تیۆرییەک بۆ ئەوەی بینەر لە شانۆکەی داببڕێت. دواتر دەرهێنەرانی وەک “باستەر کیتن، ئەلفرێد هیچکۆک، فرانسوا ترۆفۆ و ژان لوک گۆدار” ئەو نامۆکردنەیان هێنایە ناو سینەماوە، دواتریش کیاڕۆستەمی بەشێوەیەکی دیکە ئەو نامۆکردنەی بەکارهێنایەوە، ئەو لەلایەکەوە بینەری لە فیلمەکە دادەبڕی و لەلایەکی دیکەشەوە بینەری دەخستەوە ناو فیلمەکەی، ئەویش لەڕێگەی شاردنەوەی بەشێک، یان شتێک لە چیرۆکەکە. ئەو نامۆکردنەی گۆدار بەکاری دەهێنا جۆرێک بوو لە دژایەتیکردنی سیستەمی دروستکردنی فیلم لە هۆڵیود، بەڵام ئەوەی کیاڕۆستەمی بەو ئامانجە بوو کە ڕێگە بۆ بینەر خۆش بکات بۆ ئەوەی بیر لە فیلمەکە، یان چارەنووسی کارەکتەری فیلمەکە بکاتەوە. ئەم بینەر نامۆکردنەی کیاڕۆستەمی تەنانەت دەتوانین لە هایکۆکانیشیدا بدۆزینەوە، کەواتە بیرکردنەوەی کیاڕۆستەمی بۆ سینەما بەم شێوەیەی لێ دێت: بینەرەکانت نامۆ بکە، بۆ ئەوەی بیر لە فیلمەکەت بکەنەوە.

تامی گێلاس، پیاسەکردن لەگەڵ مەرگ

لە تامی گێلاسدا کیاڕۆستەمی لەسەرەتاوە بینەرەکانی تاقی دەکاتەوە، ئەو کاتەی بەدیعی دەردەکەوێت و بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئاگای لە خۆکوشتنەکەی بێت، ئێمە لەسەرەتاوە وا تێدەگەین کە بەدیعی هاوڕەگەزبازە و دەیەوێت هاوبەشێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، دواتریش کاتێک دیمەنی چەند منداڵێکمان پیشان دەدات و بەدیعی سەیریان دەکات و دەیەوێت لێیان نزیک ببێتەوە، وا هەست دەکەین کە منداڵبازە، بەڵام دواتر و بە تێپەڕینی کات لە مەسەلەکە تێدەگەین کە لەلایەن دەرهێنەرێکەوە هەڵخەڵەتێنراوین، دەرهێنەرێک کە شێتی کاردانەوەی بینەرەکانی بوو. بەدیعی دەیەوێت خۆی بکوژێت و کەسێکیشی پێویستە بۆ ئەوەی بینێژێت. ئەوکاتەی ئێـمە ئەوە تێدەگەین، ئیدی فیلمەکە ئاڵۆزتر و ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە لەلایەکەوە کیاڕۆستەمی بە پرسیار ژەهراوی کردووین و لەلایەکی دیکەشەوە شتێک کە دەبێت پرسیاری لێ بکەین ناتەواوە، لەبەرئەوەی بەدیعی هیچ شتێک دەربارەی کێشەکەی نادرکێنێت، نە بۆ بینەر و نە بۆ ئەوانەی کە داوای یارمەتییان لێ دەکات. کیاڕۆستەمی لە تامی گێلاسدا وەک ئەوەیە پیاسە لەگەڵ مەرگدا بکات، گفتوگۆی لەگەڵدا بکات و لە ترسناکی مەرگ تێبگات و لەو ڕێگەیەشەوە بۆ ژیان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو هونەری بۆ ئەوە دەویست کە بتوانێت بژی، نەک بەو مانایەی لەڕێگەی فیلمەکانییەوە داهاتێک بۆ ژیان پەیدا بکات، بەڵکو لەو ڕێگەیەوە کە دەبێت ژیان بۆ کیاڕۆستەمی تەحەمولنەکراو بووبێت کاتێک هاتە ناو سینەماوە، ئەو ئامادەبوو هەموو شتێکی بدات بۆ ئەوەی بژی، ئەگەر هاتوو لەنێوان ژیان و فیلمەکانیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت. لە سینەمای کلاسیکدا کاتێک کارەکتەرێک دەیەوێت خۆی بکوژێت، یاخود کاتێک ‌غەمگینە هۆکاری ئەوە ئاشکرا دەکرێت، لەڕێگەی مۆنۆلۆگی کارەکتەرەکەوە یاخود لەڕێگەی نەرەیتۆرەوە یانیش لەڕێگەی گفتوگۆی کارەکتەرەکەوە لەگەڵ کەسێکی دیکە، بەڵام کیاڕۆستەمی هەنگاوێکی دیکە دەنێت، ئەوکاتەی لەگەڵ مەرگ پیاسە دەکات، شتێکیش دەشارێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو شاردنەوەیە ڕێگە بە بینەر دەدات تاوەکو بیر بکاتەوە کە ئەو لە سینەمادا دانیشتووە، ئەمەش ڕێگەی ئەوەی پێ دەدات لەبری ئەوەی بینەر هاوسۆزیی خۆی بۆ کارەکتەرەکە دەرببڕێت، دادەنیشێت و لەگەڵ ئەو بیر دەکاتەوە، زۆرجاریش بینەر دەبێتە یەکێک لەو سەرنشینانەی لەگەڵ بەدیعی دەربارەی خۆکوشتن دەدوێن، بەڵام بەدیعی هیچ کات گوێی لە بۆچوونی بینەرەکانی نابێت، بەمەش خۆکوشتن دەبێتە پرسێک، یان پرسیارێک بۆ بینەر و فیلمەکەش لە فیلمێکی شەخسییەوە دەگۆڕێت بۆ فیلمێک کە بینەر دەتوانێت ڕۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت.

تامی گێلاس دەربارەی خۆکوشتنە، بەڵام بەبێ هیچ خۆکوشتنێک، ئەوکاتەی بەدیعی هیچ هۆکارێکمان پێناڵێت بۆ خۆکوشتنی، ئەوکات تێدەگەین کە هیچ خۆکوشتنێک ڕوو نادات، بەڵام فیلمەکەش سەرانسەر قسەکردن و گفتوگۆیە دەربارەی خۆکوشتن. فیلمەکە دوور لە فەزای شار وێنەگیراوە و لە چەند ڕێگایەکی پێچاوپێچ و شاعیرانەدا، بەدیعی بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کاتێک خۆی دەکوژێت، کەسێکیش هەبێت بینێژێت، لەبەرئەوەی وا دەردەکەوێت بەبێ ئەو ناشتنە بەدیعی هیچ شتێکی نەکردووە، کاتێک لە چاڵێکدا پاڵدەکەوێت بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک هەبێت دایپۆشێت. مردن بەبێ ناشتن بۆ بەدیعی مردن نییە، ئەو دەیەوێت ئەوانی دیکە شاهیدی خۆکوشتنی ئەو بن، لەبەرئەوەی دەشێت هیچ کەسێک شاهیدی بوونی ئەو نەبێت، کەواتە پێدەجێت بەدیعی وا بیر بکاتەوە بۆ ئەوەی بوونی هەبێت، دەبێت کەسێک هەبێت بینێژێت، ئەوکات بە مردوویی، بوونی خۆی دەسەلمێنێت. لەوانەیە بۆ بەدیعی مەرگ گرنگتر بێت لە ژیان، هەر لەبەرئەوەش بێت هێندەی عەوداڵی کەسێکە بۆ شاهیدیدانی مەرگی، هێندە عەوداڵی کەسێک نەبێت بۆ شاهیدیدانی بوونی. لەبەرئەوەی بەدیعی زۆربەی کات بێدەنگە، ناچارین ئێمە شیکردنەوە بۆ هۆکاری خۆکوشتنەکەی بکەین. ئەم شیکردنەوانە هەڵە بن یان ڕاست، ئەوە شتێک بوو کیاڕۆستەمی شێتی بوو، بریا ئەو لە ژیاندا بووایە و ئەم شیکردنەوانەی منیشی بخوێندایەتەوە. ئەو کەسانەی بەدیعی دەیانبینێت و داوایان لێ دەکات کەسانێکن بۆ ئەو کارە نابن کە بەدیعی دەیەوێت “گەنجێکی ترسنۆک، گەنجێکی ئاینی، پیاوێکی پیر، هەندێك منداڵ” لە سەرەتاوە تاوەکو پیاوە پیرەکە دەبینێت و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات سوورە لەسەر ئەوەی خۆی بکوژێت “ئەگەرچی ئەمە جێی دڵنیایی نییە” بەڵام دواتر بە جۆرێک دەترسێت، پیاوە پیرەکە بەدیعی دەترسێنێت، ئەو ترسەی لە مەرگدا هەیە پێدەچێت بەدیعی فەرامۆشی کردبێت، ترسی ئەوەی کە ئیدی بۆ هەمیشە لێرە نابیت، نە گەنجە کوردەکە و نە گەنجە ئاینییەکە ئەو ترسەی لە مەرگدا هەیە بۆ بەدیعی ئاشکرا ناکەن، بەڵکو ئەوە پیاوە پیرەکەیە ئەو ترسەی کە بەدیعی فەرامۆشی کردووە، دیسانەوە تێیدا دەچێنێتەوە، لەبەرئەوەی ئەویش پێشتر جارێک هەمان ویستی بۆ خۆکوشتن هەبووە، بەڵام ئێستا کە بەرەو مەرگ دەڕوات، چەندێک بیر لە مەرگ ئەکاتەوە هێندەش بیر لە ژیان دەکاتەوە، ئەوکاتەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی گەنجی خۆی، ئەوکاتەیە ترسی پیاوە پیرەکە لە مەرگ بۆ ئێمە ئاشکرا دەبێت، بەبێ ئەوەی بە دیالۆگێکیش دەربارەی ئەو ترسە بدوێ. ئەوە بلیمەتی کیاڕۆستەمییە کە دەتوانێت بیشارێتەوە، تاوەکو بینەرەکانی ئەو شتانە ئاشکرا بکەن. سینەمای ئەو، سینەمای شاردنەوەیە، سینەمای ناتەواوی و نادیاری شتێک کە دەرهێنەرەکانی دیکە شەرمییان لە شاردنەوەی دەکرد، لەبەرئەوەی بۆ ئەوان فیلمێکی باش ئەبوو پێرفێکت بێت، بەڵام بۆ کیاڕۆستەمی دەبوو درزێکی گەورەی تێدابێت تاوەکو بینەرەکانی لێی بڕۆنە ژوورەوە بۆ ئەوەی نمایشی ژیانی خۆیانی تێدا بکەن. کاتێک بەدیعی بە شوێنێکدا دەڕوات و لە ترافیکێکدا دەوەستێت، کوڕ و کچێکی گەنج کە پێدەچێت تازە هاوسەرگیرییان کردبێت بە بەدیعی دەڵێن: دەتوانیت وێنەیەکمان بگریت، بەدیعی وێنەکەیان دەگرێت، بەڵام شتێک لەودا دەگۆڕێت، ئیدی بەدیعی هێمن و ئارامیی پێشتری نییە و بە پڕتاو بەرەو ئەو شوێنە دەچێت کە پیاوە پیرەکە کاری لێ دەکات، ئەو پەلەپەل و بە پڕتاو ڕۆیشتنە، ترسی مەرگە لە بەدیعیدا دروست دەبێت، گفتوگۆی بەدیعی و پیاوە پیرەکە، لەگەڵ بینینی ئەو دوو هاوسەرە، ئەو ترسە بۆ بەدیعی دەگەڕێننەوە کە فەرامۆشی کردبوو. تامی گێلاس لووتکەی سادەیی و ئاڵۆزیی سینەمای کیاڕۆستەمییە، فیلمەکە سادەیە و هێواش هێواش لای بینەر ئاڵۆز دەبێت، ئەوکاتەی بینەر پێی وایە وەڵامێک یاخود سەرەداوێکی دەربارەی خۆکوشتنی بەدیعی دەستکەوتووە، خێرا کیاڕۆستەمی لەڕێگەی پارچە ڤیدیۆیەکەوە کە لەکاتی کارکردنی ستافەکەی وێنەگیراوە، ئەو پارچە ڤیدیۆیە دەبێتە شوێنێک کیاڕۆستەمی لەڕێگەیەوە سینەما لەڕێڕەوەکەی لادەبات، ئەوە ئەو کاتەیە کیاڕۆستەمی دەبێتە دەرهێنەر، لەبەرئەوەی لەکاتی پرێنتکردنی فیلمەکەیدا، بەشێک لە فیلمەکە خراپ دەبێت، دەبوو تاوەکو هاتنی بەهارێکی دیکە چاوەڕێ بوونایە، بۆیە کیاڕۆستەمی بیر دەکاتەوە بەشێک لەو پارچە ڤیدیۆیە بکات بە کۆتایی فیلمەکەی، ئەو کۆتاییەی نامۆبوون بۆ بینەرەکانی دروست دەکات، کۆتاییەک کە بینەر و ڕەخنەگرەکان دەکات بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بە شاکار و بەشێکی دیکەیان بە زبڵ لێی دەڕوانن. ئەو کۆتاییە ئەگەرچی بەڕێکەوت بووە، بەڵام بەشێکە لە بیرکردنەوەی کیاڕۆستەمی بۆ سینەما، دانانی ئەو کۆتاییە دواتر دەبێتە بیرکردنەوە بۆ دروستکردنی فیلمی “دە” فیلمێک کە بە کامێرایەکی بچووکی دیجیتاڵ دروستی کرد، بەڵام ئاڵۆز و گفتوگۆ هەڵگر، ئەو کۆتاییە وا لە کیاڕۆستەمی دەکات بیر لە دروستکردنی فیلمەکانی دیکەی بکاتەوە بە کامێرای دیجیتاڵ، ئیدی خواستێکی زۆری بۆ ئەو کامێرا بچکۆلەیە دەبێت. ئەگەرچی ترس و پەشیمانبوونەوە لە ڕووخسار و نواندنی بەدیعیدا بەدی دەکەین دوای ئەوەی وێنەی ژن و پیاوێکی گەنج دەگرێت، بەڵام دواتر ئێمە بەدیعی دەبینین لەناو ئەو چاڵەی چاوەڕێی پیاوە پیرەکە دەکات پاڵکەوتووە، ڕووخسارێکی ئارام، بەڵام بێهەست، دواتریش تاریکی و بێدەنگی، تێدەگەین کە بەدیعی خۆی کوشتووە، بەڵام بە چی؟ ئێمە نازانین. لەبەرئەوەی جارێک کیاڕۆستەمی دەڵێت: مەرگ واتە تاریکی و بێدەنگی. ئەگەر وابێت کەواتە بەدیعی بەرەو چارەنووسی خۆی ڕۆشت، دڵنیا دەبینەوە کە بەدیعی خۆی کوشت و لەدەست ئەو مەعمەعەیەی کە کیاڕۆستەمی بۆی دروستکردین ڕزگارمان بوو، وەک ئەوەی ئێمە هیلاک بووبێتین و بمانەوێت هەرچی زووە مەرگی بەدیعی ببینین، ئەوەی بەدیعی دەکوژێت، بینەرەکان و ڕەخنەگرەکانن، نەک بەدیعی خۆی، ڕاستە ئەو ویستی خۆکوژیی هەیە، دەیەوێت خۆی بکوژێت، پلانی بۆ دادەنێت، بەڵام دەکرێت پەشیمانیش ببێتەوە، بەدیعی زیاتر لە “ئەمیل سیوران” دەچێت، دەیەوێت لە ژیانیدا بیرکردنەوەی بۆ مەرگ و خۆکوژی هەبێت، بێ ئەوەی ئەنجامی بدات، بەڵام کاتێک پارچە ڤیدیۆکەی کۆتایی دەبینین، ئەم کۆتاییە جگە لەوەی کیاڕۆستەمی پێمان دەڵێت ئێوە خەریک بوون فیلمێکتان دەبینی، ئەوەشمان پێ دەڵێت ئەوە خەیاڵی بەدیعییە بۆ خۆکوژی، ئێمە کە بێسەبرانە چاوەڕێی ئەوەین بەدیعی خۆی بکوژێت، بەڵام کیاڕۆستەمی ناهێڵێت بگەینە ئەو خۆشییەی کاتێک بەدیعی بە مردوویی دەبینین، هەموو شتێک ئاوەژوودەبێتەوە، ناچارین بۆ تێگەیشتن لێی جارێکی دیکەش سەیری بکەینەوە، یاخود بەدوای چاوپێکەوتن و شیکردنەوەکانی کیاڕۆستەمیدا بگەڕێین. ئەو بینەرانەی ئاشنای سینەمای کیاڕۆستەمین دەزانن کاتێک فیلمێکی کیاڕۆستەمی دەبینن، خەریکن فیلمێک دەبینن، بەڵام بینینی کۆتایی فیلمەکەش هێشتا دادی بینەر نادات، ئەو کۆتاییە هێندەی ئاڵۆزی دروست دەکات، هێندە هیچ شتێک ڕوون ناکاتەوە، لەبەرئەوەی کیاڕۆستەمی هیچ شتێکی نییە بۆ ڕوونکردنەوە، بەڵکو ئەویش وەک ئێمە دەیەوێت تێبگات، دەیەوێت تێبگات ئەوکاتەی مردووین، دونیاش لەسەر ڕێڕەوی خۆی بەردەوامە، ئەمەش لە هەموو شتێک ترسناکترە بۆ کیاڕۆستەمی، بۆیە دەیەوێت بە تامی گێلاس پیاسەیەک، یان گفتوگۆیەک لەگەڵ مەرگ بکات.

کلۆسئەپ: کاتێک دونیا دەرهێنەرێک فەرامۆش دەکات

سەبزییان بەرەو سینەما دێت، بۆ ئەوەی ئازارەکەی پیشانی بینەران بدات، بەڵام لەبەرئەوەی دونیا و کۆمەڵگەکەی خیانەتی لێ دەکەن، خۆی لەناو زیندان و خۆی لەبەردەم کیاڕۆستەمی دەبینێتەوە. ئەو کە دەیویست دەربارەی ئازارەکەی فیلم دروست بکات، ئێستا دەیەوێت کیاڕۆستەمی دەربارەی ئازارەکەی فیلمی بۆ دروست بکات، ئازاری سەبزییان جگە لەوەی بێدەرەتان و هەژارە، ئازارێکی گەورەتریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەرهێنەرێکی بەناوبانگ نییە، ئەو دەیەوێت مەخمەلباف بێت، بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگەدا دیار بێت، بۆ ئەوەی خۆی پیشانی کۆمەڵگەکەی بدات، بەڵام لەبەرئەوەی دەرهێنەر نییە، پێی وایە کۆمەڵگەکەی نایبینێت، ئەو دەیەوێت خۆی پیشانی جیهان بدات، مەخمەڵباف بوون ئەو چانسەی دەداتێ بۆ ئەوەی خەڵکی نیگاکانیان بخەنە سەری، بۆ خۆی و بۆ فیلمەکانی، بەڵام ئەو تراژیدیایەکی گەورەی هەیە کە من ناوی لێ دەنێم “تراژیدیای سەبزییان” ئەو لەنێوان دوو چارەنووسدایە و هەردووکیشیان بۆ ئەو ئازاردەرن، چارەنووسی ئەوەی کە مەخمەڵباف نییە و چارەنووسێکی دیکەش کە ناتوانێت سەبزییان بێت. ئاخۆ سەبزییان دەیویست فیلم دەربارەی چی دروست بکات؟ دەربارەی ئازارەکانی؟ یان دەربارەی ژیانی هەژارانەی خۆی؟ ئەم ویستە هەر شتێک بێت، بۆ ئەو گرنگترین هونەر سینەمایە، بۆچی سەبزییان سینەمای هەڵبژارد؟ بۆچی هونەرێکی دیکەی هەڵنەبژارد؟ ئەو هونەرە سەخت و قورسەی کە هەموو شتێک تێیدا بووە بە پارە و وێنەگرتن، پەیوەستە بە هەبوونی پارەوە، بەڵام بۆچی سەبزییان لەناو هەموو هونەرەکانی دیکەدا سینەما بە گرنگترین دەزانێت؟ سەبزییان باش ئەو ڕاستییە دەزانێت کە سینەما وێنەیە و کاریگەریی وێنەش زۆر زیاترە لە ڕەنگ، یان موزیک و وشە، ئەوەی وا دەکات سەبزییان سینەما هەڵبژێرێت، ئەوەیە کە شێتی وێنەیە، وێنە بۆ ئەو هەموو ئەو شتەیە کە دەیەوێت، بێگومان دەبێت پێشتر وێنە ژیانی سەبزییانی داگیر کردبێت بۆیە ئاوها شێت و شەیدای سینەمایە، هاوڕێکانی و ئەندامانی خێزانەکەی لە هەندێک شوێندا باسی ئەو عەشقەی سەبزییان دەکەن کە بۆ فیلم و سینەمای هەبووە، ئەو کاتێک دۆستەکانی و هاوپیشەکانی بینیوە، هەمیشە باسی ئەو فیلمانەی بۆ کردوون کە بینیونی، بە جۆرێک ژیانی بووەتە وێنە، کە دواتر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خۆی لێ ببێت بە مەخمەڵباف. سەبزییان کە دەیویست فیلم دروست بکات، دەیویست خەڵکی بیبینێت، بەڵام ئەو بەرەو زیندان دەڕوات و ئێمەش لە دادگادا دەیبینینەوە. بەڵام ئەم دادگاییکردنەی سەبزییان وەک شکستێک، یان وەک شەرمێک دەرناکەوێت، بەڵکو ئەو لەوێدا دادگاییمان دەکات، ئەو ڕاشکاوانە دادگایی بینەرەکانی و دەسەڵاتی سیاسی ئێران دەکات. سەبزییان ئەوانە دادگایی دەکات کە بوونە هۆی کوشتنی خەونەکانی، بەڵام ئەو لە دادگادا خەونەکانی دەبنە ڕاستی، ئەو لەوێ ئێمە و کیاڕۆستەمیش فێری سینەما دەکات، ئەو لە دادگایە بۆ ئەوەی وانەگەلێک دەربارەی سینەما و ئازار بۆ ئێمە پێشکەش بکات، کیاڕۆستەمی کە ئەوکات دەرهێنەرێکی سەربەخۆ و بەناوبانگ بوو، بەڵام سەبزییان وای لێ دەکات وەک تیمەکەی سەبزییان دادگاییەکە بۆ بینەران بگوازێتەوە، فیلمی “کلۆسئەپ” فیلمێکە سەبزییان خاوەنییەتی و کیاڕۆستەمیش لە پشتەوە وێنەی دەگرێت، سەبزییان تاکە دەرهێنەری گەورەی مێژووی سینەمایە بێئەوەی هیچ فیلمێک دروست بکات، خۆی وەک دەرهێنەر بە ئێمە دەناسێنێت، ئەو مادام خەونگەلێکی هەیە بۆ سینەما، ئەو مادام شێتی فیلم دروستکردنە، کەواتە بێگومان دەبێتە دەرهێنەریش، بەڵام دونیا چونکە ڕقی لە سەبزییانە، چونکە دەیەوێت نەبێتە دەرهێنەر، ڕیسوای کۆمەڵگەکەی دەکات، دونیا سەبزییان ناچار دەکات لەبری نووسینی خەونەکانی و ئێش و ئازارەکانی، ناچاری دەکات لەبەردەم وەستایەکدا خەریکی چاپکردنی کتێب و ڕۆژنامە بێت، بەڵام سەبزییان لەبری ئەوەی کتێبی بۆ گرنگ بێت، لەبری ئەوەی بڕیار بدات ببێتە سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک، دەیەوێت ببێتە دەرهێنەر. دەیەوێت خەونەکانی بکات بە فیلم، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ داهاتێکی نییە ناچار دەبێت خەون بەوەوە ببینێت کە ببێت بە دەرهێنەر، بەڵام بێگومان ئەو دەرهێنەرە، لەبەرئەوەی ئەو تیۆریگەلێکی دەربارەی سینەما هەیە، لە هەمووشیان گرنگتر ئەو بۆیە سینەمای دەوێت، تاوەکو نمایشی ئازارەکەی بکات. ئەو کاتێک بەڵێن بەو خانەوادەیە دەدات، کە ڕۆژێک لەگەڵ ستافەکەی دێت بۆ وێنەگرتن، بەڵام لە هۆڵی دادگا ئەو بەڵێنەی دەباتە سەر، کیاڕۆستەمی ئەو بەڵێنە وەک وەهمێک دەبینێت و هەر خۆشی وا لە سەبزییان دەگەیەنێت ئێستا کاتی تۆیە بۆ ئەوەی بە ستافەکەتەوە خۆت بکەیتەوە بە ماڵەکەدا و پێیان بڵێیت ئەوە بەڵێنەکەمە. کیاڕۆستەمی پێی وابوو کە سەبزییان توانای ئەوەی هەبوو ببێتە دەرهێنەر، بەڵام ئەوەش دەڵێت کە سەبزییان درەنگ بەوەی زانی کە دەتوانێت ببێتە دەرهێنەر، بەڵام بۆچی کیاڕۆستەمی وەک دەرهێنەر سەیری سەبزییان ناکات؟ ئەم قسەیەی کیاڕۆستەمی غەدرێکە لە سەبزییان، لەبەرئەوەی کیاڕۆستەمی باش ئەوە دەزانێت کە ئەو دەرفەتەی بۆ خۆی و ئەو نەوەیە دروستبوو، ئەگەر بۆ سەبزییانیش دروستبووایە ئەوا بێگومان ئەویش دەبووە دەرهێنەر، چونکە کیاڕۆستەمی لە گفتوگۆیەکدا دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە سەبزییان خاوەن ئەندێشەیەکی فراوانە، بەڵام لەبەرئەوەی هەموو شتێک پێچەوانەی خەونی سەبزییانە ئەوا دەبێت سەبزییان تەنیا خەون بەوەوە ببینێت کە ببێت بە دەرهێنەر، یان ئەو فیلمانەی دەیەوێت دروستی بکات تەنیا لەناو مێشکی خۆیدا دروستی بکات. دونیا هەلێک بە مەخمەڵباف دەدات، تا ببێتە دەرهێنەر، تاوەکو فیلمەکانی دروست بکات و خەڵکیش خۆشیان بووێت، تاوەکو سەبزییان ئاوات بەوە بخوازێت کە مەخمەڵباف بووایە و سەبزییان نەبووایە، بەڵام دونیا ئەم هەلە بە سەبزییان نادات، ناچاری دەکات شوناسی خۆی بگۆڕێت، ناچاری دەکات بەوەی شەرم بکات لەوەی کە سەبزییانە و مەخمەڵباف نییە. سەبزییانبوون و شووناسی خۆی دەگۆرێت، ئەو کەسێکە لە چارەنووس و تراژیدیای خۆی هەڵدێت، پرسیارێک کە گرنگە ئەوەیە سەبزییان بۆچی دەیەوێت مەخمەڵباف بێت؟ لێکچوونی ڕووخساری سەبزییان و مەخمەڵباف تەنیا هۆکار نییە بۆ ئەوەی خۆی بکات بە مەخمەڵباف، لەوانەیە سەبزییان بیەوێت مەخمەڵباف بێت تاوەکو دەرهێنەرێکی دیکە، بەڵکو ئەم خۆگۆڕینە زیاتر سەبزییان بەرەو ئەوە دەبات کە بڕوا بە خۆی بهێنێت کە ئەویش دەهێنەرە، بەڵام بەشێوەی مەخمەڵبافی نەک سەبزییان. سەبزییان نایەوێت وەک سەبزییان بمرێت هێندەی دەیەوێت وەک مەخمەڵباف بمرێت. کاتێک دونیا هەلی مەخمەڵبافبوون بە سەبزییان نادات، کیاڕۆستەمی لەبری دونیا ئەو هەلەی دەداتێ، ئەو وێنەی سەبزییان دەگرێت ئەوکاتەی سەبزییان خۆی لێ دەبێتە مەخمەڵباف. کیاڕۆستەمی ئەوە بە وەهم دەزانێت، بەڵام مادام سەبزییان بیرکردنەوەی هەیە بۆ سینەما، ئەندێشە و خەونی هەیە، بەڵام ئەوە دونیایە کە خیانەت لە سەبزییان دەکات، ئەمە وەک ئەوە وەهایە کە دونیا بەغیلی بە سەبزییان بەرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە فیلمساز، ئەگەرچی بۆ من ئەو یەکێکە لە نەمرترین عەقڵەکانی مێژووی سینەما. سەبزییان لای من نامرێت، هەروەک چۆن کیاڕۆستەمیش نامرێت. کاتێک دونیا سەبزییان نابینێت، کیاڕۆستەمی دێت و ڕووی کامێراکەی تێدەکات، بە دیمەنگەلی نزیک “کلۆسئەپ” چواردەوری سەبزییان دەگرێت، بۆ ئەوەی خەونەکانی بەدی بهێنێت، ئەوە تاکە چاکەیە کە کیاڕۆستەمی بتوانێت لەگەڵ سەبزییان بیکات. لە فیلمی” کلۆسئەپ”دا دەتوانین هەموو بیرکردنەوەکانی کیاڕۆستەمی بۆ سینەما ببینین، (کلۆسئەپ) ترۆپکی سینەمای کیاڕۆستەمییە، وەک دایکێک چۆن منداڵەکانی دەگرێتە باوەش، ئەوهاش فیلمی کلۆسئەپ فیلمەکانی دیکەی کیاڕۆستەمی کۆ دەکاتەوە. ئەو لەوێدا ئەو بەلاڕێدابردنەی سینەما ئاشکرا دەکات، فیلمێک سەرەتا بە ستایلێک کە لە دیکۆمێنتەریدا بەکاردێت وێنە دەگرێت، دواتر ئەم ستایلە دەگۆڕێت و فیلمەکەی دەکات بە “دیکۆفیکشن” لەوێدا کیاڕۆستەمی فیلمەکەی لە فیلمێکی سادەوە دەکات بە فیلمێکی ئاڵۆز و زانینی ئەوەی ئەم ڕووداوە چۆن ڕوویدا؟ ئاخۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتەرییە؟ یان فیکشن؟ بە جۆرێک دیسانەوە وەک فیلمەکانی دیکەی کیاڕۆستەمی بە پرسیار ژەهراوی دەکرێین. جگە لەوەی دەمانەوێت بزانین هۆی چییە سەبزییان خۆی دەکات بە مەخمەڵباف، فزووڵی ئەوەش دەمانگرێت کە کیاڕۆستەمی چۆن فیلمەکەی وێنە گرتووە؟ کیاڕۆستەمی مامۆستای فێڵکردنە کاتێک فیلم دروست دەکات، ئەو هێندە شارەزایە لە فێڵکردن دەتوانێت وامان لێ بکات درۆیەک، یان فێڵێک وەک حەقیقەت وەربگرین، بۆ ئەو سینەما ئەو دەرفەتەی دەداتێ، کە لە ڕێگەی فێڵکردنەوە بەرەو حەقیقەت و دۆزینەوەی حەقیقەت پەلکێشمان بکات، ئەوکاتەی مەخمەڵبافی ڕاستەقینە دێت بۆ بەردەم زیندان بۆ ئەوەی سەبزییان ببینێت، گفتوگۆکەی سەبزییان و مەخمەڵباف کیاڕۆستەمی قایل ناکات، لەبەرئەوەی وێنەگرتنەوەی ئەو دیمەنە مەحاڵ دەبێت، هەموو شەوەکە ناچار دەبێت بیر لەو دیالۆگانە بکاتەوە، ناچار بڕین لە دەنگەکاندا دەکات و بە پچڕپچڕی بینەر گوێی لە گفتوگۆکە دەبێت، بەڵام کیاڕۆستەمی بۆ ئەوەی کەموکورتییەک بخاتە ناو فیلمەکەی، لە پشتی کامێرەوە ئەوە دەدرکێنێت کە وایەری دەنگهەڵگرەکە خراپ بووە، ئەم فێڵە بەشێک لە کارکردنی کیاڕۆستەمییە بۆ دروستکردنی فیلم، ئەگەر ڕۆژێک دەرفەتی نووسینم بۆ هەڵکەوتەوە ئەوا وتارێک دەربارەی فێڵەکانی کیاڕۆستەمی دەنووسم.

 

Share this article